دیمه‌نی یه‌که‌م؛ تراژیدیا به تامی مه‌رگ: شلێر ڕه‌سووڵی؛ خاتوونێکی ته‌مه‌ن 36 ساڵه‌ی مه‌ریوانی ده‌بێت به دوای دراوسێیه‌کیانه‌وه و به بیانووی ئه‌وه‌ی که هاوسه‌ره‌که‌ی نه‌خۆشه و یارمه‌تییه‌کی لێ وه‌رگرێ، ده‌یباته ماڵه‌وه و ده‌یه‌وێت ده‌ستدرێژی سێکسی بکاته سه‌ر و ئه‌م خاتوونه به‌ڕێزه‌ش هه‌ڵدێت و له په‌نجه‌ره‌ی ڕاڕه‌وی ماڵه‌که له نهۆمی دووهه‌مه‌وه خۆی ده‌خاته خواره‌وه و پاش چه‌ند ڕۆژ تێپه‌ڕین به‌سه‌ر چاودێری پزیشکی له نه‌خۆشخانه گیان ده‌سپێرێت.
ئه‌مه کۆی ڕووداوێکی تراژیکه که له سێ دێڕ و نیودا کورت بووه‌ته‌وه و زۆربه‌ی میدیا کوردی و فارسییه‌کان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان په‌رژانه سه‌ری، به‌ڵام هه‌م مه‌رگی شلێر و هه‌م کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له ناو شه‌قام و له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و هه‌م ئه‌و شیکاری و هه‌ڵوێسته سۆزئامێز و ئینسانییانه به پێوه‌ری کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌ریتی و ئایینی هه‌ڵگری شیکاری و وردبوونه‌وه‌ی زیاترن.
له‌و ئاوه‌ڵناوانه‌ی که درانه پاڵ ئه‌م خاتوونه “شه‌هید” و “قاره‌مان” بوو. شه‌هیدی ڕێگای پاراستنی شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی خۆی و بنه‌ماڵه و خێزان و له قه‌واره گشتییه‌که‌یدا کۆمه‌ڵگا و به‌ها و نه‌ریته‌کانی. ئه‌گه‌ر خۆمان بخه‌ینه جێگای شلێر و به شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی خه‌یاڵی ئه‌و چه‌ند خوله‌ک و چرکه‌یه‌ی پێش هه‌ڵاتن و خۆبهردانهوهی له په‌نجه‌ره‌که‌وه بکه‌ین، ده‌شێت بیر له‌م خاڵانه بکه‌ینه‌وه که پێده‌چێت به زه‌ینیدا هاتبێتن:
1-جه‌سته‌ی من ته‌نها هی مێرده‌که‌مه و هێمای پیرۆزی و که‌رامه‌تی منه له ناو کۆمه‌ڵگادا، برا و باوک و خزم و که‌سوکار ئه‌م شه‌رمه هه‌رگیز قبووڵ ناکه‌ن.
2-نابێ پیاوێکی زۆڵ و خوێڕی له‌م پلانه گڵاو و پیسهیدا سه‌رکه‌وێت و من ببم به ئامرازی شه‌هوه‌ت و حه‌زه پیسه‌کانی ئه‌و.
3-منداڵه‌کانم له‌گه‌ڵمه و نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ک جه‌سته‌ی من له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی پیرۆزی دایکایه‌تی هیچ وێنه و وێنایه‌کی دیکه‌یان بۆ دروست بکات.
4-مه‌رگ باشتره له ژیانی سه‌رشۆڕی واته ژیانێک که کۆمه‌ڵگا و نه‌ریت نه‌فره‌تی لێ بکه‌ن توورێک ناهێنێت.
5-مردنم به‌م شێویه له لای خواش ڕه‌نگه پاداشتی هه‌بێ.
6-ڕه‌نگه لێره‌وه که ده‌که‌ومه خوار نهشمرم و خۆم ڕزگار کردبێت، ڕزگارییه‌کی نیوه و ناته‌واو له ده‌ست پیاوێکی ده‌ستدرێژیکاری زۆڵی شههوهتپهرست به‌ره‌و ئه‌گه‌ری قبووڵکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌ریتی-ئایینی به وه‌سواسێکی تایبه‌ت له تێڕامان له‌سه‌ر تابۆ و بڤه و کۆنهچهشنهکان به تایبه‌تی کۆنه‌چه‌شنی ژن، شه‌ره‌ف، تابو و ئابڕوو و حه‌یا و…سه‌ربه‌رزی و سه‌رشۆڕی و …
هه‌موو ئه‌م ئه‌گه‌ر و شیمانانهنهی که پێده‌چێت به‌ر له بازدان له په‌نجه‌ره‌که‌وه له مێشکیدا هاتبێتنه ئاراوه ده‌شێت له زه‌ینی ئه‌م خانمه‌دا به خێرایی و به شێوه‌ی وشیار و ته‌نانه‌ت به بێ پۆلێنبه‌ندییه‌کی دیار هاتبێته ئاراوه و ئه‌گه‌ر وابێت ته‌نها یه‌ک شتمان بۆ درده‌که‌وێت که ئه‌ویش ئه‌مه‌یه که ژن له کۆمه‌ڵگایه‌ک به به‌ها نه‌ریتی و ئاینییه‌کانه‌وه له هه‌موو لایه‌که‌وه ژیانی گه‌مارۆ دراوه، ژیان لێره‌دا خۆی له خۆیدا هیچ بایه‌خ و گرینگییه‌کی نییه وه‌کوو ئه‌وه‌ی مرۆڤ یان ئینسانێک ده‌بێت هه‌یبێت ئه‌مه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بێگومان ته‌نها ژن ناگرێته‌وه به‌ڵکوو پیاوانیش له‌خۆ ده‌گرێت، واته لێره‌دا ئینسان تا کاتێک ژیانی جێگه‌ی بایه‌خ و پارێزراوه که له چوارچێوه‌ی به‌ها و بایه‌خه کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ریتییه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌ک بێت و میتافیزیک و هه‌یمه‌نه و سامی ئه‌م به‌هایانه به ڕاده‌یه‌که که که‌سی گه‌مارۆدراو به‌م به‌هایانه له نێوان مه‌رگ و ژیانێکی سزاده‌رانه و پڕ قسه و قسه‌ڵۆک و نه‌فره‌تلێکراو، مه‌رگ هه‌ڵده‌بژێرێت و ئه‌مه کاره‌ساتێکه که نه‌ک (گ.ق) وه‌کوو ده‌ستدرێژیکار و تاوانبار به‌ڵکوو هه‌موومان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان تێیدا به‌شدارین، بۆچی؟ چون یان به ڕاده‌ی پێویست له‌م به‌ها و دیسیپلینه کۆمه‌ڵایه‌تییانه بیرمان نه‌کردووه‌ته‌وه یان هه‌وڵێکی وه‌هامان نه‌داوه که بیگۆڕین و له کاته ناسک و پڕ ته‌نگه‌ژه‌کانی دووڕیانی نێوان ژیان (به هه‌موو ئاوه‌ڵناو و ئه‌گه‌ره‌کانییه‌وه) و مه‌رگ هه‌ڵبژاردنێکی دوور له ترس و ئازاد بکات تاکوو یاسایه‌کی دادپه‌ره‌وه‌ر(ئه‌گه‌ر هه‌بێت) چاره‌نووسی یه‌کلایی بکاته‌وه و مرۆڤ و ئیینسانی ئێمه ئاره‌زووی زیاتری به‌ره‌و مه‌رگ نه‌جوێت و پشت نه‌کاته ژیان. ده‌شێت ئه‌م پرسیاره بنه‌ڕه‌تییه بکه‌ین که چ سیسته‌م یان چ چوارچێوه و پهکهیجێک له به‌ها و بایه‌خه ئه‌خلاقی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زاڵه که مرۆڤ ده‌توانێت به ئاسانی پشت بکاته ژیان؟ گومان له‌وه‌دا نییه که به‌ها نه‌ریتی و ئاینییه کۆنباو و داخراو و ته‌سک و ته‌نگه‌به‌ره‌کان ئه‌مه‌یان دروست کردووه.
ئه‌م که‌لتووره داخراوه ئێمه به هه‌ستی گوناهکردن و تاوانباربوون گه‌وره ده‌کات و هانمان ده‌دات له گوناهی زیاتر و تاوانی گه‌وره‌تر خۆ ببوێرین هه‌ر بۆیه جۆره فۆبیایه‌ک له ئێمه‌دا فوو تێ ده‌کات که له کاتی خۆیدا ده‌ته‌قێته‌وه و هه‌م پریشکی به‌ر خۆمان ده‌که‌وێت و هه‌م به‌ر کۆمه‌ڵگا! ئه‌م ڕووداوه تراژیدییه‌ی مه‌ریوان له هه‌ر قوژبنێکی گۆی زه‌وی بێت تاوانه و ده‌ستدرێژییه و کارێکی دوور له ئه‌خلاقه به‌ڵام به‌ره‌و مه‌رگ بردنی “خود” له هاوکێشه‌یه‌کی سامناک و تاونبارانه‌ی ئاوا به شێوه‌ی ڕه‌مزی ئێمه‌ی هاوزمان و هاونه‌ته‌وه و هاوڕهزگهز و ناهاوڕهگهز به به‌رپرسیارێتی و دهرهوسهتی ئه‌خلاقیی ئه‌م مه‌رگه‌وه ده‌گلێنێت. ئه‌گه‌رچی دوان و هه‌ڵوێسته‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته هه‌مدیس به‌هۆی ئه‌و نه‌ریت و تابۆ توند و ڕه‌قانه‌ی که له کۆمه‌ڵگادا زاڵن ئاسان نییه، زیگمۆند فرۆید، ده‌رووناسی نه‌مسایی له نامیلکه‌ی “ئهندێشگهلێک شیاوی ڕۆژگارانی شه‌ڕ و مه‌رگ”دا ده‌ڵێت دوو شت له ڕۆژئاوا به‌رده‌وام تابۆیان له‌سه‌ر بووه که قسه‌یان له‌سه‌ر نه‌کرێت یه‌که‌میان مه‌رگ و دووهه‌میشیان سێکس! ڕاسته ده‌سدرێژی سێکس نییه به مانا باو و نۆرماڵه‌که‌ی به‌ڵکوو بنپێکردنی سنووری جه‌سته‌ی ئه‌ویدییه بۆ ئاره‌زوویه‌کی سیکسی واته سێکسێکی توندوتیژانه و توندئاژۆیانه‌یه که دووره له هه‌ر جۆره ڕه‌زامه‌ندییه‌کی دوو لایه‌نه و هیچ چێژ و خۆشییه‌کیشی به‌دوادا نایه‌ت واته به گشتی له مه‌ساحه و پانتای سێکسدا ده‌خوێنرێته‌وه. ئێمه که ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه قسه ده‌که‌ین هه‌م له به‌رامبه‌ر مه‌رگ داین و هه‌م له به‌رامبه‌ر جۆره سێکسێکی توندوتیژانه و ناته‌ندرووست که ده‌چێته خانه‌ی ده‌ستدرێژی و تاوانه‌وه. هه‌ر بۆیه به‌ر له‌وه‌ی قوربانی و قاره‌مان دیاری بکرێت ده‌بێت بنه‌ماکانی ئه‌و یاسا و پێکهاتانه بخوێنرێته‌وه که ژیان و مه‌رگ و ئه‌خلاق و ئازادی و چه‌مکه په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌مانه‌وه پێناسه ده‌که‌ن. له ئاسته گشتییه‌که‌یدا که له دیمه‌نی دووهه‌مدا زیاتر و به گێرانه‌وه‌یه‌کی دیکه ده‌یخه‌مه ڕوو زیاتر بۆمان ده‌رده‌که‌وێت بۆچی ئێمه به‌رپرسیارین له ئاستی مه‌رگێکی تراژیکی ئاوه‌ها!
دیمه‌نی دووهه‌م؛ تراژیدیا به تامی ژیان: با لێره‌دا شیمانه و ئه‌گه‌رێکی دیکه بخه‌ینه به‌رده‌م ڕووداوه‌کان و به شێوه‌یه‌کی گریمانه‌یی ئه‌و واقیعه تاڵ و تراژیکه به جۆرێکی دیکه بگێڕینه‌وه که که‌سایه‌تی قوربانیمان تێیدا به‌ره‌و مه‌رگ ناڕوات و دێته‌وه به‌ره‌و ژیان، به‌ره‌و باوه‌شی منداڵه‌کان و ئامێزی مێرده‌که‌ی و کۆشی ژیان. لێره‌دا ئێمه ناتوانین بڵێین له‌و دیو ئه‌و ده‌رگایه‌وه یان ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌وه که شلێری ڕاسته‌قینه خۆی فڕێ داوه‌ته خواره‌وه و مردووه، چی ڕووی داوه، ئه‌گه‌رچی وه‌کوو وتم له‌وه‌ی یه‌که‌میان ڕاستی و حه‌قیقه‌تی ڕووداوه‌که خاڵی کۆتایی له سه‌ر ژیان و مانی قوربانییه‌که داوه، به‌ڵام له شلێری گریمانه‌کراودا که له ده‌رگا دێته ده‌ره‌وه و ڕێگه‌ی ماڵ ده‌گرێته به‌ر چ دهخێنرێتهوه؟ واته ده‌شێت بپرسین چ داوه‌ری و قه‌زاوه‌تێکی له‌سه‌ر ده‌کرێت؟ ئه‌گه‌ر که‌سێک له گه‌ڕه‌ک که تۆزێک ناسیاوێتی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وان و که‌سی ده‌ستدرێژیکار هه‌بایه چ لێکدانه‌وه و شیکارییه‌کی ده‌کرد که ژنێک به ته‌نها له‌گه‌ڵ دوو منداڵی بچووک به شپرزه‌یی یان هه‌ڵه‌داوان له ده‌رگای ماڵێکی بێگانه دێته ده‌ره‌وه؟ ئایا پاش ئه‌م قهزاوهتکردنه ته‌نها لای خۆی ده‌یهێشته‌وه یان به ناوی شه‌قام و قاوه‌خانه و کۆمه‌ڵگادا بڵاو ده‌بوویه‌وه پاش ماوه‌یه‌ك؟ و ئایا کۆمه‌ڵگا پشتی ده‌کرده ئه‌م قسه‌ڵۆکانه یان په‌ره‌ی پێ ده‌دا؟ ئه‌گه‌ر تۆزێک بیر بکه‌ینه‌وه و ئه‌زموونی ژیانمان بکه‌ین به سه‌رپشک وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ڕوونن.
با وا گریمانه بکه‌ین هیچ ڕێبوارێک ئه‌م ڕووداوه نابینێت، به‌ڵام ئایا پاش ماوه‌یه‌ک بکوژ(گ.ق) هیچ بوختان و درۆیه‌کی بۆ حه‌یا و شه‌ره‌فی ئه‌و قوربانییه ڕێکنهدهخست؟ ئایا پاش درۆ و ده‌له‌سه و بانگه‌شه‌ی بێبنه‌ما خه‌ڵک دیسان نه‌ده‌که‌وته قه‌زاوه‌ت و داوه‌ریکردن و ژیانی قوربانیان هێنده تاڵ نه‌ده‌کرد که دیمه‌نی یه‌که‌می لاوه دروستر و ڕاسته‌ڕێی ڕزگاری مه‌رگ باشتر له ژیان ببینێت؟ واته دۆخێ که مه‌رگ ده‌بێته هۆی ڕزگاریی له ژیانی تاڵ، ئه‌م تابۆپهرستییه تانوپۆی هه‌ردوو دیمه‌نه‌که ده‌ته‌نێت واته له پێکهاتێکی که‌لتووری ئاوه‌هادا ژیان خۆی له خۆیدا بایه‌خێکی ئه‌وتۆی نییه به‌ڵکوو شێوازی ژیان و پاراستنی به‌هاکانی کۆمه‌ڵگا و نه‌ریت ده‌بێت به پێوه‌ر نه‌ک گیانی مرۆڤ خۆی وه‌کوو بابه‌تێکی جودا و یه‌که و سه‌ربه‌خۆ، لێره‌دا ژیان و مه‌رگ سنووریان زۆر ناسک و ته‌سک ده‌بێته‌وه و له نێوان چه‌مکی “قوربانی” و “قاره‌مان”دا ململانێ و کایه‌ی پێده‌کرێت، چه‌مکی قاره‌مانێتی و شه‌هاده‌ت به‌رهه‌م دێت که نه‌ک ته‌نها هیچ خزمه‌تێک ناکات به تێگه‌یشتنی ئێمه له ڕاستیی تاڵی یاسا نادادپهرواهرانهکانی ده‌سه‌ڵات ده‌رهه‌ق به ژن و له نه‌ریت و دابی پیاوسالارانه دژی ژن به‌ڵکوو ده‌مانخاته دۆخی ڕێز و ته‌قدیسکردن و پیرۆزاندنی مه‌رگ، واته که‌لتووری مه‌رگدۆستی دیسان ده‌که‌وێته خزمه‌ت به‌رهه‌مهێنانی چه‌مک و زاراوه‌ی خۆی و به خوێن و ته‌رمێکی تازه‌وه ده‌چێته میحراب و له‌وێوه کۆمه‌ڵگا به شێوه‌ی وشیار و ناوشیرا ئاڕاسته ده‌کات! به‌پێی به‌ها و پێوه‌ره‌کانی نه‌ک بۆ ڕێزگرتن له ژیان و زینده‌گیی مرۆڤ وه‌کوو مرۆڤ.
دیمه‌نی سێهه‌م؛ هیوا له نێوان ژیان و مه‌رگدا: دیمه‌نی سێهه‌م له ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی و خۆپیشاندانی سه‌رده‌میانه و پڕ له ڕێز و حورمه‌تی شارێکی پڕجووله و جۆش و خرۆشی وه‌کوو مه‌ریواندا خۆی ده‌رده‌خات، کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی زۆر له ژن و پیاو و کچ و کور له تهمهنگهلی جۆراوجۆر و جیاواز به‌شدارییان کرد بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی دژی ئه‌م کاره و داواکاری سزادانی تاوانبار به توندترین شێوه بوون، له‌م نێوانه‌دا دروشمه‌کانی (ئێمه هه‌موو شلێرین، خوێنی شلێر ئه‌سێنین،) (ئێمه ئه‌منیه‌ت و ژیانێکی دوور له مه‌ترسیمان ده‌وێ،) (مه‌ریوان گشت شلێره بۆیه ئاوا دلێره) و…بیست.
مه‌ریوان هه‌میشه له‌م جۆره چالاکی و مافخوازی و حهقخوازیانهدا پێشه‌نگ بووه به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانا نییه که ده‌لاله‌تی کرده‌وه و دروشمه‌کان هیوای گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی به گوێی ئێمه‌دا بده‌ن، به‌و مانایه نییه که کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌ریتی ژن و ژیان وه‌کوو خۆی و “فی النفسه” ده‌بینێت به‌ڵکوو دلێربوونی شلێر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی شارێکی تابۆپهرست و بههاتهوهری وه‌کوو مه‌ریوانه یانی وه‌کوو زۆربه‌ی زۆری شاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که تابۆپهرست و کۆنباوه، ئێمه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی ژیان نه‌ک به‌پێی به‌ها و ته‌وه‌ر و بایه‌خه‌کان به‌ڵکوو به‌پێی ئینسانبوونی خودی ئینسان ڕێگایه‌کی دوور و درێژمان ماوه و سه‌ره‌تاش بگاردن و تێپه‌ڕینه له‌و پێکهاته تابۆپهرست و بڤهدۆسته که کۆی بوون و ژیانی ده‌روونی و سایکۆلۆژیی ئێمه‌ی ته‌نیوه‌ته‌وه، پاشان هه‌وڵدان بۆ گۆڕین و سه‌قامگیرکردنی یاسایه‌ک که یاسا و ژیانی مرۆڤ هاوسه‌نگ و هاوته‌ریب بن و مانه‌وه‌ی یه‌کتری گه‌ره‌نتی بکه‌ن و هیچ به‌هایه‌ک جگه له ئینسانبوون و ڕێز له ئینسانبوون پێوه‌ریان نه‌بێت، بۆیه له کۆتاییدا ده‌شێت بپرسین دادوه‌ری گشتی له مه‌ریوان که به‌ڵێنی له‌سێداره‌دانی بکوژ و تاوانباری به خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵکی چالاک و له‌خۆبردووی مه‌ریوان داوه به‌م کاره ڕێگر ده‌بێت له نه‌هاتنه‌ئارای دووباره‌ی دۆخگه‌لی ئاواهی؟ ئایا باشتر وانییه له سه‌ره‌وه و له بنه‌وه یاسای ڕێزگرتن له ژن ده‌سکاری بکرێت و له یاساکاندا دوو ژن هاوتای پیاوێک دانه‌نرێت و له به‌شی میراسدا پشکی که‌می به نیسبه‌ت براوه به‌رنه‌که‌وێت و ده‌یان بڕگه‌ی یاسایی دیکه که ژن ته‌نها له بازنه‌ی جێنده‌ر و جه‌سته و خه‌یاڵی سیکسی و گوناهئالووده ده‌بینێت؟ وه‌کوو هه‌ندێ له چالاکانی فیمینیست و ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کانی شاری مه‌ریوان به دروستی له به‌یاننامه‌یه‌کدا باسیان کردووه یاسای ده‌وڵه‌تی و نه‌ریتی پیاوسالاریی هۆکاری سه‌ره‌کین بۆ ئه‌م دۆخه و به گۆڕینی ده‌مامک و مه‌کیاجکردنی ئه‌م دوو فیگور و ده‌رکه‌وته‌یه هیچ له بابه‌ته‌که ناگۆڕێت ته‌نها مه‌رگ و شێوازی مردنی شلێره‌کانی دیکه دواده‌خرێت!