شارەزاییەکانی ژیان لە ڕاستیدا جۆرێک ڕاهێنانی ڕەفتارییە کە لە دۆخە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا باشترین یارمەتی بە تاک دەگەیەنێت تاکوو باشترین هەڵسوکەوت و هەڵوێستی هەبێت. هەموو مرۆڤێک کۆمەڵێک لاوازی و نوقسانی لە هەڵسوکەوتدا هەیە، ئەم خاڵە لاوازانە زیانگەلێکی زۆر بۆ تاکەکان دروست دەکات و کاریگەریی نەرێنیشی لەسەر پەیوەندییەکانی هەیە، لەم ڕووەوە دەبێ بڵێین؛ کە شارەزاییەکانی ژیان تەندروستیی دەروونیی تاکەکانی کۆمەڵگە گەرەنتی دەکات.
ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی، شارەزاییەکانی ژیان بەم شێوەیە پێناسە دەکات “توانای ئەنجامدانی هەڵسوکەوتی کۆک و ئەرێنی بە جۆرێک کە تاک بتوانێت لەگەڵ چالێنجەکان و پێویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆی بساچێت”.
بەرنامەی فێرکاریی شارەزاییەکانی ژیان بەرنامەیەکی پێشگیرانەیە کە ئامانجەکەی بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستیی دەروونی و پێشگرتن لە کێشە دەروونی- کۆمەڵایەتییەکانە کە لەلایەن ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستییەوە داڕێژراوە.
لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە فێرکردنی شارەزاییەکانی ژیان بە تاکەکان، تا ئاستێکی زۆر لە تووشبوونی ئەوان بە نەخۆشییە دەروونی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان پێشگیری دەکات. شارەزاییەکانی ژیان توانایی کارگێڕییە کە بۆ سەرکەوتن و هەستی خۆشحاڵی لە ژیانی ڕۆژانەدا پێویستە. ئامانجەکانی فێرکاریی ئەم شارەزاییانە لە پێویستییەکانی ڕۆژانەوە وەردەگیردرێت و گەورەساڵان بۆ باشترکردنی ژیانی تاکی، کۆمەڵایەتی و پیشەیی خۆیان دەبێ لەم فێرکارییانە سوود ببینن.
ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی لە ساڵی ١٩٩٣دا، دە شارەزایی وەک شارەزاییە سەرەکییەکانی ژیان ناساند کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێ دەکەین. فێربوونی هەر یەک لەم شارەزاییانە پرۆسەیەکی کاتبەرە کە پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشانە و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی سەرکەوتن لە زۆرێک لە ڕەهەندەکانی ژیاندا.
“شارەزایی چارەسەرکردنی پرسەکان یان وڵامدانەوە بە بابەتەکان”
شارەزایی چارەسەرکردنی پرسەکان؛ بریتییە لە پێناسەی وردی کێشەیەک کە تاک بەرەوڕوویەتی، ناسین و شیکردنەوەی ڕێگاچارەکان و هەڵبژاردن و جێبەجێکردنی ڕێگاچارەی گونجاو و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی چارەسەرکردن تاکوو بەم شێوەیە تاک تووشی کەڵکەڵە و دڵەڕاوکێ نەبێت و لە ڕێگە نەگونجاوەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان کەڵک وەرنەگرێت.
“شارەزایی بڕیاردان”
شارەزایی بڕیاردان لە پێناسەیەکی ساکاردا بە واتای هەڵبژاردن لەنێوان دوو یان چەند کار و هەوڵدایە. لە پرۆسەی بەربڵاوتری چارەسەرکردنی پرسدا، بڕیاردان؛ بریتییە لە هەڵبژاردن لەنێوان ڕێگاچارەکان بۆ چارەسەرکردنی پرس. بڕیاردان دەتوانێت لە ڕێگای پرۆسەیەکی ئاشکرا یان ئارگیۆمێنتی یان تێکەڵاوێک لە هەردووکی ئەنجام بگرێت.
“شارەزایی خۆناسین”
شارەزایی خۆناسین یارمەتیی تاک دەدات تاکوو بتوانێت خاڵە بەهێز و لاوازەکان، ترسەکان و پێویستییەکانی خۆی بناسێت و بتوانێت کۆنترۆڵیان بکات. تاک بە فێربوونی شارەزایی خۆناسین، فێر دەبێت کە چ دۆخگەلێک بۆی گوشارهێنەرە.
“شارەزایی بیری ڕەخنەگرانە”
ئەم شارەزاییە توانای شیکردنەوەی ئابژێکتیڤی زانیارییە بەردەستەکانە بە سەرنجدان بە ئەزموونی کەسی و ناسینی کاریگەریی بایەخە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان لەسەر هەڵسوکەوتی تاکی و هەروەها توانای لێکدانەوەی ئەم زانیارییانەیە.
“شارەزایی بیری داهێنەر”
بیری داهێنەر و داهێنەری شارەزاییەکی سازێنەر و بنەماییە بۆ گەیشتن بە شارەزاییەکانی تری پەیوەندیدار لەگەڵ شێوەی بیرکردنەوە. لەم شارەزاییەدا تاک فێر دەبێت کە بە شێوەیەکی جیاواز بیر بکاتەوە و لە ئەزموونە گشتییەکانی خۆی تێپەڕێت و ڕێگاچارەگەلێک بخولقێنێت کە تایبەتی خۆیەتی.
“شارەزایی پەیوەندیگرتنی کاریگەر”
بەدەستهێنانی ئەم شارەزاییە فێرمان دەکات کە بۆ فامی پێگەی کەسانی تر چۆن گوێیان لێ بگرین و چۆن کەسانی تر لە هەست و پێویستییەکانی خۆمان ئاگادار بکەینەوە، تاکوو وێڕای بەدەستهێنانی خواستەکانی خۆمان، لایەنی بەرامبەریش هەست بە ڕەزامەندی بکات.
“شارەزایی پێکهێنان و پاراستنی پەیوەندیی نێوان تاکەکان”
ئەمە جۆرە شارەزاییەکە کە یارمەتیی تاک دەدات تاکوو لەگەڵ تاکەکان و ئەندامانی بنەماڵە پەیوەندییەکی ئەرێنیی هەبێت، هەروەها سنووری نێوان تاکەکان بناسێت و بتوانێت لەگەڵ تاکەکان هاوکاری بکات.
“شارەزایی هاودڵی کردن”
هاودڵی یانێ فێربوونی شێوەی فامکردنی هەستی خەڵکانی تر. لەم شارەزاییەدا تاک فێر دەبێت کە چۆن هەستی کەسانی تر لە دۆخە جیاوازەکاندا فام بکات، هەروەها جیاوازییە کەسییەکان قەبووڵ بکات و پەیوەندیی نێوان خۆی و تاکەکانی تر باشتر بکات.
“شارەزایی ڕێکخستنی ورووژ”
ئەم شارەزاییە بە واتای ناسینی ورووژەکان، کاریگەریی ورووژەکان لەسەر هەڵسوکەوتی تاک و شێوەی بەڕێوەبەریی ورووژە توند و کێشەسازەکانی وەک تووڕەییە. زۆرێک لە لێکۆڵەران ئەم شارەزاییە وەکوو توانای بەرزکردنەوە یان کەمکردنەوەی ورووژەکان پێناسە کردووە کە دەبێتە هۆی تەندروستی و کردەوەی سیستەمی ورووژی تاک.
“شارەزایی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سترێس و دڵەڕاوکێ”
لەم شارەزاییەدا تاکەکان فێردەبن کە چۆن ڕووبەڕووی گوشار و گرژییەکانی ژیان ببنەوە. هەروەها تاک بە باشی دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکات و ناهێڵێت سترێس و دڵەڕێوکێ دەستی بەسەردا بگرێت یان بە شێوەیەکی باش لە دۆخە پڕسترێسەکان دووری دەگرێت.
“وتەی کۆتایی”
شارەزاییەکانی ژیان تەندروستیی دەروونیی تاک و کۆمەڵگە دابین دەکات و ئەوان بەرەو ژیانێکی باشتر هان دەدات. ئەم شارەزاییانە دەبێ لە تەمەنی کەمەوە بە منداڵان بوترێت و فێر بکرێن تاکوو لە زەینیاندا جێگیر بکرێت. بەڵام بەداخەوە بەهۆی نائاگایی بنەماڵە و تەنانەت هەندێک لە مامۆستایان، ئەم شارەزاییانە بە منداڵان ناوترێت و فێر ناکرێن، بۆیە لە تەمەنی سەرترەوە فێرکردنی ئەم شارەزاییانە بە تاکەکان ئەستەمتر دەبێتەوە. هەروەها پێویستە بنەماڵە بە یارمەتیی دەروونناسێک هەوڵ بدەن کە ئەم شارەزاییانە لە زەینی منداڵەکەیاندا جێگیر بکەن تاکوو لە داهاتوودا ژیانێکی خۆش و ئاسوودەیان هەبێت.
هەروەها کە باسم لێوە کرد، فێربوونی شارەزاییەکانی ژیان کارێکی زۆر پێویست و گرینگە. بەڵام ڕەنگە فێربوونی شارەزاییەکانی ژیان و کەڵک وەرگرتن لێیان بۆ هەموو کەس کارێکی ئاسان نەبێت. بۆ وەرگرتنی ئەم بابەتە، سەردانکردنی پزیشکی دەروونی یان دەروونناسێک، کارێکی زۆر گونجاو و کاریگەرە. هەروەها بە خوێندنەوەی کتێبی پەیوەندیدار و بەشداریکردن لە سمینار و کۆنفڕانسی تایبەت بە ئەم بوارە، دەتوانن لە شارەزاییەکانی ژیان لە ژیانی خۆتاندا کەڵک وەربگرن. هەروەها نابێت ئەم خاڵی لەبیر بکەین کە “تاکی تەندروست = کۆمەڵگەی تەندروست”.