یەکێکی دیکە لەو دیاردە کولتوورییانەی کە غیاب و پێواری پرۆژە و، پلانێکی تۆکمە و، نیشتیمانی کولتووریی ئێمەی کورد ئاشکرا دەکات بواری دۆبلاژە. ئەگەرچی ئەم بوارە لە ناو کورددا زۆر تازە نییە و زۆریش پرۆفیشناڵ نییە و خەریکی پێڕەوکێ و باڵاکردنە، بەڵام شیوازی کارکردن و دەرهاوێشتەی ئیشکردن لەم بوارەدا قەیران و مەترسی گەورەمان بۆ دەردەخات. دەشێت دۆبلاژ وەکوو فۆرم و شێوەیەکی دیکەی وەرگێڕان ببینین، کە لە ئاستە گشتی و شەقامییەکەیدا چالاک و کاریگهره و زۆر زیاتر لە دەقی وەرگێڕدراو کاریگەرترە و زۆر زووتریش ئەم کاریگەرییە لهسهر کۆمهڵگا خۆیا و ئاشکرا دەبێت. دۆبلاژ لە ئاستێکی بەربڵاوتر و گشتی تردا، واتە پانتا و ڕووبەری میدیا بینراو و بیسراوەکان، هەر بۆیە هەم دەشێت بەردەنگی زۆرتر بێت و هەم ئاستی بڵاوبوونەوە و کاریگەری، بە پێچەوانەی دەقی وەرگێردراوهوه، کە لە چاوەی گشتگیریی دۆبلاژدا بەردەنگێکی کەمینە و کاریگەرییەکی کەمتر و ههڵبهت درێژخایهنی هەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین: ئەگەر وەرگێڕان لە درێژماوەدا کاریگەرییەکانی خۆیا دەبێت، ئەوا دۆبلاژ لە ماوەیەکی کورتدا کاریگەرییەکانی بەسەر ژیانی خێزان و کۆمەڵگادا دەردهکهوێت و ئەم کاریگەرییانەش بە شێوەیەکی سەرپێیی و کەم و کورت نیین، بەڵکوو وەکوو شارەزایانی بواری میدیاش دەڵێن: ئێمە لە ڕێگەی میدیای بینراو و بیسراوە زووتر و زیاتر کاریگەری وەردەگرین و 70 لە سەدی دەیتا و زانیارییەکانمان ئەوان مسۆگەری دەکەن، بەو شێوەیە زەین و خەیاڵدانی گشتیی جەماوەر ئاڕاستە دەکەن.
ناتوانین مێژووی دۆبلاژ و سینەما و گهشهسهندنی وەکوو پیشەیهک لە یەکتر داببڕین، دۆبلاژیش وەکوو وەرگێران کاتێک سەری هەڵدا کە هەژموونی و ڕاکێشەری دونیای سینەما لە ناو نەتەوەکانی دیکە بە تایبەتی وڵاتانی پێشنەکەوتوودا هاتە ئاراوە و فیلمە سینەمایی و دراماییەکان لە ناو دونیای پێشکەوتووی ڕۆژئاوا و لە هەناوی میدیا زل و زەبەلاحەکانیان هاتە دەرەوە و، هەناردەی دونیای ڕۆژهەڵات کرا. ئەگەرچی لە سەرەتادا سینەما وەکوو پیشەیەک باس دەکرا، بەڵام لە ڕاستیدا لایەن و ڕەهەندی ئەم پیشە پڕ دەرامەت و داهاتە و ئەرک و کارکردەکانی هەر لە سەرەتاوە دیار و ڕوون نەبوو، ئەوە وردەوردە بوو کە بە کرانەوەی کۆمەڵگاکان بە ڕووی یەکتردا و بەربڵاوبوونەوەی تۆڕی ئازادی زانیارییەکان، کارکردە جۆراوجۆر و سەیر و سەمەرەکانی دونیای سینەما و وێنەگریمان بۆ دەرکەوت. بۆمان دەرکەوت سینەما ئیتر وەکوو هەندێک تێڕوانین تیۆریزە و بانگەشەیان بۆ دەکرد، تەنها کارێکی هونەریی بێلایەن و جوانیناسانە نییە، بەڵکوو مەبەست و ئاڕاستەیەکی دیاریکراوی هەیە و دەتوانێت بە ئاسانی یان بە ئاڵۆزی بکەوێتە خزمەت ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو و دەسەڵات بە هەموو چەشنەکانییەوە.
بێگومان ئەمڕۆ بەشێک لە سینەما بەناوی سینەمای ستراتیژیک لەو بوارەدا ڕۆڵی زۆر گەورە دەگێڕیت، هەم لە جیهانی ڕۆژئاوا و هەم لە ڕۆژهەڵات، میدیا زەبەلاحەکانی ڕۆژئاوا و هۆلیڤوود و بۆلیڤوود و ئێن بی ئێس و…لە بواری بڵاوکردنەوەی ئایدیا و ئایدۆلۆژییەک لە ڕێگەی وێنە و دەنگ و ڕەنگەوە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ڕای گشتی لە جیهاندا ههبووه و هەیە، هەرچی ئەو میدیایانەشە چون بەرهەمهێنەر و داهێنەری ئایدیا و سینەمان لە زۆر ڕووەوە کاریگەرییان بە ئاسانی لەسەر وڵاتانی دیکەوە کە ئەو پیشەیه تێیاندا بەهێز نییە، دەردەکەوێت، ئەگەر ڕاپرسییەک له ههندێک کۆمهڵگا بکەین ئەمڕۆ دەبینین بۆ نموونه له وڵاتێکی وهکوو ئێرانی ئێستادا ژمارەیەکی زۆر کەم و کەمینە فیلمی ئێرانی دەبینرێت، ئەگەرچی سیاسەتی دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی فیلم و دراما ئەمڕۆییە ئێرانییەکان زۆر چالاکانەتر له پێشوو ئیشی کردووە بەڵام بە دڵنیاییەوە ناتوانێت ڕكابەریی فیلم و دراما بیانی و ڕۆژئاواییەکان بکات، ئەگەرچی زۆرێک لەم فیلم و درامایانە دۆبلاژ ناکرێن و هەر بە شێوەی ژێرنووس بڵاو دەبنەوە و ئەمەش ڕێڕەو و پلانی نافەرمیی چالاکانی بواری فیلم، یان بینەرانی چالاک و هۆگری فیلم و درامای ڕۆژئاوا له ئێران ئاشکرا دهکات.
بێگومان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا کاتی خۆی و بەر لە کرانەوەی ڕێژەیی کۆمەڵگاکان و پەرەسەندنی تۆڕی ئازادی زانیاری تەنها سیستەمی دەنگ و ڕەنگی فەرمیی حکوومی هەبوو (هەر وەکوو ئێستە!) بەڵام ئەو کات سەتەلایت و کەناڵە ئاسمانییەکان تەنها لە ئاستی بەرپرسانی باڵای حکوومەت یان کەمینەیەکی زۆر کەمی دەستڕۆیشتووان و زەنگینەکانی ناو کۆمەڵگای شارە گەورەکانی وەکوو تاران و کەرەج و شیراز و… بوو، لەو ماوەیەدا کە خەڵک لە بەردەم ئەم چوارچێوە ئەفسوونکارە بە ناوی “تی ڤی” دادەنیشتن تەنها و تەنها یەک ئایدۆلۆژیایان دەرخوارد دەدرا، و پێیان دهگوترا: هیچ ئێرانییەکی خراپ بوونی نییە مەگەر ئەوەی کە هۆگری ڕۆژئاوا و جیهانی کوفر و ئیلحاد و بێ ئەخلاقیی ئەوان بێت، هیچ ئێرانییەکی خراپ بوونی نییە، مەگەر ئەوەی کە هاوکاریی لەگەڵ هەر هێزێک کردبێت کە سەر بە حکوومەتی ئیسلامیی کۆمار نەبووبێت، بە گشتی وێنەی “ئێمە فریشتە و ئەوان شەیتان”ن جەوهەری ئیشکردنی میدیای فەرمیی حکوومەتێکی وەکوو کۆماری ئیسلامی بوو، ئەگهرچی ئەم قاوغە شکێنرا و ئەم قەفەسە کرایەوە، ئەگەرچی هێشتاش هیچ کەناڵێکی نافەرمی لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بوونی نییە، بەڵام ئەم حکوومەتە سەرکەوتوو بوو لەوەی کە لەو ماوەیەی سنوورداربوون و نەکرانەوەی کۆمەڵگا و نەبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕای گشتی و خەیاڵدانی بهشیکی زۆری جەماوەر بە کۆمەڵێک وێنە و ڕستە و دەنگ بئاخنێت کە دواتر و ئێستەش ئەیەوێت بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا کەڵکی لێ وەربگرێت، ئەم پرۆسە میدیایی و ئەفسوونئامێزە و سیاسهتزهده و ئایدۆلۆژیکه لە چەمکی “نۆستالۆژی”دا خۆی بەیان دەکات.
هەر لەم ئانوساتەدا کە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی سەرانسەری ئێرانی گرتووتەوە شەڕێکی چر و پڕ لە ئاستی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەڕێوە دەچێت، هەرچی لایەنی دژبەر و شۆڕشخوازە بە ئاڕاستەی گوتارێک ئیش دەکەن کە پلان و کایەکانی میدیای فەرمی پووچەڵ کەنەوە، چەند گرووپێکی هاکەری هاوکاریان دەبن بە شێوەی نەناسراو، لەو لاشەوە سیستەمی فەرمیی دەنگ و ڕەنگی کۆمار بە هەموو پەیج و ئەکاونتە فەرمی و سێبەرەکانییەوە ختووکەی ئەو هەست و ئایدیایانە دەداتەوە، کە سەردەمێک وەکوو تاقە لایەنی میدیایی ودەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە خەیاڵدانی گشتی و زەینی جەماوەردا دروستی کردوون واته ههمان تاکتیک و پرۆسهی نۆستالۆژیا ئەویش دووپاتکردنەوەی ئەو وێنە کۆنەی “ئێمە فریشتە و ئەوان شەیتانن”ە، کە بێگومان لهم ئایدۆلۆژییه میدیاییهدا کورد یەکێک لە شەیتانە دیارەکانە و بەردەوام مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر ئایینی فهرمی و یەکپارچەیی خاکی ئێران، کورد هاوکات مۆتەکەی سەر دیموکراسییەکی مەرجداری سەڵەتەنتخواز و سیستەمی ئیسلامی سیاسیی شیعیشە! هەموو ئەم پرۆسە و پلانە لەڕێگەی میدیا و سینەماوە کایەی خۆی جێبەجێ دەکات و دۆبلاژ ڕێک دزهپێدانی ئهم ئایدیا و ئایدۆلۆژییهیه، که له جیهانی دهنگ و ڕهنگی میدیا بینراو و بیسراوهکان دێته ژوورهوه. بۆیه دهبێت سهرنجی جیددی ئهمه بدهین کە بەشێک لە کەناڵە ئاسمانی و ناوخۆییەکانی باشووری کوردستان، بوودجەیەکی دیاریکراو یان وەریدەگرن یان دابینی دەکەن!
بۆ دۆبلاژکردنی هەندێ دراما و فیلمی سینەمایی ئێرانی، کە نەک تەنها لە ڕووی هونەری و ناوەرۆکەوە هیچ پەیامێکی ئەوتۆیان بۆ بەردەنگ (ئێرانی و کوردیش) پێ نییە، بەڵکوو پەرەپێدانی هەژموونیی هەیمەنەی کولتووری و ئاینیی ئێرانە، واتە پرۆژەی فارسیزەکردن و شیعەکردنی کۆمەڵگای کوردی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی بابەتی چێژی سینەمایی و وێنەییەوە خەریکە خۆی جێبەجێ و پراکتیزە بکات! درامای “ماڵ بە کۆڵ” که له باشووردا به ئاغا ماشهڵلا ناوی دهرکردووه جیاواز لهوهی که ههندێ لایهنی کۆمێدی و گاڵتهجاڕانهی ههیه زهقکردنهوهی شیوهژیانی مرۆڤی فارسه، که به ههموو تهنگ و چهڵهمهکانی وهکوو ژیانێکی سهرکهوتوو و نموونهیی دهنوێنرێتهوه! یان دراماگەلێکی هاوشێوەی کۆمێدی کە هەندێ کەناڵ بە تایبەتی ئیسلامییەکان دۆبلاژی دەکەن، بە بێ ئەوەی ماهییەتی ستراتیژیکی پلانی سینەمایی ئێرانی بزانن بە ئاستێکی لاواز و نزم لە هونەری دۆبلاژەوە دێنە سەر شاشەکان و دەروونی تاک و کۆمەڵی کورد دەکەن، بە ئامانج و جیهانێکی خوازراو و ئایدیال لە مرۆڤی فارس و شێوەژیانیان دەخەنە ڕوو کە مەبەستی کۆتایی دروستکردنی ئەفسوونە لە کۆمەڵگای کوردیدا بۆ کۆنترۆڵکردنی، ئێستە ئەگەر چاوێک بە پەیجە سینەماییەکانی باشووری کوردستاندا بخشێنین هەواڵی مەرگی کوڕەکەی “نەسرینی موقانلوو” ئهکتهری ناسراوی ئێرانی لە هەواڵی شۆڕش و کوشتن و ئازادی گرینگترە، تەنانەت لە هەواڵی ڕێوڕەسمی ئۆسکار گرینگتر دەردەکەوێت، که ههیمهنهی کولتووریی ئێرانی نیشان دهدات، ئەم ڕەوتە ئەگەر له کوردستان لە چوارچێوەیەکی ستراتیژیکدا پێناسەی بۆ نەکرێت و نەکهوێتە خزمەت نەتەوەسازی و نیشتیمان دۆستییەوە ئەوا هەر وەکوو ئامادەکارییەکە بۆ داگیرکاریی و داگیربوونی تهواوهتی و ههمیشهیی کوردستان لە لایەن وڵات و هێزی دیکەوە.