یەکێک لە ناحەزترین ڕەهەندەکانی کۆمەڵایەتیی ژیانی ئەوڕۆکەی مرۆڤ، کەڵک ئاژووەرگرتنی ڕەگەزییە لە “منداڵان” کە لەم چەند دەیەی دواییدا بەربڵاوتر بووە و بە دوای گەشەی ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتییەکان، بە جیهانی بوونی هەژاری و کۆچبەری، گەشەی میدیایی، زیادبوونی هەوسارپچڕاوی کەڵک ئاژووەرگرتنی ڕەگەزی لە “منداڵان” وەکوو یەکێک لە سەرگەرمییە سەرنجڕاکێشەکانی گەورەساڵانی لێ هاتووە. بە چاو خشاندنێک بە ژیانی منداڵانی لەشفرۆش لە وڵاتانی وەکوو تایلەند، ئەمریکا و ئێران و… دەتوانین ببینین کە تەشەنەی هەژاری و بێکاری، نەبوونی سیستەمی پەروەردە و بارهێنانی دروست، هەبوونی یاسای نابەرابەر، نەبوونی پشتگیری یاسایی شیاو لە منداڵان و شارومەندان و لە کۆتاییشدا ڕۆڵی میدیاکان لە بەلاڕێدابردنی منداڵان، وەکوو هۆکارە سەرەکییەکانی گەشەی پیشەی ناحەزی لەشفرۆشین. ئەوەشمان لەبیر بێت کە گەشەی دونیای سەرمایەداری و تەشەنەی بیری بە کاڵا کردنیش دەورێکی بەرچاویان گێڕاوە لە زیادبوونی تاوانی دژ بە منداڵان.
پێویستە سیاسەتی جەنایی وڵاتان لەمبارەوە جگە لەوەی دەبێت بە هۆکار و بەستێنەکانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردە ناحەزە گرنگی زۆرتر بدەن، پێویستیشە بە توندترین شێوە لەگەڵ بکەرانی ئەم دیاردە ناحەزەدا هەڵسوکەوت بکەن. پێویستبوونی ئەم کارە کاتێک زۆرتر خۆی دەردەخات کە لە بواری لەشفرۆشی و قاچاخی ڕەگەزییەوە بەرەوڕووی دەستە و باندگەلی بەهێزی نێودەوڵەتین کە دەسەڵاتێکی زۆریشیان هەیە و بە شێوەی سیستماتیک و نهێنی کار دەکەن.
بەپێی توێژینەوەیەک کە کراوە، زۆرێک لەو منداڵانەی کە بە کۆیلەی ڕەگەزی کراون، خەڵکی ناوچە پەراوێزخراوەکان وەکوو، کەمینە نەتەوەیی، ڕەگەزی و منداڵانی ناخۆجێیی و منداڵانێک بوون کە لە دۆخێکی هەژاریدا ژیاون. لە ڕاستیدا هەژاری، هەڵاواردن، نەبوونی کەشێکی ئارام و هەبوونی شەڕ، بەستێنساز دەبن بۆ پێشێلکردنی مافی منداڵان و مێرمنداڵان و ئەوان لە دۆخی مەترسیداری ئاوەهادا ئەگەری بە کۆیلە بوونیان زۆر زۆرترە تا کەسانێک کە لە کەشێکی باشتردا دەژین.
“قاچاخی ڕەگەزی، توریزمی ڕەگەزی و زەواجی زۆرەملێی منداڵان”
منداڵان و مێرمنداڵان بەهۆی دۆخێکی تایبەتییەوە کە هەیانە بە ئاسان تووشی خەسار دەبن، ئێستا چ لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیانەوە بێت یان لە کۆمەڵگادا. کەڵک ئاژووەرگرتنی ڕەگەزی لە “منداڵان” زۆرترین لێکەوتەی نێگەتیڤ و درێژخایەن لەسەر منداڵ دادەنێت و ئاسەوارەکانی ئەم کردار قێزەونە لەوانەیە تا کۆتایی ژیان ئازاری قوربانییەکە بدات. ئەمانە بەشێک لەو ئاسەوارانەن کە قوربانی تا کۆتاییەکانی ژیانی ئازاریان پێوە دەچێژێت؛ خەمۆکی، مەیل بۆ خۆکوژی، نەبوونی باوەڕبەخۆبوون، گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان، ئەڵبەت گەر بابەتی دەسدرێژییەکە لەنێو خەڵکدا بڵاو ببێتەوە بێگومان کەسی قوربانی بە تایبەتی لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیدا ژیانی دەبێتە جەهەندەم. کەواتە چەسپاندن و پەسەندکردنی یاسایەک بۆ پاڵپشتیکردن لە منداڵان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. لێرەدا ئێمە دەپەرژێینە سەر قاچاخی ڕەگەزیی منداڵان، توریزمی ڕەگەزی و زەواجی زۆرەملێ.
“قاچاخ و توریزمی ڕەگەزیی منداڵان”
قاچاخی مرۆڤ دیاردەیەکی بەربڵاوە لە ئاستی جیهان و لەوانەیە سەرەکیترین هەنگاو بۆ ناسین و کۆکردنەوەی زانیاری لەم بارەیەوە، پێناسەی قاچاخی مرۆڤ بێت. لە بەندی ٣ی مادەی ١ی کونوانسیۆنی یەکیەتیی ئاسیایی ڕۆژهەڵات بۆ هاوکاریی ناوچەیی (سارس) سەبارەت بە پێشگیری و خەبات دژی قاچاخی ژنان و منداڵان بە مەبەستی بە کۆیلەکردنی ڕەگەزی و لەشفرۆشی، پەسەندکراوی ٢٠٠٢ پێناسەیەک پێشکەشکراوە کە نزیکایەتییەکی زۆری لەگەڵ زاتی قاچاخی ڕەگەزیی منداڵاندا هەیە. هەناردن، کڕین و فرۆشتنی ژنان و منداڵان چ لە نێوخۆی وڵاتان و چ بۆ دەرەوەی وڵاتان بە مەبەستی چێژ و سێکس لە بەرانبەری پارە یان هەر شتێکی دیکە، ئێستا چ بە خواستی خودی قوربانی یان بە زۆرەملێ بێت، بەپێی کونوانسیۆنی (سارس) بە قاچاخ لە قەڵەم دەدرێت. کەواتە دەتوانین ئاوەها قاچاخی منداڵان پێناسە بکەین؛
“هەر کردەوەیەکی تاوانبارانە چ هاوردەکردن و چ هەناردەکردن و تڕانزیتی ڕێگەپێدراو و ڕێپێنەدراوی مرۆڤ لە ئاستی نێودەوڵەتی و بە کەڵکوەرگرتن لە هەر شێوەیەکی کە دەلوێت وەکوو ترساندن، ڕفاندن، زۆر و هەژاری و… بە قاچاخی منداڵ دێتە ئەژمار”.
پرسی قاچاخی مرۆڤ دیاردەیەکی تایبەت بە سەردەمی هاوچەرخ نییە، بەڵکوو لە دەیەکانی پێشووەوە کردەوەگەلی زۆر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ پێشگرتن و سەرکوتی قاچاخی مرۆڤ کراوە کە زۆربەیان لە چوارچێوەی ڕاگەیەندراوەکان و بەڵگە نێودەوڵەتییەکاندا جێیان گرتووە.
ئەو بەشە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان کە پەرژاونەتە سەر پرسی قاچاخی مرۆڤ، بە تایبەتی قاچاخی منداڵان دەتوانین بە دوو دەستە دابەشیان بکەین؛
“هێندێک لەم بەڵگانە وەکوو ڕاگەیەندراوەکان پێوەندییان بە هەڵوەشانەوە و قەدەغەکردنی کۆیلەکانەوە هەیە. قاچاخی مرۆڤ پێوەندییەکی نزیکی بە کۆیلەداری و تیجارەتی کۆیلەوە هەیە؛ بەم هۆیەوە قاچاخی مرۆڤ بە کۆیلەداریی هاوچەرخ ناوی لێ دەبرێت”
بەڵگەکان بریتین لە؛
١ – کونوانسیۆنی قەدەغەکردنی کۆیلەداری پەسەندکراوی ساڵی ١٩٢٦.
٢ – ڕێکكەوتنی تەواوکەری قەدەغەکردنی کۆیلەداری و فرۆش و هەر کردارێک کە وەکوو کۆیلەداری بێت پەسەندکراوی ساڵی ١٩٦٥.
٣ – ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ پەسەندکراوی ساڵی ١٩٤٨.
٤ – کونوانسیۆنی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی پەسەندکراوی ساڵی ١٩٦٦.
٥ – بەرنامە و پێڕەوی دەزگای سزایی (دەزگای جەزایی) نێودەوڵەتی، هەروەها کونوانسیۆنەکانی پێوەندیدار بە ژنان بە تایبەتی کونوانسیۆنی لابردنی هەڵاواردن دژ بە ژنان پەسەندکراوی ١٩٧٩ و کونوانسیۆنەکانی دیاریکراو بە منداڵان، بەتایبەتی کونوانسیۆنی مافی منداڵان پەسەندکراوی ساڵی ١٩٨٩ و پرۆتۆکۆلی لکێندراوی کڕین و فرۆشی منداڵان و لەشفرۆشان.
بەشی دووەمی ئەو بەڵگانە دەگەڕێتەوە کە پێوەندییان بە قاچاخی ڕەگەزیی منداڵان و ژنانەوە هەیە و پەسەندکراون و کۆمەڵێک بەند و مادەیان سەبارەت بە پێشگیری، سەرکوتی قاچاخ و پاڵپشتی لە قوربانییان و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیان لە خۆ گرتووە.
بەپێی مادەی ١ی بەڵێننامە (مقاولەنامە) گەرەنتی پشتگیریی کاریگەر لە بەرانبەر کرداری تاوانبارانە کە بە مادەی پێشگیری لە کڕین و فرۆشتنی سپیپێستەکان ناوبانگی دەرکرد، پەسەندکراوی ساڵی ١٩٠٤. بەپێی ئەم ماددەیە هەریەک لە وڵاتانی واژۆکەر پێویستە لەسەر کەسانێکی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی منداڵان و ژنان بە تایبەتی لە بواری بە کاڵاکردنی ڕەگەزییەوە کۆ بکەنەوە و لەگەڵ کەسانی هاوپیشەی خۆیان لە وڵاتانی دیکەدا لە پێوەندیدا بن و ئاڵوگۆڕی زانیاری بکەن.
بەڵام ئامانجی سەرەکیی ئەم بەڵێننامە زۆرتر پێبەندکردنی دانە بە دانەی دەوڵەتانە بۆ ئامادەکردن و جێبەجێکردنی بڕیارگەلی پێویست و پێشگیری لە گواستنەوەی ژنان و منداڵان بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی لەشفرۆشی.
ماددەی ٢ی بەڵێننامە ڕێگەگەلێکی بۆ پێشگیری لە لەشفرۆشی و بە کۆیلەکردنی ڕەگەزیی منداڵان و ژنانی دەسنیشان کردووە، وەکوو؛
١ – چاوەدێری بەسەر وێستگەکانی شەمەندەفەر و ترمیناڵ و بەندەرەکانی گواستنەوەی گەشتیارەکان کە بۆ قاچاخی ژنان و منداڵان کەڵکیان لێ وەردەگرن.
٢ – پەروەردە و فێرکردنی بەرپرسان و فەرمانبەران و کەسانی خاوەن دەسەڵات بە مەبەستی تێگەیشتن و پێگەیشتنیان و بردنەسەری ئاستی زانیارییان لە دۆزینەوەی پیلانەکانی قاچاخچییانی کڕین و فرۆشتنی قوربانییەکان.
٣ – هاوکاریی دەوڵەتان لە بواری ئاگادارکردنەوەی یەکدی لە کاتی سەردانی کەسانێک کە پێشتر پێشێلکەری مافی منداڵان و ژنان بوون و پێشینەی تاوانیان هەبووە.
لە ڕاستیدا توریزمی ڕەگەزی ڕەوتێکە پێچەوانەی قاچاخی مرۆڤ. لە قاچاخی مرۆڤدا، تاک بە مەبەستی کەڵک ئاژووی ڕەگەزی لە وڵاتی خۆی بۆ وڵاتێکی دیکە دەبردرێت، لە کاتێکدا توریزمی ڕەگەزی کەسێکی کڕیارە کە بە مەبەستی چێژی جینسی سەردانی وڵاتی دیکە دەکات.
بەو پێیەی کە قاچاخ و توریزمی ڕەگەزی بوونەتە کارەساتێکی گەورە بۆ هەموو جیهان و کۆمەڵگای جیهانی سەرقاڵی کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە و هەروەها پەسەندکردنی کۆمەڵێک بەڵگەنامەن بە مەبەستی دژایەتی لەگەڵ ئەم دیاردەیە. “کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی توریزمی جیهانی” کۆمەڵە هەڵسوکەوتنامەیەکی ئاکاری بۆ توریزمەکانی لە ساڵی ١٩٩٩ پەسەند کردووە. ئەم هەڵسوکەوتنامەیەی ئاکاری چوارچێوەیەکی بۆ گەشەی سەقامگرتووی توریزمی جیهانی دیاریکردووە کە پێکهاتووە لە ٩ مادە و پێوەندیی بە ئامانجی دەوڵەتان، ڕێکخەری گەشتە سەفرەییەکان، ئاژانسە گەشتیارییەکان و گەشتیارەکانە. بەندی ٣ی مادەی ٢ی ئەم هەڵسوکەوتنامە وا باس دەکات کە؛ کەڵک ئاژووەرگرتن لە مرۆڤ بە هەر شێوەیەک بێت بەتایبەتی ڕەگەزی و بە تایبەتیتریش کاتێک منداڵێک دەبێتە قوربانی لە دژی ئەساس و ئامانجەکانی هەڵسوکەوتنامەی توریزمە. کەواتە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی هەموو ئەو کەسانەی کە منداڵان و ژنان دەکەنە کۆیلەی جنسی دەبێ بە توندترین شێوە سزا بدرێن.
“زەواجە زۆرەملێکان”
باسی سەرەکی لە پرۆسەی زەواج خواست و مەیلی دوو لایەنە و لە ڕاگەیەندراوی مافەکانی مرۆڤ و لە مادەی ١٦دا ئاماژەی پێ کراوە. بەپێی ئەم مادەیە، زەواج دەبێ بە ڕەزایەت و پێخۆشبوونی تەواو و ئازادانەی (ژن و پیاو) بێت. لە کونوانسیۆنی لابردنی هەر چەشنە هەڵاواردن دژ بە ژنان، کونوانسیۆنی یاسای مەدەنی و سڤیل و سیاسی، کونوانسیۆنی یاسای ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووریشدا هاتووە کە زەواج بەبێ ئیزن و ڕەزایەتی تەواوی دوو لایەن دژ و پێچەوانەی یاسایە. بەڵکوو دەبێ بە ڕەزایەت و مەیلی ژن و پیاو بێت.
بەڵام زەواجی زۆرەملێ لە زۆربەی کات بەبێ ڕەزایەت و خواستی منداڵ و میرمنداڵ دەکرێت و تەنانەت ئیزنی ڕاگۆڕینەوە و دەربڕینی خواست بە کچ نادرێت، زۆر زەواجیش بە گوشار خستنەسەر کچ و بە لێدان کچیان تەسلیمی خواستی خۆیان کردووە و بە زۆر بە مێردیان داوە، یان لە زۆر حاڵەتیشدا کچیان فریو داوە بەوەی کە زێڕ و خانوو و… بۆ دابین بکەن. بێگومان حاڵەتی واشمان هەیە کە کچ بە مەیلی خۆی بەڵام لە تەمەنێکی کەم و لە دۆخێکدا بڕیاری داوە کە هێشتا منداڵە و بەبێ لێکدانەوە و لە ڕووی هەست و ئێحساسەوە ئاوەها بڕیارێکی داوە. زەواجی پێش تەمەنی یاسایی و باڵغبوون خەساراتی جەستەیی، دەروونی و زەینی قوڵ لەسەر منداڵ دادەنێت و دەبێتە هۆی دوورەپەرێزی و دەیان نەخۆشیی دەروونی.
لە ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤی پەسەندکراوی ساڵی ١٩٤٨، مادەی ١٦ و مادەی ١٠ی کونوانسیۆنی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی پەسەندکراوی ساڵی ١٩٦٦، هەموو ئەم خاڵانە پێداگرن لەسەر ئەوەی بۆ زەواج ڕەزایەتی تەواوی ژن و پیاو پێویستە و زەواجی پێش لە تەمەنی یاساییان قەدەغە کردووە.
“ڕێکارەکانی بەربەرەکانێ دژ بە کۆیلەکردنی منداڵان”
بێجگە لەوەی کە دەوڵەتان ئەرکدار و پێبەندکراون بە جێبەجێکردنی یاسا، هێندێک خاڵی دیکە هەن کە جیا لە کەڵکەڵە یاساییەکان دەبێت لەبەر چاویان بگرین و لە ڕاستیدا بەبێ دابینکردنی بەستێنێکی شیاو و پشتگیر لە مافی منداڵان و هەروەها ژێرخانە کەلتووری پەسەندکردنی یاسا کەڵکێکی وای نابێت. کەواتە؛ دەوڵەتان دەبێ لە تەنیشت دابینکردنی ڕێکارە یاساییەکان پێویستە هەوڵ بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی خەساردیتووەکان بۆ نێو کۆمەڵگا بدەن و تێبکۆشن بیانخەنە ژێر چەتری یاساییەوە و پاڵپشتییان بن.
دوو ڕێکار دەسنیشان کراوە بۆ پێشگیری و بەربەرەکانێ دژ بە کۆیلەکردنی منداڵان؛
١ – ڕێکارە یاساییەکان؛ بەڵگە نێودەوڵەتییەکان کە لەلایەن دەوڵەتانەوە پەسەند دەکرێت زۆربەیان خاوەنی ناوەڕۆکێکی ئامرە. واتە؛ لە هەموو وڵاتانی ئەندام توانای جێبەجێ كردنیان هەیە و پێویستە وڵاتان جێبەجێیان بکەن. بەڵام هێندێک یاسای نێودەوڵەتیش هەن کە بۆ جێبەجێبوونیان پێویستە دەوڵەتان لە نێوخۆی خۆیاندا بەپێی پێویستی کاری بۆ بکەن و لە پاڕلمانی خۆیاندا پەسەندی بکەن.
٢ – دۆزینەوە و گەڕانەوەی قوربانییان؛ بایەخدان بە دۆخی خەسار دیتووانی تاوانی کۆیلەی ڕەگەزی بە تایبەتی دوای ئەوەی تووشی خەسارێکی قوڵی دەروونی و جەستەیی دەبن، هەوڵدان بۆ دابینکردنی پێویستییەکانیان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لە کونوانسیۆنی پالێرمۆ و مادەی ٢٥٧ی کونوانسیۆندا هاتووە؛ دەوڵەتان دەبێ ڕێکارێک بگرنە بەر بۆ ئەوەی کەسایەتی بۆ قوربانییان بگەڕێننەوە و هاوکات لە بواری ماڵیشەوە قەرەبوویان بکەنەوە.