کچه مۆدێله‌کان له‌سه‌رووی چاکه و خراپه‌وه خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیی-کۆمەڵایەتی
مۆدێلبوون و ئیشی مۆدێلینگ مێژوویه‌کی دیاریکراوی هه‌یه و به پێی پێشکه‌وتنی جیهانی ته‌کنه‌لۆژیا و پڕوپاگه‌نده و نیگار و وێنه‌گری هاتووه، له ڕاستیدا له هه‌ر قۆناغێکدا ئاست و ئاڕاسته‌ی دیاریکراو و ته‌نانه‌ت داهاتی دیاریکراوی خۆشی هه‌بووه. خاڵی ده‌سپێک و گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م ئیشه که له بنه‌ڕه‌تدا له پانتایی هونه‌ر و بازرگانی و ناساندنی جلوبەرگە بەڵام له پله‌ی یه‌که‌مدا وه‌ک پانتاییه‌کی بازرگانی بۆ نواندنی جلوبه‌رگ له لایه‌ن کۆمپانییاکانه‌وه بووە و بۆ یەکەم جاریش لە ساڵی 1853ز لە لایەن (چارلز فریدریک ڤۆرسی) ئینگلیزییەوە هاتە ئاراوە و دواتر بە هەموو ڕۆژئاوا و ئەمریکادا بڵاو بوویەوە و لەوێشەوە و پاش شەپۆلی جیهانگیریی بە دونیادا بڵاو بوویەوە. ئەم پیشەیە له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه‌وه تاکوو سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک هه‌وراز و نشێوی زۆری بڕیوه، خاڵێک که ده‌بێ سه‌رنجی بدرێتێ له ئه‌ورووپا و وڵاتانی ڕۆژئاوادا ئەمەیە کە مۆدێلینگ و کاری مۆدێل زیاتر له‌خزمه‌تی فرۆشتن بووه و به ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی بازاڕ بووه جیاواز لەوەی کە لایەنی جوانیناسانە و هونەریی خۆی پاراستووە.
واته بەگشتی له پشت ئه‌م هونه‌ره‌وه کۆمه‌ڵێک کۆمپانیا و لایه‌نی بازرگانیی هه‌بوون که به‌رهه‌مهێن بوون هەر له جلووبه‌رگه‌وه تاکوو پێڵاو و مۆدێلەکانی قژ و کەلوپەلی خۆجوانکردن و…که‌واته زه‌مینه‌که‌ی له کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌رهه‌مهێن و پێشکه‌وتوو بووه و ئه‌گه‌رچی وه‌ک جۆرێک هونه‌ر ناوی مۆدێلینگ و کاری مۆدێل ده‌برێت به‌ڵام دواجار له خزمه‌ت ئامانجه‌کانی بازاڕ و کۆمپانیاکان بووه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌نانه‌ت هه‌م پڕوپاگه‌نده و بانگه‌شه‌یه‌کی زۆریان ده‌کرد و هه‌م مووچه و حه‌قده‌ستێکی باشیان ده‌دا به مۆدێله‌کان تا شوێنێک که لە ساڵی 1990خانمه مۆدێلینگی کەنەدایی (لیندا ئاڤانجێلیستا) بۆ گۆڤاری Vogue (کە تایبەت بووە بە ناساندنی مۆدێلەکان)ده‌ڵێت ئێمه ڕؤژانە بە کەمتر لە 10هه‌زار دۆلار لە خەو هەڵناسین، دەبێ سەرنجی ئەوە بدەین کە ئەم ڕێژەی داهاتە باسی ساڵی 1990ە ئه‌مه دیمه‌نی گشتیی ده‌رکه‌وتنی کاری مۆدێله که ئاخێزگه و زه‌مینه‌یه‌کی دیاریکراوی هه‌بووه دواتریش کاریگه‌رییان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا جێهێشتووه و بوون به به‌شێک له سیسته‌می هه‌ژموونی و زاڵبوون و زاوته‌ی ئه‌و وڵاتانه له دونیادا، بۆ نموونە ئێسته پاریس هیلتۆن مۆرک و بره‌ندی ئه‌مریکییە و ئه‌مه له که‌لتوور و پێکهاتێکی سیاسی و یاساییدا ده‌که‌وێته خزمه‌تی وڵاتانی ئه‌مریکا و دواجار له ڕۆژئاوادا که له قۆناغی تابۆئیزم و دۆگماتیزمی ئایینی و نه‌ریتپه‌رستی په‌ڕیونه‌ته‌وه و دەتوانن ئەم تیپ و نموونە کەس و کارئەکتەرانە قبووڵ بکەن، هه‌روه‌ها ئەوان کێشه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و کیانی سیاسی و قه‌واره‌ی جوگرافییان نه‌ماوه، به‌ڵام له وڵاتانی وه‌کوو کوردستان و کۆمه‌ڵگای کوردی که هێشتا له ململانێ و شه‌ڕی نێوان نه‌ریت و مۆدێڕنه تووشی سه‌رگێژه و قه‌یرانی گه‌وره‌ی شوناس و هه‌لاهه‌لابوونی کارئه‌کته‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی تاک بووه، ده‌رکه‌وتنی کچه مۆدێله‌کان له‌م ئاسته له ئامادەیی و کاریگه‌ریی کۆمەڵایەتی و پاره‌ده‌رهێنان و ده‌رامه‌دا ده‌شێ چۆن بخوێنرێته‌وه؟ تا شوێنێک کە (شەمۆی کۆمێدی) ئەکتەری ناوداری بواری کۆمێدی دەڵێت: داوا لە کچە مۆدێلەکان دەکەین یارمەتی هونەرمەندە فەقیرەکانی هەولێر بەن. بەدەر لە لایەنیی کومێدی دەشێت ئەمە پاشکۆیەکی تەواوکەر بێت بۆ ئەم ڕستەیە کە لایەنی تراژیک و کارەساتاویی دۆخەکە زیاتر زەق دەکاتەوە.
ئه‌گه‌رچی که‌یسی کچه مۆدێله‌کان به کوژرانی فاتیمه زارعی 23 ساڵ ناسراو بە (ژیلا)خەڵکی سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان له لایه‌ن مێرده‌که‌یه‌وه به ناوی ئاسۆ که 2 ساڵ له فاتیمه بچووکتر بووه هه‌مووانی هێنایه ده‌نگ و حکوومه‌تیش چاوپێکه‌وتنی ڤیدیۆیی لێیان قه‌ده‌غه کردووه، به‌ڵام دۆخی کچه مۆدێله‌کان به بێ تێگه‌یشتن له (دۆخی ژن) له کۆمه‌ڵگا سونەتی و کۆنباوه‌کان و به بێ تێگه‌یشتن له پرسگر و ئاریشه تایبه‌ته‌کانی ژنی کورد ئه‌سته‌مه. لە پلەی یەکەمدا و لە ڕووی خێزانی و پەروەردەییەوە ئەم کچە قوربانیی سیستەمی نەریتی و پیاوسالارانەی هاوسەرگیریی بووە واتە ئەم کچە قوربانیی (منداڵ-هاوسەری)ییە. ئه‌گه‌رچی سه‌رتاپای فولکلۆر و ئه‌فسانه کوردییه‌کان پڕن له ستایش و پێداهه‌ڵگوتن به ژن و ڕەگەزی مێیینە، وه‌ک له گۆرانییه کوردییه‌کاندا ده‌بینین ئه‌م پێداهه‌ڵگوتن و ستایشکردنە زیاتر لایه‌نی سۆزدارانه و ڕۆمانتیکی هه‌بووه و به‌هۆی سرووشتی زاڵی عه‌قڵییه‌تی پیاوسالارانه به سه‌ر کۆمه‌ڵگا و جومگه ژیانه‌کی و هه‌سته‌وه‌رییه‌کانی مرۆڤی کورددا ته‌نها له ئاستێکی یه‌کلایه‌نه واته له پیاوەوە بۆ ژن ماوه‌ته‌وه، ئاڕاستەیەکی ناتەندروستی یەکلایەنە بووە! واته ژن وه‌ک په‌یکه‌ره‌یه‌کی پیرۆز و بێده‌نگکراو بووه و پیاو خه‌یاڵی له‌گه‌ڵدا کردووه، ئه‌مه تا شوێنێک له هه‌ست و نه‌ستی کۆمه‌ڵگادا قووڵ ده‌بێته‌وه که کچان و خانمانی گۆرانیبێژی ئێمه زۆربه‌ی زۆریان گۆرانیی پیاوان ده‌ڵێنه‌وه، هه‌مان گۆرانی که حه‌سه‌ن زیره‌ک بۆ (ڕه‌ش ئه‌سمه‌ر)ێکی وتووه ئه‌وانیش ده‌یڵێنه‌وه، یان هه‌مان گۆرانی که بۆ (کراس ڕه‌ش) وتراوه دووپاتی ده‌که‌نه‌وه. ڕیشه‌ی تێگه‌یشتن له‌م قه‌یران و دژوازی و توندوتیژی و دابڕانه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی لێره‌دایه، دوای ڕزگاربوونی باشووری کوردستان و دامه‌زرانی حکوومه‌تێکی کوردی که له‌سه‌ر بنه‌ماکانی سیکولاریزم و دیموکراسی خۆی قاییم کرد، کۆمه‌ڵگای کوردیی له باشوور سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی کۆمه‌ڵێک گرووپی سه‌ر به ئیسلامی سیاسی و هه‌وڵدان بۆ سه‌پاندنی نه‌ریت و ڕیچواڵه کۆنباوه ئایینییه‌کان لە چوارچیوەی دەسەڵاتدا کرانه‌وه‌یه‌کی ڕێژه‌یی له شێوه‌ژیان و تێڕوانینی کۆمه‌ڵگای باشوور بۆ به‌هاکان به‌دی ده‌کرا. ئه‌گه‌رچی ئه‌م تێڕوانینه که به‌ره‌و پێشوازیی به‌ها نوێکان ڕۆیشت، بایی ئه‌وه‌نده‌ی هێز و سوبژیکتیڤیته‌ی سەردەمی پێ نه‌بوو هه‌موو به‌هاکانی مۆدێڕنیته ئه‌زموون بکا و وێرژنێکی گونجاو و شیاو بۆ کۆمه‌ڵگای خۆی و ژیانی تاکه‌کانی خۆی ببینێته‌وه هەر بۆیه به‌ریه‌ککه‌وتنێک له نێوان سونه‌تی کوردی و مۆدێڕنیته‌ی ڕۆژئاوایی ڕووی دا که سەرەڕای دەرکەوتنی هەندێ خاڵی گەشی مۆدێڕن و شێوەژیانی درەوشاوە لە دواجاردا به داخه‌وه کۆمه‌ڵگای زیاتر و ڕەمەکیی به‌ره‌و بناژۆخوازی و چه‌ند فاقێتی و توندوتیژی هان داوه و لە بنەماشدا و لە ئاستێک‌دا پاشڤەچوون و گەڕانەوەیەکە. ئەم بەریەککەوتن و ململانێیەی نێوان سونەت و مۆدێڕنیتە لە قەوارەی ئاره‌زووی کۆمه‌ڵگای کوردی بۆ پیاوسالاری و له‌و لاشه‌وه ختووکه‌دانی ئاره‌زووی هه‌ڵکردن و دیموکراسییه‌ت و ڕای جیاواز و…دەردەکەوێت و ده‌بێته هۆی دووفاقێتییه‌ک که ژماره‌یه‌کی که‌م له کۆمه‌ڵگای کوردی خۆیان له هه‌ناویدا پێ ساغ ده‌کرێته‌وه، نموونه‌ی ئه‌مه له لێدان له دۆخی ژن به گشتیدا ده‌بینرێته‌وه، وه‌ک تیشکم خسته سه‌ری قسه‌کردن و تێگه‌یشتن له کچه مۆدێله‌کان به بێ تێگه‌یشتن له دۆخی ژنی کوردی به گشتی ئه‌سته‌مه.
لە لایەکی دیکەوە ئه‌و ڕوانینه قودسیته‌وره بۆ ژن و ئه‌و په‌یکه‌رپه‌ره‌ستییه ئیرۆتیکی و سۆزدارانه‌یه و هاوکات لەگەڵ ئەو شه‌رەفپه‌ره‌ستی و ئابڕووته‌وه‌رییه له توندئاژۆترین حاڵه‌ت و ئاستی خۆیدا مانیفێست دەکرێت واتە قودسیتەوەری و شەرەفپەرستی دوو دیوی یەک دراون ڕێک وەک خۆشەویستی و نەفرەت. کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به ئه‌سته‌م ده‌توانێت به بێ توندوتیژی، دابڕانێکی عاشقانه ئه‌زموون بکات یان جودابوونه‌وه و کۆتایی پێهێنانێکی ژیانی هاوسه‌ری و خێزانی به خێر به‌ڕێ بکات، بە بێ ئەوەی ئەمە وەک بڕیارێکی ڕەها دەرببڕم سەرنج ڕادەکێشم بۆ ڕێژەی ئەو توندوتیژییانەی کە دەرهەق بە ژنان دەکرێت و شێوە ئاڵۆزەکەی لە کتێبی(ئۆقیانووسێک لە تاوان)ی خەندان جەزا باس کراوە، و ئەم قودسییەت و نەفرەتە بەشێوەی ئاڵۆزتر زەق دەبێتەوە و تا ئاستی لەشفرۆشیی پلان بۆ داڕێژراوی ژن لە لایەن پیاو یا مێردەوە دەچێت. وەک وتم لە پلەی یەکەمدا لە ئاستە خێزانییەکەیدا دەردەکەوێت کە ژن و مێرد یان دوو یار بە ئاسانی و بە بێ توندوتیژی و بێڕیزی لەیەک جودا نابنەوە(کە بێگومان ئەمە حاڵەتێکی ڕەها و گشتی نییە) هۆکاره‌که‌شی له ڕووی سایکۆلۆژییه‌وه ئه‌و نه‌ریته قودسییه‌ی ژنپه‌رستی و هه‌ستی خاوه‌ندارێتییه به‌سه‌ر ژن‌دا، که باوه‌ڕی به یه‌کەم ته‌خت و یه‌که‌م به‌خت هه‌یه و جۆره وه‌حدانییه‌تێک بۆ ژن له دونیای نه‌ست و هه‌ستی خۆیدا قایله که ته‌نها مه‌رگ ده‌توانێت بنه‌بڕی بکات.
بزوێنەر و دیاریکەرێتی. له پشت هه‌ر جووڵه‌یه‌ک بۆ کۆتاییپێهێنانی ژیانی خێزانی له لایه‌ن پیاوەوە خه‌یاڵێکی گوماناوی و شه‌ره‌فپه‌رستانه و ئێره‌ییئامێز هه‌یه که ئه‌م دابڕانه و جوداییه وه‌ک هه‌تک و ده‌سدرێژی بۆ سه‌ر ئابڕوو و شه‌ره‌فی خۆی ده‌بینێت! و ئه‌مه گرێپووچکه‌یه‌که که هه‌ر دوو سه‌ری هاوکێشه‌که تێیدا قوربانین! ژن و پیاو که‌یسی کچه مۆدێله‌کان له ئاوه‌ها هاوکێشه‌یه‌کدا بڵێسه‌ی ئاگریی ئه‌م توندوتیژییه زیات ده‌کات. کچه مۆدێله‌کان له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا و به‌پێی پێکهاته نه‌ریتی و ئه‌و مۆدێڕنیته نیوه‌چڵ و ناته‌واوه، ده‌رکه‌وته‌یکی نامۆ و بێگانه‌ن، به بوونه‌وه‌رانی سه‌یر و ته‌راکه‌وته و ئاوارته ده‌بینرێن، ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه هه‌ر پیاوێک بۆ چرکه‌یه‌ک حه‌زی بووبێت له نێزیکه‌وه بیانبینیت یان ده‌ستی پێیان ڕابگات به‌ڵام ئه‌مه ئاره‌زوویه‌که که ئه‌نجامی ئه‌و مۆدێڕنیته ئامرازیانه‌یه که حه‌ز و ئاره‌زووی پیاو به‌و شێوه‌ی پارادۆکسیکاڵ و سادومازوخیستییه ده‌جووڵێنێت. کچه مۆدێله‌کان ئه‌وه‌نده‌ی ده‌رکه‌ته‌ی لایه‌نی ئامرازیانه و ڕووکه‌ش و چێژپه‌رستانه‌ی مۆدێڕنیته‌ی ڕۆژئاوان هه‌ڵگری هیچ ده‌سکه‌وت و ده‌رهاوێشته‌یه‌ک بۆ کۆمه‌ڵگا نین! ئه‌وان به‌پێی گێڕانەوەکان پاره‌ی خه‌یاڵی کۆ ده‌که‌نه‌وه، له لایڤه‌کانیان هه‌زاران که‌س به‌شداری ده‌کات چ به جنێو و سووکایه‌تی چ به ڕێز و حه‌ز و ستایش(که ئه‌مه‌ش لایه‌نی زیاتری ئه‌و دووفاقی و پارادۆکسه‌ی شوناس له نێوان نه‌ریت و مۆدێڕنیته ده‌رده‌خات) کچه مۆدێله‌کان لایک و کۆمێنتی زۆر وه‌رده‌گرن، به‌سوڵتانی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌ناسرێن، ده‌شیا له پاڵ ئه‌م دیارده‌یه‌دا په‌روه‌رده‌ی که‌لتووریی به‌هێز و ڕه‌گئاژۆکردنی پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن و توولێرانس، باوه‌ڕ به ئازادی به ڕه‌هه‌نده فه‌لسه‌فی، سیاسی و ئینسانییه‌کانی گه‌شه‌ی بکردایه تاکوو کچه مۆدێله‌کان پێگه و جێگه‌ی خۆیانیان بزانیبا و له لایه‌ن کۆمه‌ڵگاشه‌وه ئه‌وه‌نده سووکایه‌تییان نه‌کرابایه‌ته سه‌ر و له پانتای کۆمه‌ڵایه‌تیدا جێگه‌یه‌کیان بۆ دابین کردبایا، بەڵام بەو هۆکارەی کە باسم کرد ئەم هاوسەنگی و پێکەوەهەڵکردنە لە مۆدێڕنیتەیەکی خواروخێچدا جێ ناگرێت.
کچه مۆدێله‌کان جیاواز له‌وه‌ی که زۆربه‌یان ته‌مه‌نێکی خواریان هه‌یه و ته‌نانه‌ت له ڕووی په‌یوه‌ندی کۆمه‌لایه‌تی و ئینسانییه‌وه له ئاستێکی نزم و خۆپه‌رستانه‌دان له هه‌موو شتێکیش قسه ده‌که‌ن، لە هەموو بابەتێک خۆیان هەڵدەقورتێنن، بۆ هه‌موو ڕووداوێک هه‌ڵوێستیان ده‌بێت، زۆرینه‌یان خۆیان وه‌ک خوداوه‌ندانی جوانیی سه‌رده‌م به سه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی ئه‌نفالاکراو و وردوخاپووربوودا ده‌خه‌نه ڕوو، سووکایه‌تی به به‌هاکان ده‌که‌ن، به یه‌کتری ده‌که‌ن، له قووڵترکردنه‌وه‌ی حیزبایه‌تی و دابڕانی زۆنه‌کاندا ڕۆڵ ده‌گێڕن، ئه‌مه به‌ده‌ر له‌وه‌یه که ده‌نگۆی تێوه‌گلانیان به ماده‌ی هۆشبه‌ر و له‌شفرۆشیش هەیه. ئه‌وان له سه‌ر زمان، شۆڕش، هه‌له‌بجه، ئه‌نفال و… قسه ده‌که‌ن و قسه‌کانیان جگه له هه‌ڵوێستێکی ئانوساتیی و بێ بنه‌ما هیچی دیکه‌ی تێدا نییه و باقی کاته‌کانیشیان له لایڤ و تی ڤی و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به پێشکه‌شکردنی وێنایه‌ک له ژیانی ئایدیال و خه‌ونئامێزی خۆیان بۆ کۆمه‌ڵگایه‌ک که له ژێر زه‌ختی ئابووری و سیاسیی و که‌لتووری دەبەنە سەر، کۆمەڵگایەک کە به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان کۆڵۆنییه‌کی نێوده‌وڵه‌تییه! و دەرکەوتنی ئەوانیش بەم شێوەیە یەکێک لە نیشانەکانی ئەم دۆخە کۆڵۆنیەیە! ئایا هیچ کام له ئێمه بیستوومانه تاکوو ئیسته کچه مۆدێلێک باسی کتێبێک بکات؟ ئایا ئه‌وان هیچ کات به‌شدار بوون له پرۆژه‌یه‌کی ئاوه‌دانکردنه‌وە و که‌لتووریی له کۆمه‌ڵگادا؟ ڕه‌نگه ئه‌م پرسیاره بێته پێشه‌وه که ئه‌رکی ئه‌وان ئه‌مه نییه! ئه‌گه‌ر ئه‌مه نییه چۆناوچۆن له باره‌ی هه‌موو شتێک قسه ده‌که‌ن، به‌شێکی زۆریان جنێو و ئه‌ده‌بیات و ئاخاوتنی خراپ بڵاو ده‌که‌نه‌وه و…هه‌ر وه‌ک له سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌م پیدا به‌شێکی زۆریان ته‌مه‌نیان له خواره‌وه‌یه و کچانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش له خۆ ده‌گرێت، خودی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه نیشانه‌ی ئه‌و قه‌یرانه گه‌وره مرۆییه‌یه که به پله‌ی یه‌که‌م ئه‌وانی تێدا قوربانی کراوه به‌ڵام کاره‌ساته‌که ئه‌وه‌یه که خۆیان پێیان وایه قاره‌مانی جوانی و ڕازه‌وه‌بوون و له‌باربوونن! شتێک که له‌بنه‌مادا ڕه‌وته فیمینیتییه‌کانیش هاوکۆک نین له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنه‌یه‌ی که ژنان وه‌کوو ماتریاڵ و ئامرازێک پێشکه‌ش بکرێن که له ئه‌نجامدا بکه‌وێته خزمه‌تی خه‌یاڵ و چێژی پیاوسالارانه‌دا!