ڕۆڵی زێڕین و کاریگه‌ری هونه‌ر له گه‌شه‌سه‌ندن و ناساندنی شاراستانییه‌ت و که‌لتووره‌کاندا ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گه‌ره به شێوه‌یه‌ک که ده‌توانین بڵێین هیچ کۆمه‌ڵگا و شارستانییه‌تێک هه‌ر له سه‌رده‌مه دووره‌کانه‌وه تاکوو شارستانییه‌ته‌کانی ئێستا نییه که به‌های به هونه‌ره جۆراوجۆره‌کان نه‌دابێت، له دواجاردا خاڵی ده‌سپێک و وه‌رچه‌رخانیان هه‌ر له هونه‌ره‌وه بووه، ئێمه ده‌توانین یه‌که‌مین ئاسه‌وار و نیگاره‌کانی شارستانییه‌ته کۆنه‌کان له‌سه‌ر دیواری ئه‌شکه‌وته‌کان ببینینه‌وه که ده‌مڕاست و نوێنه‌ری تێگه‌یشتنی مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌م و قۆناغه بووه بۆ دونیا که له قه‌واره‌یه‌کی هونه‌ریی وه‌ک نیگارکێشاندا ده‌رکه‌وتووه، به گشتییه‌که‌ی هیچ کۆمه‌ڵگایه‌ک به بێ هونه‌ر مه‌زه‌نده و وێنا ناکرێ ئه‌وه‌ی که هه‌یه جیاوازی له جۆری هونه‌ره‌کان و ئاستی هونه‌ره‌کاندایه. له سه‌رده‌می بووژانه‌وه و ڕێنێسانی ئه‌ورووپادا له سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌می زاینی ئه‌و شته‌ی که که‌لتوور و پێکهاتی کۆمه‌ڵگای له ناوه‌رۆک و دۆگماتیزم و ڕه‌شێتی و تاریکبینیی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست دابڕی هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانی وه‌ک پیکاسۆ، میکل ئانژ و دانته و بووکاچیۆ… بوون و زه‌مینه‌یان بۆ مۆدێڕنیته خۆش کرد. واته هونه‌ر ئه‌و ئامرازه مه‌زن و باڵایه‌یه که سه‌لیقه و چه‌شه‌ی گشتیی له ئاستی هه‌ره به‌رز و قووڵدا ده‌سکاری ده‌کات و گۆڕانکاریی تێدا دروست ده‌کات، هونه‌رێک که له سه‌رده‌می مۆدێڕن‌دا هه‌ڵگریی بزۆزی و کراوه‌یی و ڕێژه‌گه‌رێتییه‌کی به‌رز بووه و ئیستاتیکا و جوانیناسیی هێناوه‌ته ناو ژینگه و ژیانی نوێ و مرۆڤی به درێژایی کات و سه‌رده‌م و قۆناغه جۆراوجۆره‌کان هێناوه و یارمه‌تیی داوه.
بێهۆ نییه که (فریدریش نیچه) فه‌یله‌سوفی ئاڵمانی ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر هونه‌ر نه‌بێت به‌رگه‌ی ئازاره‌کانی دونیا ناگرین” به‌ڵام بێگومان ڕۆڵی هونه‌ر ته‌نها یارمه‌تیدانی مرۆڤه‌کان له قۆناغه سه‌خته‌کانی ژیان و بوون نییه به‌ڵکوو له بنه‌مادا پێشکه‌شکردن و خستنه‌ڕووی جوانیناسییه‌که دونیا به ئاڕاسته‌یه‌کی باش و حیکمه‌تئامێزدا بجووڵێنێت. هونه‌ر له جیهانی ڕۆژئاوادا ڕه‌وتێکی به‌پێی باڵای پێشکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، فه‌لسه‌فی، پیشه‌یی و ته‌نانه‌ت ئابووری پێواوه و هه‌ر بۆیه له تراژیدی و شانۆنامه‌نووسیی له یۆنانی کۆنه‌وه هاتووه تاکوو گه‌یشتووه‌ته شیعر و کورته چیرۆک و ڕۆمان و کورته ڕۆمان و شانۆ و فیلم به ڕیبازه جیاواز و ئاڵۆز و سه‌یروسه‌مه‌رکانه‌وه. ئه‌گه‌رچی ئێستا هونه‌ر له ئاستی جیهاندا قه‌یرانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، و ئیتر له باتی نووسه‌ران و هه‌نه‌رمه‌ندانێکی وه‌ک پیکاسۆ و میکل ئانژ و دۆستۆفسکی و تۆلستۆی و ساراماگۆ و چیخۆف و گارسیا مارکێز و پوشکین و…پائولو کوئیلۆ و هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانێک دونیایان داگیرکردووه که ناوهێنانیان هه‌ر ته‌واو نابێت به‌ڵام هه‌ر به‌وه‌شه‌وه له ڕۆژئاوا سه‌رچاوه‌ی مه‌زن و ژێده‌ری باڵای هونه‌ریی و فه‌لسه‌فی هه‌ن و ئه‌گه‌ر داڕمان و تیاچوونیان ئه‌سته‌مه به شێوه‌یه‌کی دیکه ئه‌وان له قه‌یرانه‌کاندا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌فلاقتوون و هیگل و نیچه و کانت و…به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی به گشتی و کورد به تایبه‌تی هاوکێشه‌که چۆنی لێدێت؟
وه‌ک ده‌زانین کورد به‌هۆی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و پێشێلکردنی مافه‌کانی له پاش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌کان هه‌لی ئه‌وه‌ی له کیسدا هونه‌ره‌که‌ی هه‌موو قۆناغه‌کانی به ڕێچکه‌یه‌کی سرووشتی و ڕاسته‌ڕێ بپێوێت، چونکه به‌شێکی زۆری هونه‌ری کوردی که به شێوه‌ی گشتیی شیعر و په‌خشان بووه تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی، هاوکار و هاوده‌نگ بووه له‌گه‌ڵ شۆڕش و خه‌بات بۆ ئازادی و خه‌ونه‌کانی کورد بۆ ڕزگاری و سه‌ربه‌ستی، بێگومان ئه‌مه هیچ کات و بۆ هه‌میشه ڕه‌خنه‌یه‌ک نابێت به ناوچاوانی هونه‌ره‌وه چوون هونه‌ر هێنده بزۆز و سه‌رکێشه له عه‌ینی ئه‌وه‌ی که له به‌ره‌ی شۆڕش و خه‌بات و ڕزگاریی کوردستان بووه هاوده‌نگی تاکی ڕه‌خنه‌گر و ناڕازی و جیاوازبیر و سه‌رکێشیش بووه، نموونه‌ی ئه‌مه که له پانتایی گشتیدا ده‌نگی دایه‌وه کورته ڕۆمانی مولازم ته‌حسین و شته‌کانی دیکه‌ی فه‌رهاد پیرباڵه… که له هه‌مان کاتدا که له به‌ره‌ی شۆڕش و خه‌باتی ڕزگاری و مافی دیاریکردنی چاره‌نوس و پێشمه‌رگه‌دایه، ڕه‌خنه‌گری لێکه‌وته و به‌دواداهاته‌کانی قۆناغی شۆڕش و شه‌ڕیشه، هه‌ر به هه‌مان شێوه که شێرزاد حه‌سه‌نیش له ئاستی دیکه‌دا ئه‌م ئیشه‌ی کردووه. به‌ڵام له‌م ڕه‌وت و هاوکێشه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی وا جێگه‌ی سه‌رنجه قۆناغی شۆڕشه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی کوردستان و په‌یوه‌ستبوون و ده‌ره‌وه‌ستبوونی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره له‌گه‌ڵ خه‌ون و ئاواته‌کانی شۆڕش که بێگومان دوای ڕاپه‌ڕین تایبه‌تمه‌ندی و پارامێتری دیکه‌ی وه‌رگرت و مانیفێستی خه‌ونه‌کانی خۆی داڕشته‌وه به کوالێتی و فۆرم و ناوه‌رۆکێکی دیکه‌وه هاته‌وه ناو کایه‌که‌وه، کایه‌یه‌ک که شۆڕش و سه‌ربه‌ستی و ڕزگاریی له کلیل وشه سه‌ره‌کییه‌کانی بوون و هه‌ن.
ناوه‌رۆکێک که نه ته‌نها پشتیوانیی خه‌ون و ئاواته‌کانی پێشووتره به‌ڵکوو ئاسۆی دیکه‌ش ده‌نه‌خشێنێت، خه‌ونی دیکه ده‌گێڕێته‌وه و به ئه‌ندازیارانی شۆڕشی دوێنی و به‌رپرسانی ئێستا ده‌ڵێت خه‌ونه‌کانی شاخ له بیر نه‌که‌ن، ئه‌نفال و نیشتیمان باوه‌شیان به یه‌کتردا کردووه و ئێمه له نێوانیاندا ده‌ژین نموونه‌ی ئه‌ده‌بی به‌رگریی مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س لێره‌دا ڕه‌نگه نموونه‌یه‌کی پڕ و باش بێت، ئه‌و له ده‌ربه‌ندی په‌پووله و ئافات و بۆننامه و شانۆنامه‌ی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر و که‌شکۆ‌ڵه‌کانی پێشمه‌رگه و گۆڕستانی چراکان و پاییزه میوان و…دا دونیایه‌ک له خه‌ون و شۆڕش و پێشمه‌رگه و ژیان و شکۆ و شکستی گێڕایه‌وه و نه‌خشاندنی، به تایبه‌تی ئه‌و وێنه‌یه‌ی که بێکه‌س بۆ ژن و شۆڕش و نیشتیمان نه‌خشاندنی هه‌ڵگری گۆڕانکاریی و ڕادیکاڵیزمی وه‌ها هه‌بوون که به‌شێک له‌و ده‌رکه‌وتنه‌ی ئازادی و چالاکی ژنان له ناو نیشتیمان و به خه‌ونه‌کانی شۆڕشه‌وه، به‌رهه‌می کاریگه‌ریی ئیستاتیکا و جوانیناسیی و خه‌ونی ئه‌ده‌بیی باڵای شێرکۆ بوو له سه‌ر چه‌شه‌ی گشتی و ڕۆحی ده‌سته‌جه‌معی کۆمه‌ڵگای کوردیی له باشوور و ته‌نانه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتیش. ئه‌و كۆڕانه‌ی که شێرکۆ بێکه‌س بۆ چه‌ند کاتژمێر شیعری تێدا ده‌خوێندنه‌وه که‌سی وه‌ڕه‌س نه‌ده‌کرد و هه‌ر ئه‌و کۆڕانه به شریت ده‌هاتنه ڕۆژهه‌ڵات و که‌سی وه‌ڕه‌س و ماندوو نه‌ده‌کرد له گوێدانیان. ئه‌مه بۆ کۆنسێرتی گۆرانیی ناسر ڕه‌زازی و عه‌دنان که‌ریم و مه‌رزیه فه‌ریقی و…ڕاسته. به‌ڵام لێره‌دا ده‌شێت ئه‌م پرسیاره بکه‌ین له خۆمان که هونه‌ری کوردی به هه‌موولقه‌کانییه‌وه به تایبه‌تی گۆرانی کوردی ئێسته له چ حاڵ و بارودۆخێکدایه؟ ئایا هونه‌ر و گۆرانی کوردیی ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی پێشووی ماوه؟ ئه‌و جوانیناسی و مانابه‌خشییه به ژیان له گۆرانی و ئه‌ده‌ب و شانۆ و دراماکانی ئێسته‌دا به‌دی ده‌کرێن؟ بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڕیارێکی ڕه‌ها و ئه‌نجامگیرییه‌کی گشتی بده‌م به ده‌سته‌وه ده‌ڵێم دۆخه‌که به هۆکاری جۆراوجۆر گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه که به‌شێکی زۆر له‌م گۆڕانانه به ئاڕاسته‌ی باش‌دا نه‌ڕۆشتوون و بۆ نموونه هونه‌ریی گۆرانی کوردی وه‌ک پێکهاتێکی کاریگه‌ر و خانه‌یه‌کی وجوودی له خشته ترازاندووه و که‌وتووه‌ته داوی کایه‌ی میدیا و مۆده و بازرگانی و به گشتی هاوکێشه‌یه‌کی سه‌رمایه‌دارانه و مۆدێڕنیته‌یه‌کی هاورده‌کراو و ده‌سکرده‌وه که میدیایه‌کی وه‌ک (ئێن ئار تی دوو) و پاشکۆکانی له‌و پانتاییه‌دا ته‌ڕاتێن ده‌که‌ن. بێگومان ئێمه به بێ تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ مۆدێڕنیته و کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر ژیان و بوونمان چ وه‌کمرۆڤ و چ وه‌ک نه‌ته‌وه ناتوانین وێنه و وێنایه‌کی ڕوونمان له خۆمان و کۆمه‌ڵگاکه‌مان هه‌بێت، له لا‌یه‌که‌وه مۆدێڕنیته‌ی کوردی له ئاستی لاواز و به فیلته‌ری نه‌ریتدا هاتووه‌ته ژووره‌وه له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌م هاتنه ژووره‌وه‌یه‌ش لایه‌نی ڕووکه‌ش و ده‌مامکدار و ڕووکارانه‌ی مۆدێڕنیته‌یه واته ڕۆحێکی ماتریاڵانه و بازرگانیته‌وه‌رانه.
نموونه‌ی ئه‌م فه‌زایه له به‌شێکی زۆری ئه‌و گۆرانیبێژه پیاو و ژنانه‌یه که ته‌نها به‌هۆی ده‌نگخۆشییه‌کی سه‌ره‌تایی یان جه‌سته و له‌شولاره‌وه پانتای شاشه‌کانی وه‌ک ئێن ئار تییه‌کان داگیر ده‌که‌ن و جگه له بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ندێ شیعری بێ‌مانا و ڕسته‌ی به ڕواڵه‌ت شیعریی و ئاوازهه‌ڵگرتن له هونه‌رمه‌نده کۆنه کورده‌کان و دواتر ئاوازهێنان له هونه‌رمه‌ندانی غه‌یری کورد، هیچی دیکه ناخه‌نه ڕوو. کوالێتی و ئاستی باڵای هونه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کی توند و تۆڵی له‌گه‌ڵ ئاستی توندوتیژیی کۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی هه‌یه، به‌ده‌ر له‌وه‌ی هونه‌ر ده‌توانێت له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیشدا هۆشیاریی مه‌زن و قووڵ هه‌م له ئاستی هه‌ست و سۆز و هه‌م له ئاستی عه‌قڵ و ئاوه‌ز دروست بکات. ڕێژه و ژماره‌ی زۆری ده‌رکه‌وتنی کچان و له پله‌ی دووهه‌مدا پیاوان وه‌ک گۆرانیبێژ له وه‌ها که‌ناڵانێکدا به بێ ئه‌وه‌ی پلانێکی هونه‌ری یان خوێندنه‌وه‌یه‌کی ورد و زانستێکی شایسته‌یان پی بێت له ناو کۆمه‌ڵگا و له ڕێگه‌ی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌ناسرێن و بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌کرێت، و ئه‌نجامه‌که‌ی بووه به ئاستێکی نزم له گۆرانی و دونیایه‌ک خۆده‌رخستن و نواندنه‌وه‌ی ژیانی تاکه‌که‌سیی و که‌باب خواردن و سه‌فه‌رکردنی ئه‌و گۆرانیبێژانه، که په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هونه‌ر سفره.
ئه‌گه‌ر پلانێکی گه‌وره و ژیرانه له ڕووی هونه‌ریدا هه‌بایه ئه‌دی کێ پیی ناخۆشه که هونه‌رمه‌ندانی ژن و پیاو ئاستی که‌ڵه هونه‌رمه‌نده پێشووه‌کان تێپه‌ڕینن و هونه‌ری کوردیی زیاتر نۆژه‌ن و مۆدێڕن بکه‌ن و گه‌شه‌ی پێبده‌ن؟ مه‌رزیه فه‌ریقی و فه‌تانه وه‌لیدی و گوڵبه‌هار و ئایشه‌شان، ئایا هونه‌رمه‌نده خانمه‌کان ئه‌مانه‌یان کردووه به پێوه‌ر بۆ لاساییکردنه‌وه و دواتر تێپه‌ڕاندن و داهێنان؟ یان هه‌ر له ڕێگه‌ی شاشه‌کان و سیاسه‌تێکی ڕووکه‌شانه و پڕوپاگه‌نده‌چییانه‌ی میدیاکانه‌وه په‌یج و تی ڤی و ئه‌کاونتێکی پێ چالاک ده‌که‌ن ولایک و کۆمێنت کۆ ده‌که‌نه‌وه؟ جا سه‌یری کۆمێنته‌کانیش ده‌که‌ی به‌شێکیان دژایه‌تی و جنێودان و سووکایه‌تیکردنه که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر دوو دیارده‌که خراپ و دزێون به‌ڵام په‌یامی ژێره‌وانکێ و پشته‌وه‌ی ئه‌م په‌رچه‌کرداره‌ش ده‌بێ بخوێنرێته‌وه، گۆرانی و هونه‌رێک نه‌توانێت له‌م ڕۆژگاره سه‌خت و ناخۆشه‌دا دڵی مرۆڤێک ئارام بکاته‌وه، ئۆخژنی پێ ببه‌خشێت و له وجوود و بوون و ئه‌ندێشه‌ی خۆیدا ڕاینه‌گرێت و نه‌یباته دونیای نهینێ خۆیه‌وه ئیدی به‌کاری چی د‌ێت؟
هونه‌رێک که له ئێستادا که‌وتووته نواندنه‌وه‌ی ژیانی خۆشگوزه‌رانانه و که‌یف و شادیی تاقمێکی مۆده‌گه‌را و بازرگان چ ده‌لاله‌ت و هه‌ستێک بۆ به‌رده‌نگ دروست ده‌کات جگه له حه‌سره‌ت و تووڕه‌یی؟
حه‌سره‌ت بۆ ئه‌و هه‌موو نه‌بوونییه‌ی گه‌نجانمان له کۆمه‌ڵگایه‌کی نامۆدێڕن و داخراو و گه‌شه‌نه‌سه‌ندوو له ڕووی ئابووری و که‌لتووریی و… ه‌وه و تووڕه‌یی له‌و نادادپه‌روه‌ری و ناهاوسانییه‌ی که له ڕیگه‌ی ئه‌و جۆره له هونه‌ره‌وه ده‌نوێنرێته‌وه و پیشان ده‌درێته‌وه. که بێگومان ئه‌مه له کاریگه‌ریی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ئه‌وانه‌وه نییه به‌ڵکوو له زه‌قکردنه‌وه‌ی مه‌ودایه‌کی سامناک و کوشنده‌یه که ئه‌وان له نیوان چین و توێژه‌کاندا ده‌ینوێننه‌وه. له باشترین حاڵه‌تدا ئه‌مانه هونه‌ری کاڵایی یان به‌کاڵاکراون که تاقمێکی بچووک کڕیاریانن، به‌ده‌ر له‌وه‌ی گه‌وره‌ترین ئاسیو و زیانی لێدانه له به‌ها مه‌عنه‌وی و ڕۆحی و که‌لتوورییه‌که‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ک که مێژوویه‌ک له هونه‌ر و گۆرانیی هه‌یه و دابڕانی نه‌ست و ناوشیاری کۆمه‌ڵگایه له‌و خه‌زێنه مه‌زنه مێژووییه. پرسیارێک که ده‌شیت بکرێت به بێ ئه‌وه‌ی هیچ قه‌زاوه‌تێکی ئه‌خلاقی و بڕیارێکی سه‌لیقه‌یی له‌باره‌ی ئه‌م شێوه له هونه‌ره کاڵاته‌وه‌ره‌وه بخرێته ڕوو ئه‌مه‌یه که بۆچی بوار ده‌درێت به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م شێوه گۆرانیبێژی و هونه‌ره به فیلته‌ری زانستی و لێژنه‌یه‌کی تایبه‌تدا تێپه‌ڕێت دونیای تاکی ئێمه و کۆمه‌ڵگامان داگیر بکات؟ ئه‌گه‌ر لێژنه‌یه‌ک هه‌بووه و ئه‌مانه لێی ده‌رباز بوون بۆچی به‌شێکی زۆری به‌رده‌نگه‌کانیان به جنێو دێنه پێشوازییان؟
له هه‌ر حاڵه‌تێکدا هه‌بێت ئه‌مه ده‌لاله‌ت له قه‌یرانێکه که ده‌بێت کۆمه‌ڵناس و ڕۆشنبیر و هونه‌رمه‌ندانی ئێمه هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن و ڕیگه‌چاره‌یه‌کی بۆ بدۆزنه‌وه ئه‌گینا هیچ شتێک جگه له گه‌عده‌ی سووک و گۆرانیی بێ سه‌روبه‌ر و دوور له هه‌ر ته‌کنیکێکی شیعری و ئه‌ده‌بی له ستران و شیعر و هونه‌ری گۆرانی کوردی‌دا نامێنێته‌وه.