هونه‌ری کوردی به‌تایبه‌تی گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئاسیمیلاسیۆن و توانه‌وه‌دا بۆ ئێمه‌ی کورد گێڕاوه و ده‌گێڕێت، ئه‌وا ده‌کرێت بڵێین:
کایه و پانتایه‌که که به‌شێکی سه‌ره‌کی و چاره‌نووسسازی ململانێی که‌لتووری و شووناسمه‌ندانه‌ی ئێمه له گه‌ڵ هێزه کۆلۆنیالیستی و چه‌وسێنه‌ره‌کانی کوردستان تێیدا ڕووده‌دات. له حاڵێکدا گۆرانی و ئاوازی کوردی مێژوو‌یه‌کی دوور و درێژ و که‌ونینه‌ی هه‌یه، به‌ڵام ڕه‌نگه به‌ڕاده‌ی پیویست ئیشی بابه‌تییانه و مێژوویی له‌سه‌ر نه‌کرا بێت یان هێنده ناوه‌ندی به‌رگریکار و خۆبه‌خاوه‌نزانی نه‌بێت که سنووره‌کانی له‌گه‌ڵ مۆسیقای تورکی و فارسی و عه‌ره‌بیدا بۆ جیا بکاته‌وه. ئه‌گه‌رچی هه‌م یاده‌وه‌ریی گشتیی نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان و هه‌م ڕیتم و ئاوازه فۆلکلۆر و کۆنه کوردییه‌کان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر (هه‌ڵبه‌ت بۆ گۆرانیبێژه‌کان و پسپۆڕان به تایبه‌تی و به‌شێک له گوێگرانی جیددی گۆرانی به‌گشتی) دیاره و به گوێ و هه‌ست و نه‌ست، هه‌ستی پێده‌کرێت، به‌ڵام وه‌کوو یاده‌وه‌ریی گشتیی مێژووییمان، یاده‌وه‌ریی مۆسیقاییشمان له‌ژێر مه‌ترسی و باندۆری داپڵۆسێنه‌ران و کۆلۆنیالیسته‌کانی کوردستان دایه.
ئه‌گه‌رچی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هه‌وڵی ئاکادیمی و زانستی له قه‌واره‌ی کتێب و نامیلکه بۆ ناساندنی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی مۆسیقا و ئاوازی کوردی دراوه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌م هه‌وڵانه وه‌کوو ئه‌وه وان به به‌له‌مێک خۆت بده‌ی له ئۆقیانووسێک، ئۆقیانووسێک به‌ناوی ئاواز و مۆسیقا و گۆرانی کوردی، مۆسیقای کوردی نه‌ک ته‌نها پێویستی به ناوه‌ندێکی پسپۆڕانه‌ی به‌هێز و تۆکمه هه‌یه تاکوو ڕه‌سه‌نایه‌تی و هه‌ر جۆره داهێنانێک به‌شێوه‌ی هاوکات چاودێری بکات به‌ڵکوو ده‌بێ لێژنه‌یه‌کی هه‌ڵسه‌نگاندنی ورده‌کارانه‌شی هه‌بێت بۆ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و ئاواز و گۆرانییانه‌ی که کاتێ ئێمه له ناو شه‌ڕ و شۆڕش و خوێن و ژێر گووله و تۆپ و فڕۆکه‌دا بووین له لایه‌ن ئه‌ویدییه‌کانی کورد واته تورک و عه‌ره‌ب و فارسه‌وه دزراون و به ناوی خۆیانه‌وه بڵاویان کردووه‌ته‌وه یان لانیکه‌م له وڵاتێکی وه‌کوو ئێران به ناوی فۆلکلۆری ئێرانی ناساندیان و له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش و به پشتیوانی و پشتگیریی هێزی سیاسی نرخ و متمانه‌یان بۆ خۆیان په‌یدا کرد، نموونه زۆرن، به‌ڵام لێره‌دا ده‌توانین ئاماژه به گۆرانیبێژی ناوداری ئێرانی( حه‌مه‌ڕه‌زا شه‌جه‌ریان) بکه‌ین که به‌شێک له ئاوازه‌کانی ناوچه‌ی گه‌رمیانی به ناوی خۆی و مۆسیقای ئێرانییه‌وه بڵاو کردووته‌وه و (ئیره‌ج به‌ستامی) قوتابیی هه‌مان که‌س چه‌ندین ئاوازی کوردی خوێندووه وه‌کوو گۆرانی فارسی تۆماری کردووه ئه‌گه‌رچی له یه‌کێکیاندا ئاماژه‌ی کردووه که ئه‌مه ئاوازێکی کوردییه ئه‌ویش گۆرانی (افشاری مرکب) له ته‌سنیفی(ئه‌ی مه‌جلیسان) که له ساڵی 1989دا بڵاوی کردووه‌ته‌وه و له ئاوازی گۆرانی (نازیلێ)ی عه‌لیمه‌ردان وه‌رگیراوه. ئه‌م باسانه له ڕاستیدا کاری پسپۆڕان و شاره‌زایان و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یه که مێژووی مۆسیقای کوردی ده‌زانن و ئێمه له‌و بواره‌شدا زۆر هه‌ژار و لاوازین، به‌ڵام من به تێڕوانینێکی کۆمه‌ڵناسانه‌وه وه‌کوو گوێگرێکی ئاسایی و خوێندکارێکی کۆمه‌ڵناسی هه‌یمه‌نه و هه‌ژموونی مۆسیقای کوردی له سه‌ر دووڕیانێکدا ده‌بینم. دووڕیانێک که یه‌کیان هه‌ڕه‌شه و توانه‌وه‌یه و ئه‌ویتریان ده‌رفه‌ت و زاڵبوون و سه‌رکه‌وتنه. ئه‌نجام و ئاسۆی ئه‌م ڕێگایه‌ش هه‌ر له لایه‌ن خودی کورده‌وه دیاری ده‌کرێت، یانی ده‌توانێت هه‌ڕه‌شه‌که له پرۆسه‌یه‌کی ئاڵۆزی ئاسیمیلاسیۆن و توانه‌وه‌دا بگرێته باوه‌ش و ببێت به قوربانی یان ده‌توانێت له ئه‌کت و کرده‌یه‌کی شووناسساز و به‌رخۆده‌رانه‌دا به‌رگری له ڕۆحی ڕه‌سه‌نی خۆی واته هونه‌ری مۆسیقای بکات.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌هۆی بره‌وپه‌یداکردن تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان گۆرانی کوردی و هه‌ڵپه‌ڕکێ له ئاستێکی زۆر به‌رین و به‌ربڵاودا له ئێران‌دا بۆ خۆی به‌رده‌نگ و بینه‌ر و بیسه‌ری بینییه‌وه، ئه‌گه‌ر بڵێین مۆسیقای کوردی، باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان واته ئیلام و کرماشان و لوڕستانی بووژانده‌وه زێده‌ڕۆییمان نه‌کردووه، ئه‌م شاره گه‌ورانه ئه‌گه‌رچی به ده‌یان ساڵ ئاسیمیلاسیۆنیان وه‌کوو پڕۆژه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک له خوێندنگه و بنه‌ماڵه و ناو بازاڕ و…، به‌سه‌ردا سه‌پاوه به‌ڵام هه‌ستی کپکراو و سه‌رکوتکراویان له ڕێگه‌ی ژێی مۆسیقای کوردی و ده‌نگی ڕه‌سه‌نی گۆرانیبێژه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بووژایه‌وه و نا وشیارییان ختووکه دراو و ئاره‌زوویان بۆ نیشتیمانی که‌ونارای کوردستان و جلوبه‌رگ و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکیی کوردی به تووندی جووڵا و هاندرا. خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج ئه‌وه‌یه هه‌م هه‌ڵپه‌ڕکێ و هه‌م مۆسیقای کوردی له ناو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێرانیشدا کاریگه‌ری داناوه و جۆره ڕاکێشه‌ری و ئیستاتیکا و هه‌یمه‌نه و هه‌ژموونێیه‌کی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م دۆخه له دوو قۆڵه‌وه مه‌ترسی له‌سه‌ره یه‌که‌م هونه‌رمه‌ندانی بازاڕی و میدیاتیکی کورد که جگه بۆ ڕابوواردن و کاتبه‌سه‌ربردن و مه‌شغوڵکردنی خه‌ڵک ئامانجێکی هونه‌ری و ئینسانی به‌رز له پشت گۆرانییه‌کانیانه‌وه نییه، ئه‌مانه ئه‌گه‌رچی گۆرانییه ڕه‌سه‌نه‌کانیش هه‌ندێجار ده‌ڵێنه‌وه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌ش له سیاق و فۆڕمێکدا ده‌ڵێنه‌وه که له ئاسته به‌رزه ڕه‌سه‌نه‌که‌ی هه‌ڵیده‌که‌نن و تێکه‌ڵ به بازاڕیبوون و سه‌رلێشێواوی و بێمانایی و شێواندنی ده‌که‌ن، ئه‌مه به‌ده‌ر له‌وه‌یه که له ڕووی شیعر و هه‌ڵبه‌سته‌وه زۆربه‌ی ئه‌م گۆرانیبێژانه هیچ هونه‌رێکیان نییه و ته‌نها ئاوازه‌کان کوردین و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان به دروستی ئه‌و شته‌ش که ناوی ده‌ڵێن ده‌ق یان شیعر گۆی ناکه‌ن و ناتوانن ده‌ریببڕن! ئه‌مه دۆخێکی دروستکردووه که له‌باتی گۆرانی مه‌جلیسی و ڕه‌سه‌ن که نموونه‌ی وه‌کوو حه‌سه‌ن زیره‌ک و مشکۆ و عارف جه‌زراوی و ده‌یانی دیکه مامۆستا و شاره‌زای بوون جۆره شتێک به ناوی شه‌ڕه‌به‌ند و مونافه‌سه په‌ره‌ی سه‌ندووه که نه‌ک ته‌نها گۆرانی و هونه‌ری کوردی به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت ئاکار و ڕه‌وشتی کۆمه‌ڵگاش تێک ده‌دات، ئه‌م ڕه‌وت و پرۆسه‌یه به‌شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک خه‌ریکه سه‌لیقه و میزاجی گشتیی کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌شێوێنێت و زه‌نگی مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه.
سه‌رده‌مێک عه‌لیمه‌ردانی مه‌زن به هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان و به تایبه‌تی ده‌وروبه‌ری که‌رکووک و گه‌رمیاندا گه‌ڕا و زۆرێک له ئاواز و گۆرانییه فۆلکۆرییه‌کانی کۆ کرده‌وه و له وتوێژێکدا ده‌ڵێت ” ئه‌مانه بۆ شێره کوڕانی داهاتووی نه‌ته‌وه‌که‌مانن و سامانی گه‌وره‌ن”، به‌ڵام له گه‌عده‌کاندا ده‌بینین هیچ هه‌واڵێک و باسێک له‌و شێرانه نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه شێواندن و سووکایه‌تی و جنێودانه، ئه‌مه لایه‌ن و قۆڵێکی مه‌ترسییه‌که‌یه، هه‌رچه‌ند مۆسیقای سه‌رشه‌قام نه‌ک بازاڕی و مۆسیقای حه‌فله و مه‌جلیسیش نه‌ک شه‌ڕه‌به‌ند و شه‌ڕه‌قسه ڕه‌نگه وه‌کوو پێویستییه‌کانی سه‌رده‌م و کۆمه‌ڵگا بێنه ئه‌ژمار و من نکووڵی له‌وه ناکه‌م، به‌ڵام ئه‌م بێسه‌روبه‌رییه‌ی که میدیاکانیش هاوکار و پاڵپشتی سه‌رکییانن مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ی له‌ڕێگه‌ی خودی کورده‌وه بۆ سه‌ر کورد دروست کردووه. لایه‌نی و قۆڵی دیکه‌ی ئه‌م مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه که‌لتووری ئێرانی و پان فارسیزمه. کورد و فارس به‌هۆی هاوسنووری سه‌دان ساڵه‌یان و هه‌وره‌ها هاوبه‌شی و لێکچوونی که‌لتووری و زمانی له هاوکێشه‌یه‌کی ئاڵۆزی په‌یوه‌ندیدا ده‌ژین هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه بۆ فارس ده‌رفه‌ته چونکه ئه‌وان چه‌ند سه‌د ساڵه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه و هه‌م ده‌سه‌ڵاتیان و هه‌م بیرداڕێژ و سیاسی و زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانیشیان له پرۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازییاندا له هیچ ساخته‌کاری و ده‌ستێوه‌ردانێک سڵ ناکه‌نه‌وه به‌ڵام بۆ کورد مه‌ترسییه‌کی کووشنده‌یه. هه‌ر وه‌کوو له هه‌ندێک ڕاپۆرت و توێژینه‌وه‌ی سه‌رپێیانه‌دا هاتووه و له‌سه‌ره‌وه‌ش تیشکم خسته سه‌ری (شه‌جه‌ریان) له گۆرانی ته‌سنیفی عاشقان له ئه‌لبومی انتڤار(چاوه‌ڕوانی) که له ساڵی 1974دا بڵاو کراوه‌ته‌وه ئاوازێکی کوردی ده‌دزێت به‌ڵام ئاماژه به سه‌رچاوه‌که‌ی ناکات ئاوازی ئه‌م گۆرانییه ئاوازی مامۆستای مه‌قام و ئاوازی کوردی عه‌لیمه‌ردانه که به‌ناوی فاتیمه یان سیت فاتیمه بیستوومانه. یان گۆرانی (به‌رزی به‌رزی) که ناسری ڕه‌زازی له نه‌وه‌ده‌کان وتوویه‌تی ئاوازه‌که‌ی له لایه‌ن گۆرانیبێژێکی تازه‌کاری فارس به ناوی (زانیار خوسره‌وی) به‌کار هێنراوه به بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به سه‌رچاوه‌ی ئاوازه‌که بدات که کوردییه. ئه‌م به‌ناو گۆرانیبێژه ئه‌م گۆرانییه‌ی له ساڵی 2014دا تۆمار کردووه و ده‌یان گۆرانی و ئاوازی دیکه که ئێمه پێمان نه‌زانیون، به‌ڵام له پرۆسه‌ی (به‌خودکردنی ئه‌ویدی) فارسه‌کاندا و به‌مه‌به‌ستی نه‌ته‌وه‌سازییه‌کی ساخته و قه‌ڵب به‌کاری ده‌به‌ن.
ئه‌م دوو قۆڵه لایه‌نی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزی هاوکێشه‌که‌ن و هه‌م خۆمان وه‌کوو کورد که ئێسته له قۆناغێکی زۆر ناله‌بار و په‌شێوی هونه‌ری و گۆرانیداین و هه‌م ئه‌ویدییه‌کیش که فارسه و ده‌یان ساڵه به‌م شێوه‌یه ڕۆح و هه‌ناومان هه‌ڵده‌لووشیت جه‌مسه‌ره‌کانی پێک دێنین به‌ڵام له ئه‌نجامدا به‌رپرسایه‌تی ئه‌م دۆخه مێژووییه ده‌بێ کورد خۆی له ئه‌ستۆی بگرێت و به قه‌ولی مامۆستا (عه‌لیمه‌ردان) شێره‌کوڕانی داهاتوومان خۆیان بنوێنن، و هه‌ڕه‌شه‌کان بکه‌ن به ده‌رفه‌ت! ئه‌مانه‌م باس کرد تاکوو بێمه سه‌ر بابه‌تێک که چه‌ندین ساڵه له به‌رنامه‌یه‌کی ئێرانی به ناوی (عصر جدید) یان (چاخی نوێ) ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌م به‌رنامه‌یه که تایبه‌ته به دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی توانایی و هه‌ڵکه‌وتووییه‌کیان له بواره جۆراوجۆره‌کاندا هه‌یه له که‌ناڵی 3ێی ته‌له‌ڤیزیۆنی ئێرانی‌دا بڵاو ده‌بێته‌وه و تا ئێسته چه‌ندین کورد له‌و به‌رنامه‌یه‌دا به‌شدارییان کردووه و به سه‌رکه‌وتوویی و دره‌وشانه‌وه‌وه گۆرانی و هونه‌ری خۆیان پێشکه‌ش کردووه. له‌م ڕۆژانه‌ی پێشووشدا کوڕێک به ناوی (عه‌لی توولابی) له لوڕستان و له شاری کووده‌شت به‌شداری به‌رنامه‌که بوو. کووده‌شت شارێکه و سه‌ر به پارێزگای لوڕستانه، ئه‌گه‌رچی لوڕ و کورد هیچ کات له سه‌رچاوه مێژووه‌کاندا لێک هه‌ڵنه‌وێردراون و ئه‌گه‌ریش به ڕه‌هایی و لێبڕاوانه به یه‌کێک دانه‌نراون به‌ڵام وه‌کوو دوو برای دایکی که له زمان و که‌لتوور و فۆلکلۆر و داب و نه‌ریتدا یه‌کێکن وێنا کراون و ئه‌مه باسێکی مێژوویی دوورودرێژه و من ناپه‌رژێمه سه‌ری به‌ڵام به گشتی لوڕ له کورد جیا نییه و هه‌رچیش ده‌ڕۆینه‌وه پێشه‌وه و دیارده کۆن و نوێکان ده‌بینینه‌وه به‌م ڕاستییه ده‌گه‌ین که ئه‌وان له تاران و قوم مه‌ودا ده‌گرن و به‌ره‌و سنه و سابڵاخ و سلێمانی و هه‌ولێر زاکیره و ڕۆحیان ده‌جمێت و ده‌جووڵێت.
له به‌رنامه‌ی (عصر جدید)دا به ئاماده‌بوونی سێ داوه‌ر (عه‌لی توولابی) به 13 ساڵ ته‌مه‌ن له شاری کووده‌شتی لوڕستانه‌وه به‌شداری کرد و گۆرانی (هه‌ی نایه نایه‌ی) کوردی خوێند، پێشتر مامۆستا (عه‌زیز شاڕۆخ) خوێندوویه‌تی و پێشوازییه‌کی زۆری دانیشتووان و داوه‌رانی به‌دواوه بوو، ئه‌گه‌رچی ئان‌وسات پێشکه‌شکاری سه‌ره‌کی به‌رنامه‌که داوای لێکرد گۆرانییه‌کی فارسیش بخوێنیت به‌ڵام ده‌رکه‌وتنی ئاوا ڕه‌مز و نیشانه‌یه‌ک له لوڕستان مزگێنیده‌ری شتی گه‌وره‌یه و له هه‌مانکاتدا به‌رپرسیارێتییه‌کی زیاتر ده‌خاته سه‌ر شانی نوخبه و پیتۆڵ و چالاکانی کورد، چون ئه‌و ناوچانه ساڵانێکی زۆره زۆر زیاتر له کرماشان و ئیلام که‌وتوونه‌ته به‌ر توانه‌وه و ئاسیمیلاسیۆن و زۆرتریش په‌یوه‌ندییان به ناوه‌نده‌وه بووه به‌ڵام به‌خۆشحاڵییه‌وه ئه‌م پرده‌ی (لوڕستان-تاران) ورده‌ورده ده‌ڕووخێت و ئه‌وان ده‌گه‌ڕێنه‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه پلانێکی که‌لتووریی نیشتیمانیمان بۆ ئه‌و ناوچانه هه‌بێت سنووری که‌لتووری و جوگرافیای فه‌رهه‌نگیمان به‌ربڵاوتر ده‌که‌ینه‌وه و به وته‌یه‌کی دیکه ئه‌و ناوچانه وه‌رده‌گرینه‌وه و ئه‌مه هه‌له زێڕینه‌که‌یه که له ژێر سێبه‌ری هه‌ڕه‌شه‌کاندا دێته ده‌ره‌وه و ئه‌گه‌ریش ئه‌م دۆخه بازاڕییه‌ی هونه‌ری کوردی له باشوور که ده‌شێت بۆ ئه‌وان ببێته مایه‌ی هه‌ڵگۆستن و هه‌ڵهێنجان و نموونه‌وه‌رگرتن به‌رده‌وام بێت و له‌و لاوه‌ش ئێمه پلانمان نه‌بێت ئه‌وان دیسانه‌وه له ژێر پلانی که‌لتووری ئێرانی‌دا نغرۆ ده‌بن و هه‌ڕه‌شه‌که ئامانجی سه‌ره‌کیی خۆی پێکاوه و ئه‌نجامه‌که‌شی مه‌رگ و داکه‌وتن له ما و زه‌ردێکه که ئیتر هیچ ڕزگاری و ئاسۆیه‌کی له‌به‌رده‌مدا نابێت.