تیۆلۆژیستەکان هەندێجار بەڵگاندن دەکەن کە ژیان بە بێ بوونی خوداوەند بێ مانا دەبێت. هەندێ سێکۆلارەکانیش لەگەڵ ئەم بەڵگاندنەدا هاوڕان. بۆ نموونە ئەلێکس (رۆزنبێرگ)ی فەیلەسوف لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی ڕابەری کەسێکی بێ باوەڕ بە خوداوەند بۆ ڕاستی (٢٠١١) بانگەشەی ئەوە دەکات کە چونکە تاقە شتێک کە هەیە جیهانی بینراوی observable ماددییە، ژیانی مرۆڤ بێ مانایە. لەگەڵ ئەم بانگەوازە فەلسەفییە هاوڕا بن یان نەبن، ئەو ڕاستییە کە زۆرێک لە خەڵک باوەڕیان هەیە بەوەی کە بوونی خودا یان بوونەوەرە سووپەرنەچراڵ (مابعدالطبیعە)کانی دیکە بۆ ماناداربوونی ژیان زەروورە، نیشانی دەدات کە لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە پێوەندییەکی گرنگ لە نێوان باوەڕی ئایینی و هەستی ماناداربوونی ژیان لە ئارادایە.
سەرەڕای ئەوەی کە دەرونناسەکان لە سەر پێناسەی وردی خوێندنەوەی تاکەکان بۆ مانای ژیان جیاوازیی بیر و ڕا هەیە لە نێوانیاندا، لە ڕوانگەی هەندێ کەسەوە پێوەندیی بە هەوڵدان بۆ دەرکی مانای ژیانەوە هەیە و لای هەندێ کەسی دیکە پێوەندیی بە بەها و گرنگیی [ژیانەوە] هەیە – بەڵام ماناداریی ژیان زۆربەی جاران بە پرسیارکردن لە ڕادە و ئاستی هاوڕایی تاکەکان لەگەڵ هەندێ گوزارەی لەم چەشنە هەڵدەسەنگێندرێت “لە ئێستادا، لام وایە ژیانم زۆر مانادارە” توێژینەوەکان هەمیشە نیشانیان داوە کە خوێندنەوە و تێگەیشتنی تاکەکان لە مەڕ مانای ژیان پێوەندییەکی هەرە نیزکی لەگەڵ دیندا هەیە. بە پێی دۆزینەوەیەکی توێژینەوەیی لە دەهەی ١٩٧٠، لەم جۆرە پێوانانەدا ئیمتیازی ڕاهیبەکان زیاترە لە خەڵکی ناڕۆحانی. بەم دواییانە توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٢ بڵاو بۆتەوە نیشانی داوە کە ئەوانەی باوەڕیان بە خودا هەیە زیاتر لە ئاتێئیستەکان ژیان بە مانادار دەزانن. ژمارەیەک لێکدانەوەی دیکە باس لەوە دەکەن کە دینداری یەکگرتووییەکی ئەرێنیی لەگەڵ ماناداربوونی ژیاندا هەیە. هەروەها کۆمەڵێک بەڵگەی ئەزموونیی دیکەش نیشانیان داوە کە کاتێک هەستی ماناداربوونی ژیانی تاکەکان دەکەوێتە بەر مەترسی و هەڕەشەیەکەوە، باوەڕیان بە ڕووداوگەلی پەرجووئاسا زیاتر دەبێت – واتا ئەوان بۆ بەهێزکردنی ئەو خوێندنەوەی بۆ مانای ژیان هەیانە بەرەو دین دەکشێن.
ئەوەی کە دین دەتوانێ سەرچاوەی ئاسوودەیی ئێگزیستانسیەڵ بێت، دۆزینەوەیەکی نوێ نییە. لە سەدەی نۆزدەهەمەوە فەیلەسووفان (فرێدریش نیچە) و ڕۆماننووسان (بۆ نموونە فیئۆدۆر دستۆفسکی) و کۆمەڵناسان (ئیمیل دوورکیم) لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە خواستی کۆمەڵایەتی بۆ دوورکەوتنەوە لە ئایین دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی مانا. لەو ڕووەوە کە دەیتاکانی ئەم دواییانە نیشانیان داوە کە خەڵک لە سەرتاسەری جیهان بەرەو ئەوە دەچن کە کەمتر گرنگیی بە دین بدەن، سروشتییە گەر بمانهەوێ بزانین ئاخۆ کۆمەڵگای سیکۆلار دەتوانێ ئیتمتیاز و جیاوازیهکانی ئێگزیستانسیەڵی دین جێبەجێ بکات یان نا؟ بۆ ئەم مەبەستە دەبێ بە وردی بزانین ئیمانی ئایینیی چۆناوچۆن ژیان مانادار دەکات؟
یەک لە ڕوونکردنەوە مومکینەکان ئەوەیە کە دین هاوشێوەی چەسپێکی کۆمەڵایەتی کار دەکات و باوەڕداران بەرەو پێکهێنانی گرووپگەلی هاوهزر هان دەدات. تاکەکان بە زۆریی لەم جۆرە گرووپانەدا لە پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و هەستی سەربە شوێنێک بوون بەهرەمەندن، ئەو شتانەی کە دەتوانن ببنە سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ هەست کردن بە مانای ژیان. بۆ نموونە پێوەندییەکی هەرە نزیک لە بەرچاو بگرن کە لە گرووپێکی لێکدانەوەی کتێبی پیرۆزدا لە نێوان ئەندامەکانیدا درووست دەبێت. بەم چەشنە، یەک لە ڕێگاکانی گەیشتن بە مانای ژیان لە ئایین و دینەوە هەر ئەم هەستی گرنگ بوونەیە لای دیتران. ئەم ڕوونکردنەوە ناو نراوە “گریمانی گرنگیی کۆمەڵایەتی”
ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە کە ئیمان و باوەڕی ئایینی یارمەتیی تاکەکان دەدات تاوەکوو هەست بکەن نەک هەر بۆ دیتران بەڵکوو لە نیزامی جیهانیشدا گرنگییان هەیە. ئەو جیهانەی لە بەر چاوماندایە بە شێوەیەکی باوەڕهەڵنەگر بەرین و کۆنە، تیرەی نزیکی ٩٣ میلیارد ساڵی نووری و تەمەنی ١٤ میلیارد ساڵە. بە لە بەرچاو گرتنی ئەم بابەتە دەکرێ بڵێین بۆچی هەندێکەس مرۆڤایەتی بە تەواویی بە ناگرنگ وەسف دەکەن. هەر وەک ستێڤان هاوکینگ گوتوویەتی، زانست فێرمان دەکات کە مرۆڤ “تەنها توێژێکی کەفاویی سەر ماددەیەکی کیمیایی لە سەر هەسارەیەکی نە زۆر گەورەیە کە بە دەوری ئەستێرەیەکی تەواو ئاسایی لە یەک لە سەدان میلیارد کاکێشانەکاندا دەسووڕێتەوە.” ئەم وێنا بە هیچ شێوەیەک هیوابەخش نییە. لە ڕاستیدا، لە تاقیکردنەوەیەکیدا کە پێشتر باسمان کرد، هەڕەشەیەک کە بۆ کەم کردنەوەی هەستی ماناداریی بەشداربووان بەکار دەهێنرا، وتارێک سەبارەت بە بچووکیی ژیانی مرۆڤ بوو لە پانتایی مەزن و فراوانی کات و شوێندا.
لێرەدا دین دێتە مەیدانەوە. ئێرنێست بێکێر، ئەنترۆپۆلۆژیستی کولتووری، لە ئینکاری مەرگ (١٩٧٣)دا Denial of Death بەڵگاندن دەکات کە باوەڕی ئایینیی لە ڕێگەی پەیوەست کردنی مرۆڤ بە بوونێكی نابەرتەسک و بێسنوور بەرامبەر بەم ئەنجامگیرییە کە مرۆڤ لە سەر ئاستی کەیهانی و گەردوونیدا گرنگیی نییە، دەپارێزێت. لە زۆرێک لە سوننەتە دینییەکاندا چیرۆکی زۆر لە سەر سەرچاوە و ئەنجامی گەردوون بوونی هەیە. هەندێ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مرۆڤایەتی پێوەندییەکی گرنگی لەگەڵ هێزێکی مێتافیزیکیدا هەیە، ژیانی ئێمە بەشێک لە گەڵاڵەیەکی مەزنە و یان تەنانەت گەردوون “بە لە بەرچاو گرتنی مرۆڤ” داڕێژراوە. ئەم ئایدیا لە کتێبی پیرۆز (مزامیر ٦-٣ :٨) باس دەکرێت:
“کاتێک کە سەیری ئاسمان دەکەم کە دەستکردی پەنجەکانی تۆیە، و سەیری مانگ و ئەو ئەستێرانەی تۆ ئافراندووتە، کەواتە مرۆڤ چییە کە یاد بکرێت، و مرۆڤایەتی کە هۆشیار و هۆشمەند دەرکەوتووە؟ کەمێ کەمتر لە فریشتەکان درووستت کردووە و تاجی شکۆ و شانازیت لە سەر ناوە، بە سەر کارەکانی دەستی خۆدا زاڵت کردووە، هەموو شتت خستە بەر پێی ئەو.”
وا دیارە نووسەری ئەم سروودە ئایینییە دەیهەوێ بڵێ مرۆڤایەتی، سەرەڕای بچووکیی قەبارەی، بە هۆی عەشقی خواوەندەوە گرنگییەکی تایبەتیی هەیە. سادەیە تێبگەین کە بە بڕوای کەسێک کە ئیمانی بەم بابەتە هەیە، ژیانی خاوەنی گرنگیی گەردوونی و ئەنجام لێوانلێو لە مانا بێت. ئەم لێکدانەوە واتا ئەوەی کە باوەڕی ئایینیی بە ڕەخساندنی هەستی گرنگیی گەردوونیی، جەخت لە مانادار بوونی ژیان دەکاتەوە – دەکرێ بە ناوی “گریمانی گرنگیی گەردوونی” – the ‘cosmic mattering hypothesisناو بنرێت.
خاخام هارۆڵد کۆشنەر ئەم دوو ڕوونکردنەوە بە باشی کورت دەکاتەوە. ئەو بۆ بەرگریی لە گرنگیی ئایین دەڵێ: ئایین دەرمانێک بۆ تاعوونی تەنیایی دەستەبەر دەکات بە شێوەیەک کە مرۆڤەکان دەخاتە قاڵبی جڤات و کۆمەڵەی پێکهاتوو لە کەسانێک کە لە گرنگترین ڕەهەندی ژیانیاندا پێکەوە هاوڕا و تەبان، لە دەوری یەک کۆیان دەکاتەوە… باوەڕی ئایینیی پێداویستییەکی مرۆیی دیکەیە کە زۆر قووڵترە و ڕەنگە بنەڕەتیترین پێویستیی مرۆڤ بیت، واتا پێویستیی بەوەی زانینی ئەوەی کە گرنگیمان هەیە، ژیانمان مانایەکی هەیە و شتێک زیاتر لە کارەبایەکی تێپەڕین لەم گەردوونەدا، دابین دەکات.
بۆ تاقیکردنەوەی ئەم گریمانانە، من هاوڕێ لەگەڵ پەتی فان کاپێن و باربارا فریدیکسۆن بەم دواییانە چوار لێکۆڵینەوەمان ئەنجام داوە کە زیاتر لە ٣٠٠٠ بەشداربووی لە سەر تاسەری ئەیالەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە خۆ گرتبوو. لە ڕێگەی بەکارهێنانی ڕاپرسی، لایەنە جیاجیاکانی دینداریمان هەڵسەنگاندووە. لەوانە بەشداریی لە بۆنە و مەراسیمە ئایینییەکان، عیبادەتی تاکەکەسی و بیر و ڕای خودی کەسەکە سەبارەت بە ڕێژەی گرنگیی دین لە ژیانیدا. بۆ هەڵسەنگاندنی ماناداریی ژیان لای بەشداربووانی ئەم لێکدانەوە کۆمەڵێک ڕاپرسی بەکار هێنرا کە داوای لێدەکردن ڕادەی هاوڕایی یان دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەم بابەتانە بەیان بکەن: “ژیانی من بۆ دیتران گرنگە” (گرنگیی کۆمەڵایەتی) یان “ژیانی من لە سیستەمی گەردووندا گرنگە” (گرنگیی گەردوونی)
ئەنجامەکانی ئەم چوار لێکۆڵینەوە، هەر دوو گریمانەی گرنگیی کۆمەڵایەتی و گرنگیی گەردوونییان پشتڕاست کردەوە و هەروەها نیشانیان داوە کە ڕوونکردنەوەی گرنگیی گەردوونی هێزێکی زیاتری هەیە. بە دەربڕینی دی، هەر دوو شێوازی گرنگیی بە شێوەیەکی ئاماری هۆکاری یەکگرتوویی نێوان دینداری و ماناداریی ژیانن – بەڵام گرنگیی گەردوونیی پشکێکی زۆر زیاتری لەم یەکگرتووییەدا هەیە. ئەمە بەو مانایە کە هۆکاری سەرەکیی پێوەندیی دینداری لەگەڵ ماناداریی ژیان ئەوەیە کە دینداریی وەکیتر پێوەندیی بە هەستی گرنگیی گەردوونییشەوە هەیە.
دووبارە کردنەوەی ئەو خاڵە گرنگە کە ئەم لێکدانەوانە لە ئەمریکا ئەنجام دراون، شوێنێک کە زۆربەی دیندار و باوەڕمەندان لە سەر دینی یەکتاپەرەستیی ئیبراهیمین (ئایینەکانی جوو، مەسیحییەت و ئیسلام). لەوانەیە لە کولتوورەکانی دیکەدا بابەتەکە جیاواز بێت. بەڵام گەر ئەم دۆزینەوانە درووست بن – لانیکەم لە فەزای ڕۆژئاوایی کە تێیدا دینداری بەزۆریی بە مانای باوەڕ بە خالق یان ئافرێنەرێکە – ئەم پرسیارە دیتە ئاراوە کە ئایا کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی سیکۆلار لە پێگەیەکدایە کە بتوانێ جیاوەک و ئیمتیازەکانی ئێگزیستانسیەڵی دین دووبارە بەرهەم بێنێتەوە یان نا؟
مەخابن، دەیتاکان دەلالەت لە وەڵامێکی ڕەشبینانە دەکەن. گەر پێوەندیی نێوان دینداری و ماناداریی ژیان لە بنەڕەتدا بە هۆی ئەو سەرچاوە کۆمەڵایەتییانەوە بێت کە ڕەگیان لە ئاییندایە، دەکرێ بیچم بە شێوازگەلی دیکە لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی بدرێت و ئەوان بکرێنە ئاڵترناتیڤی شێوازە دینییەکان. لە ڕاستیدا، هەر بەم مەبەستە ژمارەیەک “کڵێسەی ئاتێئیست” بونیاد نراوە. ئەم گرووپانە ڕەنگە زۆر بۆ ئەندامەکانیان بەسوود بن. بەم حاڵەشەوە، لێکدانەوەی ئێمە نیشانی دەدات کە ئەم ئاڵترناتیڤە سیکۆلارانە لە چاو باوەڕی ئایینیی لە هێز و برەوێکی کەمتر بۆ مانادارکردنی ژیان بەهرەمەندن چون ئەوان گرنگیی گەردوونی پەسەند و تۆکمە ناکەن.
ئایا دەتوانین بە بێ کەڵک وەرگرتن لە باوەڕە ئایینییەکان، هەستی گرنگیی گەردوونی بەدی بێنین؟ لەوانەیە کەسێک خزمەت بە زانست بکات (واتا هەوڵ بدات دەرکێک لە گەردوون بەدەست بێنێت)، یاخود هەوڵ بدات زەوی لە قەیرانی ئیقلیمی یان هەڕەشە جیهانییەکان ڕزگار بکات. ئەمانە سەرجەم کاری باش و زۆر گرنگن کە دەکرێ لە ژیاندا ئەنجام بدرێن. بەم حاڵەشەوە کاریگەریی ئەم جۆرە هەوڵ و کۆششانە لە بەشێکی زۆر بچووکی هەسارەکەماندا ئاستەنگ دەبێتەوە – هەسارەیەک کە خۆی بەشێکی بچووک لە گەردوونە. جگە لەمە، تەنانەت گەر هەوڵی تاکەکان سەرکەوتوو بێت، ئەم سەرچاوە سیکۆلارانەی تایبەت بە ڕەخساندنی هەستی گرنگیی، پێویستیان بە ڕادەیەکی زۆر لە کاری قورس، فیداکاری و دەرفەت هەیە کە هەمووان دەستیان پێی ڕاناگات. هەر بۆیە، ڕەنگە دین سەرچاوەیەکی ناوازە بۆ بەدەستهێنانی مانا بێت لە ژیاندا.
گەر تاکێک دیندار نەبێت لەوانەیە لەگەڵ کارڵ مارکس هاوڕا بێت کە “دین ئاهی ستەم لێکراوان و ڕۆحی هەلومەرجی بێڕۆحە. دین سیحری جەماوەرە.” واتا ڕەنگە لاتان وا بێت کە دین لە ڕێگەی بەدیهێنانی وەهمی ئەرێنییەوە مانا بە ژیان دەدات – مانای ئەوەی کە دین هێورکەرەوەیە، بەڵام جگە لە وەهم و خەیاڵ نییە. لە لایەکی دیکەشەوە، گەر تاکێک دیندار بێت، لەوانەیە ئەم لێکدانەوە بە سەلمێنەری گرنگیی ئیمان و دەوری تایبەتی و ڕەنگە بێوێنەی لە بەهادان بە ژیاندا ببینێت.
بە هەر چەشنە، یەک لە دەرنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوە ئەوەیە کە هەستی ماناداربوونی ژیان گرێدراوی تێگەیشتنی کەسەکانە سەبارەت بە گرنگییان. بەڵام هەر تاکێک لە گەلێک ڕووەوە دەتوانێ گرنگیی هەبێت. ئەنجام، ئەو کەسانەی دەیانهەوێ ژیانێکی مانادارتریان هەبێت باشتر وایە لە ڕێگایەک بۆ گرنگبوون بگەڕێن – بۆکەسانی دیکە، بۆ جڤات و گرووپەکانی دیکە یان تەنانەت ڕەنگە بۆ سیستەمی گەردوون.
مایکڵ پرینزینگ فەیلەسووف و زانایە کە سەرقاڵی لێکدانەوەی گەشە کردنی مرۆڤە. بابەتەکانی لە گۆڤاری Greater Good و هەروەها لە وێبلاگی تایبەتیی خۆی بڵاو دەبێتەوە. ئەم بابەتەی ئێستا وەرگێڕانی ئەم نووسینەیە بە ناونیشانی:
Micheal M Prinzing, “Religion gives life meaning. Can anything else take its Place?” Psyche, 27 april 2022
نووسین: مایکڵ پرینزینگ
وەرگێڕان: چنوور فەتحی