“فه‌لسه‌فه‌ی پشت ئه‌م ڕۆژه”
بنه‌ڕه‌تی ٨ی مارس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٥٧ی زایینی، کە کۆمەڵێک لە ژنانی کرێکاری کارگه‌ی چنین لە شاری “نیۆیۆرکی ئەمریکا“ به‌هۆی سەختی زۆری ئیش و کار و ڕێژه‌ی که‌می مووچه‌یان، دەستییان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتی خۆیان پیشاندا. دوای ٥٠ ساڵ ژنانی ئەم کارگه‌یه لە ٨ ی مارسی ساڵی ١٩٠٨دا بە مەبەستی یادکردنەوەی مانگرتنەکەیان و دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی بارودۆخی ئیش و کار و که‌مبوونی مووچه‌یان، دیسانەوە دەستیان دایەوە مانگرتن، بەڵام بەرپرسانی کارگه‌که لە بەر ئەوەی کرێکارانی دیکەی کارگه په‌یوەست نەبن بەم ناڕەزایەتی و مانگرتنەوه، ژنانی ناڕازی و مانگرتوو ده‌ەست بە سەردەکەن و دوای ئەوە بە شێوەیەکی گوماناوی کارگه‌که گڕی تێبه‌رده‌بێت و ئاگر دەگرێت. لە ژمارەی ١٢٩ کەس تەنها چەند کەس به زیندوویی ده‌مێننه‌وه و ژنانی کرێکاری دیکه لە نێو ئاگرەکەدا دەسووتێن و قوربانی ده‌بن، لە ساڵی ١٩٠٩دا دوو هەزار ژنی خۆپیشاندەر بە درووشمی “مافی دەنگدان بۆ ژنان“ داواکاری دیاریکردنی ڕۆژێک لە ساڵدا بە ناوی “ڕۆژی ژنان“ بوون. لە ساڵی ١٩١٠دا، لە دووهەمین کۆنفرانسی “ژنانی سۆسیالیست“ بە سەرپەرشتی خاتوو “کلارا زاتکین“ داواکاری دیاریکردنی ڕۆژی ژنان بوون. لەم کۆنفرانسەدا ١٠٠ ژنی چالاک لە ١٧ وڵات بەشداربوون و هه‌ر لەم کۆنفرانسەدا خاتوو “کلارا زاتکین“ داواکاری دابه‌زاندنی کاته‌کانی کار بۆ ٨ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و، هەروەها پشوودان له کاتی منداڵبوونی ژنان خسته‌ڕوو، هەروەها لە لە ١٩ی مارسی ساڵی ١٩١١دا، له هه‌ندێک لەو وڵاتە ئه‌ورووپییانەی وەک؛ نه‌مسا، دانیمارک، ئاڵمان، سویسرا، ژنان و پیاوان له هه‌مبه‌ر یاسای هەڵاواردن و که‌میی مووچه و هەروەها مافی دەنگدان بۆ ژنان، ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی. هەروەها لە ساڵەکانی ١٩١٥ژنانی ١٢ وڵات لە هۆڵەندا دژ بە شەڕی یەکەمی جیهانی ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی. له ١٩١٧دا ژنانی کرێکاری ڕووس لە سەر شەقامەکان خۆپیشاندانیان کرد و هەروەها مانگرتنی گشتیی “نان و ئاشتی“یان ڕاگەیاند. دەوڵەتی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت پاش ٤ ڕۆژ مافی دەنگدانی ژنانی بە فەرمی ناسی. لە ساڵی ١٩٧٧دا رێکخراوی نەتەوە یه‌کگرتووەکان، ٨ی مارسی وەک ڕۆژی جیهانی ژن پەسەند کرد، لەو کاته‌وه تاکوو ئێستا بە شێوازی جۆرواجۆر ڕێز لەم ڕۆژە دەگیرێت.
بنەڕەتی سیاسی ئەم ڕۆژە، مانگرتنەکان، بزووتنەوەکان، ناڕەزایەتییەکان هەمووی بۆ ئاگاداری، وشیارکردنەوە و هۆشداریدان به نیسبه‌ت نا-یەکسانییە بەردەوامەکان بوو. ئەم ڕۆژە لە سەرەتادا وەک ڕووداوێکی سیاسی سۆسیالیستی، لە نێو حیزبە سۆسیالیستییه‌کان، و له ئەمریکا، ئاڵمان و ئه‌ورووپای ڕۆژهه‌ڵات دەستی پێ‌کرد. ئەم ڕۆژە؛ لە هەندێک لە شوێنەکاندا ڕەنگ و بۆی خۆی لە دەستداوە و بووە بە بۆنەیەک بۆ پیاوان تا خۆشەویستی خۆیان بەرامبەر بە ژنان دەرببرن. باسەکە ئەمە نییە کە پیاوان لەم ڕۆژەدا بە لقێک گوڵ یان دیارییەک ڕێز لە ژنان نەگرن، باسەکە ئەمەیە کە پەیامی ٨ی مارس هیچکات لە پانتای کاروباری تاکه‌که‌سیدا ناگونجێت و به‌رته‌سک ناکرێته‌وه و هەر لە کاتی دەستپێکردنەوەیه‌وه تاکوو ئێستا ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بووە و، هەروەها لە زۆربەی وڵاتان کە بۆ لەناوبردنی هەڵاواردنی جێندەری تێناکۆشن و بە تەنیا هەوڵیان ئەوەیە کە ژن دایک بێت و ملکەچ و مافی مرۆڤبوونی لەبەر چاونەگرن. ژنانی دونیا دەزانن تا ئەو ڕۆژەی کە تەواوی مافی ئینسانییان لە کۆمەڵگادا بە فه‌رمی نەناسرێت و هه‌ڵاواردنه جێندەرییەکان هەبێ و یەکسانی ژن و پیاو نەبێت، خەباتیان ئەبێ هەر بەردەوام بێت.
“مانا و ده‌رکه‌وتنی ئه‌م ڕۆژه له وڵاته جۆراوجۆره‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی”
لە زۆربەی وڵاتەکان بە لقێک گوڵی “میموزا“ کە هێمایەکە بۆ “ڕۆژی ژن“ ڕێز لە ژنان دەگیرێت، بەڵام پرسیار ئەمەیە؛ ئەی لە ڕۆژانی دیکەدا چی؟ ڕۆژانێک کە گوڵی “میموزا“ ئەبێت بە داسێک بە دەستی باوکێک و سەری کچەکەی ئەبڕێت. نموونه‌یه‌کی زۆر ساده کچێکی ته‌مه‌ن چوارده ساڵ به ناوی “ڕۆمینا ئه‌شرەفییه“ لە گوندی “سفید سەنگانی“ سه‌ر به پارێزگای “گێڵان“ی وڵاتی “ئێران“ که له ساڵی 2020 به بیانووی شه‌ره‌فه‌وه به داسی نه‌رێت و کۆنه‌په‌ره‌ستی کوژرا، یان نموونه‌ی نێزیکی دیکه کچێکی 22 ساڵه به‌ناوی “سۆنیا“ که خاوه‌نی منداڵیش بوو له شاری سه‌رده‌شت-ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به چه‌قۆی برا و مامی کوژراو و به‌ناو شه‌ره‌ف و ئابڕویان هێنایه‌وه میحرابی پیرۆزی بنه‌ماڵه! ئه‌مه له حاڵێک دایه تا ئێسته هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م کوشتنانه له‌سه‌ر شه‌ره‌ف یان هه‌ر هۆکارێکی دیکه نادیار و نه‌زانراو ماوه‌ته‌وه و سیسته‌می دادوه‌ریی “کۆماری ئیسلام”یش به‌هۆی ئه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ئاینی و نه‌رێتی دامه‌زراوه به‌دواداچوونێکی ورد و ڕاشکاوانه و ڕوون بۆ ئه‌مجۆره که‌یسانه ناکات و، له دواجاردا هه‌ر وه‌کو په‌ڵه‌یه‌کی سووری دره‌وشاوه و زامێکی ساڕێژنه‌بوو له یاده‌وه‌ریی ژنان و، هه‌ندێک له پیاوان و، ڕێژه‌یه‌کی که‌م له کۆمه‌ڵگا ده‌مێنێته‌وه! ئه‌م پرۆسه و ڕه‌وته‌ی قوربانی‌کردن و قوربانیبوون و بێچاره‌نووسی خوێنی کچان و، ژنان تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه و، ڕۆتین و، هه‌ڵوێست نواندن و دروشمدانه‌کانی ڕۆژی “هه‌شتی مارس” له لایه‌ن ژنان و پیاوانی مه‌جازیی و ناو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان جگه له خه‌ستترکردنه‌وه‌ی برین و له‌ماناخستنی ئازار و هۆکاری کێشه و کاره‌ساته‌کان هیچ ده‌سکه‌وتێکی نابێت، ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه که زام و برینی ژنان هه‌ستێکی گشتیی هاوبه‌شه له نێوانیاندا و جیاوازیی نابێ بکرێت له کوشتن و، قوربانی‌کردنی ژنان و کچان، جا له “ڕۆژهه‌ڵات له سه‌رده‌شت” بێت یان له باشوور له سلێمانی و گه‌رمیان و هه‌ولێر بێت یان له “کابولی ئه‌فغانستان“ یان له گیلانی ئێران، بۆچی نابێت جیاوازیی بکه‌ین؟ چونکه کو‌لتووری هه‌موو ئه‌م وڵاتانه سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌کانیان به نیسبه‌ت ژن و پرسی ژن له سه‌رچاوه‌یه‌کی نه‌رێتی و ئاینی پێڕه‌وی ده‌کات، ئه‌گه‌رچی به دڵنیاییه‌وه له هه‌ر کام له‌م کۆمه‌ڵگایانه فۆرم و، ڕێژه‌ی خۆی هه‌یه، له کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و، باشوور سه‌ره‌ڕای هه‌موو پێشکه‌وتنه‌کان و گۆڕانکارییه کۆمه‌ڵایه‌تی و، سیاسی و، کو‌لتوورییه‌کان، به‌ڵام هێشتا (ژنان و کچان) قوربانی ده‌بن، ئه‌گه‌رچی له ساڵانی ڕابردووش “حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان” هه‌لێکی زۆری بۆ چالاکی و ده‌رکه‌وتن ژنان ڕه‌خساند تاکو ئازار و خه‌م و مه‌ینه‌تییه‌کانیان بگێڕنه‌وه و لێی ده‌رباز بن، به‌ڵام له‌م ڕووه‌شه‌وه سه‌ره‌ڕای ده‌سکه‌و‌ته‌کان دیارده‌ی “به‌کاڵاکردنی” ژن و “بووکه شووشه‌کران“ی ژنان سه‌ریهه‌ڵدا و، ژنان که‌وتنه ناو سیسته‌مێکی نادروست و، نه‌زۆکی کایه‌ی میدیایی و ئه‌قڵی ئامێریانی که‌لوپه‌له مۆدێڕنه‌کانه‌وه.
وه‌ک ده‌بینین؛ ژنان له هه‌ر دوو لاوه ده‌که‌ونه ناو تۆڕێکی قوربانی‌کردن و، کوشتن و، چه‌وساندنه‌وه‌وه، بۆیه ده‌ربازبوون له‌م دۆخه دۆزه‌خییه ته‌نها له ڕێگه‌ی وشیاریی و، به‌هه‌ڵوێستی و به‌پرینسیپی ژناندا دێته کایه‌وه. وشیارییه‌ک که سه‌ره‌تا ده‌بێت جێگه‌ی برینه‌کان به دروستی بناسێت و، ئه‌وکات هه‌وڵ بۆ تیمارکردن و چاره‌سه‌رییان بدات، بوونی “ژن” به بووکه‌شووشه‌ی ئه‌م میدیا و ئه‌و کۆمپانیا و ئه‌و لایه‌نه‌که ئاڕاسته‌ی وشیاریی و ڕزگاری ژنان له نایه‌کسانی و هه‌ڵاواردن دیاری ناکات به‌ڵکوو فۆرم و جه‌وهه‌ری کێشه‌که ده‌سڕێته‌وه و ژنان خۆیان ده‌که‌ونه ناو سیسته‌مێک که به خۆشحاڵی و سه‌ما و پێکه‌نینه‌وه پێشوازی له‌و چه‌وساندنه‌وه و، قوربانیبوون و، هه‌ڵاوردنه ده‌که‌ن. ده‌رکه‌وتنی ژنان ئه‌گه‌ر وشیاری و دیسیپلین و تێپه‌ڕین له جه‌سته‌سازیی و مه‌کیاجکردنی له‌گه‌ڵ نه‌بێت ئه‌وا داننان و هاوکاریکردنی هه‌مان نه‌رێتی کاره‌ساتسازه له ناو بینا و که‌شێکی مۆدێڕن‌دا. واته؛ ئه‌م دۆخه دیسان به بیرخه‌ری ڕووداونێکه که له جیهانی نه‌رێتیدا ڕوویان داوه و هێشتا برینه‌کانی تیمار نه‌کراوه. واته؛ تەورێک بە دەستی باوکێک که ئەبێتە دادوەر بۆ تاوانی کچەکەی و بە نەرێتی پیاوسالارانە و به دادگایه‌کی سه‌حرایی و له ڕێگه‌ی ته‌وه‌ره‌وه ئه‌نجن ئه‌نجنی ده‌کات و سزای نه‌رێتی پیرۆزبه شێوه‌یه‌کی پیرۆزمه‌ندانه به‌سه‌ر کچه‌که‌یدا جێبه‌جێ ده‌کات. وەکو “ڕەیحانە عامری“ ٢٢ساڵە لە شاری “کرمان“ لە نێو ژوورەکەیدا بە دەستی باوکی به تەور کوژرا. بەڵام ئەمانە دواهه‌مین کوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف نین و ئەم توندووتیژییانە لە سەر بنەمای “شەرەف“ ته‌نها یەکێکن لەو توندوتیژییانه‌ی که ده‌رهه‌ق به ژنان ده‌کرێن. ئەم جۆرە توندوتیژییانه که لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر بە ژن ڕوودەدات ئەبێتە هەزاران توندوتیژی دیکە بەرامبەر ژنان و، ده‌بێته هۆی سەدان کێشەی دەروونی و زام و برین که کۆڵه‌که‌ی خێزان و کۆمه‌ڵگا له خشته ده‌بات، زامی بێ سەرپەرشتی ئەو ژنانەی کە لە نێو کۆمەڵگادا مەجبوور ئەبن کۆڵ بدەنە ژێر کاری سەخت و بە مووچه و حەقدەستێکی کەم، تەنیا لە بەرئەوەی لە وڵاتێک‌دا ناژین کە دەوڵەتەکەی مووچەیەکی مانگانەیان بۆ تەرخان کا، بووه به گرێ و ئازارێکی قورس. لێرەدا پرسیار ئەوەیە بیرخستنه‌وه و قسه‌کردن له‌سه‌ر ٨ی مارس کام زام ساڕ‌ێژ دەکات؟ ئەم ڕۆژە چی پێیە بۆ ژنانی بێ سەرپەرشت و کرێکاری وڵاتم؟
یان ئەو کاتەی کە ژنانی وڵاتەکەم بۆ ئەوەی لە لایەن پیاوانەوە ڕەت نەکرێنەوە، بۆ ئەوەی بگەن بە نان و نەوایەک لە تەنشتیاندا، بۆ ئەوەی سەرنجیان بەرەو لای خۆیان ڕاکێشن، ڕۆح و جەستەی خۆیان له ڕێگه‌ی ئامێره مۆدێڕنه‌کانه‌وه هه‌ڕاج ده‌که‌ن و ئەبن بە سەدان وێنەی جۆرواجۆر لە ناو کۆمەڵگا و تۆڕه کۆمەڵایەتییەکاندا. دیسان ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای ئه‌م ڕۆژه و پرسیاره‌که به شێوه‌ی دیکه ده‌پرسین؛ لێرە بە کام لقە گوڵی “میموزا“ گوڵی ژاکاوی کەسایەتی دەروونیان ده‌بووژێته‌وه؟ لە ژیانی ئەمڕۆدا ئەم بزووتنەوە سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه خەریکە ئەبێتە بابەتێکی تاکەکەسی و، بەرتەسک بۆ ئینکار و، قەبووڵنەکردنی جه‌وهه‌ر و، ڕاسته‌قینه‌ی ئەم ڕۆژە. لە زۆربەی بەرهەمە ئەدەبییەکاندا، نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد لە فۆرمی چیرۆک و ڕۆمان و… هتد، پەرژاونەتە سەر ئه‌م ئازار و ژانه ئاڵۆز و په‌نگخواردووانه. یەکێک لەو نووسەرانە کە لە زۆربەی چیرۆکەکانیدا باسی ژنانی کرێکار و جێگه و پێگه‌ی لە نێو کۆمەڵگای نەرێتی و پیاوسالارانە دەکات و، بارودۆخیان لە نێو کۆمەڵگادا دەنەخشێنێت “سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش“ه. نووسه‌ر لە کۆمەڵە چیرۆکی “سەحەر“دا، ژن لە نێو کۆمەڵگایەکی نەرێتی و پیاوسالارانەدا دەخاتە بەرچاو کە پێکهاتێکی نەرێتی-کو‌لتووری کوردی بەسه‌ریدا زاڵە. جیهانی چیرۆک باسی سه‌رده‌مێک ده‌کات که کۆمەڵگای تورکی به چڕی بەر شەپۆلی مۆدێڕنیزم کەوتووە و به‌و پێیه‌ش باکووری کوردستانی گرتۆته‌وه. مۆدێڕنیزمێک که زیاتر ئامێرە مۆدێڕنەکانی تێدایە و بنەما ئەخلاقییەکانیشی به بێ هیچ به‌دیل و جێگره‌وه‌یه‌ک لەق و لۆق کردووە. پیاوان بە ئاسانی دەچن بۆ دیسکۆکان و سه‌ردانی له‌شفرۆشییه‌کان ده‌که‌ن، پیاو و ژن لە نێو کارگه‌کاندا پێکەوە کار دەکەن ئامێره‌کان گواستنه‌وه و هاتووچۆ گه‌شه‌یکردووه و…هتد. لەم چیرۆکەدا بە جوانی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان نەرێت و مۆدێڕنیتە له قه‌واره‌ی دژایەتی نێوان بیر و کردەوەی باوک و برایەک بەرامبەر بە بارودۆخێک کە بۆ کچی بنه‌ماڵه‌که‌یان ڕووی داوە دەنەخشێت. باوکێک کە بە پێی نەرێت و له ڕێگه‌ی بیرۆکه‌ی “شه‌ره‌فی پاک و پۆڵایین“ ئەبێتە دادیار و دەسەڵاتداری گیانی کچه‌که و گیان ده‌ستێنێت و ڕووی سامناک و کوشنده‌ی جێبه‌جێکردنی سزا!که‌ش ئه‌مه‌یه که جێبەجێ کردنی ده‌خاته ئه‌ستۆی کوڕە بچووکه‌کەی و بەم شێوەیە توندوتیژی لە باوکه‌وه بۆ کوڕ درێژ ده‌بێته‌وه.
“سێ پیاو ئێوارەیەک لە نێو دارستانێک خەیاڵەکانی سەحەریان دزی. سێ پیاو لە نیوەشەودا لە پەرێزێکی چۆڵ گیانی سەحەریان سەند.“ ده‌میرتاش لە چیرۆکەکانی تری‌دا باسی ژنانی کرێکار دەکات کە لە گەڕەکە هەژارەکانی تورکییە بۆ بەردەوامی ژیانیان کار دەکەن و ئەرکی ئابووری بنه‌ماڵه‌یان لە سەر شانە. ئەو ژنانە ی کە بۆ پاراستنی ژیانی بنەماڵەیی و ئازادی، کار و خەبات دەکەن و لە چیرۆکی “پیاوەکەی ناخمان“ ڕۆحی بەرپرسایەتی و هەوڵی ژن بۆ پاراستنی ژیانی بنەماڵەیی بەرامبەر بە پیاو دەخاته ڕوو و بە قەڵەمی، ناخی زەقی پیاوسالارانە دەکۆژێت و بە چۆلەکە نێرینەکە ئەڵێت؛ بەراستی پێویستە ئەو پیاوەی نێو خۆت بکوژیت.
سه‌رچاوه‌کان
1- ڤیکی پیدیا
2- سه‌حه‌ر، ده‌میرتاش، سه‌لاحه‌دین، وه‌رگێڕان له تورکییه‌وه؛ فه‌رهاد چۆمانی، چاپی یه‌که‌م، 2018