کار و چالاکی بازرگانی پێش ئەوەی قازانج و بەرژەوەندی تایبەت بێت، بێگومان پرەنسیپ و ویژدان و ئەخلاقە. هەرێمی کوردستان، لەپاش کرانەوەی بەڕووی ئابووری جیهانیدا، بازاڕەکانی شار و شارۆچکەکانی بە کاڵا و شمەکی بەرهەمهێنراوی وڵاتانی ئیقلیمی و تەنانەت جیهان پڕکراون، قەبارەی هاوردەکراوەکانمان بەڕێژەی زیاتر (90%)ی تێپەڕاندووە. ژوورەکانی بازرگانی پارێزگاکان و کۆمەڵە و یەكێتییەکانی بواری بازرگانی لەهەرێمدا، ژمارەی ئەندامانیان بەسەدان و هەزاران بازرگان ئەژمار دەکرێن، زۆربەی ئەم بازرگانانە لەبواری هاوردەکردن کارو چالاکی ئەنجام دەدەن. ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت تیشکی بخەینە سەر؛ بابەتی چاودێریکردنی بازرگانییە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمدا، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیتیەکان و تەنانەت لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی، لەهەوڵی بەردەوامدان، تا بتوانن خزمەت بەهاوڵاتیان و بەکاربەران بکەن.
لەڕاستیدا بابەتی چاودێری بازرگانی پەیوەستە بەهەمووانەوە بەبێ جیاوازی، پەیوەندییەکی گرنگی هەیە بە تاک و خێزان و کۆمەڵگاوە، چونکە تەندروستی کۆمەڵگا پێویستییەکی هەنووکەیی سەردەمە و ئامانجی حکومەتەکانە کە سەلامەتی هاونیشتیمانییەکانیان بپارێزن. بە پێی توێژینەوە زانستییەکان، خۆراکی خراپ و ماوە بەسەرچوو و کواڵیتی نزم، سەرچاوەی سەرەکی تووشبوونە بە شێرپەنجە. لەهەمانکاتدا ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی هەرێم ئاماژە بەوە دەدەن کە زیاتر لەیەک ملیۆن تەن خۆراکی بەسەرچوو دەستی بەسەرداگیراوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕێژەیەکی گەورەی خۆراکی هاوردەکراو، ماوەی بەسەرچوونەکەی نزیکە و هێشتا لەبازارەکاندا دەخرێنەروو.
لەلایەکی ترەوە؛ ئەرکی بازرگانان و فرۆشیارانە بەشێوەیەکی گشتی، پێش بیرکردنەوەیان لە قازانجی تایبەتی، تەندروستی گشتی ڕەچاو بکەن، چونکە سەرئەنجام بازرگانەکانیش هاووڵاتی و بەکاربەری کۆمەڵگان. ئەخلاقی بازرگانی لەوەدایە، سەرەرای هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی قازانج، بەرژەوەندی ئابووری و تەندروستی گشتی کۆمەڵگا بپارێزێت. پێمان وایە، مادام هەموو لایەنەکان لەپێناو خزمەتکردن بە هاووڵاتییان و کڕیاران لەکار و فەرماندان، زۆر گرنگە سەرجەم لیژنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری چاودێری بازرگانی، زۆر بەئەمانەتەوە ئەم کارە گرنگە جێبەجێ بکەن، گوێ پێ نەدان و چاوپۆشیکردن لە کاڵاو شمەکی خراپ و کواڵیتی نزم، زەرەر و زیانەکەی بۆ هەمووانە بەبێ جیاوازی، هەربۆیە چاوپۆشیکردن لەخۆراکی خراپ، پێویستە بەتاوان ئەژمار بکرێت و سزای یاسایی تووندی بەرامبەر بگیرێتە بەر.
لەلایەکی ترەوە؛ هەرچەندە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی ئابووری بازاڕی ئازاد و سەربەستی بازرگانی دەکات، کەواتە نرخدانان لە توانا و ئەرکی حکومەتدا نیە، بەڵکو خواست و خستنەڕوو وەک میکانزیمی بازاڕ نرخ دیاری دەکەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە چیتر حکومەت دەستەوسان و دوورە پەرێز بێت لەنرخدا، بەڵکو گرنگە ئەم لیژنانە بە گشتی لیژنەی نرخی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی، بە ووردی و واقیعی ئاگاداری نرخەکان بێت، بەتایبەتی نرخ، لەم بوارەدا پێویستە ئەندامانی لیژنەی نرخ، بە ووردی و دیراسەکراوی جیاوازی نرخی بازرگانی گەورە و دووکاندارەکان بکەن.
قۆستنەوەی خواستی زۆری بازاڕ، هانی بازرگانان و فرۆشیاران دەکات کە قۆرخکاری بکەن و نرخ بەرزبکەنەوە، ئەرکی هەموو لایەکە سەلامەتی تەندروستی گشتی و مافی بەکاربەر بپارێزێت لەڕووی نرخ و باشی جۆری شمەکەکە. بەداخەوە، هەرێمی کوردستان سەرەڕای دەرچوونی یاسای پاراستنی مافی بەکاربەر لەپەرلەمانی کوردستانەوە، بەڵام تائێستا کارا نەکراوە و کار بەیاساکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق دەکرێت، داواکارین کاری لەسەر بکرێت و کارا بکرێت، تا پاڵپشت بەیاساکە، سەرپێچیکارانی ئەم بوارە بگەن بەسزای خۆیان. هەروەها لەبەرگرنگی و هەستیاری ئەم بابەتە، پێویستە لایەنە سیاسی و تەنانەت کەسایەتییەکان، هەماهەنگ و پاڵپشت و پشتیوانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری چاودێری بازرگانی بن، لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی دەست وەرنەدەنه کاروباری چاودێری بازرگانی، چونکە دەرئەنجام هەموو کۆمەڵگا زەرەرمەندی ئابووری و تەندروستی دەبن، باجی ئەم کارانە بەبێ جیاوازی تاکەکانی کۆمەڵگا دەیدەن، توشبووانی شێرپەنجە گەواهیدەری ئەم ڕاستیەیە.
بێگومان، هۆشیاری تاک و خێزانەکان لەڕووی ناسینی شمەک و خواردن و خواردەمەنی هەنگاوێکی گرنگە بۆ دوورکەوتنەوە لەزەرەروزیانەکانی، لەلایەکی ترەوە چاوکراوەیی هاووڵاتیان بەهاوکاریکردن و ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی چاودێری بازرگانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەرکێکی نیشتیمانی و ئایینی و هەست بەبەرپرسیارییەتی کردنە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا. بەئومێدی کۆمەڵگایەکەی تەندروست و سەلامەت دوور لەکێشە و قەیران.