بەدرێژایی 20 ساڵی ڕابردوو، زۆرینەی کات دەزگا هەواڵگرییەکانی “ئەمریکا” لەڕێی پێشبینیکردن بۆ کارەساتەکان توانای خۆیان نمایشکردووە. لەم ڕێگەیەشەوە، ئەو دەزگایانە ڕێگایەکیان دۆزیوەتەوە بۆ خۆدزینەوە لە هەڵگرتنی لۆمەی ئەو کارەساتانە. لە ڕۆژی 8 ـی نیساندا، (ئەنجومەنی هەواڵگریی نەتەوەیی) ڕاپۆرتێکی دەرکرد بە ناوی “2040… ساڵی پڕ کێبڕکێترین جیهان” و، جەختی لەسەر مەترسییەکانی سەرکەوتنی “چین” کردەوە، هاوکات هۆشداری لەو مەترسییانەش دەدات کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیاوە ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە. ڕاپۆرتەکە لەتەک زانیارییە گشتییەکان، پشت ئەستووریشە بە زانیارییە هەواڵگرییەکان و سیناریۆکانی داهاتوو بۆ ساڵی 2040 دەخاتە بەر لێکۆڵینەوە. شایانی باسە؛ ئەنجومەنی هەواڵگریی نەتەوەیی هەر چوار ساڵ جارێک ڕاپۆرتێک بڵاو دەکاتەوە، جێی ئاماژەشە؛ باس لەوە بکەین کە ڕاپۆرتی ساڵی 2004ـی ئەنجومەنەکە پێشبینیی هاتنی پەتایەکی جیهانی کرد کە زیان بە ئابووریی جیهان دەگەیەنێت. ڕاپۆرتەکەش دەکرێت بەئاسانی لەڕێی ئینتەرنێتەوە سەیر بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە، پرسە تەقلیدییەکانی تایبەت بە “ئاسایشی نێودەوڵەتیی” ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە ئاسان هەستیان پێ دەکرێت. هەروەها هاوشێوەی هەر ڕاپۆرتێکی دیکە لە ئێستادا لەلایەن واشنتۆنەوە بڵاو دەکرێتەوە، ڕاپۆرتەکەی ئەنجومەنی هەواڵگریی نەتەوەییش تیشک دەخاتە سەر ڕکابەریی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەلایەک و، ڕکابەریی نێوان (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین) لەلایەکی دیکەوە. لێ بەپێی ئەوەی ئەم ڕاپۆرتە نوێیە باسی لێوە دەکات، لێکۆڵینەوەی هێزی سەربازی و ئابووری هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین بەس نین بۆ دەرککردن بە هێزی داهاتووی ئەمریکا، بەڵکو توانای پەرەپێدانی تەکنەلۆژیاکان، تۆڕە نوێکان و بنکەکانی ئاڵوگۆڕ، وەک بنکەکانی ئاڵوگۆڕی پارە و زانیاری، هەروەها توانای کۆنتڕۆڵکردنی زانیارییەکان سەرجەمیان پێکەوە رۆڵی گرنگیان دەبێت لە دەستنیشانکردنی هێزی وڵاتە ڕکابەرەکان. بۆ نموونە، ئایا چین دەتوانێت کۆنتڕۆڵی تۆڕەکانی نەوەی پێنجەم بکات کە خاوەن گرنگییەکی زۆرە، وە ئایا دەتوانێت ناردنی زانیارییەکان بۆ وڵاتانی ڕکابەر یاخود کۆمپانیاکانیان بوەستێنێت؟
لەلایەن خۆیەوە، ڕاپۆرتەکە پێشبینی دەکات کە ڕکابەریی نێوان (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین) ناگاتە ئاستێکی هاوشێوەی ئەو ڕکابەرییەی لە سەدەی ڕابردوو و لە سەروبەندی “جەنگی سارد”ـدا لە نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو هەبوو. لە سەردەمی ئەمڕۆدا، ژمارەیەکی زۆری وڵاتان خاوەن هێز و هەژموونن، وەک هیندستان، ڕووسیا، یەکێتیی ئەوروپا و یابان. جگە لەوەش، هەندێ وڵاتی هەرێمی هەن کە توانای شێواندنی سەقامگیریی جیهانیان هەیە، وەک ئێران و کۆریای باکوور.
سەرەڕای ئەوەیش؛ لە ئێستادا توانایەکی گەورەتر لە بواری بازرگانیی ئازاد لە نێوان وڵاتە جیاوازەکاندا بوونی هەیە، ئەوەیش سەقامگیری پتەوتر دەکات. بەڵام پەتای ڤایرۆسی “کۆرۆنا”ـی نوێ بوویە هۆی پچڕاندنی ئەم بازرگانییە و گەشتەکان، لە داهاتووشدا ژمارەیەکی زیاتر پەتای جیهانی دێنە ئاراوە. هاوکات ڕاپۆرتەکە هۆشداریش دەدات لە سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیای سەربازیی نوێ، ئەوەیش بەهۆی نەبوونی یاسای نێودەوڵەتی کە بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانە یاساغ بکات. جێی باسە کە لەم ڕووەوە لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم، وڵاتانی زلهێز لەسەر قەدەخەکردنی چەکە کیمیاییەکان ڕێكکەوتن، لەڕێی ئەنجامدانی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی ساڵی 1925 و ڕێککەوتنێکی دیکە لە ساڵی 1993 لەمبارەیەوە.
بەپێی ئەوەی ڕاپۆرتەکە باسی لێوە دەکات، لەمڕۆدا ئامانجگەلێکی ئابووریی نوێ و ئامانجی دیکەی نوێ هەن لەبارەی ژێرخان، بەڵام هۆی ئەوە بە بوونی یاسا و ڕێساگەلێکی نێودەوڵەتیی نوێی سالارە. هەروەها ڕێگریکردن لە هێرشەکانی هاوشێوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان دژی پێگەکانی ژێرخانی ئابووری، یاخود ژێرخانی تەندروستی، یاخود هێرشی دژی مانگە دەستکردەکان دەبنە کارێکی زەحمەتتر، ئەوەیش بەهۆی چڕبوونەوەی ڕکابەری و ململانێی نێوان وڵاتان. هاوکات بەشێکی زیاتری ڕاپۆرتەکە گۆڕانکارییە لەناکاوەکانی کەشوهەوا و ئەو پێشبینییە درێژخایەنەنانە دەخەنە بەر لێکۆڵینەوە کە نیگەرانییان لێ دەکەوێتەوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە سەرانسەری جیهاندا بەڕادەیەکی زیاتر کار دەکاتە سەر سەرجەم وڵاتان. هەروەك ئاستی ئاوی دەریاکانیش بەرز دەبنەوە، ئەو وڵاتانەیش کە بەدەست کەمیی بارانەوە دەناڵێنن لە سەرانسەری جیهاندا دووچاری وشکەساڵیی زیاتر و زۆرتر دێنەوە. کەمیی ئاو و خۆراک دەبێتە هۆی کۆچی زیاتر بەنێو سنوورەکاندا. دەتوانین ئەوە لە ئەمریکای ناوەڕاست بەدی بکەین؛ کاتێک خێزانەکان بۆ چوونە نێو (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) لە ناوچە کشتوکاڵییەکان کۆچ دەکەن و لەدوای خۆیانەوە کێڵگەگەلێکی وێران جێدەهێڵن.
لەهەمان کاتدا، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هاوکار دەبێت لە کەرتی کشتوکاڵی ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان، وەک کەنەدا. پێشبینیش دەکات کە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ململانێ لەسەر ئاو، دووچاری ئاستەنگیی زیاتر بینەوە، ئەوەیش مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ دێنێتە ئاراوە، وەک ئەوەی لە بەنداوی “ئەسیوبیا” دەیبینین. هاوکات ئەگەریش هەیە لە ماوەی بیست ساڵی داهاتوودا جەنگی زیاتر هەڵبگیرسێن و پەشێویی زیاتریش بێنە ئاراوە. ڕاپۆرتەکە ئەوەیش ڕوون دەکاتەوە کە چۆن تەکنەلۆژیا لە پرسی ئاڵنگارییەکانی ئابووری و کەشوهەوا لەهەمان کاتدا وەک چارەسەرێک و لەمپەرێکیش خۆی دەنوێنێت. ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیش هانی خەڵکان دەدەن پەیوەندی بە گرووپانێک بکەن کە هەمان فیکر بڵاو دەکەنەوە. بەم پێیە، گفتوگۆی کەمتر لەنێوان تێڕوانینە جیاوازەکان و جەمسەرگیریی سیاسی و توندوتیژیی زیاتر هەن، وەك ئەوەی لە (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا) دەیبینین. هەروەها جەمسەرگیریی پاشەکشەی متمانە لە حکومەتان.
جگە لەوەیش، وڵاتانی وەك (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوروپا، چین و یابان) پێویستییان بە دەرامەت و سەرچاوەی زیاتر دەبێت بۆ چاودێریکردن ژمارەیەکی زیاتر و زیاتر لە هاووڵاتییانی بەساڵاچوو. ڕاپۆرتەکە ئەوەیش دەخاتەڕوو کە ئەگەر هەیە مەترسییەکانی گۆرانکاریی کەشوهەوا بۆ سەر ئابووریی وڵاتان و داهاتی خێزانەکان، سەر بکێشێت بۆ جەمسەرگیریی سیاسی و تووندوتیژی، تەنانەت هەڵگیرسانی ناکۆکی و پێکدادانی تووندوتیژ لە ناوخۆی وڵاتان و لەنێوانیاندا.
لەهەمان کاتدا، تەکنەلۆژیا نوێکانی وەک زیرەکیی دەستکرد و تەکنەلۆژیای زیندەیی دەتوانن بەرهەمداریی ئابووری پەرە پێ بدەن، کە لە توانایدایە سەرچاوەی پێویست بۆ چاودێریی تەندروستی، گواستنەوە ،کشتوکاڵ و پەروەردە فەراهەم بکات. ڕاپۆرتەکە ڕاشیگەیاندووە کە کۆمەڵگە و وڵاتانی سەرکەوتوو دەتوانن کۆدەنگیی کۆمەڵایەتی دروست بکەن لەبارەی ئیدارەدانی تەکنەلۆژیا و مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. ئەو دیالۆک و گفتوگۆیانەیش کە ئەمڕۆ لە نێوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا لەبارەی ڤاکسینەکان، پاسپۆرت (تێپەڕنامە)ـەکانی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاکسین دەکرێن، جۆری ئەو ئاڵنگارییانە دەردەخەن کە ڕاپۆرتەکە پێشبینی دەکات؛ بەربڵاوتر ببنەوە. هەروەك بەپێی ڕوونکردنەوەی ڕاپۆرتەکە، زیادبوونی داهێنانی تەکنەلۆژی بۆ ئیدارەدانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکان دەوەستنە سەر ڕادەی توانای (ئەمریکا و چین) لە دۆزینەوەی ڕێگای پێکەوەژیان و هەماهەنگی.
وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا