لە سەرەتای چەرخی نوێوە و لە ماوەی سەدەی هەژدەدا، ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییەکان و چین، هێزی سیاسی و ئابووریی سەرەکی بوون لە جیهاندا (فرانک ١٩٩٨، هۆجسن ١٩٧٠). بە شوێنپێ هەڵگرتنی مەسەلەکە تا سەدەی پانزە، سەرهەڵدان و هەڵکشانی هێزی ئەوروپییەکان، دەبینین کە وردە وردە شوێنیان دەگریتەوە و “ڕکابەری و پاڵەپەستۆ دەکات لە سەر کۆڵۆنییەکان و بازاڕ و کەرەستە خاوەکان “لە ماوەی ترۆپکی سەردەمی ئیمپریالیزمدا”، کە دواجار جەنگی جیهانیی یەکەمی لێکەوتەوە (هاڵ، ٢٠٠٨: ٢٨٢). هەر لە جەنگی گەورەوە و لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٠کاندا، نزیکەی نەوەد لە سەدی ڕووبەری سەر زەوی لەژێر دەسەڵاتی هێزی ڕۆژئاوادا بوو (لۆمبا، ٢٠٠٥: ١٩ ؛ یۆنگ، ٢٠٠١: ٢)، کە ئەمەش وا لە کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژاوا و “ئیمپریالیزمی ژینگەیی” دەکات کە پێشتر نموونەی نەبێت لە مێژووی جیهاندا (کرۆسبی، ٢٠٠٩). جیهانی نوێ کە هەژموونی ڕۆژاوای بەسەرەوەیە لەمیانەی ئابوورییەکی جیهانی و سیستەمێکی دەوڵەتە نەتەوەییەکاندا سەرلەنوێ نەخشەی بۆکێشرایەوە و ئەمەش ماڵوێرانییەکی بێوێنەی بەسەر مرۆڤایەتیدا هێنا، لە بواری هەردووک ڕووەک و گیانلەبەردا (گێلڤن،2011: 9).
ئەورووپا، بێجگە لە سیاسەت و ئابووری، چەقی مێژووشی بۆ خۆی داگیر کردووە. لە ڕەخنەگرتنی هەژموونی سێنتراڵیزمی ئەوروپی لە مێژوودا دیپش چاکرابارتی ڕۆشنایی دەخاتە سەر “مێژووی وابەستە نەبوونی جیهانی سێهەم بە ڕۆژاواوە”، بە لەچوارچێوەنانی ئەو مێژووە وەک “نایەکسانی لە نەزانی و دواکەوتندا”، (چاكرابارتی، 2000: 28)، کە وا تەماشای خەڵکانی غەیرە ئەورووپی دەکرا گوایە بێ مێژوون (وۆڵف 2010) و لە لاپەڕەکانی مێژوودا بەرگرییان سڕاوەتەوە (ترۆیۆ، ١٩٩٥). بنەمای فەلسەفیی سەنتەریزمی ئەورووپایی و کۆڵۆنیالیزمی ئەورووپایی فەیلەسووفانێکی دەرکەوتوو ئامادەیان کردووە وەک جۆرج دەبلیو. ف. هیگڵ. لە دید و بۆچوونی ئەوەوە، ئەفریقا “خاکی منداڵانە” (باك مۆرس، 2000: 859)؛ هەروەها هندییە سوورەکانی ئەمریکا “ڕوون و ئاشکرا زیرەک نین” و “منداڵی ڕۆشنفکر نین” و “هندستانیش مێژووی نییە” (گوها، ٢٠٠٢: ٩، ١٠). بەو پێیە سەبارەت بە هیگڵ “کە خاوەنی سەنتەری ئەورووپایی بنەڕەتییە”، “کۆڵۆنیاڵیزم نەک هەر پاساودارە، بەڵکو پێویستیشە وەک بەشێك لە پرۆسەی دوورودرێژی سەدەکانی گەیشتن بە ئازادی” (ستۆن، ٢٠١٧: ٢٤٨، ٢٥٥).
لەلایەکی ترەوە، گەلە نائەوروپییەکان ستراتیجگەلێکی جیایان داهێنا بۆ بەرگری کە لە شیعر هۆنینەوەوە دەست پێدەکات تا شۆڕشی چەکدارانە دژ بە کۆڵۆنیاڵە ئەوروپییەکان و هاوکارە ناوخۆییەکانیان. ئاشکراترین نموونەش بۆ ئەمەی دواییان بە بێ دوودڵی شۆڕشی ١٧٩١ی هایتییەکانە، کە گەورەترین یاخیبوونی کۆیلەکانە تا ئێستا لە مێژووی جیهاندا. کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژاوایی مۆدێرن و ڕەنگدانەوە نائەورووپییەکانی بەرەوڕووی ڕەخنەی تووند بووەوە لە لایەن دەبلیو. ئی. بی. دوبۆی و ئایمێ سێسێر و فرانز فانۆن و ئەلبێر مێمی و ئێدوارد سەعید و ئێدواردۆ گالیانۆ و نگویجی ثیۆنگۆ و بێڵ هووکس و ئیسماعیل بێشکچییەوە. دەستەیەکی سرووشبەخش و بەرچاوی توێژەران دەستێوەردانێکی هێجگار بەنرخیان کردووە لەسەر فۆرمی جیاجیای پەیوەندیی نێوان کۆڵۆنیکار و کۆڵۆنیکراو لە ڕۆژاوا و بەولاوەتریش. لەم ڕووەوە دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ نموونەکانی ڕۆژهەڵاتناسیی عوسمانی (مەقدیسی، ٢٠٠٢)، کۆڵۆنیالیزمی عوسمانی (دێرینگل، ٢٠٠٣ ؛ کوهن، ٢٠٠٣ ؛ میناوی، ٢٠١٦)، پان ئاسیایی ژاپۆنی (ئێزنبێڵ، ٢٠٠٤)، بەڕۆژئاواییبوونی چینی (چێن، ١٩٩٢)، پەروەردەکردن و شیاندنی ڕۆشنبیریی ئاسیایی (دیرلیک، ١٩٩٦) و “داگیرکراوی داگیرکەر” (پاوێڵ، ٢٠٠٣).
بە پشتبەستن بە ئاوها “دنیابینییەکی جیهانی” (فرانک، ١٩٩٨: ١٥) و ڕەخنەی پۆست – کۆڵۆنیاڵ، ئەم بەشە باس و خواسێک دەڕەخسێنێت لەسەر کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی لە ماوەی نێوان دوو جەنگدا. نموونە هێنانەوەی “خەبات و تێکۆشان دژی کۆڵۆنیالیزم … لەلایەن گەلە ڕەسەنەکانەوە لە ناوچە سنوورییەکاندا (یۆنگ، ٢٠٠١ : ٣ – ٤؛ هەروەها بڕوانە دیرلیک، ٢٠٠٢: ٤٣٩)، مەسەلەی کورد بەپێی چەمکگەلی وەک “کۆڵۆنیی نێودەوڵەتی” تاقیکراوەتەوە (بێشکچی، ١٩٩٠؛ موحەممەدپوور و سولەیمانی، ٢٠١٩)، “کۆڵۆنیی ناوخۆیی” (گوینەش و زەیدانلیئۆغڵوو، ٢٠١٤؛ کورت، ٢٠١٩؛ سولەیمانی و موحەممەدپوور، ٢٠١٩)، “کۆڵۆنیی دایکانە” (تورکیلماز، ٢٠١٦) و “کۆنتراکتی تورکبوون” (ئونڵوو، ٢٠١٨)١. قەناعەتی بنەڕەتیی ئەم بەشە ئەوەیە کە ناکرێ مێژووی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی بە شێوەیەکی قەناعەتبەخش شی بکرێتەوە بە بێ ڕەچاوکردنی دروستکردنی جیهانی نوێ لەلایەن کۆڵۆناڵیزمی ئەوروپی و ڕواڵەتە “ناوخۆییە” جۆراوجۆرەکانیەوە.
پێش دەستبەکاربوون لە ڕووپێوییەکدا بۆ پەرەسەندنە سەرەکییەکانی ماوەی نێوان دوو جەنگ، پێویستە ڕۆشنایی بخرێتە سەر چەندین سەرنج و تێبینی.
یەکەم؛ ئەوە بوو کە جەنگی جیهانیی یەکەم کۆتایی بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان هێنا (ئەندەرسن، ١٩٩١: ١١٣) و بواری ڕەخساند بۆ هەژموونی پرەنسیپی سیاسی ناسیۆنالیزم کە دروشمی یەکسانی و وەکیەکیی هەڵگرتووە لەنێوان مەسەلە سیاسی و نەتەوەیی/ نیشتمانییەکاندا (گێلنەر، ١٩٨٣: ١). لەم دۆخ و سەروبەرگرتنە سیاسییە نوێیەدا کوردەکان کەوتنە ئەو بارەوە کە لەژێر دەسەڵاتی تورکیا و ئێران و ئێراق و سووریا و یەکێتیی سۆڤیێتی پێشوودا بژین. ئەوان بەزۆری وا تەماشا دەکران کە نەکوڵۆک و نەگونجاون لەگەڵ دەوڵەتدا و بەو پێیەش ئاژاوەگێڕن. بە پێی ماندێتی بەریتانی لەنێوان ساڵانی ١٩٢٠کان و ١٩٣٢دا، ئێراق وەک کەمینیەکی ئیتنیکی دانی بە کوردەکاندا ناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بژارەیەی بەریتانیا بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی عەرەبیی هەڵبژاردە لە ئەفسەرە سوونییەکان و کەسایەتییە شارستانییە ناودارەکان (سڵاگلێت، ٢٠٠٧: ٥) بوو بە هۆی بەردەوامیی ململانێ لەنێوان کوردەکان و دەوڵەتدا. بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە سووریا بە تووندی کۆنترۆل کرابوو لەلایەن ماندێتی فەرەنسیی تائیفیی (سێکتاریزمی) سەر بە کریستیانەکانەوە. یەکێتیی سۆڤیێت، کەوا کەمترین ژمارەی کوردی بەرکەوتبوو یەکەمجار بە “نەتەوەیەکی بچووک” وەسفی دەکردن، بەڵام دواتر بە “نەتەوەیەکی دژ” پۆلینی کردن.
لە نێو ئەم پێنج دەوڵەتەدا؛ تورکیا و ئێران زیاتر دەرکەوتوون لەسۆنگەی ئەو هاوشێوەییەی کە لە نێوانیاندایە سەبارەت بە بە سیاسەتەکانیان دەرهەق بە کورد. بێگومان ئەوە ئێران و تورکیان کەوا گەورەترین ژمارەی کوردیان تیدایە لە چوارچێوەی سنوورەکانیاندا و نکووڵی لە شووناسی کورد دەکەن و زۆر بەتووندی پەیڕەویی سیاسەتەکانی نکووڵی کردن و تواندنەوە و سەرلەنوێ نیشتەجێکردنەوەی زۆرەملێ دەکەن. بەگشتی ئەوە سەلمینراو و قبووڵکراوە کە یەکەم شۆڕش و بەرخودانی کورد کەوا ڕەهەندی نیشتمانیی بووبێت (ئۆڵسن، ١٩٩١؛ ڤان بروونەسن، ١٩٩٢: ٣٣٠ [n. 2])٢، شۆڕشی ساڵی ١٨٨٠ی شێخ عوبەیدوڵڵا بووە، کە لەسەر سنووری ئێران و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی هەڵگیرساوە. ڕەزاشا لەو تاقە سەردانەی دەرەوەیدا کە بۆ تورکیا کردی٣ ئەتاتورکی کردە مۆدێلێک بۆ بەرنامەی نوێکردنەوەکەی (کێددی، ٢٠٠٣: ٩٢). بە هەمان شێوە ستێفانی کرۆنین تێبینیی ئەوە دەکات، کە وەک مستەفا کەمال ئەتاتورک، “رەزاشایش هەستەوەرییەکی تایبەتی هەبووە لەوەی کە وێنەی وڵاتەکەی لای ڕۆژاوا بە شێوەی چۆلەوانی و خێڵی کۆچەر بکەوێتەوە و ئەمەش بەتایبەتی نیگەرانی دەکرد کە لای گەشتیارە ئەوروپییەکان وا کەوتووەتەوە” (کرۆنین، ٢٠٠٩: ٣٦٤ – ٣٦٥).
دووەم؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی نێوان دوو جەنگدا نەک هەر لە ڕووی سیاسییەوە پێکدەهات و گەڵاڵە دەبوو بەڵکوو لە ڕووی ئابووریشەوە هەر وابوو.
لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکەڵی ئابووریی پیشەسازیی سەرمایەداریی جیهانی کرا کە چەقی ئەوروپای ڕۆژئاوا بوو. لەو دەمەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وردە وردە تێکەڵ بەم ئابوورییە جیهانییە کرا وەک دابینکارێکی کەرەستەی خاو و هاوردەکارێکی بەرهەمە پیشەسازییەکانی ڕۆژاوا (ئیساوی، ١٩٨٢). ئەو ئیمتیازە ئابوورییانەی دەبەخشرانە بازرگانە ڕۆژاواییەکان هاوکار بوون لەوەی کە پیشەگەر و بازرگانە ناوخۆییەکان لاواز ببن و گڵۆلەیان بکەوێتە لێژی، کە بە ڕۆڵی خۆیان بزووتنەوە نەتەوایەتییەکانیان بەهێز دەکرد لەپاڵ چەسپاندنێکی تووندی سنوورە ئیتنیکی و تائیفییەکاندا. پەیدابوونی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون بە هۆی ئەوەی بواری قاچاخی چالاکیی سەرەکیی ئابووری بێت لە دۆخ و سیاقی کورددا. مارتن ڤان بروونەسن، ئەم پرۆسەیە ناودەنێت بە پەیدابوونی پیشەی قاچاخچێتی، کە وای مەزەندە دەکات ریزبەندیی سێهەمی وەرگرتبێت لە ئابووریی کوردیدا، لەپاش کشتووکاڵ و ئاژەڵ بەخێوکردن (ڤان بروونەسن، ١٩٩٢: ١٩٠).
سێهەم؛ نە کوردەکان و نە دەوڵەتە تازە دروستبووەکان هاوچەشن و قەوارەی جێگیر و چەسپاو نەبوون. کوردەکان بە پێی هەل و مەرجی شار و دێهات، چینی کۆمەڵایەتی، جەندەر، زمان، ئاین، ئایدیۆلۆجی و خێڵ دابەش بووبوون. هەروەها توانەوەی لەسەرخۆ و قۆناخ بە قۆناخیان لە دەوڵەت – نەتەوە تازە دروستبووەکاندا چینێکی تری دابەشبوونی خستەسەر. بە هەمان شێوە ساڵانی نێوان هەردوو جەنگی جیهانیش ماوەیەک بوو کە هێشتا سنوورەکان تێیدا دەڵەمە بوون و بەتەواوی نەچەسپیبوون. لەکاتێکدا کە کێشەی مووسڵ لە ساڵی ١٩٢٦دا چارەسەر کرا، بەڵام سنووری تورکیا و ئێران لە ساڵی ١٩٣٢دا ئەم شێوەیەی ئێستای وەرگرت. سنووری سووریا و ئێراقیش گۆڕانکاریی بەسەردا هات کاتێ کە ناوچەی سنجاری کوردنشین درا بە ئێراق بە پێی ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٣٣ی نیوان سووریا و ئێراق (تێجێل، ٢٠٠٩: ١١). مەسەلەی سنووری ئێران – ئیراقیش لە ساڵی ١٩٣٧دا بەتەواوی جێگیر بوو (تریپ، ٢٠٠٠: ٩٠)، لەکاتێکدا کۆماری هەتای لە دوادوایی ساڵی ١٩٣٩دا بوو بە بەشێک لە تورکیا (مەبەستی ویلایەتی ئەسکەندەروونەیە کە دەبوو بخریتە سەر سووریا – وەرگێڕ).
چوارەم؛ ماوەی نێوان هەردوو جەنگەکە خاسییەتی شۆڕش و یاخیبوونی چەکدارانەی کوردی لەخۆگرتبوو لە تورکیا و ئێران و ئێراقدا. بەزۆری ئەم شۆڕش و یاخیبوونانە جموجووڵی ئەمدیو و ئەودیوی سنوورەکان بوون کەوا فرەجار لەلایەن شێخەکان و سەرۆک خێڵەکان و مەلاکانەوە سەرکردایەتی دەکران یان ڕێکدەخران، بێجگە لەوە لەلایەن ئێنتێلێجێنتسیا (ڕووناکبیران) و ئەفسەرانی لە ڕۆژاوا خوێندووشەوە رابەرایەتی دەکران. لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت کاردانەوەی کورد کەم بکرێتەوە تەنها بۆ ڕاپەڕینە چەکدارییەکان لەدژی دەسەڵاتە زاڵ و باڵاکان، چونکە هەندێ لە خێڵ و هۆز و تاکەکەسانیش هاوکاریی دەوڵەتیان دەکرد (هامێلینک و باریس، ٢٠١٤: ٤٨). بۆ نموونە، عادیلە خانمی سەرۆکی هۆزی جاف، کە یەکێک بوو لە سەرۆکە دڵسۆزەکان بۆ بەریتانییەکان، چووە پاڵ بەریتانیا لەدژی شێخ مەحموود کاتێ کە خۆی وەک مەلیکی کوردستان ڕاگەیاند (ڤان بروونەسن، ٢٠٠١: ٩٦ – ٩٧).
پێنجەم؛ چوار ئەکتەری کارای حکوومی و ناحکوومی هەن کەوا دۆخ و سیاقی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری پێکدینن بە ڕەچاوکردنی:- بەریتانیا و فەرەنسا و کۆمەڵەی گەلان؛ دەوڵەتە تازە دروستبووەکانی تورکیا و ئێران و یەکێتیی سۆڤیێت؛ دەستەبژێری “نەریتی” و مۆدێرنی کورد و خەڵکی هەڕەمەکیی کورد. پێویستیش نییە بوترێت کەوا ئەم چوار پۆلێنکردنە بە هیچ شێوەیەک ئەوە ناگەیەنێت کە بلۆکێکی هاوچەشن و پتەو پێکدێنن. بۆ ڕوونکردنەوەش، دەتوانیت بۆچوونی دژبەیەک لەنێوان بەرپرس و کاربەدەستانی پایتەختەکان و ئەوانەی لەجێدان و لەسەر زەوی ببینیت.
خاڵی شەشەم؛ لەبارەی پێویست بوونەوەیە بە تێگەیشتنێکی وردی بەرگریی کورد، کە بەزۆری پەیوەستە بە شۆڕش و یاخیبوونە چەکدارییەکانەوە. پێدەچێت ئەم تەرکیز کردنە گونجاو نەبێت چونکە ئەو ڕێگایانە ڕەچاو ناکات کە خەڵکە ئاساییەکە کاردانەوەیان لە بەرانبەردا سەپاندنی سنوور و شووناس و زمانە نیشتمانییەکاندا هەیە. بۆ نموونە، لە شۆڕشی چیای ئاراراتدا، ئافرەتان تەنها لە پشتی هێڵی بەرەی شەڕەوە هەلهەلەیان نەکێشاوە (یوکسەڵ، ٢٠١٦: ٦٦٦)، بەڵکو چالاکانە بەشداریش بوون لە پێکدادانی چەکداریدا (فۆربێس، ١٩٣١: ٢٦٤). کوردەکان لە ئێراقدا، بێجگە لە بایکۆت کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش لە مانگی ئەیلوولی ١٩٣٠دا (حەسەنپوور، ١٩٩٢: ١٠٩)، ژمارەیەک برووسکەی ناڕەزاییان نارد بۆ کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٣٠دا، سەبارەت بە مافەکانیان (سڵاگلێت، ٢٠٠٧ : ١٢٩ – ١٣٠).
دواجاریش، هێزە ئەوروپییەکان و دەوڵەتان و دەستەبژێرە کوردەکان شەڕی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی کوردبوونیان دەکرد. بۆ نموونە، رووناکبیرانی کورد لە ڕێگەی پەندی پێشینانەوە داواکاریی نەتەوەییان دەردەبڕی لە جۆرناڵی ژینی کوردیی عوسمانیدا لە دوادوایی ساڵی ١٩١٨ و سەرەتای ١٩١٩دا (کڵەین، ٢٠٠٠). لەلایەکی ترەوە، ناسیۆنالیستە تورک و ئێرانی و ئێراقییەکان “ڕکابەرییان دەکرد بۆ تێکەڵکردن و توواندنەوەی کوردەکان لە نێو ئایدیۆلۆجییە ناسیۆنالیستییەکانی خۆیاندا (ڤیجدانی، ٢٠١٥: ١٣٣). لەکاتێکدا کەوا کوردەکان لە تورکیادا بە “تورکی شاخاوی” ناودەبران (ئەلفینستن، ١٩٤٩: ٩٧)، لە ئێراندا وا تەماشا دەکران کە ئێرانیی ڕەسەنن و بە درێژایی مێژوو بەرگرییان لە ئێران کردووە دژ بە داگیرکەرانی بێگانە (ڤیجدانی، ٢٠١٥: ١٣٣)، ئەمە و ئەگەر یەک لە “ڕەگەزە خێڵەکییەکانی” ئێران نەبووبێتن (وێننەر، ١٩٦٣: ٦٩). بەڵام بەریتانی و فەرەنسییەکان کوردیان وەک خێڵە سەرەتاییەکان دەبینی و یەکێتیی سۆڤیێتیش وای ڕیزبەند کردبوون کە یەکێکن لەو “گەلانەی لە ڕووی کولتوور و فەرهەنگەوە دواکەوتوون”.
“تورکیا”
پەیماننامەی سیڤەری ساڵی ١٩٢٠خاکی جارانی دەوڵەتی عوسمانیی لە نێوان هاوپەیماناندا دابەش کرد٤ و داوای دروستکردنی دەوڵەتی بۆ کورد و ئەرمەن کرد. لە ساڵی ١٩١٩ش بەملاوە، مستەفا کەمال جەنگی ڕزگارکردنی تورکیای ڕێکخست دژ بە داگیرکردنی ڕۆژاوا، شان بە شانی جەنگی جیهانیی یەکەم، جەنگی سەربەخۆیی تورکیا بوونی دانیشتوانی گریک و ئەرمەنی لە ئەنەدۆڵدا کۆتایی پێهێنا (گينگێراس، 2011). لێرەدا جێی سەرسوڕمان نییە کەوا ئەو نامانەی مستەفا کەمال لە ساڵی ١٩١٩دا ناردنی بۆ سەرۆکە کوردەکان و ئاماژەی بۆ “هەڕەشەی ئەرمەن” کردووە و ئەمانی بە هۆکاری ڕزگارکردنی سەڵتەنەت و خەلافەت داناوە (ئەتاتورک، ٢٠٠٠: ٩٣٧ – ٩٤٥). مستەفا کەمال، لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆیدا پێش ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا لە ٢٩ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٣دا، دەڵێت؛
“بەپێی دەستوورمان، جۆرێک لە ئۆتۆنۆمیی ناوخۆیی دەبێ بدرێت. بەو جۆرە، ئەو ویلایەتانەی کە کوردیان تێدا نیشتەجێیە بە شێوەیەکی سەربەخۆیی حوکمی خۆیان دەکەن … ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا لە نوێنەرانی هەردوک کورد و تورک پێکدێت و ئەم دوو گەلە بەرژەوەندی و چارەنووسی خۆیان یەکخستووە (یادرگی، ٢٠١٧: ١٦٣)”.
هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت لە ساڵی ١٩٢٤دا لەلایەن کەسایەتییە دیندار و ناودارەکانی کوردەوە وا لەقەڵەمدرا کە “کۆتایی ئەو تاکە زەمینە هاوبەشەیە کەوا لەنێوان کورد و تورکدا ماوەتەوە (بۆزئەرسەلان، ٢٠٠٨: ٣٣٨). ئەوجا بە دوای ئەمەدا، ژمارەیەکی زۆری شۆڕش و یاخیبوونی کورد بەرپاکرا لە ساڵی ١٩٢٤وە بۆ ساڵی ١٩٣٨.
“مەتی تۆنجای” تێبینیی ئەوە دەکات کەوا ناوچەکانی ڕۆژهەڵات لە نێوان ساڵانی ١٩٢٤ و ١٩٣٨دا لە حاڵەتێکی هاوشێوەی جەنگی ناوخۆییدا بووە (تونجای، ١٩٩٩ : ١٣٤).
سێ ساتەوەختە گرنگەکە بریتی بوون لە شۆڕشی “شێخ سەعید” لە ساڵی ١٩٢٥دا و شۆڕشی چیای ئاراراتی ساڵی ١٩٢٧ – ١٩٣٠ و “دامرکاندنەوەکەی” ناوچەی دەرسیمی ساڵانی ١٩٣٦ – ١٩٣٨. لە ساڵی ١٩٢٣دا “دەستەبژێری شار و ئەریستۆکراتە خۆشگوزەرانەکان و ڕۆشنبیران و گەورە کاربەدەستانی ئەستەمبووڵ و هەندێ کەسایەتیی ئاینی” هاوشان لەگەڵ “ئەفسەرانی سووپادا”، “جڤاتا ئازادیی کورد” (کۆمەڵەی ئازادیی کوردیان) دامەزراند و هاوکاریی ئامادەسازیی شۆڕشی شێخ سەعیدیان کرد (هیچنس، ٢٠١٨: ٢٥ – ٢٦). شۆڕشەکە لە ماوەی دوو مانگدا تێکشکێنرا و “شێخ سەعید” و سەرکردەکانی لە حوزێرانی ١٩٢٥دا لە دیاربەکر لەسێدارە دران. لە ماوەی دادگایی کردنیاندا ئەحمەد سورەیا ئۆرگیڤرنی داواکاری گشتی، ئیسمەت ئینۆنۆی سەرۆک وەزیرانی ئاگادار کردەوە لەبارەی بۆچوونیەوە سەبارەت بە دەستەبژێری سیاسیی کورد و دەڵێت “ئەوە پیرۆزترین ئامانجی ئەم ڕۆحەیە کە بمرێت یان بکوژرێت. بەو پێیە تەواوی ئەو کەسە زیانبەخشانەی دەکرێ ببنە سەرکردە لە کوردستاندا بە هیچ شێوەیەک نابێ ببەخشرێن” (ئەنگۆر، ٢٠١١: ١٣٠). لەکاتێکدا کە شەپۆل لە دوای شەپۆلی ئەو کورد و ئەرمەنانەی مابوونەوە هەڵدەهاتن بۆ ناوچەی جەزیرەی سووریا (ئەڵتوغ، ٢٠١١: ٧٥)، ئەوە هەزارانیان سەرلەنوێ نیشتەجێ دەکرانەوە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای تورکیادا.
شۆڕشی چیای ئارارات (لە ئەدەبیاتی کورددا زیاتر بە شۆڕشی ئاگری داغ باس دەکرێت – وەرگێڕ) لەلایەن ڕێکخراوی خۆیبوونی نەتەوەییەوە ڕێکخرابوو کە بنکەکەی لە سووریا بوو. شۆڕشەکە لەسەر سنووری تورکیا و ئێران بەرپاکرا و بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەشی هەردوو دەوڵەت لەناوبرا. عیسمەت ئینۆنۆی دووەم سەرۆک کۆماری تورکیا، شۆڕشی چیای ئارارات بە “بزووتنەوەیەکی کوردستانی” ناودەبات (یوکسەڵ، ٢٠١٦: ٦٦٠). سێهەم بەرەنگاربوونەوەی چەکداری لە دەرسیم بەرپابوو. لە کاتی ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا لە دەرسیم ساڵانی ١٩٣٦ – ١٩٣٨، هەزاران کەس کوژران و هەزارانی تریش ڕاگوێزران بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای تورکیا و لەوێ سەرلەنوێ نیشتەجێ کرانەوە (بێشکچی، ١٩٩٢). ئەو کچەی کە ئەتاتورک بە منداڵی هەڵیگرتبووەوە، بە ناوی سەبیحە گوێکچەن، یەکەم ژنی فڕۆکەوانی سەربازیی تورکیا بوو و یەکەم فڕۆکەوانی جەنگیش بووە لە جیهاندا، کە ئەمیش چالاکانە بەشداری کردووە لەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەدا (ئاڵتينای، 2004: 33- 58).
دەوڵەتی تورکیا، لەپاڵ پرۆژە سەبازییەکەیدا، هەوڵی ئەوەشی دەدا کە سەرلەنوێ مەسەلەی کوردبوون و تورکبوون دابڕێژێتەوە. لە دوای چەندین مانگ لە سەرکوتکردنی شۆڕشەکەی شێخ سەعید نەخشە و پلانی چاکسازیی ڕۆژهەڵات ئامادە کرا (شەرق ئیسڵاحات پلانی). پلانەکە کۆمەڵێکی بەرفراوانی ئیجرائاتی خوێندن و فێرکردن و دیمۆگرافی و کارگێڕیی خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە کەوا لەو ناوچانەدا جێبەجێ بکرێت کە کوردیان تێدا نیشتەجێ بوو (بەیراک، ٢٠٠٩). ئەوجا لەبەر ئامانجی گشتگیری بە تورککردنی پلانەکە، مەسعوود یەغەن بە شێوەیەکی گونجاو ناوی دەنێت “دەقی ڕێنماییکاری کۆمار لە سیاسەتە کوردییەکەیدا” (یەغەن، ٢٠٠٩: ١٤). ئاراسی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نۆڤەمبەری ١٩٣٠دا بە نوێنەرانی بەریتانیی کۆمەڵەی گەلانی وتووە لە جنێڤ لەبارەی “ئەگەری بوونی کۆڵۆنی کردنێکی تورکیی چڕەوە لە پاشەڕۆژدا بۆ خنکاندنی کورد لە ناو ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی تورکدا” (یادیرگی، ٢٠١٧: ١٨٠). سەرباری ئەوەش، زمانی کوردی بەئاشکرا قەدەغە کرا و کورد بە بەشێک لە گەلی تورک لەقەڵەم درا (ئایتورک، ٢٠١١: ٣١٢).
سەبارەت بە بوونیادنانی تورکبوون، کۆماری کەمالی هەوڵی ئەوەی دەدا نەتەوەیەکی تورکیی هەمووار و هاوچەشن دروست بکات و بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵەی مێژووناسیی تورک و کۆمەڵەی زمانی تورکی دامەزران و ئەلفبێی لاتینی بۆ زمانی تورکی قبووڵ کرا. هەروەها بوارەکانی مێژوو، ئەنسرۆپۆڵۆجی و ئارکیۆلۆجیش بڵاوکرایەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەگەز و کولتوور و مێژووی تورک (بێشکچی، ١٩٩١؛ هۆستۆن، ٢٠٠٩؛ مەقسوودیان، ٢٠١٦). “تێزی مێژووی تورک” و “تیۆریی زمانی خۆر Sun – Language Theory” پێدەچێت کاری خۆیان کردبێت بۆ سەرکەوتن بە سەر گرێی کەمیی لە بەرانبەر ڕۆژاوادا لە ڕێگەی سەلماندنی ئەوەوە کە ڕەگەزی تورک دامەزرێنەری شارستانییەکانە (فانۆن، 1967). ئافێت ئینان یەکێک بووە لە کەسایەتییە پێشەنگەکانی پەرەپێدانی تێزی مێژووی تورک. ئەم خانمە مامۆستای مێژوو بووە و لە ساڵی ١٩٣٩دا لە زانکۆی جنێڤ بە سەرپەرشتیی ئیوجین پیتارد دکتۆرای وەرگرتووە (ئەتاکومان، ٢٠٠٨: ٢٢٣، ٢٢٥). لە نمایشێکیدا کە لە یەکەم کۆنگرەی مێژووی تورکیادا بەڕێوەچوو، لە ٢ – ١١ی تەمووزی ١٩٣٢، ئینان تێبینیی ئەمەی خوارەوەی کردووە “ڕەگەزی ڕاستەقینەی دایکی ئەو گەلە شارستانییانەی بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە تورکە (ئەتاکومان، ٢٠٠٨: ٢٢١). لە ماوەی شۆرش و یاخیبوونەکاندا، وا تەماشای کوردبوون دەکرا وەک ئەوەی نوێنەرایەتیی دڕندەیی و دواکەوتوویی بکات لە بەرانبەر ئیتنیکی تورکیدا کە وا تێیدەڕوانرا نوێنەرایەتیی شارستانییەت و شۆڕش دەکات (بۆزئەرسەلان، ٢٠٠٢: ٤٤٨). بەو پێیەش، “نکووڵی کردن و سەرکوت کردنی شووناسی ئیتنیکیی کورد” وا لێکدەدرایەوە کە “پێویستییەکی نیشتمانی و شارستانییە” (زەیدانلی ئۆغڵوو، ٢٠٠٨). لە ساڵی ١٩٢٨ و سەرەتایەکی زووی کۆماری تورکیادا، لە لایەن خالیدە ئەدیبەوە ڕۆمانێک بڵاوکرایەوە بە ناونیشانی Zeyno’nun O˘glu واتە (کوڕەکەی زەینۆ)، کەوا کارێکی ئەدەبیی دەرکەوتوو بوو لەم بوارەدا و ئەو ڕووداوانە باس دەکات کە لە دیاربەکردا ڕوویانداوە لەپێش شۆڕشەکەی شێخ سەعیددا. ڕۆمانەکە لە گەلێ شوێندا کورد دەشوبهێنێت بە ئاژەڵ (ئەدیڤار، ٢٠١٠). لەکاتێکدا وتارێک لە ڕۆژنامەی جمهوورییەتی ڕۆژانەدا لە ١٣ی تەمووزی ١٩٣٠دا بڵاوکراوەتەوە، کە کورد بە هاوشانی “ئاژەڵی ئاسایی” و “بەربەرییە ئەفریقییەکان” دادەنێت (ئونگۆر، ٢٠١١: ١٤٨؛ هەروەها بڕوانە ئوێزبیلگە، ٢٠٢٠: ٨٩ – ١٤٠)، زنجیرەیەک نووسین و وتار بڵاوکراوەتەوە لەلایەن یوسف مەزهەری ڕۆژنامەنووسی نەتەوەپەرستەوە لە هەمان ڕۆژنامەدا لە ئابی ١٩٣٠دا کە باس و خواسی زۆری پێیە لەبارەی کوردەوە و نووسیوێتی؛
“هەرچەندە ڕەنگە ئەوان بەهێز و بەتواناتربن لە سوورپێستەکانی ئەمریکا، بەڵام تا بڵێی دڵڕەق و بە خوێن تینوون و لەمەدا مێژوو شایەتمە … ئەوان بەتەواوی بێبەرین لە هەستی ئەرێنی و مۆراڵی شارستانی و ئەوە چەندین سەدەیە ئەمانە درم و پەتان بۆ ڕەگەزی ئێمە … ئەمانە لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیادا نەیاندەهێشت لە چیاکان دابەزنە خوارەوە، چونکە هیچ ژیانێکی مرۆڤانە و شارستانییان نەدەگوزەراند و بەو پێیە ئەم مەخلووقانە بەڕاستی هیچ مەیل و خواستێکیان نیە کە سوود لە شارستانییەت ببینن… بە ڕای من ڕۆحی تەڵخ و تاریک و حاڵەتی ئەقڵیی کرچ و کاڵ و خوو و ڕەوشتی بەدی ئەم بۆرە کوردە مەحاڵە چاک ببێت (ئونگۆر، ٢٠١١: ١٨٤)”
سدیقە ئاڤاری بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی ئێلازیغ بۆ کچان، چووە پاڵ بەرەی ئەدەبی و ئایدیۆلۆجی و میلیتاریی ژنانی تورکی وەک خالیدە ئەدیب و ئافێت ئینان و سەبیحە گوێکچەن. ئەو هەر دوابەدوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دەرسیم، ئینستیتیوتی ئێلازیغی بۆ کچان کردەوە بۆ بەشارستانی کردن و بەتورککردنی کچانی دەڤەری دەرسیم. کاتێ ئەم پرۆژە تایبەتە خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و بەراورد لەگەڵ قوتابخانە زۆرەملێکانی کچانی خەڵکە ڕەسەنەکانی ئوسترالیا و ئەمریکا، زەینەب تورکیلماز ڕاوبۆچوونی وابوو کە سدیقە ئاڤار نموونەیەکی ڕەسەنی ژنە قارەمانێکی نەتەوەییە لە “پرۆژە سیمبۆڵییە توندوتیژەکەی کۆڵۆنیالیزمی دایکایەتیدا” (تورکیلماز، ٢٠١٦: ١٦٢).
“ئێران”
لە سەدەی نۆزدە و بەملاترەوە، ڕووسیا و بەریتانیا بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لە ئێراندا هێندە بەهێز بوو کە وایکردبوو سەربەخۆیی ئێران “تەنها هەر بە فەرمی بێت” (کێددی، ٢٠٠٣:٣٤، لە بنەڕەتدا جەختی لەسەر کراوە). دەسەڵات گرتنەدەستی ڕەزاشا لە نیوەی یەکەمی ١٩٢٠کاندا لەگەڵ ماوەیەکدا یەکدەگرێتەوە کە دەسەڵاتێکی سیاسیی ناوەندی لەئارادا نەمابوو٥. بۆ نموونە، سەرکردەی بەلووچ دۆست محەممەد خان سکەی پارەی بە ناوی خۆیەوە لێدابوو (کرۆنین، ٢٠٠٩: ٣٦٤). پێدەچێت ئەمەش هۆکار بووبێت بۆ ئەوەی ڕەزاشا بەتووندی پابەندی ناوەندێتی و ناسیۆنالیزمی ئێرانی بووبێت (پەهلەوی، ١٣٨٦ / ٢٠٠٧).
گرنگترین بزووتنەوەی کوردی لە ئێراندا لەلایەن ئیسماعیل ئاغای شکاکەوە، کە بە سـمکۆ ناسرابوو، سەرکردایەتی کرا و سەرۆکی کۆنفێدراسیۆنی خێڵەکیی شکاک بوو (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣: ٧٤ – ٧٥). ئامانجی سمکۆ تۆڵەکردنەوەی کووشتنی جەعفەر ئاغای برا گەورەی بوو کە “تەرمەکەیان پارچە پارچە کرد و بە دەروازەی سەربازگەی شاردا هەڵیانواسیبوو” (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣: ٨٢). سمکۆ لای کورد بە سەرۆکێکی جەربەزە و گرنگ دادەنرا و بە هەمان شێوەش لەلای حکوومەتەکانی سۆڤیێت و تورکیا و ئیرانیش (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣: ٧٥). سمکۆ، کە لە ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩٢٢حکوومەتێکی سەربەخۆی دامەزراندبوو لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری دەریاچەی ورمێدا و سووپایەکی بەهێزی پیکەوەنابوو و چەندین جار ڕووسیا و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێرانی بەزاندبوو. هەروەها پەیوەندییەکی بەردەوامی هەبوو لەگەڵ کەسایەتییە کوردە کاریگەرەکانی وەک شێخ تەهای کوڕەزا و جێگرەوەی شێخ عوبەیدوڵڵا. لە ساڵی ١٩١٨دا لەگەڵ مار شەمعوونی سەرۆکی ئاشوورییەکاندا کۆبووەتەوە بۆ قسەکردن لەبارەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی داهاتوویان دژ بە تورکیا و ئێران، بەڵام لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا مار شەمعوون و هەر سەد و پەنجا پیاوەکەی کوشتووە (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣: ٧٦ – ٧٧). سمکۆ هەفتەنامەیەکی بە زمانی کوردی و فارسی دەرکردووە بە ناوی ” کورد” (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣: ٨٠ – ٨١). ئامانجە نەتەوەییەکانی سمکۆ دەکرێت لەم سەرنج و تێبینییانەی خوارەوەدا ببینرێن؛
“بڕوانە چۆن نەتەوە بچووکەکانی جیهان، کە بە قەد چواریەکی قەبارەی خێڵە کوردەکان نابن، سەربەخۆیی خۆیان وەرگرتووە لە حکوومەتە گەورەکانی وەکو ئەڵمان. ئەگەر ئەم گەلە مەزنەی کورد مافەکانی خۆی لە ئێران وەرنەگرێت، ئەوە مردنی زۆر باشترە لە ژیان و خۆ ئەگەر حکوومەتی ئێران ئەو مافە بدات یان نە ئەوە ئێمە کوردستان دەکەینە دەوڵەتێکی سەربەخۆ (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣: ٨٥ – ٨٦)”.
هەوڵدانی یەک لە دوای یەکی سمکۆ بۆ گێڕانەوەی هێز و دەسەڵات نەهاتە بەر و لە ساڵی ١٩٢٩دا لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بانگهێشت کرا و لە بۆسەیەکی دەوڵەتیشدا کوژرا (ڤان بروونەسن، ٢٠٠٦: ٩١).
دووەم بەرەنگاربوونەوەی گرنگی چەکدارانە، شۆڕشی چیای ئارارات بوو کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ئیحسان نوورییەوە سەرکردایەتیی دەکرا، کەوا ئەفسەرێکی پێشتری عوسمانی بوو. ڕێکخراوی نەتەوەیی خۆیبوون لەلایەن دەستەبژێرانی “نەریتی” و مۆدێرنی کوردەوە ساڵی ١٩٢٧ لە بەیروت دروستکرا (تێجێل، ٢٠٠٩: ١٧). کۆمەڵەی خۆیبوون، شانبەشانی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە حکوومی و ناحکوومییەکاندا و بە دیاریکراویش ئۆپۆزسیۆنی ئەرمەنی و تورکی لە سووریادا، “بوو بە ئەکتەرێکی بنەڕەتیی هەرێمی لە ماوەی شۆڕشی چیای ئاراراتدا (گۆرگاس، ٢٠١٤ : ٨٤٦ ؛ بە هەمان شێوەش بڕوانە ئەڵەکۆم، ٢٠١١). هەروەها لەم شۆڕشەدا سەرکردەی ئەفسانەیی وەک فەرزەندە بەشدار بوون کە بەیت و باوی دەماودەمی لەبارەوە دەهۆنرایەوە. شۆڕشی ئارارات بە شێوەیەکی تایبەتی یەکلاکەرەوە بوو و سنووری ئەمڕۆی نێوان تورکیا و ئێران ئەنجامی ئاڵوگۆڕی زەویی نێوان هەردوو لا بوو بۆ ئەوەی بتوانن کۆنترۆڵی یاخیبووان بکەن. بێجگە لەوەش، تورکیا و ئێران هاوکاریی یەکتریان دەکرد بۆ سەرلەنوێ نیشتەجێکردنەوەی ئەو کوردانەی لەسەر سنوورەکان و لە ناوچەکانی ناوەوە دەژیان، بۆ ئەوەی ڕێگە لە “کێشەی” زیاتر بگرن (پەهلەوی، ١٣٨٦ / ٢٠٠٧: ٢٢٥، ٢٢٨ – ٢٢٩، ٢٣٣، ٢٤٦، ٢٤٧، ٢٤٩). لەولاشەوە سۆڤیێتیش هێزەکانی خۆیان لە بەرانبەر چیای ئاراراتدا مۆڵ دا بۆ دڵنیابوون لەوەی کەوا کوردەکان ناپەڕنەوە بۆ ناو خاکی ڕووسیا (یوکسەڵ، ٢٠١٦: ٦٦١). دواجار هەر تەنها سەرکردەکانی شۆڕشەکە دوور نەخرانەوە و زیندانی نەکران، بەڵکو ژنەکانیشیانی گرتەوە و لەوانە رووبابیی ژنی برۆ حەسۆ و بیسرای ژنی فەرزەندە و منداڵەکانیشیان خرانە ژێر چاودێرییەوە لە ئێران (بەیات، ١٣٤٧ / ١٩٩٥ : ١٧٩ – ١٨٠).
هەروەها ڕاپەڕینی تریش بەرپاکران لە مەودا و ئاستی بچووکتردا. لە کانوونی دووەمی ١٩٢٩دا، بە دەوری باشووری ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێدا، سەرکردەیەکی ئاینی بە ناوی مەلا خەلیل دەستی دایە چەک و ڕاپەڕی. ئەم شۆڕشەی مەلا خەلیلیش کە پان کوردی و نەتەوەیی بوو. ڕاپەڕینەکە کە مەزەندەی هێزەکەی بە پانزە هەزار پیاو دەکرا لە کانوونی دووەمدا (کرۆنین، ٢٠٠٧ : ١١٦)، تا حوزێرانی ١٩٢٩ بەردەوام بوو و پاشان هاتە کۆتایی، چونکە زەخیرە و فیشەک و تەقەمەنیی هاتە کەمی و پشتیوانیی بەرفراوانیشی نەبوو (کرۆنین، ٢٠٠٧ : ١١٦).
بڕێکی ڕوولەزیادی باس و توێژینەوەی ڕەخنەگرانە لەبارەی مێژووی نوێی ئێرانەوە هەیە، کە لە دروستبوونی ئێرانی نوێ دەدوێت لە پەراوێزەوە. توێژینەوەکان پەردە لەسەر دیاردەی جۆراوجۆری ناسیۆنالیزمی ئێرانی لادەدەن وەک پرۆژەیەکی ڕەگەزپەرستی ئاریایی و ڕۆژهەڵاتی بۆ ملکەچ کردنی کۆمەڵگە غەیرە فارسەکان بۆ ناسیۆنالیزمی ئێرانی کەوا چەقی شیعەگەرای فارسی بێت (ئەسغەرزادە، ٢٠٠٧ ؛ ئێلینگ، ٢٠١٣، محەممەدپوور و سولەیمانی، ٢٠١٩، ساڵح، ٢٠١٣، وەزیری، ١٩٩٣). سەردەمی ڕەزاشا لەپێشەوە دێت بۆ دروستکردنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی. مەسەلەکە وا دەگەیەنێت کە هاوتەریب لەگەڵ مۆدێرنیزە کردن و بەناوەندی کردن، ناسیۆنالیزم یەکێک بووە لە سێ ئامانجەکەی کەوا مۆرکی سەردەمی ڕەزاشا بووە (ماتهی، ٢٠٠٣: ١٢٨). بە پێی ئەم دیدگایە “دەوڵەتی نوێی ئێران کۆمیونیتیی فارس بەوە دەسنیشان دەکات کە نەتەوەی ئیتنۆ- کولتووری چەق و بنەڕەتییە لەم پرۆسەیەدا و بە شێوەیەکی کاریگەرانە کۆمیونیتییە ئیتنیکییەکانی تری پەراوێز خستووە لە ئێراندا (کابی، ٢٠١٧ : ٢). لەکاتێکدا بەکارهێنانی زمانەکانی کەمینە قەدەغە کرا و جل و پۆشاکی ئیتنیکیش بوو بە نایاسایی (کلێڤلاند و بونتۆن، ٢٠٠٩ : ١٨٩). بۆ نموونە، ئوستانداری کرماشان لە کوردستان، لە سالی ١٩٣٦دا ڕینماییەکی بۆ ناوچەکان ناردووە و هۆشداریی داونەتێ لەسەر ئەو “نەریتە دزێوەی” پۆشینی ڕووبەند لە ناو ژنانی شارستاندا و داوا لە کاربەدەستانی حکوومەت کراوە کە جەخت لەسەر ئەوە بکەن کەوا “ژنە جووتیارەکانی ناوچەی کرماشان) دەبێ وەک ژنانی شارستانیی جیهان دەربکەون” (شەهابی، ١٩٩٣: ٢٢٦)٦. هەروەها ناسیۆنالیزمەکەی ڕەزاشا لەوەشدا دەبینرا کە “هەموو شتێکی فارسیی بە فەرمی سەپاندبوو وەک پۆشاکی یونیفۆرم و تەنها بەکارهێنانی زمانی فارسی لە سیستەمی خوێندندا” و “ئاهەنگ گێڕانی شۆڤێنی بە مێژووی دێرینی وڵات و ڕابوردووی شکۆدار (ماتهی، ٢٠٠٣ : ١٣٧، ١٣٩).
وەک لە حاڵەتی حوسەین کازمزادە ئیرانشەهردا دەردەکەوێت و ڕۆژنامەکەیدا کە ناوی لێ نابوو ئیراشەهر، دەستەبژێرە ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانیش بەشدار بوون لە پرۆژەی بوونیادنانی نەتەوەی ئێرانیدا لە ڕێگەی بڵاوکراوە و چاپەمەنییەکانیانەوە (کێددی، ٢٠٠٣: ٨٣). هەروەها دەسەبژێرە ناسیۆنالیستەکان خێڵ و هۆزەکان و کۆچەرەکان و غەیرە فارسەکانیشیان دەستنیشان کردبوو لە پرۆژەکانی بەشارستانی کردن و بوونیادنانی نەتەوەدا. ئەوان کۆچەر و هۆزەکانیان وا لەقەڵەم دەدا کە “دژبەری مۆدێرنیزەن” و بە هەمان شێوە وەک “خەڵکی سەرەتایی و سیمبۆڵی دواکەوتوویی ئێرانیان دادەنان” (کرۆنین، ٢٠٠٩: ٣٦٤). وەک کەمال سولەیمانی مشتومڕی لەسەر دەکات، گووتاری دانانی کۆچەر و هۆزەکان و کوردەکان وەک هێزگەلێکی پێش مۆدێرنیزەی دژ بە نوێخوازیی دەوڵەت، ئەمانە دەخاتە دەرەوەی گووتاری دەسەڵات و “ئەو میکانیزمانە کورت دەکاتەوە کە لەلایەن هاوکاران و پشتیوانانی کۆڵۆنیالیزمەوە بەکارهاتوون کاتی کە پشتیان بەست بە ڕۆشنگەریی گوتارە ئەوروپییەکان بۆ پاساودانی پەیامە شارستانییەکانیان” (سولەیمانی، ٢٠١٧: ٩٥٩).
نووسین: مەتین یوکسەڵ
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق