ڕەشاد موفتی، زانا و دانای کورد، لە سەروبەندی دەسپێکی ج.ج۱ لە ماڵباتێکی خانەدان و زانستپەروەر لە قەڵای هەولێر لەدایک بووە، ئەو لە ساڵانی پەنجاوە بڕیاری دا، وتاری هەینی بە زمانی کوردی لە مزگەفتی گەورەی قەڵات بخوێنێتەوە و لەو ڕێچکەشکێنییەشی ساڵانی ساڵ بەردەوام بوو. دوای ڕووخانی وەسمانییەکان، بەڕوونی جێدەستی لەسەر بوژانەوەی زمانی کوردی و کاڵکردنەوەی زمانی تورکی و عارەبی لە هەولێر دیارە.
مەولوودنامەی موفتی، کە هەنگینێ گیوی موکریانی لە چاپخانەکەی خۆی بۆی چاپ کرد، جێی سەرنج و هەڵوەستەکردنی دووبارەیە، ئەو ڕۆژگارەی قازی ئەو مەولوودنامەیەی بەکوردی نووسیی، خەڵکانێکی نەزان و نادان بەسووکییەوە لەو زمانەیان دەڕوانی و تەشەرەیان لێ دەگرت، خەڵکانێکی زۆریش زمانی شیریی خۆیانیان لێ گۆڕا بوو، زمانی تورکی و عارەوی مۆخی شاری خواردبوو، رەشادەفەندیش لەنێو ئەو ژینگەیە بەکوردی مەولوودنامەی داڕشتەوە.
پێشەکیی مەولوودنامەکە بالکێشە، چونکە لەودیوی دێڕە شیعرەکان ڕۆن ئەوە دەبینرێت، کە چ هەست و ڕەشیدییەک مامۆستای بەرەو ئەو مەولوودنامەیە دنە و هان داوە.
بەو زمانــــی کوردییەی شیـــــــرین زمان
بەحسی گەورەیی هەردووعالەم بکەم بەیان
با نەڵێن کــــــــوردی نییە مەدحــــــی نەبی
من وەهام نووســــی کە کەس قسەی نەبی
لەودیوی ئەو دێڕانەوە ململانێ فەرهەنگییەکەی ئەوسای هەولێر ڕوون دەخوێنرێتەوە، ئەوەش دەخوێنرێتەوە، کە خەڵکانێک بەنزمییەوە لە زمانی کوردییان ڕوانیوە و پێیان وا بووە، کە زمانی کوردی ئەوەی لەباردا نییە، کە مەولوودنامەی پێ بنووسرێتەوە، [با نەڵێن کوردی نییە مەدحی نەبی] واتە خەڵکێک هەر گۆتەگۆتەی ئەوەیان بووە، کە بە زمانی کوردی ناتوانرێت مەولوودنامە بنووسرێت و ئەوەش موفتیی ئێشاندووە.
موفتی بەوپەڕی بوێرییەوە مەولوودنامەیەک بەکوردی دەنووسێت، نەک هەر بەکوردینووسین بە شایەن و لەبار دەزانێت، بگرە دەیەوێت لە قەوچەی ئەو کەسانەش بداتەوە، کە قسەی لەو جۆرەیان دەکرد، [من وەهام نووسی کە کەس قسەی نەبی] واتە قسەلۆکی: زمانی کوردی هی مەولوودنامان نییە.
ئەم مەولوودنامەیە تەنیا لە دووتوێی کتێب نەمایەوە، بەڵکوو کەوتە سەرزاری هەموو هەولێرنشینان و ئیتر لە دەسپێکی کۆڕ و مەولوودەکان لەجێی تورکی و عارەوی و فارسی بە زمانی کوردی مەولوودنامە دەخوێنرایەوە. واتە جگە بەنووسین، موفتی بە کردەییش زمانی کوردی لەنێو خەڵکی ڕەمەک و سادەی هەولێر زیندوو کردەوە. هەشتا ساڵ زێترە، نەوای ئەو مەولوودنامەیە بە زمانی کوردی لە ئاسمانی ئەو شارە دەنگ دەداتەوە. کەسێ مێژوو و پێوەندیی نێوان هەولێر و مەولوود بزانێ، دەزانێ کە موفتی بەو کارەی چۆن ڕوانگەی ئەو خەڵکەی بەرانبەر زمانی کوردی گۆڕی.
لە هەمووی سەرنجکێشتر لەبەرچاوم، پێناس و تاریفی زمانی کوردیییە بە [بەو زمانی کوردییەی شیرین زمان] زۆر شیرینە، کە مەلایەکی شیرینی کورد، بەو شیرینییەوە ناوی زمانی کوردی دەبات. خەڵکانێکی ئەفەندی ئێستە ڕەخنە لە گوزارەی [زمانی شیرینی کوردی] دەگرن و بە دەربڕینێکی رەگەزپەرستانەی دادەنێن، هێندێکیش بە ئەدەبیاتی پێکاکای دەزانن، بەڵام زێتر لە هەشتا ساڵ لەوەوبەر، موفتی بە [زمانی شیرین] بە باڵای زمانی کوردی هەڵدەدات و زمانی شیرینی کوردی بەکاردەهێنێت. ئەمن بەدەگمەن لە دیوان و شیعری تری کلاسیک گوزارەی [شیرین زمان]م بۆ زمانی کوردی دیوە.
لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، بە زمانی شیرینی کوردی، گیانی شیرینی مامۆستای موفتی شاد.