له هیچ ڕووداوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا و له هیچ دیارده و ده‌رکه‌وته‌یه‌کی جیهاندا، ناتوانین ڕۆڵی به‌رچاوی “زمان” و کارکرده‌کانی که‌م که‌ینه‌وه و دایبه‌زێنین بۆ ئاستێکی ساته‌وه‌ختیانه و کورت و کاڵ. ده‌توانین هه‌ر ئه‌و ڕسته‌یه که ده‌ڵێ له هه‌ر کوێ سته‌م و چه‌وساندنه‌وه هه‌بێت، له‌وێش به‌رخۆدان و ڕابوون هه‌یه یان له هه‌ر کوێ سته‌مکار هه‌یه خه‌ڵکانی دژی سته‌میش هه‌ن ته‌تبیق و هاوته‌ریب بکه‌ین له‌گه‌ڵ “زمان” و “ئازێوه‌ر” ه‌کانی ئه‌و زمانه‌دا. زمانی باڵاده‌ست، زمانی که‌مینه به واتا دیلۆزی و گاتارییه‌که‌ی ده‌خاته شوێنگه‌ی به‌رخۆدان و شۆڕش و “ناوه‌ندبێزی”، له حاڵێکدا ئه‌گه‌ر ده‌رکه‌وته و فیگه‌ری زمانی که‌مینه له ژێر هه‌یمه‌نه و تاکتیک و فۆرمی زمانی باڵاده‌ست بێت، به‌و واتایه نایه‌ت جه‌وهه‌ر و ڕۆحی ئه‌و زمانی باڵاده‌ست قسه ده‌کات، به‌ڵکوو ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت زمانی که‌مینه و په‌راوێزخراو وه‌کوو ته‌کتیک و ڕێگا که‌ڵک له هه‌موو ده‌رکه‌وتنێک بۆ شۆڕش و ڕابوون وه‌رده‌گرێت. هه‌موو ئه‌و ڕووداو و ئه‌کتانه له پاناتی زماندا دێنه ئاراوه. ڕه‌نگه زێده‌ڕۆیی نه‌که‌ین گه‌ر بڵێین هه‌ڵگری ڕاسته‌قینه و ئه‌مینی هه‌موو شۆڕشه‌کان دژی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتێکی توتالیتار و دیکتاتۆرن، له سه‌رده‌مێکدا که مه‌جال و ده‌رفه‌تی هه‌ناسه‌دانی ئاخێوه‌ران به‌شێوه‌ی ڕاشکاو و، سه‌رشه‌قام له ژێر پۆستاڵ و تۆقاندنی ئاوه‌ها سیسته‌مانێک چووه‌ته قاوغی خۆیه‌وه، ته‌نها یاوه‌ر و ڕزگاریکه‌ری خه‌ونه‌کانی ئازادی و، ڕزگاری “زمان”ه و به‌س.
لێره‌دا زمان له ئاسته وجوودییه‌که‌یدا سه‌رووتر و زیاتر له ئاخێوه‌ره‌که‌یشی ده‌بینرێت و ڕۆڵ ده‌گێڕێت، ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌م تێڕوانینه بێت که له زاری هایدیگه‌ره‌وه ده‌بیستین، که زمان ده‌زمانێت یان زمان ده‌په‌یڤێت، یان ئه‌گه‌ر ڕوونتر بڵێین؛ زمان ئێمه دێنێته قسه و ده‌ربڕین و مانیفێستکردنی خۆمان، به‌ڵام له ڕاستیدا زمان هه‌موو کات ئه‌م ئه‌رکه به‌جێ ناگه‌یه‌نێت و بواری به جێگه‌یاندنی ئاوه‌ها ئه‌رکێکی پێ نادرێت، که ئه‌مه سه‌ره‌ڕای لایه‌نی مێژوویی و زانستی به شێوه‌یه‌کی قووڵ له جیهانی ئێمه‌ی کورددا گرێدراوه به هه‌لومه‌رج و دۆخ و کایه‌ی سیاسییه‌وه، به‌ڵام نابێ دۆخی سیاسی ته‌نها به دۆخێکی کۆنکرێت و به‌رهه‌ست بزانین، ڕاده‌ی چه‌وسێنه‌ری و سه‌رکوتکردنی زمانی و خنکاندنی خه‌یاڵدانی زمانی ئێمه هه‌رچه‌ندێک بووه دوو قاتی ئه‌وه ئازار و ژان و تێڕامان و ئاخی تۆڵه و ناکامیی شۆڕش و کڵپه‌ی ڕابوون و خرۆشانی ڕاپه‌ڕین هه‌بووه و هه‌یه، ڕه‌نگه به هه‌ڵگۆسته‌یه‌کی ئازاد گه‌ر بڵێین؛ زمان لێره‌دا خانه‌ی بوونه پڕاوپڕ پێکاومانه، زمان لێره‌دا ئه‌گه‌ر خانه‌یه‌کی دیار و ڕازاوه و خه‌مڵاویش نه‌بێت ئه‌وا ژێرزه‌مین و ئه‌شکه‌وت و تاریکخانه‌یه‌که که مه‌شخه‌ڵی ڕزگاری تێیدا ده‌ئایسێ و ساڵانێکه نه‌کوژاوه‌ته‌وه. له سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانی ئێرانه‌وه تاکوو ئێسته ئێمه‌ی کورد زمان هه‌م له ئاسته نیوه‌فه‌رمی و پارێزکارانه‌که‌یدا (ئه‌و ژماره له گۆڤار و مانگنامه که‌مه‌ی که به چاودێریی توند و تۆڵی ئیداره‌ی ئیرشاد بڵاو کراونه‌ته‌وه) به‌کار دێنین و هه‌م له ئاسته نافه‌رمی و شۆڕشگێڕانه‌که‌یدا.
ڕاسته که ئاخافتن به کوردی له ئێران به‌شێوه‌ی فه‌رمی قه‌ده‌غه و یاساغ نه‌بووه، به‌ڵام پلان و به‌رنامه بۆ شێواندن و ملکه‌چکردنی له هه‌مبه‌ر زمانی فه‌رمی، واته فارسی ساڵانه ملیۆنان تمه‌نی وه‌کوو بوودجه بۆ ته‌رخان کراوه و ده‌کرێت و ئه‌مه پلانه کوشنده‌یه هه‌موو زمانه‌که‌نانی ناو جوگرافیای ئێران، جگه له فارسی ده‌کاته ئامانج به‌ڵام زمانی کوردی زیاتر و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه! هه‌ژموونی و پلانی سه‌پاندن و خه‌مڵاندن و ئارایشتکردنی زمانی فارسی به‌ڕاده‌یه‌ک بووه، که پێویست نه‌بووه ئاخاوتن به زمانانی دیکه به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و به ڕوخسارکی فاشیستییه‌وه قه‌ده‌غه بکرێت، به‌ڵام به ده‌مامک و سێبه‌ری فاشیستییه‌وه هه‌ر زمان و ئاخێوه‌ری زمانێک له ڕای گشتی و خه‌یاڵدانی گشتی ئه‌و وڵاته (به تایبه‌تی فارسه‌کان و فارسپه‌رسته‌کان) وه‌ها پێناسه کراوه که مۆرک و که‌پشێنی دیاری خۆی پێوه بێت، ئه‌گه‌ر له تاران‌دا یان ئیسفه‌هان یان هه‌ر شارێکی پێشکه‌توو و پێڕاگه‌یشتووی فارس! به زمانی خۆت قسه بکه‌ی، یان به زمانی ئه‌وان قسه بکه‌ی و سێبه‌ری ده‌ربڕینی زمانی خۆت به سه‌ر زمانی ئه‌وه‌وه دیار بێت، ئان‌وسات پێناسه‌ت به کورد، تورک یان عه‌ره‌ب ئاماده‌یه و هه‌ر پێناسیه‌که‌یش کۆمه‌ڵێک مۆرک و که‌پشێن و ئاوه‌ڵناو له گه‌ڵ خۆیدا دێنێت. بۆ نموونه به نیسبه‌ت تورکه‌کانه‌وه ئه‌مه قسه‌یه‌کی باوه که له ئێران‌دا پێیان ده‌ڵێن که‌ر! “تورکی که‌ر” ده‌ربڕینیکی باو و سه‌رزاره‌کییه، له که‌لتووری ئێرانی‌دا ئه‌گه‌رچی له هه‌موو شوێنیک زه‌ق و زاڵ نییه، به‌ڵام جێگیربوون و سه‌پاندنی به‌ڕاده‌یه‌که که ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له تورکه‌کان خۆیان بۆ ئه‌م ده‌ربڕین و قسه‌یه نوکته‌یان به‌رهه‌م هێناوه و، به‌رهه‌می ده‌هێنن و پێشی پێده‌که‌نن، ئه‌مه له حاڵێکدایه به‌شی زۆری بازاڕی پیشه‌یی و زێڕ و وشکه‌بار و…به ده‌ست تورکه‌کانه‌وه‌یه! جه‌مسه‌ری سه‌ره‌کیی ئابووریی ئێران پێک دێنن! بێگومان عه‌ره‌ب له‌م ته‌نگژه و ته‌نگ پێ هه‌ڵچنیانه دووره چون زمانی ئه‌وان زمانی پێغه‌مبه‌ر و قورئانه و، کۆماری ئیسلامی وه‌کوو باوه‌ڕی خۆی قودسییه‌ت و پیرۆزیی ئه‌م زمانه‌ی ڕاگرتووه!
به‌ڵام له هه‌مووان زیاتر زمانی کوردییه، که له ناو هاوکێشه‌که‌دا ڕۆڵ ده‌گێڕێت و لێی ده‌درێت و ڕاده‌بێت و ده‌که‌وێت و ده‌دره‌وشێته‌وه. له درێژه‌ی زیاتر له چل ساڵ ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، زمانی کوردی به‌و دوو ئاڕه‌سته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا که باسم کرد ئیشی کردووه، (نیوه فه‌رمی و پارێزکارانه/نافه‌رمی و شۆڕشگێڕانه) ئه‌گه‌رچی سنووری تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م دوو ئاڕاسته و ده‌رکه‌وتنه ڕوون و دیاره؛ به‌ڵام ئه‌م دوو ئاڕاسته‌یه به سووبژێکتیڤییه‌ته و مێنتالێته‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه و کوردانه‌وه له دیالیکتیک و دانوستاندا بوون. زمانی کوردی له ئاسته حه‌رام و قه‌ده‌غه‌که‌یدا خه‌ونی دووره‌ده‌ست و ئایدیای ده‌ستپێڕانه‌گه‌یشتوو و دروشم و جنێو و…ی به‌رهه‌م ده‌هێنا، وه‌کوو ئه‌کتێکی دژی چه‌وساندنه‌وه و سته‌مکاریی ده‌سه‌ڵات، ئه‌گه‌ر نموونه‌ی سه‌رشه‌قامی و کۆنکرێت و باسنه‌کراو بهێنمه‌وه، بۆ ئه‌م ئاڕاسته که‌وینه‌کراو و ده‌سه‌ڵات بێزه ده‌رگاری شوێنه ناباوه‌کان وه‌کوو ئادابخانه گشتییه‌کان و ئادابخانه‌ی مزگه‌وته‌کان و هه‌ندێ ده‌رگا و دیواری ئیداره فه‌رمییه‌کانی کۆمار و دیواره چه‌په‌که‌کانی شار و گونده‌کان نموونه‌ی باشن.
ئێسته‌ش که چاوێک به دیوار و ده‌رگای ئادابخانه گشتییه‌کان و ئادابخانه‌ی مزگه‌وته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بنه‌خشێنین، شوێن پێی به‌رخۆدان و دژایه‌تیی سیسته‌مێکی خوێنمژ و دڕنده ده‌بینینه‌وه که ویستوویه‌تی زمان بکوژێت، به‌ڵام زمان له چه‌په‌کترین و ناباوترین شوێنه‌کاندا بوونی خۆی مانیفێست کردووه. له ده‌رگای ئادابخانه‌کان دروشمی جۆراوجۆر دژی ده‌سه‌لات و له ستایشی کوردایه‌تیدا ده‌بینین که به “بژی و بمرێ” ده‌ست پێده‌که‌ن، به‌ڵام له ڕاستیدا زمانی کوردی ته‌نها زمانی ئاماده نییه له‌وێ، به‌ڵکوو زمانی فارسیش له‌وێدا هه‌یه به‌ڵام هه‌ر به هه‌مان ئاڕاسته‌ی دژی ده‌سه‌ڵاتێکی داگیرکه‌ر و خوێنمژ و دڕنده. خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج ئه‌وه‌یه زمانی فارسی لێره‌دا له خزمه‌ت مێنتاڵیته و سووبژێکتیڤیته‌ی ڕابوون و زمانی کوردیدایه! له ڕاستیدا ئه‌م وێنه سورریاله که زمان له تاریکستان و ئادابخانه‌کانی وڵاتێک له ئاسته ڕادیکاله‌که‌یدا ده‌ربکه‌وێت و دژی جه‌وهه‌ری سیسته‌مێکی سیاسی بێته قسه، جیا له‌وه‌ی که ده‌ربڕ و ده‌رخه‌ری فاشیزمێکی تا سه‌ر ئێسقانه له حوکمڕانی و که‌لتوور و زمانی باڵاده‌ست و زاڵدا، وێنه‌یه‌کی درامایی و خه‌یاڵئامێزیشه بۆ نه‌مریی خه‌ونی ئازادی و به‌رده‌وامبوونی له ناو زیندانه‌کان، تاکوو ئادابخانه گشتییه‌کان.ئه‌م وێنایه ده‌کرێت فیلمی گه‌وره و به‌هێزی لێ دروست بکرێت.
ئه‌گه‌ر شتێکی هاوشێوه له په‌یوه‌ندی زمان و ده‌رکه‌وتنی له شوێن و به شێوه ناباو و نا سرووشتییه‌که‌ی بخه‌مه ڕوو؛ ده‌بێ ئاماژه به فیلمی “قه‌ڵه‌مپه‌ڕه‌کان”(Quills) به ده‌رهێنه‌ریی “فیلیپ کافمه‌ن” له ساڵی 2000 بکه‌م. له‌و فیلمه‌دا باسی ژیانی مارکی دوساد؛ نووسه‌ر و بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی ده‌کات. مارکی دوساد که ڕچه‌شکێنی تێڕوانینی سێکسی و تابۆشکێن و بڤه‌به‌زێنی ئه‌و ڕووبه‌ره بوو له‌و فیلمه‌دا پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو کاغه‌ز و قه‌ڵه‌م و پارچه په‌ڕۆ و لێنووسێکیان لێ قه‌دغه کرد، تاکوو ئیتر نووسراوه ئیلحادی و کوفرئامێز و پیس و پۆخڵه‌کانی ( به وته‌ی کلیسای ئه‌و سه‌رده‌مه!) نه‌نووسێته‌وه له دوا سێکانس و دیمه‌نی فیلمه‌که‌دا ده‌بینین پێش له‌وه‌ی که بیبه‌ن بۆ سێداره به پیسایی خۆی به سه‌ر میچی دیواری سه‌ردابه‌که‌یدا کۆمه‌ڵێک شتی نوسیوه (ڕۆمان، کورته ڕۆمان، چیرۆک و…). ئه‌م وزه‌ی نه‌مری و هێزی مانه‌وه‌یه له زماندا هیچ سنوور و تابۆ و بڤه‌یه‌ک ناناسێت و ده‌سه‌ڵات قه‌ت ناتوانێت بیگرێت و ده‌ستی پێی ڕاناگات چون له خه‌یاڵدان و ناوشیارێکه‌وه دێت ئاره‌زووی بۆ ژیان به‌هێزتره له هێزی مه‌رگ و، چڕنووکی داگیرکه‌ر و پۆستاڵی چه‌وسێنه‌ر. بۆیه ده‌رکه‌وتنی زمان له شوێنه ناباو و نه‌شیاو و نه‌گونجاوه‌کاندا ده‌لاله‌تێکی دوو فاقییان هه‌یه که له نێوان ڕزگاری و فاشیزمدا گیری خواردووه و، به هێزی ڕابوون و بیره‌وه‌ریی و خه‌ون و خه‌یاڵ ڕزگاریی ده‌کات به ئاڵا له دژی فاشیزم به پێشه‌نگایه‌تیی زمان و ناوشیاریی زمان و ئه‌و خه‌یاڵ و مه‌عریفه‌یه‌ی هه‌ڵگرێتی.