حەج و عومره وەك لایەنێكی وەبەرهێنان لە بواری ئابووریدا ” سندوقی حەج لە مالیزیا به نموونە”
“دەستپێك”
حەج یان سەردانی ماڵی خودا، یەكێكە لە پایەكانی ئیسلام، لە ڕووی ڕۆحی و مادییەوە گرنگی تایبەتی هەیە، موسڵمان لە دەوارانی ژیانیدا پێویستە لە سەری جارێك سەردانی ماڵی خودا بكات، لە ئێستادا جۆرێك لە گەشتیاری ئاینی لە كوردستاندا سەریهەڵداوە كە بە “عەمرە یان عومرە” ناو دەبرێت، ڕۆژ بە رۆژیش ژمارەیان لە هەڵكشاندایە، لایەنی ئابووری ئەمكارە تێچووی زۆرە، دەكرێت حكوومەت بۆ چەندایەتی سەرچاوەی داهات بەركاریبهێنێت و كەڵكی لێ وەربگرێت، چونكە جۆارو جۆری سەرچاوەی داهات یه كێكە لە نیشانەكانی ئابووری بەهێز و گەشەسەندوو، هاوكات گەشتیاری بە گشت جۆرو شێوازەكانیوه (12%) كۆی داهاتی جیهان پێكدەهێنێت، هاوكات نموونەیەكی زیندوی وەك وڵاتانی “مالیزیا” لە بەردەستە دەكرێت كەڵكی لێ وەبگیریت و كارەكەی تیادا رێكبخرێت. لەم چەند دێرەدا هەوڵدەدم گرنگی ئەم پایە سەرەكییەی ئیسلام بخەمە ڕوو، نەك بۆ ئەو كەسانەی كە دەبن بە خانەخۆێی میوانەكان، بەڵكۆ بۆ ئەو كەس و كۆمەڵگایانەی كە سەردانی ماڵی خودا دەكەن، هەروەها ڕۆڵی حەج لە بوژانەی ئابووری و دەستەبەركردنی دادگەری كۆمەڵایەتیدا پیشاندەدەم، هاوكات كەمكردنەوەی بێ كاری و بەگەڕخستنی توانا مرۆیەكانی كۆمەڵگایش باسده كهم.
ساڵانە بە مەبەستی بە دیهێنانی “فەریزەی حەج”بە ملێونان كەس باروبارگەیان دەپێچنەوەو ملی ڕێگا دەگرنەبەر، وڵاتی خانەخوێش بۆ ڕێكخستنی ڕێوڕەسمی حەج و پاراستنی ماڵ وگیانی میوانەكان چەندین رێگای پیادە كردووە، لەم پێناوەشدا كات وكۆشش و دارایەكی زۆر خەرجدەكات، بە دڵنییاوە زیاتری دەست دەكەوێت، كە كاریگەری لەسەر ئابووری و كەلتووری ئەو وڵاتە هەیە. ئەوی جێگای سەرنجە دامەزراوە و دەزگای ئاینی لە هەرێمی كوردستاندا توێژینەوەیەكی ئابوورییان لەم بوارەدا نەكردووەو بیریان نەكردۆتەوە ئەمكارە بە دامەزراوەی بكەن، بەر لەوەی سەرمایەی وڵات بڕواتە دەرەوە وەبەرهێنانی تیادا بكرێت و بەشێوازی جۆراوجۆر سوودی لێ وەربگیرێت. لەم بوارەدا وڵاتی “مالیزیا” نموونەیەكی جوانی لە ڕێگای سندوقی حەجەوە پیشانداوە كە دەكرێت وەك پێشەنگێك چاوی لێبكرێت.
“فەلسەفەی ئابووری مالیزیا”
بیرۆكەی فەلسەفەی ئابووری “مالیزیا” لەسەر بنەمای ” گەشەی ئابووری پێویستە هۆكاری یەكسانی داهات بێت دروستبووە و بەڕێوەدەچێت”واتە پێویستە گەشەی ئابووری بە شێوەیەكی كاریگەر كاریگەری لە سەر هەژاران و بێ كاران هەبێت، هەروەها بە شێوەیەكی باش ڕەنگ بداتەوە لە باشكردنی ژیان و گوزەرانیان، هۆكاری دەستە بەركردنی پێداویستیە سەرەتاییەكانی ژیانیان بێت وەك خواردن، شوێنی نیشتەجێبوون، فێربوونوو ئاسایش و … هتد.
ئەو فەلسەفەیە لە سیاسەتی وەرگرتنی باج، بە گەڕخستنی گەشەی وڵات لە كەمكردنەوەی ڕادەی هەژاری، زیادكردنی خەرجی لە داهاتی گشتی بۆ هەژاراندا دەردەكەوێت.
“بیرۆكەی سندوقی حەج”
سندوقی حەج لە وڵاتی مالیزیا بە (تابونگ حاجی) ناودەبرێت، واتە ئەو سندوقەی پارەی لۆكالی وڵاتی تیادا هەڵدەگیرێت. بەر لە دروستكردنی ئەو بیرۆكەیە، باوەڕدارانی ئەو وڵاتە لە ترسی سوود پاشەكەوتەكانیان پارەی نەدەخستە بانكە حكومێكانەوە، بەشێوەی كۆن لە بوخچەو ژێر زەوی …هتد، پارەكانیان دەشاردەوەو هەڵدەگرت. لە ڕوانگەی ئابووریەوە ئەم سامانە لە دەرەوەی سووڕی بەرهەم هێنانە و دوورە لە بازنەی چالاكی ئابووریەوە، هیچ بەرهەمێكیشی لێ سەوز نابێت. دواتر سندوقی حەج هاتە كایەوە كە لە یەككاتدا كاری پاشەكەوت و وەبەرهێنانی ئەنجامدا. ساڵی (1959) ئابووری ناسی ناوداری ئەو وڵاتە (ئەنقو عزیز)، لە زانكۆی (مەلایا) بیرۆكەی سندوقی حەجی خستە ڕوو، ئەو بە مەبەستی دابینكردن و تێچوونی گەشتی حاجیان داوای دروستكردنی دامەزراوەیەكی كرد گرنگی بە پاشەكەوتی حاجیان بدات، هاوكات ئەو دامەزراوەیە، وەبەرهێنان لەو سامانەدا بكات بەشێوەیەك لە بەرژەوەندی بەشداربوونیدا بێ. پلانی پرۆژەكە لە ساڵی (1959) خرایە بەردەستی (تەنقۆ عبدالرحمن)، “دامەزرێنەرو سەرەك وەزیرانی ئەو كاتی مالیزیا”ڕای لە سەر بوو، پرۆژەكە خرایە بەردەستی پەرلەمان، پەرلەمانیش ڕەزامەندی پیشاندا، بەمشێوەیە بیرۆكەی پرۆژەكە پەسەندكرا. ساڵی (1962) لە كاتێكدا شێخی ئەزهەر (محمود شەلتوت) سەردانی ئە وڵاتەی كرد، بیرۆكەی سندوقی حەجی خرایە بەردەست، كارەكە لە ڕووی شەرعەوە تاوو توێ كرا. لە وەڵامدا شێخی ئەزهەر پلانەكەی پەسەندكرو گووتی: باوەڕداران سوودی زۆر لە بەری ئەم سندوقە دەچنەوە! داوایكرد هەرئێستا دەست بە جێبەجێكردنی بكرێ. ساڵی (1962) سندوقەكە دروست بوو، لە (30/10/ 1963) دەستی بەكارەكانی كرد.
ساڵی (1969) سندوقی حەج لەگەڵ بەڕێوەبەرێتی كاروباری حەج تێكەڵكرا، بەڕێوەبەری حەج لە ساڵی (1951) ەوە لەو وڵاتەدا دەست بەكاربووە، گرنگی بە كارو بەڕێوەبردنی حاجیان داوە، ساڵی (1995) لە سەردەمی (ئەنوەر ئیبراهیم) وەزیری پێشووی ئابووری نوێكاری لە دامەزراوەكەدا كراو چالاكییەكانی بەشێوەیەك پێشخرا، لەگەڵ پێشكەوتنی وڵاتدا هاوتا بێت. پێشتریش ساڵی (1973) چاكسازی لە سندوقی حەجداكرابوو.
“كارو چالاكییەكانی سندوقی حەج”
سندوقی حەج “بەگوێرەی ئاماری ساڵی 2003” ئوسولی سندوقەكە زیاتر (2،8) ملیار دۆلاری ئەمریكییە، بە هاوبەشی(4,5) ملێون هاوبەش كارەكانی بەڕێوەدەبات، هەروەها (100) بریكاری لە چوارچێوەی وڵاتدا هەیە، ساڵانە بە ڕێژەی (27%) ، ژمارەی بەشداربووانی زیاد دەكات، ئەو ڕێژەیە بەرزترە لە گەشەی دانیشتوان كه (2.5%) ه. سندوقی حەج ساڵانە و لە ئاستێكی بەرزدا كاری خزمەتگوزاری لە بوارەكانی بەخێوكردن، تەندروستی، گەیاندنی حاجیان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەڕێوەدەبات كە ساڵانە ژمارەیان (25000 ) حاجییە “ئەو ژمارەیە پشكی وڵاتی مالیزیایە بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوان ” وڵاتی عەرەبستانی سعودیە ساڵانە بە بڕێكی دیاریكراو ڕێگا بە زیارەتكارانی دەدات بۆ بە جێهێنلنی فەریزەی حەج و زیارەتكردنی ماڵی خودا.
سندوقی پاشەكەوتی حەج بە یەكێك لە دامەزراوە پێشەنگەكانی وڵاتانی موسڵمان دادەنرێت، كە پێداویستی ئاینی بۆ حاجیان دابیندەكات، پاشان سامانەكانیان بەشێوەیەك پاشەكەوت دەكات ك ە هاوتا و گونجاو بێت لەگەڵ داواكاری و ڕێنمایەكانی شەرعدا. موسڵمانێكی مالیزی دەتوانێت بەشداری ئەو سندوقە بكات، كەمترین ڕادەی بەشدار بوو بۆ پێگەیشتوان مانگانە (2,6$)ە، منداڵانیش بە (60) سەنت بەشداری دەكەن. داهاتی سندوقەكە لە ڕێگای نوسینگەكانی سندوقەكەوە، بریكارانی سندوقەكەو پۆستەوە كۆدەكرێتەوە، واتە ڕاستەو خۆ پشكی بەشداربوو لەو لایەنە وەردەگیرێت كە ئیشی لە گەڵدا دەكات” كۆمپانیا یان دامەزراوەكانی حكوومەت بە نموونە”. بەشدار بوو هەركات ویستی لە ناوخۆی وڵات یان لە وڵاتی سعودیە بێت دەتوانێت پارەكەی بكێشێتەوە. سندوقەكە بەڕێوەبەریەكی ڕاوێژكاری هەیە، كارەكانی بەڕێوەدەبات و چاودێریان دەكات، هەروەها لە بوارەكانی خزمەتگوزاری، گەیاندن، بیناسازی و پیشەسازیدا كارو وەبەرهێنان دەكات بەڕێوەبردنی ئەو چالاكیانەش نزیكەی (12) دەزگاو دامەزراوە تەواوی دەكەن، هەروەها سندوقەكە لە دەرەوەی وڵاتی مالیزیا و لە بواری كشتوكاڵدا وەبەرهێنان دەكات. دواتر زەكات لە قازانجی كارو وەبەرهێنانەكانی دەردەكات كە ناوەندی قازانجی (8 بۆ 12%)ە. پاشان زەكاتی سندوقەكە لە ڕێگای “بەڕێوەبەرێتی كاروباری ئاینی” یەوە لە وڵاتدا بەڕێوەدەچێت.
“ئامانجەكانی سندوقی حەج”
بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی مالیزیا، سندوقی حەج ڕۆڵی هەبووە لە كەمكردنەوەی تێچوونی حەج، لە ئێستادا تێچوونی سەفەری حاجیەكی وڵاتی مالیزیا (2300$) ە، لە كاتێكدا لە وڵاتی سەنگاپورە (5300$) ە، لە وڵاتی ئەندەنوسیا (3200$)ە، واتە سندوقی حەج خزمەتگوزاریەكی باشی بۆ بەشداربووانی دابینكردووە، لەم بوارەدا تەنها خەرجی گواستنەوەو خواردن لەحاجیان وەردەگرێت، لایەنی كارگێڕی ئەو ئیشە لە ئەستۆی سندوقەكەیە، هەرچی خزمەتگوزاری تەندروستی، جەوازات و ڕێنمایی ئاینیشە بێ بەرانبەرە. لە هەریمَی كوردستان ساڵانە زیاتر (6000) كەس حەج و عەمرە دەكەن، هەرتاكێك ( 1500 تا 4000$) لەو پێناوەدا خەرجدەكات. شایەد نێوەندی ژمێرەیی ئەو بڕەپارە بە “2500”$ دیاری بكرێت ئەوا ساڵانە پازدە ملێون دۆلار لە و پێناوەدا خەرجدەكرێت و لە ڕووی ئابوریەوە هیچ داهات و كەڵكی نییە.
ئەگەر ئەو بڕەپارەیە بەهاوشێوەی سندوقی حەجی مالیزی، لە جێگایەكدا هەڵبگریت و وەبەرهێنانی تیادا بكرێت بێ گومان كاریگەری باشی دەبێت لەسەر ئابووری و كەلتووری كۆمەڵی كوردەواری، بە داخەوە فەلسەفەی ئابووری لە كوردستاندا بەشێوەیەك بونیاد نراوە كە تاك و دامەزراوە كوردیەكان تا ئێستاش حەزدەكەن كارێك بكەن بە كەمترین ماوە زۆرترین داهاتیان دەست بكەوێت. ئەو بۆچونەش پێچەوانەی وەبەرهێنان و مانەوەیە لە بازاڕی كاردا بۆ مەودایەكی دووردا.