لە ئاسیا و ئەمەریکا و ئەوروپا ژمارەى کەسانى بەتەمەن روو لە هەڵکشانە، رێژەى لەدایکبوونیش روو لە داکشانە، بەبۆچونى توێژەرێک ئەم دۆخە زلهێزەکان ناچار دەکات، لەبرى شەڕ هەوڵى بەدیهێنانى ئاشتى بدەن، چونکە ژمارەى سەرباز و تواناى بەرهەمهێنانیان کەم دەبێتەوە و خەرجییەکانیان زیاد دەکات. بەگوێرەى ژمارەیەک لێکۆڵینەوە گەنجان زیاتر پشتیوانی شەڕ دەکەن، بەڵام بەتەمەنەکان دژی بەکارهێنانی هێزن لە دەرەوەى وڵاتەکانیان، هەر بۆیە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا زۆرینەی ڕەهای ئەو وڵاتانەی بەشداری شەڕەکانیان کردووە، ئەو وڵاتانە بوون کە گەنجان زۆرینەى دانیشتوانیان پێکهێناوە. مارک “هاس” نووسەرى کتێبى “ئاشتی پیری؛ پیربوونی دانیشتووان و پاشەکشەى جەنگ” کە مامۆستای زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی دوکوێسن لە وتارێکیدا لە گۆڤارى (فۆرن ئەفیەرز) وادەڵێت.
“گەشەکردنێکى لەسەرخۆ”
سێ ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژى (15/نۆڤەمبەر/2022)دا ژمارەى دانیشتوانى سەر گۆى زەوى گەیشتە هەشت ملیار کەس، واتە لەماوەى (12) ساڵدا یەک ملیار کەس زیادبوو، بەڵام بەگوێرەی خەمڵاندنى نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکرێت گەیشتن بە ملیاری نۆیەم (١٥) ساڵی دیکە بخایەنێت، واتە تا ساڵی (٢٠٣٧)، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خاوبوونەوەی ڕێژەی گەشەکردنی دانیشتوانە لەجیهاندا. لە وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا لەماوەى ساڵی (٢٠٢٣)دا تەنها (٣.٦٧) ملیۆن منداڵی تازە لەدایکبوو تۆمارکراوە، ئەمەش ژمارەیەکی کەمە کاتێک بەراورد دەکرێت بە رابردوو، چونکە لە ساڵی (١٩٦٤) بەنموونە (٦.٨) ملیۆن منداڵی تازە لەدایکبوو لە ئەوروپا تۆمارکراوە. ڕێژەی لەدایکبوون لە ساڵی (١٩٧٠) بۆ هەر هەزار کەسێک (١٦.٤) بووە، بەڵام ئەمڕۆ بۆ (٨.٢) دابەزیوە، ئەمەش ئاماژەیەکى بێدەنگە بۆ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافى قووڵ و بەردەوام. هەر لە ئەوروپا لە ساڵی (٢٠٢٣) تێکڕاى رێژەى لەدایکبوون لاى هەر ژنێکى ئەوروپى (١.٣٨) بووە. رێژەکە لە ماڵتا (١.٠٦) بووە و لە بولگاریا گەیشتۆتە (١.٨١)، بەڵام رێژەى لەدایکبوون لاى ژنانى بیانى لە ساڵی (٢٠٢٣)دا گەیشتۆتە (٢٣%) سەرجەم لەدایکبوونەکانی یەکێتی ئەوروپا، ئەو ڕێژەیە لە لۆکسمبۆرگ بۆ (٦٧%) بەرزبۆتەوە، لەکاتێکدا لە بولگاریا و سلۆڤاکیا تەنها (٣%) بووە.
کەمبوونەوەى رێژەى لەدایکبوون تەنها لە کیشوەرى ئەوروپا نییە، بەڵکو لە چین کە گەورەترین زلهێزى کیشوەرى ئاسیایە ڕێژەی منداڵبوون لە (2.51) منداڵ بۆ هەر ئافرەتێک لە ساڵی (1990) بۆ (1.01) لە ساڵی (2024) دابەزیوە، پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دابەزینە خێراتر دەبێت، بەجۆرێک ژمارەی دانیشتووانی کە ئێستا یەک ملیار و (٤٠٠) ملیۆن کەسە تا ساڵی (٢١٠٠) بۆ (٦٣٣) ملیۆن کەس کەم دەبێتەوە، واتە ژمارەی دانیشتووانی بۆ ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. بەهۆى کەمبوونەوەى رێژەى لەدایکبوون، چاوەڕوان دەکرێت لەماوەى ساڵانى (2024 – 2054)، چین ماڵئاوایى لە (٢٠٤) ملیۆن کەس و ژاپۆن لە (٢١) ملیۆن و ڕووسیاش لە دە ملیۆن کەس بکات. هۆکارەکەشى تەنها کەمبوونەوەى رێژەى لەدایکبوون نییە لەلاى ئەو کەسانەى کە هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵکو دوورکەوتنەوەى گەنجان لە هاوسەرگیرى بەهۆى گرانبوونی تێچووی ژیان و بڵاوبوونەوەی شەڕەکانەوە بەربەستێکى دیکەیە.
جگە لە ئەوروپا و ئاسیا، لەماوەى (١٥) ساڵى رابردودا، تێکڕاى ڕێژەی منداڵبوون لە ئەمەریکا بۆ هەر ژنێک بۆ (١.٦) منداڵ دابەزیوە. هەندێک لە چاودێران ئەم کەمبوونەوەیە وەک چیرۆکێکی سەرکەوتن بۆ “رێکخستنى خێزان” لەلاى گەنجان لێکدەدەنەوە، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە ژنانی خوار تەمەنی سی ساڵ ئامادەنین منداڵیان ببێت، یان دوایدەخەن یان بە تەواوی دەستبەرداری دەبن. هەرچەندە رێژەى منداڵبوون لەنێو ئەو ژنانەی لەکۆتایی سیەکانى تەمەنیاندا تاڕادەیەک زیادی کردووە، بەڵام ئەمە نەیتوانیوە قەرەبووى ئەو پاشەکشە توندە بکاتەوە کە لەنێو چینە گەنجترەکاندا هەیە. زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچنە قۆناغێکی خێرای پیربوونی دانیشتووانەوە. ئەمەش بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە. یەکەمیان دابەزینی توانای منداڵبوونە، بەجۆرێک ڕێژەی منداڵبوون لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا لە سەرانسەری باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. دووەمیان زیادبوونی تەمەنی مرۆڤە. تێکڕای تەمەنی تەمەن بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەشدارە لە زیادبوونی ڕێژەی بەساڵاچووان لە کۆمەڵگادا.
“پیرەکان؛ جەنگ یان ئاشتى؟”
کەمبوونەوەى ژمارەى گەنجان و زیادبوونى ژمارەى بەساڵاچوان، دەبێتە هۆى خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی، چونکە هێزی کار کەم دەبێتەوە و بودجەى چاودێریکردنی بەساڵاچووان زیاد دەکات. هەر ئەوەش وادەکات ژاپۆن تا ساڵی (2040) بودجەى چاودێریکردنی بەساڵاچووان بۆ پازدە هێندە زیاد بکات، هەروەها ئەڵمانیا پێویستی بە زیادکردنى خەرجیەکانى بۆ حەوت هێندە و فەرەنساش پێویستی بە خەرجکردنی زیاتر لە پێنج هێندەی خەرجییە ساڵانەییەکانی ئێستای دەبێت. ئایا ئەم هاوکێشەیە دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى “ئاشتی پیرەکان”؟ لەوەڵامدا مارک “هاس” مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی دوکوێسن لە شارى پیتسبورگ، لە وتارەکەیدا “هاتنى ئاشتی بەساڵاچوان”، کە لە گۆڤارى (فۆرن ئەفیەرز) بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت؛ لەنێوان ساڵانی (٢٠١٢ بۆ ٢٠٢٣)، تێکڕای ڕێژەی بەساڵاچووان لە وڵاتانی دەستپێشخەری شەڕ تەنها (٥%) بووە کە نیوەی تێکڕای جیهانییە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە پاییزی داهاتووی پیری تۆوی ئاشتیەکى چاوەڕواننەکراو لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. بە بەڵگەى ئەوەى چەندین لێکۆڵینەوە دەریانخستووە کە مرۆڤەکان لەگەڵ هەڵکشانى تەمەنیاندا زیاتر دژی بەکارهێنانی هێز دەبن لە دەرەوەی وڵاتەکانیان. بەڵام نەوە گەنجەکان زیاتر پشتیوانی شەڕەکان دەکەن و بەشداری یان دەستپێشخەری ململانێ نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
بەبۆچۆنى “هاس”، پیربوون واتە زیادبوونى ژمارەى ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەرووی (٦٥) ساڵە، هێزی کار بچووک دەکاتەوە و تێچووی چاودێری بەساڵاچووان بۆ ئاستێکی خەیاڵى بەرز دەکاتەوە. هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی (٢٠٥٠) ژمارەی کرێکاران لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە ڕێژەی (٢٤%) و لە ئەوروپا بە ڕێژەی (١٧%) کەم ببێتەوە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت خەرجییە گشتیەکان بۆ بەساڵاچووان لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بگاتە نزیکەی چارەکێک لە کۆبەرهەمی ناوخۆییان. تەنها لە چین خەرجییەکان لە (4.4% بۆ 20%)ی کۆبەرهەمی ناوخۆیی بەرز دەبێتەوە. هەروەها تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (48) ملیۆن گەنجی تەمەنی سەربازی و ئەوروپاش هەشت ملیۆن لەدەستدەدات. “هاس” پێیوایە پیربوونی دانیشتووان دەبێتە هۆى کەمبوونەوەی “ئارەزووی” ململانێ. چونکە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە نەوە کۆنەکان بە سروشتی خۆیان زیاتر ڕقیان لە شەڕە و کەمتر پشتگیری لە دەستێوەردانی سەربازی دەکەن. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەشیان، دەبنە هێزێکی سیاسی کە فشار دەخەنە سەر سەرکردەکان بۆ ئەوەی خۆیان لە ململانێی دەرەکی بەدوور بگرن.
“پیرەکان لە ململانێى چین و ئەمەریکا دا”
ئەمەریکا و چین، ئەو دوو دەوڵەتەى لەڕووى ئابوورییەوە ڕکابەرى یەکتر دەکەن، بەڵام “هاس” بڕوای وایە ململانێکانى نێوانیان بۆ پێکدادانى سەربازى ناگۆڕێت و چین جێگەى ئەمەریکا ناگرێتەوە، چونکە زۆرینەى هاووڵاتیانى چین بوونی سەربازی ئەمەریکا وەک “مەترسییەکی بەرچاو” سەیر ناکەن. جگەلەوەى قەیرانی پیربوون هۆکارێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە شەڕێکی گەورە لەنێوان چین و ئەمەریکادا. چونکە هەڵکشانى بەساڵاچوان کە یەخەى چینى گرتووە زۆر لە ئەمەریکا زیاترە، ئەوەش دەبێتە هۆی سنووردارکردنی هەڵکشانى ئابووری و سەربازیی و رێگرى لێدەکات لە تێپەڕاندنى هەژمونى ئەمەریکا. ئەمەش مەترسیدارترین قۆناغی گواستنەوەی هێز لەجیهاندا پووچەڵ دەکاتەوە. وەک “هاس” روزونیدەکاتەوە چین یەکەم هێزی هەڵکشاوە لەمێژوودا کە لە کاتی گەشەکردنیدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی پیربوونی توند دەبێتەوە. چونکە ژمارەى ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەرووی (٦٥) ساڵە لە هەڵکشاندان، ئەمەش دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى تواناى بەرهەمهێنان، هەر ئەمەش وادەکات بۆ چین سەخت بێت ئەمەریکا لە سەروەت و کۆبەرهەمى ناوخۆیی و پشکى تاکدا تێپەڕێنێت.
“وروژاندنى ململانێ ناوخۆییەکان”
“هاس” ئاماژە بە پارادۆکسێکی بنەڕەتی دەکات کە پیربوون دەیسەپێنێت، لەکاتێکدا ئاشتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرەوپێش دەبات، بەڵام لە ناوخۆدا برەو بە نائارامی و جەمسەرگیری دەدات. چونکە گەشەی ئابووری خاو دەکاتەوە، حکومەتەکان ناچار دەبن خەرجییەکان بۆ خزمەتگوزارییە گرنگەکانی وەک پەروەردە کەم بکەنەوە و لە ئەنجامدا نایەکسانی کۆمەڵایەتی زیاد دەکات، ئەمەش ژینگەیەکی بەپیت بۆ ناڕازیبوون و سەرهەڵدانی بزووتنەوە پۆپۆلیستیەکان دەڕەخسێنێت. ئەم پارادۆکسە لە پرسی کۆچبەراندا دەردەکەوێت؛ ئەو کۆمەڵگایانەی کە زۆرترین پێویستیان بە کۆچبەران هەیە بۆ پڕکردنەوەی کەمیی هێزی کار، هەهان ئەو کۆمەڵگایانەن کە لەڕووی کولتوورییەوە زۆرترین دوژمنایەتییان هەیە، ئەمەش بەهۆی دڵەڕاوکێی گرووپى نەتەوەیی باڵادەستە لە بەرامبەر کەمبوونەوەی ژمارە و لەدەستدانی ناسنامەکەیان. “هاس” پێشبینى سەرهەڵدان و گەشەگردنى گروپ و سەرکردەکانى دژە کۆچبەران لە کۆمەڵگا بەساڵاچووەکاندا دەکات، هۆکارى سەرەکیشى بۆ پیربوون دەگێڕێتەوە. چونکە پیرەکان دەترسن کۆچبەران کولتوور و بەها و ناسنامەى وڵاتەکانیان بگۆڕن، هەرچەندە زۆر پێویستیان بە کۆچبەران هەیە بۆ ئەوەی برەو بە گەشەی ئابوورییان بدەن. یەکێک لەو دەوڵەتانەى کە “هاس” وەکو نمونە بۆ سەرهەڵدانى ئاژاوەى ناوخۆیى بەهۆى زۆربوونى پیرەکان دەیهێنێتەوە ئێرانە. لەوبارەیەوە دەڵێت؛ ئێران بەخێرایی پیر دەبێت، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی منداڵبوونەوە، پێشبینی دەکرێت ئێران لە دوو بۆ سێ دەیەی داهاتوودا تەنانەت خێراتر لە چین پیر بێت، لە ئێستاوە خێراتر لە وڵاتانی گەورەی وەک ژاپۆن، فەرەنسا و ئەڵمانیا پیر دەبێت. بۆیە پێشبینی دەکات ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییانە ببنە هۆی نائارامییەکی بەرچاوی ناوخۆیی.
ئەو توێژەرە ئاماژە بەوە دەکات نائارامی و کێشە ناوخۆییەکان وڵاتان ناچار دەکات سەرنج و سەرچاوەکانیان لەسەر کاروباری ناوخۆ چڕبکەنەوە، ئەوەش ئەگەری ئەنجامدانی شەڕ لە دەرەوەی وڵاتەکانیان کەمدەکاتەوە. “هاس” دەڵێت؛ ئەمە بەو مانایە نییە کە شەڕ دەبێتە مەحاڵ یان ئاشتی حەتمییە. بەڵام کاتێک کەمبوونەوەی تواناکان لەگەڵ پەرەسەندنی خواستی ئاشتیدا یەکدەگرن و کۆمەڵگاکان دەگەنە قۆناغە پێشکەوتووەکانی پیربوون، ئەگەری دەستپێکردنی شەڕی گەورە لەلایەن وڵاتانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە. لە ئەنجامی جیاوازى رێژەى گەنجان و بەساڵاچوان، “هاس” پێشبینی دەکات کە ململانێکانی داهاتوو بە شێوەیەکی ناڕێژەیی لەو ناوچانەی جیهاندا چڕ ببێتەوە کە هێشتا گەنجن، وەک هەندێک بەشى ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە “هەڵاوسانى گەنجان”یان هەیە و ژمارەى پیرەکانیان کەمە کە هاندەرى ئاشتین.
“ئایا شەڕ کۆتایى دێت؟”
“هاس” ئەو بۆچونە ڕەتدەکاتەوە کە وڵاتە پیرەکان هەرگیز شەڕ ناکەن، بەڵکو نمونە بە روسیا دەهێنێتەوە کە هەرچەندە وڵاتێکی بەساڵاچووە، بەڵام لە شەڕێکی بەرفراوانەوە تێوەگلاوە. لەوبارەیەوە دەڵێت؛ پیربوون ئەگەری شەڕی وڵاتان کەمدەکاتەوە، هەروەها ئەگەری سەرکەوتنیان کەمدەکاتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە من پێموایە پیربوون، بۆ نموونە، ڕێگری لە توانای ڕوسیا کردووە بۆ چارەسەرکردنی شەڕی ئۆکرانیا بەو خێرایی و کاراییەی کە سەرکردەکانی هیوایان بۆ دەخواست. “هاس” ئاماژە بەوەدەکات ئەو کۆمەڵگایانەى ژمارەى بەساڵاچوانیان زۆرە و دەسەڵاتەکانیان دیموکراتین، پیرەکان فشار دەخەنە سەر حکومەتەکانیان تاوەکو خۆیان لە شەڕ بپارێزن، حکومەتەکانیش ناتوانن ناڕەزایی جەماوەرەکەیان پشتگوێ بخەن. یەکێکى دیکە لەو بەڵگانەى “هاس” دەیخاتەڕوو ئەوەیە، بەگوێرەى توێژینەوەکان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ژمارەی ململانێی نێوان دەوڵەتان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیادی کردووە، بەڵام زۆرینەی ڕەهای ئەو وڵاتانەی بەشداری ئەو شەڕانەیان کردووە، وڵاتە زۆر گەنجەکان بوون، کە تێکڕاى تەمەن و ڕێژەی کەسانی بەساڵاچوویان کەمە و زۆر لە خوار تێکڕای جیهانییەوەیە. بۆ چارەسەرکردنى گرفتى زۆربوونى رێژەى بەساڵاچوان، هەندێک لە دەوڵەتان پەنادەبەنە بەر درێژکردنەوەى تەمەنى خانەنشینى، بەڵام بەبۆچونى “هاس” ئەم چارەسەرە دەبێتە هۆى زیادبوونى ژمارە نەوەکو توانا و کوالیتى و لێهاتوویى.
هەندێک لەدەوڵەتانى دیکە بۆ پڕکردنەوەى کەمبوونەوەى ژمارەى سەربازەکانیان، پەنادەبەنە بەر بەکرێ گرتنى سەرباز لە وڵاتانى دیکەوە، بەڵام “هاس” دەڵێت؛ زۆرجار سەربازە بەکرێ گیراوەکان لەڕووی سەربازییەوە کاریگەرییان کەمترە. ئارگومێنتی سەرەکی “هاس” لەم بابەتەدا، ئەو کاتەیە وڵاتێک هێرش دەکاتە سەر وڵاتێکی دیکە و دەیەوێت داگیرى بکات، ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنە پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر سەربازە، بەمەبەستى سەپاندنى دەسەڵاتى خۆیان و بەرەنگاربوونەوەى یاخیبوانى وڵاتانى داگیرکراو، ئەم کارانەش بە سەربازانى گەنج دەکرێت نەوەکو کەسانى بەساڵاچوو. لەوەڵامى ئەوەشدا کە شەڕى ئێستا زیاتر بە تەکنەلۆژیا دەکرێت و کەمتر پێویستى بە سەربازە، “هاس” دەڵێت؛ بەرهەمهێنانى تەکنەلۆژیاى زیرەکى سەربازی پێویستى بە دەستى کارى گەنجە، بۆیە هەتا رێژەى بەساڵاچوان زیاتر بێت بەرهەمهێنانى ئەو کەرەستانە کەمتر دەبێتەوە.
* ئەم راپۆرتە بەشێکە لە وتارەکەى نووسەر و چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ماڵپەڕى ئەلجەزیرە.
ئامادەکردن؛ بارام سوبحى