“پێشه‌کی”
جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی و ئه‌و ڕووداو و پێشهاتانه‌ی که له‌گه‌ڵ خۆی هێنای بۆ ناوچه‌که، هاوکات په‌لهاوێشتنی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کان بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که خاکی ئێرانیش به‌ده‌ر نه‌بوو له چه‌پۆکی بیانی ئه‌گه‌رچی ئێران بێلایه‌نی خۆی ڕاگه‌یاندبوو له‌جه‌نگ، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره نه‌یتوانی ئێران و ئێرانیه‌کان له ماڵ وێرانی و کاولکاری و داگیرکاری زلهێزه‌کان بپارێزێت هه‌ربۆیه دۆخه‌که به‌جۆرێک خولقابوو که ده‌رفه‌تێک بێت بۆ کوردیش تابتوانێت وه‌ک گه‌لانی ناوچه‌که داوای ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بکات به‌سود وه‌رگرتن له‌و پشێوی و ده‌سه‌ڵاته لاوازه‌ی که له ئێران‌دا هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه شۆڕش و ڕاپه‌رین له‌لایه‌ن کورده‌کانه‌وه کراوه، به‌ڵام ڕه‌زاخان وه‌ختێک جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرت له‌سه‌رکوت کردنی هه‌رچی بزوتنه‌وه ناڕه‌زاییه‌کان بوو سڵی نه‌کرده‌وه به‌تایبه‌ت له سه‌رکوتکردن و کۆتایی هێنان به شۆڕش و بزوتنه‌وه‌ی کوردیه‌کان ئه‌و په‌ڕی توندوتیژی و دڵڕه‌قی به‌کارهێنا بۆ کپ کردنه‌وه‌یان، له‌م توێژینه‌وه‌یه‌مان به‌ناوی کورد له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌زاشا له ئێران هه‌وڵمان داوه تیشک بخه‌ینه سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و ڕووداو و بابه‌ته گرنگانه‌ی که له‌م ماوه‌یه‌دا ڕوویان داوه له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و کرده‌وه‌کانی ڕه‌زاشا له هه‌مبه‌ر کورد و دۆزه ڕه‌واکه‌ی.
گرنگی بابه‌ته‌که زیاتر خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه که ڕه‌زاشا چۆن و به‌چی شێوازێک توانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م خاکی ئێران‌دا باڵاده‌ست بکات به پشتیوانی به‌ریتانیا، ئه‌مه‌ش تێگه‌شتنه له سیاسه‌تی به‌ریتانیا که چۆن به‌درێژایی مێژوو پشتی کردۆته دۆزی کورد و پاڵپشتی له داگیرکارانی کوردستان کردووه له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی. هەوڵدەدەین بە چەند توێژینەوەیەکی دیکە لە دۆزی کورد لەو قۆناغە مێژووییەی کورد بدوێین لە سایەی دەسەڵاتی ستەمکاری ڕەزاشا. ئه‌و دۆخه ناله‌باره‌ی له‌سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئێرانی تێکه‌وتبوو له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی قاجاریدا، هه‌ر له‌ده‌ست تێوه‌ردانی وڵاتانی بیانی له‌کارو باری ناوخۆی وڵات و لاوازی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و چه‌ندان هۆکاری دیکه، ڕێگه خۆشکه‌ر بوون بۆ زیاد بوونی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی به‌شێک له چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێرانی و به چه‌ندان شێوه‌ش گوزارشتیان له‌و ناڕه‌زایه‌تیانه کردووه.
دیارترینیان شۆڕشی مه‌شروته‌ی* (1905-1911) بوو، دواتر و پاش کۆتایی هاتنی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی 1914-1918، بزووتنه‌وه‌ی نیشتیمانی چووه قۆناغێکی نوێوه، که له ڕووی شێواز و داواکاریه‌وه شتێکی نوێ بوو بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه[1] کاتێکیش جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی هه‌ڵگیرسا، دوای ماوه‌یه‌کی که‌م له به‌رپا بوونی جه‌نگ حکومه‌تی ئێران به فه‌رمی بڕیاری بێلایه‌ن بوونی خۆی له جه‌نگ ڕاگه‌یاند [2] به‌ڵام هیچ ده‌وڵه‌تێک ڕێزی ئه‌م بێلایه‌نیه‌ی ئێرانی نه‌گرت، حکومه‌تی ئێران خۆشی ئه‌و هێزو توانایه‌ی نه‌بوو پارێزگاری له خۆی بکات و بێلایه‌نی خۆی ڕابگرێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی دیپلۆماته‌کانی ئه‌ڵمانیاو ئینگلز و ڕوس له کاتی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگه‌که‌دا چ خۆیان ڕاسته‌وخۆ چ له لایه‌ن دۆست و لایه‌نگره ئێرانیهکانیانهوه، هه‌وڵێکی زۆریاندا، که ئێران له شه‌ڕه‌وه بگلێنن [3] هه‌روه‌ها بارودۆخی ناوخۆی ئێران شپرزه بوو، خاوه‌نی هێزێکی نه‌ته‌وه‌یی و حکومه‌تێکی سه‌قامگیرو کارامه نه بوو که توانای به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی هه‌بێت.
هه‌ربۆیه له‌دۆخێکی ئاوهادا شتێکی ئاسایی بوودهوڵهته سوێند خۆره‌کان ڕێزیان بۆ بێلایه‌ن مانه‌وه‌ی ئێران دانه‌نا [4] چونکه لاوازی و بێ ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایانی قاجار، دۆخێکی ناله‌باری وای بۆ ئێران خولقاند بوو که ڕێگه خۆشکه‌ر بێت بۆ ده‌ستتێوه‌ردانی وڵاتانی بیانی و له‌سه‌روو هه‌موشیانه‌وه “به‌ریتانیا و ڕوسیا” که بۆ دابین کردن و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان، ده‌ست بۆ زۆرێک له جومگه هه‌ستیاره‌کانی ئه‌و وڵاته ببه‌ن و زۆرێک له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی بخه‌نه خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان، ئه‌مه جگه له دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل وه‌رگرتن و فرۆشتنی پله‌و پایه که دیارده‌یه‌کی باوی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو [5] هێزه‌کانی ڕوسیا لای سه‌رویان داگیر کردبوو، پاش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک له جه‌نگ هێزه‌کانی به‌ریتانیاش لای خوارویان داگیر کرد[6] بڕیاری بێلایه‌نی ئێران وه‌ک مه‌ره‌که‌بی سه‌ر کاغه‌ز مایه‌وه زه‌مینی ئه‌م وڵاته بوه مه‌یدانی ململانێی سه‌ختی وڵاته شه‌ڕکه‌ره‌کان، به جۆرێک کرداره سه‌ربازیه‌کانی سه‌ر خاکی ئێران ته‌نها ڕووداوی لابه‌لا، هه‌روه‌ها بۆ مه‌به‌ستی سه‌ربازی نه‌بوون به‌ڵکو ئه‌م کردارانه له جوارچێوه‌ی هه‌وڵ و کۆششی فراوانتره‌وه ده‌هاتن و په‌یوه‌ست بوون به گرنگیدانی لایه‌نه شه‌ڕکه‌ره‌کان به بایه‌خی ستراتیجی ئه‌و وڵاته بۆ مه‌به‌سته‌کانی جه‌نگ و پێگه‌ی له نه‌خشه‌و پلانه‌کانی دواڕۆژ[7]
ئیران به بارودۆخێکی سه‌خت تێده‌په‌ڕی ، زه‌ویه‌کانی ببوونه ناوچه‌ی جه‌نگ، هه‌ربۆیه کاتێک له جه‌نگ هاته ده‌ره‌وه بێهێز و بێ ده‌سه‌ڵات و بێ چه‌ک بوو، له‌پاش ده‌رچونی له جه‌نگ وڵاتێکی پارچه پارچه کراو بوو، تارانی پایته‌ختی لێ ده‌ربچێت سه‌رتاپای خاکی ئه‌م وڵاته داگیر کرابوو[8]
له دوای جه‌نگ به‌ریتانیا بۆ پاراستن و هێشتنه‌وه‌ی هه‌ژموونی خۆی له ئێران‌دا، ڕێکه‌وتننامه‌ی 1919 ی له‌گه‌ل ده‌سه‌ڵاتی قاجاریدا مۆر کرد، به‌پێی به‌نده‌کانی ئه‌م ڕێکه‌وتننامه‌یه ده‌بوایه هه‌موو جومگه گرنگه‌کانی وه‌ک(دارایی ، سوپا ، گومرگ ،…هتد) له ژێر جاودێری به‌ریتانیا بێت و له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌ریتانیا، به‌ڵێنی قه‌رزێکی درێژخایه‌نی به ئێران دا، به‌ڵام ئه‌م ڕیکه‌وتننامه‌یه له ئه‌نجامی فشاری ڕۆشنبیرو نیشتیمان په‌روه‌رانی ئێرانی‌دا نەك هەر نه‌چووه بواری جێبه‌جی کردنه‌وه بەڵکو ناڕه‌زایه‌تیه‌کی گه‌وره‌ی له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی قاجاری به‌دوای خۆی هێنا، ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ش به‌ریتانیای ناچار کرد که به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه ئابووری و سیاسیه‌کان پشت به که‌سانێکی دیاری گۆڕه‌پانی سیاسی وسه‌ربازی ئێرانی وه‌ک (زیائه‌ددین ته‌باته‌بای* و ڕه‌زاخانی میرپه‌نج **) ببه‌ستێ[9]
به‌م شێوه‌یه ئێران له هه‌ل و مه‌رجێکدا ده‌ژیا، که بزوتنه‌وه‌ی نیشتیمانی ئێرانی چووبووه قۆناغێکی نوێ و تیایدا نه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی قاجاری ده‌کرد، به‌ڵکو له‌و زلهێزانه‌ش که به‌رژه‌وه‌ندیان له ئێران‌دا هه‌بوو، به تایبه‌ت ئینگلزه‌کان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حکومه‌تی قاجاری لاواز بوو، هێزه ده‌ره‌کیه‌کان که‌وتنه یارمه‌تی دانی حکومه‌ت، به‌هاوکاری چه‌ند لایه‌نێکی ناوخۆ بۆ ڕێگرتن له‌و گۆڕانکاریانه‌ی که نیشانه‌کانی له ئاسۆدا ده‌رکه‌وتبوو.[10] ناڕه‌زاییه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی ئێرانیش بۆ ئه‌و حکومه‌تانه‌ی که پاش جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی هاتبونه سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات له ئێران، نه‌بوونی هیچ جۆره حزبێکی میللی به‌هێز له ئارادا ئه‌وه‌ی هێنایه کایه، که ده‌سته‌یه‌کی بچوکی که‌م بتوانن ده‌ربکه‌ون و مه‌ترسی بۆ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌سته دروست بکه‌ن[11] به‌ریتانیه‌کانیش درکیان به‌وه کردبوو که پێویسته ته‌ختی قاجار بهڕێبهرایهتیهکی به‌هێزی ئه‌وتۆ بگۆڕدرێت، که بتوانێت ڕێزی گه‌له‌که‌ی خۆی به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌نده‌ش کاریگه‌ر بێت که بتوانێت بایه‌خی پته‌وکردنی په‌یوه‌ندیه‌کانی به‌ریتانی-فارسی باوه‌ڕ به هاوڵاتیه‌کانی خۆی بێنێت، ڕووی پاڵیوراوی سه‌ر شانۆکه‌ش بۆ ئه‌وه بریتی بوو له ڕه‌زاخانی سه‌رکرده‌ی هێزه‌کانی قهوزاقی فارسی*[12]
هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندی نێوان به‌ریتانیاو ئێران باش نه‌بوو، به‌ڵام پێگه‌ی ره‌زاخان جیاواز بوو، ده‌سه‌ڵات په‌یدا کردنی ڕه‌زاخان و هه‌نگاوه‌کانی ئه‌و بۆ ڕێگا خۆشکردنی سوپایه‌کی به‌هێز، هه‌وڵه‌کانی بۆ گۆڕانی ئێران بۆ ده‌وڵه‌تێکی به‌هێز سودێکی زۆری بۆ به‌ریتانیه‌کان هه‌بوو[13] ده‌گونجێت گرنگترین هۆکار که سه‌رنجی به‌ریتانیه‌کانی بۆ ڕه‌زاخان ڕاکێشا بێت، توانا‌و زیره‌کیه‌که‌ی نه‌بێت هێنده‌ی ئه‌وه بێت که ناوبراو ڕقی له شورهویهکان بووه ئەمە وێڕای به‌ره‌نگاری ناوبراو بۆسه‌رجه‌م جوڵانه‌وه یاخیه‌کان، که دژی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی تاران بوو، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتخوازی ناوبراو و توانای سه‌پاندنی فه‌رمانه‌کان به‌سه‌ر ئه‌فسه‌ره‌کانی ده‌وروبه‌ری و خولیای بۆ په‌ره‌پێدانی سوپا‌و چه‌کدارکردنی به نوێترین پێویستیه‌کانی جه‌نگ تا ببێته قامچیه‌کی به‌ریتانی، وه‌ک خۆشحاڵیه‌ک که پێیان وابوو دژی یاخیه‌کان و لایه‌نگرانی نوێی به‌لشه‌فیه‌کان، هه‌روه‌ها بۆ ڕه‌زاخانیش شاراوه نه‌بوو که پێشاندانی ڕق و کینه‌ی له‌هه‌مبه‌ر شورهویهکان و خۆنزیککردنه‌وه‌ی له به‌ریتانیه‌کان و ناوزه‌ند کردنیان به هاوسه‌نگه‌ران، هه‌مووی وه‌ک شێوازی ده‌رخستنی لایه‌نگری بوو بۆ به‌ریتانیه‌کان.[14] ئه‌وه بوو له 21/2/1921 بۆ یه‌که‌مینجار له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و ئێرانیش به‌تایبه‌تی ، کوده‌تایه‌ک ئه‌نجامدرا که له ڕووی سیاسیه‌وه “سه‌ید زیائه‌ددین ته‌باته‌بایی” و له ڕووی سه‌ربازیشه‌وه “ڕه‌زاخانی میرپه‌نج”، سه‌رکردایه‌تیان ده‌کرد5 )[15] ئه م کوده‌تایه گۆڕانکاری گه‌وره‌ی هێنایه کایه‌وه، که بریتی بوو له دوورخستنه‌وه‌ی خێزانی قاجاری و هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خێزانی په‌هله‌وی* [16]وه کوده‌تا هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی به‌دوادا نه‌هات له‌لایه‌ن کۆمسێۆنی به‌ریتانیاو بگره له‌لایه‌ن هێزه‌کانی تریشه‌وه، چونکه وادیار بوو که ئینگلزه‌کان پێشتر ئه‌وانیان دڵنیا کردبوه‌وه که کوده‌تا زیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان نادات[17] ئیتر لێره به دواوه ناوی ڕه‌زاخان زیاتر که‌وته سه‌ر زمان و به‌و سیاسه‌ته‌ی که هه‌یبوو سه‌ید زیائه‌دینی دورخسته‌وه له مه‌یدانی فەرمانڕەوایی و خۆی بووه پیاوی یه‌که‌می فەرمانڕەوا و بڕیار له ئێران‌دا
ره‌زاخان که‌پاش کوده‌تا نازناوی “سه‌رداری سوپا” ی پێدرا بوو، سه‌رئه‌نجام له ڕۆژی 16/8/1923 بوو به‌سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زاره‌تی جه‌نگیش له‌ده‌ستیدا مایه‌وه، ئه‌و که له‌ناو وه‌زاره‌ته‌کانی پێشتردا پۆستی گرنگ و دیاری هه‌بوو، حکومه‌تێکی به‌هێزو تۆکمه‌ی دامه‌زراند ، هێزو قودره‌تی وه‌زاره‌ته‌که‌ی ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ له‌زیاد بووندا بوو، به‌جۆرێک ڕه‌زاخان ئیتر ملی بۆ(ئه‌حمه‌د شا) که‌چ نه‌ده‌کرد، سه‌ربه‌خۆ کاری ده‌وڵه‌تی ڕاده‌په‌ڕاند، ساڵیک به‌سه‌ر ته‌مه‌نی وه‌زاره‌ته‌که‌ی تێپه‌ڕی بوو،که ڕه‌زاخان ویستی سیستمی پاشایه‌تی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و کۆماری ڕابگهیانێت به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه بوو.[18] ورده ورده دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری خۆی مسۆگه‌ر کرد، داوای کرد به‌ڕه‌سمی ببێت به شای ئێران، ئه‌وه بوو ڕه‌شنوسی یاسایه‌ك پێشکه‌ش کرا له‌لایه‌ن (داماد ته‌یمور تاش) و چه‌ند ئه‌ندامێکی تری سه‌ر به ڕه‌زاخان تیایدا داوایان کرد،که ئه‌نجومه‌ن به‌یانێک ده‌ربکات سه‌باره‌ت به له‌ناوچونی ده‌وڵه‌تی قاجاری، له‌به‌رواری 11/تشرینی یه‌که‌م/1925 ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیاره‌که درا که له‌کۆی 115 ئه‌ندام 80 ئه‌ندام ده‌نگیان پێدا[19] ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه بوو که ڕه‌زاخان ئه‌حمه‌د شای بۆ ئه‌وروپا به‌ڕێ کردبوو، دواتر له 25/ئۆکتۆبه‌ر/1925 ماده‌یه‌ک له مه‌جلیسی ئێرانی‌دا په‌سه‌ند کرا که به‌م شێوه‌یه بوو: “مه‌جلیس له‌به‌ر خاتری میلله‌ت، لابردنی ئه‌حمه‌د شای قاجار ڕاده‌گه‌یه‌نێت و ئیداره‌ی کاتی وڵات له‌چوارچێوه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی به ئاغای ڕه‌زای په‌هله‌وی ده‌سپێردرێت”[20]
ڕۆژی 15/ 1/1925 ڕه‌زاخان له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ندا سوێندی یاسایی خوارد وه‌ک یه‌که‌م پاشای په‌هله‌وی ، له‌هه‌مان مانگدا داوای دروست بوونی وه‌زاره‌تی نوێی کرد، سه‌رئه‌نجام له 25/4/1926 تاجی شاهه‌نشاهی له‌سه‌ر کرد[21] له دوای سوێند خواردنیشی به‌ڕه‌سمی به‌ناوی ڕه‌زا شاوه ده‌ست به‌کار بوو[22]به‌مجۆره ڕه‌زاخان توانی سه‌رکه‌وتوو بێت هه‌م له ڕاکێشانی سه‌رنجی ئینگلزه‌کان بۆ لای خۆی ، هه‌میش میلله‌تی ئێران بوونه پاڵپشت و لایه‌نگری، له ڕاستیدا ڕه‌زاخان به پاڵپشتی ئینگلزه‌کان ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، چونکه ئه‌وان داڕێژه‌ری نه‌خشه‌ی کوده‌تای 1921 بوون، دواتر هه‌وڵ و کاره‌کانی ڕه‌زا خان بۆ یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێران و له‌ناو بردنی بزوتنه‌وه‌و جوڵانه‌وه ناڕه‌زاییه‌کان له دژی حوکمه‌تی ناوه‌ند زیاتر ئه‌وی خسته به‌ر دڵان ، له گرنگترین ئه‌و جوڵانهوانهش که سه‌رکوتی کردن بریتی بوو له ڕاپه‌رینه‌کانی (شێخ محمد خیابانی1920) له ئازه‌ربایجان ، میرزا کوچیک خان(1920-1921) له گه‌یلان ، (ئیسماعیل ئاغای شکاک)* له کوردستان ، (محمد ته‌قی خان پسیان) له خوراسان.
سەرچاوەی سود لێوەرگیراو:-
- سه‌عدی عوسمان هه‌روتی :بزاڤی ڕزگاری خوازی نیشتیمانی له کوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتدا(1880-1939)، چاپخانه‌ی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2007.
- حوسێن مه‌ده‌نی: کوردستان و ئیستراتیجی ده‌وڵه‌تان، به‌رگی دووه‌م، چاپی یه‌که‌م، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، هه‌ولێر، 2001.
- عه‌تا قه‌ره‌داغی: گوتاری ناسێۆنالیزمی کوردی، چ1، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، سلێمانی،2007.
- هێمن حه‌مید خورشید: سیاسه‌تی ئێران له‌هه‌مبه‌ر عه‌شیره‌ته کوردیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان(1921-1941) ، نامه‌ی ماسته‌ر بڵاونه‌کراوه، زانکۆی سلێمانی، 2015.
- نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین : کورد‌و عه‌جه‌م (مێژووی سیاسی کورده‌کانی ئێران)، چاپی سێیه‌م، سلێمانی، 2007.
- یاسین سه‌رده‌شتی: گه‌لی کورد و بزاڤی مه‌شروته خوازی له ئێران(1905-1911) ، چاپخانه‌ی هاوار، سلێمانی، 2001.
- یاسین سه‌رده‌شتی و به‌رزانی مه‌لا ته‌ها: مێژووی هاوچه‌رخی ئێران، چ2،چاپخانه‌ی سایه، سلێمانی،2010.
- د.ابراهیم خلیل احمد، د.خلیل علی مراد: ایران و ترکیا(ترکیا دراسه فی تاریخ الحدیث و المعاصر)، دار الکتب للطباعه و النشر، موصل،1992.
- د.جهاد صالح العمر، اسعد محمد زیدان الجوادی : ایران فی عهد رضا شاه پهلوی(1925-1941)، جامعه بصره، 1990.
- کمال مظهر احمد: دراسات فی التاریخ ایران الحدیث و المعاصر، مطبعه ارکان، بغداد، 1985 .
- محمد علی موحد: خواب آشفته نفت(دکتر مصدق و نهچت ملی ایران)، چاپ اول، جلد دوم، چاپخانه سازمان، چاپ و انتشارات وزارت فرهنگ وارشاد اسلامی، نشر کارنامه، تهران ،1378.
- علی اصغر زرگر : تاریخ روابط سیاسی ایران و انگلس در دوره رضا شاه، ترجمه کاوه بیات، چاپ اول، انتشارات پروین و انتشارات معین،1372.
- محمود طلوعی: پدرو پسر ناگفتهای از زندگی و روزگار پهلوی ها، تالیف و ترجمه: محمود طلوعی، چاپ ششم، 1376.
- محمد وصفی ابو مغلی : ایران دراسه العامه، مطبعه جامعه البصره، 1985.
- کیوان پهلوان : رضا شاه بررسی و کتب سیاسی و معاصر ، چاپ اول، انتشارات آرون، تهران ،1385.
- نجفقلی پسیان و خسرو معتمد: در عصر دو پهلوی، چاپ اول، چاپخانه میری،1377.
- نیکی .ارکدی : ریشههای انقلاب ایران، ترجمه: عبدالرحیم گواهی، نشر علم ، تهران، 1385.
* شۆڕشی مه‌شروته خوازی به گرنگترین ڕووداوی مێژووی ئێران داده‌نرێت، خواستی ئه‌م بزاڤه جه‌ماوه‌ریه دانانی سنورێک بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های شاکانی قاجاری و ڕیفۆرم له بواره جیا جیا کاندا (ئابوری ، سیاسی ، کۆمه‌ڵایه‌تی) و پێکهێنانی حکومه‌تی نیشتیمانی و وه‌ستان له‌به‌رده‌م ده‌ست تێوه‌ردانه‌کانی وڵاته بیانیه‌کان له کاروباری ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی ئێران. بڕوانه:د. یاسین سه‌رده‌شتی: گه‌لی کورد و بزاڤی مه‌شروته خوازی له ئێران(1905-1911) ، چاپخانه‌ی هاوار، سلێمانی، 2001، ل8.
[1] هێمن حه‌مید خورشید : سیاسه‌تی ئێران له‌هه‌مبه‌ر عه‌شیره‌ته کوردیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان(1921-1941) ، نامه‌ی ماسته‌ر بڵاونه‌کراوه، زانکۆی سلێمانی، 2015، ل84.
[2] د. سه‌عدی عوسمان هه‌روتی :بزاڤی ڕزگاری خوازی نیشتیمانی له کوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتدا(1880-1939)، چاپخانه‌ی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2007، ل42.
[3] نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین : کورد‌و عه‌جه‌م (مێژووی سیاسی کورده‌کانی ئێران)، چاپی سێیه‌م، سلێمانی، 2007، ل243.
[4] حوسێن مه‌ده‌نی : کوردستان و ئیستراتیجی ده‌وڵه‌تان، به‌رگی دووه‌م، چاپی یه‌که‌م، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، هه‌ولێر، 2001، ل 56-57
[5] هێمن حمید خورشید : سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل85-86.
[6] نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین: سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل243.
[7] د.سه‌عدی عوسمان هه‌روتی : سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل42-43.
[8] د.جهاد صالح العمر، اسعد محمد زیدان الجوادی : ایران فی عهد رضا شاه پهلوی(1925-1941)، جامعه بصره، 1990،ص10.
* سه‌ید زیائه‌ددین (1888-1969) له‌بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئاینی ناسراوی شاری یه‌زده و له شیراز له‌دایکبووه، ته‌مه‌نی منداڵی له ته‌برێز به‌سه‌ر بردووه، له‌ته‌مه‌نی پانزه ساڵیدا چۆته تاران، ئاره‌زوی کاری ڕۆژنامه‌وانی بووه، چالاکێکی دیاری بواره‌کانی سیاسه‌ت و ڕۆژنامه‌وانی بووه، به‌شداری له شۆڕشی مه‌شروته کردووه و ساڵانی 1911-1912 له پاریس خوێندویه‌تی، چۆته بواری ڕۆنامهوانیهوه، سه‌رکه‌وتوانه ڕۆژنامه‌ی (ڕه‌عد) ی ده‌رده‌کرد له تاران، که له کۆتایی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی ده‌رده‌چوو، ژماره‌یه‌ک له‌ڕۆشنبیره ئێرانی و بیانیه‌کانی به‌لای خۆیدا ڕاکێشا، په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ریتانیه‌کان هه‌بووه، به‌رگریکارێکی سه‌رسه‌ختی ڕێکه‌وتنامه‌ی1919ی نێوان به‌ریتانیاو ئێران بووه، پاش کوده‌تای1921 بۆماوه‌ی سه‌د ڕۆژ بۆته سه‌ره‌ک وه‌زیری ئێران، به‌ڵام دواتر به‌هۆی تێکچوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕه‌زاخان بۆ ئه‌وروپا دورده‌خرێته‌وه، له‌ساڵی 1943 له‌دوای ڕووخانی ڕه‌زا شا گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئێران و جارێکی تر چالاکی سیاسی ده‌ست پێده‌کاته‌وه‌و پارتی(ئیراده‌ی میللی) داده‌مه‌زرێنێت.، له هه‌ڵبژاردنی خولی 14ی ئه‌نجومه‌نی شورای میللی دا به نوێنه‌ری خه‌ڵکی یه‌زد هه‌ڵبژێردرا، له‌ساڵی 1970 کۆچی دوایی کردووه.بڕوانه:
د.ابراهیم خلیل احمد، د.خلیل علی مراد : ایران و ترکیا(ترکیا دراسه فی تاریخ الحدیث و المعاصر)، دار الکتب للطباعه و النشر، موصل،1992،ص113؛ محمد علی موحد: خواب آشفته نفت(دکتر مصدق و نهچت ملی ایران)، چاپ اول، جلد دوم، چاپخانه سازمان، چاپ و انتشارات وزارت فرهنگ وارشاد اسلامی، نشر کارنامه، تهران ،1378، ص982.
** ڕه‌زاخان (1878-1942) له مازه‌نده‌ران له‌دایکبووه له گوندی(الاشت) له ناوچه‌ی سواد کوه، له خێزانێک به‌ناوی (پالانی) که یه‌کێکه له خێزانه نزمه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێرانی، باوکیشی سه‌رهه‌نگ (عباس قولی خان)ە ڕەزاخان ته‌مه‌نی هه‌شت مانگ بووه کاتێک باوکی مردووه، دواتر دایکی بردویه‌تیه تاران و له‌گه‌ڵ براکه‌یدا له‌وێ ژیاون ، هه‌ر له‌وێ فێری نوسین و خوێندن بووه، کاتێک ته‌مه‌نی بۆته پانزه ساڵ خاڵی خستویه‌تیه ناو هێزه‌کانی قۆزاقی فارسی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که خوێنده‌واریه‌کی که‌می هه‌بووه به‌ڵام له بواری سه‌ربازیدا شاره‌زایی زۆری هه‌بووه، له‌ناو قۆزاقهکاندا به ئازایه‌تی ناوبانگی ده‌رکردووه له لێپرسراوێتی و فه‌رمانده‌یی سهرپازی و ڕێکخستنی سوپادا شاره‌زاییه‌کی باشی هه‌بووه، پله‌ی سه‌ربازی به‌رزبۆته‌وه تاوه‌کو گه‌شتۆته پله‌ی کۆڵۆنێل، له ساڵی1900 چۆته ناو سوپای ئێرانه‌وه، له 1920 هاوبه‌شی شۆڕشی کردووه، که له‌دژی یه‌کێتی شوره‌وی به‌رپا کرا، له 1921 کراوه به سه‌رکرده‌ی گشتی سوپا و پاشان به وه‌زیری جه‌نگ و دواجاریش به سه‌رۆک وه‌زیران1923 ، دواتر به کوده‌تایه‌ک له1925 توانی ده‌سه‌ڵات له ئێران بگرێته سه‌ر له جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا سوپای هاوپه‌یمانان هێرشیان کرده سه‌ر ئێران و له‌سه‌ر ته‌خت لایانبرد، دواتر دوورخرایه‌وه بۆ باشوری ئه‌فریقا و هه‌ر له‌وێش کۆچی دوایی کردووه. بڕوانه : محمد وصفی ابو مغلی : ایران دراسه العامه، مطبعه جامعه البصره، 1985، ص292؛ کیوان پهلوان : رضا شاه بررسی و کتب سیاسی و معاصر ، چاپ اول، انتشارات آرون، تهران ،1385، ص247
[9] هێمن حمید خورشید : سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل87.
[10] د.جهاد صالح العمر، اسعد محمد زیدان الجوادی : سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل11.
[11] نیکی .ارکدی : ریشههای انقلاب ایران، ترجمه: عبدالرحیم گواهی، نشر علم ، تهران، 1385،ص157.
* ته‌نها قوتابخانه‌یه‌کی سه‌ربازی که له‌ئێراندا هه‌بوو، ناوی قۆزاقخانه بووه که هه‌تا کوده‌تای 1921 تاکه خوێندنگه‌ی سه‌ربازی بووه، هیچ ڕێسایه‌کی یاسایی نه‌بووه که بتوانێ ناوی بنێ ئه‌مه کۆلێجی سه‌ربازیه، له‌م قوتابخانه‌یه‌دا به‌زمانی ڕوسی وانه‌ی تیادا ده‌وترایه‌وه، ئه‌م زمانه ڕوسیه شێوه‌یه‌ک یان داردهستهیهک بوو بۆ ڕوسه‌کانی ناو ئێران که ڕۆژ به ڕۆژ له‌زیاد بووندا بوون.بڕوانه: نجفقلی پسیان و خسرو معتمد: در عصر دو پهلوی، چاپ اول، چاپخانه میری،1377،ص34
[12] د.یاسین سه‌رده‌شتی و به‌رزانی مه‌لا ته‌ها: مێژووی هاوچه‌رخی ئێران، چ2،چاپخانه‌ی سایه، سلێمانی،2010،ل80.
[13] د.علی اصغر زرگر : تاریخ روابط سیاسی ایران و انگلس در دوره رضا شاه، ترجمه کاوه بیات، چاپ اول، انتشارات پروین و انتشارات معین،1372،ص 86.
[14] یاسین سه‌رده‌شتی و به‌رزانی مه‌لا ته‌ها: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل82.
[15] هێمن حمید خورشید: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل92
* خێزانی په‌هله‌وی له ساڵی ( 1926-1979) به‌گرتنه ده‌ستی جڵه‌وی حوکم له‌لایه‌ن ڕه‌زا شاوه ده‌ست پێده‌کات، به شۆڕشی گه‌لانی ئێران و ڕۆشتنی محمد ڕه‌زا شاه کۆتایی دێت، گرنگی ئه‌م سه‌رده‌مه له‌وه‌دایه که په‌هله‌ویه‌کان ئێرانیان کرد به وڵاتێکی مۆدێرن و نوێ و به ڕۆژئاوایی بوون، په‌هله‌ویه‌کان هه‌م حوکم و هه‌م بناغه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێرانیان گۆڕی بۆ شێوازێکی نوێ له حوکم و ڕۆژئاوایی بوون، چونکه ئه‌وان له‌ژێر کاریگه‌ری ڕۆژئاوا‌و حوکمی ئه‌تاتورکدا بوون. بڕوانه : د. ابراهیم خلیل احمد ؛ د.خلیل علی مراد: م.س، ص135.
[16] د.کمال مظهر احمد : دراسات فی التاریخ ایران الحدیث و المعاصر، مطبعه ارکان، بغداد، ١٩٨٥، ص27
[17] د.جهاد صالح العمر، اسعد محمد زیدان الجوادی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل18.
[18] محمود طلوعی: پدرو پسر ناگفتهای از زندگی و روزگار پهلوی ها، تالیف و ترجمه: محمود طلوعی، چاپ ششم، 1376،ص433
[19] د.جهاد صالح العمری، اسعد محمد زیدان الجوادی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل20
[20] حوسێن مه‌ده‌نی ؛سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل130-131.
[21] د.کمال مظهر احمد : سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل171-172
[22] حوسێن مه‌ده‌نی : سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل130-131
* ئیسماعیل ئاغای شکاک له‌ساڵی 1875 له‌دایکبووه، کوڕی محه‌مه‌د ئاغای شکاکه، سه‌رۆک خێڵی شکاک بووه، توانیویه‌تی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر به‌شی زۆری کوردستانی ئێران‌دا بچه‌سپێنێ له‌ماوه‌ی (1920-1924)، له‌دوای جه‌نگی جیهانیه‌وه سمکۆ بوه دیارترین که‌س له‌خه‌باتی ڕزگاری خوازی کوردی ئێران‌دا، ساڵی 1930 له‌شنۆ له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ئێرانه‌وه بۆسه‌ی بۆ نرایه‌وه و شەهید کرا. بڕوانه: عه‌تا قه‌ره‌داغی: گوتاری ناسێۆنالیزمی کوردی، چ1، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، سلێمانی،2007، ل252.