خاتوو (بورینیۆن)[1] کە ژنێکی خاسکردە و ڕووەو خوا بووە، دڵنیا بووە کە حەزرەتی ئادەم وەکوو “یەکەمین مرۆڤان”ی ئەفلاتوون، هەم پیاو بووە و هەم ژن. لە ڕوانگەی ئەفلاتوونەوە و لە کتێبی “مێوانی”دا ئەفلاتوون چیرۆکێک لە زاری ئاریستۆفانس دەگێڕێتەوە کە حیکایەتی دروستبوونی خۆشەویستیی نێوان دوو ڕەگەزی باس کردووە و لەوێدا مرۆڤەکانی بە سەر سێ ڕەگەزدا دابەش کردووە: ١)ڕەگەزی مێ ٢) ڕەگەزی نێر ٣) ڕەگەزی سێیەم(کە هەم تایبەتمەندی پیاوی هەیە و هەم تایبەتمەندی ژن)، ئەم پێناسەیەی ئەفلاتوون بەشێوەیەک هەمان شتە کە خاتوو بورینیۆن باسی دەکات، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە کە ئەو لە ئیلهامێکەوە ئەمەی بۆ دەرکەوتووە واتە خودا ئەم ڕازە مەزنەی بۆ ئەو خاتوونە ئاشکرا کردووە. بەڵام من چونکە ئاوەها ڕازگەلێکم بۆ ئاشکرا نەبووە، لەم بارەیەوە بێدەنگی هەڵدەبژیرم. خواناسەکانی یەهوود کتێبەکانی حەزرەتی ئادەمیان خوێندووەتەوە و ناوی ئامۆژگار و ژنی دووهەمیشی دەزانن. بەڵام من چونکە کتێبانی باوا گەورەکانمانم نەبینیوە ناتوانم لەم بارەیەشەوە شتێک بڵێم.
هەندێک لە وشک بیرانی زۆر ژیر و ژۆڵیش، کاتێک کتێبی “ڤێدام”-کتێبی ڤید یان ڤیداس ژتێبی پیرۆزی هیندییەکان-ی بێرەهمانە کۆنەکان دەخوێننەوە، بە سەرسووڕمانێکی زۆرەوە دەبینن کە یەکەمین مرۆڤ دروستکراوی خەڵکی هیندستانە و هیندییەکان ناویان لێ نابوو (ئادیمۆ- Adimo) یانی داهێنەر و ئافرێنەر. و ناوی ژنەکەشیان نابوو (پووکریتی- pocriti) یان (ژیان). ئەم زانستمەندانە دەڵێن ئایینی بێرەهمانەکان بەدڵنیاییەوە کۆنترە لە ئایینی جوو، و جووەکان کە دوای ماوەیەکی درەنگتر لە وڵاتی بچووکی کەنعاندا پێشکەوتن و دەستیان ڕۆیشت، زۆر درەنگتر لە خەڵکی هیندستان لەگەڵ زمانی کەنعانی ناسیاوەتییان پەیدا کرد و دەستیان دایە نووسین. ئەوان باوەڕیان وایە کە خەڵکی هیندستان بەشێوەیەکی بەردەوام داهێنەر بوون و جووەکانیش بەردەوام لاساییکەرەوە بوون، هیندییەکان هەمیشە زانا و دانا و جووکان هەمیشە تووندئاژۆ و دوور لە مەدەنییەت بوون. دەڵێن گوایە حەزرەتی ئادەم قژێکی درێژی خەنەیی هەبووە و هەر بۆیە ئەستەمە باوکی ئەو ڕەشپێستانەی هاوشێوەی مرەکەو بێت کە قژ و پرچیان ڕەشە. ئەدی چیتر ناڵێن؟ من لە لایەن خۆمەوە یەک وشە نادرکێنم و ئەم جۆرە لێکدانەوە و توێژینەوانە دەخەمە ئەستۆی پێشەوای ئایینی جەنابی (بێرۆئێر)[2] کە سەر بە بازنەی ژزۆئیتەکانە. ئەم پیاوە بێگەردە کێیە کە تا ئێستە بەختی ناسینیم هەبووە. کتێبەکەیان وەکوو کتێبی مرۆڤێک کە گاڵتەی بە تەورات کردووە سووتاندووە. بەڵام دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە: ئەو لەم کارەی مەبەستێکی خراپ و بەدفەڕانەی نەبووە.
“وەرگیراو لە نامەیەکی شوالیەر”
“مرۆڤخۆرەکان”
لەم کتێبەدا باسی خۆشەویستیمان کرد، باسمان لەو کەسانە کرد کە یەکدی لە ئامێز دەگرن و سۆز دەگۆڕنەوە، بۆیە باسکردن لە خەڵکێک کە یەکدی دەخۆن کارێکی سەخت و دژوارە. بەڵام ناتوانین ئەم ڕاستییە ڕەت بکەینەوە کە کۆمەڵێک مرۆڤخۆریش لە دنیادا هەن. پاش دۆزینەوەی کیشوەری ئەمریکا، لەوێ کۆمەڵێک مرۆڤخۆرمان دۆزییەوە و ڕەنگە هێشتاش لەو هەرێمە ئاوەها خەڵکانێک هەبن. (سایکلۆپ)[3]ەکانی دنیای کۆنیش کە جارناجارێ گۆشتی مرۆڤیان دەخوارد لەم کردەوەیەیان تەنیا نەبوون. (ژووڤێناڵیس)[4] دەنووسێت کە لە ناو میسرییە کۆنەکاندا، واتە هەمان ئەو نەتەوەیەی کە بەهۆی ئەقڵ و زانست و یاساکانییەوە ناوبانگی دەرکردووە، هەمان ئەو نەتەوەیەی کە بەهۆی باوەڕی قووڵی بە پارێزکاری و ئیماندارییەوە، تیمساح و پیازیشی ستایش دەکرد، خێڵەکانی “تین تیری” کە هۆزێکی دژبەری خۆیان بوون و بەدیل گرتبوونیان، خوارد! ژووڤێناڵ ئەم چیرۆکەی بەپێی بیستراوەکان نەگێڕاوەتەوە بەڵکوو ئەم تاوانە لەبەرچاویدا ڕووی داوە، واتە کاتێک کە لە میسر بووە و دراوسێی وڵاتی “تین تیر” بووە. هەر بەم بۆنەیەوە دەنووسێت کە خەڵکی (گاسکۆن- Gascons لە ویلایەتەکانی باشووری ڕۆژئاوای فەرەنسە) و (ساگۆنت-sagonte شارێک بووە لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئیسپانیا) یش سەردەمێک گۆشتی هاووڵاتیانی خۆیان دەخوارد.
لە ساڵی ١٧٥٢ی زاینی، چوار کەسی بەدەوەیی (میسی سی پی- Mississipi لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای باکوور) یان هێنا بۆ (فوونتاینێبلو- Fontainebleu لە شارەکانی فەرەنسە نزیک لە پاریس) و من بەختی ئەوەم هەبوو لەگەڵیان دانیشم. لە ناویاندا ژنێکی خۆجێیی ئەمریکی هەبوو. لێیم پرسی کە ئایا گۆشتی هیچ مرۆڤێکی خواردووە؟ ئەویش بەوپەڕی سادەییەوە وەڵامی دایەوە کە بەڵێ خواردوویەتی. کاتێک منی بینی بەهۆی دانپێدانانەکەی ئەوەوە خەمینم، ئاوەها پاساوی هێنایەوە کە ئەگەر لاشەی مردووی دوژمنەکەیان بخۆن باشترە لەوەی کە لێی گەڕێن و ببێت بە خۆراکی گیاندارانی دیکە، و بۆ خواردنی گۆشتی دوژمنیش هەڵبەت ئەو کەسانەی کە بەسەر دوژمندا زاڵ بوون و شکستیان پێ هێناون، پلەی یەکەمیان هەیە. ئێمە دراوسێکانی خۆمان لە شەڕە ڕێکخراو یان ناڕێکخراوەکان دەکوژین و نزمترین و سووکترین پاداشتێک کە وەری دەگرین ئەمەیە کە خزمەتی چڵێسیی قەل و قاڵاو و کرمەکان بکەین! دزێوی و تاوان لە ئاوەها کارێک دایە ئەگینا کاتێک کەسێک کوژرا ئیدی چ جیاوازییەکی دەبێت کە ببێت بە خۆراکی سەربازێک یان قاڵاو و یان سەگێک؟ باسەکە ئاوەها ڕۆشتە پێش.
دەبێت بڵێم لای ئێمە مردوو لە زیندوو بەڕێزترە، لە حاڵێکدا دەبێت ڕێزی هەردووکیان بگیرێت. ئەو نەتەوانەی کە بە ناو شارستانییەتەوە ناویان دەرکردووە ئەگەر دوژمنە شکستخواردووەکانی خۆیان نابرژێنن ئاوەڵناوی شارستانیی شیاویانە چونکە دەزانن ئەگەر خواردنی گۆشتی دراوسێکان ببێت بە باو، خەڵک لە ماوەیەکی کورتدا هاووڵاتیان و هاونیشتیمانیانی خۆیانیش دەخۆن و هەڵبەت ئەم کارە لەگەڵ بەها کۆمەڵایەتییەکاندا هیچ گونجاو نییە. بەڵام نەتەوە شارستانی و پێشکەوتووەکانیش هەمیش ئاوەها نەبوون، بەڵکوو هەموویان بۆ ماوەیەک لە ناو وەحشیگەری و دڕندەییدا ژیاون و لە هەموو ئەو شۆڕشە زۆر و زەبەندانەی کە هاتوونەتە ئاراوە، هەبوون و دەرکەوتنی “چەشنی مرۆڤ” زۆر دانسقە و کەموێنە بووە. ئەگەر ڕەوتەکە هەر بەو بارەدا بڕۆشتبایەتە پێش ئەوا هەر ئەوە دەمایەوە بۆ ئەولادی ئادەم کە ئێستاکە بۆ گیاندارانێکی وەکوو فیل و شێر و بەبر، کە ژمارەیان زۆر لە کەمی داوە، ماوەتەوە. لە سەردەمانێکدا کە حەشیمەتی ناوچەیەک زۆر کەم بووە، بەشێوەیەکی سرووشتی خەڵک لە ڕووی پیشەسازییەوە پێشکەوتوو نەبوون و خەریکی ئیشی و کاری سەرەتایی بوون، چونکە خوویان وابووە هەر شتێک دەکوژن بیخۆن، بە بێ دڵەڕاوکێ و ترسیش هەمان ئەو ڕەفتارەیان کە لەگەڵ دوژمنانی خۆیان دەکرد کە لەگەڵ پەزە کێوی و بەرازیشدا دەیانکرد و ئەگەر سەردەمانێک باوەڕە بێ بنەما و خورافییەکان، دەبووە هۆی ئەوەی کە ڕۆڵەکانی ئادەم لە میحرابی خودایاندا قوربانی ببن، پێویستی و حەوجێ بە خۆراک و خواردنیش خەڵکی هان دەدا بۆ ئەوەی کە گۆشتی کوژراونی بەردەستیان بخۆن.
بەڕای ئێوە کام یەک لەم دوو تاوانە خراپترن؟ وەکوو ڕیچواڵێکی ئایینی کۆ ببینەوە و لە پێناو بەدەستهێنانی ڕەزایەتی خودایەکدا خنجەر لە دڵی کچێکی گەنج ڕۆ بکەین کە بە کۆمەڵێک هێما و ڕەمزی ئایینی ڕازێنراوەتەوە یان پیاوێکی ئەهریمەنی و خراپەکار کە بۆ پاراستنی گیانی خۆمان کوشتومانە، بخۆین؟ بەگشتی بە درێژایی مێژووی مرۆڤ نموونەی ئەو کچ و کوڕە گەنجانەی کە بەشەر لە پێناو خوداکاندا قوربانی کردووە، زۆر زیاتر بووە لەو کچ و کوڕانەی کە بوون بە خۆراکی خەڵک! تەقریبەن هەموو نەتەوە ناودارەکان، کچان و کوڕانیان کردووە بە قوربانی. نەتەوەی جوو ئەمەی جێبەجێ دەکرد و ناویان لێ دەنا “ئانائیما”. ئەم کردەوەیە ڕێوڕەسمێکی قوربانیکردنی ڕاستەقینە بوو. لە بیست و حەوتەمین بەشی “سیفری لاویان”دا فرمان دراوە کە ئەو کەسانەی وا پێشکەشی میحرابی ئیلاهی کراون، لە کوژران نەبوورێن و فرمانەکە جێبەجێ بکرێت. بەڵام لە هیچ شوێنێکدا ئاماژە بەمە نەکراوە کە نەتەوەی جوو مرۆڤ بخۆن، بەڵکوو تەنها لەم ڕووەوە هەڕەشەیان لێ کراوە. مووسا بە جووەکان دەڵێت ئەگەر ڕێوڕەسمەکە جێبەجێ نەکەن، سەرەڕای ئەوەی کە تووشی نەخۆشیی گەڕی دەبن، دایکانیش ڕۆڵەکانی خۆیان دەخۆن! ڕاستە کە لە سەردەمی “حیزقیال”ی نەبیدا نەتەوەی جوو، بەڕواڵەت گۆشتی مرۆڤیان دەخوارد، چونکە ئەم پێغەمبەرە لە بەشی سی و نۆیەمدا و لە ڕێگەی پێشبینییەکانییەوە دەڵێت: خودا پێملیان دەکات کە سەرەڕای ئەوەی گۆشتی ئەسپی دوژمنەکانیان بخۆن بەڵکوو سوارەکان و جەنگاوەرانیشیان بخۆن! ئەم هەواڵە بێ ئەملاولا ڕاستە، هەر بە ڕاستیش بۆچی دەبێت وا بیر بکەینەوە کە نەتەوەی جوو مرۆڤخۆر نەبوون؟ چونکە ئەگەر مرۆڤخۆر نەدەبوون، بۆ ئەوەی کە ببەن بە ڕقلێهەڵگیراوترین خەڵکی سەر گۆی زەوی شتێکیان کەم دەبوو.
لە چیرۆکێکی مێژوویی بەریتانیادا خوێندمەوە کە لە چاخی(کرۆمڤێڵ)[5]دا ژنێکی مۆمسازی شاری “دووبلین-پایتەختی وڵاتی ئیرلەند” مۆمگەلێکی زۆر باشی دەفرۆشت کە لە چەوری و بەزی لاشەی ئینگلیزەکان دروست دەکرا. ماوەیەک دواتر یەکێک لە کڕیارەکانی گلەیی کرد کە مۆمەکان وەکوو جاران باش نین. ژنی مۆمسازیش لە وەڵامدا وتی: “بەداخەوە! هۆکارەکەی ئەوەیە کە لەم مانگەدا لاشەی ئینگلیزیمان نەبوو”. من لە ئێوە دەپرسم کە کامیان زیاتر خەتابارن؟ ئەوەی وا خەڵکی ئینگلیزی کوشتووە یان ئەم ژنە کە لە ڕێگەی بەز و چەوریی لاشەکەیانەوە مۆمی دروست دەکرد؟
سەرچاوە:
منتخب فرهنگ فلسفی اثر ولتر. ترجمە نصراللە فلسفی، بنگاه ترجمە و نشر زرکوب، تهران ١٣٣٧.
[1] -خاتوو ((ئانتۆنێت بورینیۆن- Antoinette Bourignon)) خەڵکی هۆڵندا بوو و دەعیەی ئەوەی هەبوو کە لە لایەن خوداوە ئیلهام و وەحی پێ دەگات. ئەو لە ساڵی ١٥١٦ تا ١٦٨٠ی زاینی ژیا و بەرهەمە ئایینییەکانی لە بیت و دوو بەرگی گەورەدا بڵاو بووەتەوە.
[2] -ژۆزێف-ئایساک بێروئێر ((Joseph-Isaac Berruyer)) یەکێک لە قەشە ژزۆئیتییەکانی فەرەنسا بوو(١٦٨١-١٧٥٨) کە کتێبێکی لەژێر ناوی ((مێژووی بەندەکانی خودا)) نووسی و بەهۆی ئەوەی کە لە لایەن قەشە باڵاکانی فەرەنسا و هەروەها ((بێنۆئیت- Benoit))ی چواردەیەم و ((کلێمێنت-Clement))ی سێزدەیەم کە پاپاکانی ڕۆم بوون، ڕەت کرایەوە، ناوبانگی دەرکرد!
[3] -((سایکلۆپەکان- Cyclopes)) یان ((تاقچاوەکان)) بە وتەی هۆمێروس Homerus؛ هۆنەری ناوداری یۆنانی کۆن، خێڵێکی شوان و مرۆڤخۆر بوون و هیچ ئاگایەکیان لە کشتوکاڵ و ژیانی شاری نەبووە. ئەوان زل و زەلام بوونە کە تەنها یەک چاویان لە ناوەڕاستی تەویڵیان هەبووە و لە ئەشکەوتەکاندا ژیانیان دەبردە سەر.
[4] -((ژووڤێناڵیس- Decimus Junis Juvenalis )) کە فەرەنسییەکان بە ژووناڵ ناوی دەهێنن، لە هۆنەرە کۆنەکانی ڕۆمە کە نزیکەی ساڵی ٤٢ی زاینی لەدایک بووە و لە ساڵی ١٢٥یش کۆچی دوایی کردووە. ئەم هۆنەرە لە هۆنراوەکانیدا باسی لە لاری و خواروخێچی خەڵکی ڕۆم و قێزەونیی کردەوەکانی خەڵکی ئەو وڵاتەی کرد هەر بۆیە دوورخرایەوە بۆ وڵاتی میسر.
[5] -((کرۆمڤێڵ-Cromwell)) ڕێبەری شۆڕشگێڕانی ئینگلیز بوو کە لە دژی ((چارلزی یەکەم))؛ پاشای ئەو وڵاتە ڕاپەڕی و لە ساڵی ١٦٤٩دا لە گەردنی دا و حوکومەتی کۆماریی دامەزراند و ماوەیەک لە ژێر ناوی ((پشتیوانی کۆماری)) دەسەڵاتی لەدەستدا بوو. ئاکاری ستمەکارانەی ئەو بەنیسبەت کاتولیکەکانی ئیرلەندەوە بووە هۆی سەرهەڵدانی جیاوازی و دژایەتییەکی توند و تۆڵ لە نێوان خەڵکی ئینگلیز و ئیرلەندا کە هێشتاش ئاسەوارەکانی ماوەتەوە. کرۆمڤێڵ لە ساڵی ١٦٥٨دا کۆچی دوایی کرد.
نووسین: ڤۆڵتێر
وەرگێڕان: سپێدە ساڵحی