“خوێندنەوەیەک بۆ کورتە رۆمانی”نامەکانی فێرناندۆ” گێڕانەوەی تراژیدیا لە خەونەوە بۆ خەون”
“بەراییەکی گشتی”
دهستنیشانکردنی سهرهتاکانی ئهدهبی ژنانهی کوردی لێکۆڵینهوهی چڕوپڕ و بهدواداچوونی ڕژدی دهوێت، نهک تهنها له ناو بهرههمه بهردهست و بڵاوکراوهکان بهڵکوو له ناو ئهو مێژووه بزر و داگیرکراوهش که ههر ساڵه و جارێک چهند لاپهڕه یان دهستوونسێکی له تاران و ئهنقهره و ئهستهمووڵ و…هتد دهدۆزرێتهوه. دیاره ئهم بهو مانایه نییه ئێمه له ڕووی زانیارییهوه قسه دهکهین، بهڵکوو له ژێر تیشکی ئهزموونهکانی ناو مێژوویهک قسه دهکهین که داگیرکهر نووسیویهتی، داگیرکهر دهستی بهسهردا گرتووه و داگیرکهر به ئارهزووی خۆی یان ههندێكجار به پێداگری و مکوڕبوونی ئێمه لاپهڕه و پیتهکان له ژێر دهستی دهردهچێت و گۆشهیهکی تاریک و لێڵی مێژووی ئێمه پێی ڕووناک دهبێتهوه. ئهمه ئهو گریمانه گشتییهیه که دهشێت لهگهڵ ههرجۆره لێکۆڵینهوه و بهدواداچوونمان بۆ کوردیناسی و ئهدهب و مێژووی کوردی ههبێت.
سهرباری ئهمهش ئهدهبی ژنانهی ئێمه بههۆی ههیمهنه و گوتاری پیاوسالارانهدا زۆر دهوڵهمهند و زهنگین نییه، بگره تا ئێستهس ئهدیب و هونهرمهنده ژنهکانی ئێمه گوتارێکی پیاوسالارانه بهرههم دههێننهوه که به قهڵهم و دهنگ و نهوای ئهوان له دۆخێکی دۆنکیشۆتی دهچێت. خهیاڵدانی کام گوێگر یان خوێنهر به دهنگ و قهڵهمی ژنێک که باسی جوانییهکانی ژن یان ئازارهکانی له ڕوانگهی پیاوێک دهکات دهبووژێتهوه و دهتهقێت؟ ئێمه ئێستهش ئهو گۆرانیانهمان له گوێدا دهزرینگێتهوه که خاتوونێک لاسایی پیاوێک دهکاتهوه و به باڵای”کراس ڕهشی بۆنخۆش”دا دهچریکێنێت، ئهم نموونه سادهیه بۆ ئهدهبی ژنانه کتومت بهم شێوهیه نییه، بهڵکوو له ناو وردهکارییهکانی فۆرم و گێڕانهوه و مۆتیڤ و ناوهرۆکدا خۆی حهشار دهدات و ئێمه دهتوانین شوێنپێیان بدۆزینهوه. بێگومان لاریمان لهوه نییه که گوتاری پیاوسالارانه هاوکات که نێرسالار و ملهوڕ بووه، گوتارێکی دهستوهشێن و ڕههابینیش بووه، گوتارێک بووه که خاوهندارێتیی دنیای ژن و پیاوی به مافی خۆی زانیوه و ئێستهش وهکوو نۆستالژیا و خهونه درهوشاوهکهی خۆی به ئاسانی دهستبهرداری نابێت. ئهم هاوکێشهیه ناسکی و ئاڵۆزی خۆی ههیه و لێره و لهوێ خاتوونانێک ههم له چوارچێوهی لێکۆڵینهوهی ئهکادیمی و ههمیش له قهوارهی توێژینهوهی ڕۆشنبیری و ڕهخنهیی دهرهزانکۆدا پهرژاونهته سهری. ئهدهبێک که پیاوان ههوڵیان داوه کێشهکانی ژن بهرجهسته بکهنهوه بێگومان ناتوانێت به تهواوهتی تهعبیر له دنیای ژن و شێوه-ژینیان بکات، تهنانهت له زۆر جارانیشدا ئێمه ئهو دهقانهمان بینیوه که لهگهڵ بهرجهستهکردنهوهی کێشه و، ئازارهکانی ژنان جۆرێک بهزهیی پیاوانه و بگره دهستبهسهرداگرتنێکی ئهمینی پیاوانه له ژێر پیت و ڕسته و وشهکاندا خۆی حهشار داوه. کهمتر ئهدیبێکی پیاو ههیه لهم پرۆژهیهدا سهرکهوتوو بووبێت، هۆکارهکهشی ئهوه نییه ئهدیبهکان بهتوانا نهبوون، بهڵکوو هۆکارهکه ئهوهیه له بنهمادا ئهو جۆره ئیشکردنه یان باشتر بڵێم ئهو جۆره بهئهستۆگرتنهی کردار و بکهرێتیی ژنان خۆی له خۆیدا له ڕووه ئۆنتۆلۆژی و بوونناسییهکهیهوه نهکرده و مهحاڵه.
ڕهنگه تا ههندێ ئاست ئهدیبێکی پیاو بتوانێت بهرکهوته و لێکدانی دوو دنیای جیاوازی ژن و پیاو له ڕێگهی نواندنی کێشهکانیان و به فۆرمی جیاواز بهرجهسته بکاتهوه بهڵام ناتوانین لهسهر ئهدهبێک که پیاو دهیگێڕێتهوه و کهڵکهڵهی ژنانهی له خۆیدا ههڵگرتووه ناوی ئهدهبی ژنانه بنێین، واته ئهدهبێت که ژن بۆ خۆی و به پێی ئهزموونی ئۆنتۆلۆژییانهی خۆی له بوون و ژیانی خۆی دهیگێڕێتهوه. نموونهی سادهی ئهم بابهته ئهو ڕسته یه که دهڵێت پیاوان زۆر شت ڕهنگه له دنیای ژنان بتوانن وێنا بکهن بهڵام ههرگیز ناتوانن دوگیانبوون یانی دایکێتی وێنا بکهن و تهنانهت به خهیاڵیش لێی نزیک کهونهوه، بهدڵنیاییهوه ئهمه بۆ ژنێتیش ههر راسته. کاتێک ژنێتی و پیاویتی بهریهکدی دهکهون دنیایهک ئاڵۆز دێته ئاراوه و فۆرم و ڕیشهی ئۆنتۆلۆژیی ههر کامهیان جوێ دهبێتهوه و دیاری دهکرێت. “ئارتوور شووپێنهاوێر” له وتاری” داکۆکی و ڕهتکردنهوهی خواستی ژیان” دهڵێت: “سێكسكردن یان جووتبوون بهزۆری کارێکی پیاوانهیه و ئاوسبوون یان دووگیانبوون بهشێوهیهکی ڕهها کار و توانستێکی ژنانهیه. منداڵ ئهوهی وا له باوکی وهریدهگرێت خواسته و خوو و خدهیه، ئهوهش له دایک وهریدهگرێت ئهقڵه. ئهقڵیش هاوتای ڕزگاریییه و خواستیش هاشانی کۆیلهیهتی.” بێگومان ئهم ڕستانه بۆ ئێمه ئاسان نابن و بهتایبهتی ئهو پرۆسهیهی که دیاریی دایک بۆ منداڵ به ئهقڵ ناوبرده دهکات. له کولتووری ئایینی و نهریتیی ئێمهدا که ژن به زۆری به ئهقڵ نوقسان و نیوهپیاو ناوی هاتووه. ههموو ئهمانه دهلالهت لهوه دهکهن که ئێمه ڕێگایهکی دوور و درێژمان له گێڕانهوه و ههڵدانهوهی لاپهڕهکانی بوون و ژیانی ژن له بهردهمدایه، که به پلهی یهکهم دهشێت ژنان بیگێڕنهوه، دیاره ئهمه بهو مانایه نابێت که گێڕانهوهی پیاوان له سهر ژنان قهتیس و قهدهغه بێت، به هیچ شێوهیهک، بهڵکوو ئهم دوو قۆڵه له گێڕانهوه و بهرههمهێنانی مهعریفه دهشێت له هاوکێشهیهکی دیالیکتیکیدا یهکتری تهواو بکهن.
لێرهدا دێمه سهر ڕؤمانی” نامهکانی فێرناندۆ” که له لایهن ژنێکهوه نووسراوه و زایهڵهی ژنێتی یان با بڵێین کچێتی تانوپۆی گێڕانهوه و فۆرمی ڕۆمانهکهی چنیوه، ڕووداو ژنانهیه بهڵام پیاو دهیسهپێنێت، ئازار جهستهیی و له تابۆی کچێنیدا و به خهیاڵێکی نێرانه و سێکسیستییهوه دادێت، گێڕهرهوه پێمان دهڵێت گوناهـ لهگهڵ ژن له دایک دهبێت و پیاو پاسهوانێتیی دهکات تاکوو لهمه زیاتر شۆڕ نهبێتهوه و دنیا بهرهو خهرهند نهبات، ڕهنگه ئهم تێڕوانینه وای کردبێت که نووسهر پهنا بباته ئهستێرهیهکی دیکه، واته زوحهل یان ههمان ساتۆرن، لێرهدا من سهرنج دهخهمه سهر کۆمهڵیک لایهنی ئهم ڕۆمانه و وهکوو نموونهیهک له ئیشی سهرهتاییم بۆ کاره ئهدهبییه ژنانهییهکانی دیکه وێنای دهکهم.
“سهرهتا”
لە راستی دا باسکردنی ئەم رۆمانە ئاسان نییە، بۆ؟ چوونکو رۆمانێکە هاوکات کە سادە و گۆیایە تراژیدیایەکی ئاڵۆزی گێڕاوەتەوە. ئەم حاڵەتە شێوازی هەڵسوکەوتی جیهان و پێکهاتی رۆمانەکە لەگەڵ “واقیع” و پێناسەی “واقیع” دیاری دەکات. دەشێت ئێمە لە رووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ هەر دەقێک چاوەڕوانی شتی زۆرتر لەوەی لێ بکەین کە تێیدا”رووی”داوە، چاوەڕوانی ناکۆتایی و چێژ بەخشی زۆرتر لەو سامان و مێژینە دەقییەی لێ بکەین کە وەکوو مرۆڤ تا ئێستا خوێندوومانە و ناسیومانە. خوێندنەوی هەر دەقێک لە ناو ئەو”زمان”ەدا لەسەر چەند خاڵی گشتی ئیش دەکات. یەکەمیان ئەوەی کە دەق لەسەر ئیمکان و “شیمان”ە دا مانادۆزیی و زاوزێ دەکات. دووەم ئەوەی کە ژێرخانی زمانی ئەو دەقە ئاسۆیەکی هەیە و لە سەر ئەو ئاسۆیەشە کە ئێمە تیشکە تازە و تراش دراوەکانی مانامان بۆ دەردەکەوێت، واتە باسکردن لە خاڵی سەرکەوتنی هەر دەقێک بە بێ لەبەرچاوگرتنی سەربووردەی زمانی دەقەکە(کە لێرەدا ژانێرێکە بە ناوی رۆمان) لۆژیکی نییە. سێهەم ئەوەی کە هیچ دەقێک لە پلەی تەواو و بە تەنهایی”دەق” نییە، بەڵکوو وەکوو پاژێک لە کۆمایەکی ئەزموونە دەقئاوییەکانی ناو ئەو زمانە یە…ئەویش ئەزموونێکە و لە چرکە ساتێکی بوونی خۆی دا خۆی گێڕاوەتەوە.
لێرەدا هەر چەندە ئەو دەقە توانیبێتی لە ئاوێزانبوون و جووتبوون لەگەڵ دەقەکانیتر(یان دانەری دەقەکانیتر و دونیایان) کەڵکی پێکهاتی و ناوەرۆکی وەربگرێت ئەوا ئەو دەقە لە سەر ئاسۆی مانایی بەرزتر رۆدەنیشێت. هەر چەند هەموو ئەمانە خوێندنەوەی منە وەکوو خوێنەر و تەئویلکارێک و ئەمەش پێبەستە بە ئەو دۆخ و سەردەمەی کە من تێیدا هەناسە دەکێشم. واتە یاوس وتەنی من ئاسۆی چاوەڕوانی((Horizon of expectation خۆم بۆ ئەم دەقە باس دەکەم بە پێی پێوەرگەلی سەردەمی خۆم، ئەوەش نا لەبەر ئەوەی کە من کوڕی سەردەمی خۆمم بەڵکوو لە بەر ئەمەش کە من هەر بە راستی لەو رووەوە”کوڕی خۆمم، خۆم و ئەزموونەکانم، خۆم و فامەکانم….”. من لام وایە کە دەق وەکوو کۆنستانسییەکانی لەچەشنی ویلفیگانگ ئایزیر دەڵێن، پێکهاتێکی هێزەکی و ئیمکان مەندی هەیە و دەبێت خوێنەری نادیار(implied reader) بە دانوستان و دیالیکتیک لەگەڵ دەق دا بەردەوام واتادۆزیی بکات، بەڵام لە تەنیشت ئەمەش دا پێم وایە کە جیهانی ئێمە و واقیعی مێژوومان روویەکی بەرهەست و ئۆبژەکتیڤی تایبەتی هەیە و سەرەڕای ئەمەش دەقی ئەدەبی کوردی “ژانێری رۆمان”تەمەنێکی زۆر درێژی وای نییە تاکوو سامانە زمانی و پێکهاتی و فۆرمی و تەکنیکییەکەی ئەو واقیعەمان بەشێوەی پۆست مۆدێڕن بۆ بگێڕنەوە، لەبەر ئەوە زۆربەی دەقەکانمان پێیەکی بە خەستی لە ناو واقیع و رووداوەکە دەمێنێتەوە و لام وایە ئەمە دەشێت پێکهاتی ئەو دەقە گەورانەش بێت کە تراژیدیا لە پێگەی شوناس دا دەگێڕنەوە.
یانی لام وایە هەندێک دەق و بەتایبەتی سەرکەوتووکانیان دەشێت خاوەنی هەڵخڕاندن(motivation) و بزوێنەری توخمی دیاری ناو واقیع بن و هەر بە پێی ئەمەش خاوەنی رۆڵ-مایە یان مۆتیف(motif) بێت کە تێیدا دەرکەوتە و لایەنێکی رووداو و گێڕانەوە زەق و زاڵ دەبێت. لە روانینی بوریس توماشفسکییەوە مۆتیف دەشێت دوو حاڵەتی هەبێت یەکیان پێبەستە و یەکیان ئازادە. کە لە نامەکانی فێرناندۆ دا کەڵکێکی زۆر لە حاڵەتی ئازاد وەرگیراوە. واتە سنوورێک بۆ رووداوەکان دەستنیشان نەکراوە، ئەمەشی لەرێگەی پێکهاتەیەکی چەند دەنگ لە سەر دیسکۆرس و وێژمانێکی هاوبەش و هاورۆح درووست کردووە. هەرچەند ئەمە روانگەیەکی هیرمنۆتیکییە و ئەوەندەی دیاردەناسی گادامێر و بوون ناسی هایدیگەر چەقەکەیەتی ئەوەندە فۆرمالیسم و نیشانەناسی لای بەرجەستە نییە، هۆکاری ئەمەش لانیکەم بۆ رووبەرووبوون لەگەڵ ژانێری رۆمانی کوردی دازۆرتر مێژووییە تاکوو تیۆریک، چوونکوو لام وایە بەپێی وتەی هایدیگەر کە روانینی بەرهەستخواز و عەینییەتگەرای گادامێری مامۆستای رەخنە کرد:- وشیاری ئێمە شتەکانی جیهان و ناو واقیع سەرهاوێژی(projection)واتە “فرافکنی” دەکات و هەر لە هەمان کاتیش دا بە هۆی ماهییەتی لە جیهان دا بووگ و دازین بوونییەوە، پێڕەو و هۆگری “جیهان”ە. راستە ئێمە”تووڕدراوی”ناو جیهانێکین کە ئاگامان لێی نەبووە و بژاردەمان نەکردووە، بەڵام بەهەر حاڵ دونیای ئێمەیە، ناتوانین بە شێوەیەک و لە سەر بنەمای تێڕوانینێک بجووڵێینەوە کە بە تەواوی دەرهەست و ئینتزاعی بێت و بەشێوەیەک چاو لە دونیا بکەین کە دەڵێی لە سەر ترۆپکێکین و لە سەرەوەڕا بەرەو خوارێ چاو دەگێڕین و سەراب دەبینین. بەهەر حاڵ پێم وابێت ئەم لایەنەی دیاردەناسی بەو هۆیە زەق دەکەمەوە کە دەمەوێت باسی کارەسات بکەم. کارەساتێک کە دەق بۆ دەق گێڕدراوەتەوە و هێشتا فام نەکراوە، کارەسات هێندە باوەڕنەکردەیی و ناواقیعی دەنوێنێت کە لە ئەفسوون و خەون دەچێت، لە سیحر دەچێت، سیحرێکی سەیر بە هەموو توخم و تەم و هەڵم و تۆز و غوبارە پڕئازار و چێژ بەخشەکانییەوە، لە هەمبەر تراژیدی دایە کە زمان و فۆرم و پێکهات دەشێوێن، بوونێتر وەردەگرن، واقیع لە خەیاڵ و خەون دەچێت تێیدا و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام رەگەزی سامناک و بەرهەستی کارەسات قەد بوار نادات لە جیهانی خەون و خەیاڵ و ئەفسوون دا ون بین، هەر ئەمەشە کە لە “گارسیا مارکیز”ەوە تاکوو ئێستا لێکدانی”ریالیزمی جادوویی” هەر لێک دانەبڕاون و پێکەوەن و هەیمەنە و زاڵێتی خۆی هەیە، لە دواجار دا دەڵێم ئەگەر وەکوو نیچە باسی دەکات هونەری رەسەن تراژیدیا بێت، ئەوا شوێن پێکانی تراژیدیا لەم رۆمانە دا دیارە، ئەگەرچی لایەنی فەلسەفی رۆمانەکە ئەوەندە قووڵ و بەرفراوان نییە کە وەکوو مەعریفەناسی چاو لە دەرئەنجامی رووداو و کارئەکتەرەکان بکەین، بەڵام خواستی شوناسخوازانەی پاڵەوان(قوربانی)چیرۆکەکە بۆ ئەوەی بمرێت (بکوژرێت، کە داوا لە یەکێک لە گێڕەرەوەکانی چیرۆکەکە دهکات، کە دواتر دێمە سەری) بەرەو چەشنێک هەڵوێستە و رامانی فەلسەفەی بەرزەڕۆیانە(transcendental)و نەمری و ماناوە لە مەرگ دا رامان دەکێشێت.
“پێشەڕۆکێک بۆ نامەکانی فێرناندۆ؛ ونبوونی شوناس لە کایەی خود و ئەویدی”
پێکهاتی ئەم رۆمانە بە تەواوەتی پێکهاتێکی چەند دەنگ و هەلاهەلا کراوە. دەنگ لێرە دا بە واتای فرەیی دەنگەکان و چەشنێک لە دابەشبوونی ئازادیی نایەت، رەنگە کەم تا زۆر ئەمەی تێدا بەدی بکەین، بەڵام هەموو دەنگەکان لە خزمەت رزگارکردن یان کوشتن و مراندن یان هەناردنی پاڵەوان واتە سوورمێن بەرەو دونیایەکی بێڕەنگ…دونیایەک بێ هیچ…دونیایەکی ناهیچ…هیچ…چچ… پێکهاتەکەی کە بە فۆرمێ گێڕانەوەیی “نامەگۆڕینەوە” دەچێتە پێش، کە لە سەرەتاش دا وا دەنوێندرێت کە لە خەیاڵی سوورمێ دا تەنها روو دەدات و پێوەندی بە واقیعەوە نییە، خۆی هێمایەکە بۆ دەسپێشخەری وەگێڕ و پاڵەوان(کە دەشێت هەردووک یەک بن و دەشێتیش دوو بن و دەشێتیش نا) لە دانپێدانان بەوەی کە لە ناو جیهانێکی لەت لەت و پارچەپارچە دا دەژین، زۆر سەیرە کە دواتر تێدەگەین ئەم جیهانە لەت لەتە بەرهەمی تەنهایی پاڵەوانە، تەنهایی ژان و خەونەکانی، واتە تەنهایی لەت لەتی دەکا بە چەندەها خود، چەندەها ئەویدی، چەندەها خودی ئەویدی و ئەویدی خود. هەر لەم خاڵە سەیر و ئەفسووناوییە دایە کە ئێمە شوێن پێی واقیع بە مانا باوەکەی ون دەکەین و دێینە ناو واقیعێکیتر، واقیعێکی خەون ئامێز، واقیعێکی خەیاڵوام، خەیاڵوان، دواتر زۆر سادە و جوان ئەم پێکهاتە بە فۆرمیتر دەپارێزرێت. لەرێگەی بەشداری دانی دوو وەگێڕی مێژووی ئەدەب واتە ئەحلام مەنسووری “کوردستانی” و مارگارێت دۆراسی بە رەچەڵەک فەرەنسی، دوو خانم و مێیینە کە بەشێوەی جیاواز و لە سەردەمانی “خوێن” و دواکەوتوویی و کولتووری تەسک و تەنکی پیاوانە دا گەورەترین کاریگەرییان لە دونیای خویان بوو. “ئەحلام مەنسوور” یەکەمین ژنە کوردی نووسەر و شاعیر کە هاوکاری رۆژنامەی هاوکاری و هاووڵاتی کردووە، لە دایکبووی ساڵی ١٩٥١ و لە ساڵی ١٩٨١ سەفەری فەرانسەی کردووە و لە ساڵی ١٩٨١ کۆمەڵە چیرۆکی”پرد”ی چاپ کردووە و لە ساڵی ١٩٩١ ماجیستەری لە چیرۆکی کوردی دا وەرگرتووە. مارگارێت دووراس لە بنەماڵەیەکی فەرەنسی و لە ساڵی ١٩١٤ لە ڤییەتنام کە ئەوکات لە ژێر دەستی فەرانسە دا بوو هاتۆتە دنیاوە،یەکەمین رۆمانی خۆی لە ساڵی ١٩٤٣ و بە ناوی”بێ شەرمەکان” بڵاو کردۆتەوە. خاوەنی دەیان فیلمی گەورە و ناودارە و دەرهێنەرێکی سەرکەوتوو بوو ئەگەرچی تا کۆتایی تەمەنی باوەڕی بە بیری چەپ بوو، لە ساڵی ١٩٩٦ و لە تەمەنی ٨٢ ساڵی دا لە پاریس کۆچی دوایی کردووە.
بەشێک لە رۆمانەکە بەشدارییەکی هونەرمەندانەی ئەم دوو کەسەیە لە پێگەی وەگێڕ(راوی) کە دێنە پانتای چیرۆکەکەوە و بە گێڕانەوەکانیان رەوتی چیرۆکەکە بەرەو ئەو شوێنەی کە”بوون”یان پێیان دەڵێت بەرەو پێش دەبەن. هەڵبەت مەبەست لێرەدا لە “بوون”ی ئەم دوو نووسەرە ئەوەیە کە جیهان لە روانینی ئەمانیش دا توخمگەلێک لە تراژیدیا و کارەساتی جیهانی ژنانەی بە خەستی تێدایە. رەنگە واتای دەقئاوێزانی لێرەدا بە باشترین شیوە لە تەکنیک و ناوەرۆک دا ببینین. شوێنێک کە تەنانەت ئەحلام و دۆراس هاوسۆزی و دڵەکورکەیان بۆ پاڵەوانی چیرۆک، واتە سوورمێ تێدا زەقدەکرێتەوە، لە دواییش دا دەبینین کە چارەنووس و کۆتایی خاڵی ژیانی سەر ئەرزیانەی سوورمێیە کە یەکێک لەم وەگێڕانە واتە “ئەحلام مەنسوور” تووشی داچڵەکان و شۆکی قووڵ و بوورانەوە دەکات. واتە بەشێک لە پەیامی رۆمانەکە ئەمەیە کە ئێستاش لە دۆراسەوە تا ئەحلام کە باسی خوێن و قوربانیکردنی مێ و ساوایەتی و پاکیزەیی کراوە١ هێشتا هیچ گۆڕانێک بۆ پاراستن و رزگار کردن و پاسەوانی”بوون”ی ژن(کچ) نەهاتۆتە ئاراوە.
“کورتەی پێکهات و ناوەرۆکی رۆمانەکە”
لە ئێوارەی ٢٨ی مانگی جۆنڤییەری ساڵی ١٩٨٦ دا پەرجوویەک رووی داوە و کەس تێنەگیشت کە ئەم پەرجووە چییە، ئەگەرچی رووداوێک بوو سامناک بە رواڵەت و هەموو دنیا و دەسەڵات دار و سیاسەتمەدار و گەنج و پیری بۆ تاوێک کش و مات و لاڵ و بێدەنگ کرد، وەکوو نیشانەناسی سەدام حسێن لە پێگەی دیکتاتۆرێکی پڕدەنگ و قیڕە لە ترسی ئەم رووداوە(کە جارێ لایەنی پەرجووەکەیم باس نەکردووە و دواتر دێمە سەری)دەخزێتە ژوورە بێ کەلێن و پەنجەرەکەی و بێدەنگ دەبێت، لاڵ دەبێت، ئەو لە خۆی تووڕەیە کە بۆ وا بێدەنگە و ژخودی رووداوەکە وا دەردەکەوێت کە لە جیهانی واقیع دا بووە “یودیت” و گرووپەکەی کە لە بواری فەزاناسی دا ئیشدەکەن لەو ئێوارەیە دا و لە کاژێر ١١:٣٨ خولەک پاش ئەوەی کە ٣٧ خولەک لە زەوی بە مووشەک دوور دەکەونەوە، مووشەکەکەیان دەتەقێتەوە و هەموویان هەپروون بە هەپروون دەبن، ئەمە لە دونیای راگەیاندنی جیهانی و هەسارەی زەوی دا دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت. ئەم بەشە تەنها بەشێکە وەگێڕ(راوی) راستەوخۆ و بەشێوەیەکی میدیایی ئامادەگی تێدا هەیە و زانای گشتییە، کە لام وایە خاڵێکی باش بووە بۆ دەسپێکردنی رۆمانەکە، بەڵام دەشکرا بە فۆرمیتر دارێژرابایە. دوای ئەم رووداوەی ناو واقیع، واتە دوای تەقینەوەی مووشەکەکەی یودیت و گرووپەکەی کە گرووپێکی فەزاناسی ئەمریکی بوون، ئێمە دێنێتە ناو “خەونێکی واقیعی” کە پێشتر و پێشوەخت لای یودیت ئامادە بووە، بەر لەوەی ئەم سەفەرە بکات، بەڵام وەکوو شتێک”تەقینەوە”کە نابوود و نەماگی نەکردووە بەڵکوو “تووڕ”ی داوەتە ساحەت و رووبەرێکیتر لە بوون، خەون ئەم بەشەی دەسپێکی گێڕانەوەکە هەر وەکوو وتم فۆرمێکی هەواڵییانە و میدیایی هەیە تەنانەت زۆر کورتیشە و دوو لاپەڕەیە و ئەمە بەسە بۆ ئەوەی لە جیهانی واقیع و “نانامەکان”ەوە بمانگوازێتەوە بۆ جیهانی یەکەم”نامە” و خاڵی گێڕانەوەی دونیایەکی دیکە و هەسارەیەکی دیکە.
بەر لەوەی بێمە سەر باسی نامەی یەکەم دەبێت ئاماژە بەوە بدەم کە لەم رۆمانە توخمەکانی (Anima and Animus) ی کارل گۆستاو یۆنگ واتە مێینەیی و نێرینەیی و هاوبوونیانی بە شێوەیەک تێدایە، بۆ نموونە لەو شوێنەی کە “سوورمێ دەگاتە تەمەنی باڵق بوون و “بۆن”ی کوڕێک بە ناوی هێمن ئاشق و شەیدای دەکات، دواتر پاش شەڕی ناوخۆ کە دەچن بۆ لای خاڵی تاکوو لەرێگەیەوە ئەو خاڵەکەیتری کە پارتی بە بارمتە گرتوویەتی لە باتی کارێکی لەو چەشنەی کە یەکێتی کردوویەتی رزگار بکەن و هەروەها پاشان کە دێنەوە دەچێتە زانکۆ و مامۆستا بێکەس دەیەوێت بیخوازێت ئەگەرچی ئەم حەزی لێ ناکات و بەچەشنێک گرینگ نییە بۆی، هەموو ئەمانە پێکهاتێکی ئاسایی لەو مرۆڤناسیی و دەرونناسییەی یۆنگ دەگێڕنەوە و بە تایبەتیتر کاتێک کە بە مووسەکەی خاڵی، واتە بەو مووسەی لە پاشماوەی ردێنەکەی ماوەتەوە قاچەکانی دەتاشێت، ئاوەها لە زمانی سوورمێوە دەبیستین(کە نامەی چوارەمی سوورمێیە بۆ یودیت)، دوێنێ بۆ یەکەمجار بەپارچە گوێزانێکی پاشماوەی ڕدێنی خاڵۆم، قاچەکانم تاشی.بۆ یەکەم جار قاچەکانم تاشی، هەستێکی زۆر سەیرە، ژن کە لووس دەبێت، ڕێک حەز دەکات ڕووت ببێتەوە. حەزم دەکرد بە مامۆستا بێکەسی نیشان بدەم، نەک بۆ ئەوەی خۆشی دەوێم، نا، ئەوەم بۆ گرنگ نەبوو. بەڵکوو حەزم دەکردقاچەکانم بەو لووسی و سافییەوە بە پیاوێک نیشان بدەم، ئیتر گرنگ نەبوو بۆم، ئەو پیاوە کێیە.
ئەگەرچی حەزێکی “خود”تەوەر لەم رستانە دا شەپۆلان دەدات بەڵام بە واتای توانەوە نییە لە بەرامبەرەکەی “مامۆستا بێکەس” کە پیاوە، بەڵکوو نیشانەی حاڵەتێکی ئاساییە لە تەمنی کچێنی و پیاودۆستی دا کە لە دواجاریش و لە ساتێک لە ساتەکان گرینگ نییە چ پیاوێک، پیاو بەم خوێندنەوەی یۆنگ زۆرتر هێمایەکە، بۆنەێکە وو عەترێکی راکێشەرە و بە پێچەوانەشەوە بۆ ژن. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە و لە راستیش دا ئەم رۆمانە و ناوەرۆکەکەی ئەوەندە زایەڵە و هاوارێکی تووڕە و خەمناک و لەهەمان کاتدا داماو و قوربانییە وەکوو رەگەزی مێ ئەوەندە هەڵگری ئاوێزانیی و تێکەڵاوی ئانیما-ئانیمۆسی نییە. ناوەرۆکێک کە لە خوێن و ماناکانی شەرەفەوە دەست پێ دەکات، خوینێک کە تکا کۆ نابێتەوە، “حەیایەک”، شەرەفێک کە رژا کۆ ناکرێتەوە، هەر چەند لەم رۆمانە دا ئاماژە بە کاریگەری “شێرزاد حەسەن” وەکوو جیهانبینی بۆ سێکس و جەستە و ئازادی لەسەر سوورمێ دەکرێت و قۆناغێک لە بوونی جەستەیی و عاتیفی سوورمێ دا دێت، کە جگە لە خوێندنەوە و خووه نهێنی هیچ کاری دیکەی نییە، جگە لە بۆنکردنی خاکی بەرماڵی هێمنی مەعشووقی، هیچی دیکە ناکات. دواتر چەقی گێڕانەوەی رۆمانەکە لە ماناکانی خوێن و قوربانی و مێیینە دا چڕ دەبنەوە و نەریتی زاڵ بۆ چەمکی حەیا و پێوەندی لەگەڵ بەکارەت و پاکیزەگی بە باشی زەق دەکاتەوە واتە لە پێگەی نیشانەناسی دا حەیا و خوێنی شەرمگەی کچ وەکوو جەبرێکی جەستەیی کە کولتوور زەقی کردۆتەوە دیاریکەری هەڵوێست و دۆزی قوربانیکردن و قوربانی بوونە، بەشی هەرە زۆری رۆمانەکە گێڕەرەوەی مێژووی قوربانی بوون و خوێن-پیرۆزاندنی ناوگەڵی سوورمێکانی وڵاتی سوورمێیە و بەشداری ئەحلام مەنسوور وەکوو خەڵکی وڵاتی سوورمێ لە گێڕانەوەکە دا و بەشداریپێدانی مارگارێت دووراسیش وەکوو ژنێکی نووسەر و هاوخەمی لەچەشنی ئەحلام مەنسوور دەشێت وەکوو هەوڵێک ببینرێت بۆ رزگاری کردنی قوربانی. بەڵام ئایا رزگار دەبێت؟
لە نامەی یەکەم دا کە لە لایەن و زمانی یۆدیتی فەزاناسەوە دەگێڕدرێتەوە ئێمە سۆز و میهر و هاودەردی “جەستەیی” و رۆحی سوورمێ و یودیت دەبینینەوە…هەر لەم نامەیە دایە کە ئێمە پێ دەنێینە ناو کەوشەنی هاوبەشی واقیع و خەون:- من قاچم بەدوامدا نەدەهات، لەناوگێژاوی دەزگاكانى ڕاگەیاندن و کەسایەتیيە سیاسیيەکانیش، ئەوەندەی تر سەرم سووڕ ما. لەوەش ناخۆشتر، سووڕی مانگانەم كەوتبووه ئهم كاتهوه، دیارە من یەکەم مانگم نەبوو خوێنم لەبەر بڕوات، بەڵام ژن قورسترین شت، کە هه رگیز لەگەڵی ڕانایهت، سووڕی مانگانەیە. هەمیشە لە ساڵی ئەوەڵی بێنوێژییەوە بیر لە وەستانی دەکەینەوە، بەڵام بەڕاست، ئەو مانگەم تەواو جیاواز بوو لە هەموو مانگەکانی تری تەمەنم، خوێنێکی ڕەنگ وەنەوشەیی، دڵۆپ دڵۆپ، دەڕژایە نێو دەرپێ مەخمەڵيیەکەم، هەستم نەدەکرد ئەوە خوێن بێت لێم دەڕوات، بەڵکوو لە هاتنەخوارەوەی کوتە گۆشت دەچوو. لەگەڵ هاتنەخوارەوەی هەر دڵۆپە خوێنێکیش، هەستم دەکرد ساڵێک لە تەمەنم کاڵ دەبێتەوە، کە لەنێو موشەکەکە دانیشتم، هەستم دەکرد وردەوردە نامێنم، چاوم دەیتوانی ببینێ، بەڵام هێزم تیدا نەبوو سەیری هیچ شتێک بکەم.
باسکردنی تایبەتمەندییەکی جەستەیی رەگەزیی مێ واتە سووڕی مانگانە(period) لە زمانی یودیتەوە بۆ سوورمێ، مانیفێستکردنی ئازارێکی تایبەتی “بوون” و هەبوونە کە هێشتاش بۆ پیاو نامۆیە، ئەم نامۆییە وای کردووە ئەو شتە! یان ئەو “سووڕە” بە کەمترین حاڵەت پیاو بیری لێ بکاتەوە، هێشتا شتێک بێت لە نێوان نەناسیاوی و قێزەونی و ئەفسوون دا، ئەم دەنگەی یودیت بە هاوارەوە یەکەم بوونی راستەقینەی خۆی بە خوێنی سووڕی مانگانەوە مانیفێست دەکات، شتێک کە قەت پیی را نایەیت، ئازارێک کە قەد ئاسایی نابێتەوە، دواتر درێژەی نامەی یەکەم ئێمە دەباتە خاڵ و پنتی راستەقینەوەی گێڕانەوەکە…واتە ئەو شوێنەی کە ئیدی سنووری نێوان واقیع و خەون کاڵ و کاڵ و کاڵ دەبێتەوە تا دەگاتە پلەی سیفر. گوێم تۆزێک دەیبیست، بەڵام وەکوو ئەوەی بەئەنقەست خۆمم کەڕ کردبێت، ئاوا بووم. بۆنی هیچم نەدەکرد، پێم وایە ساتى يەكەمى لەدەستدانی هەموو هەستەکانم بوو،هاوکاتیش شتێک لەنێومدا، تا دەهات، باڵاتر دەبوو. پێم وانەبوو ڕووحم هەمان ئەو ڕووحەی چەند چرکەی پێشووتربووبێت، قووڵتر و قووڵتر دەچوومە نێو ڕووحم و هەست و جەستەمم جێ دەهێشت، تا یەک چرکە پێش تەقینەوەی چاڵینجەرەکەمان، تەمەنی من گەڕایەوە خاڵی سفر.
لە نامەی یەکەم دا کە دواتر و لە کۆتاییەکەی دا دیاری کراوە لە شوێنێک بە ناوی “هەسارەی بێ رەنگەکان”ەوە هاتووە و بەسەرنج دان بەوەی کە ئەم نامەیە لە زمانی یودێتی ئەمریکی و بە لەحن و دەربڕینێکی هاو سۆزانە و “هاوبوون”انەوە نووسراوە، تێدەگەین کە “هاو” و گرێدراوێتییەکی قووڵ و وجوودی لە نێوان یودیت و سوورمێ دا هەیە، کە دواتر و لەهەندێک بەشی رۆمانەکە دا بە راشکاوی “هاورۆح”بوونی خۆیان باس دەکەن، تەنانەت لە نامەی یەکەم دا ئەوە یودێتی رووح فڕیوە کە لە هەسارەی بێڕەنگەکانەوە٢ خەبەری “بوون” و لە دایک”بوون”ی سوورمێ بە نامەکەی دا بۆ سوورمێ باس دەکات.
من ببووم بە مێینەیەک لە خاڵی سفری تەمەندا، لە هەسارەی بێڕەنگەکان. لەم هەسارەیەدا، بوونەوەرەکان بێڕەنگ بوون، هەمیشە لە فڕیندا بوون. لەگەڵ یەکەم فڕینی منی بێڕەنگ، لە هەسارەی بێڕەنگدا، تۆ سوورمێ، سوورمێی کچی حسێن ئاغا، لەدایک بوویت، لە گوندی شەرەبۆت، لە باشووری کوردستان. من ساتمەیەکی تووندم کرد، لە هەسارەی بێڕەنگ، وەکوو ئەوەی ڕووحم کۆپی بکەن، هەستێکی سەیر بوو، هەستم دەکرد ڕووحم لەت دەکەن و نیوەی دەبەن، هەستم بە ئازاری تۆ دەکرد لە کاتی لەدایک بوونتدا، دایکی تۆش،سوورمێ گیان، وەک ورگی مانگا ئەستوور دەینواند، کە تۆ و وێڵاشی تۆی لە ورگ هاتە دەر، منیش لەگەڵ تۆ ئارامم گرت و لەوێدا لەدایک بووم. بە سانایی و بە بەردەوامی لە هەموو رۆمانەکە دا دەکرێت باس لە ئامادەیی ئەم پرسیارە بکەین کە سوورمێ و یودیت یەکێکن یان چەندێکن؟ تا چەندە یەکێکن؟ سوورمێ و یودێت و ئەحلام مەنسوور و دۆراس یەکێکن؟ یان لە چیدا یەکن و تا چەندە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە خوێندنەوە و راڤە و هەڵکۆڵینی زۆرتری دەقەکە دەدرێتەوە نەک بە بەڵی یان نەخێر و تارادەیەک و…من تەنها ویستم بە هۆی ئەم پرسیارەوە جۆگەلەی باسەکەم بەرەو رووبەرێکی شوناس تەوەر دابشکێنم. بۆچی دوو نووسەر و چیرۆکنووسی مەزن واتە ئەحلام مەنسوور و دۆراس(نووسەر و دەرهێنەر) لە مابەینی نامە گۆڕینەوەکانی یودێت و سوورمێ دا ئامادەن و دەسکاری رووداو و پێشهاتەکان دەکەن؟
یودێت ئێستە رۆحێکی بێڕەنگە و لەوانەیە لە هەسارەیەکی دیکە وەک زوحەل بژێت، ئەحلام و دۆراس بە چەشنێک خۆیان گێڕاوەتەوە و هەموویان لەو سەرەوە دێنەوە، تەنها کەسێک و کارئەکتەرێک لە سەرەتای رێگە بێت و “بوون”ی خۆی بەرەو گێژەنی شوناسی رۆژهەڵاتی ئامادە و پێشهاتیانە دەبینێت، سوورمێیە. ئەم حاڵەتە دۆخمەند و شوێنگە تەوەرەی سوورمێی کورد ئاماژەیە بۆ کۆی لایەنە چالاکە مێینەکانی ناوی رۆمانەکە کە لە هەمبەر و رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ چەند کارئەکتەر ونیشانەی نێر وەکوو پیاو(هێمن، بێکەس، زاگرۆس)، کەڵەشێر، سمێڵ و، بوونی زەقتر دەکاتەوە، هەڵبەت ئەم مانیفێستکردنەی ئازار و رەنجی جەستەیی-رۆحی مێ لە پلەیەکی بوون ناسانە دا، تەنها پەیوەست و تایبەت نییە بە سوورمێ و یودێتەوە بەڵکوو ئەحلام مەنسووری خانەقینی و مارگارێت دوراسی ڤییەتنامی(بنەماڵە فەرەنسی)و، دەکات بە دەست خوشک و هاورۆح و هاودەرد و هاو”شوناس”، کە ئەمانەش خۆیان نیشانە و میتافۆڕن بۆ کارئەکتەران و ژیان و کولتوورانێک کە شوێنگە و دۆخیان لە وڵاتی سوورمێ و یودیت و ئەحلام و دۆراس دەچێت، کە هەڵبەت ئەگەر وەکوو نیشانە و هێما سەیریان کەین ئەم کەس و کارئەکتەرانە ئاماژەن بۆ چوار قوڕنەی دونیا و تەنانەت ئەنگوست راسانێکی قاییمیشە بۆ سەرووی گۆی زەویش…ئەوەتا یودیت لە هەسارەیەکی بێڕەنگ و ناونیشان و نادیارە، رەنگە زوحەل بێت بە ئاڵقەیەکی سپی بێ رەنگ بە دەوری دا، کەچی لەوێش هەست بە ئازاری هاورۆحەکانی دەکات، کەواتە دەشێت بڵێم ئەمە لایەنێکی ئایدۆلۆژیکی و فەلسەفی ئەم رۆمانەیە کە ئەگەر وەکوو بوونێکی جەستەیی رەنج مانیفێست بکات دەبێتە ئایدۆلۆژیا، ئەگەریش وەکوو بوونێکی کولتووری ئازار و قودسییەتی خوێن و پاکیزەیی لەپلەی پرسیار دا مانیفێست بکات دەبێتە لایەنی فەلسەفی، کە هەر وەک لەسەریشەوە وتم ئەمە باسێکی ئاڵۆزە و زۆر سەختە لە دەقی ئەدەبی دا دەکاری کەین. بە هەر حاڵ لێرەوەیە دەتوانم بێمە سەر یەکێک لە تەوەریترین و بنەماییترین باسە ماناتەوەرەکانی ئەم رۆمانە واتە “شوناس”.