تاکوو ئێسته له لایه‌ن بیرمه‌ندانی جۆراوجۆر و فه‌یله‌سووفانی جیاوازه کۆمه‌ڵێک پێناسه‌ی جۆراوجۆر بۆ مرۆڤ خراوه‌ته ڕوو. “ئه‌رستۆ” مرۆڤی وه‌کوو “زینده‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی” زانیوه. “بێنجامین فرانکلین” مرۆڤی به “ئاژه‌ڵێکی ئامێرساز” زانیوه. “دیکارت”، بوونی مرۆڤی په‌یوه‌ست ده‌کرد به بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌وه. “گێرتسێن” وه‌ها ئه‌نجامگیریی ده‌کات که “مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی بیرکه‌ره‌وه‌یه” و “مه‌ولانای ڕۆمی”یش له ده‌ربڕینێکی شاعیرانه‌دا ده‌ڵێت: “براله! هه‌موو گیانی تۆ بیرکردنه‌وه‌یه_پاشماوه‌ی تۆ مشتێک ئێسقان و ڕیشه‌یه”.
که ئه‌م جۆره بیرۆکه و بیرکردنه‌وانه فۆرمی دیاریکه‌ر و تایبه‌تمه‌ندی مرۆڤه، که له شێواز و جۆری جیاوازدا ده‌رده‌که‌وێت و به‌یان ده‌کریت. یه‌کێک له گشتیترین ده‌ربڕینه‌کانی بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ “هونه‌ر”ه. که‌واته هونه‌ر فۆرمێک له ئاگایی کۆمه‌ڵایه‌تی و چالاکیی مرۆییه که هاوکات گێڕه‌ره‌وه‌ی جیهان و ڕۆحی کۆمه‌ڵگایه و به هه‌مان شێوه که سه‌رچاوه‌ی ژیانی مرۆڤ کارکردن و ماندووبوون و داهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تییه، سه‌رچاوه‌ی هونه‌ریش وه‌کوو به‌شێکی دانه‌بڕاوه له مرۆڤ، کار و ماندووبوون و داهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تییه. کار، پرۆسێس و هه‌وڵی سه‌ره‌تایی و دروستکه‌ری هه‌ست و سۆزی هونه‌رمه‌ندانه و به‌دیهێنه‌ری پێداویستییه‌کانی مرۆڤه. به‌ڵام له مێژوودا که‌سانێک هه‌بوون و هه‌ن که به‌هۆی جۆری جیهانبینیی تایبه‌تیان نه‌یانتوانی به‌م شێوه‌یه چاو له په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بکه‌ن و له پانتا و ڕووبه‌ری دیکه‌دا بیرکردنه‌وه و هزرینی خۆیان تاقی کرده‌وه. به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی مارکسیزم باس‌وخواس له‌بواری جوانیناسیی هونه‌ر وه‌کوو بابه‌ت و مژاره‌کانی دیکه که له سه‌رده‌مه جێگیره‌کانی سیسته‌مه ئابووری_کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا پاشه‌کشێی پێکرابوو، وه‌کوو بابه‌تێکی نه‌گۆڕ و ئه‌به‌دی باسی لێوه‌ده‌کرا گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، له سه‌ده‌ی 19ی زاینی‌دا هاوشانی گۆڕانکارییه بنه‌ماییه‌کانی دیکه له بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤدا چوارچێوه‌ی تێڕوانینی ڕابردووی مرۆڤیش گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و له‌م نێوانه‌شدا کۆمه‌ڵێک چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌ی نوێ خرانه ڕوو.
وێنا جێگیره‌کانی جوانیناسیی و باسوخواسهکانی په‌یوه‌ندیی هونه‌ر له‌گه‌ڵ چه‌مکه‌کانی “باشی”، “جوانی”، “هه‌قیقه‌ت” که له سه‌رده‌می ئه‌فلاتوون و ئه‌رستۆوه سه‌ریان هه‌ڵدابوو و له ڕێباز و مه‌نهه‌جه جۆراوجۆره‌کاندا بووبوون به سیسته‌مێکی حاشاهه‌ڵنه‌گر، تا سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م به هه‌مان شێوازی خۆیان به‌رده‌وام مابوونه‌وه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا سه‌رکه‌وتن و زاڵبوونی ڕاشکاوی هه‌ندێک تێڕوانین و ڕوانگه‌ی جیاواز لایه‌نێکی تایبه‌تمه‌ند و دره‌وشاوه‌ی په‌یدا کرد و هه‌ندێک له لایه‌نه‌کانی ئه‌م مشتومڕه له پاساوهێنانه‌وه بۆ ڕوانگه و باوه‌ڕه‌کانی خۆی شێواز و میتۆدی نوێیان ده‌خسته ڕوو، به‌ڵام له هه‌ناوی ئه‌م میتۆدانه دوو ڕوانگه‌ی گشتی هه‌بوون. یه‌که‌میان ڕوانگه‌یه‌کی ئایدیالیستی و دووه‌میشیان ڕوانگه‌یه‌کی ماتریالیستی که ئه‌م ڕوانگانه ده‌رکه‌وته‌ی هه‌بوونی ململانێیه‌کی چینایه‌تیی له بواره‌کانی فه‌لسه‌فه، ئه‌خلاق، دین، سیاسه‌ت و…له دواجاریشدا هونه‌ر بوون.
ئه‌م ململانێ فه‌لسه‌فییانه له چاره‌سه‌رکردنی پرسه‌کانی جوانیناسیدا کاریگه‌رییه‌کی قووڵی دروست کرد. هه‌ر بۆیه ڕوون بوو که فه‌یله‌سووفان و بیرمه‌ندانێکی وه‌کوو ئیمانیۆل کانت، شیلینگ و فریدریش هیگل که سه‌ر به ڕێبازی ئایدیالیسم بوون، له دواجاردا گۆڕانکارییه‌کانی جوانیناسییان هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا چاره‌سه‌ر و یه‌کلا ده‌کرده‌وه، واته ده‌یانوت “ڕۆح” واته ڕۆحی مرۆیی که سه‌ربه‌خۆ له بوونی ماددی یان ڕۆحی گه‌ردوون بێت. به‌دیهێنه‌ری میزاج و چه‌شه‌ی هونه‌رییه. به‌پێچه‌وانه‌ی وێنا و تێگه‌یشتنه‌کانی فه‌یله‌سووفه ئایدیالیسته‌کان، واته ئه‌و فه‌یله‌سووفانه‌ی که باوه‌ڕیان به هه‌بوونی پێشوه‌خته‌ی بوونی مادده‌ی بێ‌گیان و بێ‌ڕۆح هه‌بوو و هه‌ر به‌م هۆیه‌ش ناوی “ماتریالیست” یان به باڵادا بڕا، هونه‌ر و چه‌شه‌ی داهێنه‌رانه‌ی هونه‌رییان وه‌کوو ئه‌نجام و به‌روبوومێکی ئایدیال و ڕازاویی هه‌ژمار نه‌ده‌کرد، به‌ڵکوو یاسا به‌رهه‌ست و دیاره‌کانی جوانیناسیی و هونه‌ریان له واقیعی ژیانی تاکه‌که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تیی هونه‌رمه‌نددا ده‌بینییه‌وه و پێداگرییان له‌سه‌ر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعخوازانه و هه‌قیقه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ژیان له به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان و هه‌روه‌ها به‌شداریی چالاکانه‌ی هونه‌ر له ململانێی باوه‌ڕه‌کان و بووژاندنه‌وه‌ی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگادا ده‌کرد.
به‌ڵام ئه‌م فه‌یله‌سووفه ماتریالیستانهش تا پێش سه‌رهه‌ڵدانی مارکسیزم، نه‌یانده‌توانی له پاساوهێنانه‌وه‌ی پرسه جوانیناسانهکان و هونه‌ر به باشی تۆژینه‌وه بکه‌ن چونکه له ئاسۆی ڕوانگه و بینینی خۆیاندا به شێوه‌یه‌کی کرچ و کاڵ و ده‌ڵه‌مه ده‌یانخسته ڕوو. بۆ نموونه ده‌کرێت له‌سه‌ر فه‌یله‌سووفی ماتریالیستی ئاڵمانی واته لودڤیگ فویهر باخ بوه‌ستین. فویه‌رباخ هه‌وڵی ده‌دا ڕه‌گ و ڕیشه‌ی جوانی به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ له ناو پێکهاته و داڕێژراویی سرووشت و ماده‌ی شته‌کان و دیارده‌کاندا ببینێته‌وه و هه‌ستی جوانیناسی و چه‌شه(میزاج)ی مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ یاسا بایۆلۆژیکی یان جه‌سته‌ییه‌کانی سرووشتی مرۆڤ و هۆکاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ببینێته‌وه. به‌ڵام پاش سه‌رهه‌ڵدانی مارکسیزم له‌ڕێگه‌ی ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به به‌کارهێنانه زانستییه‌کانی ماتریالیزمی دیالیکتیک و مێژوویی، ده‌ربڕینی شێوازه‌کانی ئاگایی و وشیاریی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌وانه‌ش هونه‌ر به شێوه‌یه‌کی لۆژیکی و ڕێک و پێک خرایه ڕوو و لۆژیکمه‌ند کرا. به ده‌ربڕینێکی دیکه هونه‌ر وه‌کوو شێواز و فۆرمێک له ئاگایی کۆمه‌ڵایه‌تیی و چالاکیی مرۆیییه که واقیع به ده‌ربڕینیکی سۆزاوییانه و به شێوازێکی داهێنه‌رانه و داهێنراوانه ده‌نوێنێته‌وه و ئه‌مه به چڕی له به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.
فریدریک ئینگێلس ده‌ڵێت: “یه‌که‌م جمووجووڵه جه‌سته‌ییه‌کان که باپیرانی ئێمه توانییان ورده‌ورده فێری بن و له درێژه‌ی هه‌زاران ساڵ ده‌ستی خۆیان به‌کار بهێنن، بوو به‌هۆی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م تواناییه له فۆرمێکی پێشکه‌وتووتردا بۆ مرۆڤانی دواتر و پرۆسه‌ی به‌مرۆڤبوونی زیاتر خسته‌گه‌ڕ و خێراتری کرده‌وه و هه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌ش که هاوکات هه‌م ساده‌یه و هه‌م ئاڵۆز هۆکاری گه‌شه‌یه‌کی زیاتر و زۆرتر بوو. “ده‌ست”ه‌کان ئازاد بوون و بۆیه توانییان داهێنانی سه‌رسووڕهێنه‌ر بکه‌ن و ئه‌مه‌ش بۆ به‌ره و جیله‌کانی داهاتووش وه‌کوو میراسێک بمێنێته‌وه”.
مێژووی یه‌که‌مین به‌رهه‌مه هونه‌رییه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤ ده‌کرێت بگه‌ڕێندرێته‌وه بۆ ڕابردوویه‌کی نزیک به 20000هه‌زار ساڵ بۆ 6000هه‌زار ساڵ پێش ئێستا. له ناو مرۆڤه سه‌ره‌تاییه‌کاندا هونه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆ و دانبهڕاوی له‌گه‌ڵ “کار”دا هه‌بوو و ورده‌ورده ئه‌م په‌یوه‌ندییه ئاڵۆزتر و پڕپێچ و پڵووچتر و ناڕاسته‌وخۆتر ده‌رکه‌وت، گۆڕانکارییه‌کان له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی کۆمه‌ڵگادا بوون به‌هۆی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی هونه‌ریش. به‌ڵام ئه‌م گۆڕانکارییانه ته‌نها له بواری پێشکه‌وتن و گه‌شه‌ی ئامێر و ئامرازه‌کانی “کار”دا نه‌بوو به‌ڵکوو له ئاستێکی به‌ربڵاوتر له بوونی خودی مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت. که‌ش و هه‌وا جوگرافییه‌کان، نفوس و ڕێژه‌ی حه‌شامات، ژینگه و هه‌موو ئه‌و ئامراز و مادانه‌ی که خودی مرۆڤ دایهێنابوون وه‌کوو “سرووشتی دووهه‌م”ی مرۆڤ ده‌رکه‌وتن و له دریژه‌ی زه‌مه‌ندا فۆرمیان په‌یدا کردبوو، هه‌موو په‌یوه‌ندیی و هاوکێشه به‌رهه‌سته‌کانی نێوان مرۆڤ و سرووشت و هه‌روه‌ها نێوان مرۆڤ و مرۆڤ له پرۆسێسی کار و دواجار له بارودۆخێکی پێکه‌وه‌یی و هه‌ره‌وه‌زیانه و ڕێکخراوییانهی مرۆیی‌دا بووه که له هه‌ر سه‌رده‌مێکی مێژوویی‌دا گه‌شه‌ی کردووه و گه‌شه‌سه‌ندنی دواجاریشی ده‌رکه‌وتنی پێکهاته‌ی ئه‌مڕۆییه کۆمه‌ڵایه‌تییه مرۆییه‌کانه و له‌خۆگری به‌ها مادییه‌کان و به‌ها هونه‌رییه جۆراوجۆرهکانیشه و مرۆڤ هه‌ر به‌م شیواز و ڕیتمه‌ش کاریگه‌ریی له‌سه‌ر سرووشتی خۆی داناوه و هاوکات کاریگه‌ریشی لێ وه‌رگرتووه و به‌م شێوه‌یه” گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی”9 له هه‌ناوی ڕێبازی گه‌شه‌ی مرۆیدا به‌دی هاتووه.
مرۆڤ به‌هۆی کار و به‌رهه‌مهێنانه‌وه که دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه، بوو به خاوه‌نی هه‌ست و ئاگایی که یه‌کێک له ده‌رکه‌وته و نوێنراوهکانی له فۆرمی هونه‌ردا ده‌رکه‌وت و دره‌وشایه‌وه. به‌ڵام ڕۆڵی هۆکاره سرووشتیی و جوگرافییه‌کان که له سه‌رده‌می گه‌شه‌ی مرۆیی‌دا زۆر بنیاتنه‌ر بوون، ئیتر ورده‌ورده بوون به هۆکاری لاوه‌کی و که‌مڕه‌نگ. کارل مارکس ده‌ڵێت: “خاڵی ده‌سپێک، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆکاره جه‌بری و زۆره‌ملییه سرووشتییه‌کان، جا ئه‌مه چ به شێوه‌ی به‌رهه‌ست بێت یان به شێوه‌ی ده‌رهه‌ست، و له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هونه‌ردا به‌ڕوونی دیاره که سه‌رده‌مانێکی دره‌وشاوه‌ی تێپه‌ڕاندووه که به هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتن و گۆڕانکاریی کۆمه‌ڵگا و له ئه‌نجامیشدا له‌گه‌ڵ ژێرخانی مادی و ئێسقانبهندیی ڕێکخراوی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا گونجاو و هاوته‌ریب نه‌بووه”. بۆ نموونه ده‌توانین یۆنانییه‌کان له‌گه‌ڵ نوێخوازه‌کان یان له‌گه‌ڵ شێکسپیه‌ر به‌راورد بکه‌ین. له‌باره‌ی هه‌ندێک له فۆرم و شێوازه هونه‌رییه دیاره‌کان واته حه‌ماسه‌کان به‌گشتیی ئه‌م ڕاستییه قبووڵ ده‌کرێت که دووپاتبوونهوهیان به‌شێوه‌ی به‌رهه‌مه کلاسیکه سهردهمسازهکانی جیهان شتێکی مه‌حاڵه و ئه‌مه هه‌رگیز ڕوو ناداته‌وه.
لێره‌وه‌یه که له ئاسۆی دنیای هونه‌ردا، هه‌ندێک له به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان ته‌نها له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌کانی گه‌شه و نه‌شه‌ی هونه‌ردا پۆڕاون. بۆیه هه‌ر به هه‌مان شێوه که مارکس ده‌ڵێت هونه‌ر حه‌قیقه‌تی ژیان باس ده‌کات و باسکردن و خستنه‌ڕووی ژیانیش له ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌عریفه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر واقیع، واقیعێک که مێژووی مرۆڤ له ڕێگه‌یه‌وه ده‌ستی پێکردووه و له درێژه‌ی ئه‌م مێژووه‌شدا یه‌کێتیی پته‌وی هونه‌ر و جه‌ماوه‌ر له فۆرم و هه‌ناوی هونه‌ردا جێگه‌ی خۆش کردووه و هونه‌ر وه‌کوو فۆرمێک له ڕه‌نگدانه‌وه و نواندنه‌وه‌ی دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌گه‌ڵ دهرکهتهکانی دیکه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌وانه زانست، ته‌کنه‌لۆژیا، ئایدۆلۆژیا، ئه‌خلاق و ئایین هه‌م لایه‌نی هاوبه‌شی هه‌یه و هه‌میش لایه‌ن و سیمای تایبه‌ت و جیاوازی خۆی هه‌یه که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ په‌یوه‌ندیی چه‌شه و هه‌ست و سۆزی مرۆڤ بۆ واقیع بۆ نموونه ده‌کرێت باس له‌م خاڵه بکه‌ین که بنه‌ما و جه‌وهه‌ری هونه‌ر له سه‌رده‌مانی که‌ونارادا ئوستووره‌یی بووه که خۆی بووه به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئایین و له درێژه‌ی گه‌شه‌ی مێژوویی خۆیدا هونه‌ر ڕێگاکه‌ی جیا بووه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ ئاییندا که‌وتووه‌ته دژایه‌تییه‌وه.
هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا و له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ زانست‌دا که ئه‌رکی زاڵکردنی مرۆڤه به‌سه‌ر سرووشت و ناسینی واقیعدا، هونه‌ر ڕۆڵێکی زۆر مه‌زن و گه‌وره‌ی هه‌بووه و هه‌یه. هه‌ر بۆیه ده‌توانین بڵێین که هونه‌ر له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ واقیعی ده‌ره‌وه‌ی زه‌ین، زه‌ین یان “شعوورێکی هونه‌ری” یه و خاڵی پێکگه‌یشتن و یه‌کگرتنی جیهانی ده‌رهه‌ست(زه‌ین) و به‌رهه‌ست(عین)ه و به مانایه‌کی گشتی هونه‌ر واته چالاکیی داهێنه‌رانه و ئامانجمه‌ندی مرۆڤ که له هه‌ناویدا ماهییه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و هێزه داهێنه‌ره‌کانی به‌هۆی ئه‌ویدیسازی یان چاکسازی کۆمه‌ڵگا و سرووشته‌وه ده‌رده‌که‌وێت. بۆیه بابه‌ته‌که په‌یوه‌ست نییه به بانسرووشتهوه یان هێزێک له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌ڵکوو خۆی له هه‌ناوی سرووشت و کۆمه‌ڵگادایه. فۆرم و نیشانه هونهرمهندانهکان له‌ڕێگه‌ی هونه‌رمه‌نده‌وه و به‌پێی مه‌عریفه‌ی ئه‌و له‌باره‌ی ژیان و هه‌ڵگۆسته‌ی ئه‌و له ده‌وروبه‌ر و هه‌روه‌ها لێهاتووییه‌که‌یه‌وه به‌دیدێت و دادههینرێت. فۆرم و ناوه‌رۆکی هونه‌ری ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعه له هونه‌ردا که ئه‌رکی هونه‌رمه‌ند دیاری ده‌کات واته مسۆگه‌رکردن و به‌دیهێنانی پێویستییه سۆزاداری و عاتیفییه‌کانی خه‌ڵک له‌ڕێگه‌ی داهێنانه هونه‌رییه‌کانه‌وه بیچم ده‌گرێت و ئه‌م به‌رهه‌مه داهێنراوانه‌ش به ئاڕاسته‌ی جووڵه‌ی گهشهسێنهرانهی ژیانی مرۆڤه و به‌مه‌به‌ستی گۆڕانسازیی یان چاکسازیی کۆمه‌ڵگا و سرووشته.
له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگای مرۆیی‌دا، هونه‌ریش گه‌شه‌ی سه‌ند و په‌ره‌ی په‌یدا کرد و له فۆرمه جۆراوجۆره‌کانی هونه‌ر وه‌کوو ئه‌ده‌ب، نیگارکێشان، په‌یکه‌رسازی، مۆسیقا، شانۆ، سینه‌ما و هتد مانیفێست کرا که ئه‌م گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنه‌ی هونه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی دانه‌بڕاو له‌گه‌ڵ گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگا و سیسته‌مه ئابووری_کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هاوته‌ریب و هائاههنگ بووه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه خودی چه‌مکی هونه‌ر یش په‌ره‌ی سه‌ند و له‌م باره‌یه‌شه‌وه مه‌عریفه‌ی مرۆڤ زیاتر بووه و به هه‌مان شێوه‌ش که پێشتر ئاماژه‌ی پێ درا ئه‌م مه‌عریفه‌یه له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی مارکسیزمدا و له‌م ڕووه‌وه زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند و گه‌شه‌ی به‌خۆوه بینی. مارکسیزم له‌ڕێگه‌ی ده‌ستنیشانکردنی شێوه‌کانی ئاگایی کۆمه‌ڵایه‌تی و تیشکخستنه‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ یه‌ک و هه‌ڵقوڵانیان له بوونی کۆمه‌ڵایه‌تی گوڕ و تینێکی زیاتری دروست کرد و ئه‌و دۆخه‌ی له هونه‌ر که ئێسته هه‌یه به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م تێڕوانینه و کاریگه‌رییه‌کانی نوقسان و ناته‌واوه.
سه‌رچاوه:
دیالیکتیک و هنر، نویسنده امر نوایی، تهران خ انقلاب، روبروی دانشگاه، انتشارات روزبه، چاپ اول 1361
نووسین: ئه‌میر نه‌وایی
وه‌رگێڕان: موحسین عه‌لیڕه‌زایی