یەکەم؛ هۆشیاری ژینگەی گەشتیاری“
گەشتیاری پەیامێکی شارستانی و پردی پەیوەندی نێوان گەلانی جیهانە، کە ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی کۆمەڵگا و بەرزبوونەوەی ئاستی بژێوی ژیانیانە. کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە، تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێک بە پیشەسازی سەدەی بیست و یەک ناویان بردووە. ئەوەی لەم بابەتەدا دەمانەوێت قسەی لەسەر بکەین (هۆشیاری گەشتیارییە) کە پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و پێویستییەکی بەپەلە و حەتمییە بۆ هەموو ئەندامان و نەوەکانی کۆمەڵگا چونکە نوێنەرایەتی ئامرازێکی کاریگەر دەکات کە سوودە خوازراوەکان لە چالاکیی گەشتیارییەوە بەدەست دەهێنێت و بەشدارییەکی کاریگەری لە پەرەپێدانی گەشتیاری بە هەموو جۆرەکانییەوە دەکات، بەتایبەتی گەشتیاری ژینگەیی. سەرەتا پێویستە بزانین هۆشیاریی گەشتیاری ئەو هۆشیارییە کە لەسەر بنەمای هەستکردن و گرنگیدان بە شوێنە گەشتیارییەکان چونکە هەندێک لە هەڵسوکەوت و شێوازی گەشتکردن تایبەتن و پەیوەندی بە خودی كەس و خێزانەكانەوە هەیە، بەڵام هەندێکی تر لە رەفتاری گەشتیار گشتییە و مافی گشتیی، لەوانە پاک و خاوێنڕاگرتنی شوێن و جێگا گەشتیارییەکان لە رووی پاشماوەی خواردن و خواردهمهنی و پێداویستییهكانی ترەوە.
“هۆشیاری گەشتیاری چییە؟“
بریتییە لەوەی هاووڵاتی و گەشتیاران لەلای خۆیانەوە لە کاتی ئەنجامدان و سەردانیکردنی ناوچە گەشتیارییەکان بەر لەبەکارهێنانی هەر شتێک لە گەشتەکەیاندا بیر لە کاریگەرییەکانی ژینگە بکەنەوە و بژاردەیەک هەڵبژێرن کە دۆستی ژینگە بێت، چونکە ژینگە و گەشتوگوزار دوانەیەی پێکەوە گرێدراون، جا سرووشتی یان مرۆيى بێت، زۆربەی کات ژینگەیەکی گونجاو لەبار بە سەرچاوەیەکی گرنگی گەشتوگوزار دادەنرێت، بۆیە پاراستنی سەرچاوەکانی ژینگە لە گەشەسەندنو پەرەپێدانی گەشتوگوزاردا بەشداری دەکات، بە مانایەکی تر “ژینگە و گەشتوگوزار” هەردووکیان دووانەن. هەروەها ئەو گۆڕانکارییانەی لە ژینگەدا ڕوو دەدەن، ڕەنگدانەوەی لەسەر چالاکی گەشتیاریی و ژمارەی گەشتیاران بە ئەرێنی یان نەرێن دەبێت، لەبەرئەوەی خستنەڕووی گەشتیاری پابەندە بە ڕادەیەکی زۆری بنەما سرووشتیەکانەو. هەرێمی کوردستان بەهۆی جوانی دیمەنی سرووشت و بوونی ئاووهەوای و بەرەو وەرزی بەهارو گەشتیاریی هەنگاوی ناوە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیارا روو لە ناوچە گەشتوگوزارییەکان دەکەن، بەڵام بەداخەوە بەشێک لە ناهۆشیاری هاولاتی و گەشتیارانمان بەرچاو دەکەوێت کە رۆشنبیری گەشتیارییان لە ئاستی پێویستدا نییە، دوای تەواوبوونی گەشتەکەیان شوێنەکەیان پاکناکەنەوە و پاشماوەی زۆر دوای خۆیان بەجێدەهێڵن. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی سیمایەکی ناشرین تێکدانی ژینگەی گەشتیاریی دواجار کاریگەریی نەرێنی دەبێت لە پیسکردنی ژینگە، بەهۆی سوتانی مادەی گازیی و فڕێدان و بەجێهێشتنی پاشماوەی خۆراک و مادە رەقەکان کەلەلایەن گەشتیارانەوە، وەک ڕۆژانە لە زوومی ڕاگەیاندنەکانەوە دەبینین بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ژینگە ناکەن لە كاتی سەیران و گەشتوگوزاردا ئەوا چەندین زیان بە ژینگە دەگەیەنین، بۆنموونە هەستنەكردن بەرامبەر پاک و خاوێنی جوانی سرووشت و زیان گەیاندن بە دار و درەخت ئەمەش چەند ئەركێك دەخاتە سەر شانمان بۆ پاراستنی.
دووەم: پاراستنی خەمی ژینگەی ناوچە گەشتیارییەكان
ئەوەی من دەمەوێ بە كورتی قسەی لەسەر بکەین پاراستنی ژینگەی ناوچە گەشتیارییەكانە، كە بە داخەوە زۆركات بۆ بەسەربردنی چەند ساتێكی كەم ژینگەكە كراوە بە قوربانی و وێران كراوە. بۆیە دەبێت ئەوەش بزانین ئەگەر ژینگەیەكی جوان و خاوێن لەو ناوچانە فەراهەم نەهێنرێت، ئەوا هیچ كات گەشتیاران و سەیرانكاران ناتوانن سەردانی ئەو شوێنانە بکەن كە واتە ئەگەر بمانەوێ رێژەی گەشتیار زیاد بكەین و بیر لە بەدەستهێنانی ئابووری بكەینەوە لەو كەرتەدا دەبێت پێش هەموو شتێك بیر لە پاراستنی ژینگەكەی بكەینەوە! بۆیە کێشەکان هەرچۆنێك بێت و رێگرییەكان هەرچییەك بن، پێویستی بە چارەسەر و کەمکردنەوەی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی کێشەکە هەیە. زۆر گرنگە لایەنە پەیوەندیدارەکانی و یەکەکارگێڕییەکانی پارێزگاگاکان، دەست بکەن بە رێگا و ئامرازی کەمکردنەوەی شوێنەوارە زیانبەخشەکانی ئەم کێشەیە:-
- پەروەردەی ژینگەی گەشتیاری وانەیەکی گرنگی خوێندن بێت و قۆناغ بە قۆناغ وەک هەر وانەیەکی دیکە بە پێی تەمەن و ئاستی تێگەیشتنی خوێندکار، پەرەی پێبدرێت و حیسابی بۆ بکرێت، پێویستە هۆشیاری ژینگەیی گەشتیاریی، بکرێتە کەلتوری پرۆگرامەکانی خوێدن. خستنەڕووی بابەتەکانی هۆشیاری گەشتیاری لە پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانە و بەش و کۆلێژە جیاوازەکان بەتایبەتی کۆلێژ و بەشە پەیوەندیدارەکان، بە ئامانجی چاندنی هۆشیاری و ڕۆشنبیری گەشتیاری لای قوتابیانی زانکۆ، بۆ دروستکردنی نەوەیەکی ئاگادار لە گرنگی گەشتوگوزار و ڕۆڵی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی بێکاری بۆ گەنجان.
- پێویستە لایەنی حكومەت چاودێری بەردەوامی هەبێ لەسەر ناوچە گەشتوگوزارییەکان و بەپێی یاسا و رێسای تایبەت بە پاراستنی ژینگەی، تەنانەت ئەوانەی سەرپێچی كاری ژینگە دەكەن، سزایان بدرێن، بەمەبەستی پاراستنی ژینگەی گەشتیاری و پاشماوە کلتوری و شارستانی و سەرچاوەکانی ئاو و کەمکردنەوەی پیسبوون و پاراستنی دارستانەکان، ئەمەش پێویستی بە ئیرادەی کارگێڕی و هاوکاری هەیە.
- ڕاگەیاندنی بەرفراوانى هۆشیارى ژینگەى گەشتیاریی بەپێدانی بروشە و نامیلکە لەلایەن کۆمپانیاى پاکەرەوەی ژینگەیی بەسەپەرشتى وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و هاوکاری بەڕیوبەرایەتی شارەوانییەکان، بەتایبەت لە سەرەتای هاتنە ناوەوەی گەشتیار، بۆ ناوچە گەشتیارییەكان، سوود لە زمانەكانی تر وەربگیرێت بۆ ئەوەی پەیامەكەیان بە باشی پێبگات، یاخود بۆ پاراستنی ژینگە و فرێنەدانی پاشماوە سوود لە ئەپڵیكەیشنی تایبەت بە ژینگە ببینرێت یان لە ناوچە گەشتیارییەكان شاشەی ریكلام و هۆكاری تر دابنرێت بۆ گەیاندنی پەیامی ژینگەییلە ڕۆژانی گەشت و سەیراندا.
- پێدانی عەلاگەی خۆڵ لە ناوچە گەشتییارییەکان بەتایبەتی لەوەرزی گەشتیاریدا،بەمەبەستی پاراستنی ژینگەی سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان بە پاكوخاوێنی و فڕێنەدانی پاشماوەی خۆراک و مادە ڕەقەکان كۆكردنەوە و هێنانەوەی پاشماوەكان بۆ ئەو شوێنانەی تەرخانكراون بۆ فڕێدانی پاشماوەكان یان هێنانەوەیان لەگەڵ خۆتان بۆ حاویەی زبڵ و خاشاكی بەردەمی ماڵ.
- زیادکردنی ژمارەی حاوییەکان خۆڵ و خاشاک و شوێنی تایبەت و نزیک ڕێگا گشتییەکان دابنرێت و گەشتیارانی لێ ئاگاداربکرێتەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژانی پشوو و وەرزی بەهاردا، دانانی چەند ڕێنماییەک بۆ نموونە (گەشتیاری بەڕێز تکایە پاکوخاوێنی سەیرانگاکان بپارێزە و پاشماوەکان لە شوێنی تەرخانکراو دابنێ)، بەڕەنگ و قەبارەی جیاواز نوسراوبێت.
- دامەزراندنی کارمەندی ژینگەیی گەشتیاریی، چونکە ئەوان لە رووی پاراستنی ژینگەوە دەتوانن بە شیوازی سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ گەشتیاران بکەن، بەمەبەستیپیسنەكردنی ڕووبار و چەمەكان، فڕێنەدانی پاشماوەكان بۆ ناویان بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو كاریگەری لەسەر زیندەوەرانی ناو ئاوەكە دروست نەکات .
- پێویستە هەماهەنگی لەنێوان دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم هەبێت، بەمەبەستی هۆشیاریی ژینگە و گەشتیاری لە وەرزی گەشتیاریدا. چالاک کردنی رۆڵی ڕێکخراوەکانی ژینگە و ئافرەتان و منداڵپارێزی بۆ گەیاندنی پەیامی ژینگەیی و ئاشناكردنی بە گەشتیار و سەیرانكەرو بە بنەما ژینگەییەكان و بابەتە هۆشیارییەكان.
- دامەزراندنی میدیای ژینگەی گەشتیاری، وێڕای بوونی نزیكهی 400 دهزگای رهسمی بینراو و بیستراو و خوێنراو، بهڵام هێشتا بابهتی ژینگه نهبۆته خهمی گهورهی میدیا. بۆیە پێویستە بابهتی ژینگهی گەشتیاریی یهكێك بێت له بابهته گهرمهكانی سهر پهڕهی رۆژنامهكان و كاپشن و ههواڵه بهپهلهكانی تیڤییهكان و بهرنامه گهرمهكانی رادیۆكان و دیزاینی تۆڕه كۆمهڵایهتی و سایته ئهلیكترۆنییهكان.
- دوورکەوتنەوە لە چاولێکەری هێنانی خواردنی زۆر و جۆراوجۆر، دروستكردن و ئامادەكردنی خواردن بەو بڕەی كە دەخورێت و بەكاردەهێنرێت بۆ ئەوەی نەبێتە پاشماوە و سەیرانگاكان پیس نەكات، لە كاتی بوونی خواردنی زیادە لە شوێنێك دابنرێت بۆ ئەوەی باڵندە و ئاژەڵەكان بیخۆن .
- پێویستە ڕێنمایی گەشتیاران بکرێت بەوەی کەمترین کەرەستەی پلاستیک بەکاربهێنن، ئەو مادە و کەرەستانە بەکاربهێنن کە دۆستی ژینگە و تەندروستی خۆیانن بە تایبەت لە گەشتەکانیاندا سفرە و قاپ و پەرداخی سەفەری بەکارنەهێنن. هەوڵ بدەن لە نانەواخانە و سەمونخانەکان کیسی کاغەز یان کیسی قوماش خۆیان وەربگرن، بەکاریبهێنن و کەمترین ئاوی بتڵی پلاستیک بۆ خواردنەوە بەکاربهێنن، تا دەتوانن بتڵی شوشە بۆ ئاو خواردنەوە بەکاربهێنن.
- لە ڕێگای وتار بێژانی وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی ڕۆشنبیری هاووڵاتیان و گەشتیاران وشیاربکرێنەوە، ئەویش بەکردنەوە چەند خولێکی تایبەت لەلایەن هەردوو وەزارەتی ناوبراو.
- لە ڕێگەی تۆڕەکانی پەیوەندکردنی هەریەک لە ئاسیا و کۆڕەک، رێنمایی ژینگەیی و گەشتیاری بۆ بەشداربوان بنردرێت.
لەکۆتاییدا هەموو ئەمانە توخمێکی گرنگ و فاکتەرێکی کاریگەرن لە ناساندنی هۆشیاری ژینگەیی گەشتیاری بۆیە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە جوڵەی گەشتیارییان زۆرە، بەرنامە و هەیکەلی کار بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی ئامادە دەکەن، بەتایبەت ئەو گەشتیارانەی سەردانی ناوچەیەکی یان وڵاتێکی دیاریکراو دەکەن، وێنە و تێبینی و شێوازی مامەڵەی خەڵک لەگەڵیدا دەگوازێتەوە بۆ ئەندامانی کۆمەڵگە خۆی. ئەگەر ئەو وێنەیەی کە دەیگوازێتەوە سەردەمیانە و باش بێت و مامەڵەی خەڵک لەگەڵیدا گونجاو بێت، ئەوا هانی کەسانی دیکە دەدات بێنە ئەو هەرێمە یان وڵاتەی کە گەشتیارەکە سەردانی کردووە، بە پێچەوانەوە ئەگەر وێنەکە پێچەوانە بێت، ئەوە کاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیار بۆ ئەو وڵاتە یان شارە هەیە. دواجار خەڵکی خانهخوێ و ناوچه گهشتیارییهكان و گهشتیاران، پیشاندهری رووی شارستانی و هاووڵاتیبوون دهردهخات و زۆر گرنگ دهبێت له ماوهی وهرزی گەشتیاریی، سوود لهو دهرفهتانه وهربگرین له پێناو بهدهستهێنانی دارایی و له ههمان كاتدا پاراستنی ژینگه و شوێنه گهشتیارییهكانی ناوچەکە.






































































