“٩٩ ساڵ بەسەر ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی پێنجوێن لە لایەن ئینگلیزەکانەوە تێپەڕ دەبێت”
“پەیماننامەی لۆزان و لێکەوتەکانی”
زنجیرەی گفتوگۆکانی پەیماننامەی لۆزان لە شاری لۆزانی سویسرا، لە (٢٠ی تشرینی دووەمی١٩٢٢) دەستی پێکرد، ئامانجی وڵاتە براوەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی بەتایبەت بەریتانیا و فەرەنسا ئەوەی دەخواست، سەرلەنوێ ستراکتۆری سیاسی و جوگرافی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستکاری بکەنەوە و بەگوێرەی داواکارییەکانی تورکیای کەمالی، کە ملی بۆ بەندەکانی پەیماننامەی سیڤەری(١٠ی ئابی١٩٢٠) نەئەدا لە لۆزاندا قەرەبووی بکەنەوە. گەڕی دووەمی دانیشتنەکان لە (٢٣ی نیسانی١٩٢٣) دەستی پێکردەوە و لە(٢٤ی تەموزی١٩٢٣)دا بە کۆتایی گەیشت و پەیماننامەی لۆزان لە(١٤٣) مادە و دوو پاشکۆدا واژۆی لەسەر کرا. ناوەڕۆکی ئەم پەیماننامەیە نەخشەیەکی سیاسی و دابەشکارییەکی جوگرافی نوێ بوو، تا دەوڵەتی تورکیای کەمالی پێ بناسێنن و چارەنووسی کوردانیشی بۆ گەشتن بە مافە ڕەواکانی لە بۆتەی ئەم پەیماننامەیەدا تواندەوە.
“سێیەم حکومڕانی شێخ مەحموودی حەفید”
بۆ ئەوەی سەرنجی کوردانی ناوچەکە لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی لۆزان نەهێڵن و کاری هەردوو دەسەڵاتی ئینگلیز و ئێراقیش بەلکاندنی ویلایەتی موسڵ بە ئێراقی تازەوە بە پایان بگات، لە ناوەڕاستی مانگی(حوزەیرانی١٩٢٣) ئینگلیزەکان شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەوربەریان چۆڵکرد و بەرەو بەغداد کشانەوە، شێخ مەحمودی حەفید و هێزەکانیشی، کە ئەوکات لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ڕۆژهەڵات و باشووری کورستاندا و لە گوندی پیران و نزیک شاری پێنجوێن بوون لە(١٨ – ٢٦ ی حوزەیرانی١٩٢٣) گەڕانەوە بۆ ناوشاری سلێمانی و لە سەرەتای (تەموزی١٩٢٣) سێیەمین کابینەی حکومەتی کوردستان لەژێر ناونیشانی(مەجلیسی میللی عمومی)، بە سەرۆکایەتی شێخ مەحموودی حەفید دامەزرا و دەستی بە کاروباری کارگێڕی ناوچەکە کردەوە، لەسەر پێشنیازی ئینگلیزەکانیش، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ئێراقی لە (١١ی تەمووزی١٩٢٣) چەند بڕیارێکی دەرکرد لەوانە:-
- حکومەتی ئێراقی نیازی نیە، هیچ فەرمانبەرێکی عەرەب لە کوردستان دابمەزرێنێت.
- حکومەتی ئێراقی نیازی نیە، لە ناوچەکەدا زمانی عەرەبی بە زاڵتر لە زمانی کوردی بزانێت.
- هەموو مافێکی ئایینی و مەدەنییەکان بۆ دانیشتوانی ناوچەکە پارێزراوە.
پشکنەری ئیدارەی کەرکوک(س.ج.ئیدمۆندس) لە (٢١ی تەموزی١٩٢٣) بە ناوی نوێنەری باڵاوە نامەیەک بۆ شێخ مەحموود دەنێرێت و داوای لێدەکات دەست لە کاروباری ئەو ناوچانە وەرنەدات، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنەکەی دانراوە، وەک؛ ڕانیە، قەڵادزێ، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، قەرەداغ، سنگاو و ناحیەی ماوەت، ئەگەرنا ئەوە بە توندترین شێوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەپێچەوانەشەوە بێت، ئەوە نوێنەری باڵا لە دژیان هیچ ڕێکارێک ناگرێتەبەر. بەو شێوەیە مەودای جوگرافیا و کارگێڕی حکومڕانییەکەی شێخ مەحموود لە جاری سێهەمدا، زۆر بەرتەسک تر و گەمارۆدراوتر بوو لە دوو کابینەی پێشووتری حکومەتەکەی. دوای واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزانیش لە بڕگەی دووی مادە(٣)دا، ماوەی نۆ مانگ بۆ هەریەکە لە تورکیا لە لایەک و ئێراق و ئینگلیز لە لایەکی تر دانرابوو، تا بە شێوەی گفتوگۆی ئاشتیانە سنوری نێوان هەردوو وڵات دیاری بکەن، لەو نێوەندەدا سنووری ویلایەتی موسڵ، کە پێکهاتبوو لە:-
- سنجاقی ناوەند/ واتە موسڵ. لە قەزاکانی دهۆک، زاخۆ، ئامێدی، شەنگال و ئاکرێ.
- سنجاقی کەرکوک/ هەولێر، ڕانیە، ڕەواندز، کۆی سنجاق و کفری.
- سنجاقی سلێمانی/ بازیان، هەڵەبجە، شارەزوور و مەرگە.
خواستی هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێراقیش ئەوە بوو، کە ویلایەتی موسڵ ببنەوە و بخرێتە چوارچێوەی سنووری وڵاتەکانیانەوە، ماوەکە کۆتایی هات و هیچیان ملیان بۆ سازش لەسەر ویلایەتی موسڵ نەدا، ناچار کێشەکە خرایە بەردەم کۆمەڵەی گەلان. لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کۆمەڵەی گەلانیش لە (ئەیلولی١٩٢٤) لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەی ویلایەتی موسڵ پێکهێنا بە ناوی (لیژنەی لێکۆڵینەوە و ڕاستی کۆکردنەوە)، ئەم لیژنەیەش لە(تشرینی دووەمی١٩٢٤) هاتنە بەغداد و لەوێوە بۆ لێکۆڵینەوە سیاسی، جوگرافی، کارگێڕی و پێکهاتەی دانیشتووانەکەی بۆ ویلایەتی موسڵ هاتوون.
“سلێمانی و سەرهەڵدانەوەی ناکۆکی”
سیاسەتی ئینگلیز لە ناوچەکەدا بەو ئاراستەیەدا دەڕۆشت، کە ناوچەکانی ویلایەتی موسڵ لەو نێوەندەشدا دامودەزگاکانی کورد، کە شێخ مەحموود بەڕێوەی دەبرد بپێچێتەوە و سلێمانیش بکات بە لیوایەکی تازە لە نێو ئێراقی تازەدا. بەوجۆرە حکومەتی سێیەمی شێخ مەحموود بۆ ماوەی ساڵێک درێژەی کێشا و ناکۆکییەکانی نێوان شێخ مەحموود و ئینگلیزەکان دیسان سەریهەڵدایەوە. هێزەکانی شێخ مەحموود بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها بۆ ناوچەکانی چەمچەماڵیش هێرشیان دەستپێکرد، هەوڵیان ئەدا ئەو ناوچانە بۆ ژێر دەسەڵاتی کارگێڕی خۆیان بگێڕنەوە. لە بەرامبەریشدا ئینگلیزەکان هەوڵی خۆیان چڕکردبوەوە، بۆ ئەوەی لە ناوخۆدا دژایەتی بۆ دەسەڵاتی شێخ مەحموود دروست بکەن، لەو ڕێگەیەوە ژمارەیەک لەو کەسایەتییانەی دەوری شێخ مەحموودیان بە پارە و چەک و پشتگیری دواڕۆژ دوورخستەوە و کردنیانە لایەنگری خۆیان وەک؛ بابەکر ئاغای پشدەر، ئەمین ئاغای ڕەشید ئاغا لە چەمەچەماڵ، شێخ قادری قازانقایە لە سەنگاو و قەرەداغ، شێخ عەبدولکەریمی قادرکەرەم و ناوچەی شێخ بزەینی و ئاغجەلەر بەهۆی سوپای لیڤی کوردەوە بە سەرکردایەتی ساڵەح زەکی ساحێبقڕان، ئەم شوێنانەیان لە ژێر دەسەڵاتی شێخ مەحموود وەرگرتەوە.
هەروەها ڕووداوی کوشتاری ئاشوورییەکانی کەرکوک و بە بیانووی دەستێوەردانەکانی شێخ مەحموودیش بۆ ناوچەکانی ماوەت و ساداتی سەرگەڵو هێزی ئاسمانی ئینگلیز لە(٢٣ی ئایاری١٩٢٤)دا بەیاننامەیان بەسەر ئاسمانی شاری سلێمانیدا فڕێدایە خوارەوە و تیایدا ئاگاداری شێخ مەحموود و هێزەکانی و خەڵکیان کرد، کە دەبێت شێخ مەحموود خۆی بەدەستەوە بدات. هێزی ئاسمانی لە(٢٥ی ئایاری١٩٢٤) بۆمبارانی شاری سلێمانییان کردووە، دەوترێت لە ئەنجامی ئەو بۆمبارانەدا (٥٠ بۆ١٠٠) ماڵ وێران بوون و خەڵکەکەشی بۆ ناوچەکانی دەروبەری شار هەڵهاتوون. تەنانەت ئینگلیزەکان بە خەڵکی ناوچەکانیان ڕاگەیاندبوو، کە: ئەگەر هاوکاری و کارئاسانی بۆ شێخ مەحموود و هێزەکانیشی بکەن، ئەوا هەمان مامەڵەش لەگەڵ ئەوان دەکرێت. بۆمبارانی ناوچەکانیش هەتا کۆتاییەکانی مانگی(حوزەیرانی١٩٢٤) ناوبەناو بەردەوامییان هەبووە و فشارێکی گەورەش بووە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە و ماندووکردنی هێزەکانی شێخ مەحموود، هەر بۆیە لە ناچاریدا و دوای ماوەیەک لە شەڕ و ئاڵۆزی، شێخ مەحموود لە (١٦ی تەموزی١٩٢٤) شاری سلێمانی چۆڵ دەکات و ڕووە و سیتەک و شارباژێر دەڕوات، دواتریش بۆ ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە گوندی پیران لە نزیک شاری مەریوان نیشتەجێ دەبێتەوە. فەوجێکی هێزی ئێراقی بە ناوی(موسای کازم) لەگەڵ سوپای لیڤی و ئەفسەرانی ئینگیز، ڕۆژی(١٨ی تەموزی١٩٢٤) بۆ ناو شاری سلێمانی دێنەوە.
“بڕینی سەرچاوەی دارایی شێخ مەحموود”
ناو بە ناویش هەتا (حوزەیرانی١٩٢٥) شێخ مەحموود بە هاوکاری هۆزەکانی هەورامان و مەریوان، هێزەکانی خۆی بۆ پەلاماردانی ناوچەکانی پێنجوێن و دەروبەری سلێمانی دەناردەوە و لە لایەن هێزی ئاسمانی و سەربازی ئینگلیز و حکومەتی ئێراقییەوە بەرپەچیان دەدرایەوە. دواجاریش بۆ کۆتاییهاتنی هێرشەکانی شێخ مەحموود و دوورکەوتنەوەی لە جوڵانەوە چەکداریی و سیاسییەکانی و پەیوەندی کردنی بەحکومەتی ئێراقییەوە، سەرچاوەی داراییەکەی، کە خۆی لە موڵکانەی زەوی و زاری گوندەکانی دەبینییەوە دەستی بەسەرداگیرا، ئەمەش بارگرانییەکی گەورە بوو لە سەر شانی شێخ مەحموود، چونکە هیچ سەرچاوەیەکی دارایی تر، لە هاوکاری وڵاتان و ناوچەکە بۆ بەڕێوەبردنی هێزەکانی نەبوو. بەپێی فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ئێراقی، بە ژمارە(١١٦٥) لە(٦ی ئایاری١٩٢٦)، دەستبەسەر موڵک و ماڵی شێخ مەحموودی حەفیددا گیرا: “بە موجیبی قەراری مەجلیسی وزەرا، کە تاریخی (٢ی مارتی١٩٢٦) دەرچووە و بینا لەسەر ئەو سەلاحیەتەی، کە موجیبی مادەی (٢٧)ی قانوونی مونازەعاتی جەزائیە و مەدەنیەی عەشائیر بە من دراوە، ئەمرمان کرد کە جەمیعی ئەملاکی شێخ مەحموود کوڕی شێخ سەعید بەرزنجی و ژنەکانی عائیشە و بەهیەخانم بە ناوی حکومەتەوە موسادەرە بکرێ و بفرۆشرێ بەشەرتێ قیمەتەکانیان بە موجیبی ئەوامیرێک کە لە ئاخریا سادر ئەبێت سەرف بکرێت.”
ئاڵۆزییەکان درێژەیان کێشا، هەتا ئەو کاتەی بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی ئینگلیزەکان لە ناوچەکانی دەسەڵاتی هێزەکانی شێخ مەحموود ناچار بە نیشتنەوە دەبێت، ئەفسەرێکی فڕۆکەوان و هاوکارەکەی دەستگیر دەکرێن و دەبرێن بۆ لای شێخ مەحموود لە گوندی وڵەژێری ناوچەی مەریوان و چەند مانگێک لایان بە دەستبەسەری دەیانهێڵنەوە، دواجاریش هەر ئەم ڕووداوە دەرگا بە ڕووی گفتوگۆکانی نێوان ئینگلیز و شێخ مەحموودا دەکاتەوە و (٤ی ئەیلولی١٩٢٦) شێخ مەحموود لە خورماڵ چاوی بە نوێنەری کۆمیسیاری باڵا (کیناهان کورنوالیس)، هەمان کات ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ئێراقی دەکەوێت و گفتوگۆ لەسەر چەند خاڵێک وەک داواکارییەکانی شێخ مەحموود دروست دەبێت:-
- گێڕانەوەی ماڵ و موڵکەکانی و چۆڵکردنی تەواوی پێنجوێن بۆ ئەوەی خۆی و هێزەکەی لێی بمێننەوە.
- داوای کرد، کە حکومەتێکی کوردی سەربەخۆ لە ژێر ئنتیدابی بەریتانیادا دروستبکرێت.
گفتوگۆکان بەردەوامییان هەبوو، لە (٢٤ی تشرینی یەکەمی١٩٢٦)، شێخ ئەحمەد بەرزنجی بە نوێنەرایەتی شێخ مەحموود دەچێتە بەغداد و لەوێ ڕێککەوتنامەیەکی یازدە خاڵی بە واژۆی حكومەتی ئێراقییەوە لە(کانوونی دووەمی١٩٢٧)، کە پڕی بوو لە کۆمەڵێک مەرج و کاری سنوور بۆ دانراو بۆ خودی شێخ مەحموود و هاوکارەکانی دەهێنێتەوە. بۆ ئەوەی شێخ مەحموود مل بە داواکارییەکانیان بدات، نوێنەری باڵای ئینگلیز لە بەغداد، نامەیەک بە شێخ ئەحمەدی نوێنەری شێخ مەحموود دەدات و تیایدا لە نێوەڕۆکەکەیدا ئەوە ڕوونکراوەتەوە، کە “دەرفەتێک بۆ کورد نەماوەتەوە لە ئێراقدا، کە هیچ ئیمتیازێکی نەتەوەیی وەربگرێت و چاوەڕێ ناکرێ لەوەی، کە ئێستا هەیە زیاتریان پێبدرێت. لەم حاڵەتەشدا ئەگەر شێخ مەحموود یان هەر هاوکارێکی تری، کاری ئاژاوەگێڕی لە ناو ئێران ئەنجام بدات، یان کێشە بۆ حکومەت دروست بکات، ئەوکات وەکو پیاوێکی کۆسپی بەردەم ئاشتی ناو ئێران دێتە ناسین و دەستبەجێ دەبێت ئەو ڕێککەوتنامەیەی، کە بڕیارە لەگەڵ شێخ مەحموود واژۆ بکرێت، یەکسەر هەڵدەوەشێتەوە.”
“پێنجوێن و گرنگییەکەی”
پێنجوێن و ناوچەکانی دەروبەری لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافیاوە گرنگییەکی زۆری هەیە. بەپێی ئەوەی پێنجوێن خاوەنی مێژووەیەکە لە ئاوەدانکردنەوە و قەڵا و شوێنەوەواری دێرین، لە ململانێ سیاسیی و کارگێڕییەکانی ڕابردووشدا هەمیشە لە نێوان عوسمانی و سەفەوییەکان لە لایەک و میرنیشی ئەردەڵان و بابان لە لایەکی تر جێگای ناکۆکیی و کێشمەکێشیان بووە. لە هەردوو حکومڕانی دووەم و سێیەمی شێخ مەحموودی حەفیدیش، ئەو کاتانەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئینگلیز تێکچووە، هەمیشە پێنجوێن و ناوچەکانی دەوروبەری بەڕووی خاکی ڕۆژهەڵاتەوە، یەکێک بووە لەو شوێنانەی، کە شێخ مەحموود وەک پەناگەیەکی گونجاو بۆ مانەوەی خۆی و هێزەکانی پەنای تێبردووە، ئەمەش لەبەر چەند تایبەتمەندییەک بووە:-
- هەڵکەوتەی جواگرافیاکەی لەڕووی پێکهاتەی شاخ و لوتکە و هەرد و دارستانی چڕەوە شوێنێکی باش بووە بۆ حەشاردان، وەک دەوترێت: “کورد هیچ دۆستێکی نییە، جگە لە چیاکان.” لەبەر سەختی ناوچەکە بۆ مانەوە و بەرگری هێزەکانی، گونجاوترین ناوچە بووە لە سنووری قەڵەمڕەوییەکەی. لە باشووری کوردستانەوە ناوچەیەکە، بە دووری (١٠٥) کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سلێمانییەوە هەڵکەوتووە و تا ڕادەیەک بەئاسانی دەستی بە ناوچەکانی سلێمانی و دەوروبەری گەشتووەتەوە، بە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا نزیک بە ناوچەکانی بانە و مەریوان بووە. چونکە پێنجوێن (١٥٠) کم سنووری لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە و ئەمەش مەودایەکی فراوان بووە بۆ هاتووچۆی هێزەکانی.
- نزیکی ناوچەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە گرنگ بووە، چونکە دەستڕاگەیشتنی بە هاوکارییەکانی هەردوو کەسایەتی ناودار و خاوەن جەماوەر مەحموودخانی دزڵی لە هەورامانی تەخت و مەحموودخانی کانی سانان لە ناوچەکانی مەریوان بە خۆیان و هێزەکانیانەوە، پاڵپشتێکی گەورە و بەردەوام بوون بۆ شێخ مەحموود و هێزەکانی، ئەمەش بایەخی تابیەتی خۆی هەبووە، لە چەند وێستگەی گرنگی جوڵانەوەکانی شێخ مەحمووددا، ئەو دوو کەسایەتییە ڕۆڵی گەورە و دیاریان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گێڕاوە، وەک؛
یەکەم:- سەردەمی لاوی شێخ مەحموود؛ کاتێک لە ڕووداوێکدا لە شاری موسڵ شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحموود دەکوژرێت لە(کانوونی دووەمی١٩٠٩) و شێخ مەحموود ڕزگاری دەبێت، دێتەوە سلێمانی و دوای ماوەیەک بە تۆمەتی کوشتنی ئەو کەسەی بووەتە هۆی ڕووداوی کوشتنەکەی شێخ سەعیدی باوکی تۆمەتبار دەکرێت، هەڵدێت و دەچێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناوچەکانی مەریوان بۆ ماوەی چەند ساڵیک دەمێنێتەوە.
دووەم:- کاتی تێکچوونی پەیوەندییەکانی شێخ مەحموود و ئینگلیزەکان؛ لە حکومڕانی دووەم لە (ئازار و نیسانی١٩٢٣) و حکومڕانی سێیەم لە( حوزەیران و تەمووزی١٩٢٤)، شێخ مەحموود و هێزەکانی پەنایان بۆ ناوچەکانی پێنجوێن و دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بردووە و لە گوندی پیران بارەگایان داناوە.
سێیەم:- کۆتا جوڵانەوە: کاتێک لە گوندی ئاوباریک لە ناوچەکانی گەرمیان، لە (٥ی نیسانی١٩٣١) شێخ مەحموود و هێزەکانی لەبەرامبەر هێرشی ئاسمانی و زەمینی ئینگلیز و حکومەتی ئێراقی شکست دەهێنن و بەرەو ناوچە سنوورییەکانی پێنجوێن بەرەو ڕۆژهەڵات و بۆ گوندی پیران هەڵدێن و خۆیان پەنا دەدەن. واتە هەرکات شێخ مەحموود و هێزەکانی لەبەر فشاری بۆمبارانی ئاسمانی هێزەکانی ئینگلیز و هێرشی سوپایی بۆ سەریان خۆیان ڕانەگرتایە، بژاردەی سەرەکییان ئەوە بووە، کە بە ئاسانی و لە ماوەیەکی کەمدا لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە خۆیان حەشارداوە و لە لایەن ئەو کەسایەتییانەشەوە هاوکاری و پاڵپشتیی تەواویان کراون.
دوابەدوای ڕێککەوتنامە یازدە خاڵییەکەی حکومەتی ئێراقی و ڕاسپاردەکانی نوێنەری باڵا، لە(٢٧ی کانوونی دووەمی١٩٢٧)، شێخ مەحموودی حەفید نامەیەک بۆ نوێنەری باڵا لە بەغداد دەنێرێت و لە ناوەڕۆکەکەیدا، جگە لە جەختکردنەوە لەسەر پێدانی مافەڕەواکانی گەلی کورد و جێبەجێ کردنی ڕاسپاردەکانی کۆمەڵەی گەلان، کە لە(٣٠ی ئەیلولی١٩٢٤) دەریکردووە، داوا لە نوێنەری باڵا دەکات، کە ناحیەی پێنجوێنی پێبدات، کە دەڵێت: “تکایە بەلایەنی کەمەوە ناحیەی پێنجوێن بدەن بە من و لایەنگرانم، هەتا لەوێ بتوانین بژین، چونکە مەحاڵە لایەنگرانم لە من جابکرێنەوە، من بە تەواوی ئەو پێشنیازەم قبوڵە، کە دەست لە کاروباری سیاسی وەرنەدەم و لەو ناوچەیەی بۆ خۆم و لایەنگرانم دیاری دەکرێ لێی دابنیشم.” گوێ لە ناوەڕۆکی نامەکەی شێخ مەحموود ناگیرێت، ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا لە نێوان شێخ مەحموود و هێزەکانی حکومەت ڕوودەدات و هێزەکانی شێخ مەحموود بۆ ناوچەکانی پێنجوێن و شارەزوور دێنەوە و دەستبەسەر پێنجوێن و ناوچەکانی دەوروبەری دەگرنەوە.
“ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی پێنجوێن”
بە ئامانجی وەرگرتنەوەی ناوچەکانی پێنجوێن، لە هێزەکانی شێخ مەحموود و دابڕینیان لە ناوچەکە و گەڕاندنەوەی بۆ ژێر دەسەڵاتی کارگێڕی حکومەتی ئێراقی و ئینگلیزەکان، هەروەها ناچارکردنی شێخ مەحموود بە ڕازی بوونی بە ڕێککەوتنە یازدە خاڵییەکەی نێوان و کۆتاییهێنانی یەکجارەکی جوڵانەوەکانی شێخ مەحموود لە ئەو ناوچە سنوورییانە، کە مەترسی بوون بۆ دەسەڵاتی ئینگلیز و حکومەتی ئێراقی، لە (١٨ی نیسان بۆ ٧ی ئایاری١٩٢٧)، ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی پێنجوێن و ناوچەکانی دەروبەری دەستی پێکردووە. ئەم ئۆپەراسیۆنە بە تۆمارکراوی لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی ئەفسەرانی ئینگلیز پێکهاتووە، بە ناوی (پرۆسەی داگیرکردنی پێنجوێن ١٨ی نیسان بۆ ٧ی ئایاری١٩٢٧)، کە لە لایەن فەرماندەی هێز جۆن گێلبەرت بڕاون نووسراوە، لەگەڵ حەڤدە پاشکۆ، کە باس لە ئامادەکارییەکانی سوپای ئێراقی، هێزی ئاسمانی، سوپای لیڤی و ئاشوورییەکان، وردەکاری هێرشەکان، نەخشەکان، ژمارەی هێزەکان، پێداویستییەکانی شەڕ و پزیشکی و تەواوی ئەو وردەکارییانەی، کە بۆ ئۆپەراسیۆنەکە گرتوویانەتەبەر خراوەتەڕوو، ئەفسەرانی هێزەکانی ئینگلیز لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا نووسیویانە و لە ئەرشیفخانەی نیشتمانی بەریتانیا پارێزراوە.
دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی پێنجوێن:-
- (١٢ی نیسانی١٩٢٧): جوڵاندنی بەشێکی هێزەکانیان لە موسڵەوە بە ئاراستەی سلێمانی.
- (١٣ بۆ ٢٢ی نیسان): پێدانی نەخشە و ڕووپێوی ناوچەکان و جوڵاندنی هیز بەرەو پێنجوێن، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی شێخ مەحموود.
- (٢٣ی نیسان): هێزەکانیان ڕۆشتوونەتە ناو پێنجوێن.
- (٢٥ی نیسان): ڕەزا بەگ، کە لە حکومەتی سێیەمی شێخ مەحمووددا سوپاسالار بووە و دوای ماوەیەک بووە بە هاوکاری ئینگلیزەکان، گەشتووەتە پێنجوێن و وەک بەڕێوەبەری نوێی پێنجوێن دەستبەکاربووە.
- (٢٦ی نیسان): هێزە ئاسمانییەکان پێشنیازی ئەوەیان کردووە، کە هێرشی ئاسمانی بکرێتە سەر چەند لادێیەک، چونکە هاوکاری ئەو کەسانەیان کردووەم کە هێرشیان کردووەتە سەر سوپای ئێراق.
- (٢٩ و٣٠ی نیسان): بۆمبارانکردنی گوندەکان دەستیان پێکردووە.
- (٧ی ئایاری ١٩٢٧): دوای جێگیرکردنی هێزەکان و پۆلیس لە پێنجوێن و خستنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، پاشماوەی هێزەکانیان گەشتوونەتەوە شاری سلێمانی.
(٦ی ئایاری١٩٢٧) سکرتێری نوێنەری باڵای ئینگلیز لە بەغداد، نامەیەک بۆ شێخ مەحموود دەنووسێت و دەڵێت: “بێگومان دەزانن، کە پێنجوێن لە لایەن سەربازانی حکومەتی ئێراقییەوە گیراوە، بەم نزیکانە ئیدارەی هەمیشەیی بۆ دادەمەزرێنین، لەبەر ئەمە مانەوەی جەنابتان و خێزانتان لەوێ مەحاڵە، بۆ کۆتاجار پرسیارتان لێ دەکەین، ئایا ئامادەن بەو مەرجانەی حکومەتی ئێراقی رازی بن، کە لە لایەن سەید ئەحمەد بەرزنجی بۆتان نێردراوە؟ ئەگەر مەرجی باسکراو لە لایەن جەنابتانەوە قبوڵنەکرا، دەبێت باش بزانیت، کە حکومەتی ئێراق دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ تۆدا دادەخات و دەست دەگرێت بەسەر ئەملاکی خۆت و شوێنکەوتووانت، هەروەها هەر ئیجرائاتێک حکومەت بە باشی بزانێت، بەرامبەرتان دەیکات.” بەهۆی خراپی ڕەوشی هێزەکانی و پشتکردنی چەند کەسایەتییەک لە دەوروبەرەکەی و پەیوەندییکردنیان بە حکومەتی ئێراقییەوە، (١٤ی حوزەیرانی١٩٢٧) مل بە ڕێککەوتنەکە دەدات و واژۆی دەکات. “ناهاوسەنگبوونی هێز، بەردەوام کوردی بۆ سەر مێزی دانوستانێکی لاواز پەلکێش کردووە، هەرچەندە بەدڵیشی نەبووبێت.”
سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە؛
- کورد لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیدا، د.عوسمان عەلی، وەرگێرانی/ کامەران جەمال بابان زادە، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠١٣.
- ڕاپۆرتی داگیرکردنی پێنجوێن لە ١٨ی نیسان تا ٧ی ئایاری١٩٢٧، وەرگێرانی/ ڕەوەند سەباح ئەحمەد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠١٩.
- ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە(١٨)، لە ٢٧ی مایسی ١٩٢٦.
- بزاڤی سیاسی و ڕۆشنبیری لە باشووری کوردستان، هەردی عومەر حەسەن، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٣.






































































