“ئەو پاڵنەرانەی یارمەتیدەرن بۆ لایەنگیریکردنی بەدکاران”
1. مەیلی شەڕانگێزانە (جۆکەر – Joker): لە تیۆرییەکی پزیشکی و دەروونناسیی نەمساویی زیگمۆند فرۆید (کە بە شێوازە زانستییە مۆدێرنەکان تاقی نەکراوەتەوە یان لێی نەکۆڵدراوەتەوە)، ئاماژە بەوە دەکات کە مرۆڤ بە سرووشت (بە فیترەت – زگماکەسرووشت) مەیلی بۆ توندوتیژی و سێکس هەیە، ئەمەش لە ڕێگەی شوێنکەوتنی کەسایەتییە بەدکارەکانەوە تێر دەبێت. هەروەها دەکرێت ئەم بابەتە بخرێتە ژێر بنەمای (مانەوە بۆ بەهێزترە)، چونکە کەسی توندوتیژ ئەو کەسەیە کە دەتوانێت ماف و دەستکەوتەکان بەدەست بهێنێت و زەوتیان بکات؛ ئەمەش لە ژیانی ڕۆژانەماندا دەبینین و لە فیلمەکانیشدا ڕۆڵی بەدکاران ئەم مەبەستە دەپێکێت. لە تیۆرییەکی بەناوبانگی قوتابییەکەیدا، زانای دەروونناسیی سویسری “کارل یۆنگ” باس لەوە دەکات کە هەر مرۆڤێک ساتەوەختی خراپەکاریی/بەدکاریی هەیە. یۆنگ ڕاڤەی ئەم بابەتە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بە (تیۆری سێبەر) ناسراوە، کە بریتییە لە (لایەنە تاریکەکە) لە کەسایەتی هەر مرۆڤێکدا، کە گوزارشت لە نیەتە خراپەکانی/بەدەکانی دەکات. ئەم ڕەهەندە/لایەنە زۆربەی کات هۆشیاریی مرۆڤ ئامادە نییە دانی پێدا بنێت! بۆیە لە ناو سێبەردا دەیشارێتەوە. ئەوە لایەنە تاریکەکەیە کە ئارەزوو دەکات وەڵامی هەموو ڕەمەک (غەریزە) و شەهوەتەکان/ئارەزووەکان بداتەوە، و ئەو لایەنەیە کە پابەندبوون بە یاسا و شەریعەت و داب و نەریتەکان ڕەت دەکاتەوە. لە کاتی باسکردنی (لایەنە تاریکەکە)دا کەسایەتی جۆکەر (The Joker)مان بیردەکەوێتەوە لە بەشی دووەمی سێیینە بەناوبانگەکەی باتمان ئەویش فیلمی باتمان: سوارچاکی تاریکی (Batman: The Dark Knight) ساڵی (2008) لە دەرهێنانی دەرهێنەری بەریتانی – ئەمریکی (کریستۆڤەر نۆلان) کە ئەکتەری ئوسترالی (هیس لیجەر) بە لێهاتووییەکی بێوێنەوە ڕۆڵی کارەکتەری جۆکەری گێڕا. تێیدا جۆکەر ئەو (لایەنە گەشاوەیە) نابینێت کە زۆربەمان دەیبینین، بەڵکو ئەو جیهانێکی تر دەبینێت کە پڕە لە خراپە و مەیلە توندڕە و پیسەکان کە لە دڵی خاوەنەکانیاندا حەشار دراون، ئەوانەی بەهۆی زۆر هۆکار ناوێرن گوزارشتی لێ بکەن کە یەکێکیان بوونی ڕێگری یاساییە.
لەم سۆنگەیەوە و بەهۆی دواندنە ناوازەکەی “هیس لیجەر” کە خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین ئەکتەری یاریدەدەر پێدرا، جگە لە هۆکارە دەرەکییەکانی تر وەک مردنی لەناکاوی “هیس لیجەر” پێش نمایشکردنی فیلمەکە و وەرگرتنی خەڵاتەکە، جۆکەر توانی سەرنجی ملیۆنان کەس لەوانەی فیلمەکەیان بینی کێش بکات و سەرسام بن بە کەسایەتییە بلیمەتەکەی. چونکە ئەو، ئەوە بەدی دەهێنێت کە زۆر کەس لە خەیاڵەکانیاندا هیواخوازی بوون و ئەوەی لە قووڵایی نیهان و دەروونیاندا شاردراوەتەوە؛ هەندێک لە ئێمە هیوای مردن بۆ ئەوانە دەخوازین کە ئازاریان داوین، یان هیوای زیان گەیاندن بە هاوکار یان بەڕێوەبەری کارەکەمان دەخوازین بەهۆی هەستی کینە بەرابەریان. ئەم جۆرە شتانەی کە لە قووڵایی دەروونی زۆرێک لە مرۆڤەکاندا نێژراون و بە ئەنقەست پشتگوێیان دەخەن بۆ پاراستنی وێنەی (باڵا و نموونەیی) خۆیان، جۆکەر دەرفەتێکی گەورەیان بۆ دەڕەخسێنێت بە ئاشکراکردن و بەجەستەکردنیان لە دیمەنە دیالۆگئامێزە فەلسەفییە قووڵەکان و دیمەنە ئاژاوەگێڕییە پووچگەراییەکاندا (نیهلیستییەکان)، کە تێیدا هەموو نەیارەکانی دەکوژێت، چ لە مافیاکان بن یان تەنانەت پۆلیس کە پێی وایە جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ مافیاکاندا نییە… کەواتە جۆکەر یەکێکە لە نوێنەرانی ئاژاوە و پشێویی (I’m an agent of chaos).
بە پێچەوانەی زۆرێک لە بەدکارانی سینەماوە، کارەکتەری جۆکەر خاوەنی هیچ هێزێکی نائاسایی نییە، وی تەنها نوێنەرایەتی ڕەهەندە/لایەنە تاریکەکی ناو هەر مرۆڤێک دەکات، کە زۆر کەس ئاواتەخوازن تێیدا بژین بێ ئەوەی هیچ یاسا و سنوورێک کۆتیان بکات. جۆکەر باوەڕی وایە مرۆڤەکان تەنها تا ئەو کاتە بە یەکگرتوویی دەمێننەوە کە کارەساتێک ڕوودەدات، ئەو کاتە ئیتر لەسەر هەمان پرەنسیپ و ئەخلاقی خۆیان نامێننەوە، بەڵکو دەگۆڕێن بۆ دڕندەیەک کە یەکتر دەخۆن، و هیچ شتێک ڕێگرییان لێ ناکات تەنها بوونی حکومەتەکان یان ئەوەی ناوی لێناون” پیلانگێڕەکان” (Schemers) و هەندێک دەمامکی کۆمەڵایەتی دووڕووانە نەبێت. جۆکەر بەم کارەی دەیەوێت ئەو نەریتانە بشکێنێت کە مرۆڤەکان تێیدا دەژین؛ چونکە ئەو یاسا کۆمەڵایەتییانە بە لای ئەوەوە تەنها گاڵتەجاڕییەکی بێمانان، یان ڕێککەوتنێکی کاتین کە مرۆڤەکان بە شێوەیەکی نافەرمیی دەیپارێزن. کارل یۆنگ (فەیلەسوفەکە) لە تیۆرییەکی پێشتریدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆر پێویستە درک بە هەبوونی ئەم (سێبەرە) بکەین لە ژیانماندا و وەڵامی نەدەینەوە؛ بۆ ئەوەی لەلایەن ئەم بەدکارە شاردراوەی نێو ناخمانەوە دەستمان بەسەردا نەگیرێت، کە لە کۆتاییدا ڕەنگە بەرەو لایەنگیریکردنی بەدکارانمان بەرێت. یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی مەیلی شەڕانگێزی بریتییە لە “ئارەزووی تۆڵەسەندنەوە”، هەندێک لە توێژەران پشکنینی تیشکییان بۆ مێشک ئەنجامداوە و تێیدا هێزی پاڵنەری تۆڵەسەندنەوەیان لە لای مرۆڤ سەلماندووە، و چۆن ئەمە سەرچاوەیەکی گەورەی ئارامی و چیژبەخشینە بەو کەسە. ئەمەش بۆمان ڕوون دەکاتەوە بۆچی کاریگەر دەبین بە دیمەنەکانی تۆڵەسەندنەوە لە فیلمەکاندا، تەنانەت ئەگەر تۆڵەسێنەرەکە کەسێکی بەدکاریش بێت، و، تەنانەت وادەکات حەزمان لە چیرۆکە تۆڵەسێنەکان بێت وەک ڕۆمانی بەناوبانگی (The Count of Monte Cristo)ی نووسەر ئەڵێکساندەر دۆما کە زۆر فیلمی لێ وەرگیراوە لەوانە فیلمی میسری میری تۆڵەسەندنەوه (امیر الانتقام) ساڵی (1950)، ڤی بۆ تۆڵەسەندنەوە (V for Vendetta) ساڵی (2005)، یان تەنانەت فیلمی دێدپوڵ (Deadpool) ساڵی (2016).
2. هەرەمی ماسلۆ بۆ پێداویستییە مرۆییەکانز: ئەمە تیۆرییەکی دەروونناسیی بەناوبانگە کە لەلایەن دەروونناسی ئەمریکی ئەبراهام ماسلۆ (Abraham Maslow) داڕێژراوە، و باس لە ڕیزبەندی پێداویستییەکانی مرۆڤ دەکات. کورتەی ئەم تیۆرییە لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت دەبێتەوە؛ مرۆڤ درک بە پێویستی و بۆ شتی دیاریکراو دەکات، ئەم پێداویستییەش کاریگەری لەسەر ڕەفتارەکانی دەبێت. ئەو پێداویستییانەی کە تێر نەکراون دەبنە هۆی دروستبوونی شڵەژان و پشێوی لای تاک، بۆیە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ تێرکردنی ئەو پێداویستییانە دەدات. پێداویستییەکان لە هەرەمێکدا پلەبەندی کراون کە لە بنکەیەکەوە بە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی پێویست بۆ مانەوەی مرۆڤ دەست پێ دەکات، پاشان بە پەیژەیەکدا سەردەکەوێت کە ڕەنگدانەوەی گرنگیی پێداویستییەکانە. ڕیزبەندییەکە لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەم شێوەیەیە؛ “پێداویستییە فیسیۆلۆژییەکان-پێداویستییەکانی ئاسایش-پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان-پێویستی ڕێزگرتن و نرخاندن-پێویستی خۆسەلماندن”.
مرۆڤ پێویستی بە دابینکردنی پێداویستییە فیسیۆلۆژییە بنەڕەتییەکان هەیە لە ژیاندا وەک (هەناسەدان، خۆراک، ئاو، خەوتن، سێکس، هاوسەنگی، دەردانی پاشەڕۆ)، وەک چۆن لە خواری خوارەوەی هەرەمەکەدا نیشان دراوا. دوای بەدیهێنانیان، بە دوای ئەوانەی سەروتردا دەگەڕێت وردە وردە بەرەو لوتکە هەرەمەکە. مرۆڤ ناتوانێت بۆ پلەیەکی بەرزتر سەرکەوێت مەگەر پلەیەکی خوارەوەی مسۆگەر نەکردبێت. کاتێک مرۆڤ لە پێداویستییە فیسیۆلۆژییە بنەڕەتییەکان و پاشان پێداویستییە دەرونییەکان بێبەش دەبێت؛ لە ئەنجامدا لە دوایین پلە (خۆسەلماندن)دا شکست دەهێنێت. بەمەش بە ئاسانی بەرەو هەستی قین و ڕق کینە بەرابەر ئەو کەسانە دەچێت کە توانیویانە هەندێک لەو پیداویستییانە بەدەست بهێنن کە ئەو لێیان بێبەش بووە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی پێگەیشتنی (گەیین) دەروونیی پێویست. لە ئەنجامدا، ئەمە وای لێ دەکات پەنا بۆ ڕێگەی نایاسایی و ناڕەوا ببات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگەی لایەنگیریکردنی کەسانی بەدکار و چاولێکردنیشیان بێت.
3. وەڵامدانەوەی مەرجدار “تیۆری مەرجدارکردنی کلاسیکی”: ئەمە تیۆرییەکی ناوداری زانای فیسیۆلۆژیی ڕووسی ئیڤان پاڤلۆڤ (Ivan Pavlov)ە، کە تێیدا “مەرجداکردنی کلاسیکی” وەک یەکێک لە زاراوە گرنگەکانی دەروونناسی و فەلسەفەی ڕەفتار دادەنرێت. ئەم تیۆرە باس لە پڕۆسەی فێربوون دەکات لە ڕێگەی ئەوەی کە بە (هاندەر و پەرچەکردار) دەناسرێت؛ بە واتایەکی تر، لێکۆڵینەوە لە کاردانەوە (پەرچەکردار)ی مرۆڤ یان ئاژەڵ بەرابەر بە هاندەرێکی دیاریکراو و بەستنەوەی ڕەفتارەکانی بەو هاندەرەوە دەکات. “ئیڤان پاڤلۆڤ” لە تاقیگەکەیدا خەریکی توێژینەوە بوو لەسەر پڕۆسەی هەرسکردن لای سەگەکان، تێبینی ئەوەی کرد کە سەگەکە لیکی دەهاتەوە کاتێک خواردنی دەخرایە بەردەم. لە سەرەتای تاقیکردنەوەکەدا، سەگەکە تەنها لە کاتی هەبوونی خواردندا لیکی دەهاتەوە، لە کاتێکدا هیچ هاندەرێکی تری وەک “دەنگ” نەدەبووە هۆی دەردانی لیک. دوای ئەوە، پاڤلۆڤ هاندەرێکی دەنگیی-بیستەکی-بۆ هاندەری خواردنەکە زیاد کرد؛ لە کاتی پێشکەشکردنی خواردنەکە زەنگێکی لێ دەدا؛ واتە هەردوو هاندەرەوە (زەنگ و خواردن) پێکەوە پێشکەش دەکران، هەرچەندە بێگومان یەکێکیان هۆکاری سەرەکیی دەردانی لیکەکە بوو. سەبارەت بە زەنگەکە، ئەوە بە تەنها نەدەبووە هۆی هیچ پەرچەکردارێک بۆ سەگەکە، بەڵکو تەنها هاوەڵی خواردنەکە بوو، بەم شێوەیە لە کاتی هەبوونی هەردوو هاندەرەکەدا لیکەکە دەردەدرا-دەردەچوو. دوای چەندین دانیشتنی دووبارە، سەگەکە دەستیکرد بە کارلێککردن لەگەڵ دەنگی زەنگەکە بەبێ هەبوونی خواردن، بە هەمان ئەو شێوەیەی کە لە کاتی هەبوونی خواردندا کارلێکی دەکرد: واتە بە دەردانی لیک. بەم شێوەیە ” پەرچەکرداری مەرجدار ” کە پێشتر لەلای سەگەکە نەبو، بە شێوەیەکی دەستکرد دروستکرا. بە بەراوردکردنی ئەم تاقیکردنەوەیە لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا، بۆت دەردەکەوێت کە بۆ نموونە کاتژمێر (5)ی ئێوارە لای هەندێک کەس پەیوەستە بە کۆتاییهاتنی دەوامی ڕۆژانە، کە ئەمەش واتای دڵخۆشی بە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەگەیەنێت. کۆتایی مانگ پەیوەستە بە مووچەی مانگانەی، یان وێنەی مهعشوقێک پەیوەستە بە یادەوەرییە جوان و خۆشەکانەوە، ئەگەر شێوەی کەسێکی ” بەدکار ” بۆ نموونە بە بۆنە دڵخۆشکەرەکانی وەک جەژنی هاڵۆوین یان بەهەندێک دەستکەوتەوە ببسترێتەوە وەک ئەوەی لە فیلمە دۆکیۆمێنتەریەکاندا دەبینرێت، ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی پشتگیریکردنی پەیوەندییەکە و زیادبوونی قبوڵکردنی ئەو کەسایەتییە. لێرەوە، کەسەکە لاری نابێت لە قایلبوون و پاتە کردنەوەی دروشمە بریقەدارەکان، وەک “سەرکردەی خۆشەویست و فریداڕەسی چەوساوان”، بەمەش پەیوەندییەک لە نێوان ئەو و چەمکەکانی هێز و ئازادی و بەختەوەریدا دروست دەبێت. هەروەها زیانی نییە ئەگەر زۆرێک لە گۆرانییە نیشتیمانییە کاریگەرەکان و هونەرمەندە ناودارەکان بەسەرکردەکانەوە ببەسترێنەوە، تا لە خەیاڵ و مێشکی گەلاندا ئەم سەرکردەیە بەو دەستکەوتانەوە گرێ بدرێت. بۆ نموونە کاتێک هونەرمەندێکی خاوەن بڕوا و جەماوەرێکی زۆر لە سیناریۆیەکی “بەدکاری واقیعی”دا بەکاردەهێنردرێت، ئەمە زۆربەی جار هاوسۆزی خەڵک بۆ ئەو کەسایەتییە دەجوڵێنێت، تەنانەت خۆشەویستی جەماوەر بۆ هونەرمەندەکە بە کەسایەتییە بەدکارەکەوە دەبەسترێتەوە ئەگەرچی بشزانرێت بەدکارە. ئەمەش ئاماژەیە-نیشانەیە- بۆ کاریگەریی سینەما و هونەر لە دروستکردنی هۆشیاریی گەلاندا.
یەکێک لە بەستەرە مەرجدارە بەناوبانگەکان، گرێدانی “جوانییە بە بەدکارییەوە”؛ تێبینی دەکرێت کە زۆرێک لە پاڵەوانانی ڕۆڵی بەدکار لە فیلمەکاندا، خاوەن جوانی و سەرنجڕاکێشییەکی زۆرن، بە پێچەوانەی واقیعەوە. ئەمانە دوو هۆکارن کە توێژینەوە دەروونییەکان سەلماندوویانە خەڵک وا بڕوا دەکەن ئەو کەسانەی هەڵگری ئەم خاسیەتانەن، زیرەکتر و سەرکەوتووتر و بەختەوەرتر و کاریگەرترن. وەلێ ئەمە ڕەنگدانەوەی ژیانی بەدکارە ڕاستەقینەکان نییە کە لە هەواڵەکان و دادگاکاندا دەیانبینین. بە دەربڕینێکی تر وەک ژمارەیەک لە توێژەران دەڵێن؛ “زۆرێک لە بەدکارە بەناوبانگەکان لە کایەی هونەر و چوارچێوەی کولتووردا، زیاتر لە کەسانی باش دەچن کە تێگەیشتنێکی هەڵەیان بۆ کراوە، نەک وەک کەسانی خراپ”. ئەمەش وتەی ڕۆماننوسی ڕووسی (لیۆ تۆڵستۆی)مان بیردەخاتەوە کە دەڵێت؛ “وەهمێکی سەیرە وا گریمانە بکەین جوانی باشەیە”. لە هەمووشی سەیرتر، ئەو دیاردەیەیە کە خەریکە بڵاودەبێتەوە؛ کاتێک هەندێک لە دامەزراوەکانی ڕیکلام و پڕوپاگەندە پێشنیار بۆ ئەو زیندانییانە دەکەن کە سیمایان جوانە، تا وەک نمایشکاری جلوبەرگ (مۆدڵ – Models) یان بۆ هەر مەبەستێکی تری ڕیکلامکاری کاریان لەگەڵ بکەن.
ئەم وەرگێڕانە پێشکەشە بە؛ تریفە یابەحری
نووسینی؛ د. محەمەد ئەلهەمشەری
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد






































































