یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە زمانی کوردی، زمانێکی دەوڵەمەند و فرە دەربڕین بێت، ئەوەیە کە چەند شێوەزارێکمان هەیە، هەر خۆی بوونی چەند شێوەزارێکی زمانی کوردی، بەڵگەی ئەوەیە کە زمانەکەمان ڕەسەن و سەربەخۆیە و لق و پاشکۆی هیچ زمانێکی تر نییە. ئەوە حاڵەتێکی سرووشتیی زمانە و نیشانەی دەوڵەمەندییە، کە بۆ هەندێک وشە، چەند وشەیەکی هاو واتامان هەیە، لە زمانەکانی تریشدا هاو واتایی هەیە. زمان بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، هەمیشە خۆی نوێ دەکاتەوە، وشەی نوێ، بەتایبەت لە بواری زانستی و تەکنۆلۆژیادا دروست دەبن و دێنە ناو زمانەکەوە، لە بەرامبەریشدا وشەمان هەیە کەمتر لە جاران بەکاردێت و فەرامۆش دەکرێت. بەدڵنیاییەوە ڕاگەیاندنەکان و سۆشیالمیدیا کاریگەرییان لەسەر ئەم بابەتە هەیە، لەم باسەدا ئاماژە بە فەرامۆشکردن، یاخود کەم بەکارهێنانی هەردوو وشەی (کوێر) و (مردن) دەدەین.
– کوێر
ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەبینین، بەرامبەر بە وشەی (کوێر) دەڵێن؛ نابینا، یان خاوەن پێداویستی تایبەت. مەبەستم ئەوە نییە ئەم دەربڕینە نەڵێن، تەنها سەرنجم لەسەر بەکارنەهێنانی وشەی (کوێر)ە، ئایا وشەی (کوێر) هیچ نەنگی و شەرم و بێڕێزییەکی تێدایە، وا بەکاریناهێنین؟! ئەم وشەیە ناساندنە بۆ حاڵەتێکی تایبەتی ئەو مرۆڤانەی، کە چ لە زکماکەوە بێت؛ چ بەهۆی ڕووداوێکەوە بێت، چاویان نابینێت، ئەمەش لە دەسەڵاتی مرۆڤەکەدا نییە، بۆیە هیچ شەرم و نەنگییەک لە بەکارهێنانی وشەکەدا نییە.
- ئەگەر سەرنج بدەین، وشەی (کوێر) لە زمانی کوردیدا زۆر چالاکە، دەتوانین لەگەڵ وشەی تردا، دەیان وشەی نوێی لێ دروست بکەین:-
کوێرەکردن:- نەتەقینی فیشەک (نیشانە نەدان).
گرێ کوێرە:- گرێیەک، کە زۆر بەگران بکرێتەوە.
کوێرەدێ:- بە دێیەکی بچووک و چەپەک دەوترێت، کە ماڵی زۆر تێدا نەبێت.
کوێرەڕێ:- ڕێگای باریک، بە کەمی هاتوچۆی پێدا بکرێت.
کوێرەکانی:- کانییەک کە ئاوی کەم بێت، شوێنێکە لە کاتی خۆیدا کانی بووە و دوایی ئاوی لێبڕاوە و لە کانێتی کەوتووە.
کوێرەمار:- جۆرە مارێکی کوێری کوشندەیە.
شەمشەمەکوێرە:- باڵندەیەکی شیردەرە.
زەین کوێر:- بە کەسێک دەوترێت زوو شتى لەبیر دەچێت، درەنگ فێرى شت دەبێت، ئەوەیشى فێرى دەبێت، زوو لەبیرى دەچێتەوە.
وەجاخ کوێر:- کەسێک کە منداڵی نییە.
قەرز کوێر:- کەسێک کە قەرز دوادەخات.
گوێزەکوێرە:- گوێزێک بە زەحمەت کاکڵەکەی دەربێت.
ناوی کوێربووەتەوە:- ناوی سڕاوەتەوە، لەبیرچووەتەوە، فەرامۆشکراوە.
شەوکوێر:- نەخۆشییەکە تووشی گیاندار دەبێت، بەشەو چاوی نابینێت، چاوی ڕەشکە و پێشکە دەکات.
ڕیخۆڵەکوێرە:- نەخۆشییەکی کۆئەندامی هەرسە.
کوێرەوەریی:- سەغڵەتی و دەردەسەریی لە کاروباردا.
– لە شیعری کلاسیک و شیعری نوێشدا، بەبێ هیچ دوو دڵی و سڵەمینەوەیەک (کوێر) وەک وشەیەکی سەربەخۆ و مانادار بەکارهاتووە:-
نالی:
بیناییم کوێرە، هەڵنایێ بە ڕووی کەس
موژەم یەک یەک، دەڵێی: بزمارە بێ تۆ
سالم:
چاوەکانت هەردوو کوێر بن، دەستەوئەژنۆ دانیشی
زیندەگیت زەهری هەلاهیل بێ، مەماتت قەت نەبێ
کوردی:
کوێر بووە هەر وەکوو یەعقووب، بەخودا دیدە لە بۆت
سا بنێرە وەکوو یۆسف، بۆ شفای دیدە لە بۆت
پیرەمێرد:
کوێر و حافیزە جوولەکە و حیساب
بەنگ و کەساسی دەوڵەت و شەراب
قانع:
دە ڕەببی کەڕ ببێ گوێیێ نەبیسێ، شینی هاوخوێنی
خوا ئەو چاوە با کوێر بێ، کە چاو بۆ خەڵقی هەڵبێنێ
بێخود:
سەیری تۆی گەر پێ نەکەم، کوێر بم ئەگەر چاوم بوێ
وەسفی تۆی گەر پێ نەکەم، لاڵ بم زمانم بۆ چییە!
زێوەر:
نەهاتیمە، کە وەعدت دا، نەهاتی
سپی بوو کوێر بوو، چاوی ئینتیزاری
سەید کامیل ئیمامی:
کوێر و نابینایه، ئێستا ئەو له داخی ڕۆژی ڕووت
بۆیه ڕەشپۆش و فەقیر و مات و بەستەزمانه شەو
هێمن:
ئەگەر چاو و هەناوم (کوێر) بکەن دیسان
بە ڕۆژی پڕ تەم و تاریش دەڵێم کوردم
ئەخۆل:
هەردوو چاوم کوێر بوو هێند گریام، لە هیجرت بێڕەحم
هەر نەهاتی وەختە بمرم، جان فیدای جانت ئەکەم
شێرکۆ بێکەس:
سەرسام مەبە ئەگەر بڵێم
لای ئێمە ڕێوی شێرە
چەقەڵ بەسەر شێرا نێرە
مشک پشیلە ڕاوئەنێ
داڵ بە ھەڵۆ پێئەکەنێ
کوێر چاوساغە، چاوساغ کوێرە!
عەبدوڵڵا پەشێو:
دەستت بڕزێ، چاوت کوێر بێ
ڕێگەی ڕاستت کێوی قافی پڕهەڵدێر بێ
هەی کرم لە گۆشتت بدا
شێرپەنجە بە خوێنت فێر بێ
تۆ دەزانی ئەوەی کوشتت چ بوو، کێ بوو؟
پێشمەرگە بوو
پشت و پەنا، تێشووی ڕێ بوو…
– لە پەندی پێشیناندا، کە لە دووتوێی دێڕەکانیدا، زمانی گفتوگۆ و قسەکردنی ڕۆژانەی خەڵک ڕەنگیداوەتەوە و ئاوێنەی ڕۆژگار و سەردەمەکەیەتی، بەکارهاتووە:
– کوێر تا دەمرێ، بەتەمای دوو چاوی ساخە.
– نە بۆ کوێر هەڵپەڕە، نە بۆ کەڕ گۆرانی بڵێ.
– ھاتەوە بیرم، پەندێکی زەریف، ئەم چاوە کوێر بێ، نابینێ حەریف.
مرد، یان مردن
مرد، یان مردن، بەهەمان شێوە، لە ئێستادا لە زمانی نووسین و ڕاگەیاندا فەرامۆشکراوە، هەرچەندە لە زمانی کوردیدا، بۆ مردنی هەریەکە لە مرۆڤ و ئاژەڵ و پەلەوەر، تەنانەت بۆ دارو درەختیش، دەربڕینی تایبەتمان هەیە:
بۆ مرۆڤ: مردن.
بۆ پەلەوەر و باڵندە: مرداربوونەوە.
بۆ، ئاژەڵێک کە گۆشتی نەخورێت: تۆپی.
بۆ دارو درەخت: وشکبوون بەکاردێت.
بەڵام لە ئێستادا بەرامبەر بە مردن وشە و دەربڕینی تر بەکاردێنین، کە زیاتر نزیکە لە شێوازی زمانی عەرەبییەوە، بۆ نموونە: وەفاتی کرد، ژیانئاوایی کرد، ماڵئاوایی کرد، گیانی لەدەست دا، گیانی سپارد، چووە بەر دلۆڤانی خودا، کۆچی دوایی کرد… لە کۆنەوە کورد دەڵێت: فڵانە کەس مرد، یان مردووە. ئێستا مردن بۆ بووە بە ژیانئاوایی؛ یان گیانی لەدەست دا؟! خۆ گیانی لە دەستی خۆیدا نەبووە، تا لە دەستی بدات. بەکارهێنانی وشەی مردن، هیچ نەنگی و شەرمێکی تێدا نییە، باشترین بەڵگەش بۆئەوەی بزانین پێشینانمان چییان وتووە، شیعرە. لە نموونەی شیعرەکاندا، هەوڵدەدەین، شیعری کلاسیک و نوێ و شاعیرانی شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان وەربگرین:-
نالی:
دوور لە تۆ ئیدی مەپرسە قوربان
حاڵی نالی کە نە مرد و نە ژیا
سالم:
یار ئەگەر ئەمری بە مردن بێ، نە مردن موشکیلە
بێنە بۆ هەرچی بڵێ، بۆ من نەبردن موشکیلە
مەحوی:
لەسەرخۆچوونە، شەیدابوونە، قوڕپێوانە، سووتانە
هەتا مردن مەحەببەت ئیشی زۆرە ڕێزی لێ دەگرم
کەسێکی ھەرزە بە مەجنوونی وت: خەلیفە کە مرد
وتی بە من چی ئەتۆ بمرە چاوی لەیلا خۆش
حەمدی:
بە لەیلا بۆ دەڵێن مەجنوون، کە مرد دێوانەیێ کەمتر
لە دارولعیشقی دنیادا، بڵێن فەرزانەیێ کەمتر
حەریق:
زاهیرەن فەرمووتە، وەختی مردنی، حازر دەبم
وا لە خۆشی مردنم، دەمرم، دەسا ئینسافە بەس!
ڕۆژهەڵات، وەفایی:
دڵ بە مەحزی ڕوئیەتی زوڵفت بە ڕوودا کەوت و مرد
مرد و نەمزانی، نە گەنج خستی، نە ماری پێوەدا
گەرمیان (کفری)، لەتیف هەڵمەت:
کە دایکی مرد
ئەوەندە شیعری لاوانەوەی
بە فرمێسک بۆ نووسی
بوو بە شاعیر
سەعدی شیرازی نا
لەتیف هەڵمەت…
چەمچەماڵ (سەنگاو) مارف عومەر گوڵ:
کە دایکم مرد، مەلۆتکە بووم
داپیرەم مرد، لە ماڵ نەبووم
باپیرەم مرد، لە ماڵ نەبووم
باوکیشم مرد، لە ماڵ نەبووم
ترسم هەیە خۆیشم بمرم، لە ماڵ نەبم!
هەولێر، دڵشاد عەبدوڵڵا:
ئەو جانتایەی بە شانمەوەیە
سێ شتی تێدایە:
یەکیان: سەعاتەکەی باوکم
هەتا مرد دەققە بە دەققە دەیژمارد
کەی دەگا بە ئاوات.
دووەمیان: چارۆگەکەی دایکم
ئەو پرچەی پێ دادەپۆشی
کە نەیهێشت غەریبێک بیبینێ.
ئەوەی تریان دەفتەری شیعرەکانمە
هەتا دەمرم نامەوێ ملکەچ بن.
سلێمانی، ژەنڕاڵی پاییز:
مردن پێم ئەڵێ تۆ تەواو شێتی
وشە جێی ژانتی تیا نابێتەوه
سەرخه سەر سنگم… چاوانت لێك نێ
کەس نییه فرمێسک بخوێنێتەوە
– پەندەکانی پیرەمێرد، کە سەرچاوەکەی پەندی پێشینانە:
دەوڵەمەند ئەمرێ بەڕێز و پۆشتە
ئەو شینەی ئەیکەن بۆ چێشت و گۆشتە
فەقیرێک ئەمرێ کەس پێی نازانێ
پاش مانگێک ئەڵێن فڵان کەس کوانێ؟!
مردن بە عیززەت تەنها جارێکە
ژیان بە زیان گرانبارێکە
پێم بڵێ ڕۆڵە لەبەرت دەمرم
خشتم تێبگری، بەردت تێدەگرم
پەندی پێشینان:
مردن، مردنە، لنگەفرتێ چییە؟
حەوتی بمرێ لە باوان، کلی نابڕێ لە چاوان!
مهخوازه ئاوات به مردنی کهس
عهمری تۆش دهڕوا وهک من به عهبهس
کورت و پوخت: لە زمانی ئاخافتنی ڕۆژانە و لە ئەدەبییات و زمانی نووسیندا، لە دەیان شیعر و ئیدیۆم و پەندی پێشینان و قسەی نەستەقدا، بەبێ هیچ شەرم و سڵەمینەوەیەک (کوێر) و (مردن) بەکارهاتووە، وشەی (کوێر)یش وەک وشەکانی تری زمانی کوردی، بۆ نموونە: قەڵەو، زەعیف، لاواز، باڵابەرز، کورتەباڵا… جۆرێک لە وەسف و ناساندنە و باس لە حاڵەتێکی تایبەتی مرۆڤ دەکات، کە لە دەسەڵاتی مرۆڤ خۆیدا نییە ئەگەر چاوەکانی نەبینێت، هەر بۆیە هیچ لە شکۆ و ڕێزی مرۆڤەکە کەم ناکاتەوە؛ چونکە ڕێزی مرۆڤەکان بە ئاکار و کردار و گوفتاری خۆیانەوەیە، نەک بە شێوە، ڕەنگ، ڕوخسار، ڕەنگی پێست و لەشولاریان!
ئەگەر ئەم دوو وشەیە (کوێر) و (مردن) شەرم و نەنگی و بێڕێزیی تێدابووایە، چۆن پێشینانمان لە پەند و شیعر و ئەدەبییاتدا بەکاریان دەهێنا؟! یان لانیکەم بۆ خۆیان و لە وەسفی خۆیان و مردنی ئازیزانیاندا بەکاریان نەدەهێنا.
سەرچاوەکان؛
– بەشێک لە فەرهەنگەکانی زمانی کوردی، فەرهەنگی خاڵ، هەنبانەبۆرینە، فەرهەنگی کورد واتەنی، ع. ع. شەونم.
– شیعرەکان لە دیوانی شاعیرانی کلاسیک و کتێب و بەرهەمە شیعرییەکانی شاعیرەکانەوە، بەشێکیشیان لە واڵی (ڤەژینبوکس)ەوە وەرگیراون.
– پەندەکانی پیرەمێرد.






































































