“کلاوزڤیتز دهڵێت؛ ئامانجی هەموو جەنگێک مەسەلەیەکی سیاسییە.”
جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران؛ یەکێکە لە کێشە سیاسییە ئاڵۆز و گەورەکانی سەردەمی نوێ. ئەم جەنگە، نەک تەنها لە ڕووی هێزی سەربازی بەڵکو لەڕووی ئابووری و تەکنەلۆژیا و ڕاگەیاندنیشەوە ئاڵۆزتر دەردەکەوێت. زۆرجار لێدوان و گفتوگۆکان دەربارەی جەنگ، تەنها سەرنج دەدەنە سەرکەوتنی لایەنێک و شکست هێنانی لایەنەکەی دیکە، بەڵام ئەو قوربانییانەی دەرئەنجامی جەنگەکانن، کەمتر جەختیان لەسەر دەکرێتەوە، کۆتایی جهنگێکی لەو شێوەیە ئهستهمه یەکلایی بکرێتەوە و لایەنێک بانگەشە بۆ سەرکەوتنی خۆی بکات. هەروەک دەردەکەوێت جەنگ ململانێیەکی چەکداری یان ئابووری یان ئایدۆلۆژی، یان فیکری درێژخایەن یان کورتخایەنە، بەداخەوە ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانی مرۆڤایەتییەوە بووە بە یەکێک لە بەردەستترین و خێراترین شێواز و رێگاکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لە کاتێکدا جەنگ بە شێوەیەکی گشتی چارەسەری ڕاستەقینەی کێشەکان ناکات، بەڵکو زۆرجار کێشەکان قووڵتر و ئاڵۆزتر و فراوانتر دەکات. مێژووی مرۆڤایەتی بە جەنگ دەستی پێكردووە ،دواتر جەنگی بەردەوامی مرۆڤایەتی دەستپێدەكات.
جەنگ بە یەكێك لە دێرینترین و کۆنترین چالاكی مرۆڤ دادەنرێت وەك بابەتێکی گرنگ و تێکەڵ بە سیاسەت بووە بە بەشێك لە زانستی سیاسی. “كلاوزڤێتز” وادەڕوانێتە جەنگ كە درێژەپێدەری سیاسەتە، بەڵام بە شێوەیەكی دیكه و بەكەرەستە و ئامرازی دیكه جەنگ لەڕووی هۆکارەکانی؛ سیاسی وەك ململانێ لەسەر سەرچاوەكان و بەرژەوەندییەكان، هۆكاری ئایدیۆلۆژی و هزری و هۆكاری ئابوورییانە توێژینەوەی لەسەر دەکرێت. “كلاوزڤیتز” وەك لێكۆلەر و هەڵسەنگێنەری تیۆری و پراكتیكی و تەواوی لایەنەكانی جەنگ دەناسرێت، بە گرنگترین و كاریگەرترین بیریار و هزرڤانی بواری جەنگ و ستراتیژی و سەربازی دادەنرێت. “كلاوزڤیتز” دەڵێت ئامانجی كۆتایی هەموو جەنگێک؛ “هەر چییەك بێ مەسەلەیەكی سیاسییە”. هەورەها پێی وایە جەنگەکان ڕەنگدانەوەی سیاسەتن، كەواتە بۆ ئەوەی بتوانرێت جەنگ كۆنترۆڵ بكرێت، دەبێت لەژێر بڕیاری سیاسەتدا بێت. كاتێك دەگوترێت جەنگ درێژكراوەی سیاسەتە، مانای ئەوەیە ئامانجێكی سیاسی دیاریکراو هەیە، سەرەتایەك بۆ دەستپیكردنی جەنگ و هەروەها كۆتاییەك هەیە. جەنگ چەندین ئامانج و هۆكار و پاڵنەر و یاسا و شێوازی جۆراو جۆری هەیە، هەر لە جەنگە كلاسیکییەکانەوە تا جەنگە سیاسی و ئابووری و ئایدۆلۆژییەکان و… هتد.
“كلاوزڤیتز” بۆچوونی وایە؛ ئامانجی سیاسی جەنگ دوو شتە، یان نابووتکردن و نەهێشتنی دوژمن و كۆتایی هێنان بە مانەوەی وەك دەوڵەتێك، یان سەپاندنی مەرجەكانی ئاشتییە. بەڵام خاڵی یەكەمی “كلاوزڤیتز” لە سەردەمی ئێستادا تا ڕادەیەك ئەگەرێكی ئهستهمه كە باس لە كۆتایی هێنان بە دەوڵەتێك دەكات، جەنگێك كە ئامانجێكی لەو شێوەیە هەڵبگرێت ئەگەرێكی ئهستهمه بەڵام مەحاڵ نیە. دەكرێت ئامانج لێی بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكمرانی یان ڕژێمی وڵاتەكە بێت، وەك ئەوەی لە پەرەسەندنێکی کتوپڕ و مێژووییدا؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پشتگیریی خۆی بۆ “گۆڕینی ڕژێم لە ئێران” دەربڕی. کاتێک لە ترەمپ پرسیار کرا؛ ئایا دەیەوێت ڕژێمی تاران بگۆڕدرێت؟ لە وەڵامدا وتی؛ “پێدەچێت ئەوە باشترین شت بێت ڕوو بدات.” هەرچەندە نەیویست ناوی هیچ کەسێک بهێنێت بۆ جێگرتنەوەی دەسەڵات، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە “کەسی شیاو هەن.” خاڵی دووەمیش؛ كە “كلاوزڤیتز” مەبەست لێی سەپاندنی مەرجەكان یاخود سەپاندنی هەژموونە بەسەر دەوڵەتەكە، هەروەها ئامانجی گشتی هەر جەنگێک مەبەست لێی پاراستن و گەشەپێدانی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە نیشتیمانییەكانە. بۆیە جەنگیش وەک هەر دیاردەیەکی دیكه جا ڕامیاری، ئابووری یان کۆمەڵایەتی، پێویستی بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و شیکردنەوەی زانستییانە و بابەتییانە هەیە، هەروەک ئاماژەمان پێدا؛ جەنگ کۆنترین دیاردەیە تا ئێستا لە ناو مرۆڤایەتیدا ماوەتەوە، هەموو جەنگێک دۆخێکی نەخوازراو دەهێنێتە کایەوە، دۆخێک، دوای جەنگ لێکەوتەکانی کار دەکاتە سەر تاک و ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیان و کاریگەری دەروونی و سایکۆلۆژی لەسەر کۆمەڵگا جێدەهێڵێت.
دەتوانین بڵێین بەگشتی دەرئەنجامی جەنگ بریتییە لە؛ لە دەستدانی خودی مرۆڤ و لێکەوتەکانی دوای جەنگیش بریتیین لە تێکچوونی دۆخی دەروونی کە مرۆڤ هەست بەبێ بەهابوون و بێ هیوایی دەکات، فەزای دوای جەنگ فەزای دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و ترس و سترێس و نەبوونی متمانەیە بە ئەویتر بە گشتی، مەترسیدارترین نەخۆشییەکان نەخۆشییهكانی دوای جەنگن، لەپاڵ ئەمانەدا لێکەوتەیەکی تری جەنگ زیانگەیاندنە بە ژینگە، چونکە دواجار مەیدانی جەنگەکان ژینگەیە و دەوڵەتە بەشدارەکانیش سهرنجیان لەسەر کوشتن و دیل و بریندار و ئەو ناوچانەیە کە دەستی بەسەردا دەگرن، نەک ئەو زیانانەی بەر ژینگە دەکەون، ژینگە قوربانییەکی نەبینراوی جەنگە. زۆرجاریش جەنگەکان لەپێناو دەستڕاگەیشتن بە سامانەکانی ژێر زەوی هەڵدەگیرسێت، خاک و ئاو و کانزاکان بەگشتی پێکهێنەری ژینگەن و جەنگی نێوان وڵاتانیش لەسەر سامانەکانی ژینگەیە، بەنموونە، یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵگیرسانی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهان بریتی بوو لە دەستگەیشتن بە نەوت و وزە. جەنگی یەكەم و دووەمی جیهان بە دیارترین و مەترسیدارترین ڕووداوەكانی ناو مێژوی گەلان دادەنرێن، ئەو جەنگانە ناوچەیی نەبوون، بەڵكو جیهانی بوون، دەوڵەتانێك بەشداریان تێدا كرد كە هەریەكە و سەر بە كیشوەرێكی جیابوو، هەرچەندە ئەوروپا مەیدانی سەرەكی جەنگەكە بوو، بەڵام ئەنجامە گەورەكانی بەجۆرێك لەجۆرەكان ڕەنگدانەوەیان لەسەر گەلانی هەموو كیشوەرەكان هەبوو. مرۆڤایەتی، پێشتر هیچ كات نمونەی لەو جەنگانەی بەخۆیەوە نەدیبوو، لەو جەنگانەدا نوێترین چەكە پێشكەوتوەكان بەكاهێنران.
هەر بۆیە وەکچۆن ئاشتی سیاسەتە بەبێ جەنگ، جەنگیش سیاسەتە لە ڕێگای خوێنڕشتنەوە. بەڵام ڕاستییەک هەیە و نابێت خۆمانی لێ ببوێرین، ئەوەیش ئەوەیە؛ هەتا بەدەست ئەو وەهمەوە گیرۆدە بین کە گوایە دەتوانین لە ڕێگەی جەنگدا ئاشتی بەرهەم بهێنین و لەو ڕێگەیەوە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری بەرقەرار بکەین، ئەوا لە دووکەڵ و خوێن، لە بێهوودەیی و برین و کاولکاری و کوێرەوەری و پەشیمانی زیاتر بەولاوە، هیچ شتێکی دیكهمان دەست ناکەوێت .ململانێ مۆدێرنەکانی نێوان دەوڵەتەکان بە تایبەتی زلهێز و ئەکتەرە ناوچەییەکان و جیهانییەکان، بە دەگمەن بە سەرکەوتنی ڕەهای یەکلاکەرەوە و یان تەسلیمبوونی بێ مەرجی لایەنێک کۆتایی دێت. جهنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لهگهڵ ئێران بەهۆی جیاوازی ئایدیۆلۆژی و ستراتیژی جهنگی ناهاوسەنگ و تێوەگلانی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەك گرووپە چەکدارەکانی ئێراق “کە لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە سەر بە ئێرانن”، یا حوسییەکانی یەمەن، لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت. لهخوارهوه بهچهند خاڵێك زیاتر لێی ورد دهبینهوه:-
- کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن؛ دانوستان هەوڵێكە لە نێوان لایەنەكان جا دەوڵەت بێت یان هەر ئەکتەرێکی دیکە، بۆ رێككەوتن لەسەر چەند مەبەست و خاڵی ناکۆک. گفتوگۆش لایەنی پراكتیكی بەڕێوەچوونی دانوستانە، لەنێوان نوێنەرانی لایەنەكاندا. تێیدا ڕوانگە و بۆچوون، داوا و مەرجەكانی لایەنەكان دەخرێتەڕوو. هیچ لایەنێك ناتوانێت سوور بێت لەسەر هەموو خاڵەكانی خۆی و بیانسەپێنێت، ئەگینا ڕێككەوتن مەحاڵ دەبێت. هەموو لایەكیش لەوەدا هێڵی سووری هەیە كە ئامادە نییە دەستی لێ هەڵبگرێت. كەواتە دانوستان كۆمەڵێك سازشە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن، تا گفتوگۆكانیش درێژخایەن بن ئەو دانوستاندنە كەمتر ئەنجامی دەبێت. دانوستان بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی جەنگ یان بە ئامانجی وەستانی جەنگ دەکرێت، یان لەنێوان دەوڵەتان دەكرێت بۆ ڕێككەوتن و هاوكاریی لە بواری سیاسی، ئابووری، زانستی یان تەندروستی و هونەری.
بۆیە یەکێک لە دەرەنجامە پێشبینیکراوەکان بریتییە لە ئاگربەستێکی دانوستانکاری بە نێوەندگیری لایەنی سێیەم. گفتوگۆ و دانوستان ئەنجامبدرێت بە مەبەستی ڕێککەوتن یان نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتن. چونکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی جهنگ لە ڕووی سەربازی، ئابووری و سیاسییەوە، ڕەنگە هەر لایەنێک هەوڵی ئەوە بدات کە خۆی لە زیانی زیاتر بپارێزێت و یان زیانەکان کەمبکرێتەوە و لە هەمان کاتدا ستراتیژی خۆی بپارێزێت بۆیە پەنا بۆ دانوستاندن ببات.
- ململانێی بەردەوام و درێژەدان بە جەنگ؛ پێشبینی دووەم بە ئەگەری زۆرەوە بریتییە لە گواستنەوەی جهنگەکە بۆ جەنگێکی درێژخایەن و ململانێی بەردەوام، تیایدا لایەنەکانی بەشداربووی جهنگ زیاتر دەبن. بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی ئێران بە ستراتیژییە ناهاوسەنگەکان و هاوپەیمانییە ناوچەییەکان، وەك گرووپە چەکدارەکان، بۆیە دەکرێ ململانێیەکە پەرەبسێنێت بۆ:-
- ههڵدانی مووشەک و درۆنی بەردەوام لەنێوان لایەنانی بەشداربووی جەنگەکە؛ ئیسرائیل لە دژی ئێران و گرووپە چەکدارەکان، یان بە پێچەوانەوە.
- ململانێی بە وەکالەت: لە سەرانسەری چەندین ناوچەی جیا جیا، بۆ نموونە ئێراق، لوبنان، یەمەن.
- بانگەشەی سەرکەوتنی ئیسرائیل و ئەمریکا؛ لە کاتێکدا لەم جهنگەدا سەرکەوتن تەنها ئەگەرێکە، بەڵام لەوانەیە ئەمریکا و ئیسرائیل ئیدیعای سەرکەوتنی خۆیان بکەن، بەوەی ژێرخانی سەرەکی سەربازی و وزەی ئێران و سیستەمی مووشەکی و دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو لەناوبردووە.
سەرەڕای ئەمەش ڕەنگە سیستەمی سیاسی ئێران وەک خۆی بمێنێتەوە و، لەوانەیە هێزە ناوچەییەکان بە کارایی بمێننەوە لە کۆتاییدا؛ ململانێکە دەتوانێت فراوانتر بێت بۆ جهنگێکی ناوچەیی فراوان کە ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان تێیدا بەشداربن. لەم حاڵەتەدا؛ پێدەچێت کۆتایی جهنگەکە بەهۆی سەرکەوتنی لایەنێک و شکست هێنانی لایەنەکەی دیکە نەبێت بەڵکو بەهۆی فشارە نێودەوڵەتییەکانەوە بێت، کە دەوڵەتان و لایەنی دیکە بەهۆی ناسەقامگیری ئابووری جیهانی و هۆکارەکانی ترەوە، فشار بخەنە سەر لایەنانی بەشدار لە جەنگدا بۆ ڕێککەوتن و پەیڕەوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان. لە ئەنجامدا کۆتایی هاتنی جهنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لهگهڵ ئێران دڵنیایی سەرکەوتن و شکست بەدەستەوە نادات، هۆکارەکەشی بریتییە لە ناهاوسەنگی لە تواناکانیان و هاوپەیمانێتییەکانیان.
“قوربانییەکان، دەرئەنجامە مرۆیی و جیهانییەکانی جهنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لهگهڵ ئێران”
“گابرێل کۆلکۆ” لە کتێبەکەیدا بەناوی “سەردەمی جەنگ”، نووسیویەتی؛ “تێکهەڵچوونە سەربازییەکان لە دوای ساڵی 1937-ەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر خەڵکانی بێ بهرگری وەکو هێزە چەکدارەکانی دەکردە ئامانج، زیاتر لە جاران خەڵکی مەدەنی و تەواوی میللەتێک دەترسێنێت.” ئەو دهربڕینهی کۆلکۆ دروسته کە دهڵێت شمشێری تیژی جەنگ ڕۆژ بە رۆژ زیاتر خەڵکی مەدەنی کردووهتە ئامانج. لەم بارودۆخهدا جەنگ، جەنگی دژ بە خەڵکی مەدەنییە و هەر ئەم بەڵگەیەش بەسە بۆ ئەوەی نەکرێت جەنگ لە هیچ بەرنامەیەکدا وەک چارەسەری کێشەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لێی بڕوانرێت یان پەنای بۆ ببرێت. ململانێی بەردەوامی نێوان “ئێران و ئیسرائیل” پەرەی سەندووە بۆ جهنگێکی ناوچەیی فرە چین کە لێکەوتەی مرۆیی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە. قوربانیانی جهنگەکە تەنیا ئەو کەسانە نین لە هێرشی ئاسمانی یان هێرشی مووشەکیدا کوژراون، بەڵکو ملیۆنان کەسیش دەگرێتەوە بەهۆی ناسەقامگیری ئابووری و قەیرانی وزە و پچڕانی جیۆپۆلەتیکییەوە، کاریگەری لەسەر ژیانیان دروست بووە. جهنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە تێوەگلانی ئەکتەرە دەرەکییەکانی وەک ئەمریکا و میلیشیاکان و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە تووندتر و ئاڵۆزتر بووە، بە یەکێک لە مەترسیدارترین پەرەسەندنەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دەدرێت .
خهڵكی مەدەنی بارگرانی تووندوتیژییەکانیان لە ئەستۆ گرتووه، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە مردنی هەزاران کەس و لەناوچوونی بەرفراوانی ژێرخانی ئابووری دەکەن، لەوانەش نەخۆشخانه، قوتابخانەکان و دامەزراوەکانی وزە. لە هەمان کاتدا، زۆرترین قوربانی دەستبەجێ ئەو کەسانەن لە ناوچە جێناکۆکەکاندا دەژین. هێرشی ئاسمانی و هێرشی مووشەکی و ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە زیانی زۆری گیانی لێکەوتووەتەوە. لە ئێران زیاتر لە چەند هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون، لە نێویاندا منداڵ، بەگشتی ژمارەی مردووان لە سەرانسەردا سێ هەزار کەسی تێپەڕاندووە تا ئێستا. بۆیە دەبینین یەکێک لە لایەنە هەرە مەترسیدارەکانی ئەم ململانێیە قەبارەی قوربانیانی مەدەنییە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن؛ لە ماوەی “نۆ” ڕۆژی یەکەمدا زیاتر لە ١٢٠٠ کەس کوژراون و زۆرینەیان خەڵکی مەدەنین، نزیکەی ٢٠٠ كهسیان منداڵن، زیاتر لە ١٢ هەزار کەس بریندار بوون، تەواوی ناوچەکانی نیشتەجێبوون وێران بوون، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان ڕاستەوخۆ کاریگەری جهنگیان لەسەر هەبووە. نموونەیەکی دڵتەزێن بریتییە لە کوشتنی زیاتر لە ١٦٠ خوێندکار لە هێرشێک بۆ سەر یەکێک لە قوتابخانەکان لە ئێراندا، جگە لە مردن، ملیۆنان کەس ڕووبەڕووی ئاوارەبوون و زەبر و زەنگ و زیانێکی دەروونی درێژخایەن دەبنەوە. خێزانەکان لەیەکتر دادەبڕێن و زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی کۆمەڵگا بێ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەمێننەوە. جەنگ تەنها کوشتن نییە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی وێرانکەرە کە ژیانی مرۆڤ، کۆمەڵگا و ژینگە بە تەواوی تێکدەشکێنێت. قوربانییانی ڕاستەوخۆ دەبینرێن، بەڵام زۆر جار قوربانییە نادیارەکان ئەوانەن کە کاریگەرییەکی قووڵتر و درێژخایەنتریان لەسەرە.







































































