“وەهمێکی سەیرە وا گریمانە بکەین جوانی باشەیە”
لیۆ تۆڵستۆی
یەکێک لەو دیاردانەی کە لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە شایەنی تێڕامانە، لایەنگیری بەدکاران و تاوانکارانە. ئایا بیرت لێ کردبووەوە ڕۆژێک لە بەرەی جۆرج کلۆنی بوەستیت، کاتێک ئەو و هاوڕێکانی لە فیلمی یازدە کەسەکەی ئەوشن (Ocean’s Eleven)دا پلانی دزینی (150) ملیۆن دۆلار دادەنێن؟ یان هاوسۆز بیت لەگەڵ موهەنەد کە خیانەت لە عەدنانی مامی دەکات لەگەڵ ژنە گەنجەکەیدا لە درامای ئەشقی قەدەغەکراو (Aşk- I Memnu)؟ یان کەسانێک ببینیت کە دوای کوژرانی کارەکتەری ریفاعی ئەلدەسوقی چەکفرۆش لە درامای “ئوستورە”دا، پۆستی سەرەخۆشی و ماتەمینئامێز بڵاوبکەنەوە و غەم و گریانی بۆ دەرببڕن؟ یان تەنانەت بەزەییت بەو دوو بازرگانە ئوسترالییەی ماددەی هۆشبەردا دێتەوە کە لە ئیندۆنیزیا سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو لە کەیسە بەناوبانگەکەی (Bali Nine – باڵی ناین)دا؟ یان ئەوەی دەنگدەری ئەمریکی دۆناڵد ترەمپ هەڵبژێرێت؛ ئەو پیاوەی بە ڕەگەزپەرستی بەرابەر کەمینەکان و دەسترێژی بۆ سەر ژنان و فرتوفێڵ لە باجدا ناسراوە، کە باج لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکاندا وەک ئەرکێکی پیرۆز تەماشا دەکرێت. نهێنی پشت ئەمە چییە؟ شتێکی سرووشتی و لۆژیکییە کە پاڵەوانەکانمان خۆش بوێت و ڕقمان لە بەدکاران بێت، ئەی کەواتە بۆچی ئەم هاوسۆزی و یەکگرتنە لەگەڵ بەدکاران و شەڕانگێزاندا ڕوودەدات، بەتایبەت لەلایەن مرۆڤی ئاسایی خاوەن فیترەت و لۆژیکێکی دروستەوە؟ ئەمە ئەو بابەتەیە کە لە ڕوانگەی زانستی دەروونناسییەوە باسی لێوە دەکەین.
“بەدکار کێیە؟”
پێناسەیەکی گشتگیر و کۆک بۆ ناسینەوەی کەسی بەدکار نییە، وەلێ ئەوەی لەسەری ڕێکن ئەوەیە کە بەدکار ئەو کەسەیە کە یاسا و نەریتەکانی کۆمەڵگا دەبەزێنێت. بەڵام ئایا بەڕاستی تەنها (شکاندنی یاسا) کەسێک دەکاتە بەدکار؟ ئەگەر سەیری کارەکتەری “وینستن سمیت” بکەین لە ڕۆمانی (1984)ی جۆرج ئۆروێڵدا، کە کەم کەس بە کەسایەتییەکی بەدکاری لەقەڵەم دەدەن، یان ئەو باوکەی لە فیلمی کاتێک بۆ کوشتن (A Time to Kill)دا کە دوو پیاوی ڕەگەزپەرستی لە ناو هۆڵی دادگادا کوشت وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ کچە دەستدرێژیکراوەکەی، دەبینیت زەحمەتە پشتگیری لە هەڵوێستەکانیان نەکەیت. کەواتە؛ بابەتەکە جێی تێڕامانە، بەڵام، هێڵی جیاکەرەوە لەکوێدایە؟ ئایا دروستە یاسا بشکێنرێت لەبەرئەوەی یاسایەکی ستەمکارە؟ یان یاسا بشکێنرێت بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاران؟ پێویستە ئاگاداری ئەوە بین کە زۆر هۆکاری دیکە جگە لە (شکاندنی یاساکان) هەن کە حوکمدان لەسەر کەسەکە دیاری دەکەن؛ چونکە لە زۆر بارودۆخدا هۆکاری ئەنجامدانی ئەم کارە ڕوون دەبێتەوە، لەگەڵ ناسینی پێشوەختەی سرووشتی ئەو کەسەی کارەکەی کردووە، یان هۆکار و ڕەهەندەکانی دیکەی دەوروبەری حاڵەتەکە کە کاریگەرییەکی گرنگیان لەسەر حوکمدان لەسەر ئەو کەسە هەیە، کە ئایا بەدکارە یان نا. دەتوانین ئەم هۆکارانە دابەش بکەین بۆ:-
شێوازەکانی بیرکردنەوە کە دەبنە هۆی لایەنگیری بەدکاران لەوانە:-
1. هەڵەی بنچینەیی هۆهێنانەوە.
2. شێوازەکانی بیرکردنەوە.
3. ناهاوسەنگی مەعریفی.
با بە وردی باسی ئەم خاڵانە بکەین:-
“یەکەم؛ شێوازەکانی بیرکردنەوە کە دەبنە هۆی لایەنگیری بەدکاران”
1. هەڵەی بنچینەیی هۆهێنانەوە.
ئەمە تیۆرییەکی دەروونیی بەناوبانگە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئێمە ڕەفتار و کارەکانی کەسانی تر بۆ سرووشت و خاسیەتە کەسییەکانیان دەگەڕێنینەوە، نەک بۆ ئەو بارودۆخەی کە ئەو ڕەفتارانەی تێدا دەردەکەوێت، لە کاتێکدا ئەو ڕەفتارانە ڕەنگە چەندین لێکدانەوەی تریان هەبێت. بۆ نموونە: ئەگەر کەسێک ببینین تەقە دەکات، یەکسەر ئەم کارە بۆ ئەوە دەگەڕێنینەوە کە بابای تەقەکەر “کەسێکی بەدکارە”، لە کاتێکدا ئەگەر تەقەکردنەکە خۆمان بمانکردایە، ئەوە پاساومان بۆ دەهێنایەوە کە “بەرگری لە خۆکردنە”، یان شتێکی لەو بابەتە. هەروەها ئەگەر کەسێکی نزیکمان تووشی تاوانێک بێت، یان هەڵەیەک بکات، یان لەگەڵ لایەنێکی تر تووشی گرفت و ئاریشە بێت (وەک کێشەی جیابوونەوە، یان پێشێلکردنی یاساکانی هاتوچۆ و هاوشێوەکانی)، دەبینین زۆربەی کات بیانووی بۆ دەهێنینەوە و ئامادەییەکی زۆرمان بۆ لایەنگیریکردنی و ڕەخنەنەگرتنی لێی تێدایە تەنانەت لە ناخی خۆماندا، ئەوەش بەهۆی ناسینی پێشوەختەمان بۆ کەسەکە و مامەڵەکردنمان لەگەڵی لە زۆر بارودۆخی باشدا کە وای کردووە وێنەیەکی ئەرێییمان لەمەڕ ئەو کەسە بۆ دروست بێت. ئەمە بەو مانایەیە کە ئێمە کردەوەی کەسانی بێگانە بۆ “سرووشت و خاسیەتیان” دەگەڕێنینەوە، بەڵام کردەوەکانی خۆمان یان ئەوانەی خۆشمان دەوێن بۆ “پێداویستیی بارودۆخەکە” دەگەڕێنینەوە؛ ئەمەش بەتایبەت کاتێک ڕوودەدات کە ڕەفتارەکە خراپ بێت. ئەم حاڵەتە ناونراوە بە (هەڵەی دانەپاڵ)؛ چونکە ئێمە تەنها لە ڕێگەی ڕەفتارەکانییەوە بڕیار لەسەر کەسی بێگانە دەدەین، نەک لە ڕێگەی کۆی ئەو بارودۆخ و هەلومەرجە ناوخۆیی و دەرەکییانەی دەوریان داوە، بێ ئەوە خۆمان بخەینە شوێنی ئەو و لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەزموونەکە بژین. ئەمە ئەوەیە کە بەگشتی لە ژیانی ئاساییدا ڕوودەدات، بەڵام ئەوەی لە ڕۆمان و فیلمەکاندا ڕوودەدات ئەوەیە کە زانیاری و وردەکاری ورد دەربارەی ژیانی کەسایەتییەکان/کارەکتەرەکان بە خوێنەر و بینەر دەدرێت بۆ ئەوەی وێنەیەکی دیاریکراو دروست بێت کە خزمەت بە ڕەوتی چیرۆکەکە بکات. لەسەر ئەم بنەمایە، بۆ خوێنەر یانژی بینەر ئاسان دەبێت کە هاوسۆزی نیشان بدات و بیانوو بۆ کەسایەتییە/کارەکتەرە بەدکارەکە بهێنێتەوە، هاوکات چاوپۆشی لە کارە قێزەونەکانی بکات و بەگوێرەی ئەو سیاقەی چیرۆکەکە دەیخاتە ڕوو پاساویان بۆ بتاشێت. پرسیارەکە ئەمەیە چۆن هاوسۆزی لەگەڵ پاڵەوانەکە دروست نابێت لەکاتێکدا ڕەهەندێکی مرۆیی تێدا دەبینیت کە بەزەیی بە هەژارێکدا دێتەوە یان چاودێری خزمێکی نەخۆشیەتی، یان دیمەنێک دەبینیت کە نوێژ دەکات، ڕێک وەک ئەوەی وێنەی گەندەڵکارێک ببینیت کە خەریکی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی حەجە بۆ نموونە. لەم ڕوانگەیەوە دەبینیت بەگشتی خەڵک لە لێکدانەوەی ڕەفتارەکانی ئەم کەسە بەدکارە تووشی سەرلێشێوان دەبن و ناتوانن وەک پێویست لە قاڵب – چوارچێوە -ی بەدکاردا دایبنێن.
2. شێوازەکانی بیرکردنەوە.
ئەو ڕێگەیەی کە ڕووداوەکانی پێ لێکدەدەینەوە و پێشبینی دەرەنجامەکانیان دەکەین، هەروەها ئەو وێنەیەی کە لە مێشکماندا بۆ کەسەکان دەیکێشین، بە پلەی یەکەم پشت بە “شێوازەکانی بیرکردنەوە” دەبەستێت. ئەم شێوازانە لە میانەی دووبارەبوونەوەی چیرۆکێک لە چوارچێوەیەکی جێگیردا دروست دەبن؛ وەک ئەوەی هەمیشە وێنا دەکرێت کە پاڵەوانەکە کەسێکی باشە و لە کۆتایی چیرۆکەکەدا بەسەر بەدکاراندا سەردەکەوێت. بەڵام لە حاڵەتی گۆڕینی ئەم چوارچێوەیەدا بە پێشکەشکردنی کەسی بەدکار لە ڕۆڵی پاڵەواندا (بۆ نموونە وەک لە فیلمی باوەمیر (Godfather))، ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی شێوازێکی هزری نوێ کە بیرۆکەی قبوڵکردنی کەسی بەدکاردەچەسپێنێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەم پاڵەوانە کەسێکی سەرنجڕاکێش و پیتۆڵ بێت، بە پشتبەستن بە کاریگەری (فاکتەری جوانی) کە دواتر باسی دەکەین. یەکێک لە شێوازە هزرییە بەناوبانگەکان شێوازی (هەرچی قەدەغەیە، ئارەزووکراوە)؛ بە جۆرێک دەبینیت ئەو کەسە بەدکارەی کە لە ناو کۆمەڵگادا بەگشتی پەسەند نییە و نەخوازراوە، ویست و ئارەزوو بۆلای لای هەندێک کەس زیاد دەکات. هەروەها یەکێکی تر لەو شێوازە هزرییانەی کاریگەریی لەسەر لایەنگیریکردنی بەدکاران هەیە، بریتییە لە خستنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی تەواو یان بەشێکی، بۆ قوربانیانی تاوانێک یان ڕووداوێکی دیاریکراو یان هەر جۆرە خراپەکاری/بەدکارییەکی ناڕەوا (یان بابڵێین ستەمکارانە)، بە دەربڕینێکی تر چوونە ژێر باری بەرپرسیارێتی ڕووداوێک/تاوانێکی بە ناهەق. کاتێک بۆ هەندێک کەس سەختە ڕووبەڕووی ئەو بارودۆخە دژوارانە ببنەوە کە لە بەردەمیاندا ڕوودەدەن، یان ئەوانەی دەربارەیان دەبیستن (بۆ نموونە وەک دەستدرێژی یان ئەشکەنجەدان)؛ ئەوا ڕێگە ئاسانەکە هەڵدەبژێرن کە بریتییە لە لۆمەکردن و سەرکۆنەکردنی قوربانییەکە و هێنانەوەی هەموو ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی ڕوودانی ستەمەکە، لە بەرابەردا پشتگوێخستنی ڕۆڵی دەستدرێژیکارەکە، بگرە پساویشی بۆ دەهێننەوە. ئەمەش ویژدانیان ئارام دەکاتەوە و لە بێزارکردنی ئەو کۆمەڵە بنەمایانەی پەیڕەوی دەکەن دووریان دەخاتەوە، هاوکات باری گران و بەرپرسیارێتی ئینکاریکردنی خراپە لەسەر شانیان لادەبات بە هەڵواسینی بابەتەکە بە بزماری قوربانییەکەوە. لە هەندێک حاڵەتیشدا دەبینیت کە خودی قوربانییەکە لەسەر ئەو دەستدێژییەی کە ڕوویداوە سەرکۆنەی خۆی دەکات، و بەدوای کەموکوڕییەکانی خۆیدا دەگەرێت یان ئەو هۆکارانەی کە وای کردووە تاوانبارەکە ئەوی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ببێتە قوربانی.
لەمەشەوە دەرەنجامێکی پێچەوانە دروست دەبێت، ئەویش مەیلی (قوربانی)یە بۆ پەیڕەوکردنی ڕەفتاری بەدکارەکە (کە سەرکۆنە ناکرێت)، و پەنا دەباتە بەر دۆزینەوەی پاساوگەلێک کە لە بارودۆخی گومان یان یەکسانی نێوان (تاوانبار و قوربانییەوە) دەیگوازێتەوە بۆ ئەوەی بە دڵ و گیان بچێتە پاڵ بەدکارەکە. ڕەنگە یەکێک لە ناودارترین نموونەکان کە کاریگەرییان لەسەر شێوازەکانی بیرکردنەوە هەبووە، فیلمەکانی (دیزنی)بن؛ ئەمەش لەوەدا دەردەکەوێت کە بە ئەنقەست شازادەی پاڵەوانی چیرۆکەکە بە وێنەیەکی سیما جوان و سەرنجڕاکێش نیشان دەدرێت، ڕێک بە پێچەوانەی کەسایەتییە بەدکارەکە کە دوای کەوتووە بۆ ئەوەی ئازاری بدات چونکە کەسی بەدکار زۆر جار ناشرین و قێزەونە. هەروەها فیلمە عەرەبییەکان کە سوورن لەسەر نیشاندانی عەرەبەکان لە سەردەمی نەفامیی (کافران یان بێباوەڕانی قوڕەیش) بە شێوەی مرۆڤێکی توندوتیژ و ناشرین کە بە چڵێسییەوە دەخۆن و غەرقی ئارەزووەکانیانن. بە پێوانە لەسەر ئەوە، دەبینیت کاتێک ناوی “خەڵکی قوڕەیش” دێت، بێگومان بەو جۆرە لە مێشکدا وێنایان دەکرێت، یان ئەگەر باسی مافیا کرا ئەوا ئیتاڵییەکانت بیردەکەوێتەوە، یان ئەگەر باسی پابەندبوونی ئایینی کرا وێنای جلکی دامێن کورت و ڕیش و قسەکردن بە عەربییەکی پاراوت دێتە بەرچاو. وەلێ واقیع شتێکی تر دەیسەلمێنێت کە هیچ شێوەیەکی “سیما و ئەدگارێکی تایبەت” دیاریکراو بۆ کەسی بەدکار نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕەنگە زۆر قۆز و زمانشیرینیش بێت. هەروەها ڕێکخراوە تاوانکارییەکان پەیوەست نین بە وڵاتێکی دیاریکراوەوە. ئەمەش ڕادەی توانای دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە کاریگەری دانان لەسەر شێوازەکانی بیرکردنەوە دەردەخات، بگرە لە هەناردەکردنی قاڵبە هزرییەکان کە بینەر ناچار دەکات دیدگایەکی دیاریکراو بگرێتە بەر، وەک لایەنگیریکردنی بەدکاران، بەتایبەتی ئەگەر ئەو قاڵبە – چوارچێوە – هزرییەی کە بەدکارەکە تێدا پێشکەش کراوە، ئەو شێوازە باوە بێت کە بۆ ” بەندە چاکەکان – ناسراوە (واتە وێنای هەمان ستایلی باوی مرۆڤە باشەکان بێت) کە ئەمەش لەلایەکی ترەوە دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە بیرۆکەی (پابەندبوونی ئایینی یان لانی کەم تەنها پابەندبوون بە ڕواڵەتی دەرەکی ئایین).
3. ناهاوسەنگیی مەعریفی.
ئەمە تیۆرییەکی زانای دەرووناسیی کۆمەڵایەتی ئەمریکی لیۆن فێستینگەر (Leon Festinger)ە، کە یەکێکە لە دیارترین ئەو زانایانەی لە سەدەی ڕابردوودا کاریگەرییان لەسەر پڕۆگرامەکانی دەرووناسیی هەبووە. لیۆن فێستینگەر لە ساڵی (1957) ئەم تیۆرییەی دانا بۆ وەسپکردنی ئەو حاڵەتە لە بێزاری و ناڕەحەتییەی دەروونییەی کە مرۆڤ تووشی دەبێت کاتێک لە مێشکدا دوو بیرۆکە یان زیاتر کە دژبەیەکن، پێچەوانە یان ناهاوسەنگن (بە کورتی ناکۆکن بە یەکتری) کۆدەبنەوە. لەو کاتەدا ئارەزوویەکی بەهێز لەلای مرۆڤ دروست دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم ناکۆکیی/ناهاوسەنگیی نێوان بیرۆکەکان. مێشکی مرۆڤ هەمیشە لە جیاوازی و هەڤدژی ڕادەکات و هەوڵ دەدات خۆی لە بازنەی ململانێی بیرۆکەکان بەدوور بگرێت، بۆیە ماندووبوونێکی زۆر بۆ کەمکردنەوەی ئەو جیاوازییە یان نەهێشتنی دەبینێت، تەنها بۆ ئەوەی لە دڵەڕاوکێ و گرژی و فشاری دەروونی دوور بکەوێتەوە و بگاتە ئارامیی دەروونیی. بەڵام چۆن مێشک ئەم کارە ئەنجام دادەت؟
بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنێت، مێشکی مرۆڤ پەنا دەباتە بەر “لایەنگیری” (Bias)، بەو مانایەی بەلای ئەو شتانەدا دەشکێتەوە کە پشتگیریی لە بڕوا و قەناعەتە کەسییەکانی دەکەن، تەنانەت لە دەوروبەری خۆیشیدا بەدوای ئەو شتانەدا دەگەڕێت. نەک تەنها ئەمە، بەڵکو لە هەمان کاتدا چاوپۆشی لەو شتانە دەکات کە دژی بڕوا و بیرۆکەکانیەتی و لەگەڵ قەناغەتەکانیدا ناگونجێن؛ هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەی خۆی لە ململانێ ڕزگار بکات. یەکێک لە بەناوبانگترین نموونەکانی ئەم ململانێیە، ئەو ململانێیەیە کە لە مێشکی ئالوودەبووانی ماددەی نیکۆتین (جگەرە)دا ڕوودەدات؛ بابای جگەرەکێش چاک دەزانێت ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی ئەم ئالوودەبوونەوە دروست دەبن بێشومارن، و ڕەنگە هاوڕێیەکی یان خزمێکی – تەنانەت خۆیشی – بەهۆی جگەرەوە تووشی کێشەی تەندروستی بووبێت، لێ بەداخەوە ناتوانێت دەستبەرداری بێت. ئەو نکۆڵی لە زیانەکان ناکات، بەڵام بۆی ئاسانترە خۆی لەگەڵ ئەم خووەدا بگونجێنێت و ڕاستییەکان فەرامۆش بکات. بێگومان ئەم ” لایەنگیریە مەعریفییانە “(Cognitive Biases) دەبنە هۆی هەڵە کردن لە ژیانی مرۆڤ، لە کار و سیاسەتیشدا؛ چونکە ڕەنگەی وای لێ بکات بڕیاری هەڵە بدات، لەبەرئەوەی ڕاستییەکان وەک خۆیان نابینێت بەهۆی کاریگەریی ئەو لایەنگیریانەوە. با سەیری ژیانی ڕۆژانەمان بکەین و نموونەیەکی سادە وەربگرین: (فەیسبووک) کە بەناوبانگترین تۆڕی کۆمەڵایەتییە. دەبینیت بەکارهێنەر بەدوای ئەو شتانەدا دەگەڕێت کە بڕواکانی لە (ژیان، ئایین، سیاسەت،..هتد.)دا پشتڕاست دەکەنەوە و، لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر ئاڕاستە و ڕا و دیدگا تایبەتییەکانی خۆی دەکەنەوە. لە هەمان کاتدا دەبینیت هیچ گرنگییەک بەو شتانە نادات کە دژی تێڕوانینەکانی ئەون. سەرەڕای ئەوەی بەردەستن، بەڵام مێشکی پشتگوێیان دەخات بۆ ئەوەی نەکەوێتە ململانێوە. تەنانەت ئەگەر کەسێکی تر سەرنجی بۆ شتێک ڕابکێشێت کە پێچەوانەی بیرۆکەکانی بێت، دەستبەجێ دەبینیت بەرپەرچی دەداتەوە و هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسە، و خێرا بۆ دۆزینەوەی ئەو شتانەی پشگیریی بۆچوونەکانی دەکەن دەگەڕێت تا بۆ لایەنی بەرامبەری بنێرێت و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت.
بۆیە لە کاتی گفتوگۆدا تێبینی دەکەین هەر کەسە و لە ئاڕاستەیەکی جیاوازدایە، هەریەکەیان ڕەتیدەکاتەوە گوێ لەوی تر بگرێت و تەنها بەدوای ئەوانەدا دەگەڕێت کە هاوڕای خۆین. تەنانەت بە توندی بەرەنگاری هەر کەسێک دەبنەوە کە بیەوێت بیرۆکە یانژی تێڕوانینێکی جیاواز بخاتە ڕوو، و زەحمەتی ئەوەش بە خۆیان نادەن کە بیر لەوە بکەنەوە کە پێیان دەوترێت، وەک ئەوەی چاو تەنها ئەو شتانە ببینێت کە پێشوەختە لە مێشکدا هەن (تۆمارکراون)، و گوێش تەنها ئەوانە ببیستێت. کار دەگاتە ئەوەی کەسەکە بە تەنها بینینی پۆستێک کە لەگەڵ بیرۆکە و بڕواکانیدا ناگونجێت، خێڕا تێچێن (کۆمێنت)ی ڕەتکردنەوە بنووسێت، و زۆرجاریش ناکۆکییەکە دەگاتە ئاستی پچڕانی (بلۆک کردن) پەیوەندییەکە. یەکێک لە هەڤدرییەکان ئەوە بوو کە لە کاتی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی ئەم دوایەی ئەمریکا (خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ)، سەرەڕای چەندین لێدوان و ئابڕووچوون کە پەیوەست بوون بە کاندیدی کۆمارییەکان (ترەمپ) سەبارەت بە ڕێزگرتن لە ژنان، بەڵام بەشێکی زۆری دەنگدەرانی کۆمارییەکان ژن بوون. کاتێک ڕووبەڕووی هەندێکیان دەبوویتەوە، چەندین پاساویان دەهێنایەوە، بۆ نموونە وەک ئەوەی دەیانگوت؛ “هەموو پیاوان بەو شێوەیە قسە دەکەن”، یان “ترەمپ پیاوێکی ڕاشکاوە، و وەک هیلاری کڵنتن درۆزن نییە” (کە ناوبراو کاندیدی دیموکراتەکان بوو و وابڕیار بوو نوێنەرایەتی ژنان بکات). بەپێی ئەوەی لە سەرەوە باسکرا، مرۆڤ بەهۆی لایەنگیریە مەعریفییەکانی و ڕاکانی لە ناهاوسەنگی مەعریفی، ڕەنگە لە کارێک بەردەوام بێت کە هیچ سوودێکی نییە، یان لە پەیوەندییەکی دۆڕاودا بمێنێتەوە، یان شتانێک بکڕێت کە لە ژیانیدا شتی لە پێشینە نین، یان ڕەنگە بە شێوەیەکی نەشیاو ڕەفتار لەگەڵ هاوبەشی ژیانی بکات، یان مندڵەکانی بە هەڵە پەروەردە بکات، یان بە تەرزێکی دیاریکراو مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەبەر و هاوکار و ژێردەستەکانی بکات، و زۆر شتی تریش. سەبارەت بە لایەنگیری بۆ کەسانی “بەدکار”، سەرەڕای ئەوەی بە دڵنیاییەوە دەزانین کە کەسی بەدکار مەترسییە بۆ سەر ژیان و کۆمەڵگا، لێ دەبینین ئەم زانیارییە گشتییە لەگەڵ بیرۆکە یان بڕوای هەندێکمان بەرابەر کەسێکی دیاریکراو یان سیستمەکەی بەتایبەت تووشی دژایەتی دەبێتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ناهاوسەنگی هزری، بەتایبەت کاتێک ئەو بەدکارە ڕەفتار یان کارە خراپەکانی دەردەخات کە پێچەوانەی ئەو وێنەیەیە کە هەندێک لەسەریان هەبووە. لەبەرئەوەی “پاساوهێنانەوە” لە گۆڕینی قەناعەتەکان ئاسانترە، دەبینیت کەسی تووشبوو بەم گرفتە، پاساو بۆ کارەکانی ئەو بەدکارە دەهێنێتەوە تەنها بۆ ئەوەی کۆتایی بەو بارودۆخە ناهاوسەنگە/ناکۆکە بهێنێت و ویژدانی خۆی بێدەنگ بکات و پارێزگاری لە قەناعەتە کەسییەکانی خۆی بکات.
ئەم وەرگێڕانە پێشکەشە بە؛ تریفە یابەحری
نووسینی؛ د. محەمەد ئەلهەمشەری
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد







































































