“بەرایی”
ئەوەی ئەمڕۆ لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات، تەنها شەڕێک نییە کە پێویست بە کۆنتڕۆڵ کردن هەبێ، بەڵکو گۆڕانکارییەکی سەرەکییە (تا ڕادەیەك وەرچەرخانە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە)، کە خەریکی تاقیکردنەوەی شێوەی نەزمی ناوچەیی بۆ داهاتووی ناوچەکە. پرسیاری بەردەم ئەکتەر ناوچەییەکن چیتر بە تەنها ئەوە نییە کە چۆن کۆتایی بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران بهێنرێت، بەڵکو گرنگتر لەمە ئەوەیە؛ کە دوای ئەوە لەسەر بنەمای چ ڕێسایەك هاوکێشە ناوچەییەکان بەڕێوە دەبرێن. لە کاتێکدا ئێستا ئاگربەست پێویستییەکی گرنگە بۆ دۆخی ناوچەکە، بەڵام بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بە تەنها ئاگربەست بەس نییە. ئەم شەڕە ئەوەندە ناهاوسەنگی نوێی دروست نەکردووە، ئەوەندەی ناهاوسەنگییە هەبووەکانی ئاشکرا کردووە: بە سیاسیکردنی ڕێڕەوی دەریایی، هەستیار ڕێرەوەکانی گواتسنەوەی وزە، پەرەسەندنی ڕۆڵی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆشایی بەردەوامی نێوان دیپلۆماسی فەرمی و شەڕی بە وەکالەت.
لەوەش گرنگتر، ئەزموونی ڕابردوو نیشان دەدات کە هەر ئاگربەستێکی بێ مەرج یان پشتڕاستنەکراوە کۆتایی بە ململانێکان ناهێنێت، بەڵکو بەرهەمی دەهێنێتەوە، بەڵام بە جۆرێکی دیکە، چونکە ماوەکانی کەمکردنەوەی پەرەسەندن دەبنە قۆناغی دووبارە جێگیرکردنەوە و ئامادەکاری بۆ خولەکانی دواتر. لە ژینگەیەکدا کە بە چەندین ئەکتەر و پێکهاتەی دەسەڵاتی بەریەککەوتوو تایبەتمەندە، ئاگربەستێکی کۆنترۆڵنەکراو زیاتر لە دابەشکردنەوەی مەترسییەکان دەچێت نەک لە نەهێشتنی مەترسییەکان. بۆیە هەر یەکلاکردنەوەیەک کە ئەم هۆکارە پێکهاتەییانەی تێدا نەبێت، لە دواخستنی پەرەسەندن زیاتر ناکات، نەک ڕێگری لێبکات. بۆیە ئەوەی پێویستە ڕێککەوتنێکی هەستیاری ئاگربەست نییە، بەڵکو دووبارە دانانی ڕێساکانی کارلێکی ناوچەیی- واتە گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و هاوکێشە و گەمە ناوچەییەکان و لە هاوسەنگی کاتییەوە بۆ ڕێساکانی ڕەفتاری جێبەجێکراو. ئەم گۆڕانکارییە تەنها پەیوەندی بەو ئامرازانە نییە کە لەبەردەستدان، بەڵکو پەیوەستن بە دووبارە پێناسەکردنەوەی ئەو فاکتەرانە هەیە کە لە هەڵسوکەوتی دەوڵەتان و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکاندا قبوڵکراو و قبوڵنەکراوە.
“سەقامگیریی ڕێرەوەکان و کۆنتڕۆڵ کردنی ئەکتەرە نا دەوڵەتییەکان”
خاڵی دەستپێکی لۆژیکی ئاگربەستە، بەڵام نەک تەنها هەر ئاگربەستێک. ئەوەی پێویستە وەستاندنی ڕێکخراو و مەرجداری شەڕەکانە، لەسەر بنەمای پابەندبوونە ڕوون و پشتڕاستکراوەکان، کۆتاییهێنان بە هێرشەکان لەناو خاکەکانی دەوڵەت، ڕاگرتنی بەئامانجکردنی ژێرخانی مەدەنی، بەتایبەتی دامەزراوەکانی وزە، کارەبا و ئاو، و گەرەنتیکردنی ئاسایشی کەشتیوانی دەریایی. ئەم ڕێوشوێنانە نەک تەنها بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان بەڵکو پێچەوانەکردنەوەی ڕەوتێکی مەترسیدارە کە لە کاتی شەڕدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە، کە هێڵی ژیانی ئابووری گۆڕاوە بۆ ئامرازی فشار و زۆرەملێ. ئەگەر ڕاستەوخۆ ئەم ڕەوتە چارەسەر نەکرێت، ئەوە پێشینەیەک بۆ قەیرانەکانی داهاتوو دادەنێت، بە جۆرێك لە هەر ساتێك دەتوانێ دۆخەکە دووبارە بێتە ئاراوە.
ئەم گۆڕانکارییە بە ڕوونی لە گەرووی هورمزدا دیارە. ئەم ڕێڕەوی ئاوییە کە خوێنبەرێکی گرنگە بۆ ئابووری جیهانی، بووەتە خاڵی سەرەکی ململانێی سیاسی و بەسیاسیکردنی نەک هەر هەڕەشەیەکی ناوچەیی بەڵکو مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەقامگیری سیستەمی ئابووری نێودەوڵەتی دروست دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی وابەستەیی ئابوورییەکانی ئاسیا و ئەوروپا بە ڕۆیشتنی وزە بەو سیستەمە. بۆیە هەر یەکلاییکردنەوەیەکی باوەڕپێکراو دەبێت پابەندبوونێکی ئاشکرای لەخۆبگرێت بۆ هێشتنەوەی گەرووی هورمز بە تەواوی و بەردەوام کراوە، بە پشتیوانی میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕوون، جا چ لە ڕێگەی ڕێکخستنە نێودەوڵەتییەکان بێت یان هەماهەنگی ناوچەیی، کە گەرەنتی ئازادی کەشتیوانی بکات و ڕێگری لە بەسیاسیکردنی داهاتووی بکات. بە واتایەکی تر دەبێت گەرووی هورمز لە کایەی موزایەدە، کارتی گوشار و هەڕەشە پێ کردن دوور بخرێتەوە و بگۆڕدرێت بۆ ئاسانکارییەکی نێودەوڵەتی کە بە ڕێسای سەقامگیر بەڕێوەدەبرێت کە لەگەڵ هەموو قەیرانێکدا ناتوانرێت دانوستانی لەسەر بکرێتەوە، بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت لە ئێستادا پێچەوانەی ئەم تێڕوانینەیە.
دەستەبەرکردنی ڕێگا دەریاییەکان، هەرچەندە گرنگە، بەڵام بەس نییە بۆ گەرەنتیکردنی سەقامگیری. ئەم شەڕە سنوورداربوونی ڕێبازەکانی پێشووی ئاشکرا کردووە، دیارترینیان ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ بوو، کە تەنیا لایەنێکی مەترسییەکانی خستەڕوو لە کاتێکدا سەرچاوەکانی دیکەی ناسەقامگیری بێ چارەسەر هێشتەوە. ئەمڕۆ ئەم ڕێبازە پارچە پارچەیە ئیتر ناتوانرێت بەردەوام بێت. ژینگەی ستراتیژی ئێستا داوای چوارچێوەیەکی گشتگیرتر دەکات کە تواناکانی مووشەک، شەڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شێوازەکانی ڕەفتاری ناوچەیی لەخۆبگرێت. جیاکردنەوەی ئەم پرسانە چیتر ڕەنگدانەوەی سروشتی هەڕەشەکە نییە بەڵکو بەشداری دەکات لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بە شێوەی جیاواز. لەم چوارچێوەیەدا تۆڕەکانی پرۆکسی وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین تەحەددیاتەکان سەرهەڵدەدەن. ئێران کاریگەریی ناوچەیی خۆی لە ڕێگەی ئەکتەرە ژێردەوڵەتییەکان ( نا دەوڵەتی)ەوە بوونیاد ناوە کە توانای کارکردنیان هەیە لە چەند سنوورێکەوە، ئەمەش ڕێگەی پێداوە بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی کارەکانی ڕەت بکاتەوە. ئەم مۆدێلە دوو پەیوەندی دروست دەکات؛ یەکەم: پەرەسەندنی فەرمی لە ئاستی دەوڵەتدا، کە بە بەردەوامی ناسەقامگیری لە ڕێگەی کەناڵە ناڕاستەوخۆکانەوە بەرپەرچ دەدرێتەوە، هەروەها دووەم: کاریگەری ڕێگری نەریتی لاواز دەکات و دامەزراندنی هێڵەکانی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە قورس دەکات. بۆیە هەر یەکلاییکردنەوەیەک کە پابەندبوونی ڕوونی بۆ وەستاندنی چەکدارکردن و پارەدان و ئاراستەکردنی ئەم تۆڕانە لەخۆ نەگرێت، لە ناوەوەشەوە بە ئامادەیی دزەکردن دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی ڕووکەشەوە سەقامگیریش دەربکەوێت.
“بەشداریکردنی ئەکتەرە ناوچەییەکان و گەرەنتی درێژخایەن”
هەر چوارچێوەیەکی دانوستاندنێکی جددی ناتوانێت تەنها لەسەر بنەمای زۆرەملێ بێت. ئەزموونی مێژوویی دەریدەخات کە ئەو ڕێککەوتنانەی کەمترین هاوسەنگی هاندانیان نییە، تەمەنیان کورتە. ئێرانیش وەک هەر دەوڵەتێک بە دوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت کە بەشێک لە پێگەی ستراتیجی خۆی بپارێزێت، جا چ لە ڕێگەی ڕزگارکردنی سزاکانەوە بێت یان گەرەنتی ئەمنی. لێرەدا هەستیاری هاوسەنگییەکە هەیە: داڕشتنی گەرەنتی بەرامبەر کە هاندانەکان بۆ پەرەسەندن کەمدەکاتەوە بەبێ ئەوەی ببنە ئیمتیازاتی بێ مەرج. کلیلەکە بریتییە لە گواستنەوە لە متمانەی سیاسییەوە بۆ متمانە کە لەسەر پشتڕاستکردنەوە بوونیاد نراوە، لە ڕێگەی میکانیزمی فرە لایەنەوە کە بریتین لە چاودێریکردن، جێبەجێکردن و ئەگەری دووبارە سەپاندنەوەی سنووردارکردنەکان لە ئەگەری پێشێلکارییەکان.
هەڵەیەکی دیکە کە نابێت دووبارە بکرێتەوە، قەتیسکردنی دانوستانەکانە لە کەناڵە تەسکەکاندا. دووبارە داڕشتنەوەی ئاسایشی کەنداو بە تەنیا لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی دوولایەنەی نێوان واشنتۆن و تارانەوە بەدی نایەت، لە کاتێکدا زۆرترین دەوڵەتی زیانلێکەوتوو بە دوورخراوەتەوە. هەر یەکلاکردنەوەیەکی باوەڕپێکراو و بەردەوام پێویستی بە کارکردن لەسەر دوو ڕێڕەوی هاوتەریب هەیە. ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتی کە باس لە پرسە ستراتیژییە گەورەکان دەکات، هەروەها ڕێڕەوێکی ناوچەیی ڕاستەوخۆ لە نێوان دەوڵەتانی کەنداو و ئێران کە گرنگی بە ئاسایشی دەریایی و دەستوەرنەدان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان دەدات. بەشداریکردنی ئەکتەرە ناوچەییەکان تەنیا بژاردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو پێشمەرجێکی پێکهاتەیی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری هەر ڕێککەوتنێک. هەروەها دیزاینی هاندانە ئابوورییەکان هۆکارێکی چارەنووسساز دەبێت بۆ دیاریکردنی مانەوەی هەر ڕێککەوتنێک. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە هەڵگرتنی سزاکان بە شێوەیەکی بەرفراوان و پێشوەختە پابەندبوونێکی کورتخایەن بەبێ گەرەنتی درێژخایەن دروست دەکات. ڕێبازێکی کاریگەرتر لە سووککردنی وردە وردە و مەرجداردایە، کە پەیوەستە بە ڕێوشوێنە پێوانەکراوەکان و ئەگەری دووبارە سەپاندنی سنووردارکردنەکان لە ئەگەری پابەندنەبوون. ئامانج لێرەدا سزا نییە، بەڵکو دروستکردنی داینامیکی پابەندبوونی بەردەوامە، کە تێیدا تێچووی پاشەکشەکردن زیاتر دەبێت لە تێچووی پابەندبوون، ئەمە یەكێكە لە مەرجەکانی گەرەنتی کردن و سەرکەوتنی پڕۆسەکە.
“پێداچوونەوەیەك بۆ چەمکی ئاسایشی هەرێمیی”
ئەم فاکتەرانەی لە سەرەوە ئاماژەمان بۆی کرد بۆ پێویستی گۆڕانکارییەکی قووڵتر لە بیرکردنەوە لە ئاسایشی ناوچەکەدا، گواستنەوە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوە بۆ پەرەپێدانی ڕێساکانی ڕەفتاری ڕوون و جێبەجێکراو. لەم چوارچێوەیەدا، دیپلۆماسی نەک هەر کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت بەڵکو شێوازێکی کارلێککردن دابمەزرێنێت کە ئەگەری دووبارەبوونەوەی کەم بکاتەوە، یان بە لایەنی کەم ڕێگری بکات لە سەرهەڵدانەوەی گرژییە ئەمنییەکان. بۆ دەوڵەتانی کەنداو ئەم ساتە هەم تاقیکردنەوە و هەم دەرفەتێکە. پاراستنی مۆدێلەکەیان لەسەر بنەمای وابەستەیی ئابووری، ڕێڕەوی بازرگانی، وەبەرهێنان و زنجیرەکانی دابینکردن پێویستی بە ژینگەیەکی ئەمنی سەقامگیرتر و پێشبینیکراوتر هەیە. لێرەدا ئەگەری ئەوە هەیە کە دەوڵەتانی کەنداو لە وەرگری پاسیڤەوە بگۆڕدرێن بۆ بەشداربووانی چالاک لە داڕشتنی نەزمی نوێی ناوچەیی بە پاڵنانی ڕێکخستنی ئاسایشی بەکۆمەڵتر و بەرزکردنەوەی هەماهەنگی لە بەرگری ئاسمانی و دەریایی، و بەستنەوەی ئاسایش و ئابووری لە چوارچێوەی دیدگایەکی ستراتیژی یەکگرتوودا، لەبەرئەوەی ئەم دۆخە ئەوەی سەڵماند کە دەوڵەتانی کەنداو و ئاسایشییان ئەوەندە پارێزراو و تۆکمە نییە بتوانێت خۆی لەبەردەم گەردەلووڵی گۆڕانکارییە خێراکاندا بگرێت. لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا، گرەوەکان لە دەرەوەی ئەم شەڕە درێژدەبنەوە. هەر چارەسەرێکی لاواز ڕەنگە شەڕەکە بوەستێنێت بەڵام ناوچەکە لە دۆخێکی نادڵنیاییدا دەهێڵێتەوە، دەرگا بەڕووی دووبارەبوونەوەی خولەکانی پەرەسەندن و کەمبوونەوەی توندبوونەوەدا دەکاتەوە. یەکلاکردنەوەی بەهێزتر کە باس لە ئاسایشی دەریایی بکات، کۆنترۆڵی چەک فراوانتر بکات، تۆڕەکانی بە وەکالەت ڕێکبخات و ئەکتەرە ناوچەییەکان یەکبخات، دەتوانێت بناغە بۆ نەزمێکی سەقامگیرتر دابنێت. بۆیە تەحەدای ڕاستەقینە وەستاندنی شەڕ نییە، بەڵکو گۆڕینی ئەو یاسایانەیە کە لە پلەی یەکەمدا وایکردووە بتوانرێت ئاسایشی ناوچەکە بخاتە بەردەم مەترسییەکی وجودیی و ڕاستەقینە.
“کۆبەند”
گواستنەوە لە کۆتاییهێنان بە شەڕەوە بۆ بوونیادنانی سەقامگیری بەردەوام پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی هەمەلایەنە لە ڕێبازە ئەمنییەکانی ناوچەکە هەیە. ئەمەش لە پەرەپێدانی چوارچێوەیەکی هاوبەشی ناوچەیی-نێودەوڵەتی دەستپێدەکات کە گەرەنتی ئاسایشی کەشتیوانی لە ڕێڕەوی ئاوی ستراتیژیدا دەکات، لە هەمووی گرنگتر گەرووی هورمز، بەمەش لە ڕکابەرییە سیاسییەکان دابڕاوە و ڕۆڵی خۆی وەک پایەیەکی جێگیر لە ئابووری جیهانیدا دووپات دەکاتەوە. هەروەها ژینگەی ئێستا پێویستی بە تێپەڕاندنی ڕێبازێکی هەستیار هەیە بۆ چوارچێوەیەکی ئەمنی فراوانتر کە تواناکانی مووشەکی و شەڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شێوازەکانی ڕەفتاری ناوچەیی لەبەرچاو بگرێت.
هیچ یەکلاییکردنەوەیەک ناتوانێت بەردەوام بێت بەبێ تێکەڵکردنی پرسی بە وەکالەت لە پابەندبوونە ڕوونەکان کە باس لە چەکدارکردن و دارایی و ڕێنماییکردنی ئەم گروپانە دەکەن، بەمەش ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتر دەکات لە ڕێگەی کەناڵە ناڕاستەوخۆکانەوە. لە هەمان کاتدا، کاریگەری هەر ڕێککەوتنێک بەندە بە داڕشتنی هاندانە ئابوورییە، مەرجدار و گەڕاوەییەکان کە بەردەوامیی پابەندبوونەکە مسۆگەر دەکەن و مەترسییەکانی پاشەکشە کەم دەکەنەوە. لە کۆتاییدا، دووبارە داڕشتنەوەی ئاسایشی ناوچەکە بەبێ ڕۆڵی سەرەکی بۆ وڵاتانی کەنداو، نەک تەنها وەک لایەنە زیانلێکەوتووەکان، بەڵکو وەک یاریزانی سەرەکی لە داڕشتنی ڕێکخستنە ئەمنییەکان، کە ڕەنگدانەوەی قورسایی ستراتیژی و بەرژەوەندییە ڕاستەوخۆکانیان لە سەقامگیری ناوچەکەدا، ناتوانرێت ڕووبدات.







































































