مۆدێرنێتە وەک پڕۆژەیەکی ئهقڵانی ویستی جیهان لە سیحر دابماڵێت و بیکاتە بابەتێکی ڕوون و شیکارکراو لەبەردەم ئهقڵی مرۆڤدا. ئەم سەردەمە کە لەسەر بنەمای باڵادەستیی سوژە دامەزرابوو، واقیعی وەک تاقیگەیەکی گەورە دەبینی کە دەبێت هەموو سووچ و قوژبنێکی بە زانست و لۆژیک ڕۆشن بکرێتەوە. لای مۆدێرنێتە، جیهان تەنیا کەرەستە بوو بۆ کۆنترۆڵکردن و ناچارکردنی بەوەی کە مل بۆ یاسا گشتگیرەکانی مرۆڤ بدات؛ هەوڵێک بوو بۆ زیندانیکردنی واقیع لەناو قاڵبە جێگیرەکانی زمان و هاوکێشە بیرکارییەکاندا. ئەم ویستە بۆ سەروەریی، دەیویست جیهان بکاتە دەقێکی تاکڕەهەند و بێدرز، کە تێیدا هیچ شتێک نادیار و نەسەلمێنراو نەمێنێتەوە، وەک ئەوەی ئهقڵ پادشایەکی زۆردار بێت و جیهانیش کۆیلەیەکی گوێڕایەڵ کە هیچ سەبلایم و نادیارییەکی تێدا نییە. مرۆڤیش لەنێو ئەم تاقیگە گەورەیەدا، کەوتە بەر هەمان ئەو نیگا بابەتی و شیکارییەی کە مۆدێرنێتە بۆ سرووشتی هەبوو. ئەم نیگایە ئاراستەی ناوەوەی مرۆڤ و پەیوەندییەکانیشی کرا. لە مۆدێرنێتەدا مرۆڤ تەنیا ئەو سوژە نەمایەوە کە جیهان دەکۆڵێتەوە و بە ویستەکانی خۆی هەڵیدەسووڕێنێت، بەڵکو بوو بەو ئۆبجێکتەیش کە کۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. ئەگەر پێشتر مرۆڤ لەپاڵ جەستەیدا خاوەن ڕۆحێکی نادیاریش بووبێت، ئەوا مۆدێرنێتە کردی به خانە و دەمار و کاردانەوەی غەریزیی پرۆگرامکراو؛ بە مانایەکی تر لە پیرۆزیی و نادیارییەوە گۆڕی بۆ ماشێنێکی بایۆلۆژی. ئهشق کە مانا نادیارەکەی ژیان بوو، بوو بە هۆڕمۆن و ترسیش بوو بە کاردانەوەی دەماریی بۆ خۆپاراستن. لەم سۆنگەیەوە مرۆڤ چیتر سوژەیەکی ئازاد نییە بە ویستی خۆی بجوڵێتەوە، بەڵکو گوێلەمستی پێکهاتە دەمارییەکەیەتی. مرۆڤ لەنێو ئەم سیستەمە ئهقڵانیەدا کە خۆی لە بیرۆکراسی و کارگەشدا دەبینییەوە، هەستی کرد وەک پێچکێک یان بڕغوێک وایە لەناو مەکینەیەکی زەبەلاحدا.
ماکس ڤێبەر لە کتێبی ئەخلاقی پرۆتێستانت و ڕۆحی سەرمایەداریدا لە زنجیرەیەکی لۆژیکییدا (دەکرێ بڵێین بەشی زۆری کتێبەکەی دەگرێتەوە) باس لەوە دەکات بۆ پرۆتێستانتەکان کارکردن و کۆکردنەوەی سامان ئەرکێکی پیرۆز بوو و پابەندبوون بە کاڵا ماددییەکان وەک کەوایەکی سووک وابوو مرۆڤ دەیتوانی هەرکات بیەوێت دایبکەنێت. بەڵام کاتێک مۆدێرنێتە و سەرمایەداری جێگیر دەبن و ئەو ڕۆحە ئایینییە نامێنێت، سیستەمە ئهقڵانی و بیرۆکراتییەکە دەمێنێتەوە، لێرەدا ئەو باڵاپۆش و کەوا سووکەی مرۆڤ دەیتوانی بەئاسانی و هەرکات بیەوێت دایبکەنێت دەگۆڕێت بۆ قەفەسی ئاسنین کە مەبەست ئەو سیستەمە توندووتۆڵە ئهقڵانیەی مۆدێرنێتەیە خۆی لە یاسا و بیرۆکراسی و تەکنەلۆژیادا دەبینێتەوە. ئەگەر مۆدێرنێتە سروشتی وەک کەرەستە بینی بۆ کۆنترۆڵکردن، مرۆڤیشی وەک کەرەستەیەکی مرۆیی بینی. لەم پڕۆژەیەدا مرۆڤ لە بوونێکی پڕ لە ڕاز و نهێنییەوە گۆڕا بۆ بوونێکی بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتیی شیکارکراو. بۆ ناسینی ئەو جێپەنجانەی مۆدێرنێتە لەسەر ڕۆحی مرۆڤ بەجێیهێشتوون، هونەر و ئەدەبیات دەبنە ڕاستگۆترین ئاوێنە. چونکە ئەوە تەنیا فەزای داهێنانە دەتوانێت هاواری ئەو مرۆڤە بگەیەنێت کە لە نێوان تەقوهوڕی مەکینە و ساردوسڕیی بیرۆکراسیدا پەستێوراوە. هونەر و ئەدەبیات دوایین پەناگەی سیحرن لە جیهانێکدا کە زانست سیحری لێ داماڵیوە. ئەگەرچی لێکۆڵینەوەی ورد لەم گۆڕانکارییە لەڕێگەی مێژووی هونەرەوە کایەیەکی بەرفراوانە و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی دەوێت، بەڵام دەکرێ لێرەدا بەکورتی ئاماژە بە چەند کارێک بدەین کە دۆخی مرۆڤی مۆدێرنیان لە لووتکەی نامۆبوون و بەکەرەستەبووندا بەرجەستە کردووە و هاوکاریشمان دەکەن وێنەیەکی باشتر و ڕوونتری مرۆڤ لەو قۆناغەدا ببینین. کەم تا زۆر هەموومان کافکا دەناسین و ئاشناین بە کارە هەرە گرنگەکانی کە لە کۆشک و دادگایی و بەدگۆڕاندا خۆی دەبینێتەوە. لە کارەکانیدا مرۆڤ لەبەردەم سیستەمێکی بیرۆکراتیی بێڕۆحدا ڕاگیراوە. لە دادگاییدا جۆزێف ک نازانێت تاوانەکەی چییە، بەڵام یاسا و سیستمەکە وەک مەکینەیەکی ورد کار بۆ لەناوبردنی دەکەن. ئەم وێرانەیەی کە کافکا لە نێوان دیوارەکانی بیرۆکراسیدا وێنای کردبوو، لای تی. ئێس. ئەلیۆت بەجۆرێکی تر ڕەنگی داوەتەوە. تی. ئێس. ئیلیۆت لە وێرانەخاکەکەیدا باس لە تێکشکانی مرۆڤی دوای جەنگ و مۆدێرنێتە دەکات و جیهانی مۆدێرن وەک بیابانێکی وشک دەبینێت کە هیچی تێدا ناڕوێت، چونکە ئەم جیهانە ڕۆحی تێدا نەماوە و مرۆڤەکان وەک تەرم بە شەقامەکاندا دێن و دەچن. کارەکتەری مێرسۆش لە ڕۆمانی نامۆی ئەلبێر کامۆدا نموونەی ئەو مرۆڤەیە کە لە مۆدێرنە کەوتووەتەوە. مرۆڤێکی بابەتیی کە هەموو شتێک بە ساردوسڕی دەبینێت و مردنی دایکی و کوشتنی مرۆڤێکیش لەژێر کاریگەریی تیشکی خۆردا لای ئەو تەنیا ڕووداوی فیزیکیین و هیچ مانایەکی میتافیزیکییان نییە. ئەمە ڕێک گەیشتنە بەو خاڵەی کە تێیدا ئهشق دەبێتە هۆڕمۆن و ترسیش دەبێتە کاردانەوەی دەماریی.
لەلایەکی ترەوە، لە ڕۆمانی گاتسبی مەزنی فیتزجێراڵددا، گاتسبی نوێنەرایەتی دوایین مرۆڤی ڕۆمانسی دەکات کە هێشتا بڕوای بە سیحر و موعجیزە هەیە (ئەمە لە تیشکە سەوزەکەدا کورت دەبێتەوە). تراژیدیای گاتسبی لەوەدایە دەیەوێت بە کەرەستە گەنیوەکانی مۆدێرنێتە؛ پارە و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و کۆشک، مانا لەدەستچووەکانی ڕابردوو و ئەو سیحرەی خۆی لە ئهشقی دەیزیدا دەبینێتەوە، بگەڕێنێتەوە، بەڵام مۆدێرنێتە تەنیا ڕێگە بە کەرەستەبوون دەدات نەک پیرۆزیی. لێرەدا باشتر دەتوانین ببینین چۆن پیرۆزترین هەستی وەک ئهشق دەبێتە بابەتی شیکارکراو و ژمێردراو لەنێو هاوکێشە ئابوورییەکاندا. لە شانۆنامەی لە چاوەڕوانی گۆدۆدای ساموێل بێکێتیشدا ئێمە لەبەردەم بیابانێکی ڕووتەڵەداین کە هەر دار و ڕێگەیەکی تێدایە. ئەمە ڕێک ئەو جیهانەیە کە ئهقڵی مۆدێرن پاکتاوی کردووە. مرۆڤی مۆدێرن لای بێکێت، لە سوژەیەکی خاوەن شکۆوە بووەتە بوونەوەرێکی بایۆلۆژیی ماندوو کە لەنێو بازنەیەکی تاقەتپڕوکێنی دووبارەبوونەوەدا گیری خواردووە. فیلمی سەردەمە مۆدێرنەکانی چاپلین، ئەم فیلمە کورتکراوەی ئەو وێنەیەیە؛ “مرۆڤ وەک پێچک و بڕغوو لەناو مەکینەدا”. دیمەنی چوونی بۆ ناو ددانی چەرخە گەورەکانی کارگەکە، نیشانی دەدات چۆن مۆدێرنێتە مرۆڤی لە خاوەن شکۆوە کردووەتە پاشکۆی ئامێر. تابلۆی هاوار The Scream ـی ئێدوارد مونخ کە گوزارشتە لەو تەنیاییە وجوودییەی پاش داماڵینی جیهان لە سیحر و مانا نادیارەکان دروست بوو. لەو چوارچێوەیەدا دەبینین چۆن مرۆڤ لەگەڵ ئهقڵ و سرووشتێکی بێگیاندا تەنیا دەمێنێتەوە. ئەو هاوارە لە قووڵایی بوونییەوە سەرهەڵدەدات. مونخ مرۆڤێکی بێشوناس و بێڕوخسار نیشان دەدات کە لەژێر گوشاری مۆدێرنێتەدا خەریکە دەتوێتەوە.
هێنانەوەی ئەم نموونە هەمەچەشنانە (ڕۆمان، شانۆ، شیعر، فیلم، تابلۆ) دەرخەری ئەو قەفەزی ئاسنینەی مۆدێرنێتەن کە گشت کایەکانی ژیانی گرتووەتەوە. هێنانەوەی ئەم نموونانە و بەتایبەتیش کۆتەیشن لە کتێبەکەی ڤێبەر کە زیادتر هەڵوەستە لەسەر گۆڕانی ئەخلاقی ئایینیی دەکات و لێرەدا بۆ مەبەستی تر بەکارهاتووە، بەسادەیی بۆ نیشاندانی مۆدێرنێتە بوو وەک کولتوورێکی گشتگیر نەک تەنیا تیۆرێکی سیاسی و ئابووری. لێرەوە لێکچوونە جەوهەرییەکە دەردەکەوێت؛ هەمان ئەو ویستە ڕەهایەی مۆدێرنێتە بۆ ناسین و شیکردنەوەی گەردوون هەیبوو، بێبەزەییانە بەسەر مرۆڤیشدا جێبەجێی کرد. ئەگەر مۆدێرنێتە بڕوای وابێت هیچ قوژبنێکی ئەم گەردوونە نییە کە ئهقڵ نەتوانێت بە هاوکێشەکان ڕوونی بکاتەوە، ئەوا بە هەمان نەفەس بڕواشی بە کورتکردنەوەی مرۆڤ هەیە بۆ سەر کۆمەڵێک داتای بایۆلۆژی و کاردانەوەی میکانیکی. لای مۆدێرنێتە، مرۆڤیش وەک گەردوون، دەقێکی ناسراوە نەک نادیار، بابەتێکە بۆ شیکردنەوە نەک بۆ تێڕامان؛ بوونەوەرێکە هیچ ڕازێکی تێدا نییە زانست نەتوانێت بیدۆزێتەوە. بەمەش، گەردوون و مرۆڤ لە یەک خاڵدا یەک دەگرنەوە؛ هەردووکیان شکۆ و سیحری خۆیان لەدەست دا و بوون بە دوو ئۆبجێکتی شیکارکراو لەبەردەم ئهقڵێکی تاقیکار و ئێکسپێریمێنتڵ Experimentalـدا.
بۆ مرۆڤی هاوچەرخ کە باری قورسی ئەم مێژووەی هەڵگرتووە، چیتر جیهان لە ناو یەک چوارچێوەی تیۆریدا کورت نابێتەوە. ئێمە لەبەردەم جیهانێکی سەبلایم – Sublime داین، جیهانێک کە ڕوون نییە و پڕە لەو ڕووداو و دیاردانەی زمان ناتوانێت گوزارشتیان لێ بکات. لای فرانسوا لیۆتار، سەبلایم ئەو ساتەیە کە تێدەگەین واقیع لەوە ئاڵۆزتر و کێویترە زمان و تیۆرییەکان بتوانن وێنەی بکێشن. ئەمە هەستێکی پڕ لە ئازار و چێژە، ئازارە چونکە توانا زمانییەکانمان لێ دەستێنێتەوە و چێژیشە چونکە پێمان دەڵێت شتێکی لە ئێمە گەورەتر هەیە کە نایەوێت ببێتە کۆیلەی گێڕانەوەکانمان. مۆدێرنێتە هەوڵی دەدا جیهان کۆنترۆڵ بکات، پۆستمۆدێرنێتە لێرەوە دەست پێ دەکات؛ ئەو ساتەی مرۆڤ دان بەوەدا دەنێت کە جیهان سەبلایمـە و ناگیرێت و کورتیش ناکرێتەوە. کاتێک زمانمان لە ئاست گەورەیی واقیعدا شکست دەهێنێت، هەموو ئەو گێڕانەوە گشتگیر Comprehensiveـانەی بە غروورەوە دەیانگوت؛ “من هەموو جیهانم” هەرەس دەهێنن. لیۆتار بە ڕاگەیاندنی ‘شکستی حیکایەتە گەورەکان’، نەک هەر بزمارێکی کوشندەی لە جەستەی مۆدێرنێتە و هیومانیزم و مارکسیزم دا کە دەیویست مرۆڤ لە نەخشەیەکی گەورەی مێژووییدا بناسێنێت، بەڵکو کۆتایی بە کۆی ئەو لۆگۆسەنتەریزمە هێنا کە دەیویست جیهان لە قاڵب بدات. بەمەش کۆتایی بەو سەردەمانە هات کە تێیدا مارکسیست و ناسیۆنالیست و هەموو کارەکتەرە خۆسەپێنەکانی دیکەی کایەی کولتووری دەیانویست کۆتانەخشە و دواگێڕانەوەی خۆیان وەک ڕاستی ڕەها بەسەر جیهاندا مۆر بکەن.
لە قووڵایی تێگەیشتنی مرۆڤی هاوچەرخدا بۆ جیهان، تەمومژێکی گەورە هەیە کە هاوشێوەکەی لە خودی مرۆڤیشدا دەبینرێتەوە؛ مرۆڤ هاوشێوەی گەردوون، ناتوانرێت لە نێو یەک پێناسەدا جێی بکرێتەوە. لای لیۆتار، هەروەک چۆن جیهان دابەش بووە بەسەر پاژ و پارچەی بچووکی حەقیقەتدا و چیتر یەک وێنەی گەورە نییە، ناسنامەی مرۆڤیش تووشی هەمان پەرشوبڵاوی هاتووە. مرۆڤ چیتر بوونەوەرێکی یەکگرتوو نییە، بەڵکو دابەش بووە بەسەر هەزاران ناسنامە و ساتی دژبەیەکدا؛ ئەمەش وا دەکات گێڕانەوە و کارەکتەریزەی مرۆڤ لە بۆتەی ئەدەب و لە سۆنگەی کەسانی دەوروبەریشیەوە ببێتە کارێکی ئێجگار دژوار. مرۆڤ تەنیا بینەری شکستی حیکایەتە گەورەکان نییە، بەڵکو خۆشی وەک بابەت تووشی هەمان پارچەبوون و فراگمێنتەیشن دێت. کاتێک جیهان دەبێتە پاژ و پارچەی بچووک، مرۆڤیش لە ناوەوە دەبێتە کۆمەڵێک ناسنامە. بەڵام پارادۆکسەکە لێرەدایە؛ ئێمە زۆر بە ئاسانی حوکم بەسەر مرۆڤدا دەدەین. حوکمی مۆدێرنێتە بڕوای بە مرۆڤی جەوهەری هەبوو، مرۆڤێک کە خاوەنی ناوکێکی نەگۆڕە، وەکچۆن زانستە مرۆییەکانی وەک کۆمەڵناسی و دەروونناسی هەوڵیان دەدا ئەم ناوکە ڕوون بکەنەوە و بیناسێنن. بەڵام میشێل فۆکۆ لە مێژووی شێتییـدا و بەتایبەتیش لە کتێبی دیسپلین و سزادانـدا ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ دەدا؛ پێی وایە دەسەڵات تەنیا لەڕێگەی زیندان و چەکەکانەوە پیادە ناکرێت، بەڵکو میکانیزمە هەرە وردەکەی بریتییە لە پرۆسەی پۆلێنکردن و ناونان. لای فۆکۆ، کاتێک سیستەمێک یان کەسێک دەست دەکات بە پێدانی ناسنامە و دابەشکردنی خەڵک، ئەوا بەپێی ستانداردێکی دیاریکراو خەریکی پیادەکردنی دەسەڵاتێکی سەرکوتکەرە بۆ ئەوەی ئەویدی بخاتە پەراوێزەوە و لەقاڵبی بدات. بۆ نموونە بە یەکێک دەڵێین شێت، بە یەکێکی تر دەڵێین تاوانبار، حوکم بەسەر یەکێکدا دەدەین کە هۆمۆسێکسوالە، لەڕووی سووکایەتییەوە بە مرۆڤێکی بێباوەڕ دەڵێین مەلا، نەخۆش، گەواد، یان تەنانەت زیرەک، لەوکاتانەدا ئێمە لەو مرۆڤە تێناگەین، نایناسین، بەڵکو کۆنترۆڵی دەکەین. پۆلێنکردن و ناونان پرۆسەی ناسین نیین، بەڵکو تەکنیکی کۆنتڕۆڵکردنن. مرۆڤی هاوچەرخ لەبەر ئەوە پەنا دەباتە بەر دڵنیایی لە تێگەیشتنی مرۆڤ، چونکە لە نادیاربوونی مرۆڤ دەترسێت. نادیاریی جیهان مەترسی نییە، بەڵام نادیاریی مرۆیی دەیهەژێنێت. مرۆڤ بە ترسەوە دەست بۆ جیهان دەبات، چونکە جیهان بێباکە بەرانبەری، بەڵام بۆچی ئەوەندە بەدڵنیاییەوە دەست بۆ مرۆڤ دەبات؟ چونکە دەستبردن بۆ مرۆڤی بەرانبەر، جۆرێکە لە دڵنیاکردنەوەی خود. کاتێک من تۆ پۆلێن دەکەم، وەک ئەوە وایە خۆم لەنێو جیهاندا جێگیر بکەم. مرۆڤ کاتێک لە نادیاریی بەرانبەرەکەی دەترسێت، بە ناوێک یان ناسنامەیەک زیندانی دەکات تا هەست بە ئارامی بکات. مرۆڤ لە ترسناکترین دۆخی خۆی دایە کاتێک لە پەیوەندییەکدا کورت دەکرێتەوە بۆ ناوێک و پێناسەیەکی ڕوونی زمانەوانی، چونکە لەوکاتەدا، ناو جێی ئامادەیی دەگرێتەوە و مرۆڤی ناونراو لە جەوهەرە نادیارەکەی دادەماڵرێت و دەبێتە قوربانیی ئەو تێگەیشتنەی کە ئەویتری وەهمیی بۆی دەستنیشان کردووە. ئەویتر، ئەو سێبەرە پووچەی کە لاکان پێمان دەڵێت ‘بوونی نییە’، کەچی بە دەبەنگییەکی مەعریفی و غروورێکی پێکەنیناوییەوە دەیەوێت لە نەبوون و چۆڵایی خۆیدا، پێناسە و سنوور بۆ بوونێکی تر دابنێت.
لە چوارچێوەی ئەم باسەدا و بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو دۆخەی کە مرۆڤێک لەڕێی نیگا و جووڵە و نمایشە تایبەتییەکانی خۆیەوە ئەویتر کورت دەکاتەوە و دەیکات بەو شتەی خۆی دەیەوێت، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە ڕۆمانێکی پۆڵەندی بدەم کە لە ساڵی 1937 بڵاو کرایەوە و شۆڕشێکی گەورە بوو بەسەر ئەدەبییاتی ئەوسای پۆڵەندادا. ڕۆمانی فێردیدۆرکی ڤیتۆڵد گۆمبرۆڤیچ. باس لە جۆزیۆ دەکات کە نووسەرێکی تەمەن سی ساڵەی لەڕووی بایۆلۆژییەوە پێگەیشتووە. جۆزیۆ تازەبەتازە کتێبێکی بە ناوی ‘یاداشتەکانی سەردەمی پێنەگەیشتوویی’ بڵاو کردووەتەوە (کە هاوناوی یەکەمین بەرهەمی گۆمبرۆڤیچیشە، بۆیە دەکرێ بڵێین گێڕەرەوەی ڕۆمانەکە کە جۆزیۆیە دەنگی نووسەریشە.) کتێبەکەی جۆزیۆ لەبارەی کەسایەتی خۆیەتی، باس لەو ململانێیە دەکات کە مرۆڤێک حەزی لە پێنەگەیشتوویی و ئازادییە، بەڵام کۆمەڵگە فشاری پێگەیشتوویی و ملکەچبوونی دەخاتە سەر. لای جۆزیۆ، کاتێک دەگوترێ کەسێک پێگەیشتووە، بە مانای ئەوە دێت ئەو کەسە لە قاڵب دراوە و ئازادییەکەی لێ زەوت کراوە. جۆزیۆ ئازادی و ڕەسەنایەتی خۆی لە پێنەگەیشتووییدا دەبینێتەوە و لە کتێبەکەیدا گاڵتە بە پێگەیشتوویی دەکات و وەک دەمامک وێنای دەکات، ئەو دەمامکی پێگەیشتووییەی کە شتێکی سروشتی نییە و فۆرمێکە کۆمەڵگە بەسەر تاکدا سەپاندوویەتی بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بکات. بەگشتی لای جۆزیۆ؛ پێگەیشتوویی درۆیەکە مرۆڤەکان بۆ یەکتری دەیکەن، بۆ ئەوەی فەوزای ناوەوەی خۆیان لەیەکدی بشارنەوە. پێنەگەیشتووییش، ئەو سەبلایمەیە کە مۆدێرنێتە و شارستانییەت ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن.
لێرەدا، چەند خاڵێکی هاوبەش لەنێوان دیدگای فرۆید و دۆخی جۆزیۆدا بەرجەستە دەبن. وەک دەزانین، فرۆید پێی وایە شارستانییەت لەسەر بنەمای سەرکوتکردنی غەریزە سەرەتاییەکان بونیاد نراوە، واتا بۆ ئەوەی مرۆڤ ببێتە بوونەوەرێکی شارستانی، دەبێت بەشێکی گەورە لە ئازادی و غەریزە خۆرسکەکانی خۆی بکاتە قوربانی نەزم و یاسا. لە بەرانبەردا، جۆزیۆ پێگەیشتوویی وەک زیندانێکی شارستانیی دەبینێت کە تێیدا مرۆڤ لە جەوهەرە بێسەروبەرەکەی خۆی دەشۆردرێتەوە. ئەو دەیەوێت بگەڕێتەوە دۆخی ناشارستانی و ئازادانەی پێنەگەیشتوویی، چونکە لەوێدا غەریزە و ڕەفتارەکان کۆتوبەند نەکراون و نەخراونەتە ناو قاڵبی ڕەوشت و ئەتەکێتەوە و مرۆڤیش وەک سەبلایمێکی دەستەمۆنەکراو ماوەتەوە. خاڵە هەرە سەرنجڕاکێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات، لەکاتێکدا کتێبەکەی جۆزیۆ هەوڵێکە بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتیی لەدەست فۆرمە دەستکردەکانی کۆمەڵگە، کەچی نووسینی کتێبەکە خۆی دەبێتە تەڵەیەک بۆی. پارادۆکسەکە لەوەدایە، جۆزیۆ دەیەوێت بە ئامرازی پێگەیشتووان کە زمان و نووسینی کتێبە، بەرگریی لە پێنەگەیشتوویی بکات. ئەمەش وا دەکات بکەوێتە ناو ئەو تەڵە زمانییەی کە تێیدا ئەویتر دەتوانێت دووبارە پۆلێنی بکاتەوە و ڕاپێچی قۆناغی منداڵیی بکاتەوە.







































































