لەمێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا؛ بە دەگمەن سەرکردە هەبووە وەک “دۆناڵد ترەمپ” بەو خێراییە لێدوانە ستراتیژییەکانی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، لە کاتێکدا گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو لە زیادبوونە، جارێکی دیکە پرسی بەکارهێنانی هێزە چەکدارە نەیارەکانی ئێران، بەتایبەت لایەنە کوردییەکان، وەک ئامرازێکی گوشار دژی تاران هاتۆتە پێشەوە. “دۆناڵد ترەمپ”، سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانی خۆی بۆ جووڵەی شەڕڤانە کوردەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن دەربڕی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. ئەم هەڵوێستە مشتومڕێکی گەورەی لە واشنتۆن و تەلئەبیب دروستکرد سەبارەت بەوەی ئایا دەکرێت ئەم هێزانە وەک “هێزێکی سەر زەوی” هاوشێوەی “هاوپەیمانی باکوور” لە ئەفغانستانی ساڵی 2001 بەکاربهێنرێن بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران.
ئێران وڵاتێکە لە ڕووی نەتەوەییەوە فرەڕەنگە، خاوەنی ملیۆنان کەسە، جگە لە فارسەکان، ئازەرییەکان، کورد، عەرەب، بەلووچ و تورکمانەکان هەن، هەرچەندە ئازەرییەکان گەورەترین کەمینەن و تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت بوون، بەڵام لە ناوچە سنوورییەکانی وەک کوردستان و بەلووچستان، بزووتنەوەی چەکداری بوونیان هەیە. ستراتیژیی کارکردن لەسەر لایەنی نەتەوەیی مەترسییەکی گەورەیە؛ چونکە ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوخۆیی کە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بێت و یەکپارچەیی خاکی ئێران بخاتە مەترسییەوە. تاران بەردەوامە لە بۆردومانکردنی بنکەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان و بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەیانبینێت. لە ناوخۆی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیشدا یەکدەنگی نییە؛
ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران، هەر جۆرە داواکارییەک بۆ مافی چارەی خۆنووسین لەلایەن کوردەکانەوە بە هێڵی سوور و هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی ئێران دەبینێت. لە بەرانبەردا، نوێنەرانی کورد جەخت دەکەنەوە کە نایانەوێت ئێران دابەش بکەن، بەڵکو داوای سیستەمێکی فیدراڵی دەکەن کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت. لە ئاستی ناوچەییشدا، تورکیا بە گومان و ترسەوە دەڕوانێتە ئەم جووڵانە. ئەنقەرە دەترسێت چالاکبوونەوەی بەرەی کوردی لە ئێران، ببێتە هۆی بەهێزبوونی تۆڕە چەکدارییە کوردییەکان لە سەرانسەری سنوورەکان و کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ناوخۆیی تورکیا و هاوسەنگییەکانی ناوچەکە هەبێت.
لە کۆتاییدا؛ کارتی کوردی شمشێرێکی دووسەرە؛ هەم دەتوانێت گوشارێکی کاریگەر بێت بۆ سەر تاران، هەمیش دەکرێت ئاگری شەڕێک بگەڕێنێتەوە کە هەموو ناوچەکە بگرێتەوە. هاندانی شەڕ، کورد وەک سوتەمەنی؛ ترەمپ سەرەتا بەزمانی سەوداگەری دەستیپێکرد، کاتێک بەشداریی کوردانی لەشەڕی زەمینی دژی ئێران بەکارێکی “ناوازە” ناوبرد، پەیامێکی ناڕاستەوخۆی بۆ هێزە کوردییەکان نارد کە ئەمریکا چەترێکی پارێزەر دەبێت بۆیان، ئەمە هاندانی هێزێکی سیاسیی بوو بۆ چونە ناو جەنگێکی خوێناوی کە دەکرێت تەواوی ناوچەکە بسوتێنێت. پاشەکشێی سۆزداری، کورد وەک قوربانی؛ تەنها چەند کاتژمێرێک دواتر، لە بنکەی دۆڤەر، پهیامهكه 180 پلە گۆڕا، ترەمپ وتی، “نامەوێت کوردەکان بکوژرێن”، ئەم لێدوانە، هەرچەندە لەڕواڵەتدا مرۆیی دەردەکەوێت، بەڵام لەناوەڕۆکدا دوفاقییەکی کوشندەیە؛ چونکە نیشانیدەدات کە واشنتۆن هیچ پلانێکی ستراتیژییو درێژخایەنی بۆ پاراستنی ئەو هاوپەیمانانە نییە کە هانیاندەدات بۆ جەنگ.
ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم دوفاقییەى ترهمپ بهرامبهر بهكورد بەکارهێنانی تاکتیکی؛ بۆ ترەمپ، کورد هاوبەشێکی ستراتیژی نییە، بەڵکو کارتی فشارە، هەر کاتێک بییەوێت تاران بترسێنێت، باسی ناوازەیی کورد دەکات و هەر کاتێک بیەوێت لەبەرپرسیارێتی ڕابکات، باسی خەمخۆریی بۆ ژیانیان دەکات. بێباکی لە هاوپەیمانی؛ ئەم شێوازە لەمامەڵە، بیرەوەرییە تاڵەکانی ساڵی 2019 “کشانەوە لەڕۆژئاوای کوردستان” زیندوو دەکاتەوە، سیاسەتی بەرژەوەندیی کاتی، ترەمپ دەیەوێت بەبێ خەرجکردنی یەک دۆلارو بێ کوژرانی یەک سەربازی ئەمریکی، گەورەترین گورز لەئێران بوەشێنێت، تەنانەت ئەگەر باجەکەی لەناوچوونی نەتەوەیەکی دیكهش بێت.
دوفاقییەکەی ترەمپ دەریدەخات کە کورد لەهاوکێشەی ئەمریکا پێش هەموو شتێکدا، تەنها ژمارەیەکی کاتییە، ئەم گۆڕانکارییە خێرایە لەلێدوانەکاندا نەک هەر جێگەی متمانە نییە، بەڵکو زەنگێکی مەترسییە بۆ هێزە کوردییەکان کە نابێت لەسەر بنەمای “تویت”و “لێدوانی سەرپێیی” بڕیارە چارەنوسسازەکانی خۆیان بدەن.







































































