“پلان بۆ ڕزگاركردنی باشووری كوردستان”
لەگەڵ ئاشتەوایی و رێكەوتنی “پارتی و یەكێتیی”، بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ ئاشتەوایی كەوتە نێوان هەردوو بەرەی “جود و جودەق”. بەو هۆیەوەش بیرۆكەی “ناوچە ڕزگاركراوەكان” هاتە بەر باس. بە ئاستێك بووە هیواو كاری هەردوو پارتی دەستڕۆیشتوو تا بە كۆی پارت و ڕەوتە كوردییەكانی باشووری كوردستانی نێو هەردوو بەرەكە دەگات. بەو پێیەشی ئەو بیرۆكەیە لە بنەڕەتدا پلانی “كۆماری ئیسلامی ئێران” بوو، تا لەو رێگایەوە فشارەكانی لەسەر دەوڵەت و حكومەتی ئێراق توندتر بكاتەوەو ناچار بە شكستی بكات، بەڵام بۆ ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانە، بێ سوود نەبوو.
كورتەی پلان و بیرۆكەكەش ئەوە بوو، كە هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی و یەكێتیی و كۆی ڕەوتە كوردییەكان، بچنە ناوچە كوردییەكانی سنووری ناوچەی ئۆتۆنۆم و گوند لە دوای گوند و شارەدێ لە دوای شارەدێ و شارۆچكە لە دوای شارۆچكە ئازاد بكەن، تا دەگەنە مەڵبەندی شارەكان. سەرەتاش لە ناوچە سنوورییەكانەوە دەست پێبكەن، تا دەگەنە قوڵایی خاكی باشووری كوردستانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ئێراق. دواتر لەوێوە بانگەشەی حكومەتی نوێ ئێراق بكەن. حكومەتەكەش بەناوی “حكومەتی ئازادی ئێراق” ناوبنرێت. پلانێك پێشتر “كۆماری ئیسلامی ئێران” لە باشوور و ناوەڕاستی ئێراق و بەهۆی هێزە شیعە بەرهەڵەستكارەكانی ئێراقەوە بڕیاری لێ دابوو، بەڵام شكستی هێنا. هەربۆیە دەیویست قەرەبووی ئەو شكستەی باشووری ئێراق، لە بەری باكووری ئێراق و ناوچە كوردستانی و كوردنشینەكان بكاتەوە. ئەو پلانەش بۆ كۆی پارت و ڕەوتە كوردییەكانی باشووری كوردستان، گرنگ و بە سوود بوو، بەوەی لە هێزی بەرهەڵستكارەوە، دەبوونە هێزی هێرشبەر. ئەمەو لەناو خاكی ئێران و ناوچە سنوورییەكانەوە، دەهاتنە نێو خاكی خۆیان و لە بری شەری چەكداری، حكومی خۆرێبەریان ئەكرد. ئەوەش بۆ ئەوان، نەك هەر كەم نەبوو، بەڵكو زۆر گرنگ و گەورەش بوو.
لەلایەكی دیكەوە زۆرینەی پارت و ڕەوتە كوردییەكانی باشووری كوردستان، گەیشتبوونە ئەوەی، تا هێزەكانیان بە تەواوی لە ناوچە سنوورییەكانەوە، نەهێننە ناو قوڵایی خاكی باشووری كوردستان و لە رێكخستنەكانیان و خەڵكی خۆیان نزیك نەبنەوە، نە دەتوانن پشتیوانیان بكەن، نە دەتوانن بیانپارێزن. ئەوەش لە دوای ئەوەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، گەیشتبوونە نێو خاكی باشووری كوردستان لە ناوچە سنوورییە كوردییەكانی هەردوو پارێزگای “سولەیمانی، هەولێر”. بەوەش ئەو ناوچە سنووریانە، زیاتر لە ساڵانی پێشوو وەك گۆڕەپانی جەنگی گەورەی نێوان هەردوو وڵاتی “ئێران و ئێراق” دەركەوتن. گەیشتە ئەوەی تۆپەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاسانی لە ناوچەی پێنجوێن و شارباژێرەوە بگاتە ناو شاری “سولەیمانی”، كە ساڵانی پێشتر تا مەڵبەندی شارۆچكە و شارەدێ و گوندە سنوورییەكان دەهات. لێرەوە بیرۆكەی “ناوچە ئازادكراوەكان” خرایە بواری جێبەجێكردن. بەوەی هەردوو پارتی كوردی ناوبراو، لە سنووری دەسەڵاتی چەكداری خۆیانەوە، هێزەكانیان گەیاندە ئەو ناوچانە و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش، بە چەكی سوك و تەقەمەنی هاوكاریان بوون. ئەمەو خودی ئەو دەوڵەتەش بە چەند یەكەیەكی سوپای پاسداران و بەسیج و بە تۆپی دوورهاوێژ، پشتیوانی ئەو هێزە كوردییانە بوون. بەو هۆیەش هێزەكانی “یەكێتیی” لە ماوەیەكی كەم و لە دوای چەند شەڕ و پێكدادان، دەستیان گرت بەسەر چەندین گوندی ئاوەدان و وێرانكراوی ناوچەكانی “گەرمیان، هەورامان، پێنجوێن، شارباژێر، پشدەر، بیتوێن، باڵەكایەتی”، تا بە ناوچەكانی “دوكان و قەرەداغ” ئەگات.
هاوكات لەگەڵ ئەو كارەی یەكێتیی، “پارتی دیموكراتی كوردستان”یش دەستی گەیشتە چەندین گوندی ئاوەدان و وێرانكراوی ناوچەكانی “مێرگەسوور، سیدەكان، چۆمان”، كە هاوسنوور بوون لەگەڵ خۆرهەڵاتی كوردستانی بندەستی كۆماری ئیسلامی ئێران. لەوێشەوە گەیشتنە ناوچەی بادینانی سنووری پارێزگای دهۆك. ئەو چالاكیانە وەك دروستكردنی ئیدارەی خۆسەری وابوون، كە “دوو” پارتی كوردی هەنگاویان بۆ ناو دەستیان گەیشتە ناوچەكانی خۆیان و بوونە خۆ بەڕێوەبەری ئەو ناوچانە. ئەمەو وەك پیادەكردنی ئەزموونی حكومداریش وابوو، تا لەوێوە دەست پێبكەن و خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بكەن. لەپاڵ ئەو “دوو” هێزەش، پارت و ڕەوتە كوردییەكانی تریش بەشداریان لەو كارەدا كرد و هەریەكەیان بەپێ نزیكی و هاوپەیمانیان لەو “دوو” پارتە بەهێزە، بەشدارییان كرد. وەك ئەوەی هەریەك لە “حیزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان، پارتی گەلی دیموكراتی كوردستان، حیزبی شیوعی ئێراق، پارتی سۆسیالیستی كورد” لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی بەشداریان كرد و ئەوانەشی لەگەڵ یەكێتیی هاوپەیمانییەتیان هەبوو، لەگەڵ ئەو هاوبەشیان كرد. بەو ڕووداوەش چەندین گوند و شارەدێ، چوونە ژێر سایەی دەسەڵاتی یەكێتیی و پارتی و چەندین گوندی وێرانكراویش، تا ئاستێك ئاوەدان كرانەوەو بوونە بەشێك لە دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانە.
دەسپیك و پلانی جێبەجێكردنی ناوچە ئازاد كراوەكان، زۆر بە خێرایی چووە پێش. هەروەها سەركەوتنە بەردەوامەكانی هێزی پیشمەرگەی كوردستانیش، دوور بوون لە چاوەڕوانییەكان. بە ئاستێك “یەكێتیی” بە باشی دەستی گەیشتە ئەو ناوچانەی ئاماژەمان پێدا. “دەنگی گەلی كوردستان”ی ئۆرگانی “یەكێتیی”ش ڕۆڵی خۆی لە گەیاندنی سات بە ساتی هەواڵی ناوچە لە دوای ناوچەی ئازادكراودا هەبوو بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و دەرەوەی.. هەروەها “پارتی”ش لە سنووری خۆی لە رێگای “دەنگی كوردستان”ی ئۆرگانی خۆیەوە، هەمان ڕۆڵی بە باشی گێڕاو سات بە ساتی شاڵاوەكان و ناوچە ئازادكراوەكانی گەیاندە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و دەرەوەی. ئازادكردنی ناوچە لە دوای ناوچەی سنووری، تا بە ناوچەكانی تر ئەگات، كاریگەری لەسەر سنوورداربوونی هێزە كرێگرتە كوردەكان بینی، و چەندین فەرماندەی ئەو هێزانە، پەیوەندییان بە پارت و ڕەوتە كوردییەكانەوە كرد. ئەوەش زیانی بە هێزی چەكداری حكومەتی ئێراق گەیاند، چونكە پێشتر ئەو هێزە كرێگرتانە، بۆ شەڕی هێزی پێشمەرگەی ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانە بەكار دەهێنران. هەربۆیە دەبوا بیر لە رێكاری تر و كاردانەوەی تر بكاتەوە.







































































