“فۆکۆیاما” لە کتێبەکەیدا؛ “ناسنامە، داواکارییەکانی شکۆ و سیاسەتی نیگەرانی” ئاماژە بەوە دەکات کە سەری سوڕماوە بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترامپ بە سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەر لە کتێبەکەیدا باس لە لاوازبوونی دامەزراوەکانی مۆدێرنی سیاسی ئەمریکا دەکات، کە دەوڵەت کەوتووەتە دەست گرووپی تایبەتمەند کە پێگەی خۆی بە جۆرێک چەسپاندووە ڕێگەی لە چاکسازی گرتووە، هەروەها دەڵێت “دۆناڵد ترامپ” بەرهەمی ئەم ڕزین و لاوازبوونەیە. کێشەکە لەبارەی ترامپەوە دوو لایەنە؛ هەم سیاسەتەکەی و هەم کارەکتەرەکەی، لە کاتێکدا خۆسەپاندنی بەسەر لایەن و دەوڵەتانی تر و ئەوانەی کە هاوپەیمانی ئەمریکان، ناسەقامگیری خستووەتە نێو سیستەمی نێودەوڵەتییەوە. هەروەها “فۆکۆیاما” دەربارەی کارەکتەری ترامپ دەڵێ ئەو سیفاتانەی کە پێویستە سەرکردایەتی گرنگ و هێژا هەیبێ لەودا دەگمەنن و ئامانجی ترامپ بە درێژایی ژیانی تەنها بریتی بووە لە خۆدەرخستن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هەموو ڕێگەیەک دەگرێتەبەر. ترامپ نوێنەرایەتی ڕەوتێکی فراوانی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکات کە پێی دەوترێت “پۆپۆلیزمی ناسیۆنالیزم” سەرکردەکانی پۆپۆلیست هەوڵ دەدەن لەڕێگەی ئەو شەرعيیەتەی هەڵبژاردن پێی داون دەسەڵات لە دەستی خۆیان کۆبکەنەوە و قۆرخ بکەن.
ئەم بابەتە بەدواداچوون و شیکردنەوە بۆ ئەو ڕێبازە سیاسەتییە دەکات کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی “دۆناڵد ترامپ” کە سیاسەت و بڕیارە سیاسییەکانی زۆرجار لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە “سەیر” یان پێشبینینەکراو ناودەبرێت، بە شیکردنەوەی بوارە سەرەکییەکان- لەوانەش پەیوەندییەکانی دەرەوە، ناسیۆنالیزمی ئابووری، سیاسەتی کۆچبەری و پەیوەندییە سیاسییەکان. ماوەی سەرۆکایەتی “دۆناڵد ترامپ” بە یەکێک لە مشتومڕاویترین و ناتەقلیدیترین قۆناغەکانی سیاسەتی هاوچەرخی ئەمریکا دادەنرێت. شێوازی سەرکردایەتی و بڕیارە سیاسییەکانی زۆرجار لە نۆرمەکان و دامەزراوەکان جیا دەبوونەوە، ئەمەش بووەتە جێگەی پرسیار کردنی بەرفراوان لە نێوان زانایان و شارەزایان و داڕێژەرانی سیاسەت و زۆرێک لە چاودێران کردەوەکانی ترامپ بە “سەیر” ناودەبەن. گەڕانەوەی “دۆناڵد ترامپ” بۆ جاری دووەم بۆ کۆشکی سپی لە زۆر ڕووەوە کاریگەری زۆر بوو، زۆرترینیان لە سەردەمی پەرەسەندنی ململانێکان و گرژییە جیهانییەکاندایە. بە گرنگیدانێکی نوێ بە بەرژەوەندییە ناوخۆییەکان و ڕێبازێکی پراگماتیک و هەندێکجاریش ئیمپاسیڤ لە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان، پێشتر ئاماژەی بە دووبارە قەبارەدانانێکی بەرچاوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا کردووە.
“دۆکترین (ڕێباز)ی دۆناڵد ترامپ”
تێڕوانین و ڕوانگەی ترامپ لەبواری سیاسەتی دەرەوە و شێوازی ڕەفتارکردن لەگەڵ هاوپەیمان و نەیارانی بۆتە جێگەی سەرنج و لێکۆڵینەوەی ناوەندە ئەکادیمییەکان و پسپۆرانی سیاسی، لە ڕووەوە پرسیارگەلێک دەکرێن ئایا ترامپ دۆکترینی تایبەتی خۆی هەیە؟ ئەگەر هەیە چۆنە؟ و…هتد. بەشێک لە پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە “ترامپ” ستراتیژیێکی ڕوون و گشتگیری نییە بۆ ڕەفتارکردن لەگەڵ هاوکێشە سیاسییەکان لەسەر ئاستی سەرەکی هەربۆیە سیاسەتەکەی بە ناسەقامگیر و ناجێگیر و ئاڵۆز و دژیەک و پێشبینینەکراو، نامسۆگەر پێناسە دەکەن. “ڕیچارد هاس” یەکێکە لە بیرنەندە ئەمریکییەکان کە ڕەخنەی تووند لە ترامپ و ستراتیژییەکەی دەگرێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ستراتیژییەکانی ئەو جیاوازییەکی زۆری هەیە نەک تەنها لەگەڵ ئیدارەکانی پێش خۆی، بەڵکو لەگەڵ هەموو ئەو سیاسەتانەی ئەمریکا کە ماوەی نیو سەدەیە لەسەر ئاستی دەرەکی پراکتیزی دەکات ستراتیژییێکی گۆشەگیر “Isolation” نییە وەک هەندێ کەس باسی دەکەن بەڵکو زیاتر دەکەوێتە چوارچێوەی ستراتیژیێکی “Abdication” کە بەگوێرەی ئەو ستراتیژییە ئەمریکا بەشێوەیەکی خۆبەخشانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی واز لە بەرپرسارییەتی دەهێنێت و چیتر ڕۆلی سەرکردایەتی کردن نابینێت لە پارێزگاریکردنی لە هاوپەیمانەکانی و ئەو دامەزراوانەی هەرێمی یان جیهانی کە پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتی لەسەری دارێژراون “Richard، 2017” لەم روانگەیەوە “ڕیچارد هاس” ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا بەدرێژایی نیو سەدەیە بەتایبەتی دوای جەنگی دووەمی جیهانی تاکو ئێستا ڕۆڵی سەرکردەی گێڕاوەلە دروستکردن و ئاراستەکردنی سیستەمی نێودەوڵەتی بەڵام لە ژێر سایەی ئیدارەی ترامپدا بەشێکی زۆری ئەو پرنسیپانە لەژێر پرسیاری ڕاستەقینەدان لەلایەن ئیدارەی ترامپدا رەتدەکرێنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەی ترامپ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پارێزگاریکردن و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا لە کارە هەرە لەپێشەکانی ستراتیژی دەرەوەی وڵات دەبێت، بەو مانایەی کە سیاسەتی ئیدارەدانەکەی هاوتەریب بێت لەگەڵ پرنسیپی ئەمریکا یەکەم “Richard، 2017”لەم چوارچێوەیەدا ترامپ ڕەخنەی تووندی لە ئیدارەکانی پێش خۆی دەگرێ کە کات و پارەی زۆریان بەهەدەر داوە بۆ بوونیادنانی دەوڵەتەکانی تر بەلام لەسەر ئاستی ناوخۆیی شکستییان هێناوە لە ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوەی ئەمریکا. هەڵەی گەورەی پسپۆڕانی واشنتۆن ئەوەیە، دەیانەوێت ترامپ بخەنە ناو قاڵبە ناسراوەکانی زانستی سیاسییەوە، وەک واقیعی یان گۆشەگیر. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە ترامپ هیچ دۆکتۆرینێکی جێگیری نییە. ئەو بەپێی تیۆرییە نێودەوڵەتییەکان بڕیار نادات، بەڵکو بڕیارەکانی بەرەنجامی ساتەوەخت و بەرژەوەندییەکی خێران. نەبوونی چوارچێوەیەکی فکری جێگیر وا دەکات ترامپ زۆر قورس بخوێنرێتەوە و بتوانێت کردارێکی کتوپڕ ئەنجام بدات کە کەس چاوەڕێی ناکات.
“تێکەڵبوونی هەڕەشە و کردار”
زۆر کەس وایان دەزانی هەڕەشەکانی ترامپ تەنها بۆ فشارن و جێبەجێیان ناکات. بەڵام ترامپ قسەکانی هەم وەک ئامرازێکی فشار و هەم وەک ئامادەکاری بۆ کردار بەکاردێنێت. ئەو ڕێگە دەدات بیرۆکەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناو میدیادا بمێننەوە، پاشان کاتێک هەلەکە دەڕەخسێت، لەناکاو جێبەجێیان دەکات. وەک ئەوەی لە ڤەنزوێلا ڕوویدا؛ زۆر کەس وایان دەزانی تەنها قسەیە، بەڵام ئەو خەریکی داڕشتنی پلان بوو. خەڵک وایان دەزانی ترامپ چونکە لە خولی یەکەمیدا حەزی لە جەنگ نەبووە، کەواتە دەست بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی نابات. بەڵام ترامپ تەنها ڕقی لە جەنگی درێژخایەن و جێگیرکردنی هەزاران سەربازە بۆ ماوەی چەندین ساڵ. ئەو هیچ کێشەیەکی نییە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی خێرا، شانۆیی و تووند کە وێنەیەکی بەهێزی لێ دروست بکات. ئەوەی لە ڤەنزوێلا ڕوویدا جەنگ نەبوو، بەڵکو هەڵکوتانێکی تووند بوو کە ترامپ ئارەزووی دەکات. بەڵام ئەوەی لە ئێراندا تاکو ئێستاش بەردەوامە بابەتەکە بە ئاقارێکی تردا دەبات، بەتایبەتی کاتێک لە ئاسمانی ئێران فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دەسووڕێنەوە و بەردەوام خەریکی بۆردومانکردنی ناوچە جیاجیاکانی ئێرانن و لە لایەکی ترەوە ترامپ لە میدیاکانەوە و لە رێێ تویتەکانییەوە بە ئەرێنیی قسە دەکات و گوایە خەریکی گفتوگۆ و نزیکبوونەوە لە دبلۆماسیین، ئەنە سەرلێشێواوی دۆکترینی ترامپ دەردەخات کە بە سیاسەتی تایبەتی و ستراتیژی ئەو ناسراوە. پسپۆڕان کاتێک دەبیستن گۆڕینی ڕژێم، تەنها ئێراقیان بیر دەکەوێتەوە. بەڵام ترامپ مۆدێلێکی تری بەکارهێنا؛ ئۆپەراسیۆنی گرتن و بردن لە ڕێگەی هێزە تایبەتەکانەوە. ئەمە مۆدێلێکە لە نێوان هەڵکوتان و دەستوەردانی سەربازیدایە. ترامپ لەم ڕێگەیەوە نیشانی دا کە دەتوانێت سەرۆکی وڵاتێک دەستگیر بکات بێ ئەوەی وڵاتەکەی تووشی جەنگێکی وێرانکەر بکات وهک ڤەنزوێلا، بەڵام لە ئێراندا دۆخەکە بەتەواوی جیاوازە، کوشتنی رێبەری باڵا و کەسایەتییە دیار و گەورەکانی ئێران کە تا ئێستاش بەردەوامە، پرسەکە ئاڵۆزتر دەکات، سەرباری ئەم هەموو وێرانکارییەی کە لەتەواوی ناوچە و گوند و شارەکانی ئێراندا روویانداوە و روودەدات، گۆرینی رژێم لە ئێران لە کاتەکانی جەنگدا باسی لێوەکرا و ئێستا کەمتر جەخت لەسەر گۆڕینی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەکرێت، و زیاتر فۆکەس لەسەر شوێن و بنکە ئەتۆمییەکان و شوێنەکانی وزەی و گەرووی هورمزە، سەبارەت بە گۆران یا کەوتنی رژێم، خۆڕاگریی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای دەیان ساڵ نائارامی ناوخۆیی، قەیرانی ئابووری و گوشاری دەرەکی، مەتەڵێکی بەرچاو لە شیکاری سیاسیدا دەخاتە ڕوو. مانەوەی ڕژێم ڕەگ و ڕیشەی لە شەرعییەتی جەماوەریدا نییە بەڵکو لە سیستەمێکی ئاڵۆزی خۆڕاگری دامەزراوەیی، توانای زۆرەملێ، یەکگرتوویی نوخبە و دژایەتیی پارچەپارچەدایە. ڕژێمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی فشار و قەیرانە جیاوازەکان بووە، وەک کێشەی ئابووری، ناڕەزایەتی گشتی، و فشارە نێودەوڵەتییەکان. بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو هۆکارانە، هێشتا ماوەتەوە. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک هۆکاری سەرەکی، وەک کۆنترۆڵی تووندی ناوخۆ، یەکگرتوویی دامەزراندەکانی دەسەڵات، و نەبوونی جێگرەوەیەکی ڕوون لە ئۆپۆزیسیۆن. هەروەها، هەندێک هۆکاری دەرەکی وەک هەڵوێستی وڵاتانی تر ڕۆڵیان هەیە لە بەردەوامبوونی ئەم ڕژێمەدا. بەم شێوەیە، ڕژێمی ئێران لە نێوان فشار و گۆڕاندا دەژیت، بەڵام هێشتا توانای مانەوەی هەیە.
کاتێک باس لە پشتگیری وڵاتانی تر دەکرێت، مەبەست ئەوەیە کە هەندێک دەوڵەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ یارمەتی دەدەن بۆ ئەوەی ڕژێم بتوانێت لەبەرامبەر فشارە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام بێت. بۆ نموونە چین، بە کڕینی نەوت و پێشکەشکردنی هەلی بازرگانی، یارمەتی دەدات ئابووری ئێران تەواو لاواز نەبێت، تەنانەت لە کاتی سزادانیش. هەروەها ڕوسیا لە ڕووی سیاسی و سەربازی پشتگیری دەکات و زۆرجار لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکاندا هەوڵ دەدات فشارەکان کەم بکات یان ڕێگری لێبکات. ئەم پشتگیرییانە تەنها لایەنی ئابووری و بازرگانی نییە، بەڵکو مانای ئەوە دەردەخات کە ڕژێم تەنها نییە و هاوپەیمانی هەیە. ئەمەش گرنگە، چونکە لە سیاسەتدا، هەبوونی هاوپەیمان دەتوانێت هێز و دڵنیایی زیاتر بکات. بەم شێوەیە، هەڵوێستی ئێران و ئەم وڵاتانە دەبێتە یەکێک لەو هۆکارانەی کە وای لێدەکات هێشتا بتوانێت لە نێوان ئەو هەموو کێشە و فشارانەدا بمێنێت و نەکەوێت. شارستانیەتی فارس یەکێکە لە کۆنترین و قوڵترین شارستانیەتەکانی ناوچەکە، بە درێژای مێژوو فارس توانیویەتی هەموو شەر و ئاستەنگ و ناکۆکیەکان تێبپەرێنێت، ئەم شارستانیەتە توانیویەتی هاوتەریب بە دروستبونی دەوڵەتی ئێران بروات و تەشەنە بکات ئەمەش بوونیادێکی تۆکمە و تووندی دروستکردووە لە ناو ئیدارەی دەوڵەت و سیاسەتی حوکمرانی ئێراندا. “ڕایان ئیڤانز” جەخت دەکاتەوە کە نابێت ئیتر بپرسین ئایا ترامپ بە چی بڕوایە، بەڵکو دەبێت بپرسین ئایا ئەم کارە لای ترامپ وەک سەرکەوتنێکی خێرا و نیشاندانی هێز دەبینرێت؟ ترامپ ئێستا بە ڕاشکاوی دەڵێت ئێمە ڤەنزوێلا بەڕێوە دەبەین و لە ناردنی سەربازیش ناترسین. ئەمە واقیعی نوێی جیهانە؛ جیهانێک کە تێیدا یاسا نێودەوڵەتییەکان لاواز بوون و تەنها هێزی ڕەها بڕیار دەدات. سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک دیارە ترامپ و “بنیامین نەتانیاهۆ”ی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەردەوام لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان بوون و تەنانەت ئەمریکا بە یەکەمین هاوپەیمانی گرنگ و گەورە و لەپێشینەی ئیسرائیل دادەنرێت وەک پێشتر لە کاتی شەڕی غەززەدا و ئێستاش لەکاتی شەڕی ئێران، ترامپ لە مێژە ڕق و کینەیەکی لە ململانێ درێژخایەنەکان و ئامادەبوونی سەربازی لە دەرەوەی وڵات نیشانداوە. بە گشتی دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بابەتەکە زۆر ورد و جێەی پرسیارە، چونکە سیاسەتی ترامپ بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ولاتانی ناوچەکە بە پێی سیستەمی ئەمریکا دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە و گەورە گۆرانکاری نەکرێت بەڵام ئەوەی ترامپ ئەنجامی دا لە رەگەوە گۆڕی، هێرش کردنە سەر ئێران و کووشتنی سەرۆک و رێبەری باڵا و کەسایەتی گەورەی وڵاتەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل و هەروەها هاندانی خەڵکی لە دژی رژێم و بەردەوامیدان بە جەنگ و ماڵوێرانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ ئێران بە مانای گەڕانەوە بۆ زۆرترین فشاری سزاکان دێت، ئامانج لێی زیاتر گۆشەگیرکردنی ئێران و ڕێگری کردنە لە هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا.
هەرچی دەربارەی ئەورووپا و ناتۆیه، تێڕوانینی ئیدارەی ترامپ بۆ ناتۆ و ڕۆڵی ئەورووپا لە کاروباری جیهانیدا زۆر پراگماتیکە. ترامپ لە بری ئەوەی ناتۆ وەک هاوپەیمانییەکی نەشکاو ببینێت کە لەسەر بەها هاوبەشەکان بوونیاد نراوە، ناتۆ وەک هاوبەشێکی بازرگانی تایبەت سەیر دەکات، کە هەر لایەنێک دەبێت بەرپرسیارێتی دارایی خۆی لە ئەستۆ بگرێت. سەرەڕای هەموو تەحەددیاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا، چین وەک ڕوونترین ناوچەی سەرنجی ترامپ دەمێنێتەوە. ئامانجی ئەو لە چین وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژی نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی دەکات لە پێکهاتەی بازرگانیی جیهانیدا. خولی دووەمی ئیدارەی ترامپ توانای دووبارە داڕشتنەوەی ڕێکخستنەوەی جیهانی هەیە، بە تایبەتی لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە گۆشەگیریی هەڵبژێردراو و شەڕانگێزی ئابووری ستراتیژی. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ئێران بە تایبەتی کە ئێستا بە گرژی و تووندوتیژی و شەڕی سەختدا تێدەپەڕێت، دەکرێت زیاتر ئەم گۆڕانکاری و تەحەددیانەی ئیدارەی ئەمەریکا دەربخات کە ئامادەیە چالاکانەتر پشتیوانی ئیسرائیل بکات و لە هەمان کاتدا هەوڵی ئەوە بدات درێژە بە شەڕی ئێران بدات.
لە ئەورووپا، ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر هاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی لە شەڕی ئێراندا هاوکاری بکەن و شەڕەکە فراوانتر بێت و دەوڵەتە ئەوروپاییەکانیش تێوەبگلێنێت و لە دۆخی چینیشدا جیهان ڕووبەڕووی شەڕێکی ئابووریی بووەتەوە کە دەتوانێت پەیوەندییە بازرگانییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە داهاتوودا دابڕێژێتەوە. ترامپ کەسایەتییەکی مشتومڕاوییە، کە شێوازە نائۆرتۆدۆکسەکانی هەم ئاژاوە و هەم دانوستاندن لەسەر یارییە نێودەوڵەتییەکەی لێکەوتووەتەوە. بە هەڵبژاردنی دەنگدەرانی ئەمەریکا، جێ پەنجەی خۆی لە سیاسەتی جیهاندا دادەنێت. سیاسەتەکانی کە زۆرجار بە “سەیر” تایبەتمەند دەکرێن، دەتوانرێت بە وردیتر وەک لادانێکی ڕیشەیی لە نۆرمەکانی سیاسی تەقلیدی تێبگەین نەک پێشبینینەکردنی سادە. لە – سیاسەتی دەرەوە، ستراتیژی ئابووری، کۆچبەری و پەیوەندی سیاسی- ترامپ بەردەوام تەحەدای پراکتیک و دامەزراوەکان دەکات. پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەیارەکانی، گومانەکانی بەرامبەر بە هاوپەیمانییەکانی و کشانەوەی لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و لە شەڕی ئێرانیشدا هێرش بردن لەسەر مئزی گفتوگۆ و دانوستاندا نموونەی سەیری سیاسەتەکانی دیاری دەکەن . لە کاتێکدا ڕەخنەگران دەڵێن کە ئەم جۆرە کارانە سەقامگیرییان تێکداوە و متمانەی دامەزراوەیی لاواز کردووە.







































































