“بەرایی”
داخستنی گەرووی هورمز کە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی خنکاندنی وزەی دەریایی لە جیهاندا لەلایەن ئێرانەوە، تاقیکردنەوەیەکی بێ وێنە دەخاتە بەردەم نەزمی ئابووری نێودەوڵەتی. کاتێک یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بە ڕێڕەوێکی ئاوی تەسکدا تێدەپەڕێت کە لە ژێر هەڕەشەدایە، ئاسایشی ئەم تێپەڕبوونە نەک تەنها پرسێکی ناوچەیی، بەڵکو دەبێتە بابەتی گرنگییەکی ژیانی بۆ سەقامگیری تەواوی ئابووری جیهانی. لە جیهانێکدا کە زیاتر لە جاران وابەستەی ڕۆیشتنی وزەی جێگیر و بازرگانی دەریایی بووە، ڕێگا دەریاییە ستراتیژییەکان بوونەتە پێکهاتەیەکی سەرەکی هاوکێشەی ئاسایشی ئابووری جیهانی. گەرووی هورمز کە کەنداوی عەرەبی/فارسی بە کەنداوی عومان و زەریای هیندی دەبەستێتەوە، خوێنبەرێکی گرنگە بۆ ڕۆیشتنی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان. نزیکەی ٢٠%ی بازرگانی نەوتی جیهان ڕۆژانە بەو شوێنەدا تێدەپەڕێت، کە دەکاتە نزیکەی ٢٠ بۆ ٢١ ملیۆن بەرمیل، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی بەرچاو لە هەناردەکردنی گازی سروشتی شل لە کەنداوەوە. لەژێر ڕۆشنایی ململانێی بەردەوامی ناوچەی کەنداو و داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە و پەکخستنی کەشتیوانی لەڕێگەیەوە، باسەکە چیتر لەسەر سیناریۆی گریمانەیی نییە، بەڵکو لەسەر کاردانەوەی ڕاستەقینەیە کە کاریگەری لەسەر سەقامگیری ئابووری جیهانی هەیە و پرسیارێکی بنەڕەتی لەبارەی ئاسایشی وزە و نەزمی نێودەوڵەتی دەوروژێنێت بە جۆرێك لە ئێستادا بۆتە گرنگترین و هەستیارترین پرس لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل – ئێران.
“گرنگی ستراتیژی گەرووی هورمز”
ڕۆژانە نزیکەی ٢٠-٢١ ملیۆن بەرمیل نەوت و شلەی سووتەمەنی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، کە دەکاتە نزیکەی ٢٠%ی بەکارهێنانی ڕۆژانەی جیهانی و نزیکەی چارەکێکی بازرگانی نەوتی دەریایی جیهان (شێوەی ١). هەروەها نزیکەی ٢٠%ی بازرگانی گازی سروشتی شلی جیهان بەودا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی هەناردەکردنی قەتەر کە بەرەو ئاسیا و ئەوروپا دەڕوات. بە سەرنجدان بە گرنگی ستراتیژی ناوازەی گەرووەکە، هەر گۆڕانکارییەک لە هاوسەنگی هێزی سەربازی لە دەوروبەریدا، کاریگەرییەکانی هەڵدەگرێت کە لە دەرەوەی ڕەهەندی ناوچەیی درێژدەبێتەوە، کاریگەری لەسەر هاوکێشە ئەمنییەکانی دەریایی جیهانی دەبێت، وەک لە ڕۆژانی سەرەتای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئێران-ئەمریکی/ئیسرائیلدا دەرکەوت. لەگەڵ پێشهاتە سەربازییەکانی ئەم دواییە کە کاریگەرییان لەسەر تواناکانی هێزی دەریایی ئێران هەیە، پرسیارێکی سەرەکی سەبارەت بە سنووری توانای ئێران بۆ کاریگەری لەسەر کەشتیوانی لە ناو گەروودا دێتە ئاراوە ئەگەر توانای ئێران بۆ ئۆپەراسیۆنە ڕاستەوخۆکانی دەریایی کەم ببێتەوە، و ئایا زیادبوونی پشتبەستن بە ئەکتەرەکانی هەڕەشەی وشکانی دەتوانێت کەشتیوانی تێکبدات یان بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار بکات.
وێنەی (١) قەبارەی ئەو نەوتەی ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەگوازرێتەوە بە بەراورد بە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی دیکە لە جیهان
سەرچاوە؛ سەنتەری ئیماران بۆ سیاسەت
“گەرووی هورمز وەك کارتی فشار لە ستراتیژییەتی تاراندا”
ئێران لە مێژە دانی بەوەدا ناوە کە هەڵکەوتەی جوگرافیای ئەو وڵاتە سوودێکی ستراتیژی ناوازەی پێدەبەخشێت، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات کاریگەری لەسەر یەکێک لە گرنگترین خوێنبەرەکانی ئابووری جیهانی هەبێت. لە دوای شەڕی ئێران و ئێراق لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، گەرووی هورمز بووەتە پێکهاتەیەکی چارەنووسساز لە بیرکردنەوەی ستراتیژی ئێران. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئێران چەندین جار هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز یان پەکخستنی کەشتیوانی لە ڕێگەیەوە دەکات لە ئەگەری هێرشێکی سەربازی یان هەوڵدان بۆ خنکاندنی لە ڕووی ئابوورییەوە لە ڕێگەی سزا نێودەوڵەتییەکان و وەک ڕێگرییەکی سیاسی لە دژی نەیارەکانی بەکاری دەهێنێت. بەڵام گۆڕانی ئێستا لە هەڕەشەوە بۆ کردار نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی دەکات، قەیرانەکە لە ئاستی ڕێگریکردنەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر ئابووری جیهانی. ئەمەش سروشتی ململانێکە پێناسە دەکاتەوە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناوچەییەوە دەیگۆڕێت بۆ قەیرانێک کە ڕەهەندە نێودەوڵەتییەکانی هەبێت. جگە لەوەش داخستنی گەرووەکە شەڕی ئێستای کەنداو لە هەڕەشەیەکی سیاسی و سەربازییەوە بەرز دەکاتەوە بۆ پەرەسەندنێکی ستراتیژی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابووری جیهانی دەبێت.
“داخستنی گەرووی هورمز لە ڕووی کردارییەوە واتای چی دەگەیەنێت؟”
داخستنی گەرووی هورمز نەک هەر کەشتیوانی لە ڕێڕەوێکی ئاوی تەسکدا تێکدەدات، بەڵکو بە شێوەیەکی کاریگەر یەکێک لە پایەکانی بناغەی ئابووری جیهانی پەکدەخات؛ ڕۆیشتنی وزە. ئەم گەرووە تەنیا کەناڵێکی ترانزێت نییە؛ نوێنەرایەتی ڕێگایەکی چارەنووسساز دەکات لە نێوان بەرهەمهێنان لە کەنداو و بەکاربردن لە ئاسیا و ئەوروپا. لەگەڵ وەستانی کەشتیوانی یان کەمبوونەوەی بەرچاو، دابینکردنی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، ئەمەش بۆشایی دەستبەجێ لە نێوان دابینکردن و خواستدا دروست دەکات. لەم جۆرە حاڵەتانەدا کێشەکە لە کەمیی بڕی زیاتر درێژدەبێتەوە؛ هەروەها گۆڕانکاری لە چاوەڕوانییەکانی بازاڕدا لەخۆدەگرێت. زیادبوونی مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان دەتوانێت نرخەکان بەرز بکاتەوە تەنانەت پێش ئەوەی کەمیی ڕاستەقینەی دابینکردن ڕووبدات. کاریگەرییەکەی تەنیا لە نەوتدا سنووردار نییە؛ هەروەها درێژدەبێتەوە بۆ گازی سروشتی شل، بەتایبەتی کە وڵاتانی وەک قەتەر پشت بە گەرووەکە دەبەستن وەک ڕێڕەوێکی سەرەتایی هەناردەکردن. ئەمەش بەو مانایەیە کە قەیرانەکە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کارەبا و بازاڕەکانی پیشەسازی لە چەند ئابوورییەکی گەورەدا هەبێت کە پشت بە گاز دەبەستن وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی وزە.
وێنەی ژمارە (٢) جیاوازی کاریگەرییەکانی قەیرانی گەرووی هورمز لەگەڵ گەروەکانی دیکە لە ١٩٥٦ 
سەرچاوە ؛ ئاژانسی ئەنادۆڵ
“ئاسیا لە دڵی هاوکێشەی ئاسایشی وزە”
دەوڵەتانی ئاسیا لە ڕووی ئابوورییەوە، لە سەرووی هەموویانەوە چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور- زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت بۆ داخستنی گەرووی هورمز، بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی زۆریان بە هاوردەکردنی وزە لە کەنداوەوە (بڕوانە وێنەی ٣). ئەم وڵاتانە نەک تەنها پشت بە نەوتی کەنداو دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە پیشەسازی و بەکاربەرەکانیان، بەڵکو سەقامگیری گەشەی ئابوورییان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بەردەوامی ڕۆیشتنی ئەم پێداویستیانە لە ڕێگەی ڕێگا دەریاییە گرنگەکانەوە. بۆ ئەم ئابوورییانە گەرووی هورمز نوێنەرایەتی خاڵێکی ترانزێتی ستراتیژی جێگرەوەی نەکراو دەکات، کە زۆرینەی هاوردەکردنی نەوتیان تێیدا تێدەپەڕێت. ئەمەش هەر پچڕانێک بۆی دەکاتە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ئابوورییان، کاردانەوەکانی لە بازاڕەکانی وزەوە تا زنجیرەکانی بەرهەمهێنان و دابینکردن و لە کۆتاییدا بۆ ڕێژەی گەشەکردن و سەقامگیری دارایی درێژدەبێتەوە. بەڵام ڕەهەندی قووڵتری ئەم هاوکێشەیە لە کەیسی چینیدا بە ڕوونی دیارە. چین وەک گەورەترین هاوردەکاری وزە لە جیهاندا، بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە ڕۆیشتنی نەوت لە کەنداوەوە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە. ئەم بەستەرە تەنیا ئابووری نییە؛ درێژدەبێتەوە بۆ پڕۆژە ستراتیژییە فراوانەکەی، دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا، کە تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای دەستەبەرکردنی ڕێگاکانی بازرگانی و وزە لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا دامەزراوە. گەرووی هورمز پەیوەندییەکی گرنگە لە پێکهاتەی دەریایی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگادا، کە بەندەرەکانی کەنداو بە زەریای هیندی و ڕێڕەوی دەریایی دەبەستێتەوە کە بەرەو ئاسیا دەڕوات. بۆیە هەر پەککەوتنێک لە گەرووەکەدا نەک هەر هەڕەشە لە ڕۆیشتنی وزە بۆ چین دەکات بەڵکو یەکێک لە پایە لۆجستییەکانی پڕۆژە جیۆپۆلەتیکی گەورەکەی تێکدەدات.
وێنەی ژمارە (٣) نیشاندانی ڕێژەی پشتبەستنی دەوڵەتانی ئاسیا بە گەرووی هورمز 
سەرچاوە؛ ئاژانسی ئەنادۆڵ
لە ژێر ڕۆشنایی ئەمەشدا، داخستنی گەرووی هورمز دەتوانێت ئەم ئابوورییانە ناچار بکات ستراتیژییەکانی ئاسایشی وزەیان دابڕێژنەوە، نەک تەنها بە هەمەچەشنکردنی پێداویستییەکان یان بەهێزکردنی یەدەگەکان بەڵکو بە بەشداریکردنی زیاتر لە ڕێکخستنەکانی ئاسایشی دەریایی. ئەمەش دەتوانێت لە ماوەی مامناوەنددا ببێتە هۆی گۆڕینی وردە وردە لە ڕۆڵی ئاسیا لە بەکارهێنەری وزەوە بۆ بەشداربوویەکی چالاک لە پاراستنی ڕێڕەوی ئاوەکانیدا. سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییە ئەگەرییانە، واقیعەکە هەروایە کە کەنداو – و گەرووی هورمز بە تایبەتی – وەک پایەیەکی حەتمی ئاسایشی وزەی ئاسیا دەمێنێتەوە بۆ داهاتوویەکی نزیک. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەر پچڕانێک لەم ڕێڕەوی ئاوییەدا نەک هەر بازاڕەکانی وزە لە قاڵب دەداتەوە بەڵکو هەندێک لایەنی هاوسەنگی جیۆپۆلەتیکی لە ئاسیا و لە ئەنجامدا لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بە گشتی پێناسە دەکاتەوە.
“پرسی گەرووی هورمز و داڕشتنەوەی جیۆپۆلەتیکی وزە”
داخستنی گەرووی هورمز دەتوانێت خاڵی وەرچەرخانێک لە جیۆپۆلەتیکی وزەدا نیشان بدات، چونکە تیشک دەخاتە سەرهەستیاری سیستەمێکی جیهانی کە زۆر پشتی بە ژمارەیەکی سنووردار لە خاڵە خنکاندنی دەریاییە گرنگەکان بەستووە. قەیرانی ئێستا تەنیا پچڕانێکی کاتی نییە بۆ دابینکردن، بەڵکو کەموکوڕییەکی پێکهاتەیی لە دابەشکردنی جیهانی ڕۆیشتنی وزەدا ئاشکرا دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، قەیرانەکە ڕەنگە هاندەری وڵاتانی وزە بەکارهێنەر بێت بۆ چالاککردنی یەدەگی ستراتیژییەکانیان یان بەدوای سەرچاوەی دابینکردنی بەدیلدا بگەڕێن، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوی کاتی و ئەگەری هەمیشەیی بۆ ڕەوتی وزەی جیهانی. هەروەها ڕەنگە هانی هەندێک وڵات بدات کە وەبەرهێنانەکانیان لە سەرچاوەی وزەی بەدیل یان لە ڕێگاکانی گواستنەوەی کەمتر مەترسیدار خێراتر بکەن. لە هەمان کاتدا پێدەچێت ئەم قەیرانە نەخشەی بازرگانی وزەی جیهانی بکێشێتەوە. تێکدانی یەکێک لە گرنگترین خاڵە خنکاندنە دەریاییەکان دەتوانێت گرنگی بەدیلەکانی بنەمای وشکانی بەهێزتر بکات، وەک بۆرییەکانی کیشوەری یان ئەو ڕێگایانەی کە گەردنی تەنگاوی دەریایی بەدەر دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەری زۆرە ئەو پڕۆژانەی ژێرخانی کە ئاسیا بە ئەوروپا دەبەستنەوە لە ڕێگەی ڕێڕەوی وشکانییەوە، یان ئەوانەی نەوت و گاز دەگوازنەوە بۆ بەندەرەکانی دەرەوەی گەرووە گرینگەکان، تادێت گرنگتر بن. هەروەها ئەم گۆڕانکاریانە ڕەنگە ئەولەویەتەکانی وڵاتانی بەرهەمهێنەری وزە بە تایبەتی لە کەنداودا دابڕێژنەوە، چونکە پەرەپێدانی ڕێگاکانی هەناردەکردنی بەدیل خێراتر دەکەن کە پشتبەستن بە گەرووی هورمز کەم دەکەنەوە. ئەمەش دەتوانێت ڕۆڵی بەندەرەکانی دەرەوەی کەنداوی عەرەبی بەهێزتر بکات و ناوەندەکانی کێشکردن لە بازرگانی وزەی ناوچەییدا دابەش بکاتەوە. لە ماوەیەکی کاتی (مامناوەن)ددا، ئەم داینامیکییانە دەتوانن پەیوەندی نێوان جوگرافیا و وزە لە قاڵب بدەنەوە، بەجۆرێک کە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان بە تەنیا بەس نەبێت؛ بەڵکو توانای دەستەبەرکردنی ڕێگاکانیان دەبێتە فاکتەری یەکلاکەرەوە لە هاوکێشەی هێزی ئابووریدا. بەم شێوەیە قەیرانی ئێستا نەک هەر داڕشتنەوەی ڕەوتی وزە بەڵکو دووبارە پێناسەکردنەوەی جیۆپۆلەتیکی وزە خۆی لە چوارچێوەی سیستەمی نێودەوڵەتیدا.
“کۆبەند”
قەیرانی گەرووی هورمز ڕاستییەکی ستراکتوری سەبارەت بە سیستەمی نێودەوڵەتی هاوچەرخ ئاشکرا دەکات؛ سەقامگیری ئابووری جیهانی تەنها لە ڕێگەی فاکتەرە سیاسییەکانەوە دیاری ناکرێ، بەڵکو جوگرافیایە کە کۆنترۆڵی ڕەوتی وزە و بازرگانی دەکات. ڕێگا دەریاییە ستراتیژییەکان چیتر تەنیا ڕێڕەوی گواستنەوە نین؛ بوونەتە ئامرازی دەسەڵات کە توانای دووبارە داڕشتنی هەردوو هاوسەنگی ئابووری و سیاسییان هەیە. داخستنی گەرووی هورمز تەنیا پەرەسەندنێکی سەربازی نییە لە چوارچێوەی ململانێیەکی ناوچەییدا، بەڵکو ڕەنگدانەوەی گۆڕینی جوگرافیایە بۆ ئامرازێکی ڕاستەوخۆی کاریگەری لە هاوکێشەی دەسەڵاتی نێودەوڵەتیدا. لە جیهانێکدا کە وابەستەی ژمارەیەکی سنووردار لە خاڵە خنکێنەرە دەریاییەکانە، هەر پچڕانێک لەم خاڵانەدا، ناسکی سیستەمی ئابووری جیهانی لە بەرامبەر شۆکی جیۆپۆلەتیکیدا ئاشکرا دەکات.
بەم مانایە گرنگی گەرووی هورمز تەنها لە شوێنی خۆیدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە وەک مۆدێلێک بۆ سەردەمێکی نوێ نوێنەرایەتی دەکات کە تێیدا ڕەچاوکردنی ئاسایش و وزە و بازرگانی لەناو یەک هاوکێشەدا تێکەڵاون. قەیرانی ئێستا تەنیا تاقیکردنەوەی توانای دەوڵەتەکان نییە بۆ بەڕێوەبردنی پەرەسەندن، بەڵکو توانای سیستەمی نێودەوڵەتیش بۆ پاراستنی خوێنبەرە گرنگەکانی لە بەرامبەر خێراتربوونی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکی و ئەمنییەکان. کەواتە؛ لە کۆتاییدا، ڕەنگە گرنگترین پرسیار ئەوە نەبێت کە گەرووەکە کەی دەکرێتەوە یا خود چۆن دەکرێتەوە، بەڵکو چۆن هاوکێشەی ئاسایشی وزەی جیهانی لە دوای ئەم ساتەوەختە، لە جیهانێکدا کە جارێکی دیکە جوگرافیا لە دڵی سیاسەتی نێودەوڵەتیدایە، چۆن لە قاڵب دەدرێتەوە.
پەراوێزەکان؛






































































