“بەرایی”
لە ٢٢ی کانوونی دوومی ٢٠٢٦، پاکستان لە مەراسیمێکدا لە داڤۆسی سویسرا، بە فەرمی بەیاننامەی پەیوەستبوون بە ئەنجومەنی ئاشتی واژۆکرد، کە دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتییە و لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە دەستیپێکرد. ئامانجی سەرەکی ئەنجومەنەکە سەرپەرشتیکردنی هەوڵەکانی فریاگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبردنی کاروباری دوای جەنگ بوو لە کەرتی غەززە. دواتر سەرۆک ترامپ میوانداری یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەی کرد، کە پێنج وڵات- ئەندەنوسیا، مەغریب، کازاخستان، کۆسۆڤۆ و ئەلبانیا- بەشداریی خۆیان لە هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە غەززە ڕاگەیاند. بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی ئیدارەی ترەمپ، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شێهباز شەریف، لە کۆبوونەوەی سەرەتایی ئەنجومەنی ئاشتیدا ڕەتیکردەوە پابەند بێت بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی. ئەمەش پرسیارێکی گرنگ لەبارەی ئامادەیی پاکستان بۆ بەشداریکردنی هێزەکانی لە هێزی سەقامگیرکردندا دەوروژێنێت. بەرژەوەندی و پاڵنەرە ستراتیژییەکانی پاکستان بۆ بەشداریکردن لەم دەستپێشخەرییە چین؟ ڕەچاوکردن و مەرجەکانی پێشوەختەی پاکستان بۆ جێگیرکردنی هێزەکان چین، لەوانەش داواکاری و سنووردارکردنی سەبارەت بە بازنەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو هێزە؟ وە تایبەتمەندییەکانی ستراتیژی هاوبەشی پاکستان لە چوارچێوەی ئەنجومەنی ئاشتیدا چین؟
“پابەندبوونی ستراتیژی پاکستان بە ئەنجومەنی ئاشتی”
بڕیاری پاکستان بۆ بەشداریکردن لە ئەنجومەنی ئاشتی لەسەر چەند هۆکارێکی سەرەکی ستراتیژی و سیاسی و دیپلۆماسی وەستاوە، ئەم هۆکارانە ڕادە و ئاستی پاکستان وەك هێزێکی سەرەکی لە نێو ئەنجومەنەکە دیاریدەکات:-
- ئیسلام ئاباد هەوڵدەدات پەیوەندییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەگەڵ واشنتۆن بپارێزێت، لەبەرئەوەی پێی وایە کە بوونی ئەم پلاتفۆرمە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرکردایەتی پاکستان پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ سەرۆک ترامپ و ئیدارەکەی و هەروەها لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان بپارێزێت. پێدەچێت ئەم جۆرە بەشدارییە بەردەوامە دەرفەتێکی بەرچاو بۆ ئیسلام ئاباد بڕەخسێنێت بۆ گەیاندنی دید و نیگەرانییەکانی لە کۆڕبەندە گرنگە نێودەوڵەتییەکان. ئەم گێڕانەوەیە بەهۆی ئامادەبوونی لە دوو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاشتیدا بەهێزتر بوو؛ مەراسیمی واژۆکردن لە داڤۆس (٢٢ی کانوونی یەکەم) و کۆبوونەوەی دەستپێکردنی ئەنجومەن لە واشنتۆن (١٩ی شوبات). لەم دیدارانەدا سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی چالاکانە بەشداریان کرد، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی عەرەب و موسڵمان، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی سەرەکی لە ئیدارەی ترەمپ کارلێکیان کرد. جگە لەوەش، سەرکردایەتی توانای خۆی مسۆگەر کرد بۆ بەکارهێنانی ئامادەبوونی خۆی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاشتی بۆ فەرمیکردن و بەهێزکردنی چوارچێوەی خۆی بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ. لەم چوارچێوەیەدا و بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران شێهباز شەریف و نێردەی تایبەتی ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف، پاکستان و کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی ئەمریکی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ دووبارە گەشەپێدانی هۆتێلی مێژوویی ڕۆزڤێڵت لە مانهاتن واژۆ کرد. هەروەها پاکستان مەبەستییەتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاشتی بەکاربهێنێت بۆ چالاکییە هاوشێوەکان کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە کارەکانی ئەنجومەنەکەوە نییە.
- ئیسلام ئاباد پێی وایە بەرزکردنەوەی “گرنگی ستراتیژی” وڵات بۆ ئیدارەی ترەمپ و لە نێو دەوڵەتانی عەرەبیدا دەتوانێت سوودی ئابووری و ستراتیژی و سیاسیی لێبکەوێتەوە. ئەم گرنگییە ستراتیژییە، بەتایبەتی لە کاتی ململانێکان و گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێتە هۆی مسۆگەرکردنی بەرزبوونەوەی هاوکارییە ئەمنییەکان لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، هاوبەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. جگە لەوەش، ئەم گرنگییە ستراتیژییە دەتوانێت گەرەنتی بەردەوامیی بودجە، یارمەتی دارایی و وەبەرهێنان لە سەرانسەری کەرتە جیاوازەکاندا بکات. بە هەمان شێوە ئەنجومەنی ئاشتی دەستپێشخەرییەکی سەرەکی سەرۆک ترەمپە؛ بۆیە لە ڕووی سیاسییەوە قورس بوو بۆ پاکستان کە بانگهێشتی بەشداریکردن ڕەت بکاتەوە. بەم شێوەیە ئیسلام ئاباد لەبری ئەوەی بانگهێشتنامەکە ڕەت بکاتەوە، بەنیازە ئەم دەستپێشخەرییە بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک ترامپ و پاراستنی پەیوەندییە ئەرێنییەکان لەگەڵ ئیدارەکەی.
- کۆدەنگییەکی گشتی لە نێوان سەرکردایەتی مەدەنی و سەربازی پاکستاندا هەیە کە ئەم بژاردەیە ڕەنگە باشترین بژاردەی قبوڵکراو و بەردەست بێت بە لەبەرچاوگرتنی تێکچوونی دۆخی کەرتی غەززە. پاکستان هیواخوازە ئەنجومەنی ئاشتی هاوکار بێت لە کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلی فەلەستین. دۆخی دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر پێشهاتەکانی ئێستای غەززە بەبێ دەستێوەردانی دەرەکیی مانادار بەردەوام بن، ئەوا ڕەنگە چارەسەری دوو دەوڵەتی چیتر جێبەجێ نەکات. هێرشەکانی حەماس کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستیپێکرد و دواتر وەڵامی توندی ئیسرائیل دژی “میحوەری بەرخۆدان”، لەوانەش حەماس، حزبوڵڵا و ئێران، هەر ئاسۆیەکی بۆ ڕێگریکردن لە ئیسرائیل کەمکردووەتەوە. دەستپێشخەرییەکەی ئەنجومەنی ئاشتی نەک هەر یارمەتیدەر دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە بۆردومانی بەردەوامی غەززە و بەشداریکردن لە سەقامگیری ناوچەکەدا، بەڵکو پێشبینی دەکرێت جێگیرکردنی هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە غەززە ڕێگری لە ئیسرائیل بکات لە دەستپێکردنی شەڕێکی دیکە لەسەر کەرتی غەززە. لە ڕوانگەی ئیسلام ئابادەوە، پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە نوێنەرایەتی باشترین دەرئەنجام دەکات کە وڵاتانی ئیسلامی دەتوانن بەدەستی بهێنن بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نالەباری ئەمنی و مرۆیی غەززە.
- ئیسلام ئاباد پێشبینی دەکات کە لە کۆتاییدا ناکۆکییەکەی جامو و کشمیر وەک ململانێیەکی داهاتوو بخرێتە کارنامەی ئەنجومەنەکە کە دەبێت چارەسەر بکرێت. ئەم چاوەڕوانییە کاتێک سەریهەڵدا کە سەرۆک ترامپ پلانی ئاشتی غەززەی خۆی ڕاگەیاند و سەرۆکوەزیرانی پاکستانیش لە میانی کۆبوونەوەیەکی کورتدا لەگەڵ سەرۆک ترامپ، خواستی پاکستانی دەربڕی کە ئەنجومەنی ئاشتی تەنها لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنووردار نەبێت و لەبری ئەوە پێشنیاری کرد کە ئەنجومەن کارنامەکەی فراوانتر بکات بۆ ئەوەی باشووری ئاسیا بگرێتەوە، بە گرنگیدانێکی سەرەکی لەسەر کێشەی جامو و کشمیر. سکرتاریەتی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دەرەوە ڕێنمایی کران کە بەردەوام ئەم هەڵوێستە دووپات بکەنەوە لە هەر پەیوەندییەکدا لەگەڵ سەرۆک ترەمپ یان ئەندامانی ئیدارەکەی. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، سەرۆکوەزیران شێهباز شەریف لە وتارەکانی تایبەت و گشتیدا چەندین جار ئاماژەی بە ململانێی هیندستان و پاکستان کرد لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ئیدارەی ترەمپ لە پەیوەندییەکانی هیندستان و پاکستان، بە تایبەتی جەختی لەسەر کێشەی جامو و کشمیر کردەوە. هەرچەندە ئیسلام ئاباد پێی وایە کە ئەگەری زۆرە نیودەلهی دەستپێشخەرییەکی لەو شێوەیە ڕەت بکاتەوە، بەڵام بەشداری دەکات لە زیادبوونی بەنێودەوڵەتیکردنی ململانێی جامو و کشمیر.
“ئاڵنگارییەکانی بەردەم پاكستان”
پاکستان بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ناردنی هێز بۆ بەشداریکردن لە هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە غەززە. لە میانەی دیداری سەرۆک کۆماری ئەمریکا و سەرکردایەتی پاکستان لە کۆشکی سپی، ئیسلام ئاباد بەڵێنی دا هێزەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزی لە غەززە جێگیر بکات. لەڕاستیدا ئیسلام ئاباد پێشبینی دەکات ڕۆڵێکی کارا لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزیدا بگێڕێت، هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی لە غەززە. بەڵام سەرەڕای پابەندبوونی ستراتیژیی ئاستی باڵا و تامەزرۆیی ئیسلامی ئاباد بۆ ناردنی هێز، بەڵام لە قۆناغی سەرەتایی ئەم جێگیرکردنەدا هێز بۆ غەززە جێگیر ناکات. چەند هۆکارێک ڕێگرن وەك ئاڵنگاری لە جێگیرکردنی هێزەکانی پاکستان لە قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتیدا کە گرنگترینیان بریتین لە:-
١- وردەکاری سەبارەت بە بەکارهێنانی هێز؛ پێشبینی دەکرێت پاکستان هاوشانی وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئیسلامی وەک مەغریب و ئەندەنوسیا بەکۆمەڵ هێزەکانیان بۆ غەززە ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری ناوخۆیی مسۆگەر بکەن و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ڕۆژئاوایی پشتیوانی دارایی بەرچاو بۆ ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی غەززە دابین بکەن. پاکستان پێی وایە ئەمە دەستپێشخەرییەکی گەورە مەبەستدارە کە دەتوانێت چەند ساڵێک بخایەنێت تا بە تەواوی وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها سوپای پاکستان پێی وایە کە نابێت سەربازەکانی جێگیر بکرێن تا هەندێک وردەکاری ئۆپەراسیۆنی وەک ژمارەی سەربازەکان و میکانیزمەکانی دابینکردنی بودجە و ڕۆڵەکان بە ڕوونی دیاری نەکرێن و ڕێککەوتنیان لەسەر نەکرێت. فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا داوای نزیکەی ٦-٨ هەزار سەربازی پاکستانی کردووە بۆ قۆناغی سەرەتایی، لەکاتێکدا سوپای پاکستان داوای نزیکەی ١١ هەزار دۆلاری بۆ هەر سەربازێک کردووە لە مانگێکدا. بەرپرسانی ئەمریکا لەم قۆناغەدا ئامادە نین بڕە پارەیەکی لەو شێوەیە دابین بکەن. بەڵام کۆدەنگییەک هەیە کە پێدەچێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی ئاشتیدا ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەم وردەکارییە ئۆپەراسیۆنانە بکرێت.
٢- چەکداماڵینی حەماس؛ چەکداماڵینی حەماس خاڵێکی ناکۆکییە لە نێوان پاکستان و ئیدارەی ترەمپ. سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەکەی پێداگری لەسەر داماڵینی چەک لەلایەن حەماسەوە دەکەن، لە کاتێکدا پاکستان پێی باشترە ڕۆڵی خۆی لە هەوڵەکانی ئاشتیپارێزی و سەقامگیری پێناسە بکات، وەک پاراستنی ڕێکوپێکی و ئاسایش لە غەززە و خزمەتکردنی وەک ناوچەیەکی پارێزراو لە نێوان ئیسرائیل و دانیشتوانی فەڵەستینی لەوێ. ڕەنگە هێزەکانی پاکستان مەشق بە ئەفسەرانی پۆلیسی فەلەستین بکەن و دواتر ئیسلام ئاباد پسپۆڕان بنێرێت بۆ پشتیوانی لە هەوڵە مرۆییەکان و چاکسازییەکان و ئاوەدانکردنەوە. بەڵام پاکستان پێی وایە چەکداماڵینی حەماس بە زۆر دەتوانێت ببێتە هۆی پێکدادان لە نێوان هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی و بزووتنەوەکە. بۆیە ئیسلام ئاباد بڕیاریدا جێگیرکردنی هێزەکانی دوابخات تا ئەو کاتەی ئەم پرسە چارەسەر دەبێت.
٣- ناڕەزایەتییەکانی ئیسرائیل؛ هۆکارێکی گرنگی دیکەی پشت دوودڵی پاکستان بۆ جێگیرکردنی هێز لە قۆناغی سەرەتاییدا پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەیە. تەلئەبیب ناڕەزایەتی و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بوونی هێزەکانی پاکستان لە غەززە دەربڕیوە. هەرچەندە ململانێی خاکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و پاکستاندا نییە، بەڵام بێمتمانەیی بەرچاو و میراتێکی قورس لە سیاسەتە مێژووییەکان هەیە. بۆیە ئیسلام ئاباد پێی وایە ناژیرانە دەبێت کە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی پاکستان ڕابگەیەنرێت تا ئەو کاتەی دیپلۆماسی کەناڵی پشتەوە بتوانێت قبوڵکردنی ئیسرائیل بۆ ئامادەبوونیان لە غەززە مسۆگەر بکات. ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاکستان، فیڵد مارشال عاسیم مونیر، لە ڕێگەی وەزیری دەرەوە، بە ئیدارەی ترەمپ گەیاندووە، کە سوپای پاکستان هاوسۆزی حەماس نییە و پشتیوانی هیچ کام لە چالاکییەکانی بزووتنەوەکە ناکات، هەروەها بەنیازی ئەوە نییە دژی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل مامەڵە بکات. بە پێچەوانەوە، بوونی پاکستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی و خەڵکی غەززە.
٤- ئایندەی ئەنجومەنی ئاشتی؛ ئایندەی ئەنجومەنی ئاشتی یەکێکە لە نیگەرانی و نادڵنیاییە سەرەکییەکان، لەسەر ئەم خاڵە دابەشبوونێکی بەرچاو لە نێوان دەسەڵاتی مەدەنی و سەربازی لە پاکستاندا هەیە. سەربازی پێی وایە ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی ئەنجومەنی ئاشتی دەکات چونکە نوێنەرایەتی ئەڵتەرناتیڤێک بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان و چارەسەری ململانێکان دەکەن و دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی قورس بۆ ئەنجومەنی ئاشتی، بەڵام ئەگەر ئەنجومەنەکە سەرکەوتوو لە دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری، ئەوا دەبێتە تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی ئامرازەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. بەڵام دەسەڵاتدارانی مەدەنی پاکستان بە تایبەتی وەزارەتی دەرەوە پێیان وایە داهاتووی ئەنجومەنی ئاشتی ئەلتەرناتیڤی دەرئەنجامی لوتکەی کوالالامپورە لە مالیزیا. لوتکەی کوالالامپور دەستپێشخەرییەک بوو کە لەلایەن مەهاتیر محەمەد سەرۆک وەزیرانی پێشووی مالیزیا پێشنیارکرابوو بۆ دامەزراندنی کۆڕێکی بەدیل بۆ ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کە ئێران، تورکیا و مالیزیا لەخۆگرتبوو، لەگەڵ وڵاتانی دیکەی زۆرینە موسڵمان. ئەم دەستپێشخەرییە دوای ئەوەی مەهاتیر محەمەد پۆستەکەی بەجێهێشت وەستا.
“کۆبەند”
پاکستان پێکهێنانی ئەنجوومەنی ئاشتی وەک دەرفەتێکی ستراتیژی دەزانێت بۆ بەدەستهێنانی کاریگەری لە چوارچێوەی حیساباتە ستراتیژییەکانی واشنتۆن و بەرزکردنەوەی گرنگی ستراتیژییەکەی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی سەقامگیری لە غەززە. بەڵام ناڕوونیی ئۆپەراسیۆنەکان، نادڵنیاییەکانی چەکداماڵینی حەماس، نیگەرانییەکانی ئیسرائیل لە بەشداریی ئیسلام ئاباد، هەستیارییە سیاسییەکانی ناو پاکستان و ئاڵۆزییەکانی شەڕی ئێران و عێراق، تا ئێستا وایکردووە کە ئیسلام ئاباد هێزەکانی خۆی بۆ کەرتی غەززە بڵاوبکاتەوە. لە ئەنجامدا پاکستان ڕێبازێکی قۆناغبەندی و مەرجداری گرتۆتەبەر، بەشداریکردنی سەربازی داهاتووی خۆی بە پێشکەوتن لە ژینگەی ئەمنیدا، ڕوونکردنەوەی بەرپرسیارێتییە دارایی و ئۆپەراسیۆنییەکان و ڕێککەوتنێکی سیاسی فراوانتر لە نێوان لایەنە گرنگەکاندا گرێداوە. هەروەها پاکستان دەیەوێت هەماهەنگی لەگەڵ سعودیە بکات لەسەر پرسی غەززە بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانییە نزیکەکەی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تێوەگلانی لە ململانێیەکی نەخوازراودا. لە کۆتاییدا، پێشهاتە سیاسییەکان، واقیعەکانی سەر زەوی و بەردەوامیی درێژخایەنی دەستپێشخەرییەکە، بەشداریکردنی داهاتووی پاکستان لە ئەنجومەنی ئاشتی و بەشداریکردنی لە هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتیدا دیاری دەکات.
پەراوێزەکان؛






































































