زمان، بەتەنها هۆکارێک نییە بۆ لەیەکترگەیشتن، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، پەیوەستە بە هەموو بوارەکانی ژیانەوە، هەمیشە خۆیی نوێ دەکاتەوە و لە گۆڕانکاریدا. هیچ کردە و چالاکییەک بەبێ بەکارهێنانی زمان نییە. لە بوارەکانی: کۆمەڵناسی، دەروونناسی، فەرهنگسازی، پەروەردەیی، فەلسەفە، هونەر، ئەنسۆلۆژی، ئەنثرۆپۆلۆژی، ئابووری، زانستی، دادوەری، سیاسی… چەندان بواری تر لێکۆڵینەوەی زمانەوانی دەکرێت و باس لە گرنگی و ڕۆڵی هەردوو زانستەکە، زمانناسی و زانستەکانی تر دەکرێت. لێرەدا هەندێک وردە سەرنج، لەسەر چەند وشەیەک، لە ڕووی واتاوە دەخەمە ڕوو، کە ئەمانە ڕا و بۆچوونی تایبەتی منن، دەکرێ منیش هەڵەبم، بابەتەکە شایستەی گفتوگۆیە. لە ئاخفتنی ڕۆژانەدا، هەندێک وشە و دەستەواژە بەکاردەهێنین، لە ساڵانی زوودا یاخود لە بنەڕەتدا واتایەکیان هەبووە و بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بەکارهاتوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، واتاکەیان گۆڕاوە یاخود فراوانتر بووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زیندوییەتی زمان؛ یاخود هەندێکجار شێوازی گوتن (فۆنەتیک) نییەت و مەبەستی کەسی قسەکەر، مانایی وشەکە دیاری دەکات. بۆ نموونە:
لە خزمەتام:
بنەمایی ئەم دەربڕینە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی چینایەتی، ئاغا و بەگ و دەسەڵاتدارەکان لە تەکێ و دیوەخانەکانیاندا خزمەتکاریان هەبووە، لە کشتوکاڵی و ئاژەڵداریدا وەک شوان و گاوان و سەپان و ڕەنجبەر…کاریان کردووە و خزمەتیان بە سەردارەکەیان کردووە. بەڵام لەسەردەمی ئێستادا واتاکەی گۆڕاوە. کاتێک لە گفتوگۆی ڕۆژانەدا، داواکاری کارێک لە کەسێک دەکەیت و لە وەڵامدا دەڵێت: لە خزمەتام، مەبەستی ئەوە نییە کە تۆ ئاغا بیت و ئەو خزمەتکار! بەڵکو تەنها دەربڕینێکی کۆمەڵایەتییە و بۆ ڕێزگرتنە لە داواکارییەکەت.
مامۆستا:
لە ساڵانی زوودا، تەنها بەو کەسانە وتراوە (مامۆستا) کە لە قوتابخانەکاندا وانەیان وتۆتەوە، خەڵکیان فێری نووسین و خوێندەواری کردووە، یاخود بە مەلا و زانایانی ئاینییی، کە لە تەکێی و حوجرە و مزگەوتەکاندا، دەرسی ئاینی وتۆتەوە. بەڵام لە ئێستادا، وشەو دەربڕین (مامۆستا) ماناکەی فراوانتر بووە، بۆ نموونە زۆر جار کەسانێک کە لە بوارێک یاخود پیشەیەکدا ئەزموونیان هەبێت و شارەزابن، پێیان دەڵێن: مامۆستا، یاخود وەک ڕێزێک بۆ کەسانی بەتەمەن و خوێندەوار بەکارێت. یان لە هەندێک ناوچە بەتایبەت گوندنشینەکان، بۆ کەسانێک کە چاکەت و پانتۆڵ یان لەبەرکردووە. ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی هەر لە کۆنەوە مامۆستا جل و بەرگی پاک و خاوێن بووە و شێک پۆشبوون
. کابرا:
وشەی (کابرا) پێدەچێت لە لێکدانی هەردوو وشەی (کاک) و (برا) ەوە، هاتبێت. بۆ ئاسانکاری گوتن لەسەر زار کاف ی دووەم نەماوە بووە بە (کابرا)، ئەگەر سەرنج بدەین لە گفتوگۆی ڕۆژانە یان لە نووسین و ئەدەبیاتدا، وشەیەکە بەتەوسەوە بەکاردێت یان لە حاڵەتی تووڕەبوون و هەڵچووندا. یاخود بیانەوێت ناوی کەسێک نەهێنن، دەڵێن: کابرا، بەڵام سەراپای وشەکە خۆی دەربڕينێکی ئەرێنییە، کە بۆ حاڵەتی تووڕەبوون و هەڵچوون و تەوس بەکاردێت، ئەمە گۆڕینی واتایی بنەڕەتی وشەکەیە
. برالە
: لە (برا+ لە) پێکهاتووە. جگە لەوەی ناوی جۆرە گیایەکە و ناوی گوندێکە لە ناوچەی پێنجوێن. لە گفتوگۆشدا بە دوو مەبەستی جیاواز بەکاردێت: دەکرێ لە ڕووی خۆشەویستییەوە و بەبێ هیچ مەبەستێک بەکەسێک یان هاوڕێیەک بڵێ برالە…لە هەمان کاتیشدا بۆ تەوسە، جۆرێکە لە بچوککردنەوە (تصغیر) ی کەسی بەرامبەر، واتە کەسی قسەکەر خۆی بە گەورەتر دەزانێت، دەکرێ شێوازی دەربڕینەکەی ماناکە دیاری بکات. کاکە: بە هەمان شێوە: لە خێزانی کوردەواریدا وەک ڕێزێک خوشک و برای بچووک، بە برای گەورە دەڵێن: (کاکە) بەڵام هەندێکجار کە کەسی قسەکەر بە کەسيکی لە خۆیی بە تەمەن بچوکتر دەڵێ (کاکە) بۆ دوو مەبەستە: دەکرێ بۆ پیشاندانی تەوازع بێت، یاخود بۆ خۆ بە گەورەزانین بێت.
پەیوەست بەم باسەوە، لە زمانی کوردیدا دەستەواژەیەکمان هەیە پێدەڵێن: قسەی بە تۆێکڵ یان توێکڵدار! قسەی بەتوێکڵ: ئەو دەربڕینەیە، کە لە ڕووکەشدا مانایەکی هەیە، لە ناوەڕۆکدا مانایەکی تر. واتاسازی و پراگماتیک، بەشێکی گرنگی زمانن، ئەگەر بە کورتی ئاماژەیان پێبکەین: واتاسازی: لێکدانەوەی واتایی ڕستەیە، بەڵام پراگماتیک لێکدانەوەی واتایی گوتنە. واتاسازی واتای فەرهەنگی وشەکانە لە دەرەوەی دەوروبەر بەڵام پراگماتیک واتای گوتنە لەناو دەوروبەر.






































































