لەنێوان جەنگی تهکنەلۆژیا و ململانێی زلهێزەکاندا چیرۆکێکی دیکە هەیە کە کەمتر باس دەکرێت چیرۆکی ئەو مرۆڤانەی لەپێناو “پەیداکردنی بژێوی”دا گیرۆدە بوونە. تیرۆرکردنی بەردەوامی سەرکردە باڵاکانی ئێران، لە ڕێبەری باڵا وەک کەسی یەکەمی وڵاتەکە تا دەگاتە زانایانی ئەتۆمی و سەرجەم فەرماندە سەربازییەکان و کەسە بەهێزەکانی دەوڵەت، تەنها نیشانەی بەهێزی موشەک و لێهاتوویی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نییە، بەڵکو پەردە لەسەر برینێکی قووڵتر لادەبات کە لەناو چەقی کۆمەڵگەی ئێرانیدا دروست بووە. پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەمەیە، چۆن دەزگا هەواڵگرییەکانی(مۆساد و CIA دەگەنە ناو ژووری خەوتنی پارێزراوترین کەسایەتییەکانی ئێران؟
وەڵامەکە لە ناو هاوکێشە ئاڵۆزە ئەمنییەکاندا نییە، بەڵکو لە ناو ئەو سفرە خاڵیانەدایە کە ساڵانێکە بەرۆکی زۆرینەی ماڵەکانی گەلانی ئێرانی گرتووە. کاتێک باوکێک دەبینێت هەموو تەمەنی لە نێوان سزای نێودەوڵەتی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاردا بەسەردەچێت، کاتێک دەبینێت “تومەن” بووەتە کاغەزێکی بێبایەخ و چەندین ملیۆن لە دراوی وڵاتەکە تەنها چەند هێلکەیەکی پێ دەکڕدرێت، لێرەدا ئینتیما و وەفا بۆ خاک و نیزام ئۆتۆماتیکی بەبێ هیچ سەختییەک دەکەوێتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە. ئەمە “بێ مۆڕاڵی” گەلێکی خاوەن فەرهەنگ و ڕۆشنبیر نییە، بەڵکو هاواری نەبوونی و هەژاری و بێکاری و ناعەدالەتییە لە دابەشکردنی داهاتەکانی وڵات، کاتێک دەوڵەت ملیاران دۆلار لە دەرەوەی سنوورەکان بۆ گرووپە چەکدارەکان خەرج دەکات، لە کاتێکدا لە ناوخۆدا بەرپرسانی وڵاتەکە رۆژ لە دوای رۆژ دەوڵەمەندتر و منداڵەکانیان لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدان و چێژ لە گەنجی و دەسەڵاتی باوکیان وەردەگرن،بەدڵی خۆیان ڕەفاهییەت و ژیانێکی شاهانە دەبەنەسەر وەهاوڵاتی و خەڵکی ئاسایی وڵاتەکەش دەناڵێنن بەدەست نەبوونی پارچە نانێکەوە کە هیچ نەبێت سکی برسیان کەمێک تێربکات،ئەوە هیچ خۆشەویستی و وەفایەکیان بۆ سیستم و نیزامی وڵاتەکە نامێنێت و بەئاسانی دەبنە نێچیری دەزگاکانی هەواڵگری!
واقعی ئێستا پێمان دەڵێت؛ هیچ دەزگایەکی هەواڵگری لە جیهاندا ناتوانێت سەرکردەکانی وڵاتەکانیان بپارێزن ئەگەر گەلەکەی لە پشت دەسەڵات و حوکمڕانییەکەی نەبێت پاراستنی نیشتمان پێش ئەوەی پێویستی بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەبێت، پێویستی بە “دڵنیایی ئابووری” و “کەرامەتی مرۆیی” هەیە تا ئەو کاتەی برسییەتی باڵ بەسەر ماڵەکاندا بکێشێت تەنانەت دیواری کۆشکە هەرە پارێزراوەکانیش درزی تێدەکەوێت و زۆر بە ئاسانی دەبێتە نێچیری ئەو دەزگا هەواڵگریانەی کە لەسەر ئازاری مرۆڤەکان نێچیرە گەورەکانیان ڕاودەکەن.







































































