نگوگی واسینگۆ: کەس بەباشی ئاشنای نەبوو، تەنانەت وامایساش، کە دەیگوت نزیکترین کەسی بووە. کەس لێی تێنەگەشت، بە تەنیا ژیا، ئیتر کێ دەیتوانی یارمەتی بدا؟ کەسێکی باڵابەرزی و دەستوقۆڵ پتەو بوو، بتبینایە دڵنیادەبوویت لەوەی گەر بەسەرتدا بڕوا پانت دەکاتەوە. چاوەکانی گەورە و درەوشاوە و ڕەش بوون؛ لەگەڵ ئەمەشدا هەندێکجار چاوەکانی لە پاڕانەوە، یان زویر بوون دەچوون، وەکوو چاوەکانی منداڵێک، کە واتلێدەکات هەستی پێبکەی، یان لێی بترسی. جاربەجارێ چاوی دەبڕییە دیوارەکە و لە وردەکارییەکانی ورد دەبووەوە. زۆرجار وەکوو ئەوەی لە خەوێک ڕاچڵەکیبێت لە شوێنێکی دیاریکراو ڕادەما و ئاگای لە خۆی نەدەما.
یەکەمجار کە چاوم پێیکەوت لە قوتابخانە بوو. قوتابخانەی مانجۆ تاکە قوتابخانەی لیمۆرۆ بوو، لە تەواوی وڵات منداڵ دەهات بۆ ئەم قوتابخانەیە. ئینی ڕیدج لە گاسیگییەوە هاتبوو، کە چەند میلێک لە قوتابخانەکەوە دوور بوو. دەبوایە چەندین گرد و دۆڵ ببڕێت تا دەگاتەوە ماڵەوە. لە قوتابخانە پێماندەگوت: کۆرۆما، بە واتای “قەپگرتن” دێ. نازناوێکی پێکەنیناوییە، ئێستا یادم نایەتەوە کە بۆچی ئەو ناوەمان لێ نابوو، ناوی ڕاستەقینەی مانگارا بوو؛ گەنجێکی وەرزشی باڵابەرزی قۆز بوو. کچان ئەویان بەدڵ بوو، بەڵام وەکوو چۆن خۆی لە هەموان بەدوور دەگرت، وەهاش خۆی لە کچان بەدوور گرت. لە یاریکردندا باش بوو، هەموو وەرزشە قورسەکان دڵخوازترینی بوو، وەک: ڕاکردن و بازدان و بۆکسێن. بەشێوەیەکی تایبەت حەزی لە زۆرانبازی بوو، ڕکابەری لەگەڵ هەر کەسێک دەکرد کە بەرەنگاری دەبووەوە، تەنانەت ئەو کوڕانەشی کە بە تەمەن لە خۆی گەورەتر بوون. گەر جارێک بکەوتبایە، جارێکی تر هەڵدەستایەوە، بیست جار بکەوتبایە، هەر بیست جارەکە هەڵدەستایەوە و هیچ تووڕە نەدەبوو. لە تۆپی پێدا نموونەی نەبوو، لە چاوی هەموانەوە پاڵەوان بوو.
لەسەرەتادا ئەوم خۆش نەدەویست، لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت ئیرەییم پێدەبرد. وەکوو ئەوەی دەیزانن، نە لە یاریکردندا باش بووم، نە لە وانەکاندا باش بووم، بگرە لە هیچ شتێکدا باش نەبووم. ئەو گەنجەی مامۆستا و کچان خۆشیانبوێت، هەر دەبێـت لە کەسانی خوار خۆیەوە ئیرەییان پێ ببردرێت. ڕقم لێی دەبووەوە، ڕقم لە دوورەپەرێزییەکەشی دەبووەوە، دواتر درکم بە هۆکاری دوورەپەرێزییەکەی کرد.
نازانم چ شتێک وایکرد من درک بە دوورەپەرێزییەکەی بکەم؛ ئاخۆ چاوەکانی بوو؟ نازانم، لەوانەیە وابێت. جارێک لە کاتی قەرەباڵغی نێو قوتابخانەکەدا بەڕێککەوت چاوی کەوتە نێو چاوم و هەرزووش دووریخستەوە.
جارێکی تر زووتر لە وادەی قوتابخانە هاتم بۆ قوتابخانە، بەرەو گۆڕستانەکە ڕۆشتم. مانگارا لەبەردەممدا بوو، خەیاڵی ڕۆشتبوو. قسەم لەگەڵدا نەکرد، چونکە هێشتا وادەی دیداری ڕاستەقینەمان نەهاتبوو.
کەس نەدەڕۆشت بۆ دارستانە چڕەکەی خوار قوتابخانەکەمان، ئاخر کوڕەکان دەیانوت تارمایی تێدایە. دەگێڕنەوە وەختی خۆی پیاوێک لە ژنەکەی داوە، ئیتر ژنەش لە ترسی گیانی خۆی لەدەستی هەڵهاتووە بۆ دارستانەکە، کە گەشتووەتە دارستانەکە دەسبەجێ گیانی سپاردووە.
چی وایلێکردم بڕۆم بۆ ئەوێ؟ وای بۆ دەچم تەنیاییەکەم بووبێت. بەهەرحاڵ کاتێک بوو کە هەموان گەڕابوونە ماڵەوە. لەنێو دارە چڕەکاندا ڕێگای خۆی کۆکردەوە و هەرزوو گەشتمە ناوەڕاستی دارستانەکە، مانگاراش بە تەنیا لەوێ دانیشتبوو. لە سەرەتادا لە هاوسۆزییم بێزار بوو. چاوی بڕیبووە چاوم، منیش بە هەمان شێوە. تەواو بێدەنگ بووین، تا ئەوەی بە پرسیارێک بێدەنگییەکەم شکاند و گوتم: چی دەکەی لێرە؟
ڕاستەوخۆ وەڵامی نەدامەوە. سەیری کردم و کەمێک مۆن بوو، وەکوو ئەوەی پرسیارەکەی پێ خۆش نەبێت. تووڕە بووم و ویستم جارێکی تر لێی بپرسمەوە، بەڵام لێوەکانی لەیەک ترازا و گوتی:
- بەدوای باڵندە ڕەشەکەدا دەگەڕێم.
- باڵندەی ڕەش؟
- بەڵێ.
بە چپەوە وەڵامی دامەوە. ئاوڕم دایەوە، هەتا بزانم سەیری کوێ دەکات، بەڵام هیچ شتێکم نەبینی و شپرز بووم. تەواو دڵنیا بوومەوە لەوەی کەسێکی سەیر و نامۆیە. ئەم نامۆییەش مانگێک پێش ئێستای هێنایەوە یادم، بەیانییەک بوو لەلای گۆڕستانەکە چاوم پێیکەوت.
- لە گۆڕستانەکە تۆم بینی.
- ئەها، یانی منت بینیوە!
- بەڵێ.
- دیسانەوە باڵندە ڕەشەکە.
پێکەنیم و پێکەنی. دیسانەوە جددی بووەوە.
- دۆزیتەوە؟
- نەخێر.
جارێکی تر بیرم لەو مەسەلەیە نەکردەوە، بەڵام هاوڕێیەتییەکەمان وردە وردە دەستیپێکرد. گەنجێکی زیرەک بوو، وێڕای ئەوەی لە خوێندندا هەوڵێکی ئەوتۆی نەدەدا، بەڵام لەو خوێندکارە کەمانە بوو کە چوونە زانکۆ. من لە کۆمپانیاییەکی بازرگانی لە لیمۆرۆ کارم پەیدا کرد و دوورکەوتینەوە.
مانگارا وەکوو خوێندکارێکی بەشی پزیشکی زۆر بە توانا بوو، هەموان ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنیبوو. جارێک لەگەڵ یەکێک لە هاوپۆلەکانی لە قاوەخانەیەکی نیرۆبی پێکەوە دانیشتبووین و چاییمان دەخواردەوە، لێمی پرسی: ئاخر مانگارا چییەتی؟
- بۆچی دەپرسی؟
- هەمیشە بە شتێکەوە سەرقاڵە. زۆر نامۆ و دوورەپەرێزە، باشتر بڵێم، ئەو شێوەیەی ئەو لە شتەکان دەڕوانێت بە جۆرێکە کە دەڵێی…
ئەو کاتەی لە زانکۆ بوو، چاوی بە وامایسا کەوت. وامایسا ژنە مامۆستایەک بوو لە گوندی جیکۆرۆرۆ، وابەستەی بووبوو. جارێک بەڕێکەوت چاوم پێیکەوت و باسی ئەوەی بۆ کردم کە دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات. هەستمدەکرد تەنیاییەکەی کاڵبووەتەوە و گەشتووەتە شتێک بە ناوی بەختەوەری. جارێک، یان دووجار ئەوانم پێکەوە بینی؛ ژنێکی باڵابەرزی قژ ڕەشی جوان بوو، بەڵام جوانی ڕووخسار نا، بەڵکوو جوانییەک بوو لە ناخەوە. ژنێکی باوەڕدار بوو، بەدەم ڕێگاوە ویردەکانی دەگوتەوە.
هاوڕێکەم لە یەکێک لە ئەو پشووانەی کە دەکەوتە پێش کۆتا وەرزی خوێندن، بەشێوەیەکی کتوپڕ لە ماڵمان دەرکەوت، بڕوام بە چاوەکانی خۆم نەدەکرد. پیر بووبوو و خۆشی بە ڕوویەوە نەما بوو، ترسام وامایسا بەجێیهێشتبێت، بەڵام پێمباشتر بوو پرسیاری ئەوەی لێ نەکەم.
خانووەکەمان ژوورۆچکەیەکی تیابوو کە دڵم زۆر پێیدەکرایەوە، هەمیشە دەچووینە ئەم ژوورۆچکەیە بۆ نانخواردن، یان خوێندنەوە و گفتوگۆ کردن. ئێوارەیەک پاش ئەوەی کەمێک شێومان خوارد، وەکوو هەمیشە لە دەوری مێزەکە کۆبوینەوە. کتێبێکم دەخوێندەوە کە ئێستا ناوەکەیم لە یاد نییە.
- هیچت لەبارەی باڵندە ڕەشەکەوە نەبیستووە؟
لەپڕ یادەوەرییەکانی هەرزەکاریم لەنێو دارستانەکە هاتەوە یاد.
- ئەو باڵندەیەی هەمیشە بەدوایدا دەگەڕایت؟
- بەڵێ.
- بەجددیت نییە خۆ؟
- هەرگیز ئەوەندە جددی نەبووم لە ژیانمدا.
ویستم پێبکەنم، بەڵام تۆنی دەنگی ڕێگری لێ کردم. بەشێوەیەک هەناسەی دایەوە، دەتوت لەمێژە هەناسەی خۆی ڕاگرتووە، گوتی: هەمیشە لە ژیانمدا بوون. تۆ بڕوات بە خورافات نییە، دیارە کە وایە. بۆیە لات سەیرە خوێندکارێکی بەشی پزیشکی بەوشێوەیە بیربکاتەوە. بەڵام ڕاشکاوانە دەیڵێم کە خورافات نییە. هیچ ڕۆژێک بیرت لە ڕابردوو کردووەتەوە؟
- زۆر نا.
- تۆ پێتوانییە کە دەکرێت ڕابردوو بۆ تۆڵەکردنەوە تا کۆتایی تەمەنت بەدواتدا بێت و ڕاوت بنێ؟
- چۆن؟
- با بەشێوەیەکی تر بیڵێم: بڕوات بەوە هەیە شتێک بەسەر باپیرت و باوکتدا هاتبێـت و کاریگەری لەسەر تۆ دانابێت؟
- بە چ شێوەیەک؟
- بە هەموو شێوەیەک. باوکت نەفرین لێکراو بێـت و نەفرینەکەش بۆ تۆ گواسترابێـتەوە؟
- هەڵەی باوکەکان بۆ سێ و چوار نەوە بگواسترێـتەوە؟
- ڕێک بەوشێوەیە.
- بۆچی؟ نا، ئەمە مەحاڵە.
هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و لەبەرخۆیەوە گوتی: لۆمەت ناکەم، بەڵام ئێستا دەزانم کە وامایسا تێناگات.
سەرسام بووم، بەبەزەیانەترین تۆن بوو لە ژیانمدا بیستبێتم.
- ئێوارانێکی یەکشەمم بوو، لەلای داپیرەم دەگەڕامەوە، بچووک بووم ڕۆشنایی مانگ بوێری کردبووم و گرد و دۆڵم بڕی و درەنگانێک گەڕامەوە ماڵەوە. دایکم لەوێ بوو، براکانم لەسەر سیسەمەکانیان لەنزیک ئاگردانەکە یاریان دەکرد. هەموان بەختەوەر دەردەکەوتن. باوکمی لێ نەبوو، نەبوونی باوکم شتێکی سەیر بوو، چونکە خووی باوکم نەبوو دوابکەوێت. تەنانەت ئەو کاتانەشی کە دەچوو بۆ کۆبوونەوە ئایینییەکان، زوو دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە. پاش تیپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک و نەگەڕانەوەی باوکم، نیگەرانییەکانمان پتر بوو.
نانخواردنم تەواو کردبوو، کاتێک لە دەرگا درا. تارماییەکی تاریک لەبەردەم دەرگاکە وەستابوو، ئەو تارماییەش باوکم بوو. قژی ئاڵۆسکابوو، چاوەکانی بە خوێن تێزابوون. بۆ ساتێک وەکوو ئەوەی دەیەوێت بزانێت چی دەقەومێت وەستا، دواتر کەوت بەسەر ئەرزەکەدا. هەموومان هاوارمان کرد واماندەزانی مردووە! لەڕاستیدا نەمردبوو، دایکم ئاوی ساردی ڕشت بە سەریدا و وەخۆ هاتەوە. سەرسام بوو کە هەمووانی بینی لە دەوری کۆبووینەتەوە، ترس و تۆقان ئازای ئەندامی گرتبووە و دەلەرزی. لەبەرخۆیەوە چپەی دەکرد، تاک وشە کە بەڕوونی لە دەمی دەرچوو: باڵندە ڕەشەکە بوو. پاش ئەو ڕووداوە باوکم زۆر نەمایەوە لە ژیاندا و کۆچی دوایی کرد. لەبەرئەوەی کەسێکی سەرکەوتوو و باوەڕدار و ناسراو بوو، زۆر کەس مردنە لەپڕەکەیان بۆ بووبوو بە پرسیار. پاشان دوو براکەشم بە هۆی هەوکردنی سییەکانەوە مردن و بەمشێوەیە تەنیا من و دایکم ماینەوە. هەرچییەکمان هەبوو فرۆشتمان و بارمانکرد و هاتین لە گاسیگی ئەینی بژین. دواتر دایکم هەرچی لەسەر باڵندە ڕەشەکە دەزانی بۆیگێڕامەوە.
مانگارا ساتێک ڕاوەستا و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا.
- وەکوو دەبینی هەمو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ مۆرانگا، زێدی ڕەسەنمان. لە زێدی خۆمان زەوی زۆرمان هەبوو. باپیرم یەکەم کەس بوو باوەڕی بە ئایینی مەسیح هێنا. ئەوانەی وەکوو باپیرم بوون، پڕ لە وزە و خرۆشی بوون. بڕوایان وابوو ئەوەی پێشتر لە ناویاندا بووە خراپە بووە، هەموو خوویەکیان هەڵە بووە. هەموو خورافاتێکیان بەلاوە خراپ بوو و پێیانوابوو لە کارەکانی شەیتانە. باپیرەم و هاوڕێکانی ناوی خۆیان نابوو سەربازەکانی خودا و دەیانگوت خودا ئەوانی هەڵبژاردووە تاوەکوو خەڵکی لە تیاچوون ڕزگار بکەن. لەبەرئەوەی خوداش لەڕیزیانە، هیچ شتێک ناتوانێت ئازاریان بدات. بەمشێوەیە گردەڵۆکەکانیان دەبڕی و ئەو گۆشتانەی کرابوو بە قوربانی هەڵیاندەگرتەوە، بەمشێوەیە ڕووبەڕووی شەیتان بوونەوە.
ئێستاش مۆندۆ مۆنجۆی پیر هەیە، کە ڕێزێکی زۆری لە نێو خەڵکیدا هەبوو. دەیتوانی نەخۆش چاکبکاتەوە و دەشگوترێت دەیتوانی داهاتوو ببینێت. جادووەکانی بەهێز بوو و لە خزمەتی خەڵکیدا بەکاری دەهێنا، بەتایبەت لە کاتی جەنگ و وشکەساڵیدا. باپیرەم هەموو شتێکی ئەم پیاوەی سووتاند و کردی بە خۆڵەمێش. پیرەمێردەکەش بە باپیرمی گوتبوو باجی ئەم تاوانەی دەداتەوە، ئیتر لەوەوبەدوا پیرەمێردەکە لەسەر زەوی نەما. پاش چەند ساڵێک لەسەر شێوەی باڵندەیەکی ڕەش گەڕایەوە. باپیرەم و ژنەکەی و منداڵەکانی مردن، جگە لە باوکم. باوکم ڕایکرد و هات بۆ کیامبۆ، بەڵام باڵندە ڕەشەکە وەدوی کەوتبوو.
پاش ماوەیەکی کەم لە هاتنمان بۆ گاسینی، دایکم کۆچی دوایی کرد. بیرم لەوە دەکردەوە بۆچی دایک و باوکم لە پای هەڵەیەک کە نەیانکردووە بمرن؟ سوێندم خوارد بەدوای باڵندەکەدا بگەڕێم. لە قوتابخانەوە تاوەکوو ئێستا بەدوایدا دەگەڕێم. دواتر کە وامایسام ناسی، باڵندەکەم لەبیرچووەوە. بیرم لەوە دەکردەوە چۆن لە ژیانمدا سەرکەوتوو بم و هاوسەرگیری لەگەڵدا بکەم، بەڵام من گەمژە بووم کە پێموابوو دەتوانم سەرکەوتوو بم.
ڕاوەستا، سەری لەنێو دەستەکانی شاردەوە و لەسەر کورسییەکە دانیشت. دواتر گوتی: باڵندە ڕەشەکەم بینی. هەفتەیەک لەمەوبەر ئەمە ڕوویدا، ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ وامایسا چووم بۆ پیاسەکردن، هەرگیز باوەڕم نەبوو ڕۆژێک بێت و ئەوەندە بەختەوەر بم. دەتگوت لە ڕابردوو ڕامکردووە. لە جیهانی نوێی من و وامایسا پیاوێکی نوێ بووم. پێدەکەنین و خۆشیمان دەبینی پێکەوە. زەردەپەڕ دەرکەوتبوو و وەکوو منداڵ پێکەوە یاریمان دەکرد. وامایسا تاوێک بەجێی هێشتم. لەپڕ باڵندەکە دەرکەوت و سەیری ناوچاوی دەکردم، هەستم بەهیچ شتێک نەدەکرد، نەمدەتوانی هاوار بکەم، ئەبڵەق بووبووم. بەدرێژایی ژیانم نزای ئەوەم دەکرد بۆ جارێکیش بێت باڵندەکە ببینم، بەڵام ئەوەتا لەبەردەمیدا چۆکم شکاوە و ناتوانم هیچ بکەم. باڵندە ڕەشەکە چاوەکانی گەورە و سوور بوو، دەتگوت چاوی مرۆڤە. بەبێ ئەوەی بتوانم هیچ بکەم، لەدەستم هەڵهات و نەما.
- بە وامایسات گوت؟
- نا، پێمنەگوت، گوتم باش نیم. کە بینی وا دەلەرزم، وایزانی سەرمام بووە. ئاخر چۆن بۆی باسبکەم، خۆ بڕوام پێناکات.
مانگارا گەڕایەوە بۆ زانکۆ، تاوەکوو کۆتا وەرزی خوێندنی خۆی تەواو بکات، ئیتر هیچم لەبارەوە نەبیست. منیش نێردرام بۆ تنگانیکا و بووم بە سەرپەرشتیار. پاش شەش مانگ گەڕامەوە بۆ زێدی خۆم. لیمۆرۆ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نەکردبوو. بە بازاڕەکەدا تێپەڕیم و لە ڕێگایەکی کورتەوە کە دەیگەیاندمەوە ماڵەوە گەشتمەوە ماڵەوە، لەڕێگادا چاوم بە وامایسا کەوت، گۆڕابوو. لاواز و بەژن بەرز، ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابوو. هەفتەیەک بوو جلەکانی بەری نەشۆردبوو. بۆچی وای لێ هاتووە؟ ئەی مانگارا لەکوێیە؟
- تەندروستیت چۆنە؟
- باشم.
- ئەی مانگارا چۆنە؟
بەشێوەیەک سەیری کردم، وەکوو ئەوەی پرسیارەکەم ئازاری دابێت.
- نەتبیستووە؟
- چی!
- کۆچی دوایی کرد.
- مردووە!!!
- لە تاقیکردنەوەکانیدا کەوت، هەموان دەڵێن لەبەر ئەم هۆکارەیە خۆی کوشتووە…
سهرچاوه:https://www.nizwa.om/%D8%A7%D9%84%D8%B7%D8%A7%D8%A6%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%B3%D9%88%D8%AF/
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد








































































