شازدەی ئازار تەنها یادەوەرییەکی تراژیدی نییە لە مێژووی گەلی کورددا، بەڵکو دۆسیەیەکی یاسایی کراوەیە کە تا ئێستاش چاوەڕێی دادپەروەریی و جێبەجێکردنی پابەندییە دەستورییەکان دەکات. سەرەڕای ئەوەی کە کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە لایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقەوە لە ساڵی ٢٠١٠ وەک تاوانی جینۆساید ناسێندرا، بەڵام پرۆسەی قەرەبوکردنەوەی قوربانییان هێشتا لە بازنەی بەڵێنە سیاسییەکاندا ماوەتەوە. یەکەم: بەرپرسیارێتی کۆمپانیا بیانییەکان لە یاسای نێودەوڵەتیدا یەکێک لە ڕەهەندە هەرە گرنگ و فەرامۆشکراوەکانی ئەم کەیسە، بەرپرسیارێتی ئەو کۆمپانیا بیانییانەیە (بەتایبەت ئەڵمانی، فەرەنسی، و هۆڵەندی) کە کەرەستەی خاوی کیمیایی و تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی گازی ژەهراوییان بە ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوو فرۆشتووە. لە ڕووی یاساییەوە: • هاوبەشی لە تاوان: ئەم کۆمپانیایانە بەپێی “یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی” بەرپرسیارن، چونکە بەبێ ئەو کەرەستە خاوانە ڕژێمی بەعس نەدەبووە خاوەنی ئەو جبەخانە و کەرەستە کیمیاییانە.
• پێشینەی یاسایی: کەیسی “فرانس ڤان ئەنرات” لە دادگاکانی هۆڵەندا سەلماندی کە دەکرێت ڕێکاری یاسایی دژی دابینکەرانی چەکی کیمیایی بگیرێتەبەر. پێویستە حکومەتی فیدراڵ و ڕێکخراوە یاساییەکان داوای “قەرەبووی مادی” لەم کۆمپانیایانە بکەن بە تایبەت بۆ تەرخانکردنی بۆ ناوەندە تەندروستی و ژینگەییەکانی هەڵەبجە.
دووەم: بنەما دەستوورییەکانی قەرەبووکردنەوە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی ئێراق چەند ماددەیەکی ڕوونی تێدایە کە حکومەتی فیدراڵ پابەند دەکات بە قەرەبووکردنەوە، لەوانە: ماددەی (١٣٢/ یەکەم): دەڵێت: “دەوڵەت پابەندە بە چاودێریکردنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و زیانلێکەوتووانی کردەوە نادادپەروەرانەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوو”. ئەم ماددەیە مافێکی دەستوورییە و نابێت ببەسترێتەوە بە ململانێی سیاسی نێوان هەولێر و بەغداد.پێویست بوو لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو تائێستا بەردەوام ئەم مافە بە خاوەن مافەکانی هەڵەبجە بدرایە. هەروەها ماددەی (١١٢): کە باس لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکان دەکات، دەبێت “زیانەکانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە ڕژێمی پێشوو” وەک ئەولەویەت هەژمار بکرێت.
سێیەم: هەڵەبجە وەک پارێزگا؛ مافێکی یاسایی نەک پاداشت تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراقەوە، تەنها گۆڕینی ناونیشان نییە، بەڵکو وەرگرتنی شایستە داراییەکانە بەبێ ئەم هەنگاوە یاساییە، شارەکە ناتوانێت بودجەی پەرەپێدانی سەربەخۆ و قەرەبووی پێویست بۆ ژێرخانی وێرانکراوی وەربگرێت. بۆیە لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین مانەوەی دۆسیەی هەڵەبجە بەبێ قەرەبوی کردەیی، بەردەوامییە بەو ستەمەی کە لە ساڵی ١٩٨٨ بەرامبەرخەڵکی نیشتمانپەروەری ئەو شارە کرا. ئەرکی یاسایی حکومەتی فیدراڵە کە هەڵەبجە وەک “ناوچەیەکی کارەساتبار” بناسێنێت و سندوقێکی نیشتمانی بۆ قەرەبوکردنەوەی ماددی و مەعنەوی قوربانییان دابمەزرێنێت، چونکە دادپەروەری تەنها بە ناساندنی تاوانەکە بەدی نایەت، بەڵکو بە گێڕانەوەی مافەکان تەواو دەبێت. وە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە وەک پارێزەری ئەم دۆسیەیە ڕۆڵی هەبێت تەنها لەم یادەدا بە مەراسیم و بەیاننامە و دەربڕینی هاوخەمی بۆ خەڵک و قوربانیەکانی بەرپرسیارێتی نیشان نەدات.







































































