دۆخی كورد باشووری كوردستان دوای ئاشتەوایی “پارتی و یەكێتیی”
وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا؛ ئاشتەوایی “یەكێتیی نیشتمانی كوردستان” لەگەڵ “كۆماری ئیسلامی ئێران” بە ئاشتەوایی ئەو ڕەوتە لەگەڵ “پارتی دیموكراتی كوردستان” كۆتایی پێهات. واتە تا ئەو كاتەی “یەكێتیی” نەگەڕایەوە بۆ لای “كۆماری ئیسلامی ئێران”، باسێك لە ئاشتەوایی لەگەڵ “پارتی” نەبوو. ئەوەش بەو مانایەی ئاشتەوایی ئەو “دوو” پارت و ڕەوتە كوردییە، بەهۆی متمانەیان نەبوو بە یەك، بەڵكو لەسەر داوای “كۆماری ئیسلامی ئێران” بوو، كە دەیویست كۆی پارت و ڕەوتە كوردییەكانی ئێراق لە یەك نزیك بكاتەوە و لە یەك بەرەدا شەری دەوڵەتی ئێراق بكەن. ئەوە لەكاتێكدا بوو، كە دەبوا ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانە، پێش ئەوەی “كۆماری ئیسلامی ئێران” بۆ بەرژەوەندی خۆی لە یەك نزیكیان بكاتەوە، خودی خۆیان ناكۆكی و كێشەكانیان وەلابنێن و لە یەك بەرەی هاوپەیمانییەتیدا، بە یەك بەرنامە و یەك هێز ڕووبەڕووی دەوڵەتی ئێراق و ڕژێمی بەعس ببنەوە. دواتر بەو یەكگرتووییە بە مافەكانیان بگەن، بەڵام بەداخەوە ئەوە ڕووی نەداو نەهاتە دی، تا ئەو كاتەی كۆماری ئیسلامی ئێران هاتە سەر هێڵ و فشارەكانی لەسەر ئەوان توند كردەوەو یەك لە دوای یەك، ئەوانی لەگەڵ یەك ئاشت كردەوە. ئەو ئاشتەواییەش، چەندە بە قازانجی دۆزی كورد و ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانە بوو، دوو هێندە زیاتریش بە قازانجی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو. هەربۆیە ماوەی ئەو ئاشتییە زۆری نەخایاند و دوای (8) ساڵ، جارێكی تر ناكۆكی و شەڕی نێوانیان دەستی پێكردووە، كە دواتر باسی دەكەین.
لێرەوە گەڕانەوەی “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان” بۆ لای “كۆماری ئیسلامی ئێران”، دۆخێكی نوێی بۆ خۆی و پارتی و كۆی پارت و ڕەوتە كوردییەكانی باشووری كوردستان لەلایەك و كۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەكی تر هێنایە ئارا، كە هەموویان بۆ یەك بەرژەوەندی كار بكەن، ئەویش دژایەتی دەوڵەتی ئێراق بوو. دۆخێك پێش “شەش” ساڵی رابردوو، نەهاتبووە دی. گەیشتە ئاستێك ڕووداوەكان خێرا تێپەرن و بە خێرایی بەسەر هەردوو دەوڵەتی “ئێران-ئێراق”دا گوزەر بكەن. هەربۆیە دەبوا ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانەش، لە ئاست خێرایی تێپەڕینی ئەو ڕووداوانەدا بن.
لە دەسپێكی ئاشتەواییەكەدا هەردوو پارتی ناوبراو واتە “یەكێتیی و پارتی” پێویستیان بەوە هەبوو، جارێكیتر بە هێزەكانی خۆیاندا بچنەوە و سەرباری رێكخستنەوەو یەكخستنەوەیان، پێداوچوونەوە بە تەواوی پێكهاتەكانیان بكەن، بەو رێكخستنە نهێنیانەشی لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی ئێراقدا بوون. واتە ئەوانەی لەناو شار و شارۆچكەو شارەدێ و تەنانەت ئۆردوگاو گوندە خاپوورنەكراوەكانی سنووری پارێزگاكانی “سولەیمانی، هەولێر، دهۆك”دا بوون. دیارە بەردەوامی جەنگی “ئێراق-ئێران”و شەڕ و ململانێكانی پێشوویان، نەك هەر بڕەستی لە كۆی پارت و ڕەوتە كوردییەكانی باشووری كوردستان بڕیبوو، كاریگەریشی لەسەر خودی خەڵكی باشووری كوردستان و دۆزەكەشی بەجێهێشتبوو. وەك ئەوەی چەندە هێزی ئەوان لە ڕووی مرۆیی و چەكەوە زیادی كردبوو، ئەوەندەش هێزی حكومەتی ئێراق زیادی كردبوو. بەتایبەت دوای ئەوەی بەردەوام سەرۆكی هۆزو سەرۆك خێڵ و سەرۆكی تیرەو بنەماڵەكانی كورد، تا بە خەڵكانی ئاسایی ئەگات، داوای كردنەوەی هێزی چەكداریان لە حكومەتی ئێراق كرد بوو، تا لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران و پارت و ڕەوتە كوردییەكانی شاخ بوەستن. هەربۆیە دۆخی دوای ئەو ئاشتەواییە، كاریگەری خۆی لەسەر كۆی لایەنە كوردییەكان و خەڵكی باشووری كوردستان و دۆزی كورد دانا. گەیشتە ئەوەی چیتر بەردەوامی دۆخی پێشوو وە شەڕی ناوخۆ لە بەرژەوەندی، پارت و ڕەوتە كوردییەكان نەبێت و پێویستیان بەوە هەبێت دوای رێكخستنەوەو پێداچوونەوە بە هێزەكانیان، تا بە رێكخستنە نهێنییەكانیان دەگات، خۆیان بۆ قۆناغی دواتر و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزە چەكدارە كوردییانەی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ئێراق و سوپا زەبەلاحەكەی، ئامادە بكەن. ئەمەو جگە لەوەی پێویستیشیان بەوە هەبوو، خۆیان بۆ بەردەوامی ئەو جەنگە ئامادە بكەن، كە ئایندەكەی دیار نەبوو. بەتایبەت گەیشتنیان بە دوا ڕۆژەكانی ئەو جەنگە، تا بە هێزەوە بمێننەوەو بەشی خۆیان لە كۆتایی جەنگەكە وەربگرن.
لەنێو ئەو دۆخەدا بەو پێیەی هێزی پێشمەرگەی “یەكێتیی نیشمانیی كوردستان” لە سنووری هەردوو پارێزگای “سولەیمانی و هەولێر”و هێزی پیشمەرگەی “پارتی دیموكراتی كوردستان” لە سنووری هەردوو پارێزگای “دهۆك و هەولێر” بوون، بۆیە لەسەر هەردوولا پێویست بوو، رێگا بە هێزەكانی بەرامبەریان بدەن، بێنە سنووری ناوچەی یەكتر و چالاكییەكانیان زیاد بكەن و لە شەڕەكانیان بەرامبەر سوپای ئێراق و هێزە كرێگرتەكانی حكومەتی ئێراق و دەزگاو دامەزراوە ئەمنییەكانی بوەستن و هاوكار و پشتیوانی یەكتر بن. وەك ئەوەی “یەكێتیی” رێگای بە رێكخستنەكان و هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی و هاوپەیمانەكانی دا، لە سنووری دەسەڵاتی خۆی، كاری حیزبی و پێشمەرگانە ئەنجام بدەن. هەروەها هێزەكانی پارتیش دەڤەری بادینانیان بۆ رێكخستنەكان و هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی واڵا كرد. ئەوەش چەندە لە قازانجی هەردوو لایەن و پارت و ڕەوتە كوردییەكانی تر بوو، ئەوەندەش لە قازانجی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو. ئەمەو جگە لەوەی زیانی زۆریشی بۆ دەوڵەت و حكومەتی ئێراق هەبوو. بەمەش “كۆماری ئیسلامی ئێران” قازانجێكی زۆری لە نزیك كردنەوەو رێكەوتنی “پارتی و یەكێتیی” هەبوو. ئەوەش دوای ئەوەی ئەو دەوڵەتە بەر لەساڵی “1986ز”و دواتر، تەواوی هێزەكانی هێنابوویە ناو خاكی ئێراق و ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ئێراق. بەتایبەت دوای ئەوەی دەستی گەیشتبووە ناوچەكانی “هەورامانی سەخت، پێنجوێن، شارباژێر، پشدەر، بیتوێن باڵەكایەتی، حاجی ئۆمەران” لە سنووری هەردوو پارێزگای سولەیمانی و هەولێر، تا بە دەڤەری بادینانی سنووری پارێزگای دهۆك ئەگات. هەربۆیە یەك هەڵوێستی پارت و ڕەوتە كوردییەكان، بۆ ئەو قۆناغە زۆر گرنگ و پێویست بوو، تا بە ووردی چاودێری پلان و پیلانی ئەو دەوڵەتە لەنێو خاكی باشووری كوردستان بكەن. بەمەش ئەو ئاشتەواییەی لەسەر رێ بوو، سوودێكی باشی بە دۆزی كورد گەیاند. ئەگەرچی زۆر درەنگ بەڵام گرنگ بوو.






































































