بژاردەکانی مانەوە و مەترسییەکانی پەرتەوازەیی
لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر لێواری وەرچەرخانێکی مێژوویی و ئەگەری تەقینەوەی جەنگێکی گشتگیر وەستاوە، پرسیارە هەرە جەوهەرییەکە بۆ کورد ئەوەیە: لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا چۆن دەکرێت کورد کەمترین زیان و زۆرترین سەقامگیری بۆ ناوماڵی خۆی بەدەستبهێنێت؟ مێژووی خوێناویی ئەم ناوچەیە فێری کردووین کە کورد زۆرجار بووەتە سووتەمەنی شەڕی وڵاتانی دیکە، بەڵام واقیعی سیاسیی ئەمڕۆ دەرفەتێکی جیاوازمان پێ دەدات، بە مەرجێک بە ژیری و دووربینییەکی ستراتیژییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکەین. ڕێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی، پێش هەر شتێک پێویستی بە قایمکردنی سەنگەرەکانی ناوخۆ هەیە پەرتەوازەیی گوتاری سیاسی لەم ساتە وەختە ناسکەدا، دەبێتە ئەو درزە گەورەیەی کە کارەکتەرە هەرێمییەکان بۆ بەرژەوەندیی تەسکی خۆیان بەکاری دەهێنن. پێویستە چیتر “بەرژەوەندیی نەتەوەیی” تەنها دروشم نەبێت و بخرێتە سەرووی هەموو کێبڕکێیەکی حزبی و ناوچەییەوە، چونکە کاتێک ئاگری شەڕ ناوچەکە دەگرێتەوە، جیاوازیی نێوان ڕەنگە سیاسییەکان مانای نامێنێت و هەمووان وەک یەک باجە قورسەکە دەدەین. لە ڕەهەندێکی دیکەوە، گرتنەبەری سیاسەتی “بێلایەنیی ئەرێنی” دەبێتە تاکە ڕێگەی دەربازبوون. ئەمەش بەو مانایەی کە کورد نابێت ببێتە لایەنگر لە هیچ جەمسەربەندییەکی توندڕەوی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی، بەڵکو دەبێت وەک فاکتەرێکی پارێزەری ئاشتی دەربکەوێت.
پاراستنی هاوسەنگییەکی ورد لە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، تاران، ئەنقەرە و واشنتۆن، زامنی ئەوە دەکات کە خاکی کوردستان نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی حساباتە سیاسی و سەربازییەکان. ئەم بێلایەنییە تەنها بێدەنگی نییە، بەڵکو کارکردنێکی چڕی دیپلۆماسییە بۆ تێگەیاندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە هەر جۆرە تێکچوونێکی ئاسایشی هەرێم، ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاوسەنگیی وزە لە جیهاندا. هەرچۆنێک بێت،ئەو شەڕەی ئێستا دووکەڵەکەی لە ئاسۆوە دیارە، دەکرێت بۆ کورد ببێتە هەڕەشەیەکی بوونگەرایی یان دەرفەتێک بۆ سەلماندنی پێگەی خۆی وەک قەوارەیەکی سەقامگیر،کلیلی پاراستنی ئێمە تەنها لە “هاوسەنگییەکی لۆجیکی” و “هۆشیارییەکی دەستەجەمعی”دایە کورد تەنها کاتێک دەتوانێت لەم مەترسییانە ڕزگاری ببێت، کە نەبێتە هاندەر بۆ سووتانی بەرژەوەندییەکانی هیچ لایەنێک و لە هەمان کاتدا ڕێگەش نەدات هیچ هێزێکی دەرەکی ناسنامە و خاکەکەی بۆ مەرامی جەنگیی خۆی بەکاربهێنێت. ئەگەر ڕاشکاوتر بم، تاکە ڕێگای پاراستنی ئەم هەرێمە کە بە خوێنی سەدان هەزار لاو بەدەستهاتووە، تەنها و تەنها لە یەکڕیزیدا کورت دەبێتەوە.






































































