جەنگ تەنها شەڕی کەرەستەکانی چەک تەقەمەنی نییە بە تەنها، بەڵکو شەڕێکی دەروونییە، کە سەرۆکەکان و فەرماندە و سەرکردە سەربازییەکان لە کاتی جەنگدا دەکەونە ژێر فشار و زەختێکی گەورەوە، چونکە ئەوان پێویستە پابەندی بڕیارەکانیان بن سەبارەت بە ژیانی دانیشتوانی نەتەوەکانیان، ئەوەش وادەکات بەشێکی زۆری کاتی خەوی سەرۆک و فەرماندە سەربازییەکان ببات و کاریگەریەکی خراپ بکاتە سەر تەندروستیان و بڕیارەکانیان. لە کاتی قەیرانەکان و جەنگە گەورەکاندا سەرۆکی وڵاتان و فەرماندە سەربازییەکان، ئەوانەی جەنگ تێیاندا روودەدات، دەکرێ بیرمان بۆ ئەوەبچێت کە ئایا دۆخیان چۆنە، ئایا فشاریان هەیە و دەترسن، یان بێدارن و ئارامیان نامێنی یاخود بەپێچەوانەوەن؟ لە مێژووی جەنگەکاندا لە ڕووی زانستیەوە، سەرۆک و فەرماندەکان پەنایان بۆ دەرمانی پزیشکی و هێورکەرەوە بردووە، بۆئەوەی بتوانن لە ئەرکەکانیاندا بەردەوام بن، لە گرنگترینی ئەو دەرمانانەی لە مێژووی جەنگە جیهانیەکاندا سەرۆکەکان بەکاریانهێناوە جۆراوجۆر بوون بۆ مانەوەی ئارامیان و دەرکردنی بڕیارە دروستەکانیان، لەوانەش دەرمانی (Amphetamines)کە کاریگەری هەیە لەسەر کۆئەندامی دەماری ناوەندی و وادەکات هەست بە ئاگایی بکەیت و تەرکیز و پاڵنەریان بەهێز بکات و گەشبین و ئەرێنی بن لەبیرکردنەوەکانیاندا، یان دەرمانی (کۆرتیگۆ ستێرۆید) کە دژە کۆرتیزۆلە و ڕۆڵی هەیە لەسەر پاراستنی سیستمی بەرگریی لەش، یاخود دەرمانی (Benzodiazepine) کە گرنگە بۆ چارەسەری خەمۆکی و کەمخەویی و تێکچوونە ژیریەکان، سەرباری لایەنی پزیشکی سەرکردەکان لەو دۆخە ناهەموارەدا پەنا دەبەنە بەر تەکنیکە دەروونییەکان و بەکاریاندەهێنن وەک تەکنیکی (Cognitive Reframing) کە بەو مانایە دێت سەرۆک ڕووداوەکان بەو چەشنە دەبینێت، کە ئەوە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و مێژوویە، بۆیە مێشک ئامادە دەکەن بە جۆرێک کیمیاوی مێشک دەگۆڕێت بەوەی کە هۆرمۆنی کۆرتیزۆل دەگۆڕن بۆ هۆرمۆنی دۆپامین کەرژێنێکی ئارامی بەخشە.
لە ڕووی زانستی دەروونییەوە سەرکردەکان ئەوەی گرنگە تیمە سەربازیەکەیانە کە متمانەیان پێدەکەن، ئەوەش جۆرێکە لە ئارامی، یاخود تەکنیکی گرتن و دانەوەی هەناسەدان پەیڕەو دەکەن، یان گرنگی دەدەن بە خوێندنەوەی کتیبە ئاسمانیەکان بەپێی بیروباوەڕەکانیان ئەگەر سەرکردەیەکی جووە یان مەسیحە یاخود پەیڕەوکاری ئاینی ئیسلامە، یان لە کاتی پرۆسەی خەودا ئامێرەکانی پەیوەندی لەخۆیان دوردەخەنەوە، دەکرێ سەرباری ئەوانەش گرنگی بە مەشق و راکردن بدەن کە ئەوانە سیستمی خەویان بە دروستی ئەهێڵێتەوە، لەلایەکی ترەوە سەرکردەکان بەهۆی جۆری بیرکردنەوەکانیانەوە ئەمیگدالا(Amygdala) کە ناوچەیەکە لەمێشکدا پێی ئەوتری ناوچەی ترس و فشار و هەستەکان، ئەوان هەوڵی کەمکردنەوەی دەدەن لەبەکارهێنانیدا، چونکە ڕۆڵی هەیە لەوەی تاک تووشی ماندووبون و بیرکردنەوەی نەرێنی هەڵهاتن بکات لە جەنگەکاندا، بەڵام فەرماندەکان لە کاتی جەنگەکاندا ڕاهاتوون لەسەر کاراکردنی (Prefrontal cortex) ، کە ئەویش ناوچەیەکی ترە لە بەشی پێشەوەی مێشکە و ڕۆڵی هەیە لە بڕیاردان و پلاندانان و کۆنتڕۆڵکردنی هەستەکان و لە کاتی ترس و توڕەبووندا خۆڕاگربێت، کاراکردنی ئەم بەشەی مێشک لای سەرۆکەکان زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەزموون و شارەزاییان هەیە کە ساڵانێک لە جەنگ و فشاردابوون و ڕاهاتوون لەسەر هەر بارودۆخێکی ناهەمواری جەنگی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ئەوەش وادەکات بە دروستی سیاسەتێکی ژیرانەوە مامەڵە لەگەڵ کێشمەکێش و دۆخە ناهەموارەکانی جەنگەکەدا بکەن




































































