درۆنەکانی گەیاندن ئامێری فڕیوی بێ فڕۆکەوانن، کە بە بەکارهێنانی GPS، هەستەوەر و سیستەمی کۆنترۆڵی خۆکار، کاڵای سووک لە فرۆشیارەکان بۆ کڕیارەکان لە ڕێگەی هەوادا دەگەیەنن، وەک هەڵبژاردەیەکی خێراتر و کاراتر لە گەیاندنی زەوی، بە تایبەتی بۆ کاڵا پێویستە خێراکان، ناوچە دوورەکان و، کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ و کاریگەری ژینگەیی. ئەم درۆنانە بۆ گەیاندنی کاڵا ڕاستەوخۆ بۆ کڕیاران دیزاین کراون، بەبێ ئەوەی فڕۆکەوانێکی مرۆیی تێیاندا بێت و، پشتگیری لە سۆفتوێری ڕێنیشاندەر، کامێرا و، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ دەکەن بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنێکی پارێزراو و ورد، هەروەها یارمەتی کۆمپانیاکان دەدەن بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی کات، کەمکردنەوەی خەرجی گەیاندن و گەیشتن بەو شوێنانەی کە گەیشتن پێیان لە ڕێگەی زەویەوە ئاسان نیە.
“درۆنەکانی گەیاندن تا چەند سەلامەتن بۆ ئەو کەسانەی لەسەر زەوین؟”
لە ساڵی ٢٠٢٦دا، سەلامەتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی گەیاندن (درۆن) بۆ ئەو کەسانەی لەسەر زەوین لە ڕێگەی سیستمێکی تووندی (سەلامەتی لە ڕێگەی دیزاینەوە) پارێزراوە، کە تێیدا تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و چاودێرییەکی یاسایی ورد تێکەڵ کراون. ئەگەرچی مەترسییە جەستەییە سەرەکییەکان پێشتر بریتی بوون لە برینداربوون بەهۆی پەروانەکانەوە، بەڵام مۆدێلە بازرگانییەکانی ئێستا ئەم کێشەیەیان چارەسەر کردووە لە ڕێگەی داپۆشینی پەروانەکان و بەکارهێنانی دیزاینی پارێزراو. جگە لە پاراستنی جەستەیی، ئەم فڕۆکانە خاوەنی سیستمی پێشکەوتووی (دۆزینەوە و دوورکەوتنەوە)ن کە بەهۆی لایدار (LiDAR) و کامێرای ٣٦٠ پلەوە دەتوانن بە شێوەیەکی خۆکار لە بەربەستەکانی وەک تەلی کارەبا یان پیادە کتوپڕەکان دوور بکەونەوە. بۆ کاتی تێکچوونی تەکنیکی لە بەرزاییەکاندا کە بە دەگمەن ڕودەدات، زۆربەی درۆنەکان ئێستا (پەرەشووتی فریاگوزاری) ئۆتۆماتیکی و بزوێنەری یەدەگیان هەیە کە ڕێگە دەدات بە نیشتنەوەیەکی خاو و کۆنترۆڵکراو تەنانەت ئەگەر پاتری یان یەکێک لە بزوێنەرەکانیش لەکار بکەوێت. هەروەها، چوارچێوە یاساییەکانی وەک (Remote ID) و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دڵنیایی دەدەن کە هەموو گەشتەکان لە کاتی ڕاستەقینەدا لەناو (ڕێڕەوی درۆنی) دیاریکراودا چاودێری دەکرێن، ئەمەش وادەکات درۆنەکان لە شوێنە قەرەباڵغەکان و ناوچە هەستیارەکان دوور بکەونەوە. هەرچەندە هیچ تەکنەلۆژیایەک بە تەواوی بێ کێشە نییە، بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن کە ئەم سیستمە ئەلیکترۆنییە خۆکارانە زۆر سەلامەتترن بۆ دانیشتووانی شارەکان بەراورد بەو بارهەڵگرە گەورانەی کە پێشتر کەلوپەلیان دەگواستەوە و دەبوونە هۆی ڕووداوی هاتوچۆی کوشندە.
“چۆن درۆنەکانی گەیاندن ڕێگا ئەدۆزنەوە و خۆیان لە کۆسپەکان دەپارێزن؟”
درۆنە گەیەنەرە مۆدێرنەکان لە ڕێگەی پرۆسەیەکی وردی “تێکەڵکردنی هەستەوەرەکان” ڕێگەی خۆیان دەدۆزنەوە، کە تێیدا سیستەمی شوێنکەوتنی جیهانی لەگەڵ هۆشیاریی ناوخۆیی یەکدەخەن. لەکاتێکدا سیستەمی GNSS (مانگی دەستکرد بۆ ڕێدۆزی) پۆتانە گشتییەکانی ڕێڕەوی فڕینەکە دابین دەکات، کۆمپیوتەری سەر درۆنەکە خۆی پشت بە تەکنەلۆژیای SLAM دەبەستێت بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی سێ ڕەهەندی (3D) ڕاستەوخۆ بۆ دەوروبەرەکەی. ئەمەش لە ڕێگەی کۆمەڵێک ئامێری پێشکەوتووەوە ئەنجام دەدرێت-:
تیشکی LiDAR :- نەخشەی ئەندازەیی شوێنەکە دەکێشێت.
کامێرا ڕەنگاڵەییەکان:- لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە هەستی قووڵی و ناسینەوەی تەنەکان دابین دەکەن.
هەستەوەرە دەنگییەکان:- دووریی وردی زەوی بۆ نیشتنەوە دەپێون. ئەم زانیارییانە دەستبەجێ لەلایەن ئەلگۆریتمەکانی پلاندانانی ڕێڕەوەوە دەستکاری دەکرێن کە دەتوانن ڕێگرییە گۆڕاوەکان بدۆزنەوە وەک باڵندەیەک یان تەلێکی کارەبا و لە چەند میلی چرکەیەکدا ڕێڕەوێکی نوێ بژمێرن بەبێ ئەوەی ئامانجی سەرەکیی گەشتەکە ون بکەن.
“زۆرترین کێش چەندە کە درۆنێکی گەیاندن دەتوانێت هەڵیبگرێت؟”
لە ساڵی ٢٠٢٦دا، زۆرترین کێش کە درۆنێکی گەیاندن دەتوانێت هەڵیبگرێت، بەپێی جۆر و ئامانجی درۆنەکە دەگۆڕێت. بۆ درۆنە ئاساییەکانی گەیاندنی کاڵا بۆ ماڵان (وەک ئەوانەی ئەمازۆن و زیپلاین)، زۆربەیان بۆ کێشی کەمتر لە ٥ پاوەند (نزیکەی ٢.٣ کیلۆگرام) دیزاین کراون، چونکە ئەمە زۆربەی داواکارییە رۆژانەکان دەگرێتەوە و سەلامەتیی گەشتەکەش دەپارێزێت. بەڵام لە کەرتی پیشەسازی و لۆجیستیکیدا، گۆڕانکاری گەورە ڕوویداوە، درۆنە زەبەلاحەکانی وەک (DJI FlyCart 30) یان مۆدێلە نوێیەکانی تر دەتوانن کێشێک لە نێوان (٦٥ بۆ ٨٨ ) پاوەند (٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆگرام) هەڵبگرن. تەنانەت درۆنی تایبەت هەن کە بۆ بارە قورسەکان و فریاگوزاری سەربازی دروستکراون و توانای هەڵگرتنی زیاتر لە (٥٠٠) پاوەند (٢٢٧ کیلۆگرام) یان هەیە. بە کورتی، توانای هەڵگرتنی کێش پەیوەستە بە هاوسەنگی نێوان هێزی پاتری و ئەو مەودایەی کە درۆنەکە دەیبڕێت؛ هەرچەندە بارەکە قورستر بێت، مەودای فڕینەکە کورتتر دەبێتەوە.
“کاریگەرییەکانی کەش و هەوا چین لەسەر ئەم درۆنانە؟”
کەشوهەوا یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکان لەبەردەم گەیاندنی کاڵا بە درۆن، چونکە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر جێگیریی فڕین، کارایی پاتری و سەلامەتیی گەشتەکە. (با) بە سەرەکیترین هۆکار دادەنرێت، بای بەهێز دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی درۆنەکە و ناچاری دەکات وزەیەکی زۆرتر بەکاربهێنێت بۆ مانەوە لە هەوادا، ئەمەش تەمەنی پاترییەکە کەم دەکاتەوە و مەودای گەشتەکە کورت دەکاتەوە. هەروەها باران و بەفر مەترسی بۆ سەر پارچە ئەلیکترۆنییە هەستیارەکان و هەستەوەرەکانی درۆنەکە دروست دەکەن، جگە لەوەی کۆبونەوەی ئاو لەسەر درۆنەکە کێشی زیاد دەکات. لە لایەکی ترەوە، پلەی گەرمی زۆر کاریگەری نەرێنی هەیە، لە سەرما پاترییەکان کارایییان دادەبەزێت و لە گەرمای زۆریشدا پارچە ناوخۆیییەکان مەترسی سووتانیان لێ دەکرێت. تەم و مژیش دەبێتە هۆی کوێرکردنی کامێراکانی ناسینەوەی ڕێگرییەکان، کە زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی درۆنەکە گەشتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ بنکەکەی. درۆنە پێشکەوتووەکانی ئێستا سیستەمی ((IP55 یان IP67)) یان تێدایە کە دژە ئاو و تۆزن، ئەمەش ڕێگەیان پێ دەدات لە کاتی بارانی سووکدا بەردەوام بن. هەروەها بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد یارمەتییان دەدات لە چرکەیەکدا پێشبینی گۆڕانی ئاراستەی با بکەن و خۆیان لەگەڵدا بگونجێنن.
“کاڵاکان تا چەند پارێزراون لە بەرامبەر دزین یان دەستکاریکردن؟”
ئاسایشی ئەو پاکێجانەی بە درۆن دەگەیەنرێن لە ساڵی ٢٠٢٦دا پشت بە ستراتیژییەکی پێشکەوتووی “بەرگریی فرەچین” دەبەستێت کە چارەسەری هەردوو کێشەی دزینی فیزیکی و هاککردنی دیجیتاڵی دەکات. لە ڕووی فیزیکییەوە، زۆرێک لە درۆنەکان ئێستا سیستەمی تەلی زیرەک یان کۆنتێنەری نیشتنەوەی قوفڵکراو بەکاردەهێنن لەبری ئەوەی تەنها پاکێجەکە لە بەردەم دەرگا فڕێ بدەن، ئەمەش دڵنیایی دەدات کە کاڵاکە تەنها کاتێک بەردەست دەبێت کە وەرگرەکە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی مۆبایلەکەیەوە ناسنامەی خۆی بسەلمێنێت. بۆ ڕێگریکردن لە دزین، درۆنەکان بە هەستەوەری ٣٦٠ پلەیی بۆ دوورکەوتنەوە لە بەربەستەکان و کامێرای زیرەکی دەستکرد ئامادە کراون کراون کە دەتوانن کەسانی ڕێپێنەدراو لە ناوچەی نیشتنەوەکەدا دەستنیشان بکەن، کە زۆرجار دەبێتە هۆی وەستاندنی پرۆسەکە و گەڕانەوەی دەستبەجێی درۆنەکە. لە ڕوانگەی ئاسایشی ئەلیکترۆنییەوە، مەترسیی “چەواشەکردنی جی-پی-ئێس” یان ڕفاندنی فەرمانەکان لە ڕێگەی پڕۆتۆکۆڵە بەکۆدکراوەکانی MAVLink و سیستەمی گەڕانی یەدەگ کەمکراوەتەوە، کە زانیارییەکانی GPS لەگەڵ داتای بینایی (VIO) و تاوەرەکانی مۆبایل بەراورد دەکات.
جگە لەوەش، پیشەسازییەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەرەو پەیوەندیی بەکۆدکراوی سەرتاپایی (end-to-end encryption) لە نێوان وێستگەی کۆنترۆڵی زەمینی و درۆنەکەدا هەنگاوی ناوە، ئەمەش وادەکات ڕفاندنی هێڵی فڕینی درۆنەکە لەلایەن لایەنی سێیەمەوە نزیک بێت لە مەحاڵ. هەرچەندە هیچ سیستەمێک ١٠٠٪ پارێزراو نییە، بەڵام تێکەڵکردنی سەلماندنی ناسنامەی بایۆمەتری بۆ وەرگرتنی پاکێجەکە و کۆدکردنی سیگناڵەکان بە ئاستی سەربازی، وایکردووە گەیاندنی درۆن لە ڕووی ئامارییەوە پارێزراوتر بێت لە گەیاندنی تەقڵیدی کە کاڵاکە بێ چاودێری لەبەردەم دەرگا جێدەهێڵرێت. سەرهەڵدانی درۆنەکانی گەیاندن گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە بەرەو لۆجستیكی زۆر کارا و بێبەرکەوتن کە قەرەباڵغی هاتوچۆی نەریتی تێدەپەڕێنێت. ئەم سیستەمە بە بەکارهێنانی فڕینی سەربەخۆ، بە شێوەیەکی بەرچاو دەردانی کاربۆن کەمدەکاتەوە و کاتی گەیاندنی “کۆتا کیلۆمەتر” لە چەند کاتژمێرێکەوە بۆ چەند خولەکێک کورت دەکاتەوە. بەڵام، پەرەپێدانی بەربڵاوی ئەم تەکنەلۆژیایە هێشتا بەندە بە تێپەڕاندنی ئاستەنگە ڕێکخراوەییەکان، دەستەبەرکردنی تایبەتمەندیی خەڵک و کۆنترۆڵکردنی ئاستی ژاوەژاوی شار. لەگەڵ بەردەوامی باشتربوونی تەمەنی پاتری و گەشتیاریی ژیریی دەستکرد، بینینی دابەزینی کارتۆنەکان لە ئاسمانەوە لە دیاردەیەکی نامۆوە دەبێتە پێوەرێکی ڕۆژانە. لە کۆتاییدا، درۆنەکان چارەسەرێکی بەردەوام بۆ داخوازییەکانی بەکارهێنەری مۆدێرن پێشکەش دەکەن و بۆشایی نێوان خێرایی دیجیتاڵی و گەیشتنی فیزیایی پڕ دەکەنەوە. ئەم تەکنەلۆژیایە تەنها شێوازی وەرگرتنی کاڵاکان ناگۆڕێت، بەڵکو تەواوی تەلارسازی زنجیرەی دابینکردنی جیهانی سەرلەنوێ پێناسە دەکاتەوە.
سەرچاوە؛ ScienceDirect
وهرگێڕانی؛ لاولاو مستهفا



































































