شین، لە هەندێک ناوچەش پێیدەڵێن کەوە، بە یەکێکە ڕەنگە ساردەکان دادەنرێت، چەند تۆنێکی هەیە، شینی کاڵ و تۆخ و پیرۆزەیی، لە ڕووی دەروونناسییەوە و بەوە ناسراوە کە ئاسوودەیی بە دەروونی مرۆڤەکان دەبەخشێت، دژی خەمۆکی و دڵتەنگییە، ئەو کەسانەی جل و بەرگی شین دەپۆشن بڕوایان بە خۆیانە و خاوەن کەسایەتی بەهێزن. ڕەنگی ئاسمان و دەریا و ڕوبارەکانە، لە شەبەنگیشدا دەکەوێتە نێوان ڕەنگی مۆر و ڕەنگی سەوز. ئەم وشەیە، تەنها لە سێ پیت پێکهاتووە و زیاتر لە مانایەکی هەیە و فرە واتایە، لە بەکارهێنانی ڕستەدا مانای جیاواز لە مانا بنەڕەتییەکەی خۆی دەدات، بۆ نموونە دەتوانین لە جیاتی ڕەنگی تر بەکاریبهێنین و هەمان مانای ئەوانیش بدات.
ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە هەندێک وشەمان هەیە لە کۆنتێکستی ڕستەوە مانا وەردەگرێت. – شین، لە بری ڕەنگی (سەوز) پیرەمێرد دەڵێ:
کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە
چەندە مەڵبەندی ئێمە شیرینە
سەرنج بدەن، پیرەمێرد ناڵێت دەشت و کێو سەوزە! دەڵێ شینە و هەمان واتای سەوزیش دەدات! یاخود لە گفتوگۆی ڕۆژانەدا دەڵێن: دەغڵ و دان یان گەنم و جۆ شین بووە، لێرەشدا(شین) لە جیاتی (سەوز) بەکاردەهێنین. – شین، لە بری ڕەنگی ڕەش بەپێچەوانەی ئەوەی لەسەرەتاوە باسمکرد، کە لە ڕووی دەروونناسییەوە ڕەنگی (شین) دژی خەمۆکی و دڵتەنگییە، لەلای ئێمە ڕەنگی (شین) وەک ڕەنگی ڕەش، ئاماژە و هێمایە بۆ پرسە و ماتەمینی، جلی شین وەک جلی ڕەش جلی پرسە و ماتەمە.
نالی: لیباسم ماتەمە، شینە، لە شیندام سوروشکم سوورە، ڕەنگم زەردە بێ تۆ .
شین، بەواتای گریان و هاوار و پرسەیە
سالم: شەهرێکە پڕ لە زوڵم و مەکانێکە پڕ لە شین
جایێکە پڕ لە شۆر و وڵاتێکە پڕ لە شەڕ
مەحوی: لە سەیری خەستەخانەی عیشق ئەوی سەوزەی کە وا شینە
لە سەر هەر خەستە دێ یا خوێندنی یاسینە، یا شینە
شینی یەکەم ڕەنگی جلو بەرگە دووەم بەواتای گریان و هاوار و ڕۆڕۆیە.
فایەق بێکەس: وەتەن دیسان بە مەحزوونی ئەڵێ ئەی لاوەکان بۆ چی وا مات و مەلوولن، بەسیەتی شین و گرین – شین، ڕەنگی جل و بەرگە.
سالم: سروشکم قرمز و دیدەم سفیدە
ڕوخم زەرد و لیباسم شینە بێ تۆ
شین، بۆ نزالێکردنە وەک لە کۆندا، لە نێو ژناندا وتویانە: سەرت شین کەیت واتە سەرت لە قوڕبنێیت کە ئەوەش بۆ پرسەیە. – شین بۆ نیشاندانی گەورەیی قەبارە وەک لە هەندێک ناوچە بە مرۆڤی باڵا بەرز و کەتە و چوارشانە یان وتووە: شینە زەلام. – شین، ڕەنگی ئاسمانە: گۆران: کۆمەڵە شاخێک سەخت و گەردن کەش ئاسمانی شینی گرتۆتە باوەش – شین، ڕەنگی چاوی هەندێک لە مرۆڤەکانە.
شێرکۆ بێکەس: نە من، نە ئەستێرەی شیرین نە ئەفسوونی پەنهانی ژین
نەمانتوانی بۆ چاوی شین شیعرێ بە دیاریی بنێرین
! شیعری شیرین بۆ چاوی شین لە هەڵبەستی منا ئەژین.
– شین، ڕەنگی خاڵی کوتراوی سەر چەناگە و گۆنایە.
نالی: عاشقی سونعی حەقم، قوربانی ڕەنگی قودرەتم چاوی ماوی، خاڵی شین، کوڵمی سپی، زوڵفی سیا.
*لێکسیکۆلۆجی: زانستێکی زمانییە، لە ڕووی بنچینە و پێکهات و گەشە و گۆڕان و واتاوە و فرە واتا و هاوبێژەکانی لە وشەکانی زمان دەکۆڵێتەوە و گرنگی پێدەدات، وشەسازی گرنگی بە فۆڕم دەدات، بەڵام لێکسیکۆلۆجی گرنگی بە ناوەڕۆک (واتا) دەدات.




































































