“پێشەکی”
ترس حاڵەتێکی خرۆشاوانەی دەروونییە کە بەهۆی دروستبوون یان پێشبینیکردنی پاڵنەرێکی زیانبار و مەترسیدار دێتە ئاراوە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا کێشەیەکی وا ناهێنێتە کایەوە. بەڵام بابەتی سەرەکی شێوەی کاردانەوەی ئێمە لە هەمبەر ترسەکە دایە. دەبێت ترس لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی، کە زیاتر بە بێ هەبوونی هەڕەشەیەکی واقیعی و دەرەکی دروست دەبێت، لێک جیا بکەینەوە. سەرەڕای ئەمەش ترس پەیوەندیدارە لەگەڵ ئەو کردارانەی کە تایبەتن بە بابەتی “هەڵهاتن” و “خۆلادان(اجتناب)”ەوە. لە حاڵێکدا کە دڵەڕاوکێ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڕەشانەی کە لە کۆنترۆڵ بەدەرن و ڕێگەشیان بۆ هەڵاتن و خۆلادان لەبەردەمدا نییە. بەزۆری ترس لەگەڵ ئازاردا پەیوەندی هەیە؛ بۆ نموونە کەسێک کە لە بەرزایی دەترسێت، ئەگەر لە بەرزاییەک بکەوێتە خوارەوە بێگومان تووشی زیانی گەورە دەبێت. زۆرێک لە تیۆریداڕێژانی وەکوو جان بی. واتسۆن و پاول ئاکمەن لەم باوەڕە دان کە گوایە ترس لە پاڵ “شادومانی” و “تووڕەیی” یەکێکە لە چەند هەستە بنەمایی و سەرەکییەکەی مرۆڤ. بەگشتی و لە ڕوانگەیەکی ئەنسرۆپۆلۆجیانەوە ترس یەکێکە لە میکانیزمەکانی مانەوە یان باشتر وایە بڵێین هەوڵدان بۆ زیندوومانەوە یان بە مانایەک تەقەللا بۆ نەمری، بەڵام لە پاڵ ئەمەشدا ترس لە وەڵامی یەکێک لە پاڵنەرە نەرێنییە دیاریکراو و تایبەتەکان دروست دەبێت. ترس یەکێک لەو دیاردانەیە کە ڕۆڵێکی زۆر یەکلاکەرەوەی لە گەشەسەندنی مرۆڤی سەرتایی هەبووە. هەروەها لە دروستبوون و ڕوونکردنەوەی کەسایەتی ئینسان و هەروەها پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی. ترس وەکوو یەکێک لە فاکتەرە بنەڕەتییەکان هەژمار دەکرێت کە هەڵسەنگاندنی دروستی ڕۆڵ و پێگەکەی لە دەروونشیکاری و دەروونناسیدا و هەروەها لە کۆمەڵناسیشدا گرنگە.
“ترس و ڕۆڵی لە دروستکردنی کەسایەتی تاک و کۆمەڵ”
ژیانی زۆرێک لە مرۆڤەکان لە گەڵ ترسدا تێکەڵە و ئەمە لە حاڵێک دایە کە ڕەنگە زۆرینەیان لەسەر هۆکار یان تەنانەت بوونی ترسەکانی خۆیان وشیار نین و ناشادبوونیان لە ژیان و ئەو کردەوانەی کە لە ترسەوە سەرچاوە دەگرن وەکوو بەشێک لە کەسایەتی خۆیان زانیوە و وا دەزانن کە کەسایەتیان بەم شێوەیە دروست بووە و ئەم کەسایەتیە تایبەتە بەوان و ناکرێت بگۆڕێت. بەم مانایە و بەم هۆیەوە ئەم کەسایەتیانە بواری ناسینەوەی خۆیان لە کیس داوە. ترس یەکێک لە بەشە بنەڕەتییەکانی نۆرۆز یان تێکچوونە دەروونییەکان. بەپێی سەرچاوە، ڕێژە و جۆری دەرکەوتەی دەرەوەیان، زیگمۆند فرۆید ترسەکان بەسەر سێ بەشدا دابەش دەکات:- ئەلف) ترسە لۆژیکییەکان ب) ترسە ناباوەکان پ) ترسە ئەخلاقییەکان.
ترسە لۆژیکییەکان هۆکارانێکی ڕوون و دیاریان لە ژینگەی مرۆڤدا هەیە و کەم یان زۆربوونی ئەم جۆرە ترسانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ شتەکانی دەوروبەر یان هۆکارە ترسهێنەکانی ژینگەی مرۆڤ هەیە. فرۆید لەم بارەیەوە دەنووسێت: “هەڕەشەی لۆژیکی، بریتییە لە هەڕەشەیەک کە ئێمە ئاگادارین لەسەری، ترسی لۆژیکی ترسێکە کە لە هەڕەشەی ڕاستەقینەوە سەرچاوە دەگرێت”. هەر بۆیە ترسی لۆژیکی بریتییە لە ترس لە هەمبەر شتێک و ئەم هەستە بە هەمان ڕادە وا لۆژیکی و هاوتەریبە لەگەڵ واقیع بە هەمان ڕادەش پێویستن و بۆ ژیان زەرورەتێکی بەردەوامن. بە بێ هەبوونی ئەم “هەستە پارێزەرە” ژیانی مرۆڤ ناتوانێت درێژەی هەبێت. ترسی لۆژیکی بە هەمان ڕادە بۆ ژیانی مرۆڤ پێویست و گرنگە کە هەستکردن بە ئازار:- ئازار بە ئێمە دەڵێت کە لە کار و باری ئۆرگانیسمی لەشدا کێشەیەک دروست بووە و هەر بۆیە هۆشدارییەکە کە ئەگەر بەهەند وەربگیرێت، دەکرێت بکەوێتە بەر چارەسەری و دەست بە جۆرێک لە تەندروستیی دەروونی بکات لە ڕێگەی وەرگرتنی چارەسەرەوە. هەروەها ترسی لۆژیکی هۆشدارییەکە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێمە لە ژینگەیەکی پڕمەترسیدا زیاتر ئاگامان لە خۆمان بێت. بەپێچەوانەی ترسە لۆژیکییەکان هۆکار و سەرچاوەی ترسە ناباوەکان بۆ کەسەکە ناڕوون و ناوشیارانەیە. هەر بەم هۆیەشە کە مرۆڤی تووشبوو بە ترسە ناباوەکان دەبێت سەرەتا هەوڵ بدات تاکوو بۆ ترسەکانی هۆکارێک داتاشێت. ناخۆشبوونی ئەم بابەتە لەوێ دایە کە لەم حاڵەتەدا مەترسییەکی زۆر دەکەوێتە بەردەم مرۆڤ، چونکە لەم ڕێگایەدا، واتە لە ڕێگەی دۆزینەوەی هۆکارەکانی ترسە ناباوەکان، خواستێک بۆ بە لۆژیکی پیشاندانی ئەم ترسانە وەکوو بەدیهاتووی هۆکارە دەرەکییە ناپەیوەندیدارەکان و خستنەپاڵی هەستی ترسانی خۆیان بۆ ئەم هۆکارانە، هەیە و ئەمەش لە ناو زۆربەی کۆمەڵگاکاندا بابەتێکی زۆر باو و گشتگیرە. دۆزراوەکان تا ئێستە لە بواری دەروونشیکاری ئێمە فێری ئەوە دەکەن کە ترسە ناباوەکان لەدایکبووی کەوتنە بەر هەڕەشەی بزوێنەرە غەریزییەکانی مرۆڤن و وەکوو هاوارێکن کە لە زەینی ناوشیاری مرۆڤ(ئەو یان جێناو) سەرهەڵدەدەن. بەم مانایە یەکێک لە غەریزەکانی مرۆڤ کە پێویستە تێر بکرێت سەرکوت کراوە و کاریگەریی ئەم سەرکوتکارییە لەسەر “هەناو”ی ئینسان هۆکاری ئەم جۆرە ترسە ناباوانەیە.
جۆری سێیەمی ترس، واتە ترسە ئەخلاقی و یان ویژدانییەکان، سەرچاوەیەکی تەواو کۆمەڵایەتی هەیە. بە باوەڕی فرۆید ئەم جۆر ترسانە لەدایکبووی زاڵبوونی سەرکوتکارانەی”سووپێر ئیگۆ-ژوورەخود” بەسەر بەشەکانی دیکەی پێکهاتەی دروونیی مرۆڤە. بەم مانایە کە پێکهاتە ئەخلاقییەکان و عورف و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، کە لە پێکهاتەی دەروونیی کەسەکە خۆی وەکوو”ژوورەخود” یان “منی بەرزتر” وەدەر دەخەن، وەکوو هێزێکی زاڵ و سەرکوتکاری غەریزەکانی تاکەکەس دەردەکەون. هەرچەنێک پانتایی ئەو سنوورانەی کە کۆمەڵگایەک بەپێی پێکهاتە ئەخلاقی و عورفی و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر تاکدا دەیسەپێنێت بەربڵاوتر بێت و هەرچەنێک ئەم سنووردانانە لە دژایەتییەکی زیاتر لەگەڵ غەریزەکانی لەش و زەینی مرۆڤدا سەنگەر بگرن، بەو ڕادەیەش تەشەنەسەندنی ترسە ئەخلاقییەکان لە نێو مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا بەربڵاوتر و فراونترە. ئاماژەکردن بەم خاڵەش گرنگە کە شێوە، ناوەرۆک و پانتایی ترسە ئەخلاقی یان ویژدانییەکان لە کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا بەشێوەیەکی بەردەوام لە حاڵی گۆڕان و کاژخستن دایە. بەپێی تیۆرەکان لەبارەی ترس لە دەروونشیکاریدا (واتە تیۆرەکانی هۆشداردان) دەبینین کە ناوەرۆکی ترسەکان لە لایەکەوە لەم کۆمەڵگاوە بۆ ئەو کۆمەڵگا کۆمەڵێک جیاوازی پێشان دەدات، بەڵام لە کرۆکی ناوەرۆکی ترسەکان کۆمەڵێک جیاوازی بەرچاو نابینین. بۆ نموونە ترسە زاڵەکان لە سەردەمی فرۆیددا بریتی بوون لە ترس لە بەرزایی، ترس لە گەشتکردن، ترس لە خەسان، ئەم شێوازانەی ترس دەتوانین لەم سەردەمەی ئێستاشدا ببینین؛ ئەگەرچی ئەم جۆرە ترسانە ئیدی هەنووکە شێوەکانی زاڵی ترس دروست ناکەن یان نابنە هۆی ئەوەی دەروونی مرۆڤ لە ڕێگەی ئەم ترسانە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەلکێشی کێشە و تێکچوون بکرێن. یان لە لایەکی دیکەوە دەبینین کە “ترس لە هەوکردن” یان میکرۆفۆبیا کە لە سەردەمی فرۆیددا یەکێک لە شێوە تەشەنەکردوو و زاڵەکانی ترسی لەخۆ دەگرت بەرەبەرە و لە ڕێگەی دەرمانە دژە هەوکردووییەکان واتە ئانتی بایاتیکەکان پێش بە گشتگیربوون و تەشەنەسەندی فراوانی گیرا و لەباتی ئەوە هەنووکە شایەتحاڵی ترس و تۆقین لە نەخۆشی ئایدز (بەتایبەتی لە کۆمەڵگا ڕٶژئاواییەکان)ین. ترس لە ئایدز هەمان ئەو نیشانەی نەخۆشییەی هەیە کە ترس لە هەوکردن لە سەردەمی فرۆیددا هەیبوو. هەر بۆیە ئەو پرسیارە گرنگ و گشتگیرەی کە لە سەرووی شێوە جۆراوجۆرەکانی ترس دەخرێتە ڕوو ئەمەیە کە کاریگەرییەکان و ڕەنگدانەوە دەروونییەکانی ترس لە سەر پێکهاتەی دروونیی مرۆڤ چۆنە؟ وەکوو نمونە دەکرێت ببینین کە “ترس لە ئایدز” وەکوو نەخۆشییەک کە بەهۆی پەیوەندی سێکسیی لەگەڵ کەسی تووشبوو بە ئایدز دەگوازرێتەوە، کاریگەریی چڕ و خەستی لەسەر “سووپهر ئیگۆ” و یان “منی بەرزتر” هەیە و ئەوەی کە لە ڕووی زەینییەوە هانی دەدات ئەمەیە کە ترسان لە بەتابۆبوون یان قەدەغەبوونی پەیوەندیی سێکسی و دوابەدوای ئەوەش هەڵهاتن لە هەر جۆرە پەیوەندییەکی سێکسی پێشان دەدات.
ئەم جۆر و شێوازانەی ترس و شێوەکانی دیکەی وەکوو “ترس لە دابڕان”، “ ترس لە لەکیسدانی پەیوەندییەکی سۆزدارانە”، “ترسی بچووکبوون لە هەمبەر گەورەیی جیهان” و لەم بابەتانە کە دەکرێت سەرچاوەی واقیعییان لە جیهانی ئێستەی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی تەکنیکیدا بۆ بدۆزینەوە، بێگومان دەتوانن وەکوو بەشێک لە ترسە لۆژیکییەکان هەژمار بکرێن بەڵام لە هەمان کاتدا سنووری نێوان ترسە لۆژیکییەکان، ترسە ناباوەکان و ترسە ئەخلاقییەکان ناکرێت بە ئاسانی لێک جودا بکەینەوە و هەر بۆیە پێویستە لێرەدا ئاماژە بە شێوە نەخۆشئامێزەکانی ترسەکان( فۆبیاکان) بکرێت.
“فۆبیا”
وشەی فۆبیا کە لە زمانی یۆنانییەوە هاتووەتە ناو زمانەکانی دیکە بە مانای ترسی قووڵ لە شتەکان و یان لەو ژینگانەیە کە خۆی لە خۆیدا بۆ مرۆڤ هیچ مەترسییەکیان نییە، بەڵام لە کەسی تووشبوودا دەبنە هۆی دروستبوونی ترس. بۆ نموونە کەسانێک هەن کە لە بینینی مشک دەتۆقن، یان لە تێپەڕین بە شوێنی قەرەباڵغدا ترس دایان دەگرێت یان لەوەی کە دەرزییەکیان لە نەخۆشخانە لێ بدرێت دەکەونە سەر هەرزە. بەهەر حاڵ تایبەتمەندیی هاوبەشی جۆرەکانی فۆبیا بریتییە لە شت و ئامێرەکان و یان ئەو ژینگانەی دەبنە هۆی دڵەڕاوکێ لە کەسەکەدا بەڵام خۆی لە خۆیدا هیچ مایەیەکی ترس و فۆبیایان تێدا نییە و هیچ مەترسییەکیان بۆ کەسەکە نییە. بۆ یەکەمین جار وشەی فۆبیا لە لایەن ئیستەنلی هاڵ(١٩١٤) لە دەروونناسیدا بەکار هێنرا. ئەو زیاتر لە ١٣٢ نموونە لە فۆبیاکانی پۆلێن بەندی کرد و لە پاڵ بەرامبەرە لێگیراوە یۆنانییەکانیدا خستنییە ڕوو کە بەشێکیان ئەمانەی خوارەوەن:-
ئایلۆرافۆبیا:- ترس لە پشیلە، ئاکرۆفۆبیا: ترس لە بەرزایی، ئانترۆفۆبیا: ترس لە گوڵەکان، برۆنتۆ فۆبیا: تس لە هەورەتریشقە، بەکتێریافۆبیا: ترس لە بەکتریا، بێگومان هەموو جۆرە جیاوازەکانی فۆبیاکان دەکرێت لە خانەی ترسە ناباوەکان دابنێین و خەسڵەتی هاوبەشی هەموویان دەکرێت لە پەیوەندیی لەگەڵ ڕۆڵێک کە لە پێکهاتەی دەروونیی مرۆڤدا دەیگێڕن بەم شێوەیە باس بکرێت کە فۆبیاکان وەکوو ترسە ئەخلاقییەکان”خود” لە ڕۆڵی خۆی بۆ بەنێونجی بوون لە نێوان “ئەو” و “ژوورەخود” لاواز دەکات و چالاکی و جووڵەی تووشی خەلەل یان تێکچوون دەکات.
سەرچاوە؛ راهنمای مغز انسان. جرالد هودر. محمد راه رخشان. تهران. ١٣٩٩. انتشارات اسد.
وەرگێڕانی؛ سۆزان سەعید




































































