“وتارێکی ئالبێرت کامۆ لە کتێبی فەلسەفەی پووچی”
بۆ ئینسانی ئەم ڕۆژگارە، پرۆمیتۆس مزگێنیدەری چ پەیامێکە؟ بێگومان دەتوانین بڵێین ئەم بوونەوەرە یاخییە، کە دژی خوداکان سینگی وەپێشێ ڕانا، نموونەی مرۆڤی هاوچەرخە. دەنگی ناڕەزایەتییەک کە هەزاران ساڵ پێش ئێستا لە وڵاتی ئاگراویی سەکاکان هەڵبرا هەنووکە بووە بە ڕاچەنینێکی مێژوویی بێوێنە. بەڵام دەڵێی هێشتا ئازاری ئەم ستەملێکراوە لە ناو ئێمەدا بەردەوامە و ئێمە بۆ بیستنی هاواری یاخیبوونی مرۆڤ کە ئەو تاکەناڵەی گۆشەگیرانەی بە گوێماندەدا دەدات، گوێڕایەڵ نین. لە ڕاستیدا لەسەر ڕووبەری تەسکی خاکدا، مرۆڤی ئێستا باری دەرد و ئازار بەکۆڵ دەکێشێت، لە نان و گەرمی ئاگر بێبەشە و ئازادیی بۆ ئەو وەکوو گەوهەرێکە کە بۆ دەستڕاگەیشتن پێی پەلەیەکی نییە. سەرباری ئەمەش هەر سات پەژارەیەکی نوێ دێتە پێشوازیی مرۆڤ، بە هەمان شێوەش کە ئازادی و دەرکەوتەکانی سات لە دوای سات ون و ناپەیدا دەبن. پرۆمیتۆس هەمان ئەو پاڵەوانەیە کە خزمەتی بە مرۆڤ کرد و میهرەبانی لەگەڵ نواند و ئازادی، پیشە و هونەرەکانی پێکەوە پێشکەشی کرد. مرۆڤی هەنووکە پێویستی و داڵغەیەکی جگە لە پیشە نیییە؛ لە دژی ماشێنەکان ڕادەبێت، هونەر و مژارە پەیوەندیدارەکانی بوون بە لەمپەر لە بەردەمی و نیشانەی کۆیلەیەتی ئەون. لە حاڵێکدا تێگەیشتنی پرۆمیتۆس، بە پێچەوانەوە، وابوو کە ماشێن و هونەری لێک بەجودا نەدەزانی. لای ئەو وایە کە جەستە و دەروون دەکرێت پێکەوە ئازاد بن.
مرۆڤی هەنووکە وا دەزانێت سەرەتا دەبێت جەستە ڕزگار بکات، تەنانەت ئەگەر دەروون بەشێوەی کاتی ناچار بە مردن بکرێت. بەڵام ئایا دەکرێت دەروون بەشێوەی کاتی بمرێت؟ لەڕاستیدا ئەگەر پرۆمیتۆس بگەڕێتەوە بۆ ناو ئێمە، مرۆڤی ئێستا هەمان هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکات کە خودا کەونینەکان لەگەڵی کردیان: مرۆڤەکان بە بیانووی مرۆڤبوون کە ئەو یەکەمین نیشانەی بوو، دیسان بە تاشەبەردێکەوە دەیبەستنەوە. ئەو جوێنانەی کە ئاراستەی ئەم شکستخواردووە دەکرێن هەمان ئەو جنێوانە دەبن کە لە سەرەتای تراژیدیای ئاخیلییسدا[1] دەنگ دەداتەوە؛ جوێنەکانی پەیوەست بە زۆر و ستەم. ئایا لەگەڵ ڕۆژگاری سووک و چرووک و درەختە بێدار و بارەکان و زستانی جیهان بووم بە هاونەوا و هاودەنگ؟ بەڵام هەمان غەمی نەبوونی نوور مافی ئەوە دەدات بە من: ئەم خەمە لە جیهانێکی دیکەوە کە وڵاتی ڕاستەقینەی منە دەدوێت. ئایا هێشتا کەسانێک پەیدا دەبن کە لەم خەمە بەشیان درابێت؟ لە سەروبەندی جەنگدا، دەبوو سەفەری دوور و درێژی ئەفسانەیەک بگرمە بەر. لەو سەردەمەدا گەنجێکی هەژار دەیتوانی خەیاڵی پڕشکۆی تێپەڕین بەناو دەریا لای خۆی بورووژێنێت و بەرەو زیارەتی نوور پەلە بکات. بەڵام من بووم بە هاودەنگی حەشامات. سواری کەشتی نەبووم. لە ڕیزێکدا جێگیر بووم کە گەنجان لە بەرامبەر دەروازەی کراوەی دۆزەخدا بەستبوویان. وردەوردە چووینە ناو دۆزەخەوە. و هەر کە هاوارمان کرد کە بێگوناهیی شەهید کراوە، دەروازەکەی پشتە سەرمان داخرا. پێمان نابووە هەرێمی دۆزەخەوە و هەرگیز لێی دەرباز نەبووین. شەش ساڵی ڕەبەقە هەوڵ دەدەین کە لەگەڵ هەڵبکەین. ئامێزی گەرمی دوورگە خۆش و گەشەکان ئیدی دیار نین، مەگەر لە پاش ساڵانێکی دوور و درێژی دیکە بەناوی داهاتوو، ئەوەش بە بێ گەرمیی ئاگر و بەبێ گزینگی هەتاو. لەم هەرێمە سارد و ڕەشەدا چۆنچۆنی دەکرێت بە بێ دوودڵیی پەشیمانی و گوناه گوێ بۆ زایەڵەی شاتوبریان[2] ڕادێرین. کاتێک ئامپێر[3] ڕێگای یۆنانی گرتە بەر، نووسەری پیر ئاوای پێ گوت:- “ڕەنگە گەڵایەک لە دارزەیتوونەکان و دەنکێک لە هێشووە ترێکان کە من لە دوورگەکانی یۆنان بینیم تۆ نەیبینی. من تەنانەت لە حەسرەتی دیداری ئەو گژوگیایانە دام کە لەو کاتەدا بینیم. من هێزی ئەوەم نەبووە کە لقی گسکێکی چکۆلەش لە بەرهەمەکانی خۆمدا وێنا بکەم”.
ئێمەش لەگەڵ ئەوەی کە خوێنی گەنجی لە دەمارەکانماندا لەگەڕدایە بەڵام لە ناو پیرییەکی تۆقێنەری ئەم سەدەیە ڕۆچووین، هەندێ جار ئاخهەڵکێشی گژوگیای هەموو سەردەمەکان و گەڵای دارزویتوونێکین کە ئیدی بەبۆنەی خودی خۆیەوە ناچینە دیداری و لە حەسرەتی ترێی ئازادیدا ماوینەتەوە. لە هەموو شوێنیک شوێنپێی مرۆڤایەتی، لە هەموو شوێنیک ئاخ و ناڵە و ژان و هەڕەشەی ئەو. بەسەر خەرمانی ئەم خەڵکە زۆرەوە کە بەسەر یەک کەڵەکە کراون هیچ شوێنیک بۆ مێروو نییە. مێژوو پانتای بیابانێکە کە تۆوی گسکی تێدا ناڕوێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، مرۆڤی سەردەم مێژووی هەڵبژاردووە. هەڵبەت نە دەیتوانی و نە ئەرکیشی ئەوە بووە کە ڕووی لێ وەرگێڕێت. بەڵام لەباتی ئەوەی مێژوو کەوی و ماڵیی بکات، هەر ڕۆژ تۆزێک زیاتر کۆیلەی دەبێت. لەم ڕووەوە مرۆڤ خیانەت لە ڕۆڵەی یاخی و میهرەبانی خۆی واتە پرۆمیتۆس دەکات. بەم شێوەیە، مرۆڤ چارەنووسێکی پڕبەڵا و موسیبەت قبووڵ دەکات کە پرۆمیتۆس دەیویست مرۆڤی لێ ڕزگار بکات. “وەکوو تارماییەکان، خەونەکان دەیانڕوانی و نەیاندەبینی، گوێێان ڕادەدێرا و نەیاندەبیست”.
ئێوارەیەکی درەنگوەختی دڵبزوێنی ئاسمانی باشوور، تەپۆڵکەیەکی جوان و بۆنی خوێیەڵانمان بەسە تاکوو ژیان دەست پێ بکەینەوە. دەبێت دووبارە ئاگرێک بدۆزینەوە، کارگەکان بخەینەوە سووڕ، تاکوو برسێتی لەشەکان ئۆقرە بگرێت و تێر بکرێت. دیداری نیشتمان و جەژنی ترێچنین و برسێتیی دەروون بدەین بە کۆڵی سبەینێدا- جگە لەوەی کە هۆشداریی بدەینە خۆمان چی دیکە دەتوانین بکەین؛ “یان ڕۆحی ئەم نیعمەتانە لەناو ببەین، یان بۆ هەمووانی دەستەبەر کەین.”ئێمە دەبێت تێکۆشانی پێویست بخەینە گەڕ تاکوو هاوچەشنەکانمان لێیان بێبەش نەبن. ئێمە کە ئەم حاڵە بە دەرد و ئازارەوە هەست پێ دەکەین، هەوڵ دەدەین تاکوو زمان بە گازندە و سکاڵا نەکەینەوە. ئایا پاش کەوتووین یان پێش کەوتووین؟ ئایا هێزی ئەوەمان دەبێت کە لقی کسکێک وێنا بکەین؟
دەڵێی پرۆمیتۆس وەڵامی ئەم پرسیارەی دابێتەوە، پرسیارێک کە لە ناخی سەردەمەوە هەڵدەقوڵێت. لەڕاستیدا ئەو مزگێنیی دا: “ئەی بمران(فانیان)، من مزگێنیی گۆڕان و قەرەبووکردنتان دەدەمێ، بەو مەرجەی وەها باڵادەست و پارێزکار و توانا بن کە گۆڕان و قەرەبووکردنەوە بە دەستی خۆتان جێبەجێ بکەن.”کەواتە ئەگەر ڕزگاریی ئێمە لە دەستی خۆمان دایە، من بە “بەڵێ” وەڵامی زایەڵەی سەدە دەدەمەوە. چونکە لە ناو پیاوانی ئاشنای خۆمدا، هێزی هزرمەندانە و دلێریی وشیارانەم بینیوەتەوە. پرۆمیتۆس هاوار دەکات؛ “ئەی دایک، ئەی دادپەروەری، دەبینی چۆناوچۆن ئازارم دەدەن؟” و هێرمێس Hermes[4] بە گاڵتەوە پێدەکەنێت بە پاڵەوان و دەڵێت؛ “جێگەی سەرسووڕمانە کە لەگەڵ هەموو تواناییەکت لە پێشگۆییکردندا، لە داهاتنی ئەشکەنجەی ئەمڕۆت بێئاگا و هەواڵ مایتەوە.” یاخی وەڵام دەداتەوە؛ “ئاگاداری ئەم ئازارە بووم.” من باس لە خەڵکانێک دەکەم کە خۆیانیش ڕۆڵەی دادپەروەرین. ئەمانەش بە زانست و ئاگادارییەوە لە ژێر سێبەری هەمان ئەشکەنجەی گشتی دان. ئەزقەزا دەزانن کە “دادپەروەریی کوێر بەهای نییە. دەزانن مێژوو نابینایە، هەر بۆیە دەبێت دەستی ماڵاوایی بۆ دادپەروەریی مێژوو ڕاتەکێنن، بۆ ئەوەی تا ئەو شوێنەی دەپۆڕێت دادپەروەریی قبووڵکراوی ئەقڵ لە جێگاکەی دانێنن.”بەم شێوەیە پرۆمیتۆس دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ئێمە.
ئوستوورەکان خۆیان لە خۆیاندا ژیانێکیان نییە. ئەوان چاوەڕوانن کە ئێمە ڕۆڵەکانیان بگێڕین. تەنها بەسە پیاوێک لە هەموو دنیادا وەڵامی زایەڵەیان بداتەوە تاکوو هەموو هێزی دەکارنەکراوی خۆیان پێشکەشی بکەن. ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە پاسەوانی ژیانی ئەم ئوستوورەیە بین، هەوڵ بدەین کە پرۆمیتۆس نەچێتە خەوی مەرگەوە، نەوەک پەسڵان بەڕووماندا بتەقێتەوە. هەندێ جار من لە ئەگەری ڕزگاربوونی مرۆڤی ئەم سەردەمە گومان دەکەم. بەڵام ڕزگاریی ڕۆحانی و لەشانی ڕۆڵەکانی ئەو هێشتاش دەپۆڕێت. دەکرێت ئەم هەلەیان بدەینێ تاکوو لە بەختەوەری و جوانی بەهرەمەند بن. ئەگەر ناچار بین مل لە هەمبەر ژیانێک بە بێ جوانی کەچ بکەین و واز لە ئازادی کە هاوتای جوانییە بهێنین، ئوستوورەی پرۆمیتۆس بەسەرماندا گاز دەکات کە“ مرۆڤ دەتوانێت لە هەر ئەندامێکی خۆی بەشێوەی کاتی داببڕێت، بەڵام ئەگەر هەموو بوونی مرۆڤ بەکار نەهێندرێت، خودی مرۆڤ بەکار نەهاتووە.” چونکە مرۆڤ هەم برسیی نانە و هەمیش هۆگری لقی گسک، ئەگەرچی نان پێویستترە، لانیکەم فێر بین کە یادی لقی گسک بەرز ڕابگرین هەمیشە. لە تاریکترین داڵانەکانی مێژوودا، موریدەکانی پرۆمیتۆس بە بێ ئەوەی واز لە ئیش و ئەرکی دژواری خۆیان بهێنن، هەمیشە چاویان دەبڕنە زەوی و گیای نەسرەوتوو. پاڵەوانی بەرز، لە ژێر قامچیی برووسکەی هەرەتریشقەی خوداوەنددا، ئیمانی هێمن و پشوودرێژی خۆی بە نیسبەت ئینسانەوە دەپارێزێت. ئاوەها پاڵەوانێک ڕەقترە لە تاشەبەردەکەی خۆی و پشوودرێژترە لە داڵی جگەرخۆر. ئەم پشوودرێژی و سەرسەختییەی ئەو بۆ ئێمە زیاتر لە یاخیبوونەکەی لەدژی خوداکان هەڵگری مانایە. ئیرادەی سەرسووڕهێنەر ببینە کە هیچ شتێک پەرت ناخات و ڕەتی ناکاتەوە. ئاوەها ئیرادەیەک، هەمیشە دڵی پڕ لە ژانی مرۆڤ و بەهاری دڵئەنگێزی جیهانی پێکەوە ئاشت کردۆتەوە و لەمەودواش هەر وا دەبێت.
سەرچاوە:
آلبر کامو. فلسفەی پوچی. ترجمە دکتر محمد تقی غیاثی. انتشارات پیام. زماستان ١٣٤٩
[1] -ئاخیلیس یان ئاخیلیوس Akhilleus پاڵەوانی ئوستوورەیی یۆنانی لە چیرۆکی شەڕی ترۆیە. ئەو گەورەترین جەنگاوەری یۆنانی و کارئەکتەری سەرەکیی ئیلیاد بەرهەمەکەی هۆمەرە.
[2] -فرانسوا ڕینێ دو شاتوبریاند(١٧٦٨-١٨٤٨) نووسەر، شاعیر و سیاسەتمەداری فەرەنسی بوو. ئەو وەکوو دامەزرێنەری ڕۆمانتیسیسم لە ئەدەبیاتی فەرانسەدا ناسراوە.
[3] -ئاندرێ ماری امپێری(١٧٧٥-١٨٣٦) ماتماتیکزان، فیزیکزان و دۆزەرەوەی فەرانسەوی و یەکێک لە دۆزەرەوەکانی ئەلەکترۆموگناتیس بوو. یەکەی گەڕیانی ئەلەکتریکی لە سیستەمی ئێس ئای، بە یادی ئەوەوە ناونراوە. یەکەمین دۆزینەوەی ئەو لە ماتماتیکدا، ((بیردۆزی بیرکاریی یارییەکانی قومار)) بوو کە لە ساڵی ١٨٠٢ دا بڵاو کرایەوە کە کەوتە بەر سەرنجی دالامبێر و ژۆزێف لالاند.
[4] -لە ئوستوورە یۆنانییەکاندا خودای خێرایی و ڕووناکی و پەیامهێنی دانیشتووانی ئۆلەمپە.
نووسین: ئالبێرت کامۆ
وەرگێڕان: سپێدە ساڵحی





































































