“من میتافیزیککارم، نەک مێژوونووسی سینەما “
“دۆڵۆز”
لەسەر ئەو ڕێگا درێژەی نێوان سینەما و میتافیزیک، ڕووبەڕووی شەپولێک لە پرسیار دەبینەوە کە مەحاڵە بتوانین بەبێ پەنابردن بۆ هەڤدژی نێوان “وێنە” و “دیالۆگ” بەرەنگاری ببینەوە؛ چونکە کاتێک میتافیزیک لە ڕێگەی وێنەوە شوێنی خۆی لە بوونیادی فیلمدا دەگرێتەوە، فەلسەفە دێتە کایەوە تا بوونی ئەم فیلمە لە ڕێگەی ئەو دیالۆگەوە دابمەزرێنێت کە پشت بە پرسیار دەبەستێت، یانژی لە ڕێگەی ئەو بێدەنگییەی کە بە جوڵە گوزارشت لە خۆی دەکات، کاتێک وا دەکات “چییەتی”(ماهییەت) پێش “بوون”(وجود) بکەوێت. لێرەوە دەپرسین؛ چۆن دەکرێت ئەو مانایەی کە لە ڕێگەی شاشەوە دەگاتە بینەر، بەبێ وێنە بخوڵقێنرێت؟ بەڵکو بۆچی “وێنە” بوو بە ناوەندێک (وەسیت) لە سینەمادا، لە کاتێکدا پێشتر لە میتافیزیکدا ڕووەکەی تری ڕاستی بوو؟ ئەمەی ناوی لێنراوە “شیعرییەتی وێنە” چییە؟ و چۆن وێنە دەتوانێت لە سینەمادا بگۆڕێت بۆ ڕاستی؟ ئایا لەبەرئەوەیە کە ڕاستی دەخاتە ناو کاری هونەرییەوە، نەک تەنها لاساییکردنەوەیەکی ساکاری واقیع بێت؟ لەو کاتەوەی ئەفڵاتون هۆڵی نمایشی سینەمایی داهێنا بۆئەوەی بیسەلمێنێت وێنە بریتییە لە جووڵە و ڕووناکی، و هەردووکیان لە خزمەت دیالۆگدان؛ بەو مانایەی ڕووناکی هەمیشە لە خزمەت جووڵەدایە، هەروەک چۆن جووڵە هەڵدەستێت بە گواستنەوەی ڕووناکی. وێنە لە بوون(وجود)دا کێبڕکێی ڕاستی دەکات، هەر ئەمەشە وای لە دۆڵۆز کرد بە سەرسوڕمانەوە بپرسێت؛ ئایا جووڵە یان ڕووناکی جڵەوی وێنە دەکات ؟ بە دەربڕینێکی تر چییەتی(ماهییەت)ی وێنە بریتییە لە ” کات “(زەمەن) کە لەگەڵ جووڵە و ڕووناکیدا ئاوێتە دەبێت. هەر بۆیە مانای وێنە هەر خودی ڕاستی جووڵەیە؛ چونکە ئەمانە لە میتافیزیکدا هەمان شتن، وەک چۆن لە دیالۆگەکانی ئەفڵاتووندا لە ” نمایشی ئەشکەوت “(میتافۆڕی ئەشکەوت)دا هاتووە.
ئەم تەمومژە هەرچەندە ئاڵۆز بێت و وەک هەورێکی ڕەش ڕێگری لە بینین بکات، وەلێ دیاریکردنی “زەمەنی وێنە ” وەک چییەتی، لە ڕێگەی چەمکی میتافیزیکی بۆ زەمەن بیری لێنەکراوەتەوە، ئەمەش وای لە هایدیگەر کرد میتافیزیک تۆمەتبار بکات بە لەبیرکردنی “بوون” و پشتگوێخستنی “زەمەن” وەک ناوک و جەوهەری ڕاستی بوون، چونکە تێگەیشتن لە “بوون” دەبێت لە “زەمەن”دا بەدەستبهێنرێت[لە چوارچێوەی زەمەندا] وەک ئاسۆیەک بۆ هەر تێگەیشتنێکی بوون(1). با گوێ لە سۆکرات بگرین کاتێک وەسپی نمایشی ئەشکەوتەکەی ئەفڵاتون دەکات و دەڵێت؛ “وێنای کۆمەڵێک پیاو بکە کە لە ژێرزەمێنێک لە شێوەی ئەشکەوتێک نیشتەجێن، قەتیس بوون، دەلاقەکەی ڕووی لە ڕووناکییە و ڕێڕەوێک بەرەو ناو ئەشکەوتەکە دەچێت. ئەو خەڵکانەی دەنێو ئەشکەوتەکە ماونەتەوە ناتوانن لە شوێنی خۆیان بجوڵێن و جگە لەوەی لەپێش چاویانە هیچ نابینن، لە پشتیانەوە بڵێسەی ئاگرێک دەدرەوشێتەوە، لە نێوان ئاگرەکە و زیندانیانی ئەشکەوتدا بەربەستانێک هەن وەک ئەوانەی لە شانۆی ماریۆنێت(بووکە ساماکەرە) هەن، کە ئەکتەرەکان(یاریکەرەکان) خۆیان دەشارنەوە کاتێک یارییەکان نمایش دەکەن “(2). ئەوانەی چێژ لەم نمایشە وەردەگرن، لە ڕاستیدا بێ ئاگان؛ چونکە هەموو ئەوەی دەیبینن تەنها وێنەیە، و ئەو کەسەی لە دەروازەی ئەشکەوتەکەوە دێت وێنەیەکی پێیە[هەڵگری وێنەیەکە]، وەک چۆن خۆر ڕووناکی بۆ زەوی دەهێنێت. لەبەرئەوە، ئەم زیندانییانە لە ڕاستیدا لە هەموو شتێک تەنها “سێبەری شتەکان” وەک ڕاستی دەزانن. لێرەدا سۆکرات پێشنیاری تووند دەکات بۆ ڕزگارکردنی یەکێک لەو زیندانییانە لەو سێبەرانەی سەر دیوای ئەشکەوتەکە، کاتێک بەقژ دەیگرێت و ڕای دەکێشێتە دەرەوەی ئەشکەوتەکە؛ با وادابنێیین یەکێک لەم زیندانییانەمان ئازاد کرد و ناچارمان کرد لەپڕ هەڵستێتە سەرپێ و سەری بسوڕێنێت و چاوەکانی بەرەو ڕووناکی بەرز بکاتەو. ئەو کاتە سەرنجی وردتر دەبێت چونکە لە ڕاستی نزیکترە. بەڵکو لەوەش زیاتر ئەگەر بەناچاری بابای نێو ئەشکەوتمان ڕاکێشایە دەرەوە و وازمان لێ نەهێنا تا ڕووبەڕووی تیشکی خۆر دەبێتەوە. بەم شێوەیە زەمەنی نمایش کۆتایی دێت و زەمەنی ڕاستی دەست پێدەکات. بە دەربڕینێکی سەردەمیانە؛ ناسینی ڕاستی لە تاریکی ئەشکەوتەوە دەست پێدەکات، پاشان شەیدابوون بۆ بینینی ڕووناکی؛ چونکە لە ئەشکەوتدا چییەتی ڕاستی وەک مەعریفە دیاری دەکرێت، هاوکات لە ئەشکەوتدا جەوهەری سینەماش دیاری دەکرێت، چۆنکە سینەما نەدەهاتە بوون ئەگەر نمایشی ئەشکەوتەکەی ئەفڵاتون نەبایە. ڕەنگە ئەم زیندانییەی سوکرات ناچاری کرد ئەشکەوتەکە جێبهێڵێت، هونەرمەند یان فەیلەسوف بێت، وەلێ گرنگ ئەوەیە کە خاوەنی ئیرادەی مەعریفە بێت کە توانای پێدەبەخشێت جیاوازی لە نێوان ڕاستی و وەهەمەکاندا بکات. فەیلەسوفە هونەرمەندەکە ئەو کەسەیە کە جیاوازی لە نێوان ڕاستی و وەهمدا دەکات و دەزانێت ڕووناکییەکە لە کوێوە دێت کە تاریکی نێو ئەشکەوتەکە ڕووناک دەکاتەوە، و دەزانێت ئەوەی زیندانییەکان دەیبینن تەنها وێنەیە. بە فەزڵی ئەم وێنانە، بلیمەتی دەرهێنەری سینەمایی لە ڕووی میتافیزیکی و هونەرییەوە گەڵاڵە دەبێت، کاتێک دەتوانێت لەم وێنانە کارێکی هونەری دروست بکات، و لە کارە هونەرییەکەشدا ئامڕازێک دروست بکات بۆ دانانی[چێکردنی] خودی ڕاستی لەناو هونەردا. هونەریش بە گوتەی دۆلۆز ئەو شتەیە کە بەرەنگاری مەرگ دەبێتەوە، هاوکات دەرچەیەکە بۆ ڕزگاریی لە قەیرانی ڕۆح؛ چونکە هونەر لە ڕێگەی زەمەنەوە وەک (جووڵە و وێنە) بەسەر لەبیرکردنی بوون زاڵ دەبێت[تێدەپەڕێنێت]، و لەبەرئەوەی (جووڵە و وێنە) هەمان شتن، سینەماش زاڵ بووە بەسەر هەردووکیاندا .
میتافیزیک وەک کارێکی هونەری بایەخی بە وێنە نەداوە، بەڵکو گرنگی بە نیشانە لاوەکییەکانی وێنە داوە وەک جووڵە و ڕووناکی، تەنانەت وێنە هاندەرێک بوو بۆ درککردن بە “بوونایەتیی بوون”، ئەمەش ئەو پێگە باڵایەی هونەرە وەک بزوێنەری ژیان، لەپێناو تێرکردنی پێداویستییە بەرزەکانی ڕۆح(3). لەگەڵ ئەوەشدا، هیگڵ هێشتا لەژێر کاریگەریی پێناسە ئەفڵاتونییەکەدا مابووەوە کە هونەر بە ” لاساییکردنەوە” دادەنێت، ئەمەش وای لێکرد لە کتێبی “ئیستاتیکا “دا مەرگی هونەر ڕابگەیەنێت؛ بەو پێیەی هونەر نەک هەر مردووە، بەڵکو جێگەی خۆی بۆ “بیرکردنەوە” چۆڵ کردووە کاتێک لەناو ڕواڵەتدا نوقم بووە. ئەوەی لەم ڕاگەیاندنی مردنی هونەردا سەرسوڕهێنەرە ئەوەیە کە فەیلەسوفی ناوبراو دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتی “شیعر” ڕادەگەیەنێت، ” شیعر لە زانستەکان و هونەرەکانی تریش تەمەنی درێژ دەبێت “. هەرچەندە فەلسەفەی ڕۆح، فەلسەفەیەکی هونەرییە و عاشقی جوانی ڕەهایە، بەڵام ڕۆحی تەنیا کورت کردووەتەوە لە “زەمەن”، بەمەش کەوتە ناو فێڵ و مەکری میتافیزیکەوە کاتێک” هەبوون “ی هان دا بۆ لەبیرکردن “بوون”، چونکە هەبوون لە ڕێگەی مرۆڤەوە بەشدار دەبێت لە لەبیرکردنی بوون(4). بە بڕوای هایدیگەر پرسیارە بنەڕەتییەکەی میتافیزیک ئەوەیە؛ کە بۆچی هەبوون هەیە و لە جیاتی ئەوە هیچ نییە؟ مێژووی میتافیزیک مێژووی لەبیرکردنی بوون و ئاهەنگگێڕانە بۆ هەبوون، ئیدی بە چ مانایەک دەتوانین لە فەلسەفەی لەبیرکردن تێبگەین؟ ئایا ئەمە تەنیا دەروازەیەک نییە بۆ فەلسەفەی هونەر؟ ئەگەر نا، مانای گەڕانەوەی هایدیگەر بۆ بنەچەی کاری هونەری چییە؟
هەر کە هایدیگەر لە لەبیرکردنی بوون لە میتافیزیکدا تێپەڕی، خۆی لەبەردەم ئەو مەترسییەدا بینییەوە کە هەڕەشەی ” نامۆبوون ” لە مرۆڤ دەکات؛ جونکە زاڵ بوون/باڵادەستبوونی هەبوون لە ڕێگەی تەکنیکەوە، هزری ناچار بە بێدەنگی کرد و مرۆڤ چیتر بیر ناکاتەوە؛ “ئێمە هێشتا بیرمان نەکردووەتەوە، بەڵکو مرۆڤ پشتی کردووەتە بیرکردنەوە دوای ئەوەی پشتگوێی خستووە کە ئەوەی پێویستە بیری لێ بکرێتەوە “. لەبەرئەوە زەرورەت وا دەخوازێت بگەڕێینەوە بۆ کاری هونەری چونکە هونەر بەرەنگاری لەبیرکردنی/فەرامۆشکردنی ماهییەت دەبێتەوە، ماهییەتیش گفتوگۆی هەمیشەیی نێوان ئەبەدییەت و ڕۆحە. ڕەنگە مرۆڤ وەک مرۆڤ تەنها دیالۆگێک بێت [دیالۆگە و هیچی تر]، “لەو کاتەوەی کە بووین بە دیالۆگێک و گوێ لەیەکتر دەگرین”، چونکە مرۆڤ خاوەنی زمانە و زمان پەناگەی بوونە، مرۆڤیش تەنیا شوانێکی ئەم پەناگەیەیە و ڕەنگە سوود لە دۆستایەتیی ئەم پەناگەیە وەربگرێت. کاتێک مرۆڤ خۆی هەڵدایە نێو فەلسەفەی جوانییەوە، ڕووبەڕووی تەمومژاویی وێنە و سەرسوڕمانی وێنە بووەوە، هەروەک چۆن سوکرات لە ناو ئەشکەوتەکەدا پرسیاری دەکرد ئایا ئەم وێنە جوڵاوانەی سەر دیواری ئەشکەوتەکە لاساییکردنەوەی هەقیقەتن یان تەنیا یارییەکی ماریۆنێت، ئێمەش پرسیار دەربارەی پەیوەندیی ئەم وێنەیە بە سینەماوە دەکەین، بە واتایەکی تر ئەگەر میتافیزیک لە دیاریکردنی ماهییەتی وێنەدا تووشی سەختییەکی زۆر هاتبێت، ئەوا دۆڵۆز خۆیشی بە کەسێکی میتافیزیکی مایەوە کاتێک وێنەی لە ڕێگەی چەمکی “جووڵە” پێناسە کرد، وەک بڵێی ئامانجی دۆڵۆز لە سینمادا بەدیهێنانی خەونەکەی نیچە بووبێت بۆ “گەڕانەوەی ئەبەدیی بۆ هاوشێوە”. ڕەنگە ئەمە هەر هەمان پێناسە میتافیزیکییەکەی زەمەن بێت لە سەردەمی ئەفڵاتونەوە، چونکە ئەنتۆلۆژیای وێنە بریتییە لە شوێنەوارێکی ڕەسەن کە واقیع بەجێی هێشتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموونی سینەما وەک ئەزموونی میتافیزیک وەک مەتەڵ دەمێنێتەوە؛ سینەماکار جووڵە بە وێنە تۆمار دەکات، و میتافیزیککار بە چەمک. بۆ ئەوەی مانا بوونیاد بنێین، پێویستە ئەوەی دەیدات بە دەستەوە/دەیگەیەنێت هەڵیبوەشێنێتەوە؛ سینەما مانا خاڵی دەکاتەوە دوای ئەوەی پەردەی لەسەر پیرۆزیی وێنە لادا، بەو شێوەیەی کە میتافیزیک بەجێی هێشتبوو. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە هونەری شێوەکاری وێنەی کردە شتێکی پیرۆز کاتێک خستییە خزمەتی کڵێساوە؛ وێنەی مەسیح لە زەینی مەسیحییەکاندا تەنها خودایەکی ئەبستراکت نەبوو، بەڵکو بوو بە تابلۆیەکی کێشراو کە زیاتر لە خودی مەسیح دەپەرسترا، هەروەها وێنەی مەریەمی پاکیزەش بە هەمان شێوە، کە سینەماکاری یاخی ژان لوک گۆدار لە فیلمە بەناوبانگەکەیدا سڵاوت لێ بێت مەریەم(Hail Mary – ناونیشانە ڕەسەنەکەی بە فەرەنسی Je vous salue, Marie) ساڵی (1985) ئوستوڕەکەی هەڵوەشاندەوە و ئەمەش توڕەیی کڵێسا و شوێنکەوتووانی لێکەوتەوە. بەڵام بۆچی وەرچەرخانە گەورەکانی وێنەی میتافیزیکی تەنها لە سینەمادا بەدی هاتن؟ ئایا سینەما بە تەنها بەر نەفرەتی شەیتانی نەکەوتووە کاتێک کەوتە داوی ئەشق و خولیای تەکنیکەوە؟ یان ئایا هەر ئەمە نەبوو ئەو نهێنییەی کە وای لە میتافیزیکناسە گەورەکانی وەک هایدیگەر، میرلۆپۆنتی و فۆکۆ کرد سەبارەت بە سینەما بێدەنگی هەڵبژێرن و ستایشی هونەری شێوەکاری بکەن؟
تاقە میتافیزیکناسێک کە تێڕامانی میتافیزیکی دەربارەی سینەما نووسیوە، سەرەڕای دانپێدانانی لە لاپەڕەی یەکەمی کتێبی (وێنە – جووڵە)دا کە وەک میتافیزیکناسێک دەربارەی سینەما دەنووسێت، ” دۆڵۆز “ە. ئەو فەیلەسوفەی کە چەمکی (پاش-وێنە)ی داهێنا وەک چۆن چەمکی (پاش-سرووشت/میتافیزیک) هەیە. لەبەرئەوەی دۆڵۆز پیشەی فەیلەسوف وەک تەنها “داهێنانی چەمکەکان” پێناسە دەکات و دەڵێت؛ “ئەم توێژینەوەیە لێکۆڵینەوە نییە دەربارەی مێژووی سینەما، بەڵکو پۆلێنکردنی وێنە و نیشانەکانە”. بەم شێوەیە دەبینین پەنا دەباتە بەر فەیلەسوفی لوژیکی ئەمریکی “پێرس” و پاشان “بێرگسۆن” کە بە پلەی ئیمتیاز فەیلەسوفی وێنەیە و هەڵبژاردنەکەیشی ئاوا پاساو دەدات کە؛ نووسەرە گەورەکانی سینەما لە بلیمەتەکانی شێوەکاری و مۆسیقا و تەلارسازی دەچن، چونکە ئەوان لە ڕێگەی (وێنە-جووڵە) و (وێنە-زەمەن)ەوە بیر دەکەنەوە لەبری چەمکەکان(5). ئایا بە چ مانایەک دەتوانین لەم ڕاکردنە لە پیشەی ڕەخنەی سینەمایی و خۆشاردنەوە لە پشت دەمامکی میتافیزیک تێبگەین؟ ئایا دۆڵۆز ناچار نەبوو کتێبی (سینەما؛ وێنە-جووڵە)، (سینەما؛ وێنە-زەمەن) بنووسێت؟ بە دەربڕینێکی ڕوونتر ئایا گوتنەوەی وانەی سینەما [وانەگوتار لەمەڕ سینەما] لە زانکۆی پاریس لە پشت نووسینی ئەم دوو کتێبەوە بوو کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا؟ دۆڵۆز و سینەما پرسیارێکی سەرسوڕهێنەرە، وەلێ ئەم پرسیارانە هەرچییەک بن ئامانج لێیان ئەوەیە بچینە ناو فەزای وێنەوە و تێیدا نیشتەجێ بین، تاوەکو بەپێی ڕێگاکەی ئەو بجووڵێینەوە، واتە تێڕامان لە میتافیزیک و سینەما بکەین، وەک ئەوەی ململانێی شتێک بێت لەگەڵ خۆیدا. بۆیە دەبینین میتافیزیکناسەکە وەک سینەماکارێک دەردەکەوێت و سینەماکارەکەش بە شێوەیەکی میتافیزیکی وێنە دەگرێت.
فەلسەفەی سینەما، فەلسەفەی “خود”ە کاتێک لە جیهاندا دەجوڵێت و بەرەو ماهییەتی خۆی هەنگاو دەنێت، شەیدای سرووشتە میتافیزیکییەکەیەتی؛ چونکە وەک کانت دەڵێت ماهییەتی مرۆڤ میتافیزیکییە، میتافیزیکیش هیچ نییە جگە لە ” لۆگۆس ” کە لە ناو هەبووندا تواوەتەوە، بەڵکو هەر لەو ساتەی کە هەین [بوونمان هەیە] بە زمانی سوکرات ئێمە لە ناو ئەو واتە لەنێو میتافیزیکداین. هایدیگەریش میتافیزیک پێناسە دەکات و دەڵێت؛ “میتافیزیک ئەو پرسیارەیە کە لەو ” بوون “ەوە دەکرێت کە پرسیاری ئاڕاستە دەکەین، تاوەکو وەک خۆی و لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی ئەقڵیدا وەریبگرێتەوە”(6). پرسیار نابێت بە پرسیارێکی میتافیزیکی مەگەر ئەو کاتەی هەموو میتافیزیک لەخۆ بگرێت، و هەر بوونێکی پرسیارکەر(دازاین) خۆی لە ناو هەر پرسیارێکی میتافیزیکدا بە تێوەگلاو و جێگیرکراو دەبینێتەوە، بەڵام چۆن پرسیاری ” بوون وەک بوون “دەبێتە پرسیارێک بۆ” سینەما بۆ سینەما”؟ ئایا ئەو دڕدۆنگییەی لە نەبوون/عەدەمەوە سەرچاوە دەگرێت و خزاوەتە ناو کەینونەی مرۆڤەوە، ئەو نهێنییە نییە کە لە پشت (کۆکردنەوەی دژەکان) وەستاوە؟ ئایا نەبوون/عەدەم نەخزاوەتە کەینونەی خودی دۆڵۆزەوە بۆیە لە مامەڵە میتافیزیکییەکەیدا لەگەڵ سینەما نائارام و دڕدۆنگ دیارە؟ ئایا دەکرێت هەڵبژاردنی ناونیشانی ئەم کتێبە لەسەر بنەمای ئەم دڕدۆنگییەی کە لە نەبوون/عەدەمەوە سەرچاوە دەگرێت، پاساو بدەین؟ گەشتی میتافیزیک لە سینەمادا لەسەر وێنە چۆن دەبێت؟ ئایا ئەمە هەمان گەشتەکەی سوکراتە لە ئەشکەوتەکەوە بەرەو دوورگەکانی بەختەوەری؟ بۆیە ئێمە ناتوانین بپەڕینەوە بۆ ناو میتافیزیک، چونکە هەر لەو کاتەوەی کە هەیین، هەمیشە لە ناو ئەوداین، وەک چۆن ئەفڵاتون لە ڕۆژێکی قەشەنگدا وای گوت.
سەرچاوەکان؛
1. میتافیزیک چییە؟ مارتین هایدیگەر
2. کۆماری ئەفڵاتون
3. ئیستاتیکا، هیگڵ
4. میتافیزیک چییە؟ مارتین هایدیگەر
5. سینەما؛ وێنە-جوڵە، ژیڵ دۆڵۆز
6. میتافیزیک چییە؟ مارتین هایدیگەر
نووسینی؛ عەزیز ئەلحەدادی
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد





































































