“کەمال فەوزی بهدلیسی” یەکێکە لە ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕەکانی باکووری کوردستان لەماوەی ژیانی خۆیدا خزمەتێکی گەورەی بە کایەی نەتەوایەتی و ڕووناکبیری کوردیی کردووە، بە پێویست و گرنگمان زانی تیشک بخەینە سەر چالاکییەکانی ناوبراو بۆ ئەوەی نەوە لە دوای نەوەی کورد ئاشنابێت پێی. “کەمال فەوزی” لە ساڵی ١٨٩١ لەناوچەی هیزانی سەر بەشاری بهدلیس لە بنەماڵەیەکی ناودارو نەتەوەپەروەر لەدایکبووە. ناوی باوکی ڕەشید ئەفەندییە. پێشەی کاری پارێزەری بووە و ماوەیەکی زۆر کاری دادوەری کردووە لە شاری بهدلیس. زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەی وەک فەرمانبەری حکومی کاریان کردووە. گەورەی بنەماڵەکەیان، حوسێن فەوزی ئەفەندی، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا بەرپرسی حکومی بووە، ئەمەش ڕێگەخۆشکەربووە بۆ کەمال فەوزی تا بتوانێت بەزوویی تێکەڵی بواری خوێندن و خویندواری بێت ولە تەمەنی ١٣ ساڵیدا ناوچەکەی خۆیان بەجێدەهێڵێت بە ئامانجی خوێندن دەچێت بۆ ئەستەنبوڵ و لەوێ خوێندنی سەربازی تەواودەکات. دواتر پەیوەندی بە سوپای عوسمانییەکانەوە دەکات و بەشداری جەنگی یەکەمی جیهانی دەکات دژی هاوپەیمانان. لەشەڕدا بریندار دەبێت و بەهۆی کەمئەندامیەکەیەوە خانەنشین دەبێت. دەستپێکی چالاکییەکانی کەمال فەوزی لەوکاتەدا بوو، بیری نەتەوایەتی لە جیهان و لە ناو گەلانی بندەستی دەوڵەتی عوسمانی لە گەشەکردندا بوو، بەتایبەتی لەوکاتەدا “کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی” بانگەشەی نەتەوایەتییان دەکرد، ئەمەش ڕێگەخۆشکەربوو بۆ نیشتیمانپەروەرێکی وەک کەمال فەوزی تا لەپێناو نەتەوەی کورد و هۆشیارکردنەوەی کوردان کاربکات و هەوڵی پاراستنی شوناس و ناسنامەو کولتوور و فۆلکلۆری کوردی بدات، دوای دوورکەوتنەوەشی لە ئیتیحاد و تەرەقییەکان پەیوەندی دەکات بە زۆرێک لە کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی کوردو هەوڵەکانی دەخاتە خزمەتی نەتەوەی کورد لە بواری ئەدەب و فۆلکلۆر و مێژوو و پرسە کۆمەڵایەتیی و سیاسی و نەتەوەییەکان.
“کەمال فەوزی” لەسەرەتادا دەست دەکات بە نووسینی شیعر. ناوەڕۆکی شیعرە سەرەتاییەکانی پڕە لە حەسرەتی جێهێشتنی خێزان و ناوچەکەی خۆی. لەبەرئەوەی لە قوتابخانەی سەربازیدا خوێندویەتی، پڕوپاگەندەی بزووتنەوەی ئیتیحادییەکانی ناو سوپای عوسمانی لەسەربووە هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە، ئەمەش بە ڕوونی لە ناوەڕۆکی شیعرەکانی ئەو سەردەمەیدا دیارە. بۆ نمونە لە شیعرێکیدا بە ناوی “لە ژێر ئاڵا” دا دەڵێت “ئەم ئاڵایە وەک مانگ ڕووناکە، ڕووناکییەکەشی وەک سوراوی سپێدەیە، ئەوەی وا بەسەریدا دەشەکێتەوە، خوێنی ئێرتوغرولە”. بەڵام کاتێک ئیتیحادییەکان ڕووی ڕاستەقینەیان دەرکەوت و کەوتنە دژایەتیکردنی کورد، ناوبراو لە ڕاستییە مێژوویی و نەتەوەییەکانی خۆی تێدەگات و، خۆی لە پڕوپاگەندە و درۆکانی یەکێتییەکان ڕزگار دەکات و دەبێتە لایەنگرێکی سەرسەختی کورد و چالاکییەکانی ڕێکخراوە کوردییەکان.
دەتوانین هۆکارە سهرهكیەکانی گۆڕانکارییەکانی کەمال فەوزی لە ڕووی بیرکردنەوە و بیرۆکەکانەوە بەم شێوەیە پێناسە بکەین؛ بەشداریکردنی پڕاکتیکی “کەمال فەوزی” لە جەنگی جیهانی یەکەمدا و دواتر خانەنشین بوونی و زانست و زیرەکییەکەی و، پەیوەندی گەرم و نزیکی لەگەڵ خوێندکاران و ڕۆشنبیران و ڕێکخراوە کوردییەکان لە ئەستەنبوڵدا، وایکرد بۆ خەباتکردن لە پێناوی کورددا خۆی یەکلایی بکاتەوە. نووسەرێکی وەک ئەحمەد ئۆزکان لە گۆڤاری ژین لە ژێر ناونیشانی “خەیاڵی نەتەوەیەکی نوێ وەک ئیمپراتۆریەت وەک داڕمان” نووسیویەتی و لە بەشی نووسەرانی گۆڤارەکەدا باسی لە شیعرەکانی “کەمال فەوزی” کردووە و بەمشێوەیە وەسفی دەکات “چی پرۆسەی مێژوویی دەتوانێت بیرکردنەوەکانی خەڵک لە کورتەیەکدا بگۆڕێت؟ لێکۆڵینەوە لە ئەم پرۆسەیە لە بواری نەتەوەو نیشتمانیدا، ڕاستییەکی گرنگ دەبێت لە دیاریکردنی پێگەی نوخبە کوردەکان”. کاتێک کۆمەڵەی تەعالی کوردستان لەساڵی ١٩٠٨ دامەزرا، “کەمال فەوزی” بوو بە یەکێک لە دامەزرێنەران و ئەندامێکی چالاک لە کۆمەڵەکەدا. لەهەمان کاتدا بەشداری لە دەستەی بەڕێوەبەری گۆڤاری ژیندا دەکات و دەبێتە یەکێک لە نووسەرە گرنگەکانی. چواردە لە بابەتەکانی لە چەندین پرسی گۆڤاری ژین بڵاوکراونەتەوە، بۆ نمونە:-
1.چیرۆکەکانی کورد.
2.کوڕی زێڕین.
3.لاوێ ڕەشید.
4. شاری وێران.
5. خۆشەویستییەکی نەمر.
6. دەنگێکی گیانبەختکەر.
7. بۆ ئەو نیشتیمانەی کەوا دەگری.
8. دواین لێدان
9. خەونی سەکەوتن.
10. ناڵەناڵێک لە بەهاردا.
11. بۆ منداڵانی شەهیدان…هتد.
سەبارەت بە بابەتی “چیرۆکەکانی کورد” زۆر ڕوونە “کەمال فەوزی” لەسەر ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردی کاری کردووە و، لەم بوارەدا وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و بەشێک لە کارە مێژووییەکان قبوڵی کردووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەڵێت “وەک هەموو شتێکی تر، ئەو ئەفسانە باشانەی نەتەوەی بێدەسەڵات لە ژێر تۆزی لەبیرچونەوەشدا ماونەتەوە، من چیرۆک و ئەفسانەکانی کورد کۆدەکەمەوە و، دەیاننێرم بۆ لاپەڕە بەنرخەکانی گۆڤاری ژین و پێشکەشیان دەکەم بە چاوێکی زانایی و دادپەروەری لێکۆڵینەوەیان لێدەکەم و شیکارییان بۆ دەخەمەڕوو. ئەم نووسینانە نادادپەروەریی و دژایەتی دوژمنانی کورد بۆ شێواندنی گۆڕینی شوناس و فۆلکلۆری کورد ڕوودەکاتەوە”. تەنانەت دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژین، خۆشی و ڕەزامەندی خۆیان سەبارەت بەگۆڕانی بیری کەسانی وەک کەمال فەوزی دەرئەبڕن و دەڵێن: ” ئەمەیە، زۆرێک لە هاوڕێکانمان لەهەموو ڕۆح و ناوەڕۆکەکانیاندا کورد بوون”. بێگومان گۆڕانکاری هزری “کەمال فەوزی” هۆکاری دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی نوێیە لە ژیانیدا. پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراو و ڕۆشنبیرانی کورد، بە تایبەت خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی گەلان لە ژێر چەناگەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، کاریگەرییەکی زۆری لەسەری هەبووە، بۆئەوەی هەمان شت بۆ میللەتەکەی ببینێت و بیکات. دوای ئەم گۆڕانکارییە، ئەو چیتر ئەو فەوزییەی پێشوو نییە. بەم بابەتەی، بیرۆکەی نەتەوەیی کورد دەردەکەوێت و ئێستا لە داهاتووی نەتەوەکەیدا داهاتووی ژیانی خۆی دەبینێت و بانگیان دەکات بۆ هۆشیاری نەتەوەیی و دەڵێت “هەرچەندە زووتر لە ڕێگای دوژمنەکان دووربکەویتەوە باشترە، ئەگەر بە زووترین کات ئەمە نەکەیت، نەوەکانی داهاتوو لێت دەپرسن و دەڵێن “چاوەکانت کوێر بوون و گوێچکەکانت کەڕ بوون”. وەک دەزانرێت، دوای جەنگی جیهانی یەکەم، هەندێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کورد لە ئەستەنبوڵ لەلایەن ڕۆشنبیران و خوێندکاران و لایەنگرانی کوردەکانەوە دامەزران. یەکێک لەو ڕێکخراوانە کۆمەڵەی تەعالی کوردستان بوو لە ساڵی ١٩٠٨ دامەزراوە و گۆڤارێکی بە ناوی “ژین” بڵاوکردەوە و دابەشی کرد. کەمال فەوزی دەبێتە ئەندامێکی چالاک لەو کۆمەڵەیەدا. لەگەڵ “مەمدوح سەلیم وانلی”، دەبنە بەپرسیاری بەڕێوەبردن و. بە قەڵەمی تیژ و بەهێزی خۆی، سەرنجی لەسەر کێشە و ئامانج و ئاواتەکانی نەتەوەی کورد لە لاپەڕەکانی گۆڤاری “ژین” دا پیشاندەدات. بابەتگەلی جۆراوجۆری کەمال فەوزی لە لاپەڕەکانی پرسە جیاوازەکانی گۆڤاری ژین بڵاوکراوەتەوە. ناوی یەکەم نووسینەکانی کەمال فەوزی تا ئەمڕۆش لە بەرنامەی کاردان و گرنگییان پێدەدرێت. کەمال فهوزی لە وتارێکیدا بە ناونیشانی “ ئازار چاک نابێتەوە” دەڵێت:” لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا لەگەڵ کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان، زۆرێک لە کوردەکان کوژران و ئاوارە بوون. هەروەها ئەم بۆچوونەی بۆ کونسوڵی ڕووسیا لە ئورمییە لە کۆبوونەوەیەکیدا لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ گێڕاوەتەوە”.
لە وتارێکی دیکەدا؛ کەمال فهوزی بەم شێوەیە باس لە سەدەی بیستەم دەکات و دەڵێت ” لەم سەدەیەدا، هەرچەندە زیرەکترین بەرهەم لە ڕووی لێهاتوویی و تەکنەلۆژیاوە دروستکراوە، بەڵام سەدەی بیستەم لە ویژدانی خۆیدا کەمیکردووە، گوێچکەکانی کەڕن و چاوەکانی کوێرن سەبارەت بە مافی نەتەوەی کورد”. هەروەها “کەمال فەوزی” گرنگی بە لایەنێکی تر داوە، ئەویش هەوڵی ڕاستکردنەوەی ئەو نووسینانە بووە کە کوردەکانیان بە تورک ناسداندووە و جوابی ئەوانەی داوەتەوە کە دانیشتوانی شارە کوردییەکانیان بە تورک زانیووەو، دەڵێت: ” ئەو ئەوروپییانەی دژی دانیشتوانی کوردی شارە کوردییەکانن ئەوان باس لە زمانی تورکی دانیشتوانی ئەم شارانە دەکەن. پڕوپاگەندەکانیان لە زۆر ڕووەوە درۆیە و کوردەکان خاوەنی زمانی تایبەت بەخۆیانن و لە هەموو ڕوویەکەوە لە تورکەکان جیاوازن”. دوای شکستی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمداو لەتبوونی دەسەڵات لەنێوان سەڵتەنەتی عوسمانی و کەمال ئەتاتورک و هاتنەناوەوەی سوپای هاوپەیمانان، بارودۆخی کارکردنی کوردە نیشتیمانپەروەرەکان لە ئەستەنبوڵ زۆر قورس بوو لەئەنجامدا کۆمەڵەی تەعالی کوردستان لە ٢٧ی شوباتی ١٩٢٠ بەهۆی بۆچوونی جیاواز وەک سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردو، فشاری دەسەڵاتدارانی عوسمانی هەڵوەشایەوە، بەڵام کەمال فەوزی و بەشێک لە کوردە سەربەخۆخوازەکان دەستبەردار نەبوون و. کۆمەڵەیەکی نوێیان دامەزراند لە ژێر سەرکردایەتی “ئەمین عالی بەدرخان” بە ناوی “کۆمەڵەیا ڕێکخستنا جڤاکیا کوردستان”، بە ئەندامێتی دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت لە “عەرەبگیر”، ئەکرەم جەمیل پاشا لە “ئامەد”، مەولانا زادە رەفعەت بەگ و شوکری بابان، حیکمەت بابان، فوئاد بابان لە “سلێمانی”، نەجمەدین حوسێن لە “کەرکوک”، کەمال فەوزی لە “بهدلیس”، مەمدوح سەلیم لە “وان” و، دکتۆر شوکری محەمەد و فەرید بەگ. ئەم گرووپە بە “دیموکراتەکانی کورد” یش ناسراون و هەروەها بەشداربوون لە دامەزراندنی “پارتی نەتەوەیی کوردی”. جێگای باسە ئەم کۆمەڵەیە لەگەڵ دامەزراندنی خۆی ئاڵای نەتەوەیی کوردستانیشان دروستکرد، لە ئێستادا ئاڵای تەواوی کوردانە، دروشمی سەرەکی ئەم کۆمەڵەیە “سەربەخۆیی کوردستان” بوو، جگەلەوەش پەیوەندییان لەگەڵ “کۆمیتەی کوردی ئەرزەڕۆم” بەست و هەردووکیان یەکییان گرت و “کۆمیتەی ناوەندیی کوردیستان” دامەزراند.
یەکێ لەو چالاکییە نەتەوەییە گرنگانەی “کەمال فەوزی” پێی هەستاوە، بریتی بووە لە نوێنەرایەتی کردنی کوردان و پەیامی شۆڕشی “شێخ سەعیدی پیران”ی گەیاندووە بە ڕووسەکان لە ناوچەی ئورمییە و کۆبۆتەوە لەگەڵیان و داوای یارمەتی لە ڕووسەکان کردووە هاوکاریان بکەن بۆ ئەوەی کوردیش مافەکانی خۆی بەدەستبهێنت و ببنە خاوەنی دەوڵەت. ئەم هەوڵەی “کەمال فەوزی” و هاوبیرانی لەکاتێکدا بوو، كەمال ئەتاتورك دەوڵەتی تازەی توركیای لەساڵی1923 لەسەر مۆدێلێكی خۆرئاوایی لەسەر شەش بنەما دامەزراند كە بریتی بوون لە “كۆمار، ناسیۆنالیزم، سێكیولاریزم، گەل، شۆڕش، دەسەڵاتی دەوڵەت”، هەستا بە جیاكردنەوەی دین لە دەوڵەت و یاسا و ڕێساكانی ئیسلام گۆڕان بۆ یاساو ڕێسای خۆرئاوایی و جلوبەرگ و هێما ئایینییەكان گۆڕان بە جلوبەرگ و هێمای خۆرئاوایی، پیتە عەرەبییەكانی زمانی توركی كران بەلاتینی و تەنانەت ڕۆژی یەك شەممەش لە جیاتی هەینی كرا بەپشوی هەفتە. سەركەوتنی بزوتنەوەی نیشتیمانی لە توركیای نوێ، كاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر ڕێكخستنی ژیانی سیاسی و دیموگرافی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مستەفا كەمال ئەتاتورك بەپێی پڕەنسیپ و بنەما هاوچەرخەكان دەستیكرد بەكۆكردنەوەی نێوماڵی تورك بەئامانجی گەیاندنی توركیا بەكاروانی شارستانێتی ڕۆژئاوا لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە كاركردن لەگەڵ دراوسێكانی توركیای تازە دامەزراو. لەم هاوكێشەیەدا كورد وێڕای هەموو ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانەی بەرپایان كرد نەیانتوانی بگەنە ئامانجی خۆیان و زەرەرمەندی یەكەم بوون لە سایەی سیستەمی كەمالیزمدا. تەنانەت كەمالییەكان لە هەموو ئەو بەڵێنانە پەشیمان بوونەوە بەكوردیان دابوو لە “پەیمانی نیشتیمانی” هەتا جێپێی خۆیان قایمتر دەكرد زیاتر سیاسەتی تووندتریان بەرامبەر بەكورد بەكاردەهێنا، هەستان بەئەنجامدانی سیاسەتی تواندنەوەی ڕەگەزی كورد لەناو توركدا، هەروەها توركەكان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد لە توركیادا تەنها تورك هەیە و زمانی فەرمی زمانی توركییە و نابێ بەهیچ زمانێكی تر گفتوگۆ بكەن، كوردییان بەتوركی چیایی لەقەڵەمدا، هەروەها کەمالییەکان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد سەرانسەری ئاسیا ماڵی توركە، ناوی كوردستانیان لە كتێبی مێژوو و جوگرافیادا سڕییەوە و، هەر كەسێك خۆی بە تورك لەقەڵەم نەدابا بە موچەخۆری دەوڵەت وەرنەدەگیرا، لە ماددەی “89”ی قانوونی ئەساسی توركیادا هاتووە “لە كۆماری توركیادا هیچ كەمایەتییەك نییە”، لەسەروی هەموو ئەوانەش. كەمال ئەتاتورك ڕۆڵی سەرەكی بینی لەهەڵوەشاندنەوەی پەمانی سیڤەر، بەندەكانی “62، 63، 64” باسی لەمافی گەلی كورد دەكات و گوزارشت دەکات لە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ کورد، كەمالییەكانیش ئەم پەیمانەیان بە مەرگی تورك داناو، كاریانكرد بۆ بەستنی پەیمانی لۆزان و لەباربردنی خەونی کوردو هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەر.
لە یەكەم دەستووری كۆماری توركیا كاركرا بۆ لەباربردنی هەموو ئەو بەندانەی تایبەتبوون بەپاراستنی مافی كورد و پێشێلیان كرد، لە ماددەی دووەمی دەستوور تورکیادا هاتووە “ زمانی توركی وەك تەنها زمانی فەرمی وڵات ڕاگەیاندرا” و لە ماددەی “٨٨” بەڕاشكاوی دەڵێت:” هەموو دانیشتوانی توركیا هەر ئاین و بنەڕەتێكیان هەبێت بەتورك هەژمار دەكرێن”، هەروەها لەماددەكانی تری دەستوردا بە تەواوی هەست بەوە دەكرێت توركیا تەنها بۆ توركە و بەپێی دەستوور و یاساكان هیچ پێگەیەك بۆ كورد نامێنێتەوە”، بۆ نمونە لە ماددەی “١٠”ی هەمان دەستوور ئاماژە بە ئەوە دەكرێت “ هەموو توركێك، ژن یاخود پیاو ئەوانەی تەمەنیان گەیشتۆتە 22ساڵ مافی دەنگدانیان هەیە و لە ماددەی “١١” دا بەهەمانشێوە هەموو ئەو توركانەی تەمەنیان گەیشتۆتە “30 “ ساڵ مافی خۆ كاندیدكردنیان هەیە بۆ پارلەمانی توركیا”، لەماددەی “92” ڕوونتر ئەم بابەتە دیاریدەكات و دەڵێت؛ ” هەموو توركێك مافی هەیە بەپێی تواناو كارامەیی خۆی، هەر پلەو پۆستێك لە دەوڵەتدا وەربگرێت”. هەر لەسەردەستی کەمالییەکان دیاردەی ڕاگواستنی نەتەوەیی و جینۆسایدی کورد و قەدەغەكردنی زمانی کوردی لەلایەن كەمالییەكانەوە جێبەجێكرا، بەگوێرەی سەرچاوەكان ژمارەی ئەو كوردانەی لەناوچە كوردییەكان كۆچییان پێكرا بۆ ویلایەتە توركییەكان گەیشتۆتە “700” هەزار كەس، بۆیە لە بەرامبەردا نیشتیمانپەروەرانی کورد بە سەرکردایەتی شێخ “سەعیدی پیران” خۆیان ئامادەکرد بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش و هەوڵی بەدەستهێنانی پشتگیری نێودەڵەتیان دەداو لەناویشیاندا داوای یارمەتیان لە یەكێتی سۆڤیەت کرد. ئەو کەسەی پەیامی شۆڕشی گەیاند بەسۆڤییەتییەکان کەمال فەوزی بوو، کۆمیتەی ناوەندی کوردستان بەباشیان زانی “کەمال فەوزی” ڕاسپێرن بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سۆڤێتییەکان و سەرەنجام ناوبراو لەگەڵ “خالید بەگی جبڕان” لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣گەیشتنە کونسوڵخانەی سۆڤیەت لە ئورمییەو پێیان ڕاگەیاندن کۆمیتەی ناوەندی کوردستان پێشتر داواکاری ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان لە سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیا وەک کەمترین بەرنامە قبوڵ کردبوو. بەڵام لە ساڵی ڕابردووەوە ڕوون بووەتەوە دەوڵەتی تورکیا هیچ داواکارییەکی کوردی لەپراکتیکدا بەدینەهێناوە. تەنها یەک ڕێگە هەیە بۆ ئێمەی کورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، ئەویش “بەهێزکردنی جووڵەی کوردستانی سەربەخۆیە – بۆیە بەکۆی دەنگی هەموو سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی کورد گەشتووینەتە ئەو بڕیارەی ڕاپەڕینێکی چەکداری گشتگیر بەرپابکەین بۆ ڕزگارکردنی گەلی کوردی بەدبەخت”، بۆ ئەم مەبەستەش چاوەکان لەسەر یارمەتی و پشتیوانی یەکێتی سۆڤیەتە. هەموو ئەم شتانە بەبێ زیادەڕەویکردن قسەیان لەسەرکرا. هەوڵێكی زۆریان لەگەڵ قونسوڵی سۆڤیەتدا بۆ ئەوەی پشتگیری كورد بكەن بەڵام بێ سوود بوو، هەروەها یەكێتی سۆڤیەت ئەم ڕاپەڕینەی بە جوڵانەوەیەكی كۆنە پەرست و ئامڕازی دەستی ئینگلیز لە قەڵەم دەدا، بۆیە دەیویست توركیا بەگژ سیاسەتی ئیمپریالیزمی بەریتانیدا بچێت و بەهەموو شێوەیەك پشتگیری لە توركیا دەكرد و دژی هەموو جۆرە ڕاپەڕینێك بوو دەوڵەتی توركیا لاواز بكات، لەبەرامبەردا “کەمال فەوزی” وەک دوا قسە بە کونسوڵی سۆڤیەتی وت “دەبێت لە کۆتاییدا پێم بڵێیت ئایا یەکێتی سۆڤیەت پشتگیری کوردەکان دەکات یان نا؟ ئەگەر ئێوەش پشتگیریمان نەکەن، ئێمە بەردەوام دەبین لە خەباتمان. تەنانەت ئەگەر بزووتنەوەکەمان دژی تورکەکان سەرکەوتوو نەبێت و گۆشەگیرییمان لەسەربێت، بەرامبەر جەلادەکانی دوژمن دەوەستین و، وەک شێر دەمرین”. هەرچەندە نوێنەرانی کۆمیتەی سەربەخۆیی کوردستان بە ڕوونی داواکاری و ئامانجەکانی بزووتنەوەی کوردییان خستۆتە بەردەم دەوڵەتی سۆڤیەت و داوای پشتیوانی و یارمەتییان لێکردووە لە جەختکردنەوە لەسەر مافی چارەی خۆنووسین، بەڵام هەرگیز پشتگیریان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی کورد نەکردووە. بەپێچەوانەوە بزووتنەوەی نیشتمانی کوردییان بەهاوکاری لەگەڵ ئیمپریالیزمی بەریتانی تۆمەتبارکرد و پشتگیریان لە بزووتنەوەی مستەفا کەمال کرد. “ڕاسکۆلنیکۆڤ” نوێنەری سۆڤییەت ئەمانەی خوارەوەی سەبارەت بە ڕاپەڕنی ساڵی ١٩٢٥ لە ڕۆژنامەی پراڤدا لە ٢٦/٢/١٩٢٥ نووسییوەو دەڵێت ” لەم ساتەدا تەلەگرامێکی دیکە لە تورکیاوە هات سەبارەت بەیاخیبوونێکی نوێی کۆنەپەرستانە. بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان، ئەوان دەیانەوێت بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی نیشتمانی تورکیا بەپشتیوانی ئیمپریالیستەکان شکست پێبهێنن. لەم دواییانەدا، ئەم ئۆپۆزسیۆنە “ئۆپۆزیسیۆن”ی کۆنەپەرستەکان خۆی لە هەموو ناوچەکانی تورکیادا نیشانداوە، هەرێمەکە پڕە لە خەڵکی یاخیبوو و نەزان، نزیکەی “ ٥٠٠٠” کەسە. نابێت لەبیرمان بچێت هەموو کوردەکان لە منداڵییەوە بە دەمانچە گەورە دەبن. ئەمەش دەتوانێت ژمارەی شەڕکەرەکان لە ماوەی کورتدا زیاد بکات. نابێت لەبیر بکرێت ڕۆیشتنی کۆمەڵەی گەلان بۆ موسڵ و سەرەتای یاخیبوون لە هەمان کاتدا دێت. ئەمەش نموونەیەکی دیکەیە بۆ دیاریکردنی ئامانجی ڕاستەقینەی یاخیبوونەکە، لێدوانەکانی ڕۆژنامەکانی تورکیا زۆر ڕاستن و دەڵێن ئەم بزووتنەوەیە بەهاندان و دەستێوەردانی ئینگلیزەکان و بەپشتیوانی ئاغاکانی فیۆداڵی کۆنەپەرستانە هاتۆتە ئاراوە. بەریتانییەکان لەڕووی داراییەوە پشتگیریان دەکەن، دەوڵەتی نوێی تورکی بەرهەمی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازییە. ئەم یاخیبوونە بەپشتیوانی ئیمپریالیزمی بەریتانی دەستی پێکردووە و ئامانج لێی سەرکوتکردنی ئەم بزووتنەوە پێشکەوتنخوازانەیە. بۆیە چینی کرێکاری جیهان ڕێز لەم خەباتەی دەوڵەتی ئەنقەرە دەگرێت و پشتگیری لەشۆڕشی نەتەوەیی تورکیا دەکات دژی ئیمپریالیزمی ستەمکاری جیهان”.
بەداخەوە هەڵوێستی یەکێتی سۆڤیەت بەرامبەر بەبزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بەگوێرەی فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیای بوونی دەوڵەتی سۆڤیەت نەبوو، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندییە سیاسیەکانی دەوڵەتی سۆڤیەت بوو. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بنەمای بنەڕەتی سۆسیالیزم، واتە “ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین”، بۆ نەتەوەی کورد بە ڕەوا نەبینرا. ئەم هەڵوێستەی سۆڤیەتەکان لەلایەن نوێنەرانی کوردیشەوە لەبەرچاوگیراو، بۆیە کەمال فەوزی بە ڕوونی بە کونسوڵی ڕووسیا دەڵێت: “تەنانەت ئەگەر پشتگیریمان نەکەیت، ئێمە بەردەوام دەبین لە خەباتمان”. سەرەنجام شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران شکستیهێناو بەشێکی زۆر لە شۆڕگێڕان دەستگیرکران و کەمال فەوزی دوای ژیانێکی پڕ چالاک و خەباتێکی بێ وەستان و ڕێکخراوەیی لە پێناوی کوردو کوردستاندا لە ٢٠ی نیسانی ١٩٢٥ دوای دادگاییکردنێکی ناداپەروەرانە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراو لە ٢٧ی ئایاری ١٩٢٥ لەبەردەم مزگەوتی گەورەی دیاربەکر سزاکەی بەسەردا جێبەجێکرا.
ئەمەش دواین وتەکانی کەمال فەوزی بوو بەر لە سێدارەدانی؛ زۆر کارمکرد بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ. ساڵانێکی زۆر گەشتم کرد بۆ کارکردن لە نێوان هۆز و شارەکاندا لەپێنا و هۆشیارکردنەوەی کورد، کوردستانی بەهەشت هی ئێمەیە، ئێمە خاوەن ماڵین، کێ چی دەڵێ با بڵێ، دیسان خەبات و شۆڕش دوای ئێمە بەردەوامە، هیچ هێزێک ناتوانێ ڕێگا لەمە بگرێ، چونکە کوردستان هی ئێمەیە.
“ئەنجام”
1. کەمال فەوزی، شۆڕشگێڕێک و ڕووناکبیرێکی گەورەی کوردە. ئامانجی سهرهكی ئەو پاراستنی شوناسی کوردو بەدیهێنانی یەکێتی سیاسی و نەتەوەیی بزووتنەوەی کوردی بوو. قەڵەمێکی بەهێزو تیژی هەبوو. بۆ ئەمەش زنار سلۆپی “قەدری جەمیل پاشا” دەڵێت: “حکومەتی تورکیا لە هەڕەشەی ئاگری نەتەوەیی گەشاوەو پیرۆز لە ڕۆح و قەڵەمەکەی کەمال فەوزی تێگەیشت. بۆیە لەسێدارەیاندا.
2. کەمال فەوزی، کەسایەتییەکی ئازاو بە پەرۆش بوو بۆ کورد، هەر قوربانی و خزمەتێکی بۆ میللەتەکەی ڕەتنەدەکردەوە. پێویستەهەموو کوردەکان ئەم کەسە شۆڕشگێڕە بناسن و بەڕێزەوە یادیبکەن و وەک نموونەی فیداکاری قبوڵی بکەن.
3. کەمال فەوزی، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بەشداری لە زۆرێک لە بزووتنەوە سیاسی و فیکریی و نەتەوەییەکانی کورد کردووە. جگە لە بەرهەمەکانی دیکەی، لێکۆڵینەوەی لەفۆلکلۆری کوردیش کردووە. لە نووسینەکانیدا ڕوونە، ئاگاداری ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوایە، هەروەها جەختیکردۆتەوە لەسەر کۆکردنەوە و پاراستنی فۆلکلۆری کوردی. ئەو دەیویست بیسەلمێنێت کوردەکان ناسنامەیەکی نەتەوەیییان هەیە، ئەوان یەکێکن لە دانیشتوانی کۆنی ڕۆژهەڵات و فۆلکلۆریان دەوڵەمەندە. بەڵام ئەم سامانە بێ خاوەندارێتییە، لە ژێر تۆزی لەدەستدان و نادیاریدایە. ئەم سەرچاوانە پێویستە بە بەکارهێنانی شێوازە زانستییەکان کۆبکرێنەوە و تۆمار بکرێن و بپارێزرێن.




































































