ژمارەیەکی کەم لە نووسەرانی کورد بە ڕادەی مامۆستا محەمەد ئەمین شێخەلئیسلامی(هێمن) تێگەیشتنێکی دروست و ڕوونیان لەسەر زمانی پێوەر هەبووە. دەربازبوون لە هەیمەنە و زاڵێتی زمان و لۆژیکی شیعر، بەتایبەت بۆ شاعیران کارێکی ئاسان و بێ گرێ و گۆڵ نەبووە. لە سەردەمێکدا کە لە بنەوەڕا بەهای لێهاتوویی لە نووسیندا گرێدراو بووە بە توانایی نووسەر لە بەکارهێنانی هەرچی زیاتری سەنعەتە ئەدەبییەکان بەمەبەستی ئافراندنی پەیڤ و دەربڕینێکی درەوشاوە(مورەسەع) و کێش و سەروادار بووە، سەیر نییە کە قۆڵهەڵماڵینی نووسەران بۆ بەکارهێنانی زمانێکی ڕوون و ڕاشکاو و پڕجووڵە، قۆڵهەڵماڵینێکی زۆر ئاڵۆز و ئازاردەر بووبێت. لە مێژووی نووسینی ئێمەدا، قۆناغێک هەبووە کە نووسەرەکانمان تێگەیشتنێکی دروستیان لەم جۆرە لە نووسینی پێوەر نەبووە. بە حوکمی ئەم ڕاستییەی کە” تا پیاوی هەژار دەگاتە بەغدا دوورە” دەبوو دیاردە نوێکانی وەکوو چاپەمەنی و میدیا گشتییەکان لەدایک بن و گشتگیر ببنەوە و کتێبەکانی قوتابخانە و فێرکاریی بە زمانێکی زۆر ئاسانتر بنووسرێن تاکوو وردەوردە زمانێکی ڕوون و ڕەوان و پڕجووڵە بەناوی زمانی پێوەر لە دەستی نووسەران و خوێنەراندا بشێلدرێت و بەم شێوەیە هەمووان وێنەیەکی ڕوون لە مانای زمانی پێوەر لایان دروست ببێت. دەزانین کە نەسری کوردی زۆر گەنجترە لە شیعری کوردی. نەسری کوردی لە بەشێک لەم تەمەنە کەمەیدا لە ژێر کاریگەریی لۆژیکی شیعر بووە و کیان و بوونێکی جیا و سەربەخۆی نەبووە. یەکێک لە پاڵەوانانی سەربەخۆکردنی نەسری کوردی لە لۆژیکی شیعر، مامۆستا هێمن بووە. مامۆستا لە حاڵێکدا نەسری کوردی لە ژێر هەیمەنەی قورسی لۆژیکی شیعر ڕزگار کرد کە خۆی بە پلەی یەکەم شاعیر بووە.
یەکێک لە نموونە درەوشاوەکانی نەسری کوردی ئۆتۆبیوگرافی یان خۆژیاننامەنووسییەکە کە لە پێشەکی کتێبی “تاریک و ڕوون”دا هاتووە. ئەمە لە حاڵێک دایە کە تەنانەت نزیکەی بیست ساڵ دوای کۆچی دوایی مامۆستا، دەتوانین نموونەی ئەو خۆژیاننامەنووسییانە بدۆزینەوە کە بە نەسر و زمانێکی وەها ئاڵۆز نووسراون کە خوێندنەوەیان وەکوو ئەوە وایە لە بەردەڵانێکی تووشدا سەرکەوی و هەناسەت سوار ببێت. زمانی شیعر و زمانی نەسر دوو فەزای زمانیی جیاوازن کە لەگەڵ جیاوازییەکەیان، لە بەهێزکردنی یەکدیدا ڕۆڵی کاریگەریان هەیە. هەر بۆیە سەربەخۆیی یەکتربەهێزکەرانەی ئەم فەزا زمانیانە نەک تەنها لەسەر حسێبی فەزای دیکە نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆی پڕ و پاراوبوونیشی. زمانی شیعر سنوورەکانی زمانی نەسر بەرفراوانتر دەکات و زمانی نەسر تواناییەکانی زمانی شیعر پاراوتر دەکات. لە ناو شیعرەکانی مامۆستا هێمندا نموونەی ئەو شیعرانە دەدۆزینەوە کە مامۆستا کەڵکی لە پوتانشێل و تواناییەکانی زمانی نەسر و زمانی ئاخاوتن و ڕۆژانە وەرگرتووە. یەکێک لەم نموونە شیعریانە، شیعری “شەنگەبێری”یە.
شەنگە بێری ساڵی ساڵان لە کوێستانێ لە ناو مەڕی
بۆ مەڕدۆشین هەڵتدەکرد ئەو باسکی سپی مەڕمەڕی
لەبەر هاڕەی گۆبەرۆک و گوارە و کرمەک و ژێرچەنە
نێوەڕۆیە لە بەر بێرێ کۆڕی مەڕی رادەپەڕی
کە ئێواران کەزیت دەکردن سێبەنگی و چاوت دەڕشت
بەو کەزی و چاوە نەرمانە بێڕەحمانە شوانت دەکوشت
شەنگەبیزا بە سروەبا سوژدەی دەبردە بەربەژنت
ئاخر ئەتۆش هەوای کوێستانی ئەو کوردستانەت هەڵدەمشت
هێمن لە یەکێک لە وتووێژەکانی لەبارەی ئەم شیعرە بەشێوەیەکی کورت دەڵێت کە لەم شیعرەدا دەستی داوەتە داهێنانێک کە هیچ کام لە شاعیرانی پێشتر لەو دەستیان نەداوەتێ. ئایا ئەم داهێنانە شتێک جگە لە بەکارهێنانی وزە و پوتانشێلەکانی زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانەیە؟ هێمن هاوشێوەی ئەم ئەزموونەی لە شیعری “بەهاری لادێ”شدا هەبووە. نەسر(پەخشان)، باڵ و قۆڵی جۆراوجۆری هەیە. یەکێک لەم باڵانە زمانی ئاخاوتنە. باڵێکی دیکە زمانی گێڕانەوەیە. هێمن لە بەکارهێنانی زمانی گێڕانەوەیی لە بواری نەسردا تواناییەکی بەرچاوی هەبووە و هاوشێوەی ئەم تواناییەشی گواستۆتەوە بۆ بواری شیعر. دیارترین نموونەکان لەم بارەیەوە، شیعرانێکی وەکوو “کاروانی خەبات” و “ئێوارەی پاییز”ە. قسەکردن لە تواناییە گێڕانەوەییەکانی ئەم شیعرانە دەرفەتێکی زیاتری دەوێت. ڕەنگە بتوانین هەر ئەمە بڵێین لێرەدا کە مامۆستا لەم شیعرەدا لە تەکنیکە گێڕانەوەییە مۆدێڕنەکان کەڵکی وەرگرتووە.
هەر چوار تەنیشتی گیرابوو
لەسەنگەرێکدا بەتەنێ
ئەو لاوەی بەڵێنی دابوو
هەتا مردن چەک دانەنێ
پشوو سوار و گەروو وشک
گەرم ببوو چەکی دەستی
بەڵام هێشتا نەلەرزی بوو
دڵی پڕ لە هیوا و هەستی
سەرەڕای تێگەیشتنێکی دروست کە مامۆستا هێمن لە لۆژیکی شیعر و لۆژیکی نەسر و جیاوازیی نێوانیان و شێوەی یەکتربەهێزکردنیان هەبوو، ڕوانگەی ئەو بۆ میکانیزمی پێوەرسازیی زمان و ئەو ڕەخنانەی کە ڕووبەڕووی هەندێک لە تێڕوانینە نادروستەکان بەنیسبەت ستانداردسازی لە بواری زمانی کوردیدا دەیکردەوە، جێگەی تێڕامان و لێوردبوونەوەیە. کۆمەڵێک وتار لە مامۆستا هێمن بۆ ئێمە بەیادگار ماونەتەوە کە لە هەندێکیاندا ڕوانگەی زمانیی خۆی ئاشکرا دەکات. مامۆستا یەکێک لەم وتارانەی لە هەڕەتی لاوەتی و لە ڕەخنەگرتن لە شێوەی نووسینی یەکێک لە نووسەرەکانی ڕۆژنامەی کوردستان نووسیوە و وتارێکی دیکەی لە سەردەمی گەشە و پوختەبوونی لە ڕەخنەی نووسینی یەکێک لە مامۆستا ناوبەدەرەوەکانی زمانی کوردی واتە تۆفیق وەهبی نووسیوە. و ئەمە نیشاندەری کەڵکەڵەی زمانییە کە بە درێژایی تەمەنی مامۆستا لەگەڵی بووە و شێوازی نووسینەکانی دیاریکردووە. بۆ لێکدانەوەی شێوەی ڕوانینی هێمن بۆ بابەتی ستانداردسازیی زمان، ئەم وتارەی دوایی دەکەین بە بنەما. لە قووڵبوونەوە لەم وتارە دەگەین بەم ئەنجامانەی خوارەوە:-
– مامۆستا هێمن ڕەخنەی زمانیی وەکوو ڕەخنەی ئەدەبی بەپێویست زانیوە و گرنگییەکی زۆری داوەتێ. ڕەخنەی زمانی دەرخەری وشیاریی زمانییە و ڕەخنەی ئەدەبی نیشاندەری خودئاگایی ئەدەبییە. هیچ ئەدیبێکی داهێنەری خاوەن شێوە نووسین نییە کە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی تایبەت بەخۆی نەبێت و هەر بۆیەش هیچ نووسەرێکی خاوەن ئەزموون لە نەسردا نییە کە خودئاگایی زمانیی خۆی کەم و زۆر ڕێك نەخستبێت.
– مامۆستا ڕەوتی پەتینووسیی زێدەڕۆیانە بە زیانی زمانی کوردی دەزانێت. یەکێک لە ڕەخنە سەرنجڕاکێش و ناوازەکان کە هێمن بەنیسبەت پەتینووسی دەیخاتە ڕوو ئەمەیە کاتێک ئێمە بۆ نموونە وشە هاوردە عەرەبییەکان لە زمانی کوردی وەدەر دەنێین، بەناچاری دەرگا بەڕووی وشەی هاوردەی دیکەدا دەکەینەوە، ئەم تێڕوانینە خۆی لە خۆیدا ڕەتکەرەوەی خۆیەتی.
– هێمن هەوڵ دەدات هەستیاریی پەتینووسان لە “وشەی بێگانە” بگوازێتەوە بۆ “پێکهاتەکانی ساینتاکسی بێگانە”وە. ئەو لە بەشێک لە وتاری باسکراودا دەڵێت بەڕای من ئەو کەسانەی کە ڕستە بەگوێرەی پێکهاتەی زمانی بێگانە دادەڕێژن زۆر زیاتر لەو کەسانەی کە وشەی بێگانە بەکار دەهێنن، زیان بە زمان دەگەیەنن. ڕاستییەکەش هەر ئەمەیە؛ زۆر جێگەی سەرسووڕمانە کە پەتینووسەکان تا ئەم ڕادەیە بەنیسبەت وشە هاوردەکانەوە هەستیارن بەڵام بەنیسبەت بەکارهێنانی زۆری پێکهاتە نادروست و هەڵە و دەسکرد و وەرگیراوەکان هیچ هەستیار نین. چوارچێوەی هەر زمانێک بەهۆی پێکهاتە و ساینتاکس(نحو)ی ئەو زمانەوە شکڵ دەگرێت. هەربۆیە ئەگەر ئەم پێکهاتەیە، پێکهاتەیەکی ناتەندروست و نەخۆش بێت، بشێوی و سەرلێشێواوی هەموو جەستەی زمان دادەگرێت.
بەهۆی هەر ئەم ڕوانگە زمانییەوە بوو کە مامۆستا هێمن بە شێوازێکی یەکدەست و دیاریکراو لە نەسرنووسیی کوردی گەیشتووە. بەراوردکردنی تێڕوانینی ئەزموونکارانە و جۆراوجۆری مامۆستا بۆ شیعر لەگەڵ تێڕوانینی دیاریکراو و جێگیری ئەو بۆ نەسر، تێڕامانی تایبەت بەخۆی دێنێت. هێمن لە شیعردا هەوڵ دەدات تا ئەو جێگایەی بۆی دەلوێت قاڵبە شیعرییە جۆراوجۆرەکان تاقی بکاتەوە. بەکارهێنانی قاڵبە ناسیاوە کۆنەکان و قاڵبە نائاساییە نوێکان لە شیعری کلاسیک، کێشی عەرووزی و کێشی بڕگەیی، زمانی بەرز و زمانی ئاخاوتن، هەموو ئەو ئەزموونانەن کە لە شیعری هێمندا دەیاندۆزینەوە. ئەم ئەزموونە جۆراوجۆرانە بەشێوەیەکی ڕوون و ڕاشکاو تێڕوانینی ئەزموونکارانەی هێمن بۆ شیعر نیشان دەدەن. بەڵام مامۆستا ئەم تێڕوانینە ئەزموونکارانەیە لە نووسین و نەسری کوردیدا بەشێوەی وشیارانە و بە مەبەستی گەیشتن بە شێوازێکی یەکدەست و ڕوون وەلاوە نا. ئەو لە نەسردا تێڕوانینێکی دیاریکراوی هەبوو کە ئەم تێڕوانینەی هەم لەو بابەتانەی کە دەینووسین و هەم لەو بابەتانەی کە وەریدەگێڕان دەکرد بە بنەمای نووسین. کاتێک بە ڕوانینێکی بەراوردکارانەوە چاو لە کارنامەی مامۆستایەکی دیکە زمان و ئەدەبی کوردی یانی مامۆستا عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی(هەژار) دەکەین، دەبینین کە ئەو لە نەسردا بەپێچەوانەی هێمن هەوڵی دەدا ڕوانگەی جۆراوجۆر تاقی بکاتەوە. ئەم جیاوازییە لە شێوازەکانی نووسینی نەسر، دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانگەی هێمن لەبارەی زمانی پێوەر. زمانی پێوەر-بەحوکمی پێوەربوونی-ئەم هەموو جۆراوجۆرییە هەڵناگرێت. زمانی پێوەر بایەخی زیاتر بە جێگیری لە هەمبەر ناجێگری و ڕوونبێژی لە هەمبەر لێڵ و پێڵیی ئەدەبیدا دەدات. ئێمە دەرکەوتەی ئاشکرای ئاوەها تایبەتمەندییەک لە زمانی پێوەر لە نووسینی کوردیدا، لە نەسری مامۆستا هێمندا دەبینین.
ئەم یادداشتە بە دەربڕینی ئەم ئاخ و حەسرەتە دەگەیەنمە کۆتایی کە بریا بەرهەمێکی بەپێزی مامۆستا کە بەداخەوە هێشتا چاپ نەکراوە، بەرهەمێک کە بەشێکی دیکە لە شیرینیی زمان و دەربڕینی وەکوو شەکەری مامۆستای لە خۆیدا هەڵگرتووە، لە بوخچەی فەرامۆشی و تۆز لەسەر نیشتن بێتە دەرەوە و چاپ بکرێت. ئەم بەرهەمە بەبایەخە وەرگێڕانی کوردیی “شازادە و گەدا”ی مارک تواینە کە بەداخەوە تاکوو ئێستە بەختی بەخۆوە نەدیوە و تۆزی فەرامۆشی و پشتگوێخرانی لەسەر نیشتووە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمیی نووسەر؛ خێوەت.
نووسین: د.ڕەهبەر مەحموود زادە
وەرگێڕان: حەمیدە حەسەن






































































