نەوە یا نەسل (Generation)ئاماژەیە بۆ ئەو کەسانەی کە لە ماوەیەکدا ژیاون یان لەدایک بوون و هەندێک شتی هاوبەشیان هەیە. جۆرەکانی نەوە لە ژینگە و شوێنی کارەکانی ئەمڕۆدا بریتین لە نەوەی X، Y و Z کە ئیدارەدانیان پێویستی بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئیداری گرنگ هەیە. بە شێوەیەکی ئاسایی ئەو کەسانەی کە بەشێوەی تێکڕا لە ماوەیەکی ٣٠ ساڵیدا لەدایک بوونە، نەوەیەک پێکدەهێنن. ئەم کەسانە لە تەمەنی هەرزەکاری و گەنجی و تەمەنی ناوەڕاست و پیریدا هەمان بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییان هەیە. بوونی نەوە جیاوازەکان لە یەک کاتدا لە ڕێکخراوێکدا تەحەدای کاری تیمی دەکات و شوێنێکە بۆ ململانێ و دژایەتی ڕێکخراوەیی. لەم نووسینەدا هەوڵێک دەدرێت بۆ لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی جۆرەکانی نەوەکان لە شوێنی کاردا.
“فرەجۆری نەوەکان لە شوێنی کاردا”
جۆرەکانی نەوەکان لە شوێنی کارکردنی ئەمڕۆدا بریتین لە نەوەی X، هەزار ساڵە و نەوەی Z . بەڵام بە گشتی نەوە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ لە سەدەی ڕابردوودا دەتوانرێت بەسەر شەش پۆلی سەرەکیدا دابەش بکرێت. بێگومان نەوەی ئەلفا هێشتا نەچووەتە ناو شوێنی کار، بەڵام بەم نزیکانە لە ڕێکخراوەکاندا ئامادە دەبن.
- نەوەی بێدەنگ (١٩٢٥ تا ١٩٤٥).
- نەوەی تەقینەوەی دانیشتوان (١٩٤٦ تا ١٩٦٤).
- نەوەی X (١٩٦٥ تا ١٩٧٩).
- نەوەی هەزارەییەکان (١٩٨٠ تا ١٩٩٤).
- نەوەی Z (١٩٩٥ تا ٢٠١٢).
- نەوەی ئەلفا (٢٠١٣ تا ٢٠٢٦).

“تایبەتمەندی نەوە جیاوازەکان”
زانین و دەستنیشانکردنی خەسڵەتەکانی هەریەکێک لەو نەوەکان لە بەڕێوەبردنی کارمەندانی ڕێکخراوەکەدا زۆر گرنگە. بە تایبەت لە دوای هاتنی کارمەندانی نەوەی Z هاوسەنگی نێوان نەوەی هەزار ساڵە و نەوەی X ی گۆڕیوە و شوێنی کارەکەی زۆر ئاڵۆز کردووە. هونەری بەڕێوەبەرانە کە پێکهاتەیەکی دروستی کارمەندان لە ڕێکخراوەکەدا دابین بکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کارا و کاریگەر ئامانجەکانی ڕێکخراوەیی بەدەست بهێنن.
- نەوەی خامۆش(The Silent Generation) نێوان:- ١٩٢٥ تا ١٩٤٥.
نەوەی خامۆش کە بە نەریتخوازانیش ناسراون. لە فەرهەنگی ئەم نەوەیەدا زۆربەی منداڵان دەبوو بەس سەرقاڵی کارکردن و مامەڵە بن و ڕێگەیان پێنەدەدرا زۆر قسە بکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێیان دەوترێت نەوەی بێدەنگ یان خامۆش. ئێمە لە شوێنی کاردا زۆر لەسەر ئەم کەسانە نابیستین، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و کولتوری ژیانیان، دەتوانرێت ئەم تایبەتمەندیانە بۆ ئەوان بگەڕێنرێتەوە:-
- کاری قورس:- ئەم نەوەیە لە سەردەمی پاشەکشەی ئابووری جیهانی و جەنگی جیهانی دووەمدا گەورە بوونە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش کار بە ئیمتیازێک دەزانن و خاوەنی ئیتیکێکی کارکردنی بەهێزن.
- ئیرادەی بەهێز:- ئەمەش دەرئەنجامێکی سادەیە بۆ ئەوان، دەبوو لە سەردەمی خۆیاندا بژین.
- هاوسۆز و وەفادار:- ئەوان بە درێژایی ژیانی پیشەیی خۆیان لەگەڵ یەک خاوەنکاردا مانەوە و بە هەمان شێوەش چاوەڕوانی ئەم جۆرە دڵسۆزییەیان لە خاوەنکارەکانیان دەکرد.
- ڕێزگرتن:- ڕێز لە دەسەڵات دەگرن و بەهای هاوسۆزی دەدەن.
- خانەنشینی:- زۆربەی ئەم کەسانە تا ئێستا خانەنشین بوون و ئەوانەی چالاکن زۆرجار ڕۆڵی ڕاوێژکار یان هاوبەشیان هەیە.
- نەوەی بەیبی بوومەر یا تەقینەوەی دانیشتوان، نێوان:- ١٩٤٦ تا ١٩٦٤
ئەم نەوەیە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و لە سەردەمی خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابووریدا ژیاوە و هەربۆیە گەشەیەکی زۆری دانیشتوان لەم سەردەمەدا ڕوویداوە. ئەمە نەوەیەکە کە شوێن نەوەی پێشوو دەکەوێت و زانیاری زۆر لەسەر ئەم نەوەیە هەیە. تایبەتمەندی ئەم نەوانەی خوارەوە بەم شێوەیەیە:-
- ئامانجدار:- ئەم نەوەیە لە ڕووی دارایی و پەروەردەییەوە دەرفەتی زیاتری بۆ ڕەخسا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بۆ سەرکەوتنی زیاتر ئامانجدارانە مامەڵەیان دەکرد.
- پێشبڕکێکارانە:- ئەم کەسانە ماندوونەناسن و بە سەرکەوتنی پیشەیی خۆیان پێناسە دەکەن. بەم شێوەیە لە شوێنی کاردا کێبڕکێکارن و باوەڕیان بە پێکهاتەیەکی پلەبەندی هەیە.
- پەیوەندی مرۆیی:- زۆر بەها و نرخ بۆ پەیوەندی مرۆڤایەتی دادەنێن. لە کاتی گەشەکردنیاندا بە نامە و تەلەفۆن پەیوەندییان هەبووە، هەر بۆیە لە گرنگی پەیوەندییەکان دەزانن. دواتر مۆبایلیان بەکارهێنا و … وەک ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنان لە کاروبارەکاندا نەک وەک ئامرازێکی پەیوەندیکردن.
- نەوەی X، نێوان:- ١٩٦٥ تا ١٩٨١.
ئەم نەوەیە وەک نەوەی پێشوو تایبەتمەندییەکی کولتووری دیاریکراوی نەبووە، هەر بۆیە پێی دەڵێین نەوەی ئێکس، لەم نەوەیە بەدواوە ناونانی هەر بەم شێوەیەیە. لەم ساڵانەدا گۆڕانکاری زۆر لە جیهاندا ڕوویدا و ئێمەش شاهیدی شۆڕشێک بووین لە جیهاندا. گۆڕانکاری نزیکە لە بوون بە شتێکی ئاسایی و نەریتی بۆ ئەم نەوەیە. تایبەتمەندییەکانی ئەم نەوەیە دەتوانین بەم شێوەیە باس بکەین:-
- گونجاو:- ئەم نەوەیە شاهیدی ئازاری ئابووریی نەوەی پێش خۆی بووە و ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە کەمتر پابەندی خاوەنکارەکانیان بن بە بەراورد بە نەوەی پێشوو و بە ئاسانی خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا دەگونجێنن.
- هاوسەنگی کار و ژیان:- ئەم نەوەیە یەکەم نەوە بوو کە گرنگی بە هاوسەنگی ژیان و کار دا.
- تاکگەرایی:- ئەم کەسانە لە کاتی قەیرانی ئابووریدا لەگەڵ خێزانە دوو داهاتەکان بوون. لەم نەوەیەدا ژنان زیاتر دەچوونە ناو بازاڕی کارەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆرجار ئەم نەوەیە وەک خۆبژێو و سەربەخۆ و ئیمکاناتداردەرکەوتووە.
ئەم نەوەیە بەهۆی کەمبوونەوەی گەشەی دانیشتوان بچووکتر یا کەمترە لە نەوەی پێشوو. ئەوان لە چاو نەوەی پێشوو حەزیان لە فرەچەشنی نەتەوەیی زیاتر و پەروەردەیەکی باشترە.
- نەوەی Y یان هەزار ساڵە (Millennials) ، نێوان:- ١٩٨٢ تا ١٩٩٤.
ئینتەرنێت بڵاوبووەوە و زۆر ڕەوتی گۆڕی، ئەم نەوەیە لەگەڵ ئینتەرنێت و جیهانگیریدا گەشەی کرد. ئەم نەوەیە بە هەزار ساڵە ناسراوە. ئەوان گەورەترین هێزی کارن کە نزیکەی لەسەدا ٣٥ پێکدەهێنن. هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کەسانە:-
- گرنگی هاوکاری و کاری تیمی:- ئەم کەسانە بە پێچەوانەی نەوەکانی پێشووەوە گرنگییەکی زۆر بە کاری تیمی و تیموۆرک دەدەن.
- گۆڕانکاری لە کاردا:- زۆرجار کارەکانیان دەگۆڕن. ئەم نەوەیە پێی وایە گۆڕینی هەلی کار کارامەترین ڕێگایە بۆ پێشکەوتن. هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە زۆرجار بەدوای ژینگەی کارکردنی ئایدیاڵی خۆیاندا دەگەڕێن.
- مووچە هەموو شتێک نییە:- زۆرجار ئەم نەوەیە مووچە بە هەموو شتێکی خۆیان نازانن. بیر لە سوودەکانی تر دەکەنەوە وەک: بیمە، گەشەپێدان، کارێکی گونجاو و …هتد.
بەهۆی گەورەیی قەبارە و ژمارەی ئەم نەوەیەوە ئەم کەسانە لە هەموو پیشەسازییەکان بە کاری جیاوازەوە ئامادەن. زۆرێک لەو کەسانە لە کۆمپانیا تەقلیدییەکاندا کاردەکەن بەڵام ئاواتەخوازن بەشداری لە کۆمپانیا دەستپێشخەرەکاندا بکەن.
- نەوەی Z، نێوان:- ١٩٩٥ تا ٢٠١٢.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فراوانتر بوون و مۆبایلە زیرەکەکان بەربڵاو تر، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر تایبەتمەندییەکانی ئەم نەوەیە هەبوو. ئەم نەوەیە بە دووەم گەنجترین نەوە ناسراوە. وەک هەر نەوەیەکی تر تایبەتمەندی ئەم کەسانە بە چۆنیەتی گەشەکردن و گەورەبوونیان لە قاڵب دراوە و هاتۆتەکایەوە. گەنجانی ئەم نەوەیە گیرۆدەی تێکدانی ژینگە، کەرەنتینەی کۆرۆنا، قەیرانی دارایی، ترس لە داڕمانی ئابووری، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بازرگانی ئۆنلاین بوونەتەوە. ئەمانە کەسانێکن کە لەگەڵ ئینتەرنێتدا گەورە بوونە. ئەوان گەنجترین جۆری نەوەن لە بازاڕی کارەکانی ئێستادا هەن. هەروەها پێیان دەوترێت نەوەی ڕەسەنی دیجیتاڵی.
- زانیاری تەکنیکی. هیچ کێشەیەکیان نییە لە بەکارهێنانی بەرنامە و نەرمەکاڵا و سیستەم و تەکنەلۆژیادا.
- گرنگی بە ئاسایشی کار دەدەن: چونکە نەبوونی ئاسایشی کاریان لە سەردەمی دایک و باوکیاندا بینیوە. جگە لەوەش گرنگی بە شتی وەک یارمەتی و بیمەی جۆراوجۆر و ….دەدەن.
- سەربەخۆن: ئەوان لە ئینتەرنێتدا بەدوای چارەسەری کێشەکانیاندا دەگەڕێن. ئەوان مەیلیان هەیە خۆیان شتەکان چارەسەر بکەن. چارەسەریان پێ مەڵێن، ئامانجیان پێ بڵێن.
- دەزانن چییان دەوێت و سەرنجیان لەسەرە.
- خاڵی لاوازی خۆیان دەزانن. بەپێی ڕاپۆرتەکان، 40%یان دانیان بەوەدا ناوە کە نیگەرانی لێهاتووییەکانی تایبەت بە پەیوەندیکردن و لێهاتوویی نێوان کەسییەکانن.
زۆرێک لەم نەوەیە تازە چوونەتە ناو هێزی کار یان بەم زووانە دەچنە ناو هێزی کارەوە. بۆیە زۆرجار ئەم نەوەیە خۆیان لە مەشقکردن یان لە ڕۆژانی سەرەتای کارەکانیاندا دەبیننەوە لە دوای تەواوکردنی خوێندن. با ئەمەش لەبەرچاو بگرین: ئەم کەسانەش بەدوای پارەدا دەگەڕێن لە ئینستاگرام، یوتیوب، بزنسەکانی خۆیان.
- نەوەی α، نێوان:- ٢٠١٢-٢٠٢٥.
ئەم نەوەیە بیرۆکەیەکە بۆ یەکەمجار لەلایەن توێژەری کۆمەڵایەتی مارک مەکریندڵەوە خراوەتەڕوو. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٦، جیل یا نەوەی ئەلفا دەوڵەمەندترین و خوێندەوارترین و پڕزانینترین نەوەی مێژوو بێت.
تایبەتمەندییەکانی Gen Alpha.
- ئەوان نوقم بوون لە تەکنەلۆژیادا. زۆربەی ساڵانی گەورەبوونیان نوقم بوون لە تەکنەلۆژیادا بەسەر بردووە.
- ئەوان بە شێوەیەکی جیاواز فێر دەبن. زۆرجار ڕێبازێکی بینراو و کارلێککارانەتریان بۆ فێربوون پێ باشترە. جەختکردنەوە لەسەر کارامەییەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەزموونی فێربوونی هاوتا بۆ هاوتا دەبێت.
- ئەوان ڕاهاتوون بە ئەزموونێکی نایابی بەکارهێنەری ئۆنلاین. ئەمە شتێکە کە بە هۆی پرسەکانی سەرەوە هاتۆتەکایەوە. بەو پێیەی ئەلفاییەکان هەر لە ساتەوەختی لەدایکبوونەوە بەرکەوتەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییە جیاوازەکان بوونە، هیچی باشتر لەوە نازانن کە چاوەڕوانی ئەزموونێکی ئۆنلاینێکی کەسی و بێ کێشە بکەن، لەنێویاندا ڕێگەی پێشکەوتوو بۆ کارلێککردن و پەیوەندیکردن.
نەوەی ڕیزپەڕ و ڕیز شکێن لە ساڵی ٢٠١٣ سەریهەڵدا و جارێ زۆر بچووکن، بۆیە ناتوانرێت بەخرێنە ڕیزی کارمەندانی ڕێکخراوەکاندا و لێیاندا هەژمار بکرێن. ڕیز شکێنەکان زۆر ڕێزلێگیراون. ئەوان لە سەردەمێکدا لەدایک بوون کە تەکنەلۆژیا پێگەیشتووە و مناڵسالاری پەرەی سەندووە.
“لە کۆتاییدا”
لەمانەی سەرەوە ڕوونە کە داهاتووی کار لە گۆڕاندایە. کاتێک ڕێکخراوەکان سەرنجیان لەسەر Gen Z بێت، ئەوا خۆیان بۆ داهاتوو ئامادە دەکەن. لە ئێستادا پێنج نەوەی کاری بوونی هەیە و دڵنیا بن لەوەی زیاتریش دێن. هەر نەوەیەک بیروباوەڕ و لێهاتوویی و خاڵی بەهێز و لاوازی خۆی هەیە. ئەوە خودی ڕێکخراوە کە دەتوانێت بە کۆکردنەوەیاندا ئامانجە کۆتاییەکانی خۆی بپێکێت. لە کۆتاییدا، ئەو کەیسانەی کە خراوەتەڕوو، لێکۆڵینەوەن کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەسەر نەوەکان ڕوویانداوە. لە ڕێکخراوەکاندا پێویست ناکات ناوی نەوەیەکی دیاریکراویان بخەنە سەر و پۆلێنیان بکەیت بۆ نەوەی جیاواز، تەنها ئەم ڕێنماییە بەکاربهێنە بۆ ئەوەی تێبگەیت چی بۆ کێ گرنگترینە و ئەمەش پێویستی بەوەیە کە تۆ لە تواناکانی پەیوەندیکردندا نایاب بیت. تۆ لەگەڵ هاوڕێکانت وەک یەکیت و بە پشتبەستن بە تایبەتمەندییەکانی هەر یەکێکیان پەیوەندییان لەگەڵ دەکەیت. واتە دامەزراوە و رێکخراوەکان لە سەردەم ئێستادا زۆر گرنگە کە بتوانن باشتر لە هێزی کاری خۆیان و پێویستیەکانیان و تواناکان و بیرو باوەرەکانیان تێبگەن و باشترین تێکەڵە لە نەوەکان بە دەوری یەکدا و هەر کەسە و بە گوێرەی توانا و لێهاتووی و پسپۆری خۆیدا لە شوێنی خۆیدا دابنرێت و ئەمە هونەری بەرێوەبرنە کە ئەم دەرفەتە بۆ هەموو ڕێخراوێکدا دەرەخسێنێت تاکوکەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێن و ماف و ئەرک و دەسەڵاتەکان و بەرپرسیارییەتیەکان بە شێوەیەکی ڕاست و دروست بخەنە خزمەت کۆی پرۆسەکە و ئامانجە گەورەکەدا.






































































