+ یەکەم بەرهەمی شیعریت لە تەمەنی پەنجاوچوار ساڵیدا بڵاوکردەوە. درەنگ دەستت بە نووسینی شیعر کرد، دەتویست بەیەکجار هەمووی هەڵڕێژی، یاخود بابەتەکە پەیوەندی بە هەڵوێستی بڵاوکراوەکانەوە هەبوو؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- پێموایە تەمەنم دوازدە ساڵ بوو یەکەم شیعری خۆمم نووسی، ئەوکات پاڵنەرم هەبوو، بەڵام ئێستا وهكو غەریزەیەکی لێ هاتووە، ئاوێتەی شیعر بووبووم. ئێستا کە سەیری توانای کاتی گەنجیم دەکەم، تووشی سەرسووڕمان دەبم، ئاخر لەلایەکەوە شیعرەکانی ئەبی فەراس و لەلایەکی تریشەوە شیعرەکانی مەحموود دەرویشم ئەزبەری دەکرد. ئەم خۆشەویستییەم بۆ شیعر و ئەزبەری کردنی لەگەڵمدا بوو، تا ئەوەی دیدگام بەرانبەر شیعر بەرەو پێشەوە چوو و ئاگایم بۆ شیعر کرایەوە؛ مەبەستم لە شیعر وهكو بوون و سیستەمی کۆمەڵایەتییە. وهكو هەموو شاعیرێکی تر دەمویست شیعرەکانم بڵاوبکەمەوە، بەڵام هەر جارێک کە شیعرم بۆ بڵاوکردنەوە دەنارد، کەمیان دەکردمەوە. لەمڕۆدا بڵاوکردنەوەی شیعر ئاسان نییە و دەبێت تەنازوول بکەیت، بەتایبەت گەر شاعیرێکی نوێ بیت. بە ئەندازەی ئەوەی دەمەوێت شیعرەکانم لە خوێنەرانەوە نزیک بێت، ئەوەندەش لە باوی و ئاسانی دووریان دەخەمەوە و دەیانپارێزم. ئەمەش کارێکی سەخت و دژوارە، بەڵام لەسەر ئارامگرتن و ژیری ڕایهێنام، ژیری ئەوەی شاعیرێکی تایبەت بیت و زیاتر نا.
+ لە قەسیدەی “خانۆچکەی تەنیایی” دەنووسیت؛ لێم مەپرسە:- چۆن تەنیایت دۆزییەوە؟ لە تەنیایی بپرسە چۆن منی دۆزییەوە؟ لەکەیەوە شیعر بوو بە بە هاوبەشێکی بنەڕەتی شیعرەکانت؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- لە ئێستادا پێموایە بەشێکی تەنیایی غەریزەیەکی سرووشتییە و بەشێکی تریشـی بەدەستهێنراوە. ئەوەندەش دوورەپەرێز نەبووم، بگرە تەپڵلێدەری هەڵپەڕکێی ناو گەنجان بووم، بەڵام جەنگ هەموو خۆشییەکی لەگەڵ خۆیدا ڕاماڵی. ئیتر لەوەو بەدوا بەرەو تەنیایی ڕۆشتم، بەتایبەت پاش ئەوەی کە ژاوەژاوی ناخم بێدەنگ بوو. ناوەڕاستی هەشتاکان، ڕێک ئەو وەختەی لە لووتکەی پێگەشتنی ئەدەبی و فکری خۆمدا بووم، دوورەپەرێز و تەنیا بووم، تیایدا دەژیام و لەباریەوە شتم دەنووسی. تەنانەت ئەو مرۆڤەی کە بوونیادم نابوو، ون بوو و بوو بە پیاوێک کە خۆی کارخانی مەعریفەی خۆی دەوڵەمەند دەکرد. فرۆید دەڵێت:- “جەنگ لە خەون خەبەرمان دەکاتەوە.” منیش لە ڕووی ئەقڵی و دەروونییەوە بەرانبەر جەنگێکی بێ مانا بەخەبەر هاتم.
+ دەڵێیت:- “خەڵکی بەدبەختن، کەشی ئەوەیان نییە گوێ لە خورافیاتی زیاتری من بگرن.” لەم سەردەمی هیچێتیدا، کەس هەیە گوێ لە شاعیر بگرێت؟ ئایا بەشێوەیەکی گشتی شیعر لە مەترسیدایە؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- شیعر پەناگەی دڵشکاو و ڕۆحە بریندارەکانە. وهكو قەسیدە ڕۆڵی خۆی نابینێت و چارەسەر ناخاتە بەردەممان. ئەرکی شیعر لە ناخماندایە، لەناو ڕۆحماندایە، ڕۆحی تاک و کۆمەڵ. بۆ بابەتی مەترسی بوونی شیعر، بەڵێ، بەڵێ مەترسییە لەسەر جیهانی بەدبەختی و بەکارهێنان، چونکە خەبەرمان دەکاتەوە و ڕاماندەچەڵەکێنێت. وامان لێدەکات ئاوڕ بدەینەوە لەو شتەی لەبیرمان کردووە و بەجێمان هێشتووە، بگرە جیهانێکی باشتر و جوانترمان بۆ پێشنیار دەکات.
+ ئازار چۆن خۆی خزاندووەتە شیعرەکانی عەبدولعەزیم ئەلفنجان؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- هەموو قەسیدەیەکی گەورە، ئازارێکی گەورە لە پشتییەوەیەتی. ئەم هاوکێشەیەش شیکاری نییە و دەربازبوونی نییە، بەڵام جوانترین شت ئەوەیە شاعیر ئازارە گەورەکەی دەگۆڕێت بۆ جەوهەرێک و لە شەوێکی ئەنگوستەچاویدا دەیدرەوشێنێتەوە.
+ بەرەو کوێ هەنگاو دەنێیت؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر ئەمەم نووسی؛ “پیاوێک بەسەر پلیکانەیەکدا سەردەکەوێت، پلیکانەیەکی لەسەر شان هەڵگرتووە کە بەرەو پلیکانەیەکی تر هەنگاو دەنێ، لە کۆتایی هەر پلیکانەیەک پلیکانەیەکی تر هەیە…”
بەڵام ئێستا لەگەڵ قسەکەی نیچەدام کە دەڵێت:-
“لەم جیهانەدا یەک ڕێگە هەیە کە تەنیا تۆ دەیگریتەبەر و کەسی تر نا:- ئەم ڕێگەیە بەرەو کوێ دەڕوات؟ مەپرسە و تەنیا هەنگاو بنێ. مرۆڤ تا ئەوکاتەی کە بزانێت ڕێگاکەی بەرەو کوێ دەڕوات، بەرز نابێـتەوە.”
+ کۆتا جار کەی بوو گریایت و پێکەنیت؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- ” پێدەکەنم؛ وهكو ئاڵایەکی شەکاوە لەسەر وڵاتێکی کوژراو.” بەدەم ئازار و ناڵەو سەرگەردانییەوە ئەم دێڕەم نووسی، ئەمەش وەڵامی ئەو پرسیارە جەوهەرییەی سەرەوەیە کە کردت.
+ بە چ شتێک لەسەرووی شیعرەوەیت و بۆچی؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- شیعر باڵی پێ بەخشیم، ئەمەش بەسە بۆ باڵندەیەکی نامۆی وهكو من تا بفڕێت. جگە لەو دەقانەی لە کاتی خەمدا دڕیم و لەتوپەتم کرد، لە هیچ شتێکی تر پەشیمان نیم. بەڵام درک بەوە دەکەم، ئەو کارەم لە بەخششەکانی شیعر بوو. مەبەستم ئەوەیە ئاوڕنەدانەوە گەورەترین خەڵاتە، وهكو ئەو سۆفییەی کە دەڵێت:- ” ئەو کەسەی ئاوڕ بداتەوە ناگات بە مەقسەد.”
+ هەرگیز بووە شیعر بێ ئومێدت بکات؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- شیعر هەوڵێکی تایبەتییە، بەلای منەوە هەرگیز لە شیعر بێ ئومێد نەبووم، بەڵکوو لە شاعیرەکان بێ ئومێد بووم. زۆرێک لە شاعیرەکان بە خەسڵەتی شاراوەیی شیعر دەکوژن، جاری واش هەیە بە بێ ئەدەبی شیعر دەکوژن.
+ ڕیڵکە دەڵێت:- “هەموو جوانییەک ترسناکە.” شیعرەکانی تۆ جوانن و دەمترسێنن، بۆچی؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- لەوانەیە ترسناکی جوانی، لە ترسناکی ناشرینی بەهێزتر بێـت. هەمیشە خەونم ئەوەبووە قەسیدەیەکی جوان بنووسم و نەمر بێت، هەروهكو نەمری نان و بەیانی. جوانی یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەم نەمرییە، بەڵام ئایا هەر بەڕاستی من ئەوەم کردووە؟ بە خۆمدا نانازم و لە لووتبەرزیم نییە، بەڵام پێموایە بەپێی پێویست شیعرم نەنووسیوە.
+ شیعرەکانت پڕن لە بێ ئومێدی و لەدەستدان، لەگەڵ ئەمەشدا خۆشمدەوێن، دەپرسم بۆچی؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- پێوایە ئێمە گەلێکین زۆرترین بێ ئومێدی تێدایە، هەر ئەم بێ ئومێدییەشە سەروەتی هەقیقی ئێمەیە. ئەم بێ ئومێدییە کارخانەی ئێمەیە بەرانبەر ئەم دڕندەیە گەورەیەی مرۆڤ.
+ وهكو خوێنەرێک بەردەوام چاوم لە کارەکانتە، هەستدەکەم شیعرەکانی تۆو و دەنگی فەیروز یەک شتن، بۆیە ناتوانم دونیا بەبێ فەیروز و شیعر بەبێ قەسیدەکانی عەبدولعەزیم ئەلفنجان وێنا بکەم…
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- بەلای منەوە فەیروز هەر بە تەنیا دەنگێک نییە، بەڵکوو ژینگەیە، پەرستشی کاتی تەنیاییە، ڕۆحێکە لە بلوور و خۆر. تاکە ڕۆحە هەر بە زیندوویەتی دەمێنێتەوە.
+ هاوڕایت لەگەڵ ئەو قسەیەی کە دەڵێت:- بەرهەمە شیعرییە وەرگێڕدراوەکان لە بەرهەمە شیعرییە عەرەبییەکان خوێنەری زیاترە؟ بۆچی؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- بەڵێ، شیعری وەرگێڕدراو خوێنەری زیاترە، چونکە ڕوونتر و قووڵترە لە زۆرێک لە بەرهەمە شیعرییەکانی خۆمان کە کەسانی بێ ئەزموون دەینووسن.
+ خەسڵەتە سەرەکییەکانی شیعری عەرەبی چییە؟ لەگەڵیشیدا خاڵە لاوازەکانی چیین؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- خاڵی لاوازی زۆربەی شیعری عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی بەرەو زمان دەڕۆن، نەک ئەزموون. مەبەستم ئەوەیە تەنیا کۆششێکی زمانەوانییە و بەتاڵە لە گەرمی و ئازار، بەمشێوەیە گوزارشت لە ئەزموونی زمانەوانی دەکات، نەک ئەزموونی ژیان و ڕۆحی.
+ ئاواتی چی بۆ شیعری عەرەبی دەخوازی؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- دەست لە وەهمی گۆڕینی جیهان هەڵبگرێت، ئەمە تەنیا ئابووری دەیگۆڕێت. با شیعر ببێـتە پاڵنەر، ببێتە ڕێبەرێک بۆ ناوچەکانی تری نوێی مرۆڤایەتی کە هێشتا ئاشکرا نەکراوە.
+ کام لە کۆمەڵە شیعرییەکانت لە دڵتەوە نزیکە؟
عەبدولعەزیم ئەلفنجان:- لە قوناغێکی تەمەنمدا هاوڕێیەکی شاعیرم هەبوو، هەموو نهێنیی و بێ ئومێدییەکان و ئەزموونی نووسینی خۆمم لەلا باس دەکرد، بەڵام باسی بەرهەمی (أفکر مثل شجرة) نەکردبوو، چونکە لە چاو دوورم خستبووەوە. پاش ماوەیەک سەرسام بووم هاوڕێکەم بە جۆرێک قسەی دەکرد وهكو ئەوەی من قوتابی ژێر دەستی ئەو بم، وێڕای ئەوی بە تەمەن لە ئەو گەورەتریشم. بۆیە بڕیارمدا بەشێوەیەکی جوان تۆڵەی لێ بکەمەوە، ئیتر بەمشێوەیە بەرهەمی (کیف تفوز بوردة)م بڵاو کردەوە، کە بەنزیکترین بەرهەم لە دڵمەوە هەژماری دەکەم.
عەدولعەزیم ئەلفنجان:- شاعیرێکی ئێراقییە و لە ساڵی ١٩٥٥ لە ناسرییە لەدایکبووە. یەکەم بەرهەمی شیعری خۆی لە تەمەنی پەنجا و چوار ساڵیدا بڵاو کردووەتەوە.
سهرچاوه؛
وەرگێڕانی:- مەدینە ئەحمەد






































































