لەگەڵ دەرکەوتنی خێرای زیرەکی دەستکرد (AI) لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، پرسیارێکی جدی و هەستیار سەرهەڵدەدات؛ ئایا زیرەکی دەستکرد مامۆستای داهاتووە؟ ئەم پرسیارە نیگەرانی زۆر کەسی ورووژاندووە و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ چەمکی گۆڕانکارییە تەکنەلۆژیاییە گەورەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر بازاڕی کار. ئەم پرسیارە تەنها ترسێکی کاتی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی نیگەرانییە قووڵەکانە، سەبارەت بە داهاتووی خودی پەروەردە و چۆنیەتیی داڕشتنەوەی ڕۆڵی مامۆستا لە ژیانی نەوەکانی داهاتوودا، لەلایەن تەکنەلۆژیا مۆدێرنەکانەوە. پەروەردە، بە سرووشتی خۆیەوە، پرۆسەیەکی مرۆییە و پشت بە کارلێککردن لەنێوان مامۆستا و خوێندکار دەبەستێت. بەدرێژایی دەیان ساڵ، مامۆستا ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە داڕشتنی ئەقڵ و ڕێنماییکردنی خوێندکاران بەرەو تێگەیشتن و گەشەکردن. لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد، ئامێرەکان دەتوانن فێرببن، زانیاری پێشکەش بکەن و پلانی فێرکاری تایبەتمەند بۆ هەر خوێندکارێک دابڕێژن، ئەمەش وایکردووە هەندێک کەس بپرسن؛ ئەگەر تەکنەلۆژیا بتوانێت زانیاری بە وردی و کاریگەرانە پێشکەش بکات، ئایا هێشتا پێویستمان بە مامۆستایان دەبێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە؛ دەبێت بزانین زیرەکی دەستکرد چی پێشکەش دەکات و چی لێی نایەت؟.
بێگومان زیرەکی دەستکرد توانای بەڕێوەبردنی داتای گهوره و زەبەلاحی هەیە، شیکردنەوەیان و پێشکەشکردنی ناوەڕۆکی تایبەتمەند. بۆ نمونە، سیستەمە زیرەکەکان دەتوانن بە وردی ئاستی خوێندکار دیاری بکەن، پاشان ئەو وانانە پێشکەش بکەن کە گونجاون لەگەڵ تواناکانی تاکەکەسیی ئەودا. دەتوانێت ڕێنمایی دەربارەی ئەرکەسەختەکان پێشکەش بکات و ڕاستەوخۆ تێبینی لەسەر ئەدای خوێندکار بدات، ئەمەش وادەکات پرۆسەی فێربوون کارلێککارانەتر و چالاکتر بێت. جگە لەوەش، تەکنەلۆژیا زیرەکەکان، دەتوانن ژینگەیەکی فێرکاری دەوڵەمەند بە شێوەی هاوشێوەکراو دابین بکەن، کە ڕێگە بە خوێندکاران دەدات ئەزموونی زانستی و واقیعی بکەن بەبێ پێویستی بە ئامێرە گرانبەهاکان، وەک تاقیکردنەوە زانستییە سێ ڕەهەندییەکان یان گەشتی خەیاڵی بۆ مۆزەخانە جیهانییەکان. بەڵام سەرەڕای ئەم سوودانە؛ لایەنی مرۆیی هەیە کە زیرەکی دەستکرد ناتوانێت پێشکەشیان بکات. پەروەردە تەنها پێشکەشکردنی زانیاری نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ورووژاندنی خوێندکاران، تێگەیشتن لە پێویستییە دەروونییەکانیان و پشتگیریکردنیان لە ساتەکانی بێئومێدی یان تێنەگەیشتندا هەیە. لێرەوە ڕۆڵی مامۆستا دەردەکەوێت کە جێگای گۆڕینەوە نییە. مامۆستا تەنها گوازەرەوەی زانیاری نییە، بەڵکو نمونەیەکی باڵا، سەرچاوەی ئارامی و ڕاوێژکارێکە کە یارمەتی خوێندکاران دەدات بۆ تێپەڕاندنی سەختییە کەسی و ئەکادیمییەکان. زیرەکی دەستکرد، هەرچەندە پێشکەوتووش بێت، ناتوانێت هەستەکانی خوێندکار بخوێنێتەوە، دەربڕینی ڕووخساری شیکار بکات و بەگوێرەی باری دەروونی ڕێنمایی بکات، ئەم لایەنە مرۆییانە مامۆستا دەکەنە بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆسەی پەروەردە.
جگە لەوەش، زیرەکی دەستکرد تەواوکەری ڕۆڵی مامۆستایە، نەک جێگرەوەی. تەکنەلۆژیا دەتوانێت تواناکانی مامۆستایان بەهێز بکات و هەندێک ئەرکیان بۆ ئاسان بکات، ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات سەرنج بخەنە سەر لایەنەکانی دیکە کە گرنگترن. بۆ نمونە، مامۆستا دەتوانێت ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنێت بۆ شیکردنەوەی پێشکەوتنی خوێندکاران و دیاریکردنی خاڵە لاوازەکانیان، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات پشتگیری تایبەتمەند پێشکەش بکات. لێرهوه ڕۆڵی وەک ڕێنماییکار و ئاسانکار لە پرۆسەی فێرکردندا بەهێز دەکات، نەک تەنها وەک گەیهنەرێکی زانیاری. هەروەها زیرەکی دەستکرد، دەتوانێت بارگرانییە کارگێڕییەکان لەسەر مامۆستایان کەم بکاتەوە، وەک پشکنینی ئەرکە ڕۆتینییەکان، ئەمەش کاتێکی زیاتریان بۆ دابین دەکات بۆ سەرنج خستنەسەر پەرەپێدانی ستراتیژییە فێرکارییە داهێنەرانەکان. لە لایەکی ترەوە؛ ڕەنگە زیرەکی دەستکرد، ببێتە هۆی گۆڕینی شێوازی پەروەردە و ئەرکەکانی مامۆستا. لەوانەیە ببینین ڕۆڵی مامۆستا لە “پێشکەشکاری زانیاری”یەوە بگۆڕێت بۆ “ڕێنماییکاری شارەزایی”، کە تێیدا مامۆستا زیاتر وەک ڕاهێنەرێک دەبێت کە یارمەتی خوێندکاران دەدات بۆ دۆزینەوەی تواناکان و ئارەزووە کەسییەکانیان. ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت ژینگەیەکی فێرکاری نوێ دروست بکات کە خوێندکار تێیدا ناوەندی پرۆسەی فێرکاری بێت، ڕۆڵی مامۆستا بریتی بێت لە سەرپەرشتیکردن و ڕێنماییکردن و پێشکەشکردنی پشتگیری لە شارەزاییەکانی ژیان و کرداریدا. لە داهاتوودا ڕەنگە قوتابخانەکان ببینین کە مۆدێلی پەروەردەیی تێکەڵاو لەنێوان زیرەکی دەستکرد و مرۆڤەکاندا پەیڕەو دەکەن، کە تێیدا پۆلەکان کارلێککارانە و نەرم بن و تەکنەلۆژیا بە چڕی بەکاربهێنرێت بۆ پشتگیریکردنی فێرکردن. بەڵام لەم ژینگەیەدا، مامۆستا هەر بەردەوام دەبێت و ڕۆڵی سەرەکی خۆی دەبینێت لە ئامادەکردنی ژینگەیەک کە هاوکاری و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە خوێندکاراندا بەهێز بکات.
زیرەکی دەستکرد، ڕەنگە بتوانێت وانەی بیرکاری یان زانست پێشکەش بکات، بەڵام ناتوانێت بەها مرۆییەکان یان چۆنیەتیی دروستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان یان مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵهنگارییهكانی ژیان فێر بکات. جیهان بە گشتی گەشەسەندنی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت لە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە پەروەردەدا، چونکە دامەزراوە پەروەردەییەکان هەوڵدەدەن ئەم تەکنەلۆژیایانە بەکاربهێنن بۆ بەرزکردنەوەی کواڵیتی پەروەردە و تایبەتمەندکردنی بەگوێرەی پێداویستییەکانی خوێندکاران. لە خوارەوە هەندێک ئاماری دیار دەربارەی ئەم بابەتە خراوەتەڕوو؛
قەبارەی بازاڕی جیهانی؛ بەهای جیهانیی بازاڕی زیرەکی دەستکرد لە پەروەردەدا، گەیشتە 1.82 ملیار دۆلاری ئەمریکی لە ساڵی 2021 و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2022 تا 2030 بە ڕێژەی گەشەسەندنی ساڵانەی تێکەڵ (CAGR) %36.0 گەشە بکات. ڕێژەی مامۆستایانی بەکارهێنەری زیرەکی دەستکرد؛ ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە 60%ی مامۆستایان زیرەکی دەستکردیان لە پەرەپێدانی شێوازەکانی فێرکردنی ڕۆژانەیاندا جێگیر کردووە، ئەمەش نیشانەی باوەڕپێکردنێکی زیاتری ئەم تەکنەلۆژیایانەیە لە پۆلەکاندا. کاریگەریی فێربوونی تایبەتمەند؛ لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە فێربوونی تایبەتمەند، بە زیرەکی دەستکرد پشتگیری دەکرێت، دەتوانێت بەشداریی خوێندکاران بە ڕێژەی 30% بۆ 50% زیاد بکات، ئەمەش یارمەتیدەرە لە باشترکردنی ئاستی تێگەیشتن و پاراستنی زانیارییەکان.
پێشبینییە داهاتووەکان؛ Global Market Insight؛ پێشبینی دەکات بەهای بازاڕی پەروەردەی پاڵپشتیکراو بە زیرەکی دەستکرد تا ساڵی 2030 بگاتە زیاتر لە 80 ملیار دۆلار، بە ڕێژەی گەشەسەندنی ساڵانەی تێکەڵ بە ڕێژەی 20% لە ساڵانی 2023 تا 2032.
“له کۆتاییدا”
وادەردەکەوێت زیرەکی دەستکرد هێندەی ڕۆڵی مامۆستایان ناگۆڕێت، هێندە هەڕەشە لەسەر کارەکانیان دروست ناکات. مامۆستا وەک ڕهگهزێكی سەرەکی لە پرۆسەی پەروەردەدا دەمێنێتەوە، بەڵام ڕۆڵی دەگۆڕێت بۆ گونجاندن لەگەڵ پێویستییەکانی داهاتوودا. ئەم گۆڕانکارییە ڕەنگە دهرفهتی نوێ لەگەڵ خۆیدا بهێنێت بۆ مامۆستایان بۆ پەرەپێدانی شارەزاییەکانیان و فراوانکردنی کاریگەرییان لەسەر خوێندکاران.
ڕۆڵی زیرهكی دهستكرد لهكهرتی پهروهردهی ههرێمدا؛ سهرهڕای نهبوونی داتایهكی دروست لهههرێمدا، بهڵام وادهردهكهوێت ڕۆڵی زیرهكی دهستكرد ورده ورده لهبواری پهروهرده و فێركردندا، دهردهكهوێت. چونكه بهكارهێنانی زیرهكی دهستكرد، لهجیهاندا لهوپهڕی پهرهسهندن و پێشكهوتندایهو ڕۆژ لهدوای رۆژ زیاتر خۆی دهردهخات و بهكاردههێنرێت. بۆیه پێویسته دهرگای پرۆسهی پهروهردهو فێركردن بهڕووی زیرهكی دهستكرددا بكرێتهوه و وهزارهتی پهروهرده، لێبڕاوانه خۆی ئاماده بكات بۆ ئهو گۆڕانكارییه گهورانهی لهزیرهكی دهستكرددا دێتهپێشهوه، بۆئهوهی ڕۆڵی مامۆستایان و فێركاران بهو شێوازه بێت كه پرۆسهی پهروهرده و لهههمانكاتدا زیرهكی دهستكرد دهبینێت، وون نهبێت، پێویسته بهتهواوی خۆی ئاماده بكات و خوول و ڕاهێنانی تایبهت بهم بواره بۆ مامۆستایان بكرێتهوه و پێویسته سهرجهم پێداویستی و هۆكارهكانی ئاشنابوون بهم تهكنۆلۆژیایه فهراههم بكرێت. زۆر گرنگه لهپرۆگرامی خوێندندا بۆ ههندێ قۆناغ، جێگه بۆ زیرهكی دهستكرد وهك پرۆگرام و وانه بكرێتهوه، لهنزیكترین كاتدا ئهم زانسته گرنگه لهناوهندهكانی خوێندندا بهردهست ببێت و قوتابی و خوێندكار، ئاشنابكرێن و بتوانن بۆ خودی خۆیان وهك فێرخواز، لهههمانكاتدا لهئیشوكاری تایبهتی ڕۆژانهی ژیانیان بهكاریبهێنن و سوودی لێ ببینن. بههیوای ئهوهی له ئایندهیهكی نزیكدا، زیرهكی دهستكرد ببێته پرۆگرام و نهوهكانی ئێستاو داهاتوو لهپێشكهوتنی ئهم بواره دوانهكهون.
سوود لهم سهرچاوهیه وهرگیراوه؛ https؛//www.alarabiya.net/aswaq/opinions/2024/
ئامادەکردنی؛ سهركۆ یونس






































































